Skip to Content

Tuesday, September 29th, 2020

سووپاس بۆ دانایی و زانایی( مامه‌و کاکه)…. حه‌مه‌کاکه‌ڕه‌ش

Be First!
by March 2, 2008 گشتی

گه‌لی براده‌رینه‌ سه‌یرکه‌ن، هه‌رمیلله‌تێک دووسه‌رکرده‌ی وه‌ک مامه‌ و کاکه‌ی هه‌بێت، ئیتر پێویستی به‌ که‌ره‌می خوایش  نابێت.ئه‌گه‌ر زانایی و دانایی مامه‌و کاکه‌ نه‌بووایه‌، ئێمه‌ چۆن ده‌مانتوانی له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراقی فیدرالدا،ئاوا به‌ ئازادی و سه‌رکه‌شی و سه‌لامه‌تی بژین و هه‌موو شتێکمان ئازاد و پارێزراوبێت، ئه‌گه‌ر زانایی و دانایی مامه‌و کاکه‌ نه‌بووایه‌ له‌وانه‌ بوو ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تای ڕاپه‌رینه‌ مه‌زنه‌که‌ی به‌هاری نه‌وه‌ت و یه‌کدا به‌ نه‌زانی و کوێرانه‌ و له‌ ناو داوی حیزب حیزبێنه‌دا ئاگامان له‌ خۆمان نه‌ده‌ماو بۆ په‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبایه‌تی، باوه‌شمان بۆ مسته‌شارو ئه‌نفال چییه‌کان بگرتایه‌ته‌وه‌و بمانکردنایه‌ته‌‌ قاره‌مانی خه‌باتی نهێنی و له‌ هه‌موو خیانه‌ت و خۆفرۆشی و کورد فرۆشی و خاک فرۆشییه‌کیان خۆش بووینایه‌، نا سووپاس بۆ زانایی و دانایی مامه‌و کاکه‌ که‌ نه‌ یانهێشت تووشی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌بین و جاش و خۆفرۆش و شه‌هیدو جه‌للاد تێکه‌ڵکه‌ین و هه‌موویان به‌یه‌ک چاو سه‌یرکه‌ین و جارێکی تر بواریان بدرێتێ ده‌رکه‌ون و په‌نجه‌ به‌چاوی راستیدابکه‌ن و له‌ په‌نای ئه‌م حیزب و ئه‌و حیزب و ئه‌م به‌رپرس و ئه‌و به‌رپرسدا ببنه‌وه‌ به‌ که‌ڵه‌گاو شه‌ق له‌ هه‌موو شتێکی ئه‌م میلله‌ته‌ هه‌ڵده‌ن. سووپاس بۆ دانایی و زانایی مامه‌و کاکه‌، که‌ واده‌رنه‌چوو، من ئه‌م دێڕه‌ ده‌که‌م ڕێفرینی ئه‌م نووسیه‌ سووپاس بۆ دانایی و زانایی مامه‌و کاکه‌ که‌ له‌ دوای ڕاپه‌ڕین به‌ عه‌قڵێکی مۆدێرنی کوردایه‌تی و دادپه‌روه‌رییه‌وه‌، زاڵ بوون به‌سه‌ر عه‌قڵی دواکه‌وتووی هه‌ندێک پێشمه‌رگه‌ی شاخ و کۆمه‌ڵگای کوردی دواکه‌وتوو که‌ نه‌یانهێشت ئێمه‌ی دواکه‌وتووی دوای ڕاپه‌ڕین بۆ په‌رژه‌وه‌ندی حیزبایه‌تی و بنه‌ماڵه‌چێتیی و ئاغایه‌تی ده‌ستمان بچێته‌ خوێنی یه‌کترو شه‌ڕی ناوخۆ هه‌ڵگیرسێنین، ئاخر گه‌لی براده‌رینه‌ ئه‌گه‌ر دانایی و زانایی مامه‌و کاکه‌ نه‌بووایه‌ له‌وانه‌بوو ئێمه‌یش له‌ نه‌زانیی و دواکه‌وتوویی خۆمان، کۆمان له‌ هیچ نه‌کردایه‌ته‌وه‌و شه‌ڕی ناو خۆمان هه‌ڵگیرسانایه‌و سه‌دان ڕۆڵه‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ ببونایه‌ته‌ سووته‌مه‌نی ئه‌و شه‌ڕه‌، سووپاس بۆ دانایی و زانایی مامه‌و کاکه‌ که‌ نه‌یانهێشت ئه‌و شه‌ڕه‌ هه‌ڵگیرسێ و به‌و قۆناخه‌ تاڵه‌دا تێپه‌ڕین، به‌ڕێزان خۆتانده‌زانن به‌هۆی ئازادی کوردستانه‌وه‌ زۆر تاقم و ده‌سته‌و حیزب و میزبی تر له‌کوردستان باره‌گاو ماڵ و