Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

سه‌رمایه‌داری شێوه‌یه‌کی‌ نوێیه‌ له‌ کۆیله‌داری …. ئازاد به‌کر

Be First!
by February 6, 2008 گشتی

   له‌ دواڕۆژه‌کانی کۆتایهێنانی سیسته‌می فیئۆداڵیدا ئابووری جیهانی پێشکه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه بینی، له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانکاریانه‌شدا په‌یوه‌ندی به‌رهه‌مهێنان پێویستی به‌ گۆڕان بوو. ئه‌نجامیش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و ڕمانی په‌یوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی فیئوداڵی و هاتنه‌پێشه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری بوو.
له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تدا کۆیله‌داری وه‌ک به‌شێکی بنه‌ڕه‌تی زیندووی ئابووری ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ هاته‌ کایه‌وه‌، کۆیله‌ به‌زۆره‌ملێ ڕه‌وانه‌ی کار و خزمه‌تکردن کراو کۆیلایه‌تی بۆ زه‌وی له‌ سه‌رده‌می ده‌ره‌باگایه‌تیشدا ژیانی زۆرینه‌ی جووتیارانی گرته‌وه‌. هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ و هانی گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داریدا و ئابووری  جیهانی برده‌پێش و فراوانی کرد.
له‌ماوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کۆیله‌داریدا خاوه‌ن کۆیله‌ به‌پاره‌ی خۆی ‌ته‌واوی ژیانی کۆیله‌ی ده‌کڕی و به‌درێژایی ته‌مه‌نی کۆیله‌که‌ خاوه‌ن کۆیله‌ پێشبینی و چاوه‌ڕێ ی به‌خشینی خزمه‌تگوزاری بوو له‌ کۆیله‌که‌ی. ئه‌گه‌ر هاتوو کۆیله‌که‌ی له‌ته‌مه‌نێکی زووتری گه‌نجیدا گیانی له‌ده‌ست بدایه‌ ده‌بووه‌ هۆی له‌ده‌ستدانی پاره‌که‌ی. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش بوو بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌ن کۆیله‌ ژیانی کۆیله‌که‌ی له‌مه‌ترسی له‌ناوچوون بپاراستایه‌ ده‌بوایه‌ له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا دابینی ژیان و ته‌ندروستی و تاڕاده‌یه‌ک چاودێری گونجاوی کۆیله‌که‌ی بکردایه‌، بۆ زیاتر ته‌مه‌ن درێژی کۆیله‌که‌ی یان چاکتره‌ بڵێین ته‌مه‌نی پێشکه‌شکردنی خزمه‌تگوزاریه‌کانی.
له‌سه‌رده‌می کۆمه‌ڵگه‌ی فیئۆداڵیدا کۆیله‌ زیاتر به‌زه‌ویه‌وه‌ به‌سترابووه‌وه‌. ده‌بوایه‌ کۆیله‌ به‌رهه‌می زیاده‌ له‌ خۆی بدا‌ته‌ فیئۆداڵی خاوه‌ن زه‌وی له‌شێوه‌ی باج و کرێدا، کۆیله‌ یه‌کسه‌ر ده‌چووه‌ سه‌رزه‌وی بۆ کارکردن و به‌رهه‌مه‌که‌شی ده‌بووه‌ شوێنی متمانه‌پێکردنی تا دوا ساته‌کانی ژیانی سه‌پان و پاڵه‌ی ماڵی ئاغا و ده‌ره‌به‌گ بوو، به‌هۆی کۆیله‌بوونیه‌وه‌ ده‌چه‌وسایه‌وه‌و به‌توندوتیژی‌ ڕه‌فتاری له‌ته‌کدا ده‌کرا.
