سروودەکانی بەرد … کەژال عەلی
کێ ئەو بەردانە دەخاتە رستەوە:
سەریان تاتەشۆڕی مەرگ
بنیان بەردە نوێژی غەدر،
چاویان چڵە نیگای چاو شۆڕ،
دڵیان کەشکەلانی بەفر.
هێشتا پۆتەڵاکیان تۆزاوی بەشكست،
بن باڵیان سیخناخ لەبۆگەن،
بۆگەنی حەقیقەت.
ئەستێرکی چەنە و نێو چاویان پڕ لەبارانی خوێن،
پڕ لەسەردوولکەی خیانەت.
ئەوان بەردان
تازە لەنەبەردەکان گەڕابوونەوە.
خەون و قارەمانێتییان دابوو بە نەڕەی دۆڕاندا،
مشتێك ئەستێرە و ئارمی درشت،
بە شان و بەرۆکیانەوە بریقە بریق.
بە یەك جار
یەك دەنگ تر لە یەکڕیزی کورد،
لە یەکپارچەیی ماڵی کورد،
لەدیواری کوردایەتی ڕاوەستاو تر
بەرائەتی گوڵ و
تیواری پەپوولەو
شەفافییەتی باخچەیان،
نایە ژێر داڕمانیان و
بریسکەو بەرموورەی دووعایان بردە حەوت تەبەقەی غەدر.
تەنانەت بەردووچکەی هەڵوێستێك،
.*لە کەناری دالووبەوە* خلۆر نەبۆوە *خڕی مافی مرۆڤ*
برووسکەی هەواڵێك
لە *داستانی خواکورکەوە. *
نەیدا لە شەقەی دەنگوباس.
وشەیەك لەمینبەرێکەوە مانی نەگرت،
هۆڵێك کۆڕێکی ماتەمی نەگێڕا،
ویژدانێك نەڕژایە سەر جادە ،
داوایەك نەگەیشتە سەر مێزی دادوەرێك،
هیچم نەدی
هیچم نەبیست
بە تەنیا سروودی بەرد نەبێ
بەردەکانی سەردەمی بەرد
بەردەکانی ڕەجم
بەردەکانی بەردباران.
کەژال عەلی
سویسڕا