Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
سوڵتانەخانم و چوار مێرد !.. نادین البدیر

سوڵتانەخانم و چوار مێرد !.. نادین البدیر

Closed
by November 30, 2011 گشتی

زۆر گەڕام بە دوای ژیری لەوەدا کە پیاو چەند ئافرەتێک مارەبکات، ژیری لە نوستنی لەگەڵ یەکی، لای یەکێکی تر نان بخوات ، بگەڕێتەوە تا لەگەڵ سێيەمدا بنوێت…
بەڵام وەڵامم نەدۆزیەوە.
ئەوە زۆرسەرسامی کردم کە ژن قەبوڵ بکات رۆڵی ژنی یەکەم، دووەم، سێيەم یان چوارەم ببینێ.
لە کاتی منداڵی و هەرزەکاريمدا زۆرجار پرسیارە کۆنەکەم لە خێزانی خاڵم دەکرد: لە بەرچی بێدەنگیت هەڵبژاردوە بەرامبەر خاڵم کە ژنێکی تری هێناوە؟
 وەڵامەکەی بە درێژای سالانێکی دوور و درێژ نەگۆردرا، بەبەردەوامی بە پرسیارە مناڵکارانەکەم بە پێی تێگەیشتنی ئەو، پێدەکەنێ و لە وڵامدا دەیگوت هیچم لە دەست نایەت.
 هەمان پرسیارم لەچەند ئافرەتێکی تر کرد. وەڵامەکانیان لە یەکتر دەچوون، دەکەوتنە چوارچێوەی (هیچمان لە دەست نایەت).
بە دراوسێکەمانم گوت: بۆچی (هیچت لە دەستنایەت)؟
ناوبراو بەهۆی شۆکی ژنهێنانی مێردەکەيەوە تووشی هەوکردنی دەمارەکان ببوو، پێیگۆتم ئەمە مافێکی ئاسمانیەتی.
> ئایا ئاسمان رێدەدات مرۆڤ بگری؟ دڵی ئافرەتەکان بسووتێت؟ ئاسمان دادپەروەرە.
> ئەمە سونەتی پەروەردگارە بۆ دروستکراوەکانی… ئێمە لە ژێرەوەین ئەوان لە سەرەوە، ئێمە ئافرەتین ئەوان پیاو. گرنگترین شت ئەوەیە کە ئێمە ڕۆژی لێپرسینەوەمان بۆ دەمێنێتەوە.
تەنها یەکێک وەڵامێکی دامەوە کە لە کاتی خۆیدا تێینەگەیشتم، گوتی: هەموو شتێک کاتی خۆی هەیە.
ئەویش دایکم بوو.
زۆرم بێزارکرد لەوانەیە زۆرتر بریناریشم کردبێت کاتێک کە پرسیارم لێ دەکرد: چۆن پاساو دەهێنيتەوە؟ بۆ بێدەنگیت هەڵبژاردوە لە کاتێکدا دەزانیت کە باوکم بە ئاشکرا ونهێنی بریندارت دەکات، لە کاتێکدا تۆ رۆشنبیر و تێگەیشتوی؟
گوتی: هەموو شتێک کاتی خۆی هەیە ئافرەت لە توڕەبوون بەهێزترە.
> بەڵام ئەوە خودی لاوازیە، بەو جۆرە من بۆ شتەکان دەڕوانم. چۆن ئافرەت بێدەنگ دەبێت و ئەو بێدەنگیە بە سەرچاوەی هێزو وزە دادەنێت؟خۆی لە خشتە دەبات و وادەزانێت کە رۆژێک دێت ئەوناپاکە داوای لێبوردنی لێدەکات؟ بۆئەوەی هەڵەکەی چاکاتەوە؟ بۆ ئەوەی داوای لێبوردنکات؟ بۆ ئەوەی تۆڵەی لێبکەيتەوە؟ ئەو کاتە چیە کەهێشتا نەهاتوە؟
ئنجا ناوزڕانەکەی سەرۆکی پێشوی ئەمریکا بیل کلینتۆن لەگەڵ مۆنیکا لوینسکی هاتە پێش بۆ ئەوەی سەرسامی من زیادکات لە بەر دوو هۆ:
یەکەمیان ئەم ناوزڕانە قەبارەی جیاوازی مرۆڤایەتی نێوان ئێمە و رۆژئاوای بۆ ئاشکراکردم.. چەپڵە رێزانی رۆژهەڵاتەکەمان بۆ داوێنپیسی پیاوەکانی،خۆهەڵکێشانی بە ژمارەی ژنەکانیان و خۆشەویستەکانیان لە کۆمەڵگادا وەک هێمایەک بۆ پیاوەتی پیاوەکانی وبەخشندەييان، لە بەرامبەردا هەوڵدانی رۆژئاوا بۆ کەلاخستنی سەرۆکە خێزاندارەکەیان کاتێک کە داوێنپیسیەکەی ئاشکرا بوو.