له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری نوێدا سه‌رمایه‌دار هه‌موو ژیانی کرێکار ناکڕێ، به‌ڵکو کرێکاره‌ که‌ هێزی کاری خۆی به‌سه‌رمایه‌دار ده‌فرۆشێ. ئه‌مه‌ وه‌ک سه‌رده‌می کۆیلایه‌تی نی یه‌ که‌ یه‌کسه‌ر کرێکار تا ده‌مرێ له‌سه‌ر زه‌وی یان لای هۆیه‌کانی به‌رهه‌م هێنان بێت. کرێکار ماوه‌یه‌ک له‌ کاتی دیاریکراوی ڕۆژانه‌ی ده‌فرۆشێته‌ سه‌رمایه‌دار و له‌وکاته‌ دیاریکراوه‌ زیاتر سه‌رمایه‌دار ناتوانێ کاری پێبکات و به‌کاری بهێنێ، ئیتر ئه‌وکاته‌ی له‌ڕۆژه‌که‌ ده‌مێنێته‌وه‌ کرێکار ئازاده تا بۆ ڕۆژی دواتر گوڕ و تین و ووزه‌ بداته‌وه‌ خۆی و ئاماده‌بێته‌وه‌ بۆ کارکردن.‌ سه‌رمایه‌دار به‌ته‌نگ ژیان و پاشه‌ڕۆی کرێکاره‌وه‌ نی یه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌کات که ‌بڵێین  بۆ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان  سیسته‌می سه‌رمایه‌داری زۆر پڕ قازانجتره‌ تا سیسته‌می فیئوداڵی و کۆیلایه‌تی. کڕین و فرۆشتنی کاڵا و گه‌شه‌ی پیشه‌سازی و بازرگانی  و ته‌کنه‌لۆژیا سه‌رمایه‌داری برده‌ ئاستێکی به‌رزتر و شێوازی په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ کۆیله‌داریه‌وه ‌تا سه‌رمایه‌داری گۆڕانی زۆری به‌ خۆوه‌دی به‌ قازانجی چینی سه‌رمایه‌دار و ئایدیۆلۆژیای تایبه‌ت به‌ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و چینه‌ی هێنایه‌ کایه‌وه‌.
پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌ و که‌ڵه‌که‌ی سه‌رمایه‌ و په‌یوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانه‌که‌ی‌ مه‌یلێکی دیاری سه‌رمایه‌ی تایبه‌تی بوو، ده‌رئه‌نجامی به‌ده‌سته‌وه‌گرتن و لێسه‌ندنی به‌زۆری هۆیه‌کانی به‌رهه‌م هێنان و سه‌رچاوه‌کانی ژیان و داگیرکردنی  زه‌وی و زاری جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێش بوو به‌ نامرۆڤانه‌ترین شێوه‌. 
به‌ پێچه‌وانه‌ی سیسته‌می کۆیله‌داریه‌وه‌، سه‌رمایه‌دار هه‌موو ژیان و ته‌مه‌نی کرێکار ناکڕێت، وه‌ هیچ کاتێک چاودێری و دابین و مسۆگه‌ری ژیانی کرێکار به‌لایه‌وه گرنگ نی یه‌. هه‌رچه‌نده‌ کرێکار کارپێکردن و به‌کارهێنانی له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌داره‌وه‌ له‌ هه‌موو شتێکی تر زیاتر و هه‌ستیارتره‌، سه‌رمایه‌دار ده‌توانێ ده‌ستبه‌رداری کرێکار بێت بێ ئه‌وه‌ی هیچ پاره‌یه‌ک له‌ده‌ست بدات. یان کرێکار ده‌توانێ وازبێنێ له‌ ئیشه‌که‌ی و ڕوو له‌ئیشێکی تر بکات به‌ڵام ناتوانێ تاسه‌ر دوورکه‌وێته‌وه‌ له‌ سه‌رمایه‌دار چونکه‌ له‌برساندا ده‌مرێت. بێگومان‌ کرێکار کۆیله‌ی تاکێکی سه‌رمایه‌دار نی یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کۆیله‌ی ته‌واوی چینی سه‌رمایه‌دار یا سیسته‌می سه‌رمایه‌دار‌یه‌‌‌.‌  هه‌روه‌ک پێشوتر ووتمان له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کۆیله‌داریدا گه‌ر کۆیله‌ ژیانی له‌ده‌ستبدایه‌ خاوه‌ن کۆیله‌ پاره‌ی کڕینی کۆیله‌که‌ی له‌ده‌ست ده‌چوو، به‌ڵام له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریدا گه‌ر کرێکار گیان له‌ده‌ستبدات سه‌رمایه‌داران هیچ پاره‌یه‌کیان به‌ فیڕۆ ناچێت، خاوه‌نکار کرێکارێکی تر به‌کرێ ده‌گرێت و ده‌یخاته‌وه‌ شوێنه‌که‌ی، ئه‌وه‌ش ئه‌وپه‌ڕی شێوازی به‌ کۆیله‌کردنه و لایه‌نێکی تاریکی پێشکه‌وتنی ئه‌م سیسته‌مه‌یه و یه‌کێکه‌ له‌ کوێره‌وه‌ریه‌کانی مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی‌‌.
