Skip to Content

Saturday, December 5th, 2020

سزا و داخستنی رۆژ تیڤی پێشێلکردنی ئازادی ده‌ربڕینه

Be First!
by January 26, 2012 گشتی

رۆژتیڤی Roj TV  بۆ کوردانی باکوری کوردساتان له‌ ده‌دره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی کوردستاندا که‌ناڵێکی زۆر گرنگه. رۆژتیڤی که‌ درێژه‌پێده‌ری مه‌دتیڤییه‌ وه‌کو یه‌که‌م که‌ناڵی کوردی ئاسمانی توانی بگاته‌ ناو ماڵه‌کانی کوردستان. ده‌نگێکی کوردی ئازادیخوازی جیا له‌ دید و گێرانه‌وه‌ تورکیه‌کان بوو، سنوره‌ سه‌پێندراوه‌کانی بڕی و هه‌موو ئه‌و تابوانه‌ی شکاند که‌ که‌مالیزم به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له‌ کوردستانی بنده‌ستی تورکیادا سه‌پاندبووی. تورکیا هه‌موو رێگه‌یه‌کی بۆ داخستنی ئه‌و که‌ناڵه‌ ئازادیخوازه‌ کوردییه‌ له‌ رۆژی یه‌که‌مه‌وه‌ گرتۆته‌به‌ر، بۆیه‌ مه‌دتیڤی و دواتر رۆژتیڤی له‌ ململانێیه‌کی سه‌ختی مانه‌وه‌ دابووین.
پێویسته‌ ئه‌وه‌ بیربخه‌ینه‌وه‌ که‌ دانانی پ.ک.ک وه‌کو رێکخراوێکی تیرۆریست و بوونی له‌ لیستی رێکخراوه‌ تیرۆریسته‌کانی ئه‌روپا و ئه‌مه‌ریکادا رێگه‌خۆشکه‌رن بۆ تووندکردنی گه‌مارۆکانی سه‌ر جموجۆڵ و چاڵاکیه‌کانی ئه‌و پارته‌ له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکادا. به‌مجۆره‌ له‌ هه‌موو بواره‌کانه‌وه بۆ تورکیا ‌ له‌ هه‌وڵه‌کانیدا دژی پ.ک.ک هاوکاریه‌کی گه‌وره‌یه. هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌وه‌ تورکیا هه‌وڵی داخستنی رۆژتیڤی ده‌دات.  دیاره‌ تورکیا له‌ژێرناوی شه‌ڕ دژی تیرۆیزم پێشێلی مافه‌کانی مرۆڤ ده‌کات و له‌ پیشێلکاریه‌کانیدا دژی ده‌نگه‌ ئازاده‌کانی کورد به‌رده‌وه‌امه‌.
دوا هه‌وڵه‌کانی تورکیا داوای دادگایی بووه‌ دژی ئه‌و که‌ناڵه‌ له‌ وڵاتی دانیمارک له‌ ساڵی 2004 ـه‌وه‌ ده‌ستی پێکردووه‌. هه‌روه‌کو دانیمارک مۆڵه‌تی په‌خشکردنی ئه‌و که‌ناڵه‌ی داوه و له‌ دانیمارکه‌وه‌ په‌خش ده‌کرێت‌. له‌ دانیمارک به‌پێی کانونی تیرۆری دانیمارک هه‌ر رێکخراوێک یا که‌سێک به‌شیوه‌یه‌ک له‌ شیوه‌کان پشتگیری و هاوکاری رێکخراوێکی تیرۆریست بکات سزای له‌سه‌ره‌. تورکیا له‌ سکاڵاکه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ رۆژتیڤی له‌لایه‌ن پ.ک.ک ه‌وه‌ خه‌رجی ده‌درێت، وه‌ ئه‌و ته‌له‌ڤیزۆینه‌ زمانحاڵی پ.ک.ک ـه‌یه‌.
