سێبه‌ره‌كان … ده‌قی شانۆیی
دیمه‌نی یه‌كه‌م
شانۆ ته‌نها دوو لاكێشه‌ی قوماشی سپییه كه وه‌ك دوو شاشه‌ن، هه‌ریه‌كه‌یان لای ڕاست و لای چه‌پی داگیرده‌كه‌ن. دوو دیوار له نبَوه‌ندیان جیاده‌كاته‌وه و ڕاڕه‌وێك پێكدێنن.. شانۆ تاریك ده‌بێ و هه‌ردوو شاشه له‌پشته‌وه ڕووناكییان وه‌به‌رده‌كه‌وێ، له ته‌نیشتی هه‌ریه‌كه‌یانه‌وه پاسه‌وانێك به چه‌كه‌وه هه‌ن، یه‌كێك دانیشتووه و ئه‌وی دیكه‌یان هاتوچۆ ده‌كات.
له شاشه‌ی به‌ری ڕاسته‌وه دیمه‌نی سێبه‌ری چه‌ند فیگه‌رێك ده‌كه‌ونه جووڵه، به سێبه‌ر نمایشێك وه‌ك ئازایه‌تی و پاڵه‌وانبازیی ده‌كه‌ن، پاسه‌وان كه هاتوچۆ ده‌كات ده‌چێته به‌ر شاشه‌كه و ده‌كه‌وێته وردبوونه‌وه. وه‌ك ئه‌وان خۆی ده‌له‌نگێنێ و ناوبه‌ناو ده‌ڕوانێته پاسه‌وانه‌كه‌ی به‌رامبه‌ری، ئه‌ویش بێده‌نگ وه‌ك خه‌واڵوویه‌ك ته‌ماشای ده‌كات.
پاسه‌وانی یه‌كه‌م: جووڵه‌یه‌كی جوانه ( سه‌ر ڕووی قوماشه‌كه به له‌پی پاكده‌كاته‌وه) جوانترین جووڵه و هه‌ڵوێست، بیروباوه‌ڕێكی پۆڵایین كه هێز نه‌بێت سێبه‌ره‌كانیان لابدات، هیچ هێزێك ( ده‌ڕوانێته‌وه پاسه‌وانه‌كه و پێده‌كه‌نێت، ئه‌و بێباكه و سه‌یریشی ناكات ) هه‌ر هیچ هێزێك.. (به ده‌نگی به‌رز ) هیچ هێزێك.
سێبه‌ره‌كان له‌سه‌ر قوماشه‌كه جموجۆڵی زیاتریان تێده‌كه‌وێت، چه‌نده له قوماشه‌كه نزیكده‌بنه‌وه سێبه‌ره‌كانیان گه‌وره‌تر ده‌نوێنێ.. دواتر سێبه‌ره‌كان بچووك ده‌بنه‌وه و سێبه‌ری كه‌سێك ده‌رده‌كه‌وێت، دێت و بێ‌وچان سڵاو ده‌كات، پاسه‌وان لای خۆیه‌وه به‌خۆشییه‌وه سڵاوی لێده‌كاته‌وه و ته‌واو لێی ورد ده‌بێته‌وه.
پاسه‌وانی یه‌كه‌م: خۆیه‌تی، ئه‌یناسمه‌وه.. جوانترین سێبه‌ری هه‌یه.
پاسه‌وانی دووه‌م: ( هه‌ڵده‌ستێته سه‌ر پێ )
پاسه‌وانی یه‌كه‌م: ( له ئاست خۆیه‌وه خۆی لێ ڕاست ده‌كاته‌وه ) بۆت نییه بیبینیت.
پاسه‌وانی دووه‌م: ( بڕێك ده‌جووڵێت، وه‌ك زۆر له‌خۆی بكات ئاوا په‌رۆشی ده‌نوێنێ) با بیبینم.
پاسه‌وانی یه‌كه‌م: ( چه‌كی لێ ڕاست ده‌كاته‌وه ) نه‌یه‌یت، ئه‌وه هی خۆمانه.
سێبه‌ره‌كان پێكه‌وه قسه ده‌كه‌ن و پێده‌كه‌نن، بڕێك نمایشی جه‌سته ده‌كه‌ن هه‌روه‌ك له هۆڵی له‌شجوانیدابن، هه‌رده‌مه‌ی سێبه‌ری كه‌سێك دێته ناوه‌ڕاستی شاشه‌كه‌وه و نمایشێك ده‌كات و ده‌گه‌ڕێته‌وه.
پاسه‌وانی دووه‌م: ( به‌په‌رۆشه‌وه ) ده‌با بیانبینم.
پاسه‌وانی یه‌كه‌م: قه‌ده‌غه‌یه، تۆ هێشتت من ئه‌وه‌ی ئێوه ببینم؟! ڕێت پێناده‌م، ده‌ی خێرا بۆ شوێنی خۆت بگه‌ڕێره‌وه.
پاسه‌وانی دووه‌م: ( ده‌ڕوانێته شاشه‌كه‌ی خۆیان، هیچ سێبه‌رێك پیشان نادات )
پاسه‌وانی یه‌كه‌م: ( جارجار ده‌یه‌وێت بڕوانێته شاشه‌كه‌ی دیكه )
پاسه‌وانی دووه‌م: ( به قۆڵی وه‌ك لێی بدات و نه‌هێڵێت ) سه‌یرمه‌كه.