به‌پێچه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی فیئۆداڵیه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریدا سه‌رمایه‌دار دابینی ژیانی کرێکار ناکات و مان و نه‌مانی کرێکار هیچ بایه‌خێکی بۆی نی یه‌، کرێکار ناچاره‌ هێزی کاری خۆی له‌و ماوه‌یه‌ی که‌ بۆی دیاریکراوه‌ بفرۆشێته‌ خاوه‌نکار، گه‌ر سه‌رمایه‌دار زانیشی به‌که‌ڵکی کارنه‌ماوه‌ ده‌ریده‌کات و به‌دوای هه‌رزانترین ده‌ستی کاری سپێردا ده‌گه‌ڕێ، ئیتر کرێکار ناچاره‌ به‌هه‌ر نرخێک بێت هێزی کاری خۆی بفرۆشێته‌ سه‌ر مایه‌دار و هه‌تا دوا ڕۆژه‌کانی ژیانی ببێته‌ کۆیله‌ی کرێگرته‌یی.
ئیتر لێره‌وه‌ کێشه‌که‌ گه‌وره‌تر ده‌بێت و زیاتر په‌ره‌ده‌سێنێ، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی کرێکار ده‌چه‌وسێته‌وه‌ و ژیان و گوزه‌رانی ده‌که‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ش کرێکار بۆ باشترکردنی ژیانی به‌دوای سه‌رچاوه‌ی ئه‌و کوێره‌وه‌ریانه‌دا ده‌گه‌ڕێ و وێڵی چاره‌سه‌رێکی بابه‌تیانه‌یه‌ بۆ ئاینده‌یه‌کی باشتر. ئیتر ئه‌وه‌ ڕاسته‌ ئابووری ده‌بێته‌ بنچینه‌ی سه‌رهاڵدانی بیر و ئایدیۆلۆژیا و تیۆری وسیاسه‌ت و دین و فه‌لسه‌فه‌ و له‌گه‌رمه‌ی ڕووداو ململانێکاندا هه‌ریه‌ک به‌شێواز و ‌به‌رژه‌وه‌ندی چینه‌که‌ی ڕه‌نگدانه‌وه و کاریگه‌ریان ده‌بێت ‌.
به‌وجۆره‌ سروشتی مرۆڤ وایه‌ ‌بۆ ده‌رباز بوون له‌ گشت پاشماوه‌یه‌کی کۆن و به‌سه‌رچوو هه‌میشه له‌ هه‌وڵی چوونه‌ پێشه‌وه‌ و گۆڕاندایه‌ بۆ به‌دیهێنانی جیهانێکی نوێ و ئاسانکردنی ژیان له‌ هه‌موو بارێکی ته‌کنیکی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ڕۆشنبیری و زانستیه‌وه، ئێستاش سیسته‌می سه‌رمایه‌داریش کۆن بووه‌ و کاتی به‌سه‌رچووه و له‌ هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگری سیسته‌مێکی نوێ یه‌ که‌ وه‌ڵامی که‌م وکوڕیه‌کانی ئه‌و بداته‌وه‌‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ بۆ درێژه‌دان به‌ ژیانی په‌نا بۆ هه‌ موو کردارێکی نامرۆڤانه‌ ده‌بات‌.