هۆی دووەم بێدەنگی ئەو ئافرەتەرۆژئاوایيەبوو کە لە بارەی ئافرەتەوە سەرسامی کردم، یان من هێشتا کارامانەبووم، هێشتا پچوکترم لە تێگەیشتنی، کاردانەوەکەی لەوە بەهێزتربوو کە من لێی تێبگەم.
> ئەم ئافرەتە بە راستی شێت بووە، ئەو بێ هێزە بە هەموو هێزی بەرگری دەکات لە مێردەکەی کە هەموو کەسێک تاوانباری دەکەن بە ناپاکی لە ژیانی پيشەيی وهاوسەرێتیدا. هەتا ئێستا کاتێک کە باسی دەکات ئاماژەی پێ دەکات بە (سەرۆکی گەورەم) بۆچی؟ تەنها لە پێناوی نازناوی هاوسەری سەرۆکدا؟
ئیمرۆ دوای چەندان ساڵ دەبینم کە هیلاری خۆی پاڵاوتوە بۆ سەرۆکایەتی هیوادارم ئەو پێشبرکێيە بباتەوە بۆ ئەوەی فەرمانرەوايی عەرەبەکانمان بکات ئەوانەی کە ئامادە نین ئافرەتێک ببێ بە دەسەڵاتدار.
شتێک لە ناخمەوە پێشکەوتنەکانی هیلاری کرد بە جۆرە لێکدانەوەيەکی وەڵامەکەی دایکم، بێدەنگ بوونی هیلاری پێش چەند ساڵێک، بێدەنگی خێزانەکەی خاڵم و دراوسێکەمان وهەموو ئافرەتەکانی کە رۆژێک لە رۆژان وام دەزانی لاوازن. بێدەنگ بوونی هیلاری نەبوایە لە کاتی ناوزرانەکەدا ئیمرۆ نە دەگەیشتە ئەو ئەنجامە مێژوییە.
ئەمەیە ئەو کاتەی ، ئێستا هیلاری لە ناویدا دەژی، ئەمەشە هێزی مێینە کەواتە ئەمە بناغەی گەمەیەکی رامیاری سەيرە کە پەیوەندی ژن لەگەڵ پیاو رێکدەخات.
پیاو وادەزانێت کە بە ماسولکەکانی گەردون دەجوڵێنیتەوە، تابلۆ بۆ ئافرەتەکانی دەکێشێت، پەخشان و عەشقدارييان بۆدەنێرێت ، پێش ئەوەی دەستکات بە ڵێدان و ئازار دانیان، ئافرەتێش نەخشەدەکێشێت، بلیمەتە  لە نەخشەکێشان، و هێڵەکانی ئایندەی پێ ئەچنێت. کەواتە لاوازەکە بلیمەتتربوو، بەڵام سەرکەوتنەکەی هیلاری وەڵامی پرسیارە کۆنەکەمی نەدایەوە.
کەواتە ئافرەتێک وازی لە هەمووشتێک هێنا لە بەرخاتری ناپاکی پیاوێک، ناپاکی لێرەدا فرەژنيش دەگرێتەوە، ئەوەش بەڕای من ناخۆشترین جۆرەکانی جیاوازیکردنە لەدژی ژن، جائایا ئەمە ئەوە دەگەێنێت کە ئافرەت لاوازە؟ ئەگەر هیلاری دەرفەتێکی مێژویی و ژینگەی گونجاوی لەبەردەما بوبێت و بەوهۆیەوە بێدەنگی هەڵبژاردبێت ، ئایا ئافرەتە غەمبارەکانی ئێمە چی پاڵیان پێوە دەنێت کەلە بەردەم زۆرداريی پیاوە ژنهێنەرەکاندا بێدەنگ بن؟
لە حەرەمسەرای کۆشکی توبکابیی لە ئەستەمبول هاتوچۆمدەکرد، چومە ديوەخانی سوڵتانەوە کە ئێوارەخوانی لێدەکرد لەگەڵ ژنەکانی و کوڕەکانی و ژمارەیەکی بێ کۆتایی کەنیزەکان…. پێش ئەوەی گەڕانەکەم بەناو هەموو کۆشکە گەورەکەدا تەواوبکەم دەرچووم، کە سوڵتان لەوێ پاڵی لێدابۆوەو بەبەراورد لەگەڵ ئەو رووبەرە فراوانەی خاکەکەيدا بەشێکی پچوکی تەرخان کردبو بۆحەرەمسەرا.
