Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
سێبەرو جەستە.. غەریبێكى رژاو

سێبەرو جەستە.. غەریبێكى رژاو

Closed
by December 31, 2008 ئەدەب

 سێبەرو جەستە.. غەریبێكى رژاو
 (غوربەتى.. پیاوێكى سەر ماشو برنجى ئەو پەڕى ژیرنەبوونەوەى گریانە)
 ئەم قەسیدەیە پێشكەشە بە(جەمال غەمبار)
 زانا سامان

 كە خەمی نوسینەوەی شیعرێ
 بە دڵمەوە دەنوسێ و
 گێژاوی گەیشتنی خەیاڵێ
 زاكیرەم بە خۆیەوە دەپێچێتەوە
 ئیدی پەنایەك نامێنێ…خۆمى تیا بڵێًم…!
 من،رۆحی خۆمم
 لە نێو گۆڕێكى خاڵیدا بەجێ هێشتووە و
 ئێستا ناتوانم…
 بەم جەستە غەریبەم بڵێم:
 تۆ دەتوانی.. تێ هەڵچیتەوە جاران و
 هەورێك لە گریان ژوور سەرت نەگرێ؟
 دەتوانی… بە مناڵەكانى ئەوێ بڵێیت
 گەورە مەبن
 گەورە بوون جگە لە عەزاب هیچی تر نییە؟
 دەتوانى…غەریب
 ئەو رێگا دوورەی ژیان قەدبڕ بكەیت و
 چركەیەك رۆحم بۆ بێنیتەوە؟
 تا منی وەریووی ناو ئەم جەنگەڵە
 بۆ بێزاری…پێناسەیەك و
 بۆ گەڕان…هاوڕێیەكم هەبێت و
 لە شوراى ئەم تەنیایە پەنهانەى خۆم دەربچمو
 لەوێى بەجێماویەكەى خۆمدا
 پڕ.. پڕ ببمەوە لە رابردووى وەرین
 لە گەیشتنەوە بە مەودا ماندووەكانى باران،
 ئاخر ئێستا…
 من لە سەرای خەمێكدا روواوم
 لەو سەری ماتڵبوونی خۆمەوە
 نیگا دەخەمە سەر هەر شتێ
 هەر ئاگرى بىَ وەڵامیە
 پوشى ئۆقرەم دەسوتێنىَ،
 خۆ ئەگەر …غەریب
 ئەم ئەنگوستە حوزنەم تیا نەبێ و
 ئەم دڵ پڕییە لە مندا نەبووایە
 چۆن دەمتوانی
 گریانى خوا بنوسمەوە،
 لوتفێَك بكە.. ئەی غەریب
 ئەم ماڵە لە دەنگدانەوەی خۆیدا
 خەریكە كەڕ دبێ و
  ئەم پەنجەرانە
 لەبەر نەبوونی رووانین
 خەریكە ژەنگ بیانگرێ
 دەست لە سەر نوری دوعایەك دانێ و
 ئیمانم پڕبكە لە پاڕانەوە
 چاو لەسەر شیعرێكی "مەحوی"هەڵخە و
 رۆحم بسپێرە بە خودا
 بێباكبە و
 ئەم گیانەی تەڕەی ناو شیعرم
 فڕێدەرە…ناو لاشەی سووتاوی ئاسكێكەوە
 ئەم گیانە گرانەی قەسیدەم
 بخەرە ناو جەستەی كوژراوی ژنێكەوە
 چونكە دەزانم
 بەدەم هەناسەسواری دێڕێكەوە لە ناوبران و
 لەوێی نائومێدی خۆیاندا
 حەزێكیان لەپاش جێ ماوە
 قەندە حەزەێك…دەبێ بیچێژن،
 شكۆمەندی ئەم هیچگەراییە
 لە كوێوە هاتووە…غەریب
 من لێرەى دەرقەت نەهاتنی تاوانەكاندام
 جەستەم بووە بە عەساى دەستی جەلادێك و
 یەكپارچە…هەست بە تێكشانی خۆم دەكەم،
 ئیتر بەم هەموو برینەوە چۆن بڕژێم
 یان ئا بەم خەمە قوورسەوە
 لە كوچەی چ دڵێكی تەریودا
 ئێستا…لەنگەر پێ بگرم
 نازانم چۆن خۆم بڵێمەوە
