Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
ستیان … فەرهاد چۆمانی

ستیان … فەرهاد چۆمانی

Closed
by August 14, 2012 چیرۆک

 

 

 

بانگی شێوان لەو گۆڕستانەوە دەبیسترا کە بەسەر ئاوەدانیی شارۆچکەکەوە دەیڕوانی، کێلی گۆڕەکان بە دوایین تیشکە نارنجییەکانی خۆر ترسناکانە رووناکییان پێچدەکردەوە، ژنێکی غەمگین سەری کردبووە سەر لاشیپانی کێلی یەکێک لە گۆڕەکان، لەبەر بێخوستی و نەجوڵانەوەی لە سێبەری کێلی مێردەکەی دەکرد، وەکئەوەی هێشتا هەست بە گەرمایی لەشی بکات ئەرخەیان دەبۆرژا و خەریکبوو خەوی لێبکەوێت، ناکاو راچڵەکی و دووراودوور سەیری دیمەنی شاری کرد. چاوی چووە سەر خانووی ماڵەکەی، وەکئەوەی بیەوێ نیگاکانی لەم درەنگانی ئێوارەیەوە هەڵیبگرن و وەک پەرجوویەک بیگەیەننەوە ماڵێ دەیڕوانیی، یەکسەرە خەیاڵی بۆ راڕایی دڵی کچەکەی رۆیشت کە رەنگبێت ئێستا لەسەر ئاگر چاوەڕێی هاتنەوەی دایکی بکات. بەبێ هۆیەکی دیاریکراو و نابەجێش گریمانەی ئەوەی لەگەڵ خۆی یەکاڵا کردەوە کە کچەکەی ئەگەرچی بیست ساڵانە، بەڵام پێدەری لە تەمەنی خۆی کردووە و بە زوویی هەڵیداوە، بەجۆرێک کە دەکرا خەڵکی لەتەک خۆیدا بە هاوسێتەمەنی خۆیی بزانن، بەزوویی ئەم گریمانە نابەجێیەی لە سەری دەرکرد کە پێیوابوو کات و شوێنی ئەم بیرانە نییە.

بە توولەڕێی گۆڕستانەکەدا وەک سێبەر سەرەولێژ بەرەو شار کشا، لە کوچەکاندا بەخێرایی هەنگاوی هەڵدە‌هێنا و بە ترسەوە لە پێچیدەیی کۆڵانەکان وندەبوو، تا گەیشتەوە بەر نیگای پەنجەرەی ماڵەکەیان، لەوێوە ئاهێکی هاتەوە بەر، هەنگاوەکانی ئەهوەن کردنەوە، وەکئەوەی چیتر درەنگ نەبێت بێسرەوت بەملاولادا چاوی دەگێڕا و خۆی بەنگ دەکرد

کچەکەی لەسەر لێواری پەنجەرەی ژوورەکەیەوە دانیشتبوو، کە دایکی لەدەرەوە ڕا نەیبینی بوو.

دایکی پرسی:

– چاو لەڕێم بووی؟

+ بۆ درەنگت بەسەر داهات؟

– خەو بردبوومییەوە

+ منیش لێرە ترس و نیگەرانیی!

بێدەنگ بوون، هەردووکیان تروسکەی بەتەنگەوەبوونیان لە چاوانی یەکترەوە بەدی کرد و بزەیەکیان هاتێ،

تا درەنگانی شەو کچە لەباوەشی دایکیدا سەیری تێلەفزیۆنی دەکرد، جار جارەش بۆ ماچکردنی دایکی پێویستی دەکرد سەری لەسەر سنگی دایکییەوە هەڵبڕێت و ماچێکی بکات و بگەڕێتەوە ناو خەوە نووتەکەکانی ناو باوەشی.

دەمی خەوتن دەهات، دایک دەچووە ژێر باڵی کچەکەی و بەدەم خەوەوە بە نەرمە رەوت دەیبردە سەر جێگاکەی.. بە پەتوو دایدەپۆشی و ماچێکی نەرمی لا ملی دەکرد، دەیبینی بە ماچەکە دەسڵەمێتەوە و ختووکەی دەدات، نەرمەپێ دەچووە دەرەوە.