پاسه‌وانی یه‌كه‌م: ( به‌جۆرێك ده‌ستی بۆ شاشه‌كه‌ی خۆیان ده‌جووڵێنێ وه‌ك بڵێت ئه‌وه‌ی خۆمان گرنگه)
پاسه‌وانی دووه‌م: ( به نیگه‌رانییه‌وه ده‌ڕوانێته شاشه‌كه‌یان، ده‌ڕوات و له جێی خۆی داده‌نیشێته‌وه)
له شاشه‌ی ڕاسته‌وه ده‌نگی چه‌پڵه‌لێدانێك به‌رزده‌بێته‌وه و شاشه‌ی چه‌پ سێبه‌ری چه‌ند كه‌سێكی ده‌كه‌وێته سه‌ر، ده‌نگی موزیك هاوشانیه‌تی و ڕه‌وشه‌كه گرنگ پیشان ده‌دات.. سێبه‌ره‌كان وا ده‌رده‌خه‌ن هه‌موو خه‌ریك بن و دوو دوو ده‌كه‌ونه قسه‌كردن و هاتوچۆ.
دیمه‌نی دووه‌م
هه‌مان دیمه‌نه. شاشه‌ی چه‌پ ڕووناكه و سێبه‌ره‌كان له‌سه‌ری ده‌جووڵێنه‌وه، شاشه‌ی ڕاست به قوماشێكی ڕه‌ش داپۆشراوه و هیچی لێوه نابینرێت، پاسه‌وانی دووه‌م به په‌ڕۆیه‌ك شاشه‌كه‌ی خۆیان ده‌سڕێته‌وه و ده‌ڕوانێته جووڵه‌ی سێبه‌ره‌كان. پاسه‌وانی یه‌كه‌م هه‌ڵده‌ستێته سه‌ر پێ و ده‌چێته به‌رده‌م شاشه‌كه‌ی خۆیان.
پاسه‌وانی یه‌كه‌م: ( له‌به‌رخۆیه‌وه) دیاره كۆبوونه‌وه‌یان هه‌یه بۆیه دیار نین..
( داده‌نیشێته‌وه) كۆبوونه‌وه‌ی نهێنی.
چه‌ند كه‌سێك له به‌ری ڕاسته‌وه دێنه سه‌ر شانۆ و ده‌ڕواننه شاشه‌ی لای ڕاست.
كه‌سی یه‌كه‌م: ( له‌ناكاوێكدا) ئه‌مه چییه؟!
كه‌سی دووه‌م: چی؟!
كه‌سی یه‌كه‌م: ئه‌مه كێ به‌ری له شاشه‌كه گرتووه؟! ( بانگ ده‌كات) پاسه‌وان.
پاسه‌وانی یه‌كه‌م: ( به‌خێرایی هه‌ڵده‌ستێ) به‌ڵێ قوربان.
كه‌سی یه‌كه‌م: چ ناحه‌زێك ئه‌مه‌ی كردووه و ئاگادار نیت؟!
پاسه‌وانی یه‌كه‌م: ئاگاداری چی؟! هیچ بووه؟!
كه‌سی دووه‌م: كێ ئه‌و قوماشه ڕه‌شه‌ی كردووه به ڕوومانه‌وه تا سێبه‌ره‌كانمان نه‌بینرێن ئه‌ی ڕوو ڕه‌ش؟!
پاسه‌وانی یه‌كه‌م: قوماش!! ( ده‌ڕوانێته قوماشه‌كه) خۆ پرسه و شتی وا نییه!
كه‌سی یه‌كه‌م: ( قوماشه‌كه لاده‌بات) به‌ڵێ ئه‌م قوماشه ئه‌ی بێ‌ئاگا.. ئه‌ی تۆ بۆچی لێره‌یت؟! ( پاسه‌وانی یه‌كه‌م ده‌یه‌وێت قسه بكات و مۆڵه‌تی ناده‌ن.. بۆ كه‌سی دووه‌م) با بێن سزای ئه‌مه بده‌ن ( كه‌سی دووه‌م ده‌ڕوات.. وه‌ستانێك) كێ تۆی كردووه به پاسه‌وانی ئێره؟!
پاسه‌وانی یه‌كه‌م: ( ده‌پاڕێته‌وه) قوربان چیم كردووه؟! هیچ بووه؟!
كه‌سی یه‌كه‌م: قسه نه‌كه‌یت، تۆزێكی تر سزای خۆت وه‌رئه‌گریت.
كه‌سی دووه‌م و چه‌ند كه‌سێك دێنه سه‌ر شانۆ و پاسه‌وان ده‌به‌ن، پاسه‌وانێكی دیكه‌ش له‌پاڵ شاشه‌كه‌وه ڕاده‌وه‌ستێت، شاشه‌كه وه‌ك پێشوو جووڵه‌ی فیگه‌ره‌كانه.
كه‌سی یه‌كه‌م: ( بۆ پاسه‌وانی نوێ) چاودێری ئه‌و پاسه‌وانه بكه ( ئاماژه بۆ پاسه‌وانی دووه‌م ده‌كات، ئه‌ویش له سێبه‌ره‌كانی لای خۆیه‌وه قووڵبۆته‌وه) قوماشێكیان كردووه به‌وه‌ی ئێمه‌وه و ئه‌و گه‌مژه‌یه‌ش خه‌وتووه، چاوێكت بكه به ده چاو.
پاسه‌وانی نوێ: به‌سه‌رچاو.
كه‌سی یه‌كه‌م: ( ده‌ڕوات و له‌به‌رده‌م شاشه‌ی چه‌پ بڕێك ڕاده‌وه‌ستێت)
پاسه‌وانی دووه‌م: فه‌رموو قوربان، بۆتان هه‌یه سێبه‌ره‌كان ببینیت ( كه‌سی یه‌كه‌م پاش كه‌مێك ده‌ڕوات)
دیمه‌نی سێیه‌م
هه‌مان دیمه‌نی پێشووه. چه‌ند كه‌سێك له‌به‌ری چه‌په‌وه دێنه سه‌ر شانۆ، بڕێك پۆسته‌ر له‌سه‌ر شاشه‌ی چه‌پ هه‌ڵده‌واسن و ده‌ڕۆن، پاسه‌وانی دووه‌م له پۆسته‌ره‌كان قووڵده‌بێته‌وه و ده‌یانخوێنێته‌وه. دوو كه‌س دێنه سه‌ر شانۆ و به بینینی پۆسته‌ره‌كان تووڕه ده‌بن.
