Skip to Content

Tuesday, November 24th, 2020

ستراکتۆری دەق: فیکر و مەعریفە لەنووسیندا

Be First!

 

 

 

 

ماوەیەکی زۆرە کۆمەڵێ رۆشنبیر و نووسەری بەرهەمدار لە ئەدەبی کوردییدا، درافت و دەق بە تێکەڵیی بەرهەم دەهێنن. بەشێکی زۆری ئەم نووسەر و رۆشنبیرانە، ئەگەر بە هەر زمانێکی بیانیی بنووسن و توانای تەواویشیان بەسەر ئەو زمانەدا بشکێت، خۆیان پێش هەرکەسێک دەزانن، نووسینەکانیان رووی هیچ کتێب و ژۆرناڵێکی نییە. تەنانەت بەکەڵکی رۆژنامەی ئەلیکترۆنییش نایەن. ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە رۆشنبیرەکانی کورد، خوێندنی ئەکادیمییان لە ئەوروپا و وڵاتانی تر تەواوکردووە. ئەو تێکست و وتارانەی بە زمانە بیانییەکان دەینووسن، بە دڵنیاییەوە بەچەندین فیلتەری زمانییدا دەڕۆن. لە خۆشەکردنی خوێندنەوە( proofreading ) بۆ دووبارە نووسینەوە( rewriting) و ئاڵوگۆڕێکی ریشەیی لە ستراکتۆری دەقەکەدا، لابردن و قرتاندن و زیادکردنی زۆریان تێدەکەوێت، ئەوسا بەکەڵکی ئەوە دێن بڵاوبکرێنەوە. دیارە ئەمانە هەمووی ئێدیتەری زۆر پرۆفێشناڵ و شارەزا لە بواری لینگویستیکییدا دەیکەن. 

 

دۆخەکە لە زمانی داماوی کوردییدا تەواو پێچەوانەیە. بە بیانووی ئەوەی ئێمە زمانێکی ستانداردمان نییە، مەرجەعێکی ئەکادیمیی و زمانەوانیی پرۆفێشناڵ و خاوەن کرێدتمان نییە، ئیتر هەرکەسە و بە ئارەزووی خۆی میتۆدێکی تایبەتیی لە رێنووس و داڕشتنی لۆکاڵیی بۆخۆی چێکردووە. چوار رۆژنامەنووس، دوو رۆژنامە، دوو چاپخانە نابینیتەوە لە کوردستاندا پێڕۆی سیستمێکی دیاریکراوی رێنووس بکەن، تەنانەت  ئێمەش، کە پێکەوە ئەمەمان نووسیوە، بەڵام تەنیا یەکێکمان بەرپرسیارەتیی داڕشتنەوەی  ئەم نووسینەی هەڵگرتووە. هەرچەندە ئێمە پێمانوایە، گرفتی زمانی کوردیی و ساغنەکردنەوەی لەڕووی قانوونییەوە لە پارلەمان و دامودەسگە کارگێڕییەکانی حکومەتی هەرێمدا، گرفتێکی تەواو سیاسیی و ئایدیۆلۆژییە و کەموزۆر پێوەندیی بە گرفتی زمانەوانییەوە نییە.

 

 زمانی کوردیی، گرفتی لینگویستیکیی زۆر نییە، بەڵکو گرفتی سیاسیی زۆری هەیە و ئیرادەی سیاسییش هەر نییە، تا لە هەرێمی کوردستاندا ساغبکرێتەوە. بەرپرسی سەرەکییش لەم پاشاگەردانییەی زمانی کوردیی، سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتی هەرێمن، کە رێگریی قانوونیی و سیاسیی بۆ ساغبوونەوی زمانی پەروەردە و خوێندن و کارگێڕیی دەکەن. هاوکات، چونکە زۆرینەی ئەندامانی ئەکادیمیای کوردیی، حیزب چەقاندونی، هیچ خزمەتێکی ئەوتۆیان بە زمانی کوردیی نەکردووە، بگرە نایانەوێ دڵی دەسەڵات بەهیچ شێوەیەک بئێشێنن.

 

ئێمە نامانەوێت، ئەم باسە بە تەنگژەی رێزمانیی و وردەکاریی زمانییەوە ببەستینەوە. هاوکات، نامانەوێت لەسەر گرفتی مۆرفۆلۆجیی، سینتاکس و سێمانتیکی زمانیی بدوێین، بەڵکو ئەم وتارە ستراکتۆری زمانی نووسینی لە رەهەندە فیکرییەکاندا بەلاوە گرینگە. زمان بەگشتیی، چۆن لەگەڵ فیکر و مەعریفەی سەردەمدا، لەناو ئەو هەموو گەشە زمانییەی زمانەکانی دیکەی دنیادا دەیبینین،بەهەمان شێوەش کاتی تەوزیفکردنی زمان لە فیکر و دەقی  کوردییدا، لای کەم لەڕووی ستراکتۆری نووسینەوە هاتووە. بە ناسۆرییەوە، زمانی کوردیی، لەلایەن هەندێ رۆشنبیر و نووسەری دیارەوە، گرینگیی پێنادرێت! ناڕۆشنیی و لێڵیی Ambiguity لە دەربڕینەکانیاندا بە بیانووی تەخشان و پەخشانی فەنتازیاوە، بەراوردی پێچەوانەیی Antithesis لە ئارگیومێنتەکاندا، یان چوونیەکیی ( ئەنالۆگیی- Analogy ) لە مەبەست و مەغزای رستە و پارەگرافەکاندا، لەسەروو هەموویشیانەوە، ئەو مێنتاڵیتییە شیعرییەی دەقی کوردیی پێ دەنووسرێتەوە، ستراکتۆری نووسینی کوردیی زۆر خراپ زامدار کردووە.

 

تێگەیشتنی باو لە چەمکی کۆنۆتەیشن Connotation مەرجێکی سەرەکییە لە ستراکتۆری نووسیندا لەبەرچاوبگیردرێ، بەڵام چونکە هێشتا فەنتازیای شیعریی و پەخشانیی بە سەر فیکری کوردییدا زاڵە، هەرکەسەو هەڵهێنجانێکی کولتووریی و سیاسیی و فیکریی جیاواز، دەرئاو دەکات. بەمەش یەکێک لە گرینگترین رێسا سەرەکییەکانی دنیای فیکر و ئەکادیمیی بەلاوە دەنرێ، بەوەی شێوازی Diction دەربڕین و چەمکی مەعقول و گونجاو بۆ بابەتە پێوەنددارەکان بەکارناهێنرێن. نووسین بەگشتیی، بەکارهێنانی تەواوی مەغزی مرۆڤە بۆ ئه‌وه‌ی بیروبۆچوونەکان بە خوێنەر بگەیەنرێت.  ساموێل جۆنسن، نووسەری بریتانیی، پێیوایە، نووسینێک بەبێ ماندووبوون بەرهەم بێت، خوێندنەوەیشی بێچێژ و بێسوودە!

 

نووسەر و رۆشنبیری کورد، کەمترین گرینگیی بە زمان و رێنووس دەدەن. ئەو نووسەر و رۆشنبیرانە، بە پەنجەی یەک دەست دەژمێردرێن کە بەرهەمهێنانی “فیکریی”ان، لەگەڵ گەشەپێدانی زماندا هاوتەریب دەڕوات. زۆر رۆشنبیری کورد هەن بەرهەمی فیکریی گەورە و رۆمان و شیعری دانسقەیان بەرهەمهێناوە، بەڵام ئەو بەرهەمە فیکریی و ئەدەبییانە کاریگەریی ئەوتۆیان لەسەر گەشەکردنی ستراکتۆری زمانی کوردیی دروستنەکردووە. بەلەبری دانان، لەسەر فیکری کوردییش کاریگەریی ئەوتۆیان نەبووە.

