Skip to Content

Sunday, September 20th, 2020

سه‌بری دووفاق

Be First!
by January 2, 2008 گشتی

ئه‌حه‌ مڵۆزم

هه‌ولێر- راگه‌یاندنی وه‌زاره‌ت: له‌سه‌ر پێشنیاری یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان و به‌ هاوكاری و پشتگیری وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاره‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ 2\1\2008 كاتژمێر (2)ی پاشنیوه‌ڕۆ له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستاندا نوێژی باران بارین بكرێت و دوعا و پاڕانه‌وه‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بارانی ره‌حمه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان ببارێت و خوای گه‌وره‌ میلـــله‌ته‌كه‌مان له‌ وشكه‌ساڵی و گرانی بپارێزرێت. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف داوای له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و فه‌رمانگه‌كانی خۆی كردووه‌ له‌م پڕۆسه‌یه‌دا هاوكاری پێویست بكه‌ن. ئه‌نجامدانی نوێژی باران بارین دیارده‌یه‌كی شه‌رعیه‌ و بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ كلتووری موسڵمانانی كوردستان و هه‌رساڵێك باران بارین كه‌م بوبێت و هه‌ڕه‌شه‌ی وشكه‌ساڵی له‌ ئارادا بوبێت خه‌ڵكی كوردستان نوێژی باران بارینیان كرده‌وه‌ له‌ خوای گه‌وره‌ پاڕاونه‌ته‌وه‌ بارانی ره‌حمه‌ت ببارێنێت.

خه‌ڵکینه‌ ئه‌و نووسینه‌ی سه‌ره‌وه‌ یه‌کێک له‌ قسه‌ خۆشه‌کانی نێو ڕشته‌ی مرواری نییه‌، به‌ڵکو وه‌کو خۆی  و به‌بێ ده‌ستکاری له‌ ژماره‌ی رۆژی 31/12/2007 ی ڕۆژنامه‌ی خه‌بات وه‌رگیراوه‌!
ئاخر ده‌ڵێن ئه‌حه‌ تۆ ده‌مت شڕه‌ و هه‌ر له‌خۆته‌وه‌ بوختان بۆ ئه‌و خه‌ڵقوڵایه‌ هه‌ڵده‌به‌ستی. توخوا جا ناهه‌قمه‌؟ کوڕه‌ وه‌ڵلا وه‌ بیللا وه‌ تیللا ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ قسه‌ی حاجیه‌وه‌ڕحمانی خۆمان بوایه‌، ده‌مێ بوو به‌ تاوانی پاشکه‌وتوویی و له‌ سه‌رده‌م دابڕاوی شاربه‌ده‌ریان کردبوو!
هه‌ی هاوار…
– وا نییه‌ ئه‌حه‌، تۆ دره‌نگ له‌ شت حاڵیی ده‌بی، ئه‌مه‌ سیاسه‌ته‌ باوانه‌که‌ی باوکم. خۆ هه‌وانته‌ نییه‌!
– کوڕه‌  واز بێنه‌ حه‌مه‌ فه‌ره‌ج، نوێژه‌ بارانه‌ چی داوه‌ به‌سه‌ر سیاسته‌وه‌؟
– های بێقه‌ززابی یاخوا، به‌سه‌ری تۆ هه‌ردووکیان ئامۆزای باوکه‌لبران و بێ یه‌ک نایانکرێ
– چۆن؟
– باش، قابیله‌ ئه‌و وه‌زیری ئه‌وقافه‌ ئه‌و ڕیشه‌ موباره‌که‌ی له‌به‌ر خۆره‌تاوی گه‌رمیان سپیی کردبێ؟
– ئه‌ی خۆ بۆیاغی نه‌کردووه؟
– نا، نا ئه‌وه‌ جاران بوو ڕه‌شی ده‌کردوه‌
– ده‌باشه‌ واز له‌ ڕیشی وه‌زیر و گزیر بێنه‌، وه‌ره‌ سه‌ر ئه‌سڵی مه‌قسه‌د!
– برا جوانه‌که‌م، بۆ خۆت ده‌زانی حکومه‌ته‌ ساواکه‌مان له‌ زۆربه‌ی مه‌یدانه‌کاندا بیللامانێ دۆڕاندویه‌تی و ده‌ستی له‌ بنی هه‌مانه‌که‌وه‌ ده‌رچووه‌
– ئه‌ششه‌دوو ته‌واوه‌
– جا باوانه‌که‌م له‌به‌ر گه‌لێ هۆکاری مێژوویی و بابه‌تی، بڕیاریان داوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ وه‌کو جلی ته‌ڕ هه‌ڵواسراوه‌کان و مه‌سه‌له‌ کۆمه‌ڵایه‌تیی و سروشتییه‌کان، په‌نا به‌رنه‌ به‌ر باره‌گای باری ته‌عالا
– به‌خوا باش حاڵیی نه‌بووم حه‌مه‌ فه‌ره‌ج، به‌شکه‌م زیاتر تیشکی بخه‌یته‌ سه‌ر!
– ئاخر کاره‌بامان نییه‌ بۆ تیشک، به‌ڵام  به‌م چه‌رخی نه‌وته‌ خۆم زیاتر بۆت ڕوون ده‌که‌مه‌وه‌
– ده‌ی فه‌رموو
– ساحێب فه‌رموو بی! براکه‌م ئه‌وا بۆ وشکه‌ ساڵی، نوێژه‌ بارانانه‌ ده‌که‌ن، بۆ ڕاگرتنی هێڕشی هه‌وایی و زه‌وینی تورکیا بۆ سه‌رهه‌رێم، بڕیاره‌ نوێژه‌ بۆمبابڕانه‌ بکه‌ن، بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش ئه‌وا سووره‌تی  وه‌ئین یه‌کادو ئه‌خوێنن
– ئه‌ی بۆ جیبه‌جێکردنی مادده‌ی سه‌دوچل عیلاج چییه‌؟
– قوربان ئه‌مه‌یان ئاسانه‌، وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بڕیاری داوه‌ دارو به‌ردی کوردستان به‌ درووشمی (ئه‌لسه‌برو میفتاحول فه‌ره‌ج ) بنه‌خشێنێت
– موباره‌که‌، به‌ڵام مه‌سه‌له‌یه‌کی هه‌ستیار هه‌یه‌ نابێ له‌ بیری بکه‌ن
– چییه‌؟
– ده‌ترسم فه‌ره‌جه‌که‌ به‌ فه‌رج بنووسن!

Previous
Next

Leave a Reply