Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

سیاسەتەكانی توركیا ئاماژەن بۆچی؟…. ستارە عارف

Be First!
by January 14, 2009 گشتی

 سیاسەتەكانی توركیا ئاماژەن بۆچی؟…. ستارە عارف
 
 Stare-arif@hotmail.com

 توركیا پێش ماوەیەك كەناڵی6trtی بەزمانی كوردی لەباكوری كوردستان راگەیاندو ئەم هەنگاوەی بۆ خۆی كردە سەروەرییەكو پڕوپاگەندەیەكی وا چەواشەكارانەی بۆ كرد، كەزۆر كەسی تووشی سەرسوڕمانكرد، لەوانەش دەسەڵاتو كەسانی بەناو رۆشنبیرو رۆژنامەوانانی باشووری كوردستان بەتاییەتیش ئەوانەی لەدەسەڵاتەوە نزیكنو لەكۆشكی پاشاكانیاندا شانامە دەهۆننەوە.
 ئەوەی كەپێویست دەكات هەموو بۆمان ئاشكرا بێت، ئەوەیە كەهەمیشە دوژمنانی گەلی كورد بەشێوازی جیاوازو فریوودەر هەوڵی لەخشتەبردنی كوردیان داوە، لەهەر پارچەیەكی كوردستاندا، بەڵام لەهەمووی بەئێشتر خەیاڵپڵاویو خۆشباوەڕی كوردە یان راستتر توێژێك بوون، كەیان گوێیان لەهەموو راستیەكان ئاخنیوەو بێ رەچاوكردنی بەرژەوەندی گشتی خەڵك كاڵفامانە لەپێناو مەرامی خۆییدا تاكتیكی دوژمنیان بەقەڵەمڕەوی گرنگ ناوزەد كردوە، یان كەسانی خۆشباوەڕو بێچارەبوون بەرامبەر ئەم تاكتیكو لەخشتەبردنانە.
 كردنەوەی كەناڵی كوردی لەلایەن سیستەمێكەوە كەرۆژانە سنورو ناوخۆی هەرێم وێران دەكەنو لەدوا لێكۆڵینەوەشدا بەپێی وتەی وەزیری ژینگەی هەرێم دەركەوتوە، كەتوركیا مادەی كیمیاییو بۆمبی هێشوویی بەكارهێناوە، كە بۆ ماوەی15ساڵ كاریگەری لەسەر ژینگەی هەرێم دەبێت، بەهەزاران خەڵكی بێتاوان رۆژانە لەدێهاتەكان سەرگەردانو بۆمباران دەكرێنو لەناوخۆی هەرێمدا میتی توركیو ئیتلاعاتی ئێرانیو ئەوانی تر جەوهەری خەڵك ژاراوی دەكەن.
 كەچی تازە رۆشنبیرانو دەسەڵات لەباشووردا سەربەستكردنی كەناڵێكی كوردی لەلایەن دەسەڵاتی ئیسلامیو دژ بەكورد لەتوركیادا بەهەنگاوێكی مێژووی بەناو دەكەن، بەو بیانوەی كەكورد دەتوانێت فەرهەنگو زمانی بپارێزێت، ئەم هاوكێشەیە بۆ رێكخستنێكی بێ پڕەنسیبو ستراتیژی دەشێت وابێت، بەڵام بۆ رێكخستنێكی جەوهەریو خاوەن پڕەنسیب ناشێت بەو سادەییە رازی ببین چونكە پەسندنەكردنی گەلی كورد بەناسنامەو تێكۆشانی بەئیرادەی خۆی لەلایەن هەریەك لەدەوڵەتە داگیركەرەكانی كوردستانەوە، بەتاییەتی توركیا یەكێكە لەو خاڵە لەپێشانەی كەكاری جیدی لەسەر دەكرێتو ئەوەی كەخۆیان بۆ كوردی بەشیاو دەزانن دەخەنە پێشو هەوڵی ئاسیملاسیۆنو توانەوەی ئەو پڕەنسیبانەی بۆ دەدەن، كەلەلایەن رێكخستنێكی بەهێزو ئیرادەوە كار بۆ پراكتیزەكردنیان دەدرێت.
