Skip to Content

Thursday, May 6th, 2021

سەدەی فەتوا…. حسن حسێن

Be First!
by December 25, 2012 گشتی

 

 

لەگەرمەی کاردانەوەو تووڕەیی گروپە ئیسلامیەکاندا بەرامبەر بە فیلمی( پاکێتی موسڵمانان)، دەزگای “١٥ خورداد”ی سەر بە کۆماری ئیسلامی  ئێران  بڕی ئەو پاداشتەی زیادکرد کە بۆ جێبەجێ کردنی فەتواکەی خومەینی بە کوشتنی  نوسەری بەریتانی بەرەچەڵەک هیندی ” سەلمان روشدی” تەرخانکراوە ، بە پاساوی ئەوەی ئەگەر بهاتبایە ئەو فەتوایە جێبەجێ بکرایە، ئەوا کەسی دیکە پڕکێشی نەدەکرد هێرش بکاتە سەر ئاینی ئیسلام. دەکرێت ئەم فەتوایە بە خاڵی وەرچەرخان دابنێین لە پەیوەندییەکانی ئیسلام بەدنیای دەرەوەی خۆی بەتایبەت مۆدێرنە، کە خۆرئاوا سەرچاوەو مۆدیلەکەیەتی، چونکە شوێنی جێبەجێ کردنی فەتواکە ئەو کۆمەڵگەو وڵاتانە نەبوو کە شوناسی ئیسلامیان پێوە نوسێنراوەو بەسەرزەمینی ئیسلام دەناسێنرێن، بەڵکو سنورە جوگرافییەکانی ئەم وڵاتانە دەبەزێنێت و دەست وەردەداتە ناو یاسای نێو خۆیی وڵاتانی دیکەوەو بەم پێیەش کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکان دادەنێت.

کاریگەریی ئەو فەتوایە بەجۆرێکە کە لەدوای ئەو مێژووەوە هەر خوێندنەوەیەکی جیاواز بۆ سەرهەڵدانی ئیسلام و هەر تەوزیف کردنێکی  هێماکانی ئاینی ئیسلام  لەکاری ئەدەبی و هونەریشدا و لە هەر جێیەکی دنیادا بێت دەکەوێتە بەر تەکفیرو هەڕەشەی دەزگا ئاینییەکان، گروپە ئیسلامییەکان وفەتوادەرەکان. کاردانەوەکانی ئەم دواییەی گروپە ئیسلامییەکان و دەسەڵاتدارو بڕیاربەدەستانی  سیاسی و  ئایینی  لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرامبەر فیلمی “پاکێتی موسڵمانان”و کاریکاتێرەکانی گۆڤاری ” شارڵی ئیبدۆ”ی فەڕەنسی یەکێکە لەو بەریەک کەوتنانە کە بێگومان کۆتا بەرکەوتن نابێت.

ئەوەش کە زەمینەی ئەم بەریەک کەوتن و هەڵچوون و داچوونانە  لە پەیوەندی نێوان ئیسلام و خۆرئاوادا دەهێڵێتەوەو درێژە پێدەدات  مانەوەی سەرچاوەکانی  دەسەڵاتی ئایینە بەسەر کۆمەڵگەوە، مانەوەی دەسەڵاتی دەزگا ئاینی و موفتییەکانە بەسەر ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و هتدەوە.

 

فەتوا مانای چییە؟

 

فەتوا یا فەتوادان لەرووی زمانەوانییەوە ناوی چاوگە(اسم مصدر) بۆ وشەی (إفتاء) کە( فتيا وفتوى)شی پێ دەوترێت، واتە روون کردنەوە یا دەرخستنی ناوەڕۆک(١). ئیستیفتائیش کە لە زمانی عەرەبیدا بەرامبەر بە ریفراندۆم بەکاردەهێنرێت و بە کوردی مانای (راپرسی)یە لە وشەی (إفتاء)ەوە داتاشراوەو مانای داواکردنی وەڵام لەبارەی پرس یا کێشەیەکەوە.