له‌ ساڵی 2005 به‌دواوه‌ سکاڵای تورکیا له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی کانونی به‌شی رادیۆی دانیمارکی 3 جار سه‌یری کرا، هه‌رسێجار سکاڵاکه‌ی تورکیا ره‌تکراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌کو ئه‌وان هیچ شتێکی نائاساییان له‌په‌خشی رۆژتیڤیدا نه‌دۆزیه‌وه‌. گوشاری تورکیا رامیاری و دادوه‌ری بوو. تورکیا له‌لایه‌ک له‌ رێگه‌ی دادگاوه‌ له‌لایه‌ک له‌ڕێگه‌ی گوشاری رامیاریه‌وه‌ بۆسه‌ر ده‌سه‌لاتی دانیمارک هه‌وڵی داوه‌. کاتێ سه‌رۆکی دانیمارک ئاناس فۆ ڕاسمۆسنAnders Fogh Rasmussens  خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆکی ناتۆ کاندیدکرد، تورکیا به‌لینیدا که‌ پشتگیری ئه‌و بکات ئه‌گه‌ر رۆژتیڤی دابخات یا بداته‌ دادگا (به‌پێی رۆژنامه‌ی پۆلیتیکن). ئاناس فۆ بوو به‌ سه‌رۆکی ناتۆ له‌ ساڵی 2010 بۆ یه‌که‌مجار سه‌ردانی دانیمارکی وه‌کو سه‌رۆکی ناتۆ کرد، له‌و رۆژه‌دا که‌یسی دادگایی رۆژتیڤی درایه‌ دادگای کۆپنهاگن!
دادگای شاری کۆپنهاگن که‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی نێوان رۆژتیڤی و پ.ک.ک ـه‌ی ده‌کۆڵیه‌وه‌ له‌ رۆژی 10ی ژانیوه‌ری 2012 دا سزای 2،6 میلیۆن کرۆنی به‌سه‌ر هه‌ردوو کۆمپانیان رۆژتیڤی و میزۆپۆتامیا که‌ له‌پشتی رۆژتیڤیدان سه‌پاند به‌ تاوانی ئه‌وه‌ی که‌ رۆژتیڤی پشتگیری پارتی کرێکارانی تورکیا (پ.ک.ک) کردووه‌ و لایه‌نگیر و بێڕه‌خنه‌ په‌یامه‌کانی پ.ک.ک ی په‌خش کردووه‌. هه‌روه‌ها رۆژ تیڤی له‌لایه‌ن پ.ک.ک ـه‌وه‌ خه‌رجی ده‌کرێت. به‌ڵام گوتی رۆژتیڤی ده‌توانێ به‌رده‌وامی به‌ په‌خشه‌که‌ی بدات، چونکه‌ په‌ره‌گرافی 79 دادگا هیچ کانونێکی له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌به‌رده‌ستا نییه‌ که‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ مۆله‌تی په‌خشکردن له‌ رۆژتیڤی بستێنێته‌وه‌. ده‌سته‌ی کانونی رادیۆ ده‌توانن ئه‌و بڕیاره‌ بده‌ن. ده‌سته‌ی کانونی رادیۆ کاری به‌ کانونی تیرۆر نییه‌ و ئه‌و ده‌سته‌یه‌ ته‌نها له‌به‌رنامه‌کانی که‌ناڵه‌که‌ له‌به‌ر رۆشنایی کانون و پره‌نسیپه‌کانی میدیا ده‌کۆڵێته‌وه‌. چه‌ند رۆژ دواتر ده‌سته‌ی کانونی رادیۆ رایگه‌یاند که‌ رۆژتیڤی ده‌توانێ تا شه‌ش مانگی دی درێژه‌ به‌ په‌خشی خۆی بدات.
سه‌ته‌لیتفرۆشی فه‌ره‌نسی ئیوته‌لسات  Eutelsat بڕیاری داوه‌ رۆژتیڤی له‌لیسته‌که‌ی ره‌شکاته‌وه و په‌خشه‌که‌ بوه‌ستینێ، به‌لام ئاماژه‌ی به‌وه‌ نه‌کردووه‌ که‌ی ئه‌وه‌ رووده‌دات. گوایه‌ له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ک له‌ که‌یسه‌که‌ وه‌کو به‌شدار له‌ چاڵاکی تیرۆریستی تۆمه‌تبار ‌بکرێت و به‌ به‌رپرسیار ‌بزاندرێت.
بڕیاره‌که‌‌ی دادگا کاردانه‌وه‌ی له‌هه‌ردوو به‌ره‌‌ی لایه‌نگر و دژ له‌ دانیمارک و ده‌ره‌وه‌دا هێنایه‌ ئاراوه‌. تورکیا و لایه‌نی دیکه‌ که‌ له‌به‌ره‌ی دژی رۆژتیڤی دان  به‌وه‌ ناڕازی بوون و داوای داخستنی راسته‌خۆی که‌ناڵه‌که‌ ده‌که‌ن.  به‌ره‌که‌ی دیکه‌ ره‌خنه‌ی تووند له‌ بڕیاره‌که‌ی داداگا ده‌گرن وه‌کو لایه‌نگیر و دژ به‌ پره‌نسیپه‌کانی مافی مرۆڤ و پره‌سیپه‌کانی راگه‌یاندن سه‌یری ده‌که‌ن.
پارێزه‌ری به‌رگریکار بیۆن ئلیمکویست Bjørn Elmquist ده‌ڵێ “دادگا زۆربه‌ی داواکانی پێشکه‌شکردنی به‌ڵگه‌ و گه‌واهیده‌رانی ئێمه‌ی ره‌تکرده‌وه‌. من ئه‌وه‌م هه‌رگیز پێشتر نه‌بینیووه‌.” پارێزه‌ری رۆژتیڤی سکالای له‌ بڕیاره‌که‌ کرد و له‌ دادگای وڵات سه‌یری که‌یسه‌که‌ ده‌کرێته‌وه‌.‎‎
ئه‌ندامی پارله‌مانی ئه‌وروپا سۆوه‌ن سونه‌گۆرد  Søren Søndergaard پێیوایه‌، بڕیاری دادگا لایه‌نگیره‌ و هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ زۆر ئیلیمێنت هه‌ن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن، بۆیه‌ بڕیاره‌که‌ پیشوه‌خت دراوه‌. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ هه‌مان ئه‌و سه‌رچاوانه‌ به‌کارهاتوون که‌ ده‌سته‌ی کانونی رادیۆ پێشتر سه‌یری کردوون و ‌ نه‌یبینیووه‌ که‌ که‌نالی رۆژتیڤی ریکلامه‌ و پروپاگه‌نده‌ بۆ پ.ک.ک بکات.
سه‌رۆکی یه‌کێتی ژۆرنالیستان مۆنس بیاگۆرد Mogens Blicher Bjerregård  پێوایه‌ بڕیاره‌که‌ زۆرتوونده‌،  هیواداره‌ که‌ دادگای شاره‌وانی بنچینه‌یه‌کی گونجاوی بۆ بڕیاره‌که‌ی هه‌بێت، داوا ده‌کات که‌ سکالا له‌سه‌ر بڕیاره‌که‌ تۆمار بکرێت و بدرێته‌ دادگای وڵات. 
په‌نێله‌ سکیپه‌ر Pernille Skipper ئه‌ندامی پارله‌مان له‌سه‌ر لیستی هاوبه‌ش (چه‌پ)، پێوایه‌ ئه‌ بڕیاره‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات که‌ کانونی تیرۆری دانیمارکی دژی ئازادی ده‌ربڕینه‌، به‌مجۆره‌ بۆ ته‌له‌ڤزیۆن و که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن زۆرسه‌خت ده‌بێت که‌ راپۆرت و هه‌واڵ له‌سه‌رکێشه‌کانی جیهان بگه‌یه‌نن.
کانونناس له‌ بواری میدیا ئۆلاف یۆرگنسن  Oluf Jørgensen پێیوایه‌ دادگاییه‌که‌ به‌سه‌ر کانون و پره‌نسییپه‌کانی میدیا و ئازادی ده‌ربڕیندا بازی داوه‌. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی کردووه‌ چونکه‌ که‌یسه‌که‌ په‌یوه‌ندی به‌ کانونی  تیرۆره‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌وه‌ راگه‌یاندێکی دیاره‌، که‌ ئه‌و پێیوایه‌ له‌ دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپا سه‌رناگرێ، ئه‌گه‌ر که‌یسه‌که‌ بگاته‌ ئه‌وێ.
رۆژتیڤی له‌ په‌خشه‌کانیدا ئاماژه‌ی به‌ بۆچوون و لێکدانه‌وه‌کانی پ.ک.ک ی کردووه، دیدی رۆژتیڤی دیدێکه‌ گرنگی به‌ لایه‌نی کوردی له‌ په‌خشه‌کانیدا ده‌دات. هه‌روه‌ها  په‌خشی رووداوه‌کانی ناو تورکیا وه‌کو هه‌واڵ ده‌کات و  گرنگی به‌و هه‌واڵانه‌ ده‌درێت که‌ پێشێلکاری رژێمی تورکیا پیشان ده‌ده‌ن یا که‌موکوریه‌کانی تورکیا له‌ بواری جیاجیاوه‌ پیشان ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ ریپۆرتاژ و به‌رنامه‌ که‌لتوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و رامیاریه‌کان.  به‌مجۆره‌ رۆژتیڤی دید و لێکدانه‌وه‌ی لایه‌نی کوردی له‌ دیدی جیاوازی کوردیه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌تایبه‌تی کێشه‌ی کوردله‌ تورکیا و پێشێلکاریه‌کانی مافی مرۆڤ له‌ تورکیا ده‌گه‌یه‌نێته‌ بینه‌رانی کورد. ‌ ئه‌وه‌ی رۆژتیڤی کردوویه‌تی له‌ پره‌نسیپه‌کانی میدیای ئازاد به‌ شێوه‌ رۆژهه‌ڵاتیه‌که‌ی ده‌رناچێت، په‌خشه‌که‌ یه‌کلایه‌نه‌یه‌ و له‌ په‌خشه‌کانیدا دیدی و لێکدانه‌وه راسته‌وخۆکانی ده‌سه‌لاتدارانی تورکیا بزرن، ئه‌وه‌ش له‌ده‌ستی رۆژتیڤیدا نییه‌، چونکه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا ئه‌و ده‌رگه‌یه‌یان به‌رووی رۆژتیڤیدا داخستووه‌. هه‌روه‌کو که‌ناڵه‌ تورکیه‌کان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ ده‌سه‌لاتن یه‌کلایه‌نه‌ن، ئاماده‌نین بێن دید و لێکدانه‌وه‌کانی کورده‌ ئازادیخوازه‌کان به‌گشتی و به‌رپرسانی پ.ک.ک به‌تایبه‌تی بڵاوبکه‌نه‌وه‌.
که‌ناڵه‌ ئه‌وروپیه‌کان چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئیسلامیستی تووندره‌و ده‌که‌ن و په‌خشی بیروباوه‌ریان ده‌که‌ن، رۆژتیڤی وه‌کو ئه‌وان ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌. که‌ناڵی عه‌ره‌بی وه‌کو بۆنمونه‌ جه‌زیره‌ و زۆری دیکه‌ هه‌ن ئاماژه‌ به‌ دید و لێکدانه‌وه‌ی ئیسلامیسته‌ تووندره‌وه‌کان ده‌که‌ن، له‌دیدێکی ناسیونالیستانه‌ی عه‌ره‌بیه‌وه‌ سه‌یری رووداوه‌کان ده‌که‌ن، گه‌لێجار به‌رنامه‌ و هه‌واڵیان یه‌کلایه‌نه‌یه‌، گرنگی به‌ گوتن و بۆچوونی لایه‌نێکی کێشه‌یه‌ک ده‌درێت.  واته‌ بابه‌ت به‌ ته‌واوی و له‌ هه‌موودیده‌ په‌یوه‌ستداره‌کانه‌وه‌ تیشکی ناخرێته‌سه‌ر. ئه‌وه‌ی رۆژتیڤی کردوویه‌تی له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌خولێته‌وه‌.
له‌لایه‌کیتر که‌ناڵێک که‌ کێشه‌ و مه‌ینه‌تیه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌سته‌ بگه‌یه‌نێت، بێگومان له‌ژێرکاریگه‌ری بۆچوون و دیدێکی ئازادیخاوازانه‌دا ده‌بێت و گرنگی سه‌ره‌کی به‌ گوتن و لێکدانه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌ ئازادیخوازه‌که‌ ده‌درێت، ئه‌وه‌ بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌سته‌ ئه‌وهایه‌. ‌‌ رۆژتیڤی که‌ هه‌وڵ ده‌دات ده‌نگی کپکراوی کوردی له‌ کێشه‌کاندا سه‌باره‌ت به‌ نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته‌ی کوردی بگه‌یه‌نێت، ئه‌و مۆرکه‌ی پێوه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش تایبه‌تمه‌ندیه‌کی دیکه‌یه‌ که‌ رۆژتیڤی هه‌یه‌تی. بۆیه‌ هه‌رلایه‌ن و ده‌زگایه‌ک بیه‌وێ سه‌یری بێلایه‌نی رۆژتیڤی بکات ناچارن به‌ وریایی زۆره‌وه‌ سه‌یری ئه‌و که‌یسه‌ بکه‌ن. نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ باکوری کوردستان جگه‌ له‌ رۆژتیڤی که‌ناڵێکی دیکه‌ی نییه‌ شه‌وو رۆژ له‌سه‌ر پرسیاره‌ گرنگه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له‌ باکور بوه‌ستێ، گوتن و خوێندنه‌وه‌ به‌ بینه‌رانی بگه‌یه‌نێت.
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خاوه‌نی به‌سه‌دان که‌ناڵی ئاسمانین، ره‌نگه‌ له‌ ناو هه‌موو ئه‌و که‌ناڵانه‌دا ئه‌وانه‌ی که‌ بێلایه‌ن و به‌رفراوانی هه‌واڵ و لێکدانه‌وه‌کان بڵاوده‌که‌نه‌وه‌‌ ژماره‌یان له‌ده‌رزه‌نێک تێنه‌په‌ڕن. ئایا ئه‌گه‌ر تورکیا که‌ ئه‌ندامی ناتۆیه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌ پشتگیری ته‌واوی له‌دژی رۆژتیڤیدا ده‌کرێت لایه‌نێکی که‌یسه‌که‌ نه‌بان، هه‌رگیز رۆژئاوا پرسیاری به‌رامبه‌ر به‌ په‌خشی رۆژتیڤی داده‌نا؟
بۆیه‌ تاوانبارکردنی رۆژتیڤی له‌به‌ر ئاماژه‌کردنه‌ دووباره‌ و زۆره‌کانی دید و لێکدانه‌وه‌ی پ.ک.ک  و به‌مجۆره‌سه‌یرکردنی وه‌کو زمانحاڵی پ.ک.ک پێشێلکردنی ئازادی گوتن و بۆچوونی لایه‌نێکی گرنگی کێشه‌ی کورده‌ له‌ تورکیا.
ده‌سته‌ی کانونی رادیۆ ئێستا وه‌کو بڵێی چوونه‌ته‌ ژێر گوشاری بڕیاره‌که‌ی دادگا و مه‌به‌ستی هه‌یه‌ مۆڵه‌تی په‌خش له‌ رۆژتیڤی بستێنێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌وان پێشتر له‌ سێ هه‌ڵسه‌نگاندن و بڕیاری جیاوازدا کێشه‌یه‌کیان له‌ په‌خشه‌کانی رۆژتیڤیدا به‌دی نه‌کرد. هه‌لسه‌نگانده‌که‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی هه‌مان ئه‌و زانیاریانه‌ بووه‌ که‌ پێشتر به‌کار هاتوون. ئه‌گه‌ر دادگا له‌ په‌یوه‌ندی نێوان پ.ک.ک و رۆژتیڤی کۆڵیوه‌ته‌وه‌ و له‌م روانگه‌یه‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ ئه‌و بڕیاره‌، ئه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ به‌پێی کانونێکه‌ که‌ ده‌سته‌ی کانونی ڕادیۆ گرنگی پێنادات. به‌واتایه‌کیتر ده‌سته‌ی کانونی په‌یوه‌ندی به‌وه‌ نییه‌ کێ خه‌رجی که‌ناڵه‌که‌ ده‌دات، ئه‌و ته‌نها سه‌یری په‌خشکردنی که‌ناڵه‌که‌ له‌ به‌ر رۆشنایی کانون و پره‌نسیپه‌کانی میدیای ئازاددا ده‌کات. ئه‌وه‌ گوتنی ئه‌وان خۆیانه‌. ئێستا بادانه‌وه‌ی ئه‌وان زۆر پرسیار له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و ده‌زگایه‌ دروست ده‌که‌ن، وه‌ پێناچی ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌وان له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌کی بێلایه‌ن و دوور له‌ گوشار بێت.
بڕیاری دادگا، پاشان بڕیاری ده‌سته‌ی کانونی رادیۆ و دواتر بڕیاره‌که‌ی سه‌ته‌لیتفرۆشی فه‌ره‌نسی هه‌مووی له‌ گه‌له‌ کۆمه‌کیه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌چێت ئه‌و گه‌له‌کۆمه‌کیه‌مان بیرده‌خاته‌وه‌ که‌ بۆ ده‌ستگیرکردنی عه‌بدوڵلا ئۆجه‌لان کرا. ئاراسته‌ی که‌یسه‌که‌ و بڕیاره‌کان هه‌مووی ئاماژه‌ به‌ بڕیارێکی رامیاری ده‌که‌ن.
داخستنی رۆژتیڤی داخستنی ئه‌و ده‌نگه‌ جیا و ئازاده‌ کوردیه‌ ناتورکیه‌یه‌ که‌ ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ کوردستانی بنده‌ستی تورکیا وابه‌سته‌یه‌تی. ئه‌و کاره‌ی دادگای دانیمارکی له‌ژێرهه‌رناو و کانونێک بێت هاوکاری تورکیایه‌ له‌ کپکردنی ده‌نگی ئازاد و جودای کوردی.

شاخه‌وان شۆڕش
20ی ژانیوه‌ری 2012

سه‌رچاوه‌کان
1.    Roj TV må lukkes efter byrettens dom: Ressource: http://politiken.dk/debat/ledere/ECE1504194/roj-tv-maa-lukkes-efter-byrettens-dom/
2.    Mediejurist: ROJ-dom strider mod menneskerettighederne: Ressource: http://politiken.dk/kultur/tvogradio/ECE1507650/elmquist-roj-sagen-har-forloebet-usaedvanligt/, Offentliggjort: Jan 13, 2012 2:38 PM
3.    Roj TV kan fortsætte trods dom: Ressource: http://politiken.dk/kultur/tvogradio/ECE1503498/roj-tv-kan-fortsaette-trods-dom/, Offentliggjort: Jan 10, 2012 11:17 AM
4.    Journalistformand: Roj TV-dom skal ankes: Ressource: http://politiken.dk/kultur/tvogradio/ECE1503818/journalistformand-roj-tv-dom-skal-ankes/
              Offentliggjort: Jan 10, 2012 2:16 PM
5.    Søren Søndergaard: Byretten har taget parti: Ressource: http://politiken.dk/udland/ECE1503817/soeren-soendergaard-byretten-har-taget-parti/ Offentliggjort: Jan 10, 2012 2:14 PM
6.    Kurdish ROJ-TV loses case – in part: Ressource: http://politiken.dk/newsinenglish/ECE1503769/kurdish-roj-tv-loses-case—in-part/ Offentliggjort: Jan 10, 2012 1:43 PM
7.    Dansk terrorlov:  https://www.retsinformation.dk/Forms/R0710.aspx?id=121398#Kap13

8.    RSF: Eutelsat decision to suspend Roj TV violates freedom of press,  21.1.2012: http://www.ekurd.net/mismas/articles/misc2012/1/turkey3705.htm 

Previous
Next

Leave a Reply