Skip to Content

Wednesday, January 27th, 2021

سه‌رێكانی هه‌مووی كۆكرده‌وه‌ … عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

Be First!
by January 24, 2013 گشتی

 

 

بۆ چه‌نده‌مین جار په‌لامارده‌رانی جۆراو جۆر له‌   كرێگرته‌ كورده‌كانه‌وه‌ بگره‌ بۆ كه‌سه‌ ساوێلكه‌كانی هه‌ڵوه‌داوی بهه‌شت  له‌ جهه‌نه‌مه‌كانی  مالییه‌وه‌ بۆ ئه‌فغانستان و پاكستان , له‌ خه‌لیجه‌وه‌  بۆ میسرو ئوردن و سودان  له‌ خۆشی جارییه‌ شۆخ و شه‌نگه‌كانی سوریا , له‌ پاڵ نۆكه‌ره‌ جۆراو جۆره‌كانی توركیا , په‌لاماری شاری سه‌رێكانێی 30000 دانیشتووانی سنوری له‌ رۆژئاوای كوردستان  ده‌ده‌ن , كه‌ 40%ی پێكهاته‌ی  دانیشتوانه‌كه‌ی  كورده‌ , له‌ پاڵ 90000 دانیشتوانی گوندو شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی , هه‌موو جاره‌كان به‌خته‌ ره‌شه‌كه‌یان به‌ر دیواری پۆڵاینی گه‌ریلاكانی  په‌یه‌ده‌  ده‌بێته‌وه‌ ,  په‌لامارده‌ران جگه‌ له‌ شه‌ڕ و ماڵوێرانی و تاڵان هیچیان بۆ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ پێ نییه‌ , بۆیه‌ هه‌موو  جاره‌كان به‌ره‌و رووی پێكهاته‌كانی شار ده‌بنه‌وه‌ , په‌یه‌ده‌ش  به‌هۆی ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌ په‌رستی به‌رچاوته‌نگانه‌ی تێپه‌ڕاندووه‌ به‌ عه‌قلێكی نێونه‌ته‌وه‌ییانه‌ مامه‌ڵه‌  له‌ گه‌ڵ دانیشتووانی شاره‌كه‌ له‌ عه‌ره‌ب و كریستان و …… ده‌كات و نموونه‌یه‌كی پاكی و دڵسۆزی خۆنه‌ویستی كۆمۆنه‌یی سه‌ركرده‌كانی پێشكه‌ش ده‌كات بۆیه‌ پێكهاته‌كانی دیكه‌ی  شاریش جگه‌ له‌ كوردان به‌لای هاوسه‌نگه‌ری و به‌رگری هاوبه‌ش  راكێشاوه‌ .

شه‌ڕی ئه‌م خوله‌ی سه‌رێكانی وا هه‌فته‌یه‌ك زیاتره‌  به‌رده‌وامه‌  توانی نه‌یارانی یه‌په‌گه‌ و  په‌یه‌ده‌ش بۆ لای خۆی رابكێشێت  و له‌ ژێر ئاڵاكه‌ی كۆیان بكاته‌وه‌ , راسته‌ شه‌هیده‌كان هه‌موو به‌ ئاڵای په‌یه‌ده‌ داپۆشراون و سه‌ر به‌و  پارته‌ن و تاق و ته‌را له‌ پارته‌كانی دیكه‌ به‌شداری به‌ره‌كانی شه‌ڕ بوون كه‌ تا ئێستا 4 پارتن , به‌ڵام  گرنگه‌  له‌ روی سیاسیشه‌وه‌ نه‌یاره‌كانی په‌یه‌ده‌ شه‌ڕی سه‌رێكانی به‌ شه‌ڕی داكۆكی له‌ شه‌ره‌ف و ماڵی خه‌ڵك بزانن له‌ ناویاندا  سه‌رۆكی پارتی حه‌كیم به‌شار , راسته‌ ئه‌و له‌ شوێنه‌ گه‌رم و نه‌رمه‌كانی باشووری كوردستانه‌وه‌   لێدوانه‌ ئاگراوییه‌كانی ده‌دات  , به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێدوانه‌كانی  له‌ خزمه‌ت یه‌كێتی كورداندا بێت و خه‌نجه‌ر لێدانی له‌ پشته‌وه‌ی تێدا نه‌بێت ئه‌وه‌  جێگای ده‌ستخۆشییه‌ .

په‌یه‌ده‌  له‌و كاته‌وه‌ی 10  كورسییه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای له‌ گه‌ڵ ئه‌م پارتانه‌ی گازینۆكانی هه‌ولێرو سلێمانی و غازی عه‌نتاب  دابه‌شكرد , رازی بوو به‌وه‌ی قوربانی بۆ خۆی هه‌ڵبژێرێت  و ده‌ستكه‌وتیش له‌گه‌ڵیان دابه‌ش بكات, به‌ مه‌رجێك  یه‌كڕیزی بپارێزن و ئه‌و پله‌و پایه‌و متمانه‌یه‌ی پێیان به‌خشراوه‌   له‌ دژی كوردان به‌كار نه‌هێنن .

شه‌ڕی سه‌رێكانی شه‌ڕی دابه‌شكردنی شه‌ره‌فه‌  به‌سه‌ر سیاسییه‌كانی  رۆژئاوای كوردستان , ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت به‌ری بكه‌وێت پێویسته‌ له‌ به‌ره‌ی گه‌لدا  بێت , ئه‌و شه‌ره‌فه‌  له‌ گیرفانی ئه‌و شه‌هیدانه‌یا هه‌موو رۆژێك له‌ مه‌راسیمه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان به‌ هه‌ڵهه‌ڵه‌  له‌ قامشلو و كۆبانی و عامودا به‌ خاك  ده‌سپێردرێن .

Previous
Next

Leave a Reply