سـەرۆک و سـەرۆکایەتی هەرێم … کاوە هادی
گەر بڕیارە هەرێمەکەمان هەرێـمـێکی فیدراڵیی پەرلەمانی بێـت ، ئیدی ئەم سـەرئـێـشــەی سـەرۆک و سـرۆک هەرێمە لە پای چـیدا ؟. بەڵێ ڕاسـتە زۆر وڵاتی پەرلەمانی هەیە سـەرۆکی هەیە زۆر وڵاتی پەرلەمانی هەیە کە پادشـای هەیە ، من باس لە پەرلەمانەکەی سەدام حوسـەین و کویەت و سـوریا و ئێران ناکەم ، من باس لە پەرلەمانەکانی ئەوڵاتانە دەکەم کە هەموو شـتێک مانای خۆی دەبەخشـێت ، هەر کەس دەسـەڵاتی خۆی بە یاسـا بەکار دەبات ، ئەو یاسـایەی دەسـتور بۆی دیاری کردووە ، ئەو دەسـتورەی گەر بە مـیکرۆسـکۆپ هەڵەی تێدا دۆزرایەوە چارەسـەری یاسـایی و سـەردەمی بۆ دەکرێت . نموونە زۆرن هەر وەک … فەرەنسـا و ئەڵەمانیا و وڵاتە سـکەندناڤیەکان و وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا .
ئێـمەی کورد بە سـانایی کەسـانی دی تاوانبار و ڕیسـوا دەکەین ، باس لە دیکتاتۆری و دڕندەیی بێگانەکان دەکەین بۆ نموونە … سـەرهەنگ موعەمەر قەزافی کە ئەفسـەرێکی ئازا و شـۆرشگێڕبوو ، لە پێناو ئازادی و سـەربەخۆی وڵاتەکەیدا دەجەنگا . ئەو خاکە بەدبەخـتە خودا قەزافی بۆ نازڵ کرد دەنا بکەوتایە بن دەسـتی کەسـانی خاوەن ئەقـڵ و هۆش ئێسـتا بەهەشـتێکی ڕوی ئەم زەمـینە دەبوو ، ئاوی هەوای خاکی ، ئەو وڵاتە خاوەنی ٣٠٠٠کم کەناری دەریایە ، بە وێنەی دەریا خاوەنی سـامانی نەوتە . دەسـەڵاتی ڕەها و تاکڕەوی وڵاتی کردە جەنگەڵسـتان ، قەزافی بەو دەردە چوو کە هیچ کەس ئاواتی پێ ناخوازێت ، بە ڕوت و قوتی مرداریانکردەوە ، هەموو ئەو سـەروەت و سـامانەی کە بە چل سـاڵ حوکمڕانی پێـکیەوەی نابوو لێی سـەندرایەوە . خۆزگە بمزانیبا ئەو شـەقامە جوانەی شـارەکەی من کە ناویان لێ نا شـەقامی سـەرهەنگ معەمەر قەزافی ، هەر بەناوی ویە ، یان ئەوەیشـیان لێ سـەندۆتەوە ؟.
ئێمە تازە سـەرقاڵی دەسـتورێکین بۆهەرێمی کوردسـتان کە سـەرەتا بە عارەبی نووسـراوە پاشان وەرگێردراوە بۆ زوانی کوردی بەڵام هێندە وەرگێڕانێکی خراپە ، بۆ ئەوەی باش تێبگەیت دەبێت پەنا بەریتە بەر کۆپییە عارەبیەکەی ، ئەوجا خاک بەسـەر ئەم نەوە نوێیە کە زوانی عارەبی لە زنجیرە تورکیە دوبلاژکراوەکانی (( ئێم بی سی))وە فێردەبن ، سـەبارەت بە کەلـێـنی سـیاسی وەک دەبێـژن … کەلـێـنی هـێـندە گەورە و زۆری تێـدایە کە بارەحوشـتر بە بارەوە خۆی پیادەکات و خڕەی نایەت .
لە کام کتێبی ئاسـمانی و سـەرزەمـینیدا نووسـراوە ، وڵاتێکی پەرلەمانی دەبێت سـەرۆکێکی هەبێت ؟ من
کەسـێکی یاسـاناسنیم گریمان بۆ دیکۆر و پڕکردنەوەی چەند کەلێنێکی یاسـایی و دیپلۆماتی ، دەبێت ئەو پۆستە بە نازناوێک پڕبکرێتەوە وەک ((فەخامەت))ی سـەرۆک کۆمار یان هـێژا سـەرۆکی هەرێم یان خاوەنشـکۆ پادشـای وڵات ، بەڵام ترسـە گەورەکە ئەو دەستڕێژە تۆقـێنەرەیە کە دەنرێت بەسـەردڵی میللەت و پەرلەمان و ئازادیوە ، سـەرۆک هەرێم(( سـەرۆک سـوپایە ، سـەرۆک ئاسـایشە ، سـەرۆکی سـەرۆکەکەی پەرلەمانە ، سـەرۆکی سـەرۆکەکەی حکومەتە ، باری نائاسـایی ڕادەگەیەنێت ، پیاوکوژ و دزو جەردە لە جەژن و بۆنە ئاینیەکاندا بە یەک نوکە قەڵەم دەکاتەوە بە ئۆمەتی محەمد ، سـەریڕەش* دەکاتە سـەریزەرد ، درێژەی نادەمێ هەرئەوندە دەڵێم ، من ماری حەوتسـەرم بیستوە بەڵام هەرگێز سەرۆکی حەوتسـەرم نەبیسـتوە !!!.
بڕیاربوو … دیموکراتی و حوکمڕانییەکەمان ببێتە نموونە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەندا ، هەندێ بەرپرسـی خوانەناس خراپ تێیاندەگوشـی و پیس کەپویان بڵندببو ، دەیانگوت … دەیکەینە هەوێنی دیموکراتی و هەناردەی وڵاتە پێشـکەوتوەکانی ئەوروپای دەکەین ، منیش دەڵێم لەم قیرانی سـەرۆکایەتی هەرێمـەدا ، ئەوە بۆ پەڕۆیەک لە کۆماری عێراقی فیدراڵ دانادڕن . عـێراق بەفـەرمی فیدراڵیە … پەرلەمانەکەی باڵاپۆشـە بە پیاو و ژنیەوە ، بەڵام ئەشـهەدوو ، سـەرۆک کۆمارەکەی سـەرۆکێکی بێ نموونە تەشـریفـاتیە ، لە خولی یەکەمی سـەرۆک کۆمارەکەیدا ، سـەرۆک کۆمار دەسـەڵاتی تەواو تەواو تەشـریفـاتی بوو ، لە خولی دوهەمدا سـەرۆک مانی گرت و بە تکای دۆسـت و دوژمن تۆزێک تۆزێک یەک تۆزقاڵ دەسـەڵاتی ((فەخامەت))ی ســەرۆک کۆماریان زیاد کرد . ___________________________________________________________________
((*)) سـەریڕەش شـارۆچکەیەکە لە سـنوری پارێزگای هەولێر