Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

سوارێکم بەسەر هەناسەکانی خۆمەوە

Be First!
by March 4, 2008 ئەدەب

هەندرێن شێخ راغب….

بەتابوتەکان بڵێن
بە پێوە بوەستن
مردن بێرەدا تێئەپەڕێ ،
بە لێوەکان بڵێن
بە بێ چرپە بجوڵێن
ئایەتێک دائەبەزێ
سەدوهەشتاو دوو هەزار حەرفە،
بە منەکان بڵێن
با لەخۆکوشتنی خۆیان ببنەوە
کاتژمێر نیوەی شەوی ژیانە
بۆ مردن شۆڕ دەبینەوە ،
بەقەرەجەکان وئاوارەکان بڵێن
چرکە هەناسەیەکمان
لەگەلڕ ئەنفالەکان فەرقەوبەس !
هەموو شەوێ روحی ئەستێرەو چۆلەکە سپیەکانی ناو بەهەشت دێنەوە
دەست لە گەردنی ئەستوندەگی یادەوەریمان دەگرن و
تێر تێر روحمان ئەلێسنەوە
تەمەنیان پڕە لە چرکە خوێناویەکانی دەسەڵات و
بەفرە ئەتکراوەکانی دەستی ئەنفال

پڕن لە حکایەتی دەسەڵات وکوژانەوەی رووناکیەکان
بۆیە گوێ گرتن لە ئەستێرەکان
باشترین وەفای ئێمەیە بۆ ژیان وبۆ روناکی
      *   *  *
لێرە
دەسەڵات ئاشێکەو بەخوێن دەگەڕێ
سەرچۆپی یەکە بەدەست کوشتنەوەیە
پەرتوکێکە
رۆژ نیە ئەتک نەکرێ،
ئەی خودا
بمانگێڕەوە بۆ نەبوون
چونکە یەکەم تاوان لە بوونی مندا بۆتۆ دەگەڕێتەوە
یەکەم شکایەت بیکەم لە تۆیەو
دواهەمین گلەیشیم لە تۆوە کۆتایی دێ ..
من گەڕیدەیەکی بێ توێشووم بە دوای چارەنووسم و
بەدەم چاوەڕوانی هەتاوەوە رەق بوومەتەوە
بەدیار پەنجەرەیەکی شەرمنەوە بومەتە پەیکەر،
لەتاسوقی بینینەوەی
کەمانچەیەکی شکاوی ژێر باران و
نۆتە جێماوەکان لە باخەڵی ئەفسەرێکی رەشدا
چرکە بە چرکە کەڵەکە دەکەم …
ئای
لە تاوانی خنکاندنی مۆسیقاو کوێرکردنی شمشالڕ
وەی
لە بێکەسی روناکی ولە ژەهراوی کردنی کانیاو
ئاخ لەمن
منی کوشتەی دووری ئەوو ، ئەوی ئەنفالی دوور لە من
منی گەڕیدە و منی چاوەڕوان بۆ هەمیشە
ئاخ لە من
کە سوارێکم بە سەر هەناسەکانی خۆمەوە
دڵۆپێکم رژاومەتە دەریایەکی لیخن
جەستەیەکم
رۆژ نیە سەنگەرێکم پێ لێ نەدەن و
ژەم نیە ئایدۆلۆژیایەکم بۆ دانەنێن
من بەیەک پەنجە
چەند جۆرێکی ئیمزا لێ دان ئەزانم
بەیەک زمان
فێری چەندان جۆرە قسەکردنی جیاواز کراوم
قسەی ناو هەڵوەرین وقسەی ناو ئەنفال و
قیژەی ناو رۆح دەرچونی گیانی کچێک
کەلەسەر خۆشەویستی تیرۆر کرا ، بە باشی ئەزانم !
من رەنگم دابەش کردووە …
بەیانی رەنگێکم هەیە پڕە لە موعانات
نیوەڕۆ رەنگێکم هەیە پڕە لە برسیەتی
ئێوارە رەنگێکم هەیە پڕە لە تەنیایی
شەوانە رەنگێکم هەیە پڕە لە چەپاندن
