سلێمانی چه‌پڵه‌ی یه‌کجاری لێده‌دات!
ئێستا شار له هه‌موو جێگه‌یه‌ک ده‌چێت جگه له (سلێمانی)، شار ترسا‌و، کۆڵان و کوچه و ته‌لار و باڵه‌خانه و پارک و چایخانه و کافتریا و کتێبخانه و هه‌موو جێگاکانی ئه‌م شاره بێ ده‌نگیه‌کی سامناک دایگرتووه، ئه‌م بێ ده‌نگی و کپیه ئه‌وه نه‌بێت له ئارامیه‌کی ڕاسته‌قینه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، نه‌خێر.. به‌ڵکو ئه‌و مه‌ن بوونه‌یه که ده‌ریا له پێش زریانێکی توڕه و پڕ نرکه به سه‌ر ڕوخساریدا ده‌یپۆشێت، چونکه ئه‌م بێ ده‌نگیه له بری ئه‌وه‌ی سروشتی و ئاسایی بێت ، بێ ده‌نگیه‌که که شۆکێکی کورت و کاتیی دروستی کردووه و که‌مترین ته‌مه‌نی هه‌یه، شۆکێکه ئه‌و پۆستاڵانه، ئه‌و ده‌موچاوانه، ئه‌و چه‌کانه، ئه‌و ڕقانه و هه‌تا ئه‌و پێکه‌نینه درۆینانه دروستی کردوون که نامۆن به‌م شاره، ئێستا شار له دایکێکی منداڵ مردووی چله نه‌چو ده‌چێت، چونکه به ڕوخساری شاره‌وه هه‌موو شتێک ده‌بینی جگه له بزه و خۆشی و پێکه‌نینه‌کانی پێشوتری که به ده‌م هه‌موو ساته‌کانی ژیانه‌وه ده‌یکرد، ،
سلێمانی ئێستا داگیرکراوه.. داگیرکراوه به‌و عه‌قڵیه‌ته‌ی که ده‌یه‌وێت دایماڵێت له ناسنامه‌ی(سلێمانی)بوون، ڕوتی بکاته‌وه له‌و توڕه‌ییه جوان و قه‌شه‌نگه‌ی که شار به درێژایی دروستبوونی وه‌ک ناسنامه‌یه‌ک له گیرفانی هه‌موو کوچه‌و کۆڵانه‌کانیدا هه‌ڵیگرتووه، شار داگیرکراوه به ڕوخسارێک که هی هه‌موو جێگایه‌کی ئه‌م دنیایه‌یه جگه له (سلێمانی) ،
سلێمانی هه‌تا پێش حه‌ڤده‌ی نیسان لانکه‌ی (کتێب، ڕۆژنامه، پێشانگا، مۆسیقا، پێکه‌نین، ئاهه‌نگ، کۆڕ‌و کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی، گردبوونه‌وه و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری ؛وه‌ک هه‌میشه؛)بوو، به‌لام ئێستا له نێوان هه‌ر دار و گوڵ و ئینجانه‌و دوکانێکدا چه‌کێکی ئاماده ده‌بینیت، چه‌کێک به هه‌موو ماناکانیه‌وه جیاوازتر له‌و چه‌کانه‌ی له کاته‌کانی پێشوتردا پاسه‌وانی دانیشتوانی شاری ده‌کرد تا شه‌وێکی ئارام و بێ قڕه به سه‌ر به‌رێت و ماندوێتی ڕۆژێکی درێژی هاوین ده‌ربکات، ئێستا چه‌کێکه توڕه و ڕق له دڵ و بوغزنه به‌رامبه‌ر هه‌ر ده‌موچاوێکی شار که بخوازێت پێبکه‌نێت، بخوازێت ده‌نگ به‌رزبکاته‌وه ، بخوازێت هاوار بکات،