له‌گه‌ڵ هاتنی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریشدا ناکۆکیه‌ چینایه‌تیه‌کان به‌شێوازیتر هه‌ر مانه‌وه‌، کۆیله‌ ئازاد بوو، به‌ڵام بوو به‌ کرێکار، سیسته‌می کۆیله‌داری نه‌ما، به‌ڵام خاوه‌ن کۆیله‌ بووه‌ سه‌رمایه‌دار و مشه‌خۆر له‌سه‌ر زێده‌قازانج و ماندوویی خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش. که‌واته‌ کۆیلایه‌تی هه‌ر مایه‌وه‌ به‌ڵام له‌ په‌یوه‌ندیه‌کی نوێ ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، واته‌ کۆیلایه‌تی له‌سایه‌ی سه‌رمایه‌داریدا هه‌میشه‌ بوونی هه‌یه‌ و سه‌رمایه‌ له‌سه‌ر شانی ئه‌م کۆیله‌ی کرێگرته‌یه‌ نه‌ش و نما ده‌کا و سامان پێکه‌وه‌ ده‌نێ، هه‌رچه‌نده‌ مرۆڤ خاوه‌نی که‌سایه‌تی خۆیه‌تی به‌ڵام له‌ڕووی ئابووریه‌وه‌ وابه‌سته‌و هه‌ژاره‌.
سیسته‌می سه‌رمایه‌داری تایبه‌مه‌ندی مێژووی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی هه‌یه، ئه‌میش له‌سه‌ر داڕمانی سیسته‌می پێشووتری خۆی که‌ فیئۆدالیزمه‌ په‌یدابووه‌. کاتێک سه‌رمایه‌ خۆی هاویشته‌ ناو کشتوکاڵ و پێشه‌سازی  پێشکه‌وتنی به‌خۆیه‌وه‌ دی و بازرگانی په‌ره‌ی سه‌ند و کرێکار وه‌ک چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ری هه‌ڵدا، ئیتر سه‌رمایه‌ بۆ ساخکردنه‌وه‌ی کاڵاکانی  و گه‌ڕان به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی بازاڕدا، هه‌م بۆ فرۆشتن و هه‌م بۆ کڕینی که‌ل و په‌لی سه‌ره‌تایی، له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ هێنانی ده‌ستی کاری هه‌رزان وورده‌ وورده‌ هه‌نگاوی نوێ ی ناو زۆر خێرا و دراماتیکیانه‌ گه‌شه‌ی کرد و له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ و به‌ده‌ستهێنانی ده‌سکه‌وتی نوێ ی زانستیدا پیشه‌سازی چووه‌ ئاستێکی فراوانتر و قۆناغێکی پێشکه‌وتووتره‌وه‌، به‌رهه‌می زۆر و ناردنه ‌ده‌ره‌وه‌ی کاڵای زۆر پێویستی به‌ بازاڕ و هێزی کاری زۆر بوو.
 فاکته‌ری ڕکه‌به‌رێ و ناکۆکی ئابووری و بازرگانی نێوان سه‌رمایه‌دارانی لۆکاڵ شه‌ڕی ناوخۆی لێده‌که‌وته‌وه‌، ڕکه‌به‌ری و کێشه‌ی ووڵاتانی سه‌رمایه‌داری له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و سه‌رمایه‌کانیاندا دوو جه‌نگی گه‌وره‌ی جیهانی و چه‌نده‌ها شه‌ڕی تری له‌ نێوان ووڵاتاندا لێکه‌وته‌وه‌ و ملیۆنه‌ها خه‌ڵک تا ئه‌م ساته‌ی ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین بوونه‌ته‌ قۆربانی ئه‌م سیسته‌مه‌ خوێنڕێژ و چاوچنۆکه‌.
دڕنده‌یی ئه‌م که‌مینه‌یه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ که‌ کۆنترۆڵی سه‌رتاپای جیهانیان کردووه‌ له‌ پێناو قازانجی زیاتر و ده‌سه‌ڵاتی زیاتردا، هه‌موو ووزه‌و توانایان ‌ بۆ درێژه‌دان به‌ سیسته‌می سه‌رمایه یه‌کخستووه، به‌هێز خۆیان سه‌پاندووه به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌ستیانگرتووه‌ به‌سه‌ر گشت میدیا و به‌شه‌ خزمه‌تگوزاریه‌کانی په‌روه‌رده‌ و فێرکردن و زانست و ته‌کنه‌لۆژیا و دام و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و به‌ کورتی هه‌موو که‌ناڵه‌ زیندووه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی‌‌‌.