 ئێستا لەتوركیادا پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكانی شارەوانی هەیە، كە لەمانگی3دا بەڕێوەدەچێت، كەكورد پێكهاتەیەكی سەرەكی دەبێت لەدەنگداندا، قازانجكردنی ئەو دەنگە گرنگە لەكاتێكدا لەهەڵبژاردنەكانی رابردووی توركیادا پارتی دادو گەشەپێدان بەزۆرینەی دەنگی كورد گەیشتە ئەو ئاستە، چونكە بەڵین گەلێكی زۆریدا، وەك چارەسەركردنی پرسی كوردو راگرتنی كێشەی قوبرسو دەستپێكردنەوەی هەنگاوەكانی بوون بەئەندام لەیەكێتی ئەوروپا، كەبەڵێنیدا ئەوانە دەخاتە پلانی خۆیەوە، بەم رەنگە دەنگێكی زۆری كوردی كۆكردەوە، كەتا ئێستا یەكێك لەمەرجەكانی كۆپنهاگن بۆ پەسندنەكرنی توركیا لەیەكێتی ئەوروپا چارەسەرنەكردنی پرسی كوردە لەباكوور.
 توركیا لەكاتی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەكاندا هاوكێشەیەكی هەیە، دەڵێت باس لەو پلانو بەرنامانە بكەن، كەبەهیچ شێوەیەك شایەنی پێكهێنان نینو جێبەجێكردنیان مەحاڵە، لەپێناو زیاتر راكێشانی مەیلی خەڵكدا، لەسەر بنەمای ئەم هاوكێشەیە خەڵكانێكی زۆر لەپێكهاتەكان دەنگیان بۆ ئەردۆگان دا.
 لەئێستاشدا هەڵبژاردن لەتوركیا نزیكە بۆیە دەویسترێت دەنگی كورد قازانج بكرێت، لەهەمانكاتدا ئەو مژارەی كەتوركیاو ئەمریكا بەیارمەتی حكومەتی هەرێم بۆ لەناوبردنی پەكەكە گرتویانەتە بەر فاكتەرێكە بۆ بەخشینی هەندێك دەستكەوتی لاواز بەكورد، لەوانەش كردنەوەی كەناڵێكی كوردیو هەوڵی بەكوردی كردنی قورئان لەلایەن دەوڵەتەوە، ئەمە هەم مەرامێكی حیزبیو ئیسلامیەو هەم رێگەگرتنە لەو داخوازیەی كورد كەساڵەهایە بۆ سەربەستكردنی زمانی كوردی هەوڵدەدات، لەكاتێكدا دەوڵەت ئاگادارە كەكورد بەهەژمونترین كاتی لەگەڵ قەدەغەكردنی ناسنامەی كوردیدا بردۆتە سەر.
 لەلایەكی ترەوە ئەم تاكتیكەی دەوڵەت لەئەنجامی چالاكیو ناڕەزایی رۆژانەی خەڵكی كورد لەباكورو فشاری شەڕی چەكداری رێكخستنی كوردی لەچیادا سەرچاوە دەگرێتو لەهەمانكاتدا توركیا بەرامبەر بەزیانو شكستە زۆرەكانی لەشەڕی دژ بەبزوتنەوەی كوردیەوە ناچارە كۆمەڵێك هەنگاوی بەم شێوەیە بنێت، لەپێناو رازیكردنی رای كورد لەباكورو لەهەمانكاتیشدا راكێشانی مەیلی كورد كەكاتی هەڵبژاردنە.
 توركیا هەمیشە هەوڵیداوە كوردێكی بێ رێكخستنو پڕەنیسب بۆ لای خۆی رابكێشێت، واتە كوردێكی بێ پەكەكە، كەرۆژەڤی ئێستاشیان بەهەمان شێوەیە مەسەلەی كورد بێ پەكەكە بەهەندێك ئیمتیازی لاواز قایل بكەنو مافی هەر هەڵوێست وەرگرتنو سەربەخۆییان لێ وەربگرنەوە، وەك لەباشوروی كوردستاندا بەتاكتیكی ئەمریكاو فەلسەفەی ئیمپریالیزم  بەڕێوەچوە.