 كە رۆحی خۆمم
 لەوێی مەرگێك بەجێ هێشتبێ و
 كە جەستەى غەریبیشم
 بەدیار شنەبای بەسەر چوونی تەمەنەوە
 خەریكی نوسینەوەی
 وەرزە قەمبوورەكان بێت و
 عادەت بە ژەنینی شمشاڵی گریانەوە بگرێت
 چۆن بتوانم
 حیكایەتی ئەو رۆژانە ئەزبەر بكەم
 كە منیان كردە سێبەر و
 هەتا ئەبەد لكاندمیان…بە جەستەیەكی غەریبەوە،
 تەنیایی…شەوانی بێداری چاوی خوێنینی منە و
 وون بوونیشم… لەو ئێوارە شەرمنانەوە دەست پێدەكات
 كە لە نێو تاڵە سپیەكانى قژمدا… دەمەوێت
 فەلسەفەی پیر بوون دابنێم
 كە لەبەردەم پێكى تەمەندا
 دڵنەوایى (ئاو) ئەدەمەوە
 خۆى لەو مەنگییە دەربێنىَو
 خوڕە بخاتە رۆحمەوە
 نەبادە ووشك بێتەوە،
 گەلێ جاران
 چەشنی مەخلوقێكی سەرخۆش
 خۆم بە نهێنی باخچەكاندا دەكێشم و
 كەچی ئینجانەیەكی شین
 كەپڕە لە حیكایەتی سەوز و سوور
 دێتە كۆشمەوە و…یەك بە خۆی
 دەپاڕێتەوە و دەڵێ…
 بیكە بە خاتری
 تەمەنی نازنازێكی بچووك
 بە بۆنی خاكی پاش باران
 بە گۆرانییە تۆراوەكانى ناو باخچە و
 بە مانگرتنی پارچەیەك غەزەل…لە داخی شەڕ
 بیكە بە خاتری
 هەنسكە شێدارەكانى.. دایك
 لێگەڕێ..
 لێگەڕێ ئەم نهێنیانە
 لەجێى خۆیاندا سەنگین بن…؟
 بهێڵە…
 بهێڵە گوڵزاری ئەم شوێنە نەشوێ و
 باخچە لە هەڵچون و داچوونی خۆیادا بمێنێتەوە و
 تۆ شتێكی كەم
 بچۆرەوە بۆ ناو خۆت و …بزانە
 بزانە چ ئینسانێكی عاجزی و
 بیر بكەرەوە كە تۆ
 پاشماوەی چ شەڕێكی وێرانی ناوخۆتی!؟
 گەلێ جاران
 هەست دەكەم
 شەوى شێتبوونێك
 سپێدەى تەنیایم دەخواو
 لەخۆمەوە دەڵێی
 تا هەمیشە… لەبەر ئاوێنەی مردنێكی عەجیبدا رابوەستن
 لەخۆوە دەڵێی
 سوێندێكم خواردووە…سوێندێكی خۆمانە
 گریان لە تابلۆیەكەی"ستار قادر"بسەنمەوە بۆ خۆم
 مەمكێك لە"قوباد"هەڵكەنم بۆ تەنیایی و
 تووڕە بوونێك لە "رۆژ" داگیر بكەم بۆ عیرفانییەت و
 هەردەڵێی بەڵێنم داوە
 دوعا خوساوەكانى كچەكەم… وەك خۆیان
 بنێرم بۆ خودا و
 گلەییە شیرینەكانى ژنەكەم
 بخەمە بەینی كتێبەكانمەوە و
 ئیدی بۆ خۆم غەریبانە
 لە نامۆییەكانی خۆمدا
 بڕۆم و كۆتایی ئەم قەسیدەیە
 بۆ هاوڕێیەكی عاجزم بەجێ بهێڵم
 بڕۆم و كۆتایی ئەم خەونە
 بۆ ئاوازی كەمانچەیەكی تۆراو دابنێم و
 لەخۆمە دەڵێی
 مردنی خۆمم
 لە نوسینەوە پێ جوانترە و
 مانەوە لە خۆ خواردنەوەی خۆمدا
 گەیشتنە
 بە هەموو كۆتاییەكانى رۆح و
 لەخۆمەوە دەڵێی
 واز لە هەموو شتێك بهێنم و…نەهێڵًم
 نەهێڵم ببم بە شاعیر
 6 / 6 / 2008
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.