سته‌مكاری بزووتنه‌وه ئیسلامیه‌كان
سه‌ره‌تا
ئه‌گه‌ر سته‌مكردن بۆ زۆر له بزووتنه‌وه سیاسیه‌كانی تر كارێك بێت جێگای قێزلێبوونه‌وه بێت, ئه‌وا سته‌مكردن بۆ بزووتنه‌وه ئیسلامیه‌كان و بزوتنه‌وه ئاینیه‌كانی تر كارێكه هه‌م جێگای قێزلێبوونه‌وه و هه‌م جێگای واق ورمان, ئاخر توندووتیژی و سته‌م, تیرۆر و ته‌قاندنه‌وه, لاقه‌كردن و سڕینه‌وه, ره‌تكردنه‌وه و ته‌كفیری به‌ناوی ئاینه‌وه هیچ نیه جگه له مایه‌پوچكردنی ئه‌و ئاینه, جگه له ناشرینكردن و روو ره‌شكردنی ئه‌و ئاینه لای خه‌ڵكی, ئێستا له‌م كاته‌دا ئێمه شایه‌تحاڵی ئه‌م تێزه‌ین.
ئاین, هه‌ر ئاینێكی ئاسمانی و زه‌مینی بێت, یه‌كه‌م كار و مژده‌ی ئه‌و ئاینه له‌ناوبردنی سته‌م و توندووتیژیه, پروپاگه‌نده‌ی گه‌رانه‌وه‌ی ماف بۆ خاوه‌نی ماف و ژیانێكی ئاسووده بۆ مرۆڤه‌كان ده‌كات (ئه‌توانین ئاینی ئیسلام وه‌كو نمونه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌مان وه‌ربگرین), به‌ڵام كاتێك ده‌سته‌و تاقمێك یان رێكخراو و حیزبێك دێت و هه‌موو ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی سه‌ره‌وه پێچه‌وانه ده‌كاته‌وه, بێگومان هه‌ر به‌ناوی هه‌مان ئاینه‌وه خۆی به‌یان ده‌كات, ئه‌وا مرۆڤ له‌به‌رده‌م شێوازێكی وادا ده‌بێته كۆمه‌ڵه تێكه‌ڵه‌یه‌ك له ئامانج و هۆكار له پێناو ئامانجێكی دیاریكراوی ئه‌و رێكخراوه‌دا, ئه‌مه‌ش له ساده‌ترین پێناسه‌دا سته‌مكارییه.
ئه‌گه‌ر تیرۆر و تۆقاندنه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه پره‌نسیپی ناسینه‌وه‌ی بزووتنه‌وه ئیسلامیه‌كان بێت, ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه و ته‌كفیریه‌كان, سوكایه‌تی پێكردن و ره‌تكردنه‌وه‌كان كاره نه‌جیبه‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وانه بن!, ئه‌گه‌ر زانیمان ئه‌م بزوتنه‌وانه (هێزانه) بڕیاری كافربوونی ده‌وڵه‌تان ده‌ده‌ن, ئه‌گه‌ر روون بوه‌وه بۆمان زۆرێك له‌م بزووتنه‌وانه كار له‌سه‌ر پۆلێن‌كردن ده‌كه‌ن, پۆلێنكردنی جیهان بۆ دیندار و بێ‌دین, دۆست و دوژمن, ره‌ش و سپی, ئه‌گه‌ر زانیمان سایكۆلۆژی ئه‌مان هه‌میشه به‌دوای دوژمن‌دا وێڵه, بۆ به‌یانكردنی خۆیان, بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مانیش بوونی خۆیان له گۆره‌پانه‌كه‌دا بسه‌لمێنن, ئیتر گرنگ نیه چۆن ئه‌یسه‌لمێنن, گرنگ ئه‌وه‌یه بیسه‌لمێنن!, ئه‌گه‌ر ئیسلامیان له جه‌وهه‌ر و كاری راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌رهێنا و كردیانه ده‌ستورێكی لاستیكی و مه‌زاجی, ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش له پێناو مه‌رامێكی سیاسی‌دا, ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌م به‌دواداچونانه‌مان بۆ روون بوه‌وه ئه‌وا زه‌حمه‌ت نابێت ئێمه‌ش بریاری خۆمانی له‌باره‌وه بده‌ین كه‌ئایا ئه‌م بزووتنه‌وانه سته‌مكارن؟ یان ئه‌گه‌ری بوون به سته‌مكاریان تێدایه؟ یان سته‌مكار نین, یان كۆمه‌ڵه بزووتنه‌وه‌یه‌كی دژ به سته‌مكارین ؟
ئیشی ئه‌م وتاره دۆزینه‌وی ریشه قوڵه‌كانی سته‌مكردنی ئه‌م بزووتنه‌وه ئیسلامیانه نیه به ئاینی ئیسلامه‌وه, یان ده‌ست نیشانكردنی سته‌مكاره‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وانه نیه كه بزانین ئایا به‌هه‌شتین یان جه‌هه‌نمی, یان به پێی شه‌ریعه‌تی ئاینی ئیسلام چی تایپێكن, هه‌روه‌ها كاری ئه‌م وتاره‌ش ئه‌وه نیه بگه‌ڕێت به‌دوای یه‌ك به‌یه‌ك ئه‌و سته‌مانه‌ی كه ئه‌م بزووتنه‌وانه له مێژووی خۆیاندا كردویانه (مه‌گه‌ر بۆ رونكردنه‌وه نه‌بێت), به‌ڵكو ئه‌ركی ئه‌م وتاره ئه‌وه‌یه ده‌رك به تۆوی سته‌م بكات له‌م بزووتنه‌وانه‌دا, ده‌رك به‌و شێوه گوتاره بكات كه ئه‌گه‌ری سته‌مكردنی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت, یان ئه‌و جۆره روحه بدۆزێته‌وه تیایاندا كه هه‌ڵگری میكرۆبی سته‌مكارییه, ئه‌و روحه سه‌ر لێشێواوه‌ی كه له‌پێناو ئامانجێكدا به ده‌یان وه‌سیله‌ی ناپیرۆز و توندوتیژ ئه‌گرێته‌به‌ر.
