Skip to Content

Friday, May 7th, 2021

(سه‌لاحه‌ددین به‌هاددین)یش…….

Be First!
by July 15, 2009 گشتی

(سه‌لاحه‌ددین به‌هاددین)یش
به‌کڵاوی ئه‌ردۆغان و گوله‌نییه‌کان سیاسه‌ت ده‌پێوێ…!!

حه‌سه‌ن جودی
hesen_cudi@yahoo.com

(سه‌لاحه‌ددین به‌هاددین)ی ئه‌مینداری یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان، له‌میانه‌ی چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (توده‌یززه‌مان)ی تورکیدا له‌رۆژی (11.07.2009)دا راشکاوانه‌ پشتگیری له‌ سیاسه‌ته‌ تۆرانی و قێزه‌ونه‌کانی ئه‌ردۆگان و پارتی دادو گه‌شه‌پێدان (akp) و جه‌ماعه‌ته‌ پانتۆرانییه‌که‌ی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن ده‌کات و تێر به‌بژن و باڵای ناموباره‌کیاندا هه‌ڵده‌دا و وه‌ک هه‌نگی له‌ شانه‌شدا دۆزیبێته‌وه‌ چه‌ند قسه‌یه‌کی بێسه‌روبه‌ر و چه‌واشه‌کاریانه‌ش ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی کوردستان له‌باکوور و (PKK) و پارتی کۆمه‌ڵگای دیموکراتی (DTP) ده‌کات. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ جاری یه‌که‌م نییه‌ هه‌ندێک له‌سه‌رانی (یه‌کگرتووی ئیسلامی) هه‌لپه‌رستانه‌ و بێویژدانانه‌ قسه‌ له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی گه‌له‌که‌مان به‌ گشتی و له‌باکووری کوردستان به‌تایبه‌تی ده‌که‌ن و زۆر دیماگۆژی و مونافیقانه‌ هه‌م پشتگیری له‌ سته‌م و زۆردارییه‌کانی (akp) ده‌که‌ن و به‌رزگارکه‌ری کوردی باکووری له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و هه‌میش دژ به تێکۆشانی ره‌وای گه‌له‌که‌مان دوژمنکارانه‌ قه‌وانه‌کانی نه‌یاران لێده‌ده‌نه‌وه‌.
له‌کاتێکدا به‌رپه‌رچی قسه‌ سواو و تاڕاده‌یه‌ک چه‌نبازییه‌کانی سه‌رانی یه‌کگرتوو ده‌ده‌مه‌وه‌، رێز و حورمه‌تێکی زۆریشم بۆ زۆربه‌ی ئه‌و ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ره‌ی یه‌کگرتوو هه‌یه،‌ که‌ زۆر به‌ ئیماندارییه‌کی دڵساف و بێگه‌رده‌وه‌،به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداری وابه‌سته‌یی و مونافیقییه‌تی هه‌ندێک له‌سه‌رانی یه‌کگرتوو ببن، خۆشباوه‌ڕانه‌ به‌دوایان که‌وتوون. به‌ڵام نازانن ئه‌وانیش واخه‌ریکه‌ وه‌كو سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای باشوور ده‌مامکی درۆینه‌یان ده‌که‌وێته‌ خواره‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌ ژێربه‌ژێرییه‌کانیان له‌گه‌ڵ دووژمن و نه‌یارانی کورد ورده‌ورده‌ ئاشکرا ده‌بێت.
به‌راستی مرۆڤ نازانێت چی له‌سه‌ر ئه‌و پیاهه‌ڵدان و ستایشکردنه‌ی سه‌لاحه‌ددین به‌هاددین بۆ (akp) و  جه‌ماعه‌ته‌که‌ی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن بڵێت؟!‌ ئه‌و کابرایه‌ خۆی نان و سیاسه‌ته‌که‌ی له‌ده‌ستی ئه‌وان دایه‌ و ناهه‌قیشی نییه‌ ستایشیان بکات. هه‌روه‌ها که‌سێتی سه‌لاحه‌ددین به‌هاددین له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان و گوله‌ندا جیاوازییه‌کی جه‌وهه‌ری له‌نێوانیاندا نییه‌، له‌ڕووی ئه‌قڵییه‌ت و  چه‌مکی سیاسییه‌وه. بۆیه‌ پیاهه‌ڵدان و ستایشکردنی ئه‌وان له‌هه‌مانکاتدا پیاهه‌ڵدان و ستایشکردنیشه‌ به‌خۆی، پیاهه‌ڵدان به‌ (akp) پیاهه‌ڵدانیشه‌ به‌و مۆدێله‌ حیزبییه‌ی که‌وا س. به‌هاددین له‌باشووردا هه‌لپه‌رستانه‌ و دیماگۆژیانه‌ کاری بۆ ده‌کات و ده‌مێکه‌ خۆیان به‌زمانی خۆیان گووتوویانه:"‌ ئێمه‌ (akp)ی کوردستانیین"!!. له‌م بانگه‌شه‌کردنه‌شیاندا هیچ شه‌رمیش ناکه‌ن و ته‌ریقیش نابنه‌وه‌.
 ‌ کاتێک س.به‌هاددین له‌و چاوپێکه‌وتنه‌یدا ده‌ڵێت:" كورده‌كانی توركیا دوای ماوه‌یه‌كی درێژ، باشترین سه‌رده‌میان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی(akp) دا هه‌بووه‌…" جگه‌ له‌ درۆیه‌کی گه‌وره‌ و  ماستاوساردکردنه‌وه‌ هیچی دیکه‌ نییه‌. چونکه‌ له‌ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی (akp)دا زۆرترین کرده‌ی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی دژ به‌ گه‌ریلا ئازادیخوازه‌کانی کورد ئه‌نجامدراوه‌. ئه‌و گه‌ریلایانه‌ی که‌ بۆ جاری ده‌یه‌مینه‌ ئاگربه‌ستی یه‌کلایه‌نه‌ راده‌گه‌یه‌نن و که‌چی حکومه‌ته‌ یه‌کله‌دوایه‌که‌کانی رژێمی تورکیا – به‌ حکومه‌ته‌که‌ی پارتی ره‌فا و (akp)ه‌شه‌وه‌ ملهوڕانه‌ پێداگری له‌سه‌ر هێرشی سه‌ربازی و سیاسه‌تی نکوڵی و تواندنه‌وه‌ و قڕکردن ده‌که‌ن. له‌ماوه‌ی حوکمی (akp)دا زۆرترین تۆپباران و بۆمبابارانی باشوووری کوردستان کراوه‌، زۆرترین ئه‌ندام و لایه‌نگرانی (DTP) ده‌ستگیر و زیندانی کراون، زۆرترین ژماره‌ی منداڵ و مێردمنداڵ به‌سزای زیندانی زیندانیکراون. له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی (akp)دا رێژه‌ی بێکاری زۆرتر بووه‌ و ئیفلاسێکی گه‌وره‌تر له‌جارانی به‌ ئابووری ئه‌و وڵاته‌ گه‌یاندووه‌ و زیاتر به‌ سه‌رمایه‌ی جیهانییه‌وه‌ وابه‌سته‌ی‌ کردووه‌. هه‌ر له‌سه‌رده‌می حوکمی (akp) بوو که‌ به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ژه‌هرخوارکرا، هه‌ر به‌هۆی حوکمی نادیموکراتیانه‌ی (akp) بوو که‌ ئه‌گه‌ری چوونی تورکیا بۆ ناو یه‌کێتی ئه‌وروپا لاوازتر بووه‌. مرۆڤ ده‌توانێت به‌ده‌یان ده‌رئه‌نجامی خراپی سیاسه‌تی نادیموکراتی و نامرۆڤیانه‌ی (akp) ریزبه‌ند بکات. به‌ڵام ئایا چ سوودێکی (akp) و گوله‌نییه‌کان بۆ کورد له‌باکوور و باشووری کوردستان هه‌بووه‌؟؟!!
 هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌ک ده‌ڵێن؛ با خاڵ بخه‌ینه‌ سه‌ر پیته‌کان و ئاماژه‌یه‌کی بچووک به‌هه‌ندێک له‌ ده‌سکه‌وته‌کانی پشت ئه‌و لێدوانه‌ بێویژدان و چه‌واشه‌کاریانه‌ی (س. به‌هاددین) بده‌م. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌دا ته‌نیا یه‌ک سوودی (akp) و جه‌ماعه‌ته‌که‌ی گوله‌ن بۆ  (س. به‌هاددین) و باڵه خۆسه‌پێنه‌ره‌‌که‌ی ئه‌و له‌ناو (یه‌کگرتوو)دا هه‌بووه‌؛ ئه‌ویش هه‌ڵڕشتنی پاره‌ و پول و توانستێکی زیاتر له‌جارانی (akp) و گوله‌نییه‌کان بووه‌ بۆ (س. به‌هاددین) و کوتله‌ گه‌نده‌ڵه‌که‌ی، هه‌م کادیره‌‌کانی سه‌ر به‌و باڵه‌ له‌تورکیا په‌روه‌رده‌ ده‌کرێن و هه‌میش له‌ باشوور له‌رێگه‌ی ئه‌و خوێندنگا و زانکۆیانه‌ی فه‌تحوڵڵا گوله‌نییه‌کان کردوویانه‌ته‌وه په‌روه‌رده‌یان ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و شه‌ریکایه‌تیکردنه بازرگانییه گه‌وره‌یه‌ی که‌وا هه‌ندێک له‌ سه‌رانی ناو یه‌کگرتوو – له‌ناویاندا خودی سه‌لاحه‌ددیین به‌هاددین – له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌ کۆمپانیا تورکییه‌کانی سه‌ر به‌ (akp) هه‌یانه‌، تۆبڵێی (akp) و گوله‌نییه‌کان چ سوودێکی تریان بۆ کورد!! هه‌بووبێت، تا به‌مشێوه‌یه‌ ستایش بکرێن؟!
له‌هه‌مووی قێزه‌ونتر ئه‌وه‌یه، (س. به‌هاددین) هێزه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی کورد ‌(PKK) و (DTP) به‌ توندڕه‌و وه‌سفیان ده‌کات – که‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌کی تری به‌تیرۆریست له‌قه‌ڵه‌مدانه‌ –  ته‌نانه‌ت به‌ نوێنه‌ری کوردیشیان دانانێت؟! و ده‌ڵێت:" یه‌كگرتوی ئیسلامیی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ‌ زۆربه‌ی پارته‌ توركه‌كاندا هه‌یه‌، به‌ڵام هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ‌ پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دێموکراتیکدا نییه‌" پاشان ده‌ڵێت:" (DTP)‌ شێوه‌یه‌کی دیكه‌ی په‌كه‌كه‌یه‌، ئێمه‌ نامانه‌وێ له‌گه‌ڵ توندڕه‌واندا قسه‌ بکه‌ین، هیواداریشین (DTP)  ببێته‌ نوێنه‌ری كورد له‌بری ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری په‌كه‌كه‌ بێت " به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی ده‌رک به‌راستییه‌کان ناکات گێله‌، ئه‌وه‌ی ده‌رکی پێده‌کات و خۆی له‌گێلی ده‌دات ئه‌وا تاوانباره‌. تۆبڵێی س. به‌هاددین گێل بێت یان خۆی له‌گێلی بدات؟! یان نه‌گێله‌ و نه‌خۆی له‌گێلی ده‌دات، به‌ڵکو ئه‌مه‌ نوێنه‌رایه‌تیکردنێکی