لە رووی تێرمینۆلۆژییەوە(علم الاصطلاح)  فەتوا واتە روونکردنەوەی  فەرمانێکی شەرعی سەبارەت بە پرسێک  یا کێشەیەک کە موسڵمانەکان نەزانن هەڵوێستی لەبارەوە وەربگرن(بە پەسەندکردن یا رەت کردنەوە). قەرافی لە (الفروق)دا وتوێتی”( الفتوى إخبار عن حكم الله تعالى في إلزام أو إباحة)(٢)

ئیبن سەڵاحیش بەهەمان شێوە وتویەتی ( إنها توقيع عن الله تبارك وتعالى) (٣) واتە فەتوا بریتییە لە پێڕاگەیاندنی  فەرمانێکی خودا سەبارەت بە سەپاندن یا رێپێدان یاخود دەرکردنی فەرمانێک بە ناوی خودا یا پەیامبەرەوە. فەتوا لە ئیسلامدا فەرزی کیفایەیە، واتە فەرزێکە لەسەر موسڵمانان ئەگەر موسڵمانێکی تر پێی هەستا ئەوا لەسەر ئەوانی دیکە نامێنێت.

کەوایە دەکرێت بڵێین فەتوا مەرسومێکی ئاینییە دامەزراوەیەک یا خاوەن دەسەڵاتێکی ئایینی لە دەزگایەک یا رێکخراوێکی سیاسی دەریدەکات بۆ وەڵامدانەوە بەپرس و کێشەگەلی ئاڵۆزو ناڕۆشن  کە رەهەندی ئایینی،سیاسی، کۆمەڵایەتی یا ئابوریان هەبێت و پەیوەندیان هەیە بەدیاریکردنی سنورەکانی حەڵاڵ وحەرام یا باش و خراپ (مستحب و مکروه)و فەرمان پێکردن  یا رێگرتن لە ئەنجامدانی فەرمانێک یا کارێک.

 

سەرەتاکانی فەتوا

 

کارین ئارمسترۆنگ مێژووی فەتوا دەگەڕێنێتەوە بۆ دوای سەردەمی راشیدین، ئەو لە کتێبی(مێژووی خودا)دا پێیوایە موسڵمانان لە دوای خەلافەتی راشیدییەوە  خۆیان  لەسەردەمێکدا بینییەوە جیاواز بوو لەسەرەتاکانی سەردەمی پەیامبەرێتی. ئیدی سەردەم  ئەو سەردەمە نەبوو کە محەمەدو خەلیفەکانی راشیدی  لەکۆمەڵگەیەکی بچووکی وەک مەدینە یا نیمچە دورگەی عەرەبی فەرمانڕەواییان دەکرد(٤) جگەلەوەش لەسەردەمی محەمەددا موسڵمانەکان راستەوخۆ فەرمانەکانیان لە شەخسی ئەوەوە وەردەگرت، بۆیە راو بڕیارەکانی محەمەد لەسەر پرس و کێشەو پرسیارەکان خۆی لەخۆیدا فەتواو مەرسومێکی شەرعی و تەشریعی بوون هەروەها بوونی محەمەد هیچ بوارێکی نەهێشتبۆوە بۆ دروست بونی جیاوازی و لێکدانەوەی جیاوزاو ئیجتیهادات، واتە شەریعەت و یاسا یەک پارچە بوون و  فەتواو دادوەری لە شەخسی محەمەد دا چڕببوونەوە (٥)

لەدوای مردنی محەمەدەوە ئیدی لێکدانەوەی جیاوازی دەقەکان و گوتەکان(الاحادیث)  دەست پێدەکات و وردە وردە هەڵدەکشێ . لەسەردەمی خەلیفەکانی راشیدیدا جیاوازییەکان بچووکتر و بەرتەسکترن (لێرەدا مەبەستم لەو جیاوازییە نییە لەسەر دەسەڵات کە لەنێوان خەلیفەکانی راشیدیدا دروست بوو و چەندین شەڕی خوێناوی لێکەوتەوە، بەڵکو جیاوازیی تەئویل و ئەوەی پێی دەوترێت ئیجتیهادات) وەک لەسەردەمی  خەلیفەکانی ئومەوی و عەباسی و سەردەمەکانی دواتر کە لە ئەنجامی فراوان بوونەوەی دەسەڵاتی خەلافەتدا ناکۆکی مەزهەبی، سیاسی و کۆمەڵایەتی زۆر سەریان هەڵدا. ئەمە سەری کێشا بۆ دەرکەوتنی کۆمەڵێک ئیمام و موفتی و پیاوی ئاینی کە داوای گەڕانەوەیان دەکرد بۆ شێوازی محەمەد و خەلیفەکانی راشیدی لە فەرمانڕەوایکردن و پیادەکردنی شەریعەتدا، چونکە پێیان وابوو ئەم خەلیفانە دوورکەوتوونەتەوە لە سونەتەکانی محەمەد بۆیە  دەستیانکرد بە کۆکردنەوەی گوتەکان(الاحادیث) بۆ ئەوەی لەپاڵ قورئاندا ببێتە سەرچاوەیەک بۆ پیاوانی ئایینی لە وەڵامدانەوەیان بە پرس و کێشەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵک، لەبەرئەوەی هەموو کەس وەک سەردەمی ئیسلامی مەکەو مەدینە دەستیان بەخەلیفەکان رانەدەگەییشت وئەم مەلاو پیاوە ئاینییانە دەبوونە مەرجەعی فەتواو بڕیاردان لەسەر ئەو پرس و کێشانە، زۆرێک لە نوسەران و مێژوونووسان پێیان وایە کە بیرۆکەی راستینەی فەتوا لێرەوە داکەوت و موفتییەکانی سەربەدەسەڵاتیش دەرکەوتن.