هه‌روه‌ها هه‌وڵیش ده‌دات وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی, ئایا بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌كان له كوێی سته‌مكارییه گشتیه‌كه‌و فه‌وزا خوڵقاوه‌كه‌ی ئێستای جیهاندان؟ ئایا ئه‌م بزووتنه‌وانه سایكۆلۆژیه‌كی سه‌لیم به‌رێوه‌یان ده‌بات یان نه‌خۆش و سه‌رلێشێواو؟ نه‌خۆش له مه‌عریفه‌دا و سه‌رلێشێواو له ئاراسته‌ی فكردا, ئایا چۆن مه‌شروعیه‌ت به خۆیان و به كاره ته‌كفیری و به‌ناو جیهادیه‌كانیان ده‌ده‌ن؟ ئایا ئه‌توانین پۆلێن بۆ ئه‌م جۆره بزووتنه‌وانه بكه‌ین (تووندڕه و میانڕه‌و, سه‌له‌فی و نوێخواز)؟ ئه‌م جۆره پۆلێنكردنانه چی كۆمه‌كێكمان ده‌كات له ناسینه‌وه‌ی سته‌مكاری له هه‌ر جۆرێكیاندا؟.
هه‌روه‌ها هه‌وڵیش ده‌ده‌ین روونی بكه‌ینه‌وه, ئایا ئه‌م بزووتنه‌وانه بۆ به‌رده‌وام په‌نا ده‌به‌نه به‌ر توندووتیژی و ته‌كفیری؟ بۆچی سه‌ره‌ڕای ته‌كفیریكردنی هێزه عه‌لمانیه‌كان خۆشیان ته‌كفیری یه‌كتری ده‌كه‌ن و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ یه‌كتری ده‌كه‌ن سه‌ره‌ڕای یه‌ك سه‌رچاوه‌ی بیر و باوه‌ڕ؟ ئایا ئه‌مان به‌ناوی بزووتنه‌وه‌ی دژ به سته‌مكارییه‌وه دروستبوون؟ ئه‌گه‌ر به‌و ناوه‌وه دروست بوون چۆن سته‌م ده‌كه‌ن؟ ئایا چۆن به‌ره‌نگاری سته‌م ده‌بنه‌وه له‌كاتێكدا خۆیان خوڵقێنه‌ری سته‌من؟ ئایا ره‌خنه‌گرتن له‌سته‌مكارییه‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وانه ره‌خنه گرتنه له ئیسلام؟ ئایا ئه‌مان چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌دا ده‌كه‌ن؟ ئایا له چاویلكه‌ی ئه‌مانه‌وه ره‌خنه‌گر چۆن ته‌ماشا ده‌كرێت؟ به مورته‌د و گومڕا یان به ره‌خنه‌گر؟ چۆن وه‌ڵامی ره‌خنه و گوتار ده‌ده‌نه‌وه؟ به ره‌خنه یان به وتار, به تیرۆری فكری یان به تیرۆری فیزیكی؟ ئایا گوتاری (سیاسی-ئیسلامی) چ قه‌باره‌یه‌كی هه‌یه له رۆڵی سته‌م و سته‌مكاری له‌م بزووتنه‌وانه‌دا؟
سته‌مكاری له سیاسه‌تدا و سته‌مكاری له ئیسلامی سیاسی‌دا دوو شێوه‌ی جیاوازن و هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌نی مه‌رجه‌عی فكری و گوتار و بۆچونی تایبه‌تی خۆیانن, سته‌م له سیاسه‌تدا به مانا گشتیه‌كه‌ی بۆ یه‌ك شێوه و یه‌ك ئامانج و به یه‌ك وه‌سیله كورت نابێته‌وه به‌ڵكو فره ره‌هه‌ند و فره بۆچوونه, به‌ڵام سته‌م له ئیسلامی سیاسی‌دا له هه‌موو كاته‌كاندا به ناوی خودا‌و به‌ناوی هێزی بانسروشته‌وه ئه‌كرێ, ته‌نها وه‌سیله‌ش ئاینی ئیسلامه, سته‌مكاره‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وانه كاتێك دێنه گۆ به ناوی خودا‌و به ناوی ئاسمانه‌وه قسه ده‌كه‌ن, وا خۆیان ده‌ناسێنن كه قسه‌ی ئه‌وان قسه‌ی خودایه و قسه‌ی خودا‌ش بێگه‌رانه‌وه‌یه, نمایشكردنی جێنشینی خودا له‌سه‌ر زه‌وی و حه‌ق به‌خۆدان وه‌ك نوێنه‌ری خودا, حه‌ق به خۆدان بۆ جیكردنه‌وه‌ی كرداری راست و گوفتاری راست, كرداری چه‌وت و گوفتاری چه‌وت, به‌و مانایه‌یه كه كردار و گوفتار و ته‌نانه‌ت بیركردنه‌وه و چرپاندنه‌كانیش ئه‌گه‌ر به پێی بیركردنه‌وه و مه‌زاجی ئه‌و جێنشینانه نه‌بوون ئه‌وا دژی بڕیاری خودان و پێویسته جیهادیان به‌رانبه‌ر بكرێت, هه‌ر ئه‌مه‌شه چاوگی ته‌كفیری و ته‌نانه‌ت توندوتیژی و سته‌مه‌كانیش.سایكۆلۆژیای بزووتنه‌وه ئیسلامیه‌كان
