Skip to Content

Saturday, January 23rd, 2021

سیناریۆی مرۆڤه‌ سپییه‌که‌

Be First!
by November 3, 2012 شانۆ

 

 

1 … ئێواره‌یه‌ … شه‌قامێکه‌ … ده‌ره‌وه‌یه‌ .

له‌ ئێواره‌یه‌کی پایزیدا ، زاهیری عه‌به‌ ره‌ش ته‌مه‌ن (45) ساڵ  ملی ڕێگای گرتووه‌و هه‌نگاو ده‌ نێ بۆبینینی پێشنگایه‌كی شێوه‌کاری له‌سه‌ر شه‌قامێکی قه‌ره‌باڵغی شار.   جاروبارهه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵا زه‌رده‌کان بۆنی مردنێکی له‌ ناکاوی لێدێ . ده‌نگی هۆڕنی ئۆتۆمۆبیلێك  به‌به‌رده‌وامی دێت، زاهیر به‌ ئاگا دنێته‌وه‌ ، ‌دیاره‌ شۆفێره‌که‌ی به‌مه‌به‌ست لێیده‌دات . له‌قه‌راغی شه‌قامه‌که‌دا قه‌ره‌باڵغییه‌ك سه‌رنجی ڕاده‌کێشێت ، له‌به‌رحه‌شاماتی خه‌ڵکه‌که‌ ڕووداوه‌که‌ نابینێت، به‌ڵام ده یا‌نگوت زه‌لامێك له‌پایزی ته‌مه‌نیدا  ئۆتۆمۆبیل لێیداوه‌ .

 ‌زاهیر ئێستا تێگه‌یشت بۆ ئه‌و ئۆتۆمۆبیله‌ به‌و شێوه‌یه‌ هۆڕنی لێده‌دا. ده‌ست ده‌کاته‌وه‌ به‌هه‌نگاونان تا ئه‌و کاته‌ی کابرایه‌کی سواڵکه‌ر به‌رده می ده‌گرێت وداوای پاره‌ی لێده‌کات پاش ئه‌وه‌ی هه‌ندێك وورده‌ی ده‌داتێ و ده‌که‌وێته‌وه‌ ڕێ. له‌سه‌ر شه‌قام و شۆسته‌که‌ گوریسێك ده‌بینێت پاش چه‌ند هه‌نگاوێك پێی به‌رده‌که‌وێت و جێگه‌ی ڕامانی  ده‌بێت و جارجاره‌ش  سه‌یری  گوریسه‌که‌  ده‌کات وبه‌لایه‌وه‌ سه‌یره‌ که‌ به‌درێژای شۆسته‌و شه‌قامه‌که‌ درێژ بۆته‌وه‌ ، پاش به‌رده‌وام بوون له‌ ڕۆیشتن  ڕووبه‌ڕووی قه‌ره‌باڵغییه‌کی تر ده‌بێته‌وه‌، که‌ دووکه‌س شه‌ڕیانه‌و جنێو به‌یه‌کتری ده‌ده‌ن و چه‌ند که‌سێكیش  ناوبژیان ده‌که‌ن . هه‌ڵوێسته‌یه‌ك ده‌کات و ده‌که‌وێته‌وه‌ هه‌نگاو نان .له‌ لایه‌کی تر زاهیر کابرایه‌کی پیرده‌بینێت  کۆمه‌ڵێك شتی به‌ده‌سته‌وه‌یه ‌و هاواری فرۆشتنیان ده‌کات ، سه‌رنجی ده‌چێته‌ سه‌ری وبه‌ده‌م رۆیشتنه‌وه‌ ئاهێکی ناخۆش هه‌ڵده‌کێشێ .هه‌نگاوه‌کانی که‌مێك خاووتر ده‌بێته‌وه‌ ، دووباره‌ قاچی به‌ر گوریسکه‌ ده‌که‌وێته‌وه‌ که‌به‌رده‌وام درێژ بۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وسه‌ری  شه‌قامه‌که‌ ، سه‌یری گوریسه‌که‌ ده‌کاته‌وه‌ به‌سه‌ر سوڕمانه‌وه‌ .. زاهیر له‌سه‌ر هه‌مان شه‌قام  چاوی به‌  منداڵێکی (7) ساڵان ده‌که‌وێت  هاواری فرۆشتنی بنێشت و ده‌سته‌سڕو شتی تر ده‌کات و له‌پڕ ڕاده‌کاته‌ سه‌ر شه‌قامه‌که‌  بۆ لای ئه‌و ئۆتۆمۆبیلانه‌ی خه‌ریکه‌ ده‌وه‌ستن  که‌کاتێك  زاهیر سه‌ر هه‌ڵده‌بڕێ ده‌بینێ، تا زیاتر نزیك بیته‌وه‌ له‌ ترافك لایته‌کان زیاتر منداڵانی هاوته‌مه‌نی ئه‌م  منداڵه‌ ده‌بینێ و ده‌چنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌که‌ و داوا له‌ شۆفێره‌کان ده‌که‌ن بۆ كڕینی شته‌کانیان. ده‌نگێکی له‌ ناکاو و سه‌رنج ڕاکێش هاووڵاتیان وزاهیر بۆ خۆی ڕاده‌کێشێ که‌ ئۆتۆمۆبیلێکی تازه‌  له‌دواوه‌ ده‌دات به‌ئۆتۆمۆبیلێکی پێش خۆیدا ، شۆفیری هه‌ردوو ئۆتۆمۆبیل داده‌به‌زن وده‌ست به‌بۆڵه‌ بۆڵ ده‌که‌ن وخه‌ڵکیان لێ کۆ ده‌بێته‌وه . زاهیر تۆزێك ده‌وه‌ستێ و سه‌یری قه‌ره‌باڵغییه‌که‌ ده‌کات و ده‌ست ده‌کاته‌وه‌ به‌ڕۆیشتن . پاش که‌مێك  ده‌گاته‌ به‌رده‌م پێشنگاکه‌، جێی پرسیارو سه‌رسوڕمانی ده‌بێت که‌ئه‌و گوریسه‌ی ده‌ره‌وه‌ درێژ بۆته‌وه‌ بۆ نێو هۆلی پیشانگاکه‌ .له‌م کاته‌دا ده‌نگی ئۆتۆمۆبیلی فریاکه‌وتن لای پێده‌کاته‌وه‌ بۆ سه‌ر شه‌قامه‌که‌ ، پاش که‌مێك تێڕامان ، له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ مه‌نه‌لۆجێك ده‌ڵێت ..