ئەگەرچی هەندێک لە ئیمام و پیاوە ئاینییەکان لەسەردەمی ئومەوی و عەباسییەکاندا لەلایەن دەسەڵاتی خەلیفەوە دەستگیرو ئەشکەنجەدران ولێیان کوژرا، بەڵام زۆرێک لە موفتی و پیاوانی ئاینی پاساوی شەرعییان بۆ زوڵم وزۆرەکانی خەلیفە دەهێنایەوەو فەتوای جۆراوجۆریان بۆ رێکخستنی ژیانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بەمەبەستی ملکەچ پێکردنی زیاتری خەڵک و پاراستنی دەسەڵاتی خەلیفە بوو، دەردەکرد. ئەم فەتوایانەو بڕیارو فەرمانەکانی خەلیفەکان، لەنەبوونی دەسەڵاتێکی یاساداناندا، شوێن سیستمی یاسادانانی دەگرتەوە. ئەم دۆخە تا کۆتایی دەسەڵاتی عوسمانییەکان واتە سەرەتای بیست درێژە دەکێشێت.

هەرچەندە بەروخانی ئیپراتۆریای عوسمانی ودابەشکردنی وڵاتانی ژێردەسەڵاتی ئیمپراتۆریاکەو پاشان پەیڕەویکردنی سیاسەتی ئینتیداب لەلایەن بەریتانیاو فەڕەنساوە چەمکگەلێکی وەک دەستورو یاسادانان و نوێنەرایەتی کردن لەم وڵاتانەدا هاتنە ئاراوەو دەرکردنی بڕیارو یاساکان رەهەندێکی پۆزەتیفیستیان هەبوو. بەڵام دەسەڵاتی مەعنەوی و ئۆتۆریتێتی پیاوانی ئاینیی و سەرەک خێڵەکان لەنێو کۆمەڵگەدا وەک خۆی دەمێنێتەوەوقورسایی خۆیان لەسەر بزووتنەوەکانی رزگاری نیشتیمانی دادەنێن. ئەوەش کە زەمینەکەیان بۆ لەبارتر دەکات بەهێزبوونی هەردوو بزووتنەوەی وەهابییەت لە سعودیەو ئیخوانە لە میسر کە بەپلانی بەریتانیا دروستکران بۆ بەگژاچوونەوەی هەڵکشانی شەپۆلەکانی ناسیونالیزم و کۆمۆنیزم و بزوتنەوەی دژەئیمپریالیستی کە لە نێوبزووتنەوەکانی رزگاری نیشتمانیدا دروست بوون(بەریتانییەکان بەردەوام بوون لە پشتیوانیکردنی ئیخوانەکانی میسر وپەیوەندییەکانیشیان بەبزووتنەوە هاوچەشنەکانیان لە وڵاتانی عەرەبی بەهێز دەکرد. باشترین نمونەش بۆ ئەمە موفتی شاری قودس(ئەمین ئەلحسێنی)یە، کە مێژووی هاوکاری کردنی حوسەینی لەگەڵ ئیخوانەکانداو بەهۆی بەریتانییەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٥کاتێک دیمانەیەکی بۆ رێکخرا لەگەڵ (عەبدولڕەحمانی برای حەسەن بەنادا)و بەدەست لەپشتدانی بەریتانی رێککەوتن لەسەر بەهێزکردنی فەندەمینتاڵیزمی ئیسلامی بە مەبەستی لەناوبردنی ناسیونالیزمی عەرەبی و هەر هێزێکی عەرەبی دیکە وەک کۆمۆنیستی، چەپ و عەلمانی)(٦)

لێرەوە ئەو دەرفەتانەی کە نەمانی خەلافەتی عوسمانی و دەرهاویشتەکانی کۆڵۆنیالیزم و ئینتیداب دروستیان کرد بۆ مۆدیرنیزاسیۆنی کۆمەڵگە لەنێوچوون.