لانه‌یان هه‌یه‌ تاده‌گات به‌ کادیرو پێشمه‌رگه‌ی حیزبه‌کانی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و باکورو زۆریتر، سووپاس بۆ زانایی و دانایی مامه‌و کاکه‌ که‌ رێگه‌یان نه‌دا بۆ جارێکیش به‌رپرسێک کادیرێک ئاغایه‌ک بتوانێت پێشمه‌رگه‌یه‌ک کادیرێکی دیموکرات یان کۆمه‌ڵه‌ یان پێکه‌که‌ تیرۆرکات،یان  بۆ خاتری ئیتلاعات و میت ژێر به‌ژێر بدرێنه‌وه‌ ده‌ستی جه‌للاده‌کانی ئێران و تورکیا، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌ر بڵێم: سووپاس بۆ زانایی و دانایی مامه‌و کاکه‌،دواتریش له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی رزگاری عێراق مامه‌و کاکه‌ توانیان ببنه‌ هاوپه‌یمانی گۆشت و خوێن و سپێرمی ئه‌مریکاو به‌زانایی و دانایی خۆیان توانیان به‌ردی بناخه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ دابنێنن و هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ توانیایان هه‌موو مافه‌کانی کورد له‌ قانونی عێراقدا بچه‌سپێنن و که‌رکوک بگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر خاکی کوردستان و سنووری هه‌رێمیکوردستان له‌ عێراقی فیدرالدا دیاری بکه‌ن و له‌ سایه‌ی هاوپه‌یمانی بوونی کوردو ئه‌مریکا مامه‌و کاکه‌ توانیان دیوارێکی دڵنیایی و ئارامی به‌ده‌وری هه‌رێمی کوردستاندا دروستبکه‌ن، ئه‌گه‌ر دانایی و زانایی مامه‌و کاکه‌ نه‌بووایه‌ دوای ڕوخانی حکومه‌تی عێراق کێ ده‌یتوانی ناوبژیوانی شیعه‌و سونه‌ بکاتو له‌یه‌کیان نزیک بکاته‌وه‌ تا حکومه‌تی عێراق له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێ، لێره‌دا ده‌مه‌وێت داوا له‌ خوای گه‌وره‌ بکه‌م که‌ مامه‌و کاکه‌ ته‌مه‌ندرێژبن.هه‌رچه‌نده‌ ده‌زانم ،زۆر زڕه‌  نووسه‌ر و زڕه‌  ڕۆژنامه‌ نووس   گله‌و ره‌خنه‌یان له‌ عه‌قڵی مامه‌و کاکه‌ ده‌گرت و ده‌یانوت نابێت مامه‌و کاکه‌ هه‌ر هاوپه‌یمانی فشه‌ی ئه‌مریکابن، نابێت مامه‌و کاکه‌ هه‌ر خه‌ریکی ناوبژیوانی شیعه‌و سونه‌ بن و که‌رکوکیس نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر خاکی کوردستان، من لێره‌دا ده‌لێم نا براده‌رینه‌ مامه‌و کاکه‌ هاوپه‌یمانی گۆشت و خوێنی ئه‌مریکان ئه‌گه‌ر مامه‌و کاکه‌ هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا نه‌بوونایه‌ بۆی هه‌بوو ئێستا یه‌کێک له‌ ده‌وڵه‌ته‌ دراوسێکانمان بۆ نموونه‌ تورکیا به‌ به‌هانه‌ی په‌که‌که‌وه‌  هێرشی بکردایه‌ته‌ سه‌ر خاکی کوردستان و ئه‌و کات هیچمان بۆ نه‌ده‌کراو ئه‌زموونی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ ئه‌وه‌ زانایی و دانایی مامه‌و کاکه‌یه‌ که‌ ئه‌نجامی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ ناهێڵێ هیچ ده‌وڵه‌تێک بتوانێت له‌شکرکێشی بکاته‌  سه‌ر خاکی هه‌رێمی کوردستان.

سوید

Previous
Next

Leave a Reply