له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا کرێکاران که‌ زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵن، کرێکار هه‌موو که‌سێکه‌ که‌هێزی کاری خۆی ده‌فرۆشێت بۆ درێژه‌دان به‌ ژیانی خۆی و منداڵه‌کانی، بۆ ڕزگاربوون له‌ده‌ستی ئه‌و ژیانه‌ مه‌مره‌ و مه‌ژیه‌دا هه‌میشه ‌بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی به‌هه‌ر شێوازێک بۆی گونجاو و هه‌ڵکه‌وتبێت له‌ هه‌وڵو تێکۆشاندایه‌ بۆ باشترکردنی گوزه‌رانی، به‌وه‌ی که‌ له‌ ڕێگه‌ی خۆپیشاندان و مانگرتنه‌وه‌ زۆربکات له‌ خاوه‌نکار یان سه‌رمایه‌دار بۆ زیادکردنی کرێ و که‌مکردنه‌وه‌ی کاتی کار و به‌ده‌ستهێنانی داخوازیه‌ ئینسانیه‌کانی.
کرێکار له‌گه‌ڵ هه‌ستی به‌ چه‌وسانه‌وه‌ و ناته‌واویه‌کانی ژیانی کرد، هه‌وڵی ده‌سنیشانکردنی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و که‌م وکوڕی و چه‌وسانه‌وانه ‌ده‌دات‌ که‌ له‌سه‌ریه‌تی و به‌چه‌کی چینایه‌تی خۆیه‌وه‌ دێته‌ گۆڕه‌پانی خه‌بات و به‌ گژ چینی ده‌سه‌ڵاتداردا ده‌چێته‌وه‌. بۆرژوازیش به‌ ئامڕازی ده‌ستی که‌ سه‌رکوت و زیندان و پۆلیس و به‌کرێگیراوه‌کانیه‌تی‌ ده‌که‌وێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژیان و گیانی کرێکاران و به‌شمه‌ینه‌تانی ناڕازی.
به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌م کێشمه‌کێشه‌ له‌ نێوان کار وسه‌رمایه‌دا به‌رده‌وام بووه‌ و ده‌بێ، بۆرژوازی به‌ هه‌موو توانایه‌کیه‌‌وه‌ به‌رگری له‌ مانه‌وه‌ی خۆی ده‌کا، به‌ڵام ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ی که‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ی تیا به‌ڕێوه‌ده‌چێ هه‌ر وا ناچێته‌ پێش، یاسای سروشت ‌ئه‌می به‌رهه‌م هێناوه و ئه‌میش ده‌بێ له‌ کاردانه‌وه‌ی خۆیدا دژه‌که‌ی به‌رهه‌م بهێنێت بۆ سڕینه‌وه‌ی خۆی، ئه‌ویش چینی کرێکاره‌ که‌ گۆڕ هه‌ڵکه‌نی چینی سه‌رمایه‌داره‌، چونکه‌ هه‌ر سیسته‌مێک له‌ سه‌ر به‌ کۆیله‌کردن و چوه‌سانه‌وه‌ی مرۆڤ دامه‌زرابێت ده‌بێت له‌ناوبچێت، هاوکات کرێکارانیش که‌ داینه‌مۆی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی چینایه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ن،‌ هه‌وڵی لابردن و نه‌هێشتنی  سیسته‌می نامرۆڤانه‌ی سه‌رمایه‌داری‌ ده‌ده‌ن، تێده‌کۆشن له‌پێناوی هێنانه‌کایه‌ی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیانی مرۆڤدا  تا گه‌یشتن به ‌ئازادی و یه‌کسانی و دامه‌زراندنی سۆشیالیزم‌.

کۆتایی
 ژه‌نیوه‌ری2008

 

Previous
Next

Leave a Reply