ئاشکرا و راسته‌وخۆی (س. به‌هاددین)ه‌ بۆ (akp) و گوله‌نییه‌کان؟! تۆبڵێی ئه‌م نوێنه‌رایه‌تیکردنه‌یان له‌پای چی بێت‌؟! ئایا به‌ پێوانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و دیموکراتی و ته‌نانه‌ت مرۆڤایه‌تییانه‌ش؛ نوێنه‌رایه‌تیکردنی (DTP) بۆ (PKK) تاوانه‌ یان نوێنه‌رایه‌تیکردنی (س. به‌هاددین) و باڵه‌ وابه‌سته‌کاره‌که‌ی ناو یه‌کگرتوو بۆ (akp) و گوله‌نییه‌کان تاوانه‌؟! ئه‌گه‌ر (DTP) نوێنه‌رایه‌تی (PKK)  ده‌کات ئه‌ی به‌گوێره‌ی ئه‌قڵ و سیاسه‌ته‌ هه‌لپه‌رستانه‌که‌ی (س.به‌هاددین) (PKK) نوێنه‌رایه‌تی کێ ده‌کات؟! به‌راستی پێویسته‌ (س.به‌هاددین)  وه‌ک ئه‌مینداری حزبێکی ئیسلامی که‌مێک شه‌رم له‌خۆی بکات و ته‌ریق ببێته‌وه‌ و وه‌ها هه‌رزه‌کارانه و بێبنه‌ما‌ قسه‌ نه‌کات. بێگومان ئه‌و قسه‌ چه‌واشه‌کارییه‌ی (س.به‌هاددین)  پێشتریش سه‌رانی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی باشوور ده‌یان جار هاوشێوه‌ی ئه‌و قسانه‌یان کردووه‌ و له‌دواییشدا هه‌ر خۆیان ریسوا بوون و متمانه‌ی خه‌ڵکی خۆیان له‌ده‌ست دا. که‌چی تازه‌ به‌تازه‌(س.به‌هاددین)ش ده‌یه‌وێ له‌وشوێنه‌ی سه‌رانی هه‌ردوو حیزبه‌که‌ لێیه‌وه‌ راوه‌ستان ئه‌و ده‌ستی پێبکاته‌وه‌. ئه‌و سیاسه‌ته‌ی که‌وا ئه‌مڕۆ  (س.به‌هاددین)  ده‌یه‌وێ بێپه‌رده‌ و دیماگۆژیانه‌ بیکات و پێشتریش سه‌رانی هه‌ردوو حیزبه‌که‌ ده‌یانکرد، پێیده‌گووترێت" سیاسه‌تی سه‌وداو مامه‌ڵه‌کردن به‌ تێکۆشانی کوردانی پارچه‌کانی تر" مسۆگه‌ر ئه‌م ‌سیاسه‌ته‌ وابه‌سته‌کارییه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی خیانه‌تی نه‌ته‌وییه‌وه‌. راسته‌ ئه‌و حیزبانه‌ له‌سه‌ر حیسابی تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ی گه‌له‌که‌مان له‌پارچه‌کانی تر، توانیان ده‌سکه‌وتێکی ماددی و سیاسی زۆر بۆ خۆیان و حیزب و بنه‌ماڵه‌کانیان به‌ده‌ست بهێنن و ببن به‌ فیرعه‌ونی ئه‌م زه‌مانه‌. به‌ڵام هه‌ر له‌ئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته‌شدا بوو که‌ چه‌ندین شه‌ڕ و پێکدادانی خوێناوی لێکه‌وته‌وه‌، به‌سه‌دان کادیر و پێشمه‌رگه‌ و که‌سایه‌تیش ته‌سلیمی ئێران و تورکیا کرانه‌وه‌ یان کوژران یان سه‌رنگومکران. به‌مه‌ش گه‌وره‌ترین زه‌بر به‌ گه‌لی کورد و دۆزه‌ ره‌واکه‌ی له‌هه‌ر چوارپارچه‌که‌‌دا که‌وت. ئایا  (س.به‌هاددین)یش ده‌یه‌وێ به‌رده‌وامی به‌هه‌مان سیاسه‌تی سه‌وداومامه‌ڵه‌کردن بدات‌؟! ئایا (س.به‌هاددین) تۆش ده‌ته‌وێ به‌کڵاوی ئه‌ردۆغان و گوله‌نییه‌کان سیاسه‌ت بپێوی؟!
حه‌زده‌که‌م راشکاوانه‌ ئه‌وه‌ت پێبڵێم: ئه‌گه‌ر سه‌رانی حیزبه‌کانی تر توانیان هه‌ژده‌ ساڵ له‌ژێر ناوی پاراستنی ئه‌زموونه‌ ساواکه‌مان و ده‌سکه‌وته‌کانی هه‌رێمی کوردستان حوشترمل (نه‌عامه‌)ئاسا راستییه‌کان چه‌واشه‌بکه‌ن و تاره‌دده‌یه‌ک خه‌ڵك بخه‌ڵه‌تێنن و پێی ببن به‌ فیرعه‌ون و ده‌سه‌ڵاتێکی سته‌مکارانه‌ بسه‌پێنن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌چاوی خۆت حاڵیان ده‌بینیت که‌ چۆن ریسوا و ره‌زیل بوونه‌ و هیچ متمانه‌یه‌کیان له‌لای خه‌ڵک نه‌ماوه‌. مسۆگه‌ر ئه‌و رۆژگاره‌ به‌سه‌رچوو که‌ تۆش بتوانیت له‌ژێر ناوی ئایینه‌وه‌ هه‌مان "سیاسه‌تی سه‌ودا و مامه‌ڵه‌کردن به‌ پارچه‌کانی تری کوردستان"  په‌یڕه‌وبکه‌یت و ببیت به‌ خه‌نجه‌ره‌ ژه‌هراوییه‌کی ده‌ست سواره‌ی حه‌میدییان و خۆتی پیبگه‌یه‌نیته‌ ده‌سه‌ڵات. چونکه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌م سیاسه‌ته‌ و ئه‌وانه‌ش که‌ په‌یڕه‌ویان کردووه‌ و ده‌خوازن په‌یڕه‌وی بکه‌ن ریسوا و شه‌رمه‌زاری گه‌له‌که‌یان بوونه‌ و له‌دنیاش هیچ سه‌نگ و رێزیکیان نه‌ماوه‌. گه‌له‌که‌شمان زۆر له‌وه‌ هوشیارتره‌ که‌ راستینه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌ نه‌بینێت. ئه‌گه‌ر تۆش ده‌ته‌وێت ریسوای دنیا و قیامه‌ت ببیت رێگای ئه‌و جۆره‌ سیاسه‌ته‌ کراوه‌یه‌..!! به‌ڵام بزانه‌ که‌ رێگایه‌کی تابڵێی پڕ له‌شه‌رمه‌زاری و سه‌رشۆڕییه‌. به‌راستی بۆ که‌سێک زه‌ر شه‌رمه‌ که‌ خۆی وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی ئیسلامی نیشانده‌دات نه‌زانێت که‌ بوختانکردن و ناحه‌قیکردن و و ناهه‌قیگووتن و نکوڵیکردنی ‌خه‌بات و تێکۆشان و قوربانیدانی خه‌ڵکیتر، ماستاوساردکردنه‌وه‌ بۆ دووژمن، خۆژیاندن له‌سه‌ر خوێن و خه‌باتی خه‌ڵکی تر، بێویژدانی و هه‌لپه‌رستیکردن گوناحی گه‌وره‌ن له‌ئایینی ئیسلامدا..!!
له‌کۆتاییدا ده‌مه‌وێت بڵێم؛ له‌وانه‌یه‌ تۆ و ئه‌و که‌سانه‌ش که‌ کوێرانه‌ متمانه‌یان به‌تۆ هه‌یه‌ به‌م وتاره‌م زۆر قه‌ڵس ببن، به‌ڵام مادام ماف به‌خۆت ده‌دیت قسه‌ له‌سه‌ر حیزب و لایه‌نه‌کانی تر ‌بکه‌یت، ده‌بێت چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی وه‌هاش ببیه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ بزانیت که‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ دژه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ به‌رده‌وام ببیت، ئه‌وا چاوه‌ڕوانی وتاری له‌مه‌ توندتریش ببه‌!!. له‌مه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ ئیمانداره‌ بێگه‌رده‌ش متمانه‌ی به‌ تۆ و ئه‌مسالی تۆ نامینێت و ئه‌وکاته‌ ته‌نیا خۆت و سامانه‌ حه‌رامه‌که‌ت ده‌مێنێته‌وه‌…!!

Previous
Next

Leave a Reply