(ته‌كفیری, سته‌مكاری, ئامانج, مه‌شروعیه‌ت)مه‌شروعیه‌ت هه‌ره كێشه‌ی سه‌ره‌كی سته‌مكاره‌كانه, ئه‌گه‌ر سته‌مكاره‌كان له پێناو مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكاری خۆیاندا په‌نا به‌رنه به‌ر كاری توندووتیژی و سته‌م و تیرۆر, ئه‌وا له لای جه‌ماوه‌ر بێگومان جه‌ماوه‌رێكی وشیار و به ئاگا توشی كێشه‌ی بێ متمانه‌یی ده‌بن, به‌ڵام ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ره‌كه ژێر ده‌سته بوون یان كۆمه‌ڵه كه‌سانێكی نا وشیار و بێ ئاگا بن و سته‌مكار یان ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكاریش هۆكاری مه‌شروعیه‌ت به خۆدانی پێ بێت ئه‌وا كه‌متر توشی كێشه‌ی روبه‌روو بوونه‌وه ده‌بێت " زۆرجار سته‌مكار وا بیری لێ ده‌كرێته‌وه وه‌ك سیسته‌مێكی زاڵم كه له‌سه‌ر زوڵم و په‌خشكردنه‌وه‌ی ترسه‌وه به‌نده و له‌سه‌ر ترس ده‌ژی, ترس و تۆقاندتی دانیشتوان وه‌ك سیسته‌مێكی فه‌رمانره‌وایه‌تی كردنی كه‌سێك یان چه‌ند كه‌سێك یان گروپێك (كه له رۆژگاری مۆدێرنه‌دا ده‌توانین بڵێین ده‌سه‌ڵاتی حیزبێكی سیاسی به ئایدۆلۆژیایه‌كی خه‌فه‌قان ئامێزه‌وه), سیسته‌مێك كه یه‌كێك له نیشانه سه‌ره‌كیه‌كانی ناسینه‌وه‌ی ئه‌م سیسته‌مه بریتیه له نه‌بوونی ره‌وایه‌تی ( مه‌شروعیه‌ت)" , مه‌شروعیه‌ت بۆ بزووتنه‌وه ئیسلامیه‌كان له رێگای ئاینی ئیسلامه‌وه پارێزراوه, ره‌وایه‌تی ئه‌وان به‌نده به‌وه‌ی چه‌نده ئه‌توان خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و تێزه‌دا بگونجێنن كه ئه‌مان هه‌ڵگری ئاینی ئیسلامن و پارێزه‌ری سه‌روه‌ریه‌كه‌ین, به‌نده به‌وه‌ی چه‌نده ئه‌توانن گوتاری خۆیان ته‌ریب بكه‌ن به گوتاری ئاینی ئبسلامه‌وه, یان چه‌نده ئه‌توانن گوتاری خۆیان له‌ناو گوتاری ئاینی ئیسلامدا جێبكه‌نه‌وه, بێگومان گوتاری ئه‌وان گوتارێكی (سیاسی–ئیسلام)یه, سیاسیه به‌و مانایه‌ی ئامانجه‌كانیان بپێكن و ئیسلامیه به‌و مانایه‌ی مه‌شروعیه‌ت له ده‌ست نه‌ده‌ن, سه‌ره‌ڕای توندووتیژی و كاره ته‌كفیری و به‌ناو جیهادیه‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وانه زۆر به‌كه‌می تووشی كێشه‌ی مه‌شروعیه‌ت ده‌بنه‌وه, چونكه وا خۆیان به‌یانكردووه و خۆشیان به‌یان ده‌كه‌ن كه مه‌شروعیه‌تی ئاینی ئیسلام مانای مه‌شروعیه‌تی ئه‌وانه و مه‌شروعیه‌تی ئه‌مانیش مانای مه‌شروعیه‌تی ئیسلامه, ئه‌مانه هه‌ركاتێك رووبه‌ڕوی ره‌خنه بوونه‌وه, بێگومان ره‌خنه‌یه‌كی توند و قوڵ, ئه‌وا راستوخۆ ئه‌و ره‌خنه‌یه نه‌قڵ ئه‌كه‌ن به ره‌خنه به‌رامبه‌ر ئاینی ئیسلام, رایه‌ڵه‌یه‌كی وا ئه‌دۆزنه‌وه كه بیانبه‌ستێته‌وه به ئاینی ئیسلام و ره‌خنه‌كانیش ببه‌ستێته‌وه به ره‌خنه له دژی ئه‌و ئاینه, ئا له‌و كاته‌دا ئه‌م بزووتنه‌وه ئیسلامیانه وه‌ك تاكه خاوه‌نی ئیسلام و خاوه‌نی خودا خۆیان ده‌ناسێنن و موفه‌سیر و فتواچیه‌كانیان به ته‌فسیر و فتواكانیان راستی و درووستی ئه‌و كار و گوفتاره‌ت دیاری ده‌كه‌ن "ئیسلامی سیاسی ئه‌یه‌وێت ئاینی ئیسلام بقۆزێته‌وه تاكو بیكاته ئامراز و هۆكارێك له شێواز و رێبازی كاركردنیدا بۆ ئامانجی سیاسی, كه‌واته ئیسلامی سیاسی ئاینی ئیسلام په‌لكێش ده‌كات بۆ ناو بازنه‌ی ململانێ و كێشه سیاسیه‌كان له‌سه‌ر حوكم و ده‌سه‌ڵات و تاكڕه‌وانه خۆی ئه‌كاته خاوه‌نی شه‌رعی و ده‌مراستی ئاینی ئیسلام به‌سه‌ر هه‌موواندا" , وه‌كو ئاماژه‌مان پێكرد ئه‌گه‌ر مه‌شروعیه‌ت بۆ سته‌مكاره‌كان كارێكی زه‌حمه‌ت بێت, ئه‌وا بۆ سته‌مكاره‌كانی بزووتنه‌وه ئیسلامیه‌كان زه‌حمه‌تیه‌كه‌ی كه‌متره و كه‌متر دۆش داده‌مێنن بۆ ره‌وایه‌تی, زۆرینه‌ی كاته‌كان ئه‌مان له ئه‌نجامی (گوڵچن)كردنی ئایه‌ت و فه‌رمووده‌و ته‌فسیره‌كاندا شه‌رعیه‌تی ته‌واو به خۆیان و به كاره‌كانیان ده‌ده‌ن, ئێمه ئه‌وه‌ش ئه‌زانین كه ئه‌م بزووتنه‌وانه له‌و وڵاتانه‌دا زیاتر چالاكن كه ئاینی فه‌رمی وڵاته‌كه ئاینی ئیسلامه و زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی موسڵمانن, ئه‌مه‌ش كێشه‌ی ره‌وایه‌تیان تاڕاده‌یه‌كی زۆر باش بۆ كه‌م ئه‌كاته‌وه, له‌به‌ر رۆشنای ئه‌م (گوڵچن)كردنانه‌دا و له فه‌توایه‌كی (هه‌یئه‌ی