منێکیشم هەیە پڕِ لە درۆو
تۆیەکم هەیە پڕ لە بوختان و
ئەوێکم هەیە فێریان کردووە بەس بنوشتێتەوە
ئەوانێکم هەیە لە چنینەوەی سامان و
 پشت گوێ خستنەوەی هەمووان .
* * *
لێرە
دەسەڵات
تەمەن دەخوا و
باڵای بەخوێن زراڤ دەبێ ،
رۆژ دەکرۆژێ و شەو دەکات بە جەژن ،
گوێم لێ بگرن
حکایەتی زوقم لە قوڕگی شیعرمەوە ئەڵێ :
ئەو رۆژەی کە یەکەم زەنگی دۆڕاندنی مرۆڤایەتی لێی دا ؟
ئەو رۆژە بوو
کە یەکەم هەناسەی مناڵێکی هەڵەبجە وەستا
کە یەکەم مرۆڤی کورد بەبێ تاوان زیندەبەچالڕ کرا
کە یەکەم ژنی کورد
مەمکی پڕبوو لە کیمیاو بە قوڕگی مێژوویدا کرد.
* * *
مێژووم
جامێکی پڕەو خوێنی لێ ئەڕژێ
تەمەنم گۆزەیەکی پڕەو
کارەساتی لێ هەڵدەقوڵێ
ئەم شیعرەشم
تنۆکێکی وشەیەو
لە نێو چەوانی ئەنفالەوە ئەتکێ .
* * *
کە گوڵە خەو لێ کەوتوەکانی ناو لم
لە بیابانەکانەوە دێن و
ژێی کەمانی روحم دەژەنن
روحم دەبێتە ئاوازو
قوڕگم پڕ دەبێ لە گۆرانی و
سێبەرم بەدەم رەشبەڵەکەوە
پێکەنینە جێماوەکانی ناو کەلاوە روخاوەکان
ئەکاتەوە بەسەر لێوی ئەستێرە لێک دابڕاوەکانی
ئەوبەری کانی وئەوبەر چەم وئەوبەر شەقام
گوێ بۆ سرودە تەنهاکانی بیابان بگرن و
لە ئاوازی هەڵوەرینی گەوهەرەکان ورد ببنەوە
چونکە
خودا نامانبورێت گەر بیابان لە یاد کەین
تەرمی ئەستێرە کوژاوەکان نەهێنینەوە بۆ خاکی بەفر
ئەوەتا ئەستێرەکان دوای درەوشانەوە
لە جەژنانەی گەڕانەوەی عەشق وەک نوقلانە
سرودەکان دابەش دەکەن
لە هێلانەی چۆلەکەیەکی خنکاوی هەلەبجەیان پێچاوەو
هەمومان پڕ دەکەن لە سرود
چۆلەکەکان باڵیان لە سرود لێ رواوە و
بەسەر غەریبیماندا ئەنیشنەوەو
پێمان ئەلێن :
هانێ سرودێکی سپی
نوری لێ دەچۆڕێ و
فریشتەکان دەیچڕن ..
ئاوازەکەی "گۆڕستانی چراکان " (1)ەو
کانیاوەکان بە کۆرس
بۆ ڤیستڤاڵی ئاوەدانی ئەیڵێنەوە .
هانێ سرودێکی سەوز
لەبەهاری هەلەبجە ئەچێ و
گەش ..گەش بەرووی ژیاندا ئەتریقێتەوە
جوان ..جوان سروشتی لە ئامێز گرتووەو
قژی شەمالڕ شانە ئەکات
ئەم سرودە بوو
سپێدەی موتوربەی شەمالڕ کرد .
هانێ سرودێکی سور
سەدو هەشتاو دوو هەزار دڵۆپە خوێنی پێوەیەو
سەدو هەشتاو دووهەزار کۆرس ئەیڵێنەوە
سەدو هەشتاو دوو هەزار دەنگ
پڕ بە قوڕگی مرۆڤایەتی ئەیچڕن
وەلێ مەخابن
هێشتا نیوەی مرۆڤایەتی نە گوێیان لێ یەو
هەشە نازانێ من سرودێکی سورم و
ماڵم لە چۆڵترین بیابانە .
هانێ سرودێکی زەرد
وەک رەنگی ژنێکی ئەنفال
پێش ئەوەی زیندەبەچالڕ بکرێ و
کۆرپەی نێو باوەشی لە جگەری بکەنەوە
وەک رەنگی کەشیدەی حاجیەک
کەلەگەلڕ قورئانێکدا پێکەوە سوتێنران ..پێکەوە خنکێنران ..پێکەوە ئەنفال کران ..!
هانێ سرودێکی باران
کە پڕیەتی لە چوار هەزار کانی وشککراو
چوار وەرزی هەڵوەریوو
کە پڕیەتی لەچوار هەزار قیبلەی عەشق
چوار هەزار لادێی پڕ وەنەوشە
پڕیەتی لە بارینی سەدوهەشتاودوو هەزار گوڵەگەنم
کە پڕیەتی لەچوار پارێزگای تووڕە لە یەک !
هانێ سرودێکی پەمەیی
وەک زەردەخەنەی مناڵێکی ئەنفال
پێش ئەوەی
دەمی پڕ بێت لە پۆستالڕ و
چاوی پڕ بێ لە خۆلڕ
هانێ سرودێکی پەمەیی
تێکەل بە پاکی
خەنەی سەری ژنێکی کورد و
سحری کانیاوێکی پڕ لە ژوان و
درەختێکی پڕ بیرەوەری
کە تەمەنی پەرتوکێکی گەورەیە لە سێبەر بەخشینەوە
بۆ یادگاری کوڕوکچە عاشقەکانی ووڵات .
هانێ سرودێکی ئەرخەوانی
منی تێدایە بەر لە توانەوە
لادێ کەمی تێدایە کە دەمی ناوەتە گۆنای بەفر
ماچێکی تێدایە بەسەر گەنجێگی عاشقەوە کوژراوە
باخچەیەکی سوتاوی تێدایە
ئەو کاتەی پۆستاڵەکان پەرژینەکەیان شکاند
لە حەژمەتان
بە دەنکە شقارتەیەکی نێو چارۆگە رەشەکەی پورە خەجێ
ئاگری لەجەستەی بەردا ..
هانێ سرودێکی خۆڵەمێشی
ژمارەی هەموو نوێژە سەربڕاوەکانی
باپیرە ئەنفال کراوەکەمی تێدایە
دەنکە تەسبیحەکانی دەستی تێدایە
ئەو سرودە چیرۆکی خۆڵەمێشی
سەدو هەشتاو دوو هەزار نوێژی سپی
کوژانەوەی پێنج هەزار ئەستێرەی روناک و
ئەتک کردنی هەزارو چوار سەدسالڕ موسوڵمان بونی کوردە
هانێ سرودێکی نیشتمانی
ئەو نیشتمانەی خوێنی لێ ئەتکێ و
جەستەی وردو خاشە بە برین
ئەو نیشتمانەی گوڵی رواند و
کەچی دڕکی دووریەوە
ئەو نیشتمانەی بۆتە جەنازەیەک و
شوێنێکی نەماوە لێی بنێژن
* * *
ئیتر چۆلەکەکان
غەریبیمان جێ ئەهێڵن،
بۆژێر باڵی لە فریشتە رواوی نوێژە سپی یەکانی ناو لم و
ئەستێرە هەڵوەریوەکان ئەگەڕێنەوە
چونکە ئەزانن
گەر ئێمەش فەرشی روحیان بۆ رانەخەین
خودا بە فریشتەکانی گوتووە :
کە هاتنەوە
هەر لەیەکەم دەروازەی بەهەشت
باڵەکانیان بۆ رابخەن
چاوەکانیان پڕ کەن لە پڕشنگی بەهەشت و
بە نور دایانپۆشن
سەریان بخەنە سەرکۆشی ئەوینتان و
بە بۆنی سێوەکانتان زامەکانیان ساڕێژ کەنەوە و
بهێڵن بۆ ئەبەد لە ماڵی مندا ئاسودە بن .

(1):ناوی قەسیدەی شێرکۆ بێکەسی شاعیرە .
Handren852@yahoo.com

 

Previous
Next

Leave a Reply