كه‌سی یه‌كه‌م: بۆچی مه‌نشوراتیان به ڕوومانه‌وه هه‌ڵواسیوه؟!
كه‌سی دووه‌م: ( بۆ پاسه‌وانه‌كه‌یان) پاسه‌وانی خه‌وتوو!!
پاسه‌وانی دووه‌م: ( به‌ته‌رخه‌مه‌وه) به‌ڵێ وا هاتم.
كه‌سی یه‌كه‌م: چۆن هێشتووته ئه‌م مه‌نشوراتانه به شاشه‌كه‌مانه‌وه هه‌ڵبواسن؟!
پاسه‌وانی دووه‌م: قوربان ئه‌وه پۆسته‌ری هونه‌رین نه‌ك مه‌نشورات.
كه‌سی یه‌كه‌م: ده‌به‌نگ، ئه‌ی ڕێ له سێبه‌ره‌كان ئه‌گرن، ئه‌بێ هه‌ر ئه‌مڕۆ لێكۆڵینه‌وه‌ت له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، ده‌ستیش له‌گه‌ڵ ناحه‌زاندا تێكه‌ڵاو ئه‌كه‌یت؟َ!
پاسه‌وانی دووه‌م: ( به‌ده‌ست ئاماژه بۆ كه‌سه ڕۆیشتووه‌كان ده‌كات) سه‌ر به خۆمان نه‌بوون ئه‌وانه!!
كه‌سی دووه‌م: پێشمانكه‌وه ئه‌ی خائین و ناپاك ( ده‌ڕۆن، پاش تاوێك پاسه‌وانێكی دیكه له جێگه‌یدا ده‌وه‌ستێت)
پاسه‌وانی نوێ: ( بۆ پاسه‌وانه تازه‌كه) به‌خێربێیت.
پاسه‌وانی تازه: سوپاس.
پاسه‌وانی نوێ: تۆ تازه‌یت و منیش نوێ، جارجاره با ئاگامان له‌یه‌كتری بێت.
پاسه‌وانی تازه: بۆچی؟! مه‌به‌تت چیه؟! لێت تێناگه‌م.
پاسه‌وانی نوێ: مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه با وه‌كو ئه‌وانه‌ی پێش خۆمان ده‌رنه‌كرێین، با شته‌كان ئه‌وه‌نده به قورسیی نه‌گرین، له‌مدیوه‌وه من و تۆ خۆ هه‌ر به‌ش خوراوین، له‌به‌رئه‌وه هاریكاری یه‌كتری ئه‌كه‌ین و له‌به‌رده‌م ئه‌وانیشدا وا خۆمان پیشان ناده‌ین، ئه‌وه كێشه‌ی خۆیانه، من و تۆ كێشه‌ی ژیانمان هه‌یه نه‌ك شاشه.
پاسه‌وانی تازه: ئه‌مه له دڵه‌وه‌یه؟!
پاسه‌وانی نوێ: سوێندت بۆ بخۆم؟!
پاسه‌وانی تازه: ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت خۆت ئه‌زانیت چی ڕووئه‌دات، ئاگاداریت؟! ( وه‌ك وشیاركردنه‌وه) ئێمه چه‌كمان پێیه!!
پاسه‌وانی تازه: دڵنیابه.. من له‌به‌ر بژێوی نه‌بێت ئه‌م ئیشه ئه‌كه‌م؟! گه‌نجی وه‌ك من و تۆ ئێستا له وڵاتانن بۆخۆیان ئاسوده ئه‌ژین و خاوه‌نی خۆیانن.
له‌پڕێكدا ده‌نگی ده‌هۆڵ و زوڕنا و به‌زم به‌رزده‌بێته‌وه، ده‌بێته هه‌نگامه، سێبه‌ره‌كان له پشت شاشه‌كانه‌وه ده‌كه‌ونه هه‌ڵبه‌زودابه‌ز و هه‌ڵپه‌ڕین و چه‌پڵه‌لێدان.
پاسه‌وانی تازه: هیچ بووه؟! دیاره شتێك ڕوویداوه.
دیمه‌نی چواره‌م
نێوه‌ندی دوو شاشه‌كه نه‌ماوه و له‌مسه‌ری شانۆوه بۆ ئه‌وسه‌ری ته‌نها یه‌ك شاشه‌یه، دوو پاسه‌وانی دیكه له‌وێن، سێبه‌ره‌كان له جووڵه‌دان و دێن و ده‌چن، سێبه‌ره‌كان ته‌وقه ده‌كه‌ن، قسه ده‌كه‌ن، كاغه‌ز پیشانی یه‌كتر ده‌ده‌ن و له‌و جۆره شتانه. چه‌ند كه‌سێك به به‌رده‌میدا ڕاده‌بورن.
كه‌سی1: ئه‌مه نه‌بڕایه‌وه؟ چه‌ند ساڵه هه‌ر ئه‌م سێبه‌رانه‌یه و هه‌مان جووڵه.
كه‌سی2: ته‌نها سێبه‌رن، سێبه‌ری دوور له خۆشیان.
كه‌سی1: خه‌ڵكێكی زۆریش هه‌موو بوون به سێبه‌ر و له‌ودیوه‌وه‌ن، تۆ هیچیان ناناسیته‌وه؟! ( به وردبوونه‌وه‌وه ده‌ڕواننه سێبه‌ری كه‌سه‌كان)
كه‌سی2: ئه‌وانه‌ی ئه‌چنه ئه‌ودیوه‌وه هه‌مان سێبه‌ر له‌خۆئه‌گرن، هه‌ستت به‌مه نه‌كردووه؟!