عوله‌مای جندول ئیسلام)دا به پاساوی فه‌رمووده‌ی (فه‌رمانكردن به چاكه‌و رێگرتن له خراپه) كۆمه‌ڵێك بڕیاری توند ده‌رده‌كه‌ن له‌وانه ( داخستنی خانه‌قای بیاره و قه‌ده‌غه‌كردنی زیاره‌تكردنی و قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌ته‌لایت و كه‌ناڵه ئاسمانیه‌كان و قه‌ده‌غه‌كردنی گۆرانی وتن و مۆسیقا ژه‌نین) , به روونی دیاره چی هارمۆنیه‌ك له نێوان ته‌فسیری ئه‌و فه‌رمووده‌یه و ئامانجی ته‌فسیره‌كه‌دا هه‌یه!, لێره‌دا فه‌رمووده‌ی (الامر بالمعروف والنهی عن المنكر) وا ته‌فسركراوه به (فه‌رمانكردن به چاكه‌و رێگرتن!! له خراپه) كه زۆر دیار و ئاشكرایه جیاوازی و مه‌به‌ستی هه‌ردوو وشه‌ی (رێگرتن) و (نه‌فره‌تكردن-النهی), ئه‌گه‌ر مرۆڤ له جیاتی و به نوێنه‌ری خودا له‌سه‌ر زه‌وی ئه‌رك و ماف دیاری بكات, مرۆڤ پروپاگه‌نده‌ی بوون به خودایه‌تی به شێوه‌ی كردار له‌سه‌ر زه‌وی بكات, نه‌ك هه‌ر گۆرانی وتن و مۆسیقا ژه‌نین قه‌ده‌غه ده‌كرێت و قه‌بر هه‌ڵكه‌نین ئاسایی ده‌بێت به‌ڵكو كۆمه‌ڵكوژی و له‌ناوبردنی ئه‌وانی تر كارێكه شایسته‌ی چاوه‌ڕوانی ده‌بێت, ئه‌م بزووتنه‌وانه هه‌میشه ئه‌و كه‌ناڵه‌یان كردوه به هوكاری مه‌شروعیه‌ت كه ئه‌مان له‌پێناو خودا‌و ئاینی خودادا هه‌وڵ و كۆشش ده‌كه‌ن, ئه‌توانین بڵێن به‌ئامانج و به‌بێ خه‌به‌ر له‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامی كاره‌كانیان یان فه‌تواكانیان چ قه‌یرانێك دروستده‌كات, ئامانجدارن به‌وه‌ی له‌هه‌ڵپه‌ی سیاسییاندا شتێك یان ته‌واوی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی به ده‌ست بخه‌ن, پێخه‌به‌رن به‌وه‌ی چ مه‌عریفه‌یه‌كی ناته‌واو به‌رامبه‌ر به ئاینی و شته پیرۆزه‌كانی ئاینی ئبیسلام بڵاوده‌كه‌نه‌وه, ئه‌گه‌ر به‌نمونه فه‌توای یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌كانی حیزبی ئیخوانه‌كان وه‌ربگرین, نه‌ك سه‌ركرده‌ش به‌ڵكو كه‌سی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م حیزبه كه(حه‌سه‌ن به‌ننا)یه ده‌ڵێت "بڕوا به‌ئاین‌و بڕوا به پرۆگرامی حیزبه‌كه‌م به‌یه‌ك چاو سه‌یرده‌كه‌م هه‌ر موسڵمانێك بڕوای به‌م پرۆگرامه نه‌بێت و كار بۆ جێبه‌جی كردنی نه‌كات چانسی له ئیسلامدا نیه و با بچێت بۆ خۆی بیروباوه‌ڕێكی تر بدۆزێته‌وه و بڕوای پێ بهێنێت و كاری بۆ بكات" , مرۆڤ له‌به‌رده‌م گوتارێكی وادا خه‌یاڵی بۆ ئه‌وه ئه‌چێت كه قسه‌كه‌ر مرۆڤ نیه به‌ڵكو نێردراو و په‌یامنێری خودایه و حیزب و پرۆگرامی حزبه‌كه‌ش حیزب و پرۆگرامی خودایه, بریاردانی كه‌سیك به‌وه‌ی هه‌ركاتێك بروا به حیزبه‌كه‌ی ئه‌م نه‌كات ئه‌وا سه‌ر به‌ئیسلام نیه, لوتكه‌ی ته‌كفیری و مه‌شروعیه‌ته, "حه‌سه‌ن به‌ننا له‌یه‌كێ له وتاره‌كانیدا تێكۆشانی حیزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ تێكۆشانی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) به‌راورد كردووه, له‌دوێدا وای بۆ چووه كه بانگه‌وازه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) لادان له بت په‌رستی (چاخی یه‌كه‌م) پێك دێنی و تێكۆشانی ئیخوانیش (چاخی دووه‌می) ئه‌و بانگه‌وازه پێك دێنێ" , ده‌زانرێت كه بت په‌رستی له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ردا (د.خ) هه‌بووه و پێغه‌مبه‌ریش (د.خ) له پێناو نه‌هێشتنیدا هه‌وڵی داوه, به‌ڵام ئایا ئێستا بت په‌رستی هه‌یه؟ بیگومان نه‌خێر, به‌ڵكو لێره‌دا مه‌به‌ست له بت په‌رستی مه‌به‌ستێكی گشتیه و زۆر به ئاسانی ئه‌توانێت هه‌ر گروپ و كۆمه‌ڵ و ده‌وڵه‌تێك وه‌ك بت په‌رست بناسێنێت و ته‌كفیریان بكات و به‌رانبه‌ریان فه‌توای جیهاد و سته‌مكردن ده‌ربكات, لێكچواندنی بانگه‌وازی حیزبی ئیخوانه‌كان و بانگه‌وازی پێفه‌مبه‌ر (د.خ) له وتاره‌كه‌یدا یه‌كێكه له‌و كه‌ناڵانه‌ی كه مه‌شروعیه‌ت به بانگه‌وازه جیهادییه‌كه‌ی به‌رانبه‌ر به بت په‌رستان ده‌دات!, پروپاگه‌نده‌ی (جیهادكردن) له پێناو خودادا گرنگترین و ترسانكترین خاڵه كه ئه‌م بزووتنه‌وانه له ژێریدا سته‌مكاریه‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن چونكه لێره‌دا سته‌مكردن و شه‌ڕكردن به‌رانبه‌ر به هه‌ركه‌س و گروپ و ده‌وڵه‌تێك كه له لایه‌ن ئه‌م بزووتنه‌وانه ده‌كرێت جلی جیهادی له‌به‌ر ده‌كه‌ن, له یه‌كێك له ئامانجه‌كانی (بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان) كه له‌ناو پرۆگرام و په‌یڕه‌وی نێوخۆیاندا هاتووه و ده‌ڵێ"له پێناو جیهادی كرده‌وه‌یی بۆ چه‌سپاندن و په‌رپاكردنی حوكمی خودادا له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات‌دا تێده‌كۆشین" , به پێی ئه‌م ئامانجه بێت جیهادی كرده‌وه‌یی ئه‌ركێكه كه ده‌بێت له پێناویدا تێبكۆشن, له هیچ له بزووتنه‌وه ئیسلامیه‌كاندا پێناسه‌ی چه‌كی جیهاد روون نیه, به‌ڵكوو جیهاد ئه‌و ئه‌ركه‌یه به لای ئه‌مانه‌وه, كه له هه‌ركاتێكدا ئه‌گه‌ر یه‌كێك له (موفه‌سیر-سه‌ركرده)كان رایبگه‌یه‌نن ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێت "ئیسلامیه‌كان كاتێك له‌شێوه‌ی حیزب, رێكخراو, جه‌ماعه‌ت و بزووتنه‌وه خۆی رێك ده‌خات ناچار ده‌بێت له‌به‌رانبه‌ر هه‌موو مه‌سه‌له كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریه‌كاندا هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت, به‌ڵام هه‌ڵوێستی ئه‌م ده‌بێت له‌گه‌ڵ تێزه فكریه‌كه‌یدا بگونجێت, ئه‌م هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه‌ی بیه‌وێ و نه‌یه‌وێت روبه‌رووی ململانێی ئه‌كاته‌وه, بۆچی؟ چونكه سیسته‌مه فكریه‌كه‌ی هه‌موو مه‌سه‌له كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و رۆشنبیریه‌كان ده‌باته‌وه سه‌ر بنه‌ماكانی ئاین و ئاستی گونجاندنیان له‌گه‌ڵ شه‌رعدا, په‌یره‌وكردنی شه‌رعیه‌تیش به‌و جۆره‌ی ئه‌مان ئه‌یانه‌وێت و پیاده‌ی ده‌كه‌ن رێگا له جێبه‌جێكردنی ئه‌و مه‌سه‌لانه ده‌گرێت, ئه‌م حاڵه‌تی ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌یه هانی ده‌دات په‌نا به‌به‌ر تووندوتیژی ببا‌و شه‌رعییه‌تی بداتێ و ناوی (جیهاد)و ئه‌ركی ئاینی لێ بنێ, له‌بیركردنه‌وه‌ی ئه‌مدا كۆمه‌ڵگا به‌گشتی له ئاین وه‌رگه‌ڕاوه و ئه‌میش ده‌یه‌وێت یاسای خوداوه‌ند جێبه‌جێ بكات" , سه‌نده‌وه‌ی مافی مرۆڤبوون و هاوڵاتی بوون له‌وانی تر و خۆهه‌ڵكێشان بۆ سه‌رووی مرۆڤ ئه‌و سایكۆلۆژیه‌یه كه ئه‌مان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن, كاركردن له‌سه‌ر ئه‌م سایكۆلۆژیه و دابه‌زینی ئه‌و سایكۆلۆژیا و شێوه بیركردنه‌وه‌یه بۆ ناو كۆمه‌ڵگا كه ئه‌مان خاوه‌نی مافن و ئه‌وانی تر شه‌ڕفرۆش و له دین ده‌رچوو, ئیتر لێره‌وه قه‌یرانێك ده‌ست پێده‌كات, قه‌یرانێك كه كوشتنی مرۆڤ سانا ده‌بێت و ته‌كفیركردن و تیرۆركردن جێگه‌ی ده‌سخۆشی ده‌بێت, ئه‌م شێوه سایكۆلۆژیه كه پڕاوپڕه له روحی سته‌م و ره‌تكردنه‌وه و سه‌رلێشێواویه‌كی فكر و مه‌عریفه‌یه‌كی ناته‌واوه, ئه‌مان ته‌نها لایه‌نه تونده‌كه‌ی ئاین ئه‌ناسن "ئه‌گه‌ر ئاین ته‌نیا بووه ترس و په‌یره‌وكردنێكی كوێرانه‌ی به دوور له ئیراده, ئه‌وا ئه‌و كاته ده‌چێته‌خزمه‌تی سته‌مكاریه‌وه و ده‌بێته دار و ده‌ستی سته‌مكار, ئه‌گه‌ر له جیاتی ئومێد و هاوڕێیه‌تی ئاین زیاتر سه‌رقاڵی تۆقاندن بێت, ئه‌م تۆقاندنه ده‌چێته سه‌ر تۆقاندنه سیاسیه‌كه و ئیدی ئاین ده‌بێته به‌شێك له سه‌مكاری" , هه‌روه‌ها "ترسناكترین شت له‌مه‌ر ئاینه‌كان ئه‌وه‌یه كه په‌یره‌وانی دووربكه‌ونه‌وه له سه‌رچاوه‌كه و خۆیان خه‌ریك بكه‌ن به قسه‌ی هه‌ندێ دواكه‌وتووان, ئیتر ئه‌وه‌یان له بیر ده‌چێت كه ئیسلام خۆی هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی به‌ربه‌ره‌كانێی كه‌سانێك بكات كه لافی نوێنه‌رایه‌تی كردنی خودا لێئه‌ده‌ن و لایان وایه كه ئه‌وانه واسیته‌ن له نێوان خودا و به‌نده‌كاندا, له‌به‌ر ئه‌م هۆیه ئه‌م گروپانه له گۆشه و كه‌له‌به‌رێكی ته‌سكه‌وه ده‌ڕواننه ئاینی ئیسلام و ئه‌و ئامانجه پیرۆز و گه‌ورانه‌ی كه ئاین هێناویه‌تیه ئاراوه بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی مرۆڤایه‌تی له بیر خۆیان ده‌به‌نه‌وه و به‌م هۆیانه‌وه ئیسلام به لایانه‌وه ده‌بێته ئاینێكی خاڵی له ناوه‌رۆك" , ئه‌و شێوه بیركردنه‌وه‌یه و ئه‌و شێوه حوكمه‌ی كه‌وا خۆی به‌یان ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رداری یه‌كه‌م و دوا سه‌رداری كۆمه‌ڵگا بێت، یا وابیربكاته‌وه كه‌ده‌بێت هه‌موو بڕیاره‌كان له چوارچێوه‌ی فكر و به‌رنامه‌ی ئه‌ودا بێت, ئه‌وا ره‌تكردنه‌وه‌ی بیر و ره‌شكردنه‌وه‌ی كردار و ئاخافتنه‌كانی ئه‌وانی تره و بچوكترین جیاوازیه‌كانیش ده‌كوژێت و هه‌موو هه‌وڵیشی بۆ به‌یه‌ك ره‌نگكردنی كۆمه‌ڵگایه, ئه‌ڵبه‌ت له ناوبردنی جیوازی و به‌یه‌ك ره‌نگكردن تێزه‌یه‌كه هیچ كات توانای خۆ پراكتیككردنی نیه, ئاله‌م كاته‌داو بۆ سه‌لماندنی خودێتی وه‌ك كاردانه‌وه‌ی یه‌كه‌م په‌نا ده‌به‌نه به‌ر ته‌كفیر و دواتر توندوتیژی و سته‌م "سته‌مكار ئه‌و كه‌سه‌یه كه‌وا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شاردا ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ماڵی خۆی بێت" مامه‌ڵه كردنی سته‌مكار له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا به‌شێوه‌ی زوڵم و سته‌م, مامه‌ڵه‌كردنی ده‌سه‌ڵاته سته‌مكاریه‌كه‌یی و ده‌ست وه‌ردانه ناو فه‌زای گشتی و بێ ئیراده و بێده‌نگكردنی گه‌ل, ئه‌وا كۆمه‌ڵگایه‌كی ترسا‌و و مه‌زڵوم و بێ ئیراده دروست ده‌كات كه هیچ كاتێكیش ئه‌م جۆره كۆمه‌ڵگایانه توانای به‌رهه‌مهێنان و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و فه‌رهه‌نگی نابێت, كۆمه‌ڵگای ترسا و هیچ كات تۆوی سه‌روه‌ری و ئازادی و فزوڵیه‌تی تێدا شین نابێت, ته‌نها تۆوێك كه شین ده‌بێت تۆوی ئه‌گه‌ری بوون به سته‌مكاره له هه‌ر یه‌ك له تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگادا "ته‌نها پره‌نسیپێ كه پێویسته بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار بریتیه له تۆقاندن, سته‌مكاری پێوستی به ترس و تۆقاندن هه‌یه بۆ حكومكردن" , كه‌واته سته‌مكار ترس ئه‌روێنێت و ترس بڵاو ده‌كاته‌وه, كۆمه‌ڵگاشه ئامانجی ئه‌و ترسه‌ی كه سته‌مكار ئاراسته‌ی ده‌كات, ئه‌گه‌ر تا ئێستا ئه‌وه‌مان بۆ روون بووه‌ته‌وه كه سته‌مكاری چی ده‌ردێكی كوشنده‌یه بۆ كۆمه‌ڵگا و مرۆڤایه‌تی و بزووتنه‌وه ئیسلامیه‌كانیش به‌شێكن له‌و سته‌مكارییه گشتیه, ئه‌وا شتێكی تر كه پێویسته بۆمان روون ببێته‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه بزانین بزووتنه‌وه ئیسلامیه‌كان به چ نه‌هج و كه‌ناڵیك سته‌م ده‌كه‌ن, ئه‌گه‌ر ره‌تكردنه‌وه و ره‌شكردنه‌وه و بێ بایه‌خكردنی به‌رانبه‌ر سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ سته‌مكاری, ئه‌وا له بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌كاندا ئه‌م سه‌ره‌تایه به دڵنیاییه‌وه بوونی هه‌یه, ئه‌گه‌ر توندوتیژی و تیرۆر و تۆقاندن و ته‌كفیری سته‌مكاری بێت دیسان دڵنیاین كه ئه‌م شێوه حوكمه له بزووتنه‌وه ئیسلامیه‌كاندا بوونیان هه‌یه, شێوه ده‌ربرینه‌كان و گوتار و گفتوگۆ و كرداره‌كانیان پاسادانی ئه‌م راستیه ده‌كه‌ن.