لەديوەخانی سوڵتاندا هاوسەرەکانی سوڵتان لە سوچێکی تایبەتدا دادەنیشتن و کەنیزەکانیان دەبینی چۆن بۆ مێردی تاقانە… سەما دەکەن و نازدەکەن.
پلەبەنديی ئافرەتەکان خانمە ژنەکانيان لە کەنیزەکە سەماکەرەکان جیادەکردەوە، بەڵام هەموویان گروپە کاروانێکن لە کۆیلە. گەڕامەوە بۆ هەمان پرسیار: لەبەر چ هۆیەک ئافرەتی حەریم ئەو لوژیکە نزمەو ئەو سووکایەتی پێکردنە پیاوسالاریەیان پەسند دەکرد؟
حەریمی عوسمانیەکانم زۆر لا سەيرنەبوو، لەبەر ئەوەی رۆژێک لە رۆژان وەک کچێک لەناو حەریمدا دەژیام، پێشم وانیە کە ئافرەت لەهەندێ لە دەوڵەتانی عەرەبيدا پێشکەوتبێت بە بەراود لەگەڵ کاتی عوسمانیەکان، لەبەر ئەوەی کاروانی کۆیلایەتی رۆژ لەدوای رۆژ پڕتردەبێت.
ئێستا تێدەگەم کە کاروانی کۆیلەکان ترسيان ياخود بەرژەوەندیان بەهێزترە لە ئازادیان.
 لە کۆشکە عوسمانیەکە هاتمە دەرەوە بە سەرئەنجامێکی گرنگ ئەویش ئەوەیە کە بێدەنگيی ئافرەت بێدەنگیەکی مێژوییە.
                                                   ***
لە کۆتایدا وەرسبووم لە بەردەوامبوونی پرسيار لە نەرێنی ئافرەت بەرامبەر بە جیاوازیکردنی لەگەڵ پیاوداو، لەجياتيی ئەوە خەودەبینم بە ژیانێکی دادپەرورترەوە، ئەورۆژەی کەمنیش دەبم بە سوڵتانێک، دەیان کۆیلەو مێرد لە دەور و پشتم دەبن. یەکێکیان سەما دەکات ئەوەی تریان چەپڵە لێ دەدات و سێيەمیان هیواداری سەرنجێکە لەمنەوە.
زۆرجار دەکەومە بەر هێرشی رەخنەی تێژی نێرينەکان لەبەر ئەوەی داوا دەکەم فرەژنی قەدەغەبکرێت وەکو چۆن کۆیلەیەتیمان قەدەغەکرد لە کاتێکدا ئیسلام حەرامی نەکردوە.
دەکەوتمە بەر رەخنەی زۆر تيژترکاتێک کە دەم پرسی هۆکاری چييە ئافرەت فرە مێرديی لێ قەدەغە کراوە . تەنانەت گەیشتە رادەی ئەوەی یەکێک لە قوتابخانە ئاینیەکان تاوانباریان کردم بە لادەر لە ئاین کاتێک بۆ یەکەمجار لەژیانمدا دەربارەی فرەیی پرسیارم کرد:
ئەگەر فرە ژنی ئەو هەموو لایەنە باشیەی هەیە کە باسيان دەکەيت ئەی لەبەرچی بۆ من فرەمێردی قەدەغەیە ؟
کاتێک کە مەزن بوم و وەڵامێکی دڵنیاکەرەوەم نەدۆزیەوە لە بەرچی پیاو بۆی هەیە چەند ژنێک نازی هەڵگرن، دەگەڕام بۆ وەڵامێکی سەلمێندراو کە لە بەر چی لەونازە بێبەشکراوم.
– رێگەی فرەيی بدەن بەمنیش، ئەگەر بەراست چێژو لەزەتی لێ دەبینن.
= سۆزانیەتيە باسی وا بکەیت ئەوە لەوە دەچێت باسی خواستی جوتبون بکەیت لەگەڵ چەند پیاوێکدا.
– ئەی کەواتە بۆ پیاو شەرم ناکات لە دەربڕینی وەها خواستێکدا؟
=ئافرەت دەرەقەتی فرە پیاوی نایەت لەلایەنە فیزیۆلۆژیەکەو بایۆلۆژیەکەوە.
– کێ ئەمەی گوت؟ بۆ نمونە ئافرەتی داوێنپیس و، لەشفرۆشەکان، هەموویان دەيانجار لەگەڵ دەیان پیاو سێکس دەکەن.