كه‌سی3: ئێمه بیانناسینه‌وه یان نا ئه‌وان ئێمه ناناسن ئیتر، وه‌ك چۆن حه‌ربا ڕه‌نگی ئه‌گۆڕێت ئاوا ئه‌گۆڕێن و له سێبه‌ردا ئه‌بنه برا، ڕاستییه‌كه‌شی وا نییه.
كه‌سی2: بگۆڕێن یان نا چ گرنگییه‌كی هه‌یه، سێبه‌ر ڕووناكی لێ چنگ ئه‌كه‌وێت؟!
كه‌سی1: ئاگایان له‌مدیو نییه، ڕه‌نگه پێیان وابێت هه‌موو هیچ ئیشێكمان نییه ته‌نها سه‌یركردنی ئه‌وان نه‌بێت، سێبه‌ریان وه‌كو سێبه‌ری سه‌ر دیواری ئه‌شكه‌وته‌كانه، بڕوانه ئه‌و پاسه‌وانانه‌ش، ئه‌وانیشی لێ نه‌بن وه‌ك خۆیه‌تی، كێ ده‌ست ده‌بات بۆ سێبه‌ر؟ خه‌ڵكی تاقه‌تی خۆیان ماوه تاوه‌كو پڕبكه‌ن به سێبه‌ردا!! سێبه‌ر گرتن چ سودێكی هه‌یه! مناڵیم بیرئه‌كه‌وێته‌وه وه‌ختێ به ئاوێنه سێبه‌رمان دروست ئه‌كرد و ئه‌مانگرت.
پاسه‌وانی1: ( بۆ پاسه‌وانی2) ئه‌مڕۆ بڕیار ئه‌ده‌ن یان سبه‌ی؟
پاسه‌وانی2: ئه‌مڕۆ هیچ دیار نییه جارێ.
كه‌سی2: گوێتان لێیه؟! ئه‌ڵێ ئه‌مڕۆ!!…
پاسه‌وانی1: به‌ڕاست ئه‌مڕۆیه؟
كه‌سی2: ( پێده‌كه‌نێت)
پاسه‌وانی1: به‌چی پێئه‌كه‌نیت؟!
كه‌سی2: ئێستا شه‌وه نه‌ك ڕۆژ، ئه‌و سێبه‌رانه تیشكی گڵۆپ دروستی كردوون نه‌ك خۆر.
پاسه‌وانی2: چۆن وا ئه‌ڵێیت؟! ئه‌ڵێی خه‌ڵكی ئێره نیت!
كه‌سی2: حاشا من خه‌ڵكی ئێره نیم، كه‌ی ئێره وابووه؟!
كه‌سی1: قسه بۆ كێ ئه‌كه‌یت؟! ئه‌مانه چی ئه‌زانن؟! سێبه‌ری مناڵیمان به تیشكی خۆر بوو، ئه‌میش ئه‌ڵێ ڕۆژ ( بۆ پاسه‌وان) ئه‌مه‌ی تێیداین شه‌وگاره هه‌ر به پاسكردنی خۆتانا بیزانه.
پاسه‌وانی2: بۆ ئێمه سه‌گین وامان پێ ئه‌ڵێیت؟!
كه‌سی1: پاسكردن و پاسه‌وانیی یه‌ك شتن، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ش نه‌بوو.
پاسه‌وانی2: ئه‌ی بۆ ئه‌ڵێی شه‌و؟!
كه‌سی1: ئه‌مه شه‌وه و ئێوه نایزانن.. یان ئه‌تانه‌وێت نه‌یزانن و له‌بیر خۆتانی ئه‌به‌نه‌وه (پاسه‌وانی1 به مۆبایله‌كه‌یه‌وه خه‌ریكه) ئێوه خۆتان جگه له سێبه‌ر هیچ شتێكی ترتان له‌مانه بینیووه؟! ئه‌مانه هه‌ر بۆخۆیان هه‌ن، بوونیان ته‌نها سێبه‌ره.
پاسه‌وانی2: بۆچی سێبه‌ر كه‌مه؟! بوون به سێبه‌ر خۆشییه‌كه هه‌موو كه‌سێك پێی ڕه‌وا نابینرێت، ئه‌ی خۆتانت بینیووه له چ حاڵێكدان؟!
كه‌سی1: له چ حاڵێكداین؟! ئێمه ڕاسته‌قینه‌ین و ئه‌وان سێبه‌ر، خاوه‌نی ویژدان و چاو و گوێی خۆمانین و ئه‌وان نه چاویان هه‌یه ڕاستییه‌كانی پێ ببینن، نه گوێچكه‌ش تا ڕاستییه دژواره‌كانی پێ ببیستن، سێبه‌ر جگه له ڕه‌نگی ڕه‌ش و تۆخ هیچیتر نین ( ده‌سته‌یه‌ك دێنه سه‌ر شانۆ) وه‌ك وتیشم تاقه ڕووناكییه‌ك له‌ودیوه‌وه هه‌بێت ته‌نها تیشكی گڵۆپه، گڵۆپی دروستكراو.
پاسه‌وانی2: ئێوه بێ ئیشن هه‌ربۆیه ئه‌و قسانه ئه‌كه‌ن، تۆ خۆشت له خۆت تێناگه‌یت، تۆ… ( سه‌رۆكی ده‌سته‌كه قسه‌ی پێده‌بڕێت)
سه‌رۆكی ده‌سته: ( بۆ كه‌سی1) وتت گڵۆپی دروستكراو؟!
كه‌سی3: نا نا مه‌به‌ستی هیچ نه‌بوو، ئه‌و…..
كه‌سی1: به‌ڵێ گڵۆپی دروستكراو.
سه‌رۆكی ده‌سته: گوێتان لێیه؟! ئه‌ڵێ گڵۆپی دروستكراو!! بۆچی گڵۆپی خۆڕسكیش هه‌یه؟! ( هه‌موو به ده‌نگی به‌رز له‌گه‌ڵ پاسه‌وانه‌كاندا پێده‌كه‌نن) گڵۆپی دروستكراو!! (پێكه‌نین تاوێك ده‌خایه‌نێت) ڕۆڵه كه تۆ نازانیت قسه بكه‌یت بۆ ده‌یكه‌یت؟! خۆت به چی ئه‌زانیت؟ تۆ جارێ هه‌یت؟ بوونت هه‌یه؟!