ئیتر بۆ ئەو لێرەوە شەو دەستی پێدەکرد.. شەوە درێژەکانی بێ هەمدەم، هەموو شتێک خامۆش دەبوو.. هەموو شتێک، جارجارە هەستی بۆ ترپەی دڵی رادەگرت.. نەکا ئەویش خامۆش بووبێت! دەچووە بەر پەنجەرە، سروشتی شەوکردی مانگی گوڵان قەترانیی بوو، هیچ شتێک چێژی شەوانی پێکەوەیی دەگەڵ هاوسەرە کۆچکردووەکەی پێنەدەبەخشی، تاکو خۆیشی نەیدەتوانی ئەوە بکات. خۆی لە هێنانەوەیادی شەوە پڕ ئەوین و دەستبازی و ئامێزانبوون و تێکەڵبوون و بۆنکردنی هەناسەی یەکتری نەبان دەکرد و هەوڵی دەدا خۆی لە یادگارەکانی نەناس بکات، بۆ ئەمەش بیری لە نووسراوەکەی سەر کێلی هاوسەرەکەی دەکردەوە «گیانی بە کارەساتێکی دڵتەزێن سپارد!» بەیاد داهێنانەوەی ئەم کارەساتەی پێخۆشتر بوو لە هەستکردن بە لێرەنەبوونی «ئەو». دەیتوانی هەموو «کارەساتە دڵتەزێنەکە» یاد بخاتەوە، بەڵام بەرگەی یادکردن لە شەوێکی ئامێزانبوون کە ئیتر تێپەڕین و رابوردن ناگرێت.. دەیزانی هەدا نادات، دەچووە بەردەم ئاوێنە و لە خۆی دەڕوانی، رووخساری ژنی ناو ئاوێنەکە لەبەرچاویدا هەمان رووخساری ئەو ژنە بوو کە پێش دە ساڵ لە هاتنە بەردەم ئاوێنە بینیبووی، بەڵام ئەمشەو چیتر لە پشتی ئەو ژنەوە پیاوێکی راکشاوی نێو جێگاکەی بەدی نەدەکرد.. خەمیدە دەبوو، بە نوزەیەک گۆرانییەکی لە ژێر لێوەوە دەگماند، لەوە دەچوو گۆرانییەکە وا پێویست بکات بە دوو کەس بگوترێ ، بەڵام چ کەس هاودەنگی نەبوو. وەکئەوەی سەما لەگەڵ خۆیدا بکات دەستەکانی ئامێزانی ملی خۆی دەکردن و سەری بۆسەر کردنە سەرشانی خۆی لار دەکردەوە، دەیزانی هەرچەندە بکۆشێت بێمفایە، داهێزراو.. بە تەنیاییەکی تاقەتبڕەوە دەچووە ناو جێگاکەی و خەو دەیبردەوە:

دەستێکی نەرمبوو.. لەنێوان بوڵێڵی ئاگایی و خەوەکانیدا بەر جەستەی دەکەوت، دەستێکی ناشنا بوو بەڵام چێژبەخش، هێندی لەخەودا بوو: خۆی دەبینی لە ژێر درەختی سەر بەرزاییەک کە لێیەوە شنەی شەماڵەبایەک هەڵیدەکرد.. شەماڵەبای پێش بارانێکی بەنمە، هەستی بە هەڵکردنی ”با” دەکرد و لەسەر جەستەی ئەو دەبووە قژی ژنێک و بەسەر جەستەیەوە پەخشان دەبووەوە.. ئەو خۆی بۆ دڵۆپەکان هەڵدەخست، چێژی لەدڵۆپەکان دەبینی لەودەمەی تازە دەستیان بە بارین دەکرد و بەرسک و سینە و گۆناکانی دەکەوتن، وەکئەوەی هەزارەها پەنجەی سەرشێت بن و جەستەی ئەویش پیانۆیەکی خوداکرد بێت لە دەمی ژەنینی لەشی بە دڵۆپەکان نوزەی ئاهێکی تێکەڵ بە هەناسەبڕكێکانیی دەبوو، هێدی هێدی هەموو لەشی شەڵاڵ دەبوو لە باران، نیگای گەڵای درەختەکەی دەکرد و وەکئەوەی دەمیان ئاوبکات.. دڵۆپەڕێژ دەبوون. هێندیش کە لە ئاگایی دابوو: پەی بەدەستێکی نەرم دەبرد کە گرێی پۆشەنییەکەی دەترازان.. و چنگی لە سنگی دەگرت، هەناسە گەرمەکانی بۆیان دەدا.. کەمکەمە رووتی دەکردەوە و رایدەمووسی، سەرتاپێی لەشی ماچدەکرد و زمانی بە نەرمایی گوێیەکانی دادەهێنا.. ئەو نیوە بەئاگایەی لەشی گوێی لە نوزەی ئاهێک بوو کە تێکەڵ بە هەناسە بڕکێکانی بووبوو، هەمووشتێک ناکاو دەچوونەوە دۆخی بێدەنگیی و شەو خامۆش دەبوو..