فەتواو دەسەڵاتی سیاسی

 

ئاشکرایە لەم وڵاتانەدا دوای قۆناغی کۆڵۆنیالیزم، سەردەمی دیکتاتۆرو ستەمکارەکان سەرهەڵدەدات، کە هەندێک لەم دەوڵەتانە راستەوخۆ ئایین بەکاردەهێنن وەک سعودیەو سودان و وڵاتانی کەنداو، هەندێکیشیان سوودلە بیری پێشکەوتنخوازی وەردەگرن وەک سوریاومیسری جەمال عەبدولناسر و عێراق.  ئەوەی بەرچاوە لەهەریەک لەم سیستمە بەرواڵەت ناکۆکانەدا،واتە کۆنەپەرستی وپێشکەوتنخوازی، ئامادەیی دەزگا ئاینییەکان و موفتی و بیرمەندە ئیسلامییەکانن کە بەڵگەی شەرعی و دینی دەهێننەوە بۆ گونجاندنی ئیسلام لەگەڵ سیستمە سیاسییەکەو دانی رەوایەتی پێی.

لە سعودیەو دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی دیکەدا دەزگا ئاینییەکان و موفتی و ئیمامەکان پێشەنگ بوون بۆ هێنانەوەی پاساوی شەرعی بۆ مومارەساتی فەرمانڕەواکانی ئەو وڵاتانە. نەک هەر ئەوە بەڵکو لە ساڵی ١٩٦٩ بانگەشەیەکی ئیسلامی سەریهەڵدا کە داوای دامەزراندنی دەسەڵاتی خەلیفەو ئەنجومەنی خەلافەتی دەکرد چونکە پێیوابوو” بەدیهێنانی خەلیفەیەک کە حوکمی ئیسلام دامەزرێنێت گرنگترین فەرزی ئیسلامییەو ئەو موسڵمانەی بەیعەت نەکات بۆ خەلیفە شایستەی ئازارو ئەشکەنجەی ئەم دنیاو ئەو دنیایە” (٧) لەو وڵاتانەش کە دروشمی شۆڕشگێڕی بەرز دەکرایەوە، دەزگا ئاینییەکان وموفتییەکان رایاندەگەیاند ئەمە لەگەڵ رۆحی شۆڕشگێڕی و رزگاریخوازی ئیسلام و شەرعەکەیدا دەگونجێت(لە وڵاتی میسر کاتێک شۆڕش ئەلگۆی خۆی بۆ سۆسیالیزم خستە روو، بیرمەندەکان پێشبڕکێیان دەکرد بۆ ئەوەی بەڵگەبهێننەوە کە سۆسیالیزمی شۆڕشی ٢٣ی یۆلیۆ لەجەرگەی کەلەپوری عەرەبی و بەها رۆحییەکانی ئیسلامەوە هەڵقوڵاوە) (٨)

لێرەوە وەک د.شاکرئەلنابلوسی دەڵێت “لە نیوەی دوەمی سەدەی بیستەوە ئایین دەبێتە دیاردەی دەسەڵات ودیاردەی زۆرداری و ستەم”(٩).

ئابوری وکەلتور دوو پایەی گرنگ بوون بۆ رژێمە دیکتاتۆروستەمکارەکان تا رەوایەتی بدەن بەفەرمانڕەوایەتییان.لەرووی ئابوورییەوە پەنایان بردەبەر تێزی”گەشەسەندنی ناسەرمایەداریی” ئەمەش ئەگەرچی لەرواڵەتدا بەناوی سۆسیالیزم و دژایەتی سەرمایەدارییەوە بەڵام لە ناوەڕۆکدا بۆ قۆرخکردنی سەرچاوەکانی سەروەت وسامانی کۆمەڵگە بوو لەدەستی کەمینەیەکی  دەسەڵاتداردا.

ئەم  تێزە لەلایەکەوە رێگربوو لە دروست بوونی سەندیکا کرێکارییەکان و گەشەکردنی چەپ و عەلمانییەت و لەلایەکی دیکەشەوە رێگربوو لە دامەزراندنی  پایەکانی کۆمەڵگەی بۆرژوازی کە گرنگرینیان ئابوری بازاڕو تاکگەرایی و دیموکراسی و دروست بوونی رێکخراوەو دامەزراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی.

لەرووی کەلتووریشەوە دژایەتی کردنی بیری رەخنەگرانەو بانەگەشە کردن بۆ پاراستنی داب و نەریتەکانی باوباپیران و پیرۆز راگرتنی بەها رەسەنەکان وگەلێک دروشمی دیکە بەشێکە لە گوتاری ئەم فەرمانڕەوایانە.