خۆسه‌پاندن و زمانی توندوتیژ خاڵی جه‌وهه‌ری گروپه سته‌مكاره‌كانه, تیرۆری فكریش چه‌كی له‌سه‌ر پێ و هه‌میشه به‌كارهاتووی بزووتنه‌وه ئیسلامیه‌كانه "تیرۆر به ته‌نها كوشتن و غافڵكوژی ناگرێته‌وه, وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندێ كه‌س لێی گه‌یشتوون به‌ڵكو كوشتن و غافڵكوژی به‌شێكن له تیرۆر, جه‌وهه‌ری تیرۆریزم وه‌ك دیارده‌یه‌ك كار له‌سه‌ر میتۆدێك ده‌كات كه مافی ئه‌وه به خۆی ده‌دات ئیلغای به‌رانبه‌ره‌كه‌ی بكات, جا ئیتر ئه‌و ئیلغاكردنه فیزیكی بێت یان فكری گرنگ نیه" .
دابه‌شكردن و پۆلێن‌كردن جه‌وهه‌ری كاری ئه‌م بزووتنه‌وانه‌یه, پۆلێنكردنی حیزبه‌كان بۆ حیزبی خودا و حیزبی شه‌یتان, پۆلێنكردنی مرۆڤ بۆ سه‌ربازی خودا و سه‌ربازی شه‌یتان هه‌روه‌ها باوه‌ڕدار و بێ باوه‌ڕ, حه‌رام و حه‌ڵاڵ, دیندار و بێ دین, مرۆۆڤی راست و مرۆڤی چه‌وت, هه‌موو ئه‌م پۆلێنكردنه‌ش ئه‌نجامی كاری ئه‌و سایكۆلۆژیه‌یه كه ئه‌م بزووتنه‌وانه كاری پێ ده‌كه‌ن, هه‌ڵگری ناوی حیزبی خودا و سه‌ربازی خودا و باوه‌ڕدار و رێچكه‌گری راستی به‌و مانایه دێت كه پێچه‌وانه‌ی ناو و كاری ئه‌مان پێچه‌وانه‌ی ئاینی ئیسلام و خودا و پێغه‌مبه‌ره(د.خ) (بێگومان به چاویلكه‌ی ئه‌مان), له‌م توله رێیه‌وه زۆر به ئاسانی به‌رانبه‌ره‌كانیان ره‌تده‌كه‌نه‌وه و ته‌كفیریان ده‌كه‌ن, ئاخر له رێبازی ئه‌ماندا ره‌خنه‌گرتن له حیزبی خودا, له سه‌ربازی خودا, ره‌خنه‌یه له خودی خودا, به‌مه‌ش گه‌وره‌ترین كوفرت به‌رانبه‌ر به‌وان و به ئیسلام و به خودا كردووه "گروپه ته‌كفیریه‌كان كۆی ئه‌و ده‌سته و تاقمانه ده‌گرێته‌وه كه ته‌نها خۆیان به موسڵمان و هه‌ڵگری باوه‌ڕ و ئیماندار ده‌زانن و هه‌رچیه‌كیش ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی خۆیان وه‌ك كافر و گومڕا و بێ باوه‌ر حیسابیان بۆ ده‌كه‌ن" .
جێگای خۆیه‌تی لێره‌دا بپرسین كێن ئه‌وانه‌ی جیهادیان به‌رانبه‌ر ده‌كرێت؟ بێگومان به پێی ئیسلامی كلاسیك نا به‌ڵكو به پێی دنیابینی ئه‌م بزووتنه‌وانه, وه‌كو پێشتریش ئاماژه‌مان پێكرد چه‌مكی جیهاد پێناسه نه‌كراوه لای ئه‌م بزووتنه‌وانه چ لای توندره‌وه‌كان و چ لای میانره‌وه‌كان, ئه‌توانین بڵێین جیهاد لای توندره‌وه‌كان زۆرتر به كرده‌وه‌یی و كرداری ده‌رده‌كه‌وێت, به‌ڵام لای میانڕه‌وه‌كان زۆرتر به‌شێوه‌ی فكر و كه‌متر به كرداری ده‌رده‌كه‌وێت, ئه‌گه‌ر لای تووندڕه‌وه‌كان كه‌ره‌سته‌كانی جیهاد چه‌ك و بۆمب بێت ئه‌وا لای میانڕه‌وه‌كان كه‌ره‌سته‌كه‌ی گووتاره, گوتار ئه‌و شێوه چه‌كه‌یه كه تیرۆری فكر و بگره تیرۆری ناو و ناوبانگیشی پێ ده‌كرێت, كه‌واته ئه‌گه‌ر له رێگای پێناسه‌ی چه‌مكی سته‌مكاریه‌وه بڕوانینه گروپه ئیسلامیه سیاسیه‌كان ئه‌وا هه‌موویان پشكدارن له سته‌مكاریدا, پشكدارن چ به تیرۆری فكر و چ به تیرۆری فیزیكی بێت "ئێمه هه‌رچه‌نده هه‌وڵبده‌ین بگه‌ڕێین به دوای چه‌ند به‌ڵگه و پاساوێكدا بۆ جیاكردنه‌وه و جیاوازی له نێوان میانڕه‌و و تووندڕه‌ودا له ناو ئه‌و كۆمه‌ڵه به‌ناو ئیسلامانه‌دا كه‌چی له كۆتایدا ده‌بێت هه‌ر ئه‌و قسانه دووباره بكه‌ینه‌وه به‌ڵام جیاواز, كه ره‌نگه له روكه‌ش و دیمه‌ندا له‌یه‌ك جیا بن به‌ڵام له ناوه‌رۆكدا هه‌ر به‌یه‌ك ده‌گه‌نه‌وه" , ئه‌كرێت لێره‌دا بڵێین هه‌وڵدان بۆ دیاری كردنی دوژمنێكی دیار و ناسراو وه‌ك دوژمنی بزووتنه‌وه ئیسلامیه‌كان كارێكه تێیدا سه‌ركه‌وتوو نابین, چونكه له فه‌زای سیاسه‌تی ئه‌مرۆدا (مۆدێرنه‌دا) دوژمنی ئه‌مرۆ ئه‌گه‌ری بوون به دۆستی سبه‌یی و دۆستی ئه‌مرۆ ئه‌گه‌ری بوون به دوژمنی سبه‌ی هه‌یه, ئه‌م شێوه سیاسه‌ته كارلێكێكی قوڵی له‌گه‌ڵ روحی بزووتنه‌وه ئیسلامیه‌كاندا كردووه, ئه‌مانیش به‌هه‌مان شێوه زه‌حمه‌ته دوژمنه‌كانیان بناسینه‌وه, به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه بڵێین دوژمنه‌كانیان به ره‌هایی نه‌ناسراون به‌ڵكو چه‌ند سه‌ره‌داوێك هه‌یه بۆ ناسینه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی دوژمنه‌كانیان یان نه‌یاره‌كانیان, ئه‌م سه‌ره داوه‌ش له وێوه‌یه كه پۆلێن‌كردن ده‌ست پێده‌كات, كاتێك گوتاری پۆلێنكردنی بزووتنه‌وه‌كان زه‌ق ده‌بێته‌وه به ئاسانی نه‌یاره‌كانیان ده‌ناسرێته‌وه, كاتێكیش ئه‌و گوتاره كز ده‌بێته‌وه ناسینی دۆست و دوژمنیان كارێكی زه‌حمه‌ت ده‌بێت, زۆرجار فزوڵیه‌تی ئه‌وان به شێوه‌یه‌كه كه ته‌واوی هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان پێ هه‌رس ناكرێت و وه‌ك نه‌یار مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن " ئیسلامی سیاسی شه‌رعیه‌تی ئاینی به تووندوتیژی ده‌دات بۆ گه‌شتن به ئامانجه‌كانی, سیاسه‌ت و رێبازی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كاری ئیسلامیش, له‌وانه حوكم رانان به تاغوت و له رێ ده‌رچوو له قه‌ڵه‌م ده‌دات و شه‌ركردنیان به فه‌ریزه ده‌زانێت" هه‌روه‌ها"خیتابی بزووتنه‌وه ئیسلامیكان جۆرێ له شمولیه‌ت و ره‌تكردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و لیبراڵی و ماركسی و خۆبه‌راست دانانی ره‌هایی تێدایه كه له دواین شیكردنه‌وه‌دا په‌ڕگیری و ده‌مارگیری ئسوڵی و ته‌نانه‌ت توندوتیژی و به كه‌م گرتنی فره‌یی لێده‌كه‌وێته‌وه" .سه‌رچاوه‌كان
1. پرسیاری گه‌وجه‌كان له باره‌ی سیاسه‌ت و ئیسلامی سیاسیه‌وه/ ن: شاكر ئه‌لنابلسی/ و: ته‌یب عارف ئه‌بوبه‌كر/ ده‌زگای چاپ و په‌خشی حه‌مدی/ چاپی یه‌كه‌م/ 2006
2. گۆڤاری دۆسیه‌ی ئیسلام/ ژماره 2&3/ سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی كوردستان/2006
3. به‌ناو ئیسلامه‌كان/ ن: د.ره‌فعه‌ت سه‌عید/ و: حه‌سه‌ن عه‌بدولكه‌ریم/ چاپخانه‌ی روون/ چاپی یه‌كه‌م/ 2004
4. سته‌مكاری/ ن: فاروق ره‌فیق/ چاپخانه‌ی ره‌نج/ چاپی یه‌كه‌م/ 2003
5. بیری ئسوڵی ئیسلامی/ ن: فوئاد مه‌جید مسری/ چاپی دووه‌م/ 2005
6. لێكۆلینه‌وه له ئیسلامی سیاسی/ ن: نیاز سه‌عید/ بڵاوكراوه‌كانی مه‌كته‌بی بیر و هۆشیاری (ی.ن.ك)/ چاپی یه‌كه‌م/ 2004
7. سه‌ید قوتب و تیۆری ته‌كفیری كۆمه‌ڵ و ده‌وڵه‌ت/ ن: فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد/ مه‌كته‌بی بیر و هۆشیاری (ی.ن.ك)/ چاپی سێیه‌م/ 2003
8. ئیسلامی سیاسی/ ن: شوان ئه‌حمه‌د/ مه‌كته‌بی بیر و هۆشیاری (ی.ن.ك)/ چاپی سێیه‌م/ 2005
9.بۆچونێك له‌مه‌ڕ به‌سیاسیكردنی ئیسلام/ ن: عه‌لی ره‌زا/ چاپی یه‌كه‌م/ 1999
10. ماڵێكی لێكترازاو و ویژدانێكی بیمار/ ن: فاروق ره‌فیق/ چاپخانه‌ی ره‌نج/ چاپی دووه‌م/ 2002
11. ره‌وتی ئیسلامی له باشوری كوردستان له 1946-1991/ ن: ئیدریس سیوه‌یلی/ چاپخانه‌ی گه‌نج/ چاپی یه‌كه‌م/ 2006
12. بزووتنه‌وه ئیسلامیه‌كان….وشیاریه‌كی ناته‌واو/ ن: سه‌ڵاح عومه‌ر/ چاپی یه‌كه‌م/ 2006