سپێدەکانی مانگی گوڵان پڕبووبوون لە راڕایی، شەونم گوڵەکانی سەر لێواری پەنجەرەی ژوورەکەی شەڵاڵ دەکرد، هەموو سپێدەیەکیش جەستەی خۆی لە جەستەی گوڵانی دەکرد شەڵاڵ لە ئاونگ و شەونمی بەرەبەیان، لە بینینی گوڵەکانەوە لەژێر لێوەوە دەیچپاند؛ دەبێ کێبێت؟ دەیپرسی بەبێئەوەی نیازی بە وڵامێک هەبێت! سەراسیما لەتەڕی جەستەی ئاونگینی خۆی رادەما و بەدحاڵی زارەترک دەبوو، لەسەر کورسی پشت مێزەکە دادەنیشت و دەچووەوە ناوخۆی؛ دەبێ کێبێت؟ ئەوە ئەو پرسیارە بوو لەخۆی دەکرد و هەرگیز نەشیدەویست وڵامەکەیی بزانێت.

چوارشەممەکان بەدوای یەکتریدا دەهاتن، هەموو جارێکیش درەنگانی بەسەر دادەهات، لەرێگا وەکئەوەی هەموو دونیا راوی بنێ رەوی تێکەوتبوو، لەونیگا برسیانەی سڵدەکردەوە کە خۆیان لەناو تاریکیدا مەڵاس دابوو، یان ئەو وایهەست دەکرد. دەچووەوە ماڵ.. دیسان شەو دەهاتەوە و بەیانان لە شەبەیخونی سەرجەستەی بێدار دەبووەوە.

ئەو شەوەی ژنە بڕیاریدا وڵامی پرسارەکەی ناو سەری دەردەست بخات تەنها دەنگی بەندۆڵی کاژێرەکە دەبیسترا.. کە بەپێی ئەو جارانەی زەنگی لێدەدایەوە شیمانەی دەکرد ئەو زەنگەی ئێستا بیستی کاژێر سێ نیشان بدات، خامۆش و بێخوست لەنێو جێگاکەیدا راکشابوو، خشپەیەک دڵی سڕکی ژنەکەی داچڵەکاند، دواتر دەنگی کیلۆنی دەرگا بیسترا، دەنگی چپەی پێ، و بێدەنگییەکی ساتیی، دەنگی کیلۆنی دەرگایەکیتریش، نزیکتر گوێی لە هەناسەدانی کەسێک دەبوو، هێشتا نزیکتر ترپەکانی دڵی دەبیست، دەستێکی نەرم بەر قۆڵەکانی دەکەوت، پەتووەکەی سەری وەلا دەدا، هەستی بە قوڕسایی لەشی دەکرد کە ئامێزانیی دەبوو، ماچە تەڕەکانی سەراپای جەستەی دەتەنی، لەوەی دەکرد لە خەوێکی موگناتیسی رۆبرابێت، پێڵووەکانی گران ببوون، هەوەسی ئەوەی هەبوو ئەمیش دەستی بەر جەستەی ببات، بەدەم خەوێکی نیوە بێدارەوە رایدەموسی، پەی بە بارستی جەستەی ئەو دەستە ناشنایە دەبرد.. گوێیەکانی پڕدەبوون لە نووزەیەکی ژنانە.. بەڵام وا گومانی دەبرد دەنگدانەوەی نووزەکانی خۆی بێت!

بەیان ئەنگووت، گوێی لە دەنگی هەناسەکانی دەبوو کە دوور دەکەوتەوە.. دوورتر دەنگی کیلۆنی دەرگا… چپەی پێڕۆیشتنێکی بێخوست، کیلۆنی دەرگایەکی تر و خامۆشبوونەوەی هەموو دەنگەکان.

بێدار دەبووە وە جەستەی ئاوێزانی شەونمیی بەیانیی چوارشەممەیەکی تر بووبوو، هێند بەیانیانی چوارشەممە بێدارببوەوە و پەی بە تێکەڵبوونێکی پەرجووئاسای شەوانەی بردبوو کە چیتر هەموو شتێک ئاسایی ببوەوە..دەیزانی شەڵاڵ لە شەونمی ماچەکان بێدار دەبێتەوە و دەچێتە بەردەم ئیجانەی گوڵەکان و لەخۆی دەپرسێتەوە دەبێ کێبێت؟ دەیزانی وەک هەر رۆژ خۆی بۆ تیشکی خۆر هەڵدەخات و لێدەگەڕێ تیشکی خۆر کزری بکاتەوە .. هەر واشبوو ئەم بەیانییەش هەروا ئاسایی وەک هەمووو بەیانیانی چوارشەممان هەموو شتێک لە شوێنی خۆی گوزەرا .. ئەوە نەبێت کە ئەم بەیانییە ستیانێکی گوڵگوڵینی مەخمەڵی بەسەر یەکێک لە ئینجانەی گوڵەکانەوە بەجێمابوو.

 

WE 02032011

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.