سێ شیعری شاعیر خولیا حوسێن
کاتژمێری عەشق
که ده‌بینی رۆحت سه‌وزه‌و
ڕوناکی مانگ له‌ودیو په‌رده‌ی خۆڵه‌مێشی هه‌وره‌کاندا
زه‌رده‌خه‌نه‌ت بۆ ده‌نێرێ
ئه‌وه منم
دڵۆپ دڵۆپ ده‌ڕژێمه سه‌ربیابانی ناخی تۆوه‌و
چه‌پک چه‌پک خونچه‌ی هه‌ڵوه‌ریوی هیوا و
خه‌ون و خۆزگه و حه‌زه‌کانت ده‌ژیێنمه‌وه
من فریشته‌ی شه‌وانی خه‌ونه‌کانتم
نزیک بەوە
با یەک یەکەی قۆپچەکانت
بە دەستی خۆم بکەمەوە
بۆینباخەکەت فرێدە
با گه‌رمایی هه‌ناسه‌ی من
به‌سته‌ڵه‌کی بێ ئومێدی له سینه‌ت بتوێنێته‌وه
ڕێگام بده تێکەڵت بم
با قژی خورمایی و لوولم له گه‌ردنت بئاڵێنم
هه‌رچی حه‌سره‌تی دۆڕانه
به ماچیکی ئاگراوی له‌سه‌ر لێوتا بسووتێنم
ئاگات لێیه که په‌نجه‌کانم هه‌میشه
ده مۆمی گه‌ش داگیرساون
له‌سه‌ر مێزی ته‌ناییمان
تنۆک تنۆک فرمێسکان ده‌وه‌رێنن و
به خه‌مه‌کانمان گریاون؟
به ئاگابه هه‌ناسه‌که‌م!
جارێکی تر خه‌رمانی خۆشه‌ویستیمان مه‌سووتێنه
گوێ له چرکه‌ی کاتژمێری عه‌شق بگره
که پێت ده‌ڵێ
ته‌مه‌ن هینده‌ی بۆ نه‌هێشتوون
چیتر گریان
له‌سه‌ر لێوی به‌خته‌وه‌ریتان مه‌ڕوێنه
20/11/2009
که‌نه‌دا
برینەکانی من و عەشقی نیشتیمان
تا دوورتر دەکەومەوە لێت
زیاتر ڕۆحم داگیر دەکەی
چیت دەوێ لێم ؟
کونجێکی ڕۆحم نەماوە بیسووتێنی
پارچەیەک لە دڵم نەما بیشکێنی
دڵۆپێک ئەسرین نەماوە
لە چاوانم بیڕژێنی
هەناسەیەکی ئارامی نەماوە لە سییەکانم، بیشێوێنی
ڕوانینێک لە جوانی نەما، لە سبەینێم بیڕفێنی
چیت دەوێ لێم ؟
یەکەم ماڵی بەختەوەری و
ماڵە باجێنەی یادگاریت بێبەزەییانە ڕوخاندم
بووکەشووشە و قۆڵقزەکانی منداڵیت لەبەرچاوم لێ شکاندم
دانە دانەی خەونە ڕەنگاڵییەکانی هەرزەکاری و
گۆرانییەکانی گەنجێتیت لێ خنکاندم
یەکەم نامە و یەکەم شیعری خۆشەویستیت لێ سووتاندم
قەلەمەکەت لێم شاردەوەو
حەرفەکانی چیرۆکەکانی دڵداریت لێشیواندم
بە گەنجێتی لە نێو بێشکەی پیرێتیدا دەتهەژاندم
یەکەم عەشق و
یەکەم هیواو
یەکەم هەستی گەورەبوونت لێ ستاندم
بیرم ناچێ ،
یەکەم باڵی هەلفڕینت لە وەراندم !
چیت لێم دەوەێ ئەی نیشتیمان ؟
وەک ڕێگرێک ڕووتت کردم
بیرت نەماوە چەند گریام ؟
کە ناسنامەی قەرەجێتیت لەیەخەی دام!
هۆ نیشتیمان ، چیت لێم دەوێ
تاکەی ڕۆحم داگیر دەکەی؟
لە دوو باڵی فڕین زیاتر هیچم پێ نەماوە بیبەی
هیچم پێ نەماوەبیبەی
هیچم
پێ
نەماوە
بیبەی
خولیا حوسێن / کەنەدا
نۆڤێمبێر٢٠١٢
خەیاڵەکانی سەفەر
هیندە بیرم کردی ئەمشەو
وامدەزانی جارێکی تر ناتبینمەوە
گۆزەی تاسەم لێوان لێو بوو
هەردەبوایە نزیکترین رێگای سەفەر
بۆ دیدارت بدۆزمەوە.
هاتم بەڵام
بلیتی هیچ هێڵێکی ئاسمانیم نەبڕی
باوەڕم بە دەریاکانیش نەکرد
ئومێدەکانی ئەم دیدارەی پێ بسپێرم
وتم نە بادا
کاپتن بەرچاوی لێڵ بێت و
بەلەمەکەی
لە شاخە بەفرینێک بدات
ئومێدەکانی منیش
وەکوو خەونە هەڵووژەییەکانی جاک و ڕۆز
بکاتە شەختەبەندی ئەبەدی
هیندە پەلەم بوو
فریا نەکەوتم
یەكێک لە کراسە ئاڵ و والاکانم لەبەرکەم
تەنوورە و قەمیسە وەنەوشەییەکەشم نەپێچایەوە
نە پرچم خاو کردەوە ، نە چاوەکانم ڕەش کرد و
نە ڵیوەکانیشم سوور کرد
لە بیرمە کە کە پێت دە گوتم:
بۆنی پرچت لە عەتری ڕێحان خۆشتر و
کاڵی چاوت لەڕەنگی هەنگوین جوانتر و
سووری لێوەکانیشت لە گوڵی نیسان گەشترە !
بوخچەکەی ڕۆحم پڕ بوو لە عەشق
ئەندێشەم مشتبوو لە یادگاری
دڵم تا سەر لیواری لە خۆشەویستی و
چاوەکانیشـم تەژی بوون لە تیشکی
ئومێدەکانی دیدار
گلۆرەی سنوورەکانی غوربەتم هەلکردەوە و
بە کەژاوەی خەیاڵە ڕەنگاڵەییەکانی سەفەر
هاتم بۆ لات
هاتی بۆ لام
وەک پەپوولە باڵەکانت لە گەردن و سینگم خشاند
بووینە لاولاوەی ئەوین و
خۆم ئاڵاندە قەد و باڵات
خۆت ئاڵاند لە قەد و باڵام
خولیا حسێن
٢٠١٢،٥،١٥
کەنەدا