 

 لێرەدا رەنگە بگوترێ، ئەوە نییە زۆر کتێبی کوردیی دانسقە، بۆ زمانی فارسیی و عەرەبیی و تورکیی و ئینگلیزیی…تاد، وەرگێڕدراون. پێشوەخت، وەرگێڕەکانیان کوردن، هەژموونی  زمانی کوردیی و رۆڵی کورد نەگەیشتووە بەو ئاستەی وەرگێڕی نەتەوە جیاوازەکان، کتێبی کوردیی وەربگێڕن. هەمان ئەو کتێبانەی وەرگێڕدراون بۆ زمانە بیانییەکان، ئەگەر وەک گریمانە دایبنێین، وەرگێڕێکی زۆر پرۆفێشناڵیش بیانکاتەوە بە کوردیی، بەتەواویی لە دەقە سەرەکییەکەی نووسەرە کوردەکە نووسیویەتی جیاواز دەبێت. ئەم کێشە زمانیی و فیکریی و مەعریفییە، کێشەی رێزمانیی و کێماسیی زمانی کوردیی نییه، بەڵکو کێشەی ستراکتۆری زمانی  کوردییە. 

 

چۆمسکی بە تێڕوانینی ترادیسیۆنیی بۆ زمان، پێیوایە ستراکتۆری زمان نەک هەر فیکر، بەڵکو حەقیقەتی ئەو فیکرەش دەستنیشان دەکات.  گەورەترین کۆسپی سەر ئەم رێگەیە، ئەوەیە کە کەس گوێ لەکەس ناگرێ. هیچ رەخنەیەک ئەوەندەی ئەو رەخنەیە تیژ و کەمەرشکێن نییە بەلای نووسەر و رۆشنبیری کوردەوە، کاتێک یەخەی زمانی نووسین و ستراکتۆری دەقەکەی بگریت. جاک دێڕیدا، فەیلەسوفی فڕانسیی، ئەو دیدە ترادسیۆنییەی هەڵوەشاندەوە کە زمانی قسەکردنی Speech ی پێش زمانی نووسین Writing دەخست. لە دنیای رۆشنبیریی کوردییدا، هێشتا زمانی قسەکردن باڵایە بەسەر زمانی نووسیندا، هەربۆیەشە، وەک پێشتر باسمانکرد، راپۆرت و وتاری رۆژنامەنووسەکانیش زمانێکی شیعریی و بارگاویی بە عاتیفە، زاڵە بەسەر نووسینەکانیاندا. 

 

ئەم تێڕوانینە ترادیسیۆنییە بۆ زمان، وایکردوە زۆربەی نووسەر و رۆشنبیرەکانیشمان لە ئاخافتندا تا بە نووسین دەگات باشتر بن. هیچ سەیر نییە زۆر رۆشنبیر و نووسەر و رۆژنامەنووس، شەوانە چەندینجار لە تەلەفزیۆنەکانەوە دەردەکەون و قسەدەکەن، بەڵام لە ماوەی مانگێکدا نووسینێکی جدییان نییە. تێکستی کوردیی و نووسەرانی کورد هێشتا نووسەرێکی وەک شەکسپیری ( بە ڤێرژنە کوردییەکە) تێدا هەڵنەکەوتووە کە کاریگەرییە زۆرەکانی لەسەر زمان، بۆ چەندین سەدە مابێتەوە و خەڵکێکی زۆر وەک میتۆدی زمانیی بەکاریبهێنن.

شەکسپیر داهێنانێکی گەورەی لە زمانی ئینگلیزییدا کرد، بە زیادکردنی هەندێ چەمک و وشە کە هەرگیز پێشتر بەکارنەهێنرابوون. بەکارهێنانی پێشگر و پاشگر بۆ هەندێ وشە، گۆڕینی هەندێ وشە لە کارەوە بۆ ئاوەڵناو و گۆڕینی ناو بۆ کار و پێکەوەبەستنی وشە و چەمکە جیاوازەکان، ئەو سەرمەشقی شکاند. شەکسپیر نزیکەی ٣٠٠٠ وشەی بۆ زمانی ئینگلیزیی زیادکرد کە تا ئێستاش وشەی زۆر باون. بەدەرلەوەی دەربڕینەکان Expressions ی شەکسپیر، لە ئاستی جیهانییدا زۆر بەربڵاو و کاریگەرن. 