                                     زاهیر /‌

                      ئێستا ده‌چـم که‌مێك ده‌رونم به‌تابلۆکانی

                     و به‌بینینی ئه‌و شێوه‌کاره‌ ئارام ده‌که‌مه‌وه‌ .

به‌په‌رۆشه‌وه‌  دوای گوریسه‌که‌ ده‌که‌وێت که‌له‌ یه‌که‌م تابلۆی نێو پێشانگاکه به‌ستراوه‌ .

2 …  ڕۆژه‌ …پێشانگایه‌ …ناوه‌وه‌یه‌ .

هۆڵی پێشانگایه‌که‌ کۆمه‌ڵێك تابلۆی گرافیك هه‌ڵواسراوه‌ خه‌ڵکی دێن و ده‌ڕۆن.زاهیر  دێته‌ ژوورێ، سه‌یری گوریسه‌که‌ ده‌کات که‌ به‌یه‌که‌م تابلۆوه‌ به‌ستراوه‌  له‌ناو تابلۆکه‌دا شه‌قامێك به‌شی سه‌ره‌وه‌و ژێره‌وی نیشاندراوه، به‌شی ژێرشه‌قامه‌که‌ هه ندێکی پایه‌یه‌ به‌ فۆرمی مرۆڤی لاو منداڵ و پیر ، له‌ هه‌ندێک شوێندا  داڕماو ته‌ماوییه‌ چه‌ند که‌سێکیش ده‌ستیان بردووه‌ بۆ ئه‌و گوریسه‌ی که‌له‌ به‌شی خواره‌وه‌ی  تابلۆکه‌یه‌  . به‌شی سه‌ره‌وه‌ی شه‌قامه‌که‌ش چه‌ند بینای گه‌وره‌و ڕازاوه‌و جوان ده‌بینین له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێکی پۆشته‌و ده‌م به‌پێکه‌نین  . زاهیر بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر له‌به‌رده‌م ئه‌م تابلۆیه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌و تێیده‌ڕوانێ … پاشان به‌حه‌زو ئاره‌زوویه‌کی زۆرتره‌وه‌ ده‌ست ده‌کات به‌ته‌ماشا کردنی تابلۆکانی تر . زاهیر له دواهه‌مین تابلۆدا له‌ نێو ته‌ما شاکه‌رانه‌وه‌ چاو بۆ هونه‌رمه‌ند ه‌که‌ی ده‌گێڕێ بۆئه‌وه‌ی  ده‌ست خۆشی لێبکات . تائه‌وکاته‌ی ته‌واو بێ ئومێد ده‌بێت له‌ بینینی بۆیه‌ به‌ ناچاری ده‌چێته‌ لای کورسی و مێزکه‌ی که‌ ده‌فته‌ری تێبینی هونه‌رمه‌نده‌که‌ی له‌سه‌ره‌ و قه‌ڵه‌مێك هه‌ڵده‌گرێ و تێبینییه‌کانی خۆی ده‌نوسێ. 

