Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

سۆزی دووری …..به‌ندی عه‌لی

Be First!
by March 29, 2008 ئەدەب

 ده‌ست به‌باڵی
شنه‌ی شه‌ماڵه‌وه‌ ئه‌گرم
نه‌ک له‌ناکاو
بڕیاری کۆچ بداو بفڕێ
کچێ ، خۆ من
شۆڕه‌بیه‌که‌ی غه‌ریبی نیم
له‌سه‌ر گۆڕی عیشق..ته‌نیا
به‌جێم بێڵی
بۆ نازانی دڵی به‌نده‌
له‌په‌ڕه‌ی گوڵ‌ ناسکتره‌و
سانه‌ به‌دڕکی خه‌م بدڕێ
 
باوه‌شی سۆز
بۆ نه‌رمه بارانی ڕێکه‌وت
ئه‌گرمه‌وه‌
ئاخر کچێ
من زه‌رده‌ وه‌رزی پاییزێ
به‌ڕێ ئه‌که‌م ، وشک و برینگ
زۆر ئه‌ترسێم
بێ تۆی باران
له‌گه‌ڵ گه‌ڵا زه‌رده‌کانی
ئه‌م عومره‌یا
دوور له‌چاوی تۆ هه‌ڵوه‌رێم
 
ڕوو له‌میهری
تریفه‌ی مانگه‌شه‌و ئه‌که‌م
گیانه‌ ئه‌ویش
هه‌ر له‌ڕوخساری تۆ ئه‌کاو
منیش له‌شه‌وی غوربه‌تا
روحم کێوه‌ به‌فرینه‌یه‌و
گڕی دۆزه‌خی ته‌نیایی
تنۆک تنۆک..ئه‌یکا به‌ئاو
 
په‌ناهه‌نده‌ی
نیشتمانی ڕه‌حمه‌تی تۆم
ئه‌ی شاژنی مه‌مله‌که‌تی کامه‌رانی
دواخه‌ونی به‌ر له‌مه‌رگیشم
مافی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی
کانیی دڵته‌
ئاخر ، کچێ بۆ به‌ربانگی
کۆچه‌رێکی بیابانیی
چی خۆشتره‌
له‌خه‌ونی ژوانی کانی

Previous
Next

Leave a Reply