هیچ سەیر نییە رەخنەگری بریتانیی، ساموێل جۆنسن لە سەنای شەکسپیردا دەڵێ: “ئەو موڵکی سەردەمێک نەبوو، بەڵکو بۆ هەمو سەردەمەکانە!” کاریگەریی شەکسپیر لەسەر زمانی ئینگلیزیی هێند زۆرە، بێرنارد لەڤین دەڵێ شتێک نییە لە زماندا رۆژانە بەکاربێت و دەستی شەکسپیری تێدا نەبێت. کاتێک زمانی ئینگلیزیی لە بەرامبەر زمانی لاتینیی و گریکدا زۆر هەژار و لاواز بوو، هیوایەک نەبوو کە ئینگلیزیی پرێستێژ، هەژموونی خۆی بەسەریاندا زاڵ بکات. نووسەران و شاعیرانی ئینگلیز بوون ئەو هیوایەیان زیندوو کردەوە.

 

 بۆریس فۆرد پێیوایە بەر لە گەیشتنی شەکسپیر بۆ لەندەن، هیوایەکی کەم هەبوو بۆئەوەی زمانی ئینگلیزیی گەشەبکات. لە ساڵی ١٦١٣دا، کاتێک دوا کاری شەکسپیری تێدا نووسرا، ئەدەبی مۆدێرنی ئینگلیزیی لە بوارە جیاوازەکاندا دەوڵەمەند بووبوو، تەواو متمانەیشی بەخۆی پەیداکردبوو. یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان کە تا ئێستاش لە دنیای رۆژئاوادا، شەکسپیرێکی تر دروست نەبووەتەوە، زمانەکەیەتی. زمانی شەکسپیر هۆکارێکی سەرەکیی ناوبانگی ئەو و مانەوەیەتی بەزیندوویی.

 

زمان لە فیکر و مەعریفەدا گرنگییەکی لە رادەبەدەری هەیە. ئەوانەی بە زمانی داییک ناتوانن بیربکەنەوە و بنووسن، هەرگیز ناتوانن ناوێکیش بۆ خۆیان و نووسینەکانیان دروست بکەن. بۆ ئەمە، گریمانەکانی ساپیر-وۆرف the Sapir-Whorf hypothesis، یان ئەوەی بە وۆرفیانیزم Whorfianism  ناسراوە، تا رادەیەکی باش هاوکارییمان دەکات.  بەم پێودانگە، وۆرفیانیزم پێوەندییەکی ستراکتۆریی توندی بە رێژەیی زمانlinguistic relativity  و حەتمیەتی”جەبرگەرایی” ( دیتێرمینیزمی زمانیی linguistic determinism )   زمانییەوە هەیە؛ بە واتای ئەوە دێت کە زمان بڕیار لەسەر فیکر دەدات.

 

 بەهۆی ئەم دێتێرمینزمە زمانەوانییانەوەیە، کە هەمبۆڵت  Wilhelm von Humboldt  لەگەڵ باوس و ساپیر  Franz Boas and Edward Sapir لە رێی ئەنسرۆپۆلۆجیای زمانییەوە پێمان دەڵێن، “زمان رۆحی نەتەوەیە”. هەر ئەم دێتێرمینزمە زمانییەیە، وای لە ڤیتگنشتاین Wittgenstein کردووە، لە فەلسەفەی زماندا philosophy of language پێیوابێ، سنووری زمانەکەی، سنووری ئەو جیهانەیە کە زمان رەنگڕێژی دەکات. ئەمە رێک پێچەوانەی رای زۆرێک لە نووسەر و رۆشنبیرانی کوردە کە پێیانوایە دەبێت زمان بکرێتە قوربانیی فیکر و مەعریفە، بەبیانووی ئەوەی ناوەڕۆک گرینگە و زمان فۆرماڵیستە. ئێمە ناڵێین کامیان بە قوربانیی یەکتر بکرێن، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین هیچ فیکر و مەعریفەیەک بەرهەم نایەت ئەگەر نووسەر کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر زمان و ستراکتۆری زمانییدا نەبێ.