= ئەی ڕەگ و رێشەی مناڵەکان؟
– ترشی جێنەتیکی (دی ئێن ئا) دیاری دەکات.
= ئایا پشکنینی ترشی جێنەتیکی (دی ئێن ئا) ی هەموو مناڵێک بکەین کە بێتە ژیانەوە.
– رەنگە شتێکی باشبێ پشکنین بۆ هەموو لەدایکبوەکانی رۆژهەڵاتە عەرەبیەکەمان بکەین.
ئەگەر دەتانەوێت بەردەوام بن لە سەر بێ دادی با بە سەر هەمووماندا پیادەبکرێت.
ئەزانن کەمێک دڵخۆشدەبم کاتێک روخساری پیاوێک دەبینم توڕە دەبێت و   بەهۆی گفتوگۆ دەربارەی ئەم بیرکردنەوەیەوە نارەزایە، لە کاتێکدا ئەو حەزی لێ نیە خێزانەکەی ژنهێنانێکی تری لێ قەدەغە بکات، پێی وایە کە رازی بوون و بێدەنگی بوونی یەکێکە لە بناغەکانی ژیان و پچوکترین ئەرکی ژنە بەرامبەر بە مێرد.
لە کۆتایدا پێم گوت: بۆچی توڕەیت؟ هەست بەئازار دەکەیت؟ بەتاڵيی ناپاکی؟ ئێستا هەستت کرد بەوەی کە ملیۆنەها ئافرەت پێدا تێپەردەبن بەناوی ئاینەوە، بەناوی (سوپای ئیسلام)ەوە کە تۆ زۆربونی ژمارەکەی بە یەکێک لە ئەرکە پيرۆزەکانی ئافرەت دەزانیت.

                                                 ***
من هیچ هۆیەک نادۆزمەوە کە لە کەنداو رێگەی چالاکوانانی ئافرەتان بگرێت کە رەتکردنەوی فرە ژنی ئاشکرا بکەن، لەکاتێکدا هەندێکیان داواکانیان لەنێوان ئەو چوارچێوەیەدا هێشتۆتەوە کە رامیارەکانی وڵات رێیان پێدەدەن داوایبکەن.
بۆ نمونە ئەگەر بەرپرسە رامیاریەکان لە سعودیە رێگای خۆشنەکردایە لەبەردەم داوا کردنی ریگاپێدانی ئافرەت کە ئۆتۆمبیل لێخوڕێت ئایا کەسێک لەو ئافرەتانە دەیوێرا جاڕ بۆئەم داوایە بدا ؟
لە تونس فرەژنی قەدەغەکراوە و ئەنجامەکەشی کەمبونەوەی رێژەی جیابونەوەیە.
لە ناوچەکەی ئێمەدا فرەژنی گەیشتۆتە ئەوپەڕی بە هەمووجۆرەکانی و لە هەموو ئاستەکاندا: ئێمە مسیارو متعەو مصیافمان هەن و رێژەی جیابونەوە لە بەرزبونەوەیەکی سەرسوڕهێنەردايە.
شیکردنەوی ئەمەش ئاساییە لە بەر ئەوەی بناغە مرۆڤایەتيەکان دەڵێن یەک پیاو بۆ هەر ژنێک و یەک ژن بۆ هەر پیاوێک، مرۆڤایەتی دەڵێت کە فرەیی پەیوەندە بە جیابونەوە لەبەر ئەوەی زۆربەی ئافرەتان مانەوە رەتدەکەنەوە لەگەڵ مێردەکانیان کە ناپاکی لە پیرۆزی ئەم پەیوەندیە دەکەن بەناوی فرەی و زیادکردنی ژمارەی نەتەوە کە بوونی نیە جگە لە ناو خەوی پەرتوکەکانی مێژودا.
ئەنجامی فرەيی زۆربونی دەستە خوشک وبرا دوژمنەکانە.
فرەيی بەواتای زۆربونی رق و کینەیە لەنێوان ژنەکاندا لەبەر ئەوەی ئافرەت رق و بەخیلی دەبات بە هەوێکەی.
بەوجۆرە لە ناو کومەڵگادا تۆوی رق وکینەیان رواند لە جیاتی تۆوی خۆشەۆیستی لە ناو تاکەکانی کۆمەڵگادا….
لە کۆتایدا رێژەی رق وکینە بەرزبۆتەوە هەتا بوینە کۆمەڵگایەکی تێداچوو رقمان لە خۆشمانەو تەڵەی بۆ دادەنێن، کەواتە ئاساییە رقمان لە کەسانی تر بێت، پێشداوەریان لێکەین و داوای مردنيان بۆ بکەین لە بەر ئەوەی ئاوا بەخێوکراوین و ئاوا دەژین.
بناغە مرۆڤایەتيە جیهانیەکە دەڵێت یەک پیاو و یەک ژن…
لە بەر ئەوە دیانبینن لە رۆژئاوادا بە پیریش پێکەوە پیاسە دەکەن دەستی یەکتریان گرتوە..یادەکانیان هەڵگرتوە یادە دورودرێژەکان ڕابردوویەکی پر لە شانازی و میژوویەکی پر لە تاڵیەکان و شیرینیەکانی ژیان. دەست دەکەن بە گەشتەکانیان و ولەنێوان وڵاتاندا دەسوڕێنەوە نیگام لە سەریانە لە هەر شوێنێک بیانبینم، بە ڕیزەوە دیدهوانییاندەكەم، جلوبەرگێکی جوانیان پۆشیوە، لەسەرخۆ سەیری یەکتر دەکەن، تەماشای دەوروپشتیان دەکەن. تۆبڵی باسی چ بکەن؟ چی دەگۆڕنەوە لە رێگای ئەو نیگا دوورو درێژانەوە؟ ئایا شتێکە کە سور دەزانم لە ژینگەکەی خۆمدا قەت فێری نابم ؟  ناتوانم چاوەکانم قەدەغە بکەم لە دزە نیگا، لە بەر ئەوەی ئەوە هەستێکە لە فەرهەنگی پیرەکانی ئێمەدا زۆر بە دەگمەن هەيە.
بەڵام سەبارەت بە رێوشوێنی ناوخۆمان…
لە ژیانمداا نەمبینی پیاوێکی بەتەمەن لەگەڵ هاوسەرە بەتەمەنەکەی پیاسە بکات، ئەمە شتێکە لە رۆشنبيريماندا بوونی نيە، لە ناوەڕاستی تەمەندا دادەبڕین و جیابونەو و لەگۆشەخزان دەستپێدەکات، ئەوکات سوڵتانە پیرەکە دەست دەکات بەگەڕان بەدوای کچەگەنجێک لە تەمەنی نەوەکانیدا، دەیدۆزێتەوەو دەیکرێت، رێگاو بانەکانی رۆژهەڵات پڕیەتی، دەیدۆزێتەوە. مناڵێکی شانزە ساڵ یان بیست ساڵە، کۆیلە فرۆشێک خستوێتیە بازاڕەوە و هەرزانفرۆشی دەکات.
باوکەکە نرخەکەی وەردەگرێت دایکەکەش مارەیيەکەی، بوکەکەش ژیانی بەخشدەکات بۆ دراوی کاخەز(بەنکەنۆتێک).
کاتێک کە بیست ساڵێک فرێدەدرێتە باوەشی هەشتا ساڵێک ئایا دوای ئەمە ئومێدمان دەبێت بەکۆمەڵگایەک لەوە سیستر؟
بەڵام ژنە ژێرکەوتووە نەگبەتەکەش وەک ژنە پاشاکان دادەنيشێت. داماو نیگا دەبڕێتە ئاسمانی هێز و چاودێری رۆڵەکانی، بەرهەمەکانی دەکات و دڵ نەوایی خۆی دەداتەوەو دەڵێت (ئومێدم بە نەوەکانمە) و (ژیانی کۆتايی ئەوەو دنياش بو منە).لەخۆم دەپرسم بەمجۆرە چيرۆکی ژن و مێردایەتی کۆتايی پێ دێت؟ مێردێکی “هەرزەکار” و ژنێکی بێدەنگ. کوا ئەورابوردوەی پێکەوە   کۆيکردوونەوە؟ کوا چيرۆکەکانيان؟ پێکەنينەکانيان؟ قۆشمەو هەوەسەکانيان؟ کوا ئەو وێنانەی پێکەوە گرتوويانن؟
  ئەو شتانە تەواو بوون!
هەموو ئەو شتانە سوتان!
دەشلێن ئەمانە هەمووی فەرمانن…
                                             ***
رۆژێک لە رۆژان ئاسمان بارانیکی رەش دەبارێنێت، ئنجا بەدوایدا هەورە ترشقەیەکی تاریک، ئەوکات ئاسمان بە پۆختەیی تۆڵەی  ئازارو هەنسکەدانی باڵشکێنراوەکان دەکاتەوە.
سه‌رچاوه‌: الراى
نادین البدیر کێیه:‌


له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌: سه‌رکه‌وت جه‌لال

sarkawt.dabagh@tele2.se

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.