ئه‌م چه‌کانه‌ی که ئیستا به سه‌ر شه‌قامه‌کانی شاردا پیاسه ده‌که‌ن ، ئامڕازێکی ترسناکن بۆ بێ ده‌نگکردنی هه‌موو ئه‌و تاکانه‌ی که ده‌یانه‌وێت جیاوازتر له عه‌قڵیه‌تی خاوه‌ن چه‌ک بیر بکه‌نه‌وه، بۆ سه‌رکوتکردنی هه‌موو ئه‌و هاوارانه‌ی که نامۆیه به گوێی چڵکگرتووی ده‌سه‌لاتداره بێ خه‌مه‌کانی شار،
له هه‌موشی سه‌یرتر که له‌م ڕۆژه پڕتراژیدیایه‌ی شاردا ده‌یبینیت، که سه‌یری ڕوخساری چه‌که‌کان ده‌که‌یت به‌زه‌یت به کورتی ته‌مه‌نی ئه‌و چه‌کانه‌دا دێته‌وه، چونکه شار له زوه‌وه، زۆر زوه‌وه، سه‌لماندویه‌تی ده‌نگی فیشه‌ک و ڕه‌نگی خوێن نه‌یترساندووه، ئه‌وه‌ی شار بنساێت ئه‌وه‌ش ده‌زانێت که هه‌میشه به‌رزه‌خی ئه‌و ده‌سه‌لاتدارانه بووه که هیوایان به سه‌رکوتکردنی شار هه‌بووه،
شار(سلێمانی).. ئێستا داگیرکراوه به عه‌قڵیه‌تی ئه‌و سیاسیانه‌ی که شار ناناسن یاخود ڕابردوی شاریان بیرچۆته‌وه، چونکه ئه‌وه‌ی ڕۆژێک شاری ناسیبێت سڵ ده‌کاته‌وه له توڕه بوونی ، ئه‌وه‌ی ساتێک له سایه‌یدا حه‌سابێته‌وه ده‌زانێت شار چلۆن که‌مه‌رکێش ده‌بێت.! ،
ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌سه‌لاتی کوردی به‌رامبه‌ر سلێمانی ده‌یکات پێش هه‌موو شتێک و مه‌رگی جه‌سته‌یی خۆشی، چاردانی مه‌رگی سیاسیانه‌ی حیزبه‌که و ڕێکخراوه‌که و ئامنجه‌کانێتی، چونکه ئه‌وه سلێمانیه به درێژایی دروستبوونی، منداڵدانی سه‌دان شۆڕش و خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕین و خوێن به‌خشین بووه، له هه‌مانکاتیشدا گۆڕستانی سه‌دان داگیرکه‌ر و سته‌مکار و سه‌رکوتکه‌ر بووه،
ده‌بوایه پێش هه‌موو که‌سێک و هه‌ر لایه‌نێک ، بێ ده‌نگی شار هه‌ناوی ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌رکوتکه‌رانی شاری داخورپاندایه، چونکه ئه‌وان له بێ ده‌نگه‌کانی شار باشتر ده‌زانن ئه‌م هێمنیه سروشتی نیه و نامۆیه به‌م شاره..
ده‌بوایه بیریان له‌وه بکردایه‌ته‌وه بێ ده‌نگی شار له ئێستادا مانای حه‌په‌سانی شاره له ئاست ئه‌و زوڵمه‌ی ده‌ستێک لێی ده‌کات که خودی شار چه‌ندین ساڵ مه‌قاشی مانه‌وه‌ی بووه،
شار له کۆتایدا بڕیار ده‌دات، به‌لام دوای بیرکردنه‌وه، دوای ده‌رچوون له‌م وه‌حشه‌ته‌ی ئیستا به سه‌ریدا هاتووه و هه‌رگیز چاوه‌ڕێی نه‌کردووه، به‌لام ئه‌وه‌ی دوای بیرکردنه‌وه‌ی زه‌ره‌رۆمه‌ند ده‌بێت سه‌رکوتکه‌ری شاره، چونکه زۆر جار بینیومانه که سلێمانی له بری چه‌ک و خوێن و توندوتیژی، ته‌نها به چه‌پڵه ده‌سه‌لاتی هه‌راسان کردووه، چه‌پڵه‌ی ئه‌مجاره‌ی شاریش چه‌پڵه‌ی یه‌کلایی که‌ره‌وه ده‌بێت
سالار جاف