 

وۆرفیانیزم ئەوە رووندەکاتەوە کە فیکری مرۆڤ دابەشکراوە لەڕێی سیستمێکی تەخشانکردنی سیمبۆلییەوە، لە ناو رۆحی ئەو زمانە تایبەتەی مرۆڤ قسەی پێدەکات. فیکری خەڵک بە کاتەگۆرییەکانی زمانی خۆیانەوە گرێدراوە. مێنتاڵیتیی گەردوونیی ئینگلیزێک لە کوردێک یان عەرەبێک بەهۆی قسەکردنیان بە زمانی تر، تەواو جیاوازە. لێرەدا پانتایی و ستراکتۆری زمانیی، رۆڵێكی بنچینەیی دەگێڕێت. ئەمە پێوەندیی بە گەشەی زمانەوانییەوە هەیە، بەڵام گرفتی سەرەکیی، ستراکتۆری زمان و راهێنانی زمانە لە گەڵ فیکر و مەعریفە و مۆدێرنیزمدا. 

پوختەی بۆچوونەکان؛ بیانوی هەندێ نووسەر و رۆشنبیر و رۆژنامەنووس بۆ گرینگیینەدانیان بە زمان و رێنووس، زۆر لاوازە. هەندێک بە بیانووی نەبوونی زمانی ستانداردەوە، هەندێکیش بە بیانووی ‘گرینگ ناوەڕۆکە’ و هەندێکیش بە بیانووی شارەزایی لە زماندا تەنیا کاری لینگویستەکانە، خۆیان لە بەرپرسیارییەتیی و بایەخنەدان بە زمان دەشارنەوە. لە راستییشدا، زمان و بەرهەمهێنانی فیکر و مەعریفە بەیەکەوە گرێدراون و لەیەکتر جیاناکرێنەوە.

 ئەو نووسەرانەی بۆ زمانی بێگانە مشتێک پارە دەبەخشنە ئێدیتەرێک تا نوسینەکانیان بۆ پوخت بکات و رووی ناردنی بۆ ژۆرناڵیک هەبێ، کەچیی بۆ زمانی کوردیی بە درافتەکانیشیاندا ناچنەوە. ئەوانە لە بەرامبەر زمانەکانی تردا، تووشی گرێی خۆبەکەمزانین بوونە و لەبەرامبەر زمانی کوردییشدا، غرورێکی سوڵتانییانەیان هەیە، بێئەوەی گوێ لە ناڵەی زمانەکەی خۆیان بگرن. بەرهەمهێنانی فیکر و مەعریفە و ئەدەبی ئەوان، وەک بەرهەمی گۆرانیبێژێکی گەنجە کە گۆرانییەکانی هەر چەند مانگێک  بڕدەکات. سەیر نییە هیچ شاعیرێکی کورد تا ئێستاش نەیتوانیوە ئەو چێژەی مەحویی و نالیی لەڕووی ئێستێتیکەوە بە شیعری کوردییان داوە، مەسعود محەمەد بە فیکر و تێکستی کوردیی داوە، کەسێکی تر پێیببەخشێت. بۆئەوەی بە رەش و سپیی قسە نەکەین، دەڵێین چێژدان بە زمان نەک بە فیکر، راستییەکەی لەناو کورددا، فیکر و مەعریفە، کەموکورت بەرهەم دێن، بەڵام ستراکتۆری ئەو زمانەی فەلسەفە و فیکر و مەعریفە و تەنانەت زانستیشی پێ دەنووسرێت، هێشتا زۆری ماوە گەشە بکات. 

 

 

کەمال چۆمانیی و کامیار سابیر

 

 

Previous
Next

Leave a Reply