كه‌سی1: ئه‌وه په‌یوه‌ندی به تۆوه نییه، هه‌بم بۆ خۆم هه‌م.
پاسه‌وانی2: ئه‌ی بۆ پێشتر وتت ئه‌وانه هه‌ر بۆ خۆیان هه‌ن و ته‌نها سێبه‌رن؟!
سه‌رۆكی ده‌سته: ( به‌سه‌رسوڕمانه‌وه) وای وتووه؟!
پاسه‌وانی1: به‌ڵێ وای وت.
سه‌رۆكی ده‌سته‌كه به ئاماژه به ده‌سته‌كه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نێت بیگرن، ئه‌وانیش وا ده‌كه‌ن.
كه‌سی3: بابه سوبعه‌ت ئه‌كات و خۆی كه‌مێك ئه‌قڵی ته‌واو نییه.
سه‌رۆكی ده‌سته: بیبه‌ن، با له‌وێ ئه‌م قسانه بكات ( كه‌سی1 به‌رهه‌ڵستی ده‌كات و ده‌یبه‌ن، كه‌سی2 له‌گه‌ڵ كه‌سی3 هه‌وڵده‌ده‌ن نه‌یبه‌ن به‌ڵام بێسوده)
كه‌سی3: ئاخر ئه‌م قسانه چ سودێكیان هه‌یه، كه تۆ ئه‌زانیت سێبه‌ر هیچ نییه بۆ قسه‌شی له‌سه‌ر ئه‌كه‌یت!!
كه‌سی2: پێم وت، سودی نییه.. به‌خۆڕایی سه‌ری خۆی ئه‌یه‌شێنێت.
پاسه‌وانی2: با بیبه‌ن له‌وێ گڵۆپی دروستكراو ببینێت ( له‌گه‌ڵ پاسه‌وانی1 ده‌كه‌ونه پێكه‌نین)
دیمه‌نی پێنجه‌م
هه‌مان دیمه‌نه ته‌نها شاشه‌كه ڕووناكی به‌رناكه‌وێت و سێبه‌ره‌كان دیارنین، شانۆ وا پیشانده‌دات ئه‌ودیوی شاشه‌كه‌یه.. كۆمه‌ڵێك ڕه‌شپۆش كه ته‌نها چاویان دیاره به‌پێوه ڕاوه‌ستاون، ڕه‌شپۆشێك له‌سه‌ر كورسییه‌ك دانیشتووه، كه‌سی1 له‌نێو ده‌ستی دوو پاسه‌وانی ڕه‌شپۆشدایه، ڕووناكی له سه‌ره‌وه لێیانده‌دات.
ڕه‌شپۆش: ( باری خۆی له‌سه‌ر كورسییه‌كه ده‌گۆڕێ) كه‌واته پێتان وایه ئێمه ته‌نها سێبه‌رین و هیچیتر!! ئه‌ی چۆن هاتنه ئێره؟!
كه‌سی1: كه‌سانێك منیان هێنا.
ڕه‌شپۆش: بڵێیت ئه‌و كه‌سانه له خۆیانه‌وه هاتبن؟!
كه‌سی1: نازانم.
ڕه‌شپۆش: ئه‌وانه‌ی تۆیان هێنایه ئێره سێبه‌ر بوون؟!
كه‌سی1: نه‌خێر سێبه‌ر نه‌بوون، وه‌ك كه‌سانی ئاسایی بوون.
ڕه‌شپۆش: به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌وانه سێبه‌ر بوون، ئێستا زانیت سێبه‌ر هه‌موو شتێكی به‌ده‌سته؟! ئه‌ی ئێوه چین؟ له‌و ئاسته‌دان تاوه‌كو به خراپه باسی ئێمه بكه‌ن؟
كه‌سی1: به‌خراپه هیچم نه‌وتووه، له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا قسه ئه‌كه‌م.
ڕه‌شپۆش: ئه‌ی چۆن به خۆتان ئه‌ڵێیت ڕاسته‌قینه و به ئێمه‌ش بێ گوێ و نابینا كه هیچ نابینین؟! دیاره هه‌ر ئێوه‌ش بوون به‌رتان له ڕوومان گرتووه تاوه‌كو نه‌بینرێین.. ئێوه چاوتان به ئێمه هه‌ڵنایه‌ت و كوێر و كه‌ڕ و ناپابه‌ندن.. به‌پێی یاسای ئێره ئێوه تاوانبارن كه له‌ناو خه‌ڵكیدا گێره‌شێوێنی ده‌كه‌ن و ناحه‌زانمان لێ هانئه‌ده‌ن.
كه‌سی1: چ یاسایه‌كه له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی…..
ڕه‌شپۆش: تۆ؟.. تۆ له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا قسه ئه‌كه‌یت!! به چ هه‌قێك؟ ئه‌ی بێ سێبه‌ری بێ مانا.. ( به‌تووڕه‌ییه‌وه) ئه‌و هه‌موو شته، ئه‌و هه‌موو گۆڕانكارییه، ئه‌و هه‌موو چاكسازییه ئه‌كه‌ین و هێشتا چاوی كوێر و موزمه‌عینتان نایانبینن!! هه‌ی بێ ئه‌مه‌ك و سپڵه.. ئه‌سڵه‌ن ئێوه.. ئێوه‌ی میكرۆب گوناهیشه له‌ناو ئێمه‌دا هه‌ناسه ئه‌ده‌ن.
كه‌سی1: ئینجا ئێوه له‌ناو ئێمه‌دان تا لێتان ببینه میكرۆب؟! كه‌ی ئێمه و ئێوه پێكه‌وه بووین!