هەتا ئێستاش دامەزراوە ئاینییەکان و بیرمەندو موفتییەکان داکۆکیکارێکی ئاشکراو سەرسەختی ئەم ئاراستەیەی فەرمانڕەواکانن، چونکە جگەلەوەی لەرووی مادییەوە سوودێکی زۆریان بینیوە، هەروەها وەک میتۆدی ئیشکردنیش کەلتووری فەتوا، بەهەمان شێوەی دیکتاتۆرییەت و ستەمکاری، لەگەڵ کەلتووری دیموکراسی و تاکگەرایی و ئازادی تاک لە بژاردەکانیدا نایەتەوەو هەردووکیان پەیڕەوی لە هەڕەمییەت(هیرارشی) دەکەن لەسیستمی پەیوەندییەکاندا، تەنها فەرمانڕەوا – موفتی خاوەن را و بڕیارن وکۆمەڵگە – رەعیەتیش پێویستە مل کەچ و جێبەجێکاربن. بە مانایەکی دیکە پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای دەسەڵاتخواز – ملکەچ دروسی دەبێت وەک چۆن فەرمانڕەواکان سەرچاوەکانی داهات قۆرخ دەکەن بەهەمان شێوە دەزگا ئاینییەکان و پیاوانی ئاینیش بۆ رێگرتن لە هزر وئەندێشەی رەخنەگرانە هەوڵ دەدەن سەرچاوەکانی مەعریفەو زانین قۆرخ بکەن(چینێک لە زانایان دامەزرا کە راستیی زانستی گرت بەدەستەوە، بەمەش ویستی بۆ پاراستنی ئەم تایبەتمەندییە، زانست قۆرخ بکات. بۆیە هەستا بە تەکفیر کردنی هەر کەسێک دژایەتی ئەم چینەی دەکرد و ئەوەی راستەوخۆ نەیاری بکردایە یا دژی فەرمانڕەواکان بووایە ریشەکێشی دەکرد) (١٠)  دەسەڵاتیش لەبەرامبەردا سەڵاحیاتی زیاتر دەداتە ئەم دامەزراوە ئاینییانەو  ساڵی١٩٩٤لە میسر”کۆمەڵەی گشتی فەتواو یاسادانان لە ئەنجوومەنی گەل” فەتوایەکی دەرکرد بەوەی تەنها زانکۆی ئەزهەر خاوەنی رای سەپێنەر(الزامی)ە  بەسەر وەزارەتی رۆشنبیریدا لەدەستنیشان کردنی کاروباری ئیلزامی بۆ مۆڵەتپێدان، یا رەتکردنەوەی مۆڵەتپێدان بۆ بوارەکانی بیستراو و بیستراوی بینراو(السمعی البصري) (١١) ، ئەگەر سەرنج بدەین پرۆژە یاسای پاراستنی پیرۆزییەکان و بڕیاری داواکاری گشتی هەرێم جیاوازییەکی وای نییە لەو فەتوایەی ئەنجومەنی گەل لە میسر.

هەر لە سۆنگەی پێویستیی دەسەڵاتدارو دەزگا ئاینییەکان بەیەکترو بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیانەوە، حکومەتەکان یەکێتی زانایان و دەزگای ئاینی و دەستەی فەتوای جۆراوجۆر پێک دەهێنن و پارە پولی زۆریان دەخەنە بەردەست و دەیانکەنە بەشێک لە پێکهاتەی دەسەڵات. لە سعودیە دەستەی زانا گەورەکان جێگەی دەسەڵاتی یاسادانیان گرتۆتەوە، قەتەر بۆ ململانێ کردن لەگەڵ سعودیەدایەکێتی جیهانیی زانایانی ئاینی پێکهێناوە کە یوسف قەرەزاوی بەرپرسێتی. هەر بەهۆی ئەو قەبارەیەوەکە دراوە پێیان ئەم دەزگاو موفتییانە کاریگەرییەکی زۆر لەسەر کۆمەڵگەو دەسەڵاتی سیاسی دادەنێن بە جۆرێک کە کاردەکاتە سەر سیاسەت و بڕیارەکانی دەوڵەت و سەر پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکانی ئەم حکومەتانە، وەک ئەوەی لەبەرامبەر کاریکاتێرە دانیمارکییەکاندا فەتوادرا بۆ بایکۆت کردنی هاوردنی کەل و پەلی دانیمارکی لەلایەن حکومەتەکانی ئەم ناوچەیەوەو ئەمەش کاری کردە سەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتی دانیمارکدا.

 

فەتواو سایکۆلۆژیