Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
سروشتی دەسەڵات لەهەرێمی كوردستاندا، سروشتی ئیسلامی سیاسیە

سروشتی دەسەڵات لەهەرێمی كوردستاندا، سروشتی ئیسلامی سیاسیە

Closed
by June 3, 2008 گشتی

  هەندرێن ئەحمەد……

 لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ململانێی هێزە عەلمانی و دیوكراسیخواز وچەپەكان لەگەل ئیسلامی سیاسیدا، شێوەیەك لەململانێی بوو لەسەر سەرخستنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بێ هیچ دەستتێوەردانێكی دەرەكی وبەتایبەتیش هەرێمایەتی لەكاروبار و شێوازی بەڕێوەبردن و یاسادانان، كەلایەنی یەكەم دەیخواست وكاری بۆ دەكرد،نەك وەك ئیسلامی سیاسی دەیویست و ئێستاش دەیەوێ پرسی نیشتمانی و گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و شارستانیەت بە ئیخوان و ئەمارەتە ئیسلامییە ناوچەو جیهان ببەستێتەوە.
 هەرچەندە،ئەم سروشتی ململانێیە لەتەواوی ساڵانی رابردوودا بەجۆرێك لەجۆرەكان پێكداهەڵشاخانی مەدەنیخوازو موحافیزكارەكانی لێكەوتەوە ،بەڵام وەك ئێستا ئاكارێكی رۆشنی نەبوو.
 تابلۆی سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا، وانیشاندەدا كە هێزی عەلمانی و مەدەنی و دیموكراسیخواز لە دەستەی دەسەڵاتدان و هێزە ئیسلامیەكان لە پاشكۆی دەسەڵات.بەڵام لە ناوەرۆكدا،بەپێوەری سیستەم و شێوازی حوكم و هەندێك دامەزراوەی وەك مەكتەبە كۆمەڵایەتی و سولحی عەشایری و كردنەوەی دیوەخان و بۆ راوێژكردنیش دەستدرێژكردن بۆ مەلا و ناوەندی ئاینی، پێناسی دەسەڵاتی سیاسی ویاسایی لەو هەرێمەدا بەلای ئیسلامی سیاسیدا شكاندوێتیەوە، ئەوەش مانای ئەوەنیە كەململانێكە لێرە كۆتایی دێـت.چونكە ململانێكە دوالیزمیە ،لەنێوخودی بەرەی دەسەڵاتدار و لەگەلأ دەرەوەی دەسەڵاتدار ئەوانەی بەهێزی ئیسلامی سیاسی دەناسرێن بەهەموو باڵەكانیەوە ،بەردەوامی هەیە.
 فەلەسەفەی دەسەڵات لەهەرێمی كوردستاندا،خۆی بەمەدەنی و هەنگاوناو بۆ دەوڵەتی دامەزراوەیی ودیموكراسیخواز پێناسەدەكات،بەڵام لەمامەڵەی سیاسەتی حوكمی رۆژانەی خۆیدا، ئەوەندە هاوشێوەی میرنشین و دەوڵەتۆكەكانی كەنداوە بەوهەندەیەش بەدوو روو كاردەكات،لایەك بۆ دەرەوە جیهانی دەرەوە ،لایەكەی دیكەش بۆ ناوەوەیە كە كێبڕكێ لەگەڵ هێزە ئیسلامیەكانە بۆ سەلماندی كێ لەكێ ئیسلامترە.
 ئەگەر میرنشینەكانی كەنداو لەزۆر رووداودا دەستیان بەپشتی بزووتنەوەی سەلەفیەوە گرتووە و لەوێوە شەرعیەتی مانەوەی دەسەڵات وحوكمڕانی نوێدەكەنەوە, لەلای ئێمەش، ئەگەر یەكجار بەشێوەیەش نەبێت، بەڵام تێكڵاوەیەكمان لە نێوان بەهیوای بەمەدەنی بوون بەدیوێك و  دەستبەرنەدان لە ئسوڵی حوكمی ئیسلامی وەك دیدو عورفێكی خێڵەكی بەدیوێكی دیكەوە دروستكردوە و بەردەوامی بە پێناسێكی ئیسلامیی وەك شێوەیەك لە ئەمارەتی ئیسلامی لەهەرێمی كوردستاندا، دەدەین.
 بزووتنەوەی مەدەنی بوون چاڵاكی جۆراوجۆر دەكات، بەڵام بەر لەوەی بگاتە ئەنجام دەبێت بەژێر رەحمەتی ئیسلامی سیاسیدا تێپەڕێت ،كە رێڕەوی ململانێیەكەی بەئاقارێكی قورسدابردووە.
 سروشتی حوكمداری ئێستا لەهەمووكات زیاتر  بەرەو لای ئیسلامی چووە، بێگومان ئەوەش شتێكی خۆ رسك نیە،بەڵكو گەڕانەوەی ئەو هێزانەیە كە ئیدعای مەدەنی بوون دەكەن بۆ حەقیقەتو سروشتی پێگە ئابوری و كۆمەڵایەتییەكەیان لەلایەك و لەلایەكی دیكەشدا فەرزبوونی چین وتوێژەكانی كۆمەڵگایە و دەسپێكی ململانێی نێوانیانە.
 لەم رۆژانەی دواییدا، چەند بەڕێزێك بەناوی زانایانی ئاینی و ئەوانەی لەسەر ئەو پیشەیە دەژمێردرێن و ئاراستەی ئیسلامی سیاسشیان پێوە دیارە، بیرخەرەوەیەكیان ئاراستەی بەرپرسانی كوردستان كرد، بۆئەوەی سانسۆر بخرێتە سەر رەوڕەوەی رۆشنبیری ومەدەنیەت ، هەرچەندە ئەوە دەستەیە ئیمزایان كردوە ئەگەر لە هێزە ئیسلامیەكانیش بن، ئەوە مافی خۆیانە كەلەچوارچێوەی رێگای ئاشتیانەدا كار بۆ فرەوانكردنی پانتایی سەپاندنی فیكری ئیسلامی بەسەر كایەكانی كۆمەڵگا بكەن.بەڵام كارەساتەكە لەوەدایە كە ئەمجارە، بەبڕیاری سەرۆكی هەرێم لیژنەیەك پێكهات بۆ قسەوباسكردن لەسەر ئەومەسەلەیە و هەندێك لە ئەندامانی لیژنەكەش لەمەلیك مەلیكترن بۆ سانسۆرخستنە سەر هەركتێب وچاڵاكیەكی رۆشنبیری ومەدەنی ورۆژنامەوانی ، وئیسلامی سیاسیش هەنگاوێكی زۆر چووە پێشەوەو چاوەڕێی هەنگاوی دیكەشیان لێدەكرێت.
 لەبەرامبەردا،هێزی مەدەنیخواز و شارستانیخواز لەوەها بارێكدا نیە،هاندەری هەبێَت بۆ بەرپەچدانەوەی ئەو هەنگاوەی ئیسلامی سیاسی، چونكە رۆشنبیرانی بەرەی دەسەڵاتدار، لەدەستەی بڕیارنین تابتوان بەرەنگاری موحافیزكارانی ناوحزبەكانیان ببنەوەو بەم شێوەیەش بەرەی گشتی رۆشنبران لاوازدەبێت.
 ئەو كاروانە درێژەی هەیەو ململانێكە لێرەدا كۆتایی پێنایەت،بەڵام بارەكە گرانتر بووە ولێكگەیشتنیش كەمتر دەبێتەوە و هەناسەكانیش بەرتەسكتر.چونكە ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا ،بیەوێ بیسەلمێنێ لە ئیسلامیە سیاسەكان ، ئیسلامیترە,ئەوا جگە لە تیركردنی قوڕەكە زیاتر بەدەستناهێت،چونكە خۆی دەبێتە فاكتەر و ئەرزیەتی گونجاو بۆ گەشەی زیاتری ئیسلامی سیاسی و پاشەكشەپێكردنی هەرچی ئاكاری دیموكراسیخوازانەی ئەو هەرێمەیە كە كۆششی زۆری لەپێناوداكراوە بۆئەوەی بنەمایەكی ئەگەر سەرەتایش بێت بۆ دابمەزرێنرێت و لەبەرژەوەندی نەوەیەكی ئایندە تەندروست هۆشیار. 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.