ڕه‌شپۆش: ئه‌م مه‌به‌سته پیسه‌ت چییه؟ زیاتر ڕوونی بكه‌ره‌وه ئه‌ڵێی فێری قسه‌كردنیش نه‌بوویت، ( لاسایی ده‌كاته‌وه) ئێمه و ئێوه…
كه‌سی1: فێربووبم یان نا ئه‌مه ڕاستییه‌كه‌یه كه ئێوه و ئێمه زۆرمان جیاوازی هه‌یه، ئێوه ته‌نها به‌و سێبه‌رانه‌تان لای ئێمه هه‌ن و هیچیتر، سێبه‌ر چی لێبكه‌ین؟! سێبه‌ری پشت دیواریش بوو به گۆڕانكاری و چاكسازیی!!.. ڕووه ڕاسته‌قینه‌كه‌تان له‌مدیووه‌وه ده‌رئه‌كه‌وێت.
ڕه‌شپۆش: ( ئاماژه‌یه‌ك ده‌كا و دووانه‌كه لێیده‌ده‌ن.. كه‌سی1 هاوارده‌كا و ئه‌وانیش هه‌ر پیایدا ده‌كێشن) حه‌یوان.. حه‌یوانی هیچ نه‌زان، ئه‌زانیت ئه‌م قسه ناماقوڵه‌ت چی ئه‌گه‌یه‌نێت!.. ئێمه خۆمان سێبه‌رین و سێبه‌ر زاده، ئێمه ده‌نگی گۆڕان و گه‌شه‌سه‌ندنین.
كه‌سی1: ( به‌ناڵینه‌وه) ئێوه ڕه‌شن، دڵتان ڕه‌شه هه‌روه‌كو پۆشاكتان، ئێوه كێن؟! هه‌رگیز ئێوه‌م وه‌ها نه‌بینیووه، وامانئه‌زانی له‌ودیو شاشه‌كانه‌وه خه‌مخۆری ئێمه‌ن و كار بۆ ئێمه ئه‌كه‌ن، به‌ڵام جگه له‌و سێبه‌رانه ئێمه هیچمان نه‌بینیووه لێتان، ته‌نها سێبه‌رتان ڕژاوه‌ته سه‌ر لایه‌نه خراپه‌كان. ( لێیده‌ده‌نه‌وه)
ڕه‌شپۆش: كه‌واته لاتان وایه چی خراپه‌یه ئێمه دروستمان كروون!!
كه‌سی1: ( وه‌ك سه‌رخۆشێك) به‌ڵێ به‌داخه‌وه، ئه‌مه ڕووه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ئێوه‌یه، لای خۆی ئێوه پشتوپه‌نا و هاوڕێی ئێمه بوون، من ئێستا نازانم تۆ كێیت!.. ئه‌مانه كێن!.. ڕه‌نگه… ڕه‌نگه هه‌موو هاوڕێ كۆنه‌كانمان بن به‌ڵام خۆتان بیرچۆته‌وه، ئێمه‌تان بیرچووبێته‌وه له‌پێناوی خۆتاندا.. به‌و ژیانه‌شتان ئه‌ڵێن ژیان؟! ( پێده‌كه‌نێت) ته‌نها چاوتان دیاره به‌ڵام چ چاوێكیش.. ڕاستییه‌كانی پێ نابینن.
ڕه‌شپۆش: ئێمه خۆمان ڕاستین.. كام ڕاستییه ئه‌ی دوژمنانی ئه‌ودیو شاشه‌ی دوور له خواستی هه‌مووان؟!
كه‌سی1: ئه‌و ڕاستییه‌ی هه‌موو خه‌ڵكی گاڵته‌ی به ڕه‌فتار و جووڵه‌تان دێت و واده‌زانن ئێمه هه‌ر خه‌ریكی ته‌ماشاكردنی سێبه‌رتانین.. ته‌نانه‌ت مناڵان‌یش لێتان بێزاربوون، بوونه‌ته مایه‌ی گاڵته‌جاڕی و دڵتان به‌و شاشه‌یه خۆشه، من بم له‌جیاتی ئێوه ته‌نها قوماشێكی ڕه‌ش ئه‌كه‌م به شاشه‌كه‌وه و پێویست ناكات پاسه‌وانیشی بۆ دابنێن.. ئێوه سێبه‌رتان سێبه‌رێكی هه‌ڵواسراوه و ناكه‌وێته سه‌ر ئه‌رزی واقیع، ئێمه و ئێوه دیوارێكی ئه‌ستوور به‌ینمانه، ئێوه ئاگاتان له كه‌س نییه و ژیانی هیچی خۆتان ئه‌ژین، به‌ڵكو.. به‌ڵكو… ئایا ئێوه یه‌كتری ئه‌ناسنه‌وه؟! باوه‌ڕناكه‌م یه‌كتریش بناسن.. كه خۆتان نه‌ناسنه‌وه ئێمه چۆن ئه‌ناسن، ئه‌ڵێی شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ن.. قه‌له‌ڕه‌ش و بایه‌قووش.. ئه‌بێت ئه‌و دیواره بڕوخێنین.. به‌ڵام حه‌یفیشه نێوانمان نه‌مێنێت و تێكه‌ڵاومان ببنه‌وه.. ئه‌مه ڕای خۆم نییه و ئه‌و خه‌ڵكه هه‌موو داخ له‌دڵن لێتان، بۆ ڕاستیتان پێناخۆشه؟.. ڕۆژێك دێت ته‌فروتونابن و له‌سه‌ر زه‌وی نه‌مێنن.
