Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

سوپاى مەهدى جمكانەكەى قاعیدە

Be First!
by April 12, 2008 گشتی

  بەسەرهاتى چەند رفێندراوێكى دەستى میلیشاى سەدر ….
 ئومێد مەحمود …….
 
 باسى ئەو تاوانانەى كە دراونەتە پاڵ میلیشیاكانى سوپاى مەهدى لەشارەكانى عێراقدا بەتایبەتى لەشارى بەغدا، باسێكى دووورو درێژەو لەچەند لاپەڕەیەكدا تەواو نابێ، بەپێى وتەى ئەو كەسانەى كە لە ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى ئەو سوپایەدا دەژین، لەدەرەوەى تواناى ئینساندایە، تاوانەكانى وەك كوشتنى بەئاشكراو رفاندن، دەستدرێژى سێكسىو .. رۆژانە لەلایەن ئەو سوپایەوە پراكتیزە دەكرێت، رەخنەگرتن یان تەنانەت ناڕەزاییدەربڕین بەرامبەر بە هەریەكێك لە سەرانى ئەو سوپایە سزاكەى مەرگە.. هەر بەهەمان رەفتارو هەڵسوكەوتەكانى قاعیدە لەناوچەكانى ژێردەسەڵاتیاندا لەناوچە سونییەكاندا.. كە بەردەوامبوونو درێژكراوەى رەفتارە شۆڤێنیەكانى بەعسو فیداییەكانى سەدامە.. روخسارى مڕومۆچو چاوزەقكردنەوەو سەرى تاشراو پێچراو بە پارچە پەڕۆیەكى سەوزو رستەى(یا مهدى ادركنی)ى لەسەر نوسراوە، جلو بەرگى رەشو چەكى شانو دەستیان سیماى ناسراوى ئەم میلشیایانەیە، لەو ناوچانەدا ئەم سوپایە خاوەنى هەموو شتێكن.. لە دڵۆپىَ ئاوى ناو بەلوعەكانەوە تا ژیانو چارەنووسى تەنانەت پیرەژنێكو منداڵێكیش..
 "یەكەمجار كە رفاندمیان داواى (50) دەفتەر دۆلاریان لە باوكم كرد، لەبەرامبەر ئازادكردنم، یان دەمكوژن، بەڵام دواى پاڕانەوەو دەخیلبونیان كردیان بە (10) دەفتەر، باوكم ناچار هەموو ئەو پارەیەى بە قەرزو كۆمەكو یارمەتى دۆستو برادەرو خزمەكانمان كۆكردەوەو پێیدان"
 ئەمە گێڕانەوەى (سەرمەد)ە بۆ (هەواڵ) كە ناوى خوازراوى ئەو لاوە كوردە تەمەن (21)یە كەلە گەڕەكى (باب الشرقى) كاسبكارەو لە مانگى 8/2007 میلیشیاكانى سوپاى مەهدى رفاندویانە.لەبەر سەلامەتیى ژیانى پێیباش بوو ناوى راستەقینە ئاشكرا نەكرێت.
 جنێودان و لێدانو ئەشكەنجەدانى نێچیرەكانیانو بێحورمەتیكردن بە كەسوكاریان یەكێكى ترە لە سیما قێزەونەكانى ئەم مافیایانە..
 (سەرمەد) دەڵىَ:"هەر جارێك كە تەلەفۆنیان بۆ باوكم دەكرد بۆ پارە، هەزار جنێوى بازاڕىو ناشیرینیان پێدەداو نەیان دەهێشت هیچ بڵێت.. كاتێكیش كە وادەى پارەدانو گۆڕینەوە دوادەكەوت ئەوە قینى خۆیان بە ئەشكەنجەو لێدانم دەڕشت"