 توركیا دەیەوێت كورد لەرێكخستنەكەی كەپەكەكەیە جیابكاتەوە، وەك هەمیشە دروشمی كوردێكی بێ پەكەكە بخاتەوە كار، بۆیە كەسانی بێ ئیرادەو بێ پڕەنسیبی باكوری بۆ ئەم گەمەیە رادەكێشنەوە توركیاو گەل روبەڕووی تەڵەزگەیەك دەكەنەوە، لەلایەك شەڕی لەناوبردنی رێكخستنو ئیرادەكەی دەكەنو پیلانی گۆشەگیریو كوشتن لەسەر رێبەرەكەی بەڕێوەدەبەنو لەلایەكی تریشەوە گەل بەكردنەوەی كەناڵێكی لاوازی پڕ لەسیخوڕی خۆیان فریوو دەدەنو قورئانیان بۆ دەكەن بەكوردی.
 بێگومان ئەم هەنگاوانە بەپاڵپشتی ئەمریكاو دراوسێكانیەوە بەڕێوە دەبات، دوو فاقیەتو دووڕوویی توركیاو ئێرانو حكومەتی هەرێم لەكاتێكدایە كە لەسنورەكان خەڵكی بێ تاوان لەناو دەچنو ژینگەو بەهەزاران ئاژەڵی بێ زمان كیمیایی دەكرێنو لەناو دەبرێن، لەبەرامبەردا نارەزایی ئەم لایەنانە لەدژی هێرشی ئیسرائیل بۆ غەززە دەبیستین كەرۆژنامەی ئۆڕشەلیم پۆست باش وەڵامو سنوری بۆ توركیا دیاریكرد.
 حكومەتی هەرێمو بەناو رۆشنبیران لەشوێنی ئەوەی بەشانو كاری توركیاو ئێراندا هەڵبدەنو هەنگاوی سەركەوتویان بۆ تۆمار بكەنو بیكەنە رۆژەڤ، با ئاوڕێك لەحاڵی خەڵكی سەرگەردانی رانیەو پشدەرو ئامێدی بدەنەوەو سنورێك بۆ ئەو دەست درێژیانە دابنێنن، لەچی وڵاتێك روویداوە بەئاشكرا خەڵكت كیمیاباران بكرێتو توانای كردنەوەی دۆزێكت لەرێكخراوە جیهانیو مرۆییەكان نەبێتو توانای ئەوەت نەبێت خەڵك ئاگاداربكەیتەوە فێری ناڕەزاییان بكەیت. هەر لەم ساتەدا حیزبە ئیسلامیەكان هاوكاریو هاوسۆزیان بۆ غەززە دەنێرنو لەم بارەیەوە كۆبونەوە ساز دەكەن، بەڵام دەرهەق بەكیمیابارانو چۆڵكردنی دێهاتەكانی هەرێم هیچ هەنگاوێكی ناڕەزاییان نیە، هەرچەندە بەپڕۆژەی چوار حیزبەكە كە گوایە لەدژی گەندەڵیەكانی حكومەتە خەڵكیان هەراسانكردوەو هیچ دیار نیە، كەواتە بۆ دەنگێك نابن لەم رووەوەو ئەو هاوكاریو هاوسۆزییە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم نیشان نادەن.
 بۆیە باشترە ئەوەندەی خۆمان بەهەنگاوو تاكتیكی رۆژانەی وڵاتانی داگیركارەوە خەریك بكەین، ئاوڕێك لەرەفتارو بەرنامەی خاپوركردنو تێكدانیان بدەینەوەو هەڵوێست وەربگرینو با دۆزێك بۆ كیمیابارانی ناوچەكانی هەرێم بكەینەوە كە ئێستا سەردەمی تەكنۆلۆژییایەو دەنگمان بەهەموو شوێنێك دەگات.  
 

Previous
Next

Leave a Reply