ڕه‌شپۆش: ( بۆ ڕه‌شپۆشه‌كان) ئه‌ها.. ئه‌وه‌تا خۆی دانی پێدا ئه‌نێت كه قوماشی ڕه‌ش بكرێت به شاشه‌كه‌مانه‌وه، كه‌واته دۆزیمانه‌وه، لێیده‌ن، بیكوژن تا چیتر گوێم له ده‌نگی ناخۆشی نه‌بێت، ئه‌مه زۆر پیسه و تا ئێستا شتی وا دزێوم نه‌بینیووه ( لێیده‌ده‌ن)
كه‌سی1: بمكوژن..جا كه‌ی ئێوه گوێتان له ده‌نگی ئێمه بووه؟! ئێوه له ده‌نگی ئێمه پێكهاتبوون تا گه‌یشتنه ئه‌و ئاسته‌ی وه‌ك خه‌ڵووزتان لێبێت.. ڕه‌شپۆشانی تاریكی و دواكه‌وتوویی… ( لێیده‌ده‌ن تاوه‌كو ده‌كه‌وێت)
ڕه‌شپۆش: ئه‌وانه‌ی ئه‌ودیو هه‌موو دوژمنی ئێمه‌ن، دوژمنانی ئازادی، چاوه‌ڕێی ئه‌و ڕۆژه‌ن ته‌فروتوونا بین.. نیازیشیانه دیواره‌كه بڕوخێنن تا سێبه‌رمان نه‌مێنێت.. ئه‌زانن سێبه‌ر نه‌مان واتای چی ئه‌به‌خشێت؟ واتای نه‌مانمان، پێویسته ئه‌وانه‌ی ئه‌ودیو هه‌موو ده‌ستگیر بكرێن و بكرێنه سێبه‌رمان، تاوه‌كو به‌و شێوه‌یه بمێننه‌وه نه‌یارانمان زیاد ئه‌كه‌ن و لێمان هان ئه‌درێن، یان ئه‌بنه سێبه‌ر و له قسه‌مان ده‌رناچن، یان كۆتاییان پێ بهێنرێت، مه‌هێڵن كه‌س به‌رهه‌ڵستی بكات.
دیمه‌نی شه‌شه‌م
سێبه‌ره‌كان له‌سه‌ر شاشه‌كه نمایشی ئازیه‌تی و پاڵه‌وانێتی پێشكه‌ش ئه‌كه‌ن، پاسه‌وانێكی ڕه‌شپۆش دانراوه.. تاوناتاوێك هه‌ر كه‌سه‌ی دێته سه‌ر شانۆ و ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ند ڕه‌شپۆشێك پڕی پێدا ده‌كه‌ن و ده‌یبه‌ن.. ده‌نگی هاوار و قیژه به‌رزده‌بێته‌وه، چه‌ندیش ژنان و پیاون ده‌فڕێنن، له‌ودیو شاشه‌كه‌وه ده‌بینرێنه‌وه كه لێده‌درێن. سێبه‌ری لێدان و ئه‌تككرن تاوێكی شیاو ده‌خایه‌نێت.
دیمه‌نی حه‌وته‌م
شاشه‌كه ڕووناكه، ڕه‌شپۆشه‌كان له‌مدیوه‌وه دێن و ده‌چن، ڕه‌شپۆشێك جانتایه‌كی پێیه و ڕه‌شپۆشێكی تر هه‌نگاوی هه‌ڵگرتووه، له‌ودیو شاشه‌وه جانتاكه‌ی لێ ده‌فڕێنێ.. له سێبه‌رێكه‌وه یه‌كێكی دیكه له‌پشته‌وه به‌ر چه‌قۆ ده‌درێ. هه‌رچی ڕه‌شپۆشه مێینه‌كانن به‌وه‌دا ده‌ناسرێنه‌وه پشتێنیان به‌ستووه، ژنه ڕه‌شپۆشێك له لایه‌كه‌وه ده‌ڕوات و ڕه‌شپۆشێك بانگی ده‌كات.
ڕه‌شپۆشی1: وه‌ره ژنه جوانه‌كه‌م.
ژن: ( ئاوڕده‌داته‌وه) تۆ كێیت؟!
ڕه‌شپۆشی1: نامناسیته‌وه؟ من مێرده‌كه‌تم وه‌ره.
ژن: ئه‌وه تۆیت كارۆ؟
ڕه‌شپۆشی1: گیانی كارۆ، به‌ڵێ منم.
ژن: ئه‌ی بۆ ده‌نگت گۆڕاوه؟ ها…..
ڕه‌شپۆشی1: ئاوا لێم ئه‌پرسیته‌وه؟ كه‌مێك ناساغم.
ژن: ( لێی نزیك ده‌كه‌وێته‌وه) نه‌خۆشیت؟
ڕه‌شپۆشی1: ( ده‌ست ده‌خاته ملیه‌وه) ئاه.. هه‌ر زۆر.
ژن: نا.. نا تۆ كارۆ نیت ( لێی دوورده‌كه‌وێته‌وه، ده‌چنه پشت شاشه‌كه‌وه و ده‌بنه سێبه‌ر)
ڕه‌شپۆشی1: من كارۆم ( پڕی پێدا ده‌كات) كارۆ…
ژن: لاچۆ.. تۆ كارۆ نیت ( ڕه‌شپۆشه‌كه ده‌كه‌وێته سه‌ر گیانی)
له په‌ڕێكی تره‌وه ژنێك ڕه‌شپۆشێك بانگ ده‌كات.
ژن: ( به ناسكییه‌وه) گیانه‌كه‌م وه‌ره ئه‌وه منم.
ڕه‌شپۆشی2: كێیت؟
ژن: ژنه‌كه‌ی خۆتم، ئه‌ڵێی نامناسیته‌وه؟!
ڕه‌شپۆشی2: ( له‌به‌رخۆیه‌وه) بۆ من ژنم هێناوه تا ئه‌مه ژنم بێت!!
