Skip to Content

Friday, October 22nd, 2021

سێ تیرۆژە چیرۆكێك…..نەوزاد ئەحمەد حسێن

Be First!
by January 28, 2009 ئەدەب

 (3) تیرۆژە چیرۆكێك
 نووسینى : نەوزاد ئەحمەد حسێن ( نەوزاد بەندى )

 
 
 (1)
 گۆڕان
 هەندێك جار پیتێك بەرامبەر پێنج پیت ڕادەوەستێتەوە ، وەك چۆن لە فیلمە كاوبۆیەكاندا یەك شەپقە بەسەر بەرامبەر بە سەدان و زیاتریش ڕادەوەستێت و ئەو هەمووە ئاودیوى ڕۆژى حیساب دەكات كەچى خۆى ئەوپەڕى كوونە لوتێكى ئەپژێت .. یان وەكو خولە چەخماخەى خۆمان كە یونس وەسفى دەكرد و ئەیوت : ( دەرەقەتى دوو عەشرەتیش دێت )
 پیتى ( ف ) لە جیاتى ( ۆ م پ ی و ) دانا..بەبىَ ئەوەى هیچ لە مەسەلەكە بگۆڕێت ، خۆ هەموومان هەر كاسبى ئەكەین ، هەر لە قەڵەمەوە هەتاكو قەلەمون ، ئەگینا بۆچى ئەو هەموو بیریار و رۆشنبیرە لە دوببەى نیشتەجىَ دەبن و ناچنە مۆریتانیا ؟؟ مەسەلەكە هەر نانە چەورەكەیە .. سەیرە ..بگرە كاسپیەكەى بەو تاكە پیتەوە گەرمتر  بوو .. كورت و كرمانجى بۆى دەركەوت كۆمپیوتەر دەرد ناخوات , هەستا تابلۆى دوكانەكەى لە ( كۆمپیوتەرى  هەندرێن ) ەوە بۆ ( كفتەى هەندرێن ) گۆڕى …..
 
 
 (2)
 مەرگ
 
 مردن بە تەواوەتى لێم نزیك كەوتۆتەوە ..نازانم بۆ كوىَ ڕابكەم ؟؟ شتە ترسناكەكان ڕاكردن لێیان بێسوودە ..ماوەیەكە خۆم ئەخڵافێنم ..زیاتر بە ڕۆژنامەى ئەلیكترۆنیەوە یان بە پلەیستەیشنەوە ..هەندێك جاریش دەچمە میوانى هاوڕێیەكم ..ئەمشەو ئەویش مرد .. بە هێمنى كەوتمە نەرمە غار ..خێرام كرد .. ئەویش بە دوامەوە بوو ..گوێم لە دەنگى هەناسەكانى بوو كە دەیدا لە گزگلەى گوێم .. بۆم دەركەوت بە تەواوەتى لێم نزیك كەوتۆتەوە ..هەر بۆیە ڕاوەستام و .. هەموو گیانم نیشتە سەر ئارەقە ..نەمئەوێرا ئاوڕ بدەمەوە .. دەستى خستە سەرشانم .. وەك تەپۆڵكەیەكى لم ڕمام و .. لە خوارەوە بۆم ڕوانى ، ئەبینم كوڕەكەمە بە گریانەوە ئەڵێت : ( باوە گیان بە جێمان مەهێڵە )
 
 (3)
 چاوەڕوانى
 
 سەردەمێكە چاوەڕوانم ..لەگەڵ ئەوەى من دوژمنایەتیم لەگەڵ چاوەڕوانیدا هەیە .. بەردەوام چركە ژمێرى سەعاتەكەى مەچەكم ئازارم ئەدات ..ئەگەر بیشیبینم دیسان چركەكان وەكو خۆڵ لەسەر ڕوخسارى دەنیشن و كاڵى دەكەنەوە .. تۆ بڕوانە ئەو هەموو دەسكەوتانەمان چۆن بوون بە ژێر كەڵەكەى چركەكانەوە و لە یاد چوون .. بەردەوام شت دادەهێنین و  سىَ میللى سەعات وەكو سێدارەیەك ئەیانتاسێنن ..من لەو بڕوایەدام دەنكە خۆڵەكانى زەوى بریتین لەو چركانەى كە بەردەوام هەڵدەوەرن ..دڵنیام لەوەى تەمەنم بەشى هیچ ناكات ..تەنانەت بەشى قاتێك بیجامە ناكات لاشەم داپۆشێت ..سبەینێیش دیسان خۆر هەڵدێت .. شەو و ڕۆژ وەكو ئەمدیو و ئەو دیوكردنى نانێكن بەسەر ساجەوە .. زۆر جار هەست بە گەرمیەكەیشى دەكەم و ئەمەوێت ڕابكەم .. بەڵام بۆ كوىَ ؟؟ نازانم .. ڕاستیەكەى چاوەڕوانى دوا وەرەقەى ئەم یاریە ئەكەم
 
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply