Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

سێبه‌ری ده‌رگه‌کان داخران … گۆران ڕه‌سووڵ

Be First!
by September 19, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

1

زه‌وی 

گۆڕێکی کراوه‌یه‌،

به‌ ده‌ستوپێی که‌له‌پچه‌کراوه‌وه‌ 

له‌ناویدا ده‌گوزه‌رێنین.

 

2

دیواره‌کان به‌گوێ و

ده‌رگه‌کانیش

کوێرن.

 

3

هێشتا 

هه‌ندێ ده‌رگه‌ نه‌کراونه‌ته‌وه‌،

له‌ هه‌ندێکی تر نه‌دراون.

دارتاش

خه‌ریکی دروستکردنیانه‌.

 

4

تکایه‌، له‌ دوای خۆت ده‌رگه‌که‌ داخه‌

ئێره‌ 

چیتر پێویستی به‌ مرۆڤ نییه‌.

 

5

ده‌سکی ده‌رگه‌کان

سه‌ره‌تای ونبوون،

سێکس،

جه‌نگن.

 

6

ئێره‌ چۆڵه‌وانی بوو

خۆمان

دیوار،

ده‌رگه‌،

زیندان،

خێزان، 

جه‌نجاڵیمان دروستکرد.

 

7

هۆتێلێکی سێ ئه‌ستێره‌ی کاڵبووه‌وه‌

ته‌نیا له‌ ژوورێکی دووکه‌سی، ژماره‌ 311

هه‌وڵی خۆکوژی ژماره‌ 13

له‌ به‌یانییه‌کی دره‌نگوه‌خت،

په‌نجه‌م خسته‌ سه‌ر په‌لاپیتکه‌ی ده‌مانچه‌که‌،

(ته‌ق ته‌ق! به‌ڕێز

کارمه‌ندی هوتێلم

ژووره‌که‌ خاوێنده‌که‌مه‌وه)‌.

ژووره‌که‌ خاوێن بوو، 

چاوم نووقاند و

هێزم خسته‌ سه‌ر په‌نجه‌م.

ئێستا 

کارمه‌ند ده‌توانێ ژووره‌که‌ خاوێنبکاته‌وه‌.

 

8

له‌ زۆر ده‌رگه‌م دا،

ئاسن،

دار،

ڕووت،

ژه‌نگگرتوو…..

ده‌رگه‌کان جۆریان زۆره‌،

بێده‌نگی و

نادیاری ئه‌ودیویان کۆیان ده‌کاته‌وه‌. 

 

9

بۆ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ ژیان

پێویستیم به‌ ده‌رگه‌ نییه‌،

دیواره‌کان له‌ناوخۆمدا ده‌ڕمێنم‌.

 

10

مه‌ینه‌تی کرانه‌وه‌ی ده‌رگه‌کان،

ڕقی دره‌خته‌

له‌ دارتاش.

 

11

گوتیان 

ئه‌گه‌ر له‌خه‌ونتدا بینیت 

ده‌رگه‌ی تازه‌ بۆ ماڵه‌که‌ت چێ ده‌که‌ی،

چاوه‌ڕێی خۆشیبه‌ختی‌ به‌،

به‌ڵام من

شوێن و

نیشتیمان و

ماڵم هه‌ر نییه‌.

 

12

ڕێنوێنمان کوێر

په‌یامبه‌ریشمان نه‌هات

سه‌رده‌می سیحریش ئێکسپایه‌ر،

دۆشداماو

ده‌رگه‌کانی شه‌ڕ چۆن داخه‌ین!

 

13

ئه‌و ماڵانه‌ی

که‌س تێیاندا ناگرییه‌ت

پێویستیان به‌ ده‌رگه‌ نییه‌.

 

14

درێژن

چیرۆکی دره‌خته‌کان،

له‌

باڵابه‌رزێکی ڕه‌گ داکوتاو

جه‌نگی ڕه‌شه‌با

له‌عنه‌تی ته‌ور و مشار

تا 

کوژانه‌وه‌ی گڵۆپی ژووره‌کان.

 

15

(چیرۆکی دارگوێزی پیر)

دڵڕه‌قانه‌ که‌وتنه‌ گیانم

پارچه‌ پارچه‌ بووم

دوای وێرانه‌ی شووم

چاوه‌ڕێ بووم، 

کورسیی کافێیه‌کی بچووکم لێ دروستکه‌ن

هه‌رنا

ره‌فه‌ی کتێبخانه‌یه‌ک

گۆچانی پیره‌‌مێردێک

دۆڵابی کچێکی زانکۆ.

 

ده‌رگه‌ی ژووری دیکتاتۆرم و

واژووی هه‌زاران تاوان ده‌بینم.

 

16

ئاسووده‌یین،

گۆڕه‌کانمان بێ ده‌رگه‌ن.

 

Previous
Next

Leave a Reply