سێبه‌ری شكاو ….ئارام شێخ وه‌سانی
مانشێت:
” ئه‌و كچه نابینایه، به‌فاڵگرتنه‌وه ژیانی به‌ڕێوه ده‌چێت”
ئه‌مرۆ بڕیارم دا، كه‌مێك دۆخی ده‌روونی خۆم بگۆرم و سه‌ردانێكی پاركی گشتی شار بكه‌م. ئه‌گه‌رچی به‌م حاڵه‌وه چوونه‌ده‌ره‌وه بۆ من باش نییه، به‌ڵام له ماڵه‌وه بێزار بوومه، گه‌ره‌كمه هه‌وایه‌كی تازه هه‌ڵمژم و بینایم چواردیواره سپیه‌كه‌ی ژووره‌كه‌م جێ بهێڵیت. سه‌ره‌تا كه‌مێك دڕدۆنگ بووم، وه‌لێ دواتر متمانه‌م زیاد بوو، كه هیچ ڕوونادات. خۆم ڕێكخست و چاویلكه‌كه‌م خسته گیرفانمه‌وه. له كاتی كردنه‌وه‌ی ده‌رگه‌ی گه‌وره‌ی ماڵ، دراوسێی ده‌سته‌چه‌پمان، له به‌رده‌م ده‌رگه وه‌ستا بوو. هه‌ر ده‌رگه‌م كرده‌وه و سه‌یری كردم…
سڵاوێكم كرد
-سلاو …ماشه‌ڵا چه‌ند قیت و قۆز ده‌ڕۆیت…دیاره نه‌خۆشییه‌كه‌ت نه‌ماوه؟
حه‌وسه‌ڵه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌م نه‌بوو، گوتم بێتاقه‌ت بووم له‌ماڵه‌وه، ده‌ڕۆم پیاسه‌یه‌ك ده‌كه‌م.
-نانا…پێته‌وه دیاره ، ڕه‌نگت خۆش دیاره.
وه‌ڵامی ئه‌و قسه‌یه‌م نه‌دایه‌وه، به هێواشی به كۆڵاندا ڕۆیشتم، ماڵه‌وه‌مان بۆ بازاڕ چووبوون. ئه‌مرۆ تاكه ڕۆژه ئه‌و هێزو جورئه‌ته‌م بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه و ده‌مه‌وێت به‌پێی خۆم بۆ پاڕكی شار بڕۆم…
له ڕێگه‌ی نێوان پاڕك و ماڵه‌وه ده‌یان كه‌سم بینی، هه‌موویان ده‌یانووسیت قسه‌م له‌گه‌ڵ بكه‌ن، به‌ڵام خۆم له هه‌موو گفتوگۆیه‌كی كۆڵان و شه‌قام دزییه‌وه. ده‌مه‌وێت زۆر به‌هێواشی بڕۆم، به‌ڵام ئه‌م بیركردنه‌وه و ئه‌و خه‌ڵكه ناهێڵێت. له ڕۆیشتندا ته‌واو به خواروخێچی ڕێم ده‌كرد، سێبه‌ره‌كه‌ی خۆم ده‌بینی، هه‌ستم به‌شكاوی سَیبه‌ره‌كه ده‌كرد. گه‌یشتمه شه‌قامی پشت ماڵمان و ده‌ستم بۆ ته‌كسییه‌ك به‌رز كرد و سه‌ركه‌وتم. بێ به‌ختی ئه‌و شۆفێره هاوڕێی باوكم بوو…ئاخێكم هه‌ڵكێشا…گوتی ئه‌ری چاكبوویته‌وه، گوتیان ڕووداوێكی خراپتان به‌سه‌ر هاتبوو. باوكت باسی كرد، تۆیش ئازارت به پشتت گه‌یشتبوو، دیاره چاكبوویته‌وه؟
وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌م نه‌دایه‌وه و پاره‌م ده‌رهێنا و گوتم بمگه‌یه‌نه پاركی شار، گوتی پاره‌كه هه‌ڵگره قوربانی باوكت بێت. گوتم سوپاس، به‌كه‌مێك جه‌ختكردنه‌وه پاره‌كه‌ی وه‌رگرت.
گه‌یشتمه ده‌روازه‌ی پارك، هاوڕێیه‌كی كۆنی قوتابخانه‌م بینی، دوای سڵاو گوتی” چی بووه، بۆ ئاوا به خواری ده‌ڕۆیت؟”
وه‌ڵامی ئه‌میشم نه‌دایه‌وه و گوتم ده‌مه‌وێ كه‌مێك له‌ناو سه‌وزاییدا دانیشم…خۆشحاڵبووم، ئه‌ویشم به‌ڕێ كرد.
له ناو پاركدا كه‌مێك پیاسه‌م كرد، كورسییه‌كی دارم بینی، به شێوه‌ی كلاسیك دانرابوو، ڕووخساری كورسییه‌كه ته‌واو سروشتی دیار بوو. چووم دانیشتم، له به‌رامبه‌رم كورسییه‌كی دیكه‌یش هه‌بوو، كه دانیشتم بینیم ڕۆژنامه‌یه‌ك له ژێر قاچم كه‌وتووه. سه‌یرم كرد، ته‌نها چوار ڕووپه‌ل بوو.
وه‌ك چۆن سه‌لیقه‌ی ئاخاوتنم تێك شكابوو، له خویندنه‌وه‌یش بێزار ببووم، به‌ڵام ویستم سه‌یرێكی وێنه‌كانی ڕۆژنامه‌كه بكه‌م.
له‌و كاته‌دا سه‌رێكم هه‌ڵبڕی، بینم كچێك له به‌رانبه‌رم دانیشتووه.
ڕۆژنامه‌كه‌م به‌رزكرده‌وه تا ئاستی چاوم، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست نه‌كات وا به‌زه‌قی سه‌یری ده‌كه‌م. دووری نێوان كورسیه‌كه‌ی من و ئه‌و ته‌نها چوار مه‌ترێك ده‌بوو. له پاڵ په‌ڕه‌یی ڕۆژنامه‌كه به‌باشی سه‌یرم ده‌كرد، ئه‌ویش چه‌ند خووله‌ك جارێك نیگایه‌كی به ده‌وروپشتی مندا ده‌گێڕا. هه‌موو جارێك ده‌كه‌وتمه گومانی ئه‌وه‌ی دیاره له ده‌وروپشتی من شتێك هه‌یه شایه‌نی سه‌رنج بێت. تا ماوه‌یه‌كی كورت ئه‌و هه‌سته‌م به‌رده‌وام بوو، له ناكاو چاوم كه‌وته سه‌ر وێنه‌ی كچێك له به‌شی خواره‌وه‌ی په‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌كه، بۆ چركه‌یه‌ك ئه‌وه‌م هاته خه‌یاڵ ئه‌و وێنه‌یه چه‌ند له‌و كچه‌ی به‌رانبه‌رم ده‌چێت.
ویستم وردتر سه‌رنج بده‌م، پاش ئه‌و ماوه درێژه‌ی كه له‌ماڵه‌وه له‌سه‌ر پشت كه‌وتم، كچم نه‌بینووه، به‌تایبه‌ت كچێك كه سه‌رنجكێشم بكات. هه‌سته‌كانی خۆم هێور كرده‌وه، مكووڕ بووم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه نابێ هه‌ست بكات سه‌یری ده‌كه‌م. جارێكی دیكه نیگام هاته‌وه سه‌ر وێنه‌كه، به‌ڵام هیچ وشه‌یه‌كم نه‌خوێنده‌وه، ته‌نها گه‌ره‌كم بوو، به‌راوردی وێنه‌كه و كچه‌كه بكه‌م. كه‌وتمه داڵغه‌یه‌كی قووڵ، گوتم ئه‌گه‌ر ئه‌وه هه‌مان كچ بێت، دیاره قه‌ده‌رێكی نامۆ له‌و بابه‌ته‌دا هه‌یه. زیاتر سه‌یرم كرد، به‌ڵام زۆر به شاره‌زایی، به‌ئاسته‌م چاوه‌كانم به‌رزتربوون له لێواری ڕۆژنامه‌كه‌ی ده‌ستم، من ته‌نها بووم، ئه‌ویش منداڵێكی بچكۆڵه‌ی له‌گه‌ڵ دابوو.
ئه‌و كچه به ڕاسته‌وخۆی سه‌یری ده‌كردم، كه‌وتمه گومان، ڕۆژنامه‌كه‌م دانا، سه‌یرێكی چوارده‌ورم كرد، كه‌سی لێ نه‌بوو، هه‌روه‌ها هیچ شتێكی سه‌رنجكێشیشی لێ نه‌بوو. له دڵی خۆمدا گوتم، توخوا… كوا ئیستا كاتی ئه‌و شێر و ڕێویه‌یه؟
خۆم بێ تاقه‌ت بووم، دۆخی پارك ته‌واو جوان بوو، هه‌ستم به‌دڵخۆشی ده‌كرد. جارێكی دیكه ده‌ستم دایه‌وه ڕۆژنامه‌كه، كه‌وتمه‌وه سه‌یركردنی كچه‌كه، ئه‌ویش سه‌یری ده‌كردم…یه‌كه‌مجارمه كچێك به‌و بێ شه‌رمییه ببینم، نیگاكانی خه‌ریكه چاوم كوێر ده‌كه‌ن. ئێستا من چی بكه‌م، زه‌رده‌خه‌نه لێوه‌كانمی ڕاده‌مووسی، جارێكی دیكه سه‌یرێكی وێنه‌كه‌م كرده‌وه. چاوم كه‌وته سه‌ر مانشێتی سه‌ر وێنه‌كه، حه‌په‌سام… ڕۆژنامه‌كه‌م خسته ژێر پێمه‌وه و بۆ ماڵه‌وه گه‌ڕامه‌وه.
*ئه‌م چیرۆكه له 14/2 له ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ بڵاوبۆوه‌ته‌وه.