هه‌رچه‌نده‌ وێنه‌کانت سیمبوڵین به‌ڵام گوزارشت ، له‌حیکایه‌ته‌ فه‌رامۆشکراوه‌کان ده‌که‌ن ، له‌ڕێگای جوانییه‌وه‌ ئازار ده‌رده‌بڕن ، له‌کاتی بینینی تابلۆکاندا گوێم لێ بوو بینه‌ران ده‌یانگووت هونه‌رمه‌نده‌که‌  له‌ ڕێکخراوی  (ئێم ، ئه‌ی ، جی ) بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی  مین کار ده‌کات . دونیایه‌کی سه‌یره‌ هونه‌رمه‌ندێکی هه‌ست ناسك له‌گه‌ل ئاگرو مه‌رگ دا له‌پێناوی ژیان و گوزه‌ران کایه‌ بکا ! بۆیه‌ سه‌ره‌کۆنه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌که‌م که‌ پیاوی گونجاو له‌ شوێنی گونجاو دانانێن.

له‌م کاته‌دا چاودێری هۆڵه‌که‌ هاواری کردو ئاگاداری خه‌ڵکه‌که‌ی کرده‌وه‌ ، که‌پیاوێکی ته‌مه‌ن (47) ساڵانی خه‌مبار بوو ، چاوه‌کانی سوور هه‌ڵگه‌ڕا بوون و به‌دڵێکی پڕ و چاوێکی فرمێسکاوییه‌وه‌ ووتی .

                                چاودێر /                                            

                   ببورن ده‌بێت هۆڵه‌که‌ چۆڵکه‌ن

                   له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌بێت دایخه‌ین .

 زاهیر به‌سه‌ر سوڕمانه‌وه‌ له‌سه‌ر کورسی و مێزه‌که‌ له‌نووسین ده‌وه‌ستێ و پرسیار ده‌کات.

 

                                    زاهیر/

                    باشه‌ به‌رێز بۆ وا به‌په‌له‌ی هێشتا کاتی

                  پێشنگاکه ماوه‌ .

                                 چاودێر /

                ئه‌و پیاوه‌ی که‌مێك پێش ئێستا له‌وسه‌ری

               شه‌قامه‌که‌ بوو به‌ژێر ئۆتۆمۆبیله‌وه‌ ،

               خاوه‌نی ئه‌م پێشنگایه‌ بوو ، هونه‌رمه‌ند

              سه‌روه‌ت ئه‌نوه‌ر سه‌وز ، مرۆڤه‌ سپییه‌که‌

              بوو .

  زاهیر مووچوڕکه‌یه‌ك به‌گیانی دا دێت و ده‌مووچاوی سور هه‌ڵده‌گه‌ڕێ ،یه‌کسه‌رئه‌وه‌ی به‌ بیر دێته‌وه‌  که‌له‌سه‌ره‌تای شه‌قامه‌که‌دا ئه‌و که‌سه‌ی بوو به‌ ژێر ئۆتۆمۆبیله‌که‌وه‌ سه‌روه‌ت بووه‌ . ئه‌م هه‌واڵه‌ ده‌بێته‌ هۆی خه‌م و په‌ژاره‌یه‌کی دڵته‌زێن بۆ میوانان وبه‌تایبه‌تی به‌ری چاوانی زاهیر فرمێسك ده‌یگرێ وده‌ست به‌ته‌واو بوونی نوسینه‌که‌ی ده‌کاته‌وه‌  .    

ئه ی مرۆڤه‌ سپییه‌که‌ ،له‌وسه‌ری شه‌قامه‌که‌ خوێنه‌که‌ت وله‌م سه‌ری شه‌قام تابلۆکانت له‌ ئامێزمان ده‌گرێ. ئه‌ی مرۆڤه‌ ڕه‌نگ چه‌رموووه‌که‌ چۆن وا به‌و کوتوپڕیه‌ ماڵئاوایت لێمان کرد، ده‌بوو ئێسته‌ تۆ له‌ پێشوازی تابلۆ  و میوانه‌کانت  بویتایه‌، تاکوئێمه‌  باسی ئه‌و ئه‌زموونه‌ تازایه‌تمان بکردایه ، گوریس ، وێڵاشی دایکێکی هێنایه‌وه‌ بیرم کاتێك به‌هۆیه‌وه‌ خۆراك ده‌دات به‌وه‌ی  ناو سکی وپاشان کۆرپه‌یه‌ك به‌رهه‌م دێنێ .  تۆش به‌و  گوریسه‌ پێمان ده‌ڵێیت ، بیرو هۆش  و ئازاره‌کانی خه‌ڵك و کوچه‌و کۆڵان و شاقامه‌کانی  شار ئه‌م تابلۆیانه‌یان به‌رهه‌م هێناوه‌ و هی ئه‌وانه‌ .‌‌

 سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌و جوانیه‌ی به‌ ئێمه‌ت به‌خشی ، گومان له‌وه‌دا نیه‌  تۆ بوویته‌ تابلۆیه‌کی فره‌ ڕه‌هه‌ندو سیمبوڵی مرۆڤی سپی . 

                                             ته‌واو

              rbahir@hotmail.com 

                       ‌‌‌‌‌‌

 

 

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply