Skip to Content

Monday, October 26th, 2020

سیناریۆکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئارامی و ئاسایشی ژیانی خەڵکی کوردستان دەشێوێنێ!

Be First!

 

 
ئەوەی لە هەولێر ڕوویدا، جێبەجێکردنی نەخشەی سیناریۆیەکی سیاسیی و یارییەکی لەپێشدا داڕێژراوی دەسەڵاتداران بوو هاوشێوەی ڕوداوەکانی بادینان. دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە جیاتی وەڵامدانەوە بە ویست و داخوازیەکانی خەڵک، دەیانەوێ بە سیناریۆ و پشێوی و تۆقاندن، مەسەلە سەرەکیەکان لە بیری خەڵک ببەنەوە. حکوومەت لە جیاتی ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری ڕۆڵی “هۆلیۆد” دەبینێ.
ئەم ڕووداوە پەیوەندی بە بابەتێکەوە نییە کە لە گۆڤاری “چرپە”دا بڵاوکراوەتەوە. ئەوەی لە گۆڤاری چرپەدا کاری لەسەر کراوە. سیناریۆیەکە بۆ لەبیربردنەوە و شاردنەوەی ئەو هاتنە مەیدان و بەدەنگ هاتنەی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بۆ ئازادی دەربرین و بەرزڕاگرتنی دۆسیەی تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانە. بۆیە ڕووداوەکانی ئەمڕۆ نمایشی سیناریۆکەی گۆڤاری چرپە بوو، ئامانجەکەش لەبیربردنەوەی دۆسیەی سەردەشت و دروستکردنی بیانوویەک بوو بۆ هێرشی ڕاستەوخۆ و سیاسەتی سەرکوتکردنی ئازادیە. هەروەها حیزبە دەسەڵاتدارەکان و حکوومەتی هەرێم بەم سیناریۆیانە دەیانەوێ بیانوو دروست بکەن بۆئەوەی یاسای کاری رۆژنامەگەری بە ویستی خۆیان هەموار بکەن.
بەدوای سازدانی سیناریۆی گۆڤاری “چرپە”ی سەر بە حکوومەت. ئەو سیناریۆیە بەکردەوە لەلایەن چەند هێزی تایبەت و ڕێکخراوی دواکەوتووی ئیسلامی جێبەجێکرا. لە ژێر بیانوی سوکایەتی کردن بە ئاینی ئیسلامدا نمایشکرا. ئازادیخوازان دەبێ بەگرنگییەوە لەم مەسەلەیە بڕوانن و هەڵوێستی لەبەرامبەر بگرن.
دوێنێ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە ئاشکرا رایگەیاند کە دەبێ “هێڵی سوور دابنرێ” گوتیشی: “ئەوەی لە كوردستان كێشەیە یاسای رۆژنامەگەری ئازادییەكی بەرفراوانی داوە و هیچ ڕیگرییەك نییە بۆ ئەوەی بتەوێت لەم وڵاتە بیكەیت”. گوایە ئازادی دەربڕین لە کوردستان زۆرە و دەبێ بەرتەسک بکرێتەوە.
ئەمە سیاسەتی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێمە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی دەربرین و رۆژنامەگەری لە کوردستان. هەڵمەتێکیتری دەسەڵاتدارانە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕەخنە گرتن لە ژێر بیانووی موقەدەساتی خەڵک. بێجگە لە مرۆڤ هیچ شتێکی دی موقەدەس نییە، تەنیا مرۆڤ و ئازادی مرۆڤ دەبێ بەپیرۆزی ڕێزی لێبگیرێت.
لایەنەکانی بەشدار لە سوتاندنی یانەکانی مەی خوارنەوەی “پژگار، ڤان رۆیاڵ، ئاوێزه‌”. هێزێکی سەرکوتگەر و دژی ئازادی دەربرین و هەموو بەها مرۆڤایەتیەکانن. پێویستە ئازادیخوازانی کوردستان یەکدەنگ، ئەو کردەوە دژی ئازادیە بە توندی ئیدانە بکەن. پەردە لەسەر ئامانج و پیلانگێری ئەو سیناریۆیە هەڵماڵن و ڕیسوای بکەن. داواکاری دادگایی ئەنجامدەرانی سوتاندن و هێرشبردنە سەر یانەکانی مەی خواردنەوە و شوێنەکانی سەرگەرمی و کاتبەسەربردنەکانی خەڵک بن.
هەروەها بەپێی هەواڵەکان زیاتر لە ٢٠ رۆژنامەنووس لە کاتی ڕوماڵکردنی هەواڵەکان هێرشیان کراوەتە سەر. ئامانجی سەرەکی دروستکردنی ئەو بارودۆخە، تۆقاندنی خەڵک و پەلاماردانی ئازادی و ئازادیخوازانی کوردستانە.

ڕێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی

http://www.serdasht-osman.org/
serdasht.osman@gmail.com

Previous
Next

Leave a Reply