ژن: ده وه‌ره ئازیزه‌كه‌م ( ده‌ستی ده‌گرێ و ده‌چنه پشت شاشه‌وه)
ڕه‌شپۆشی2: ها؟! باشه به‌ساقه وتم با خۆمی لێ بگۆڕم.. وا هاتم ( باوه‌شی پێدا ده‌كات و ده‌یخاته سه‌ر زه‌وی)
دوو ڕه‌شپۆشی دیكه له گۆشه‌یه‌كه‌وه كه‌سێك ده‌كوژن و ده‌یبه‌نه پشت شاشه‌كه‌وه، دواتر له‌ودیوه‌وه سێبه‌ره‌كان زۆرتر ده‌بن و دیمه‌نه‌كان كوشتن و بڕین و ئه‌تككردنه، هه‌ر سێبه‌ره و سه‌ربه‌خۆ كارێكی نه‌شیاو ده‌كات.. له‌ناكاوێكدا كۆمه‌ڵێك سپی پۆش دێنه سه‌ر شانۆ، پاسه‌وانی ڕه‌شپۆش به بینینیان هه‌ڵدێت، بڕێك ده‌ڕواننه نمایشی كوشتن و بڕین و سه‌رده‌سته‌ی سپی پۆشه‌كان وه‌ك مامۆستایه‌ك له شاشه‌كه نزیكده‌بێته‌وه.
سه‌رده‌سته: بڕوانن ( ئاماژه بۆ سێبه‌ره‌كان ده‌كات) ئه‌وه‌تا یه‌كتری ئه‌بڕێننه‌وه، ئه‌مه كۆتاییانه به ده‌ستی خۆیان، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یان ناوه‌ته‌وه ئه‌مێنن و هیچیان لێ نایه‌ت.. له‌به‌رئه‌وه هه‌رچی زووه هێرشیان بۆ ئه‌كه‌ین و نایانهێڵین، ده‌ی، له دوو قۆڵه‌وه بۆیان ئه‌چین، ئه‌وان وره‌یان هیچ پێ نییه و تا زووه لێیانده‌ن.
سپی پۆشه‌كان ده‌چنه پشت شاشه‌وه و ده‌بێته شه‌ڕ و به‌زم، ده‌سته‌یه‌ك له ده‌ستیان هه‌ڵدێن و ئه‌وانیش ده‌كه‌ونه سه‌ریان.. شه‌ڕ كاتێكی شیاو ده‌خایه‌نێت و سێبه‌ره‌كان ئارام ده‌بنه‌وه، پاسه‌وانێكی سپی پۆش چاوه‌دێری شاشه‌كه ده‌كات و سێبه‌ره‌كان له‌ودیوه‌وه ئاسایی ده‌نوێنن.. دوو سپی پۆش له په‌ڕی پاسه‌وانه‌وه دێنه سه‌ر شانۆ و ده‌ڕواننه دیمه‌نه‌كه. دواتر چارشێوی سه‌ریان لاده‌به‌ن و ده‌رده‌كه‌ون كه هاوه‌ڵانی كه‌سی1 بوون.
كه‌سی2: هه‌مان شێوه و هه‌مان ڕه‌فتار، بڕوانه وا پاسه‌وانیشیان لێره داناوه!
كه‌سی3: ئه‌ی ئێمه چیمان كرد؟! وادیاره ته‌نها ڕه‌نگمان گۆڕیووه و هیچیتر، ئه‌مه ناو ئه‌نێیت چی؟!
كه‌سی2: به‌داخه‌وه.. ڕه‌ش بێت یان سپی ته‌نها چاومان دیاره و كه‌س ئاگای له كه‌س نییه، ڕه‌نگه به‌ناوی سپییه‌وه خراپتریش بكه‌ین، خۆ له‌ناو ڕه‌شه‌كاندا هه‌بوون باش و ناڕازی له چۆنێتی ژیانیان، له‌ناو ئێمه‌شدا خراپه‌كان هه‌ن و ته‌نها ڕه‌نگیان ئه‌گۆڕن.
كه‌سی3: پێویسته له‌و ڕه‌وشه دژواره ئاگاداریان بكه‌ینه‌وه، ناكرێت وه‌ها سێبه‌ره‌كانی پێشوو له ناخماندا بێت، ئه‌و جووڵانه‌ی ئه‌وان له خۆماندا بنه‌بڕ بكه‌ین و سنوورێك بۆ ئازادییه‌كانمان دابنێین، ئازادی به‌م شێوه‌ییه نییه كه پیاده‌ی ده‌كه‌ین، ئه‌ی لێپرسینه‌وه؟! ئه‌ی گۆڕان؟!
كه‌سی2: بێسووده.
كه‌سی3: بۆچی؟!
كه‌سی2: بڕوانه..( ئاماژه بۆ شاشه‌كه ده‌كات، كه‌سی3 له‌گه‌ڵیدا ده‌ڕوانێت، سێبه‌ره‌كانیش دیمه‌نی ناپاكی و كوشتن و دزین و ئه‌تككردن نمایش ده‌كه‌ن) به‌داخه‌وه ناتوانین به‌ریان لێبگرین، چونكه ئێمه نازانین چیمان ئه‌وێ و بۆچیش ئه‌ژین، جگه له سێبه‌ره‌كانیش هیچی تر نین، كاتێكی زۆرمان ئه‌وێت تا له‌م ڕاستییه تێبگه‌ین، تا ئه‌و كاته‌ش دێت وابزانم هه‌موو شتێكمان له‌ده‌ست داوه و ئه‌و وه‌خته‌ش په‌شیمانی داد نادات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه نه خۆمان ئه‌ناسین نه یه‌كتری، نه ویستمانه خۆمان بناسین نه ئه‌وانی تر كه ئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كه‌یه.
هاتوهاوارو كوشتن و ڕاوه‌دونان شانبه‌شانی سێبه‌ره‌كان جووڵه و ده‌نگه‌ده‌نگی نائارام ده‌نێنه‌وه، به هاوارێكی به‌رزی ( نا ) سه‌رجه‌م ده‌نگه‌كان نامێنن.
تاریكی
كۆتایی 2009