Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
سپێدەیەک لەحزوری مەرگدا ..! ….  سەروەر کەریم

سپێدەیەک لەحزوری مەرگدا ..! …. سەروەر کەریم

Closed
by February 27, 2012 هۆنراوە

ژیان قەسیدەیەکی تاریکە و،

پێناسەیەک نابەخشێتە هەناسەکانی نەبوون و…

تەژیمان بکات بەئاوازەکانی عەشق .
 
گۆرانیەک نەماوە بۆخۆشنوودی

چاوەڕوانی شەپۆلەکانی دەریام،

لەگەڵ خۆیدا نغرۆم بکات و،

جەستەم ببێتە خۆراکی ماسیەکان.

چیدی بەرگەی ئازارەکانی ژیان ناگرم..

تابەدیار پێکی مەیەوە
 
هەڵوەدای گەیشتن بەحزوری مانگ بم و،

ووێنەی تریفەی کانیەکم بداتێ .

تەمەن بەلێواری کۆتایی دەگات

نزابۆدەرباز بوون محاڵە،

تەجەللاکردن نامباتەوە سەرەتا.

هیچ سەرزەمینێک بۆنی ئیرۆسی لێ نایەو،
 
ئاوی ترین پیاوی دنیا

سیخناخ بووەبەتەنهایی و ،

ڕۆژانە لاپەڕەکانی ژیانی دەسوتێنێ و،

ئاسۆیەک نیە لێوان لێو نەبێ بەتاریکی .

کوچەو کۆڵانەکان بۆنی مەرگ دەبەخشنەوە و

سپێتی بەفرپاکیان ناکاتەوە…
 
تازە چیرۆکی ژیان بەپاڕانەوەی سۆفی نانووسرێ و،

کەس ناگاتەوە بەزناری فڕین.

سپێدەی هەموو بەیانێک

دڵمان بارگاوی دەبێت بەنائومێدی .

سۆنگەکان تەنها سەرابمان نیشان دەدەن ،

ئیدی ڕوەو کام کەنار هەنگاو بنێین،
 
کەخەیاڵ دانمان پڕە لەنەبوون و،

هیچ شەقامێک نامانباتەوە سەر ئەڤین .

هۆڵەندا

22/2/2012

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.