 هەروەها ناوبراو دەڵىَ:"هەردوو چاویان بەستبومەوە، دواى هەفتەیەك لە چاوەڕوانى لەگەڵ باوكمدا بۆ هێنانى پارەكە، بۆ ئەوەى زیاتر باوكم هانبدەنو بیترسێنن، دەیاندامە بەر كێبڵو تەلەفۆنیان بۆ باوكم دەكرد تا گوێى لەهاوارو ناڵەم بێتو ئازارى دەروونی باوكمیان دەدا، هەروەها لەكاتى كۆبونەوەكانى خۆیشیاندا بۆ ئەوەى گوێم لەهیچ نەبێت، هێدفۆنیان دەكردە گوێمو بەدەنگى زۆر بەرز ریكۆردەكەیان دەنگ دەدا، كە زۆر ئازارى دەدام"
  لە وەڵامى پرسیارى ئەوەى كە چى بینیوە لەكاتى رفاندنیدا كە بیرى ناچێتەوە وتى:"من چاوم بەسترابوو، بەڵام پاسەوانەكەم بۆیگێڕامەوە كە رۆژێك گەنجێكیان رفاندوە، دواى ئەوەى (5) دەفتەر دۆلاریان لە باوكى سەندوە، دواتر بە تەلى كارەبا سەریانبڕیوە، چونكە وەك پاسەوانەكە دەیوت: سەگێكى سوننە بوو"
 چۆن ئەوەت زانى كە ئەمانە سەربە (سوپاى مەهدى)ن ؟ (سەرمەد) وتى: ئەوكاتەى چواردەوریان گرتمو بەزۆر كردمیانە ناو سەیارەیەكەوە لە نزیك (فلكەى بیروت)، چاوەكانمیان بە تێپى رەش بەستو عەینەكێكى رەشیان كردە سەرى، دواى ئەوەى لە(قناە) پەڕینەوە بەربەستەكانمان هاتە پێش كە من خۆم شارەزاى ئەو شوێنەم كە دەچىَ بۆ (مدینە الێدر)، لە بازگەكەش كە رایانگرتین گوێملێبو سەربازى بازگەكە وتى: (تفچل سیدی)، جگە لەمەش هەموو سەیارەكانیان مۆدێلى بەرزو تازە بوون لە جۆرى (بیكاچۆ) كە وەزارەتى ناوخۆ زۆرى لەو سەیارانە هەیە"
 تۆ دەڵێى چاوم بەسترابوو ، چۆن جۆرى سەیارەكانت زانى؟ (سەرمەد) لەوەڵامدا وتى:"لەبەر ئەوەى لەژێر ئەو تێپەى كە چاومیان پێبەستبوو دەمتوانى تا رادەیەك دەرەوە ببینم"
 (ئەحمەد)ناوى خوازراوى رفێندراوێكى ترە لەلایەن (سوپاى مەهدى)یەوە، هەر لەبەر هەمان هۆ پەیمانیان لە(هەواڵ) وەرگرت كەناوى راستەقینەیان بڵاونەكاتەوە، (ئەحمەد) تەمەنى (50) ساڵەو سوننە مەزهەبە، لەكاتى رژێمى بەعسدا هەر دوكاندار بووەو زۆریش رقى لە رژێمى بەعس بووە، وێڕاى ئەوەى دەرچووى كۆلێژە، بەڵام لەهیچ فەرمانگەیەك دانەمەزراوە. خاوەن (3) منداڵە.
 نێوەڕۆیەكى ساڵى 2006 لە دوكانەكەى خۆى هەر لە (باب الشرقى) دوو سەیارەى لاندكرۆزى پڕلە چەكدار دێنە سەرىو دەیڕفێنن بەرەو شوێنێكى نادیار.. ناوبراو ئێستاش ناوێرى تەواوى بەسەرهاتەكەى باس بكات، بەڵام ئەوەندەى بۆ(هەواڵ) دركاند: دواى ئەوەى كەسوكارمیان ئاگاداركردەوە، هەندىَ خەڵكى خێرخواز كەوتنە واستەو قوربانو دەخیل بوون  لەلاى سوپاى مەهدى.. بەڵام سەرانى ئەو تۆڕە وتبویان لەبەر ئەوەى راپۆرتى زۆرى لەسەر نوسراوە ناتوانین ئازادى بكەین.. بەهەرحاڵ، دواى ئەوەى لاقیان سووتاندمو هەموو گیانیان شەڵاڵى خوێنكردم لەژێر ئەشكەنجەدا، ئازادیان كردم"
 كەسێكى نزیك لە كردەوەو رەفتارەكانى (سوپاى مەهدى) كە ئەویش نەیویست ناوى ئاشكرا بكرێت بۆ(هەواڵ)ى باسكرد كە لەبەر چاوى خۆى بینیویەتى خەڵكیان بە (پاترى سەیارە) كوشتوە.
  ئەم سوپایە لەسەرەتاى ساڵى 2004دا وەك رێكخراوێكى نیمچە سەربازى دواى روخانى سەدام پێكهات، لەئاكامى پێكدادانێكى نێوان هێزێكى بچوكى سوپاى ئەمریكىو كۆمەڵێك لەئەندامانى سەربە تەیارى سەدر لە ناوچەى (مدینە الێدر)، كاتێك یەكێك لەئەندامانى ئەو گروپە ئاڵاى مەهدى بەعامودێكى كارەباوە هەڵدەواسنو ئەو هێزە ئەمریكیەش دایدەگرێتە خوارەوە.
 پێكهاتەى خوارەوەى ئەم سوپایە بریتیە لە سوپایەكى فراوانى بێكارانو كەسانى ئاست نزم لە رووى رۆشنبیرى گشتىو ئاینییشەوە، بێبەش لە هەموو جۆرە زانستو مەعریفەیەك، كەلە سەردەمى بەعسدا زۆربەیان (متعاونى ئەمن)و ئەندامانى خوارەوەى بەعس بوونو سەربە مەزهەبى شیعەن، جگە لەو هەموو زیندانیەى كەلەسەر دزىو كوشتنو بوارى ئاكارو ..هتد، زیندانى كرابوونو پێش روخانى رژێمى سەدام بەماوەیەك بۆ ئامانجى سیاسى ئازادكران.
 پێكهاتەى سەرەوە واتە سەركردایەتییەكەى ئەوە لە بەعسیە پلە بەرزەكانى شیعە پێكهاتوون كەلە ئەنجامى ترسو خۆسازان لەگەڵ رۆژگاردا خۆیان خزاندووەتە نێو ئەو رەوتەوە.. ئەندام پەرلەمانەكانى رەوتى سەدر پێكهاتوون لە كۆنە بەعسیو ئەفسەرەكانى دەزگاى موخابەراتو ئەمنى رژێمى سەدام.. هەر لە فەلاح حەسەن شەنشل كە ئەندامى قیادەى فرقەى(الشعب) بوو تا حەسەن ئەلروبەیعىو ئەسما موسەوىو غوفران ئەلساعدى .. ساڵح عەگێلى كەخاوەنى (وسام رافدەین)ە كە سەدام پێیبەخشیوە.
  (ابو درع)، وەك زەرقاوى بۆ هەموو كەسێكى عێراقىو بەغدایى ناسراوە، كە چ تاوانكارێكى خوێنڕێژ بوو، تەنانەت وەزارەتى ناوخۆى عێراق سڵیان لێدەكردو نەیاندەوێرا پێبڵێن سەرى چاوت بڕۆیە، كەلەم دواییەدا هەواڵى كوشتنى لەلایەن سوپاى ئەمریكاوە راگەیەندرا..  
 سروشتو پێكهاتەى سیاسىو ئایدیۆلۆجىو سەربازیى ئەم سوپایە ئەو مەتریاڵە پێویستەى دەستى كۆمارى ئیسلامى ئێرانە كە بتوانىَ هەموو ئامانجو ئەجندا شارەوەكانى خۆى لەژێر پەرەدەى ئەم سوپایەدا جێبەجێبكاتو گەر بۆ ماوەیەكیش بێت زەبرى ئەمریكا لەخۆى دووربخاتەوەو خۆى لە كاریگەرییەكانى نێو عێراقى دواى روخانى بەعس بە دووربگرىَ. بەڵام ئەوەى پێویستە ئاماژەى بۆ بكرىَ، بڕیارى ئاگربەستو شەڕراگرتن بوو لەلایەن سەرۆكى رەوتى سەدرەوە، هەروەها راگەیاندنى موقتەدا سەدر كە وتى: ئەو كەسەى هاوڵاتیانو دەزگا ئەمنیەكان دەكاتە ئامانج، هیچ پەیوەندییەكى بە رەوتى سەدرەوە نیە"ئەمەش جێى پرسیارو سەرنجدانە؟!
 
   
omeedmahmood@yahoo.com
    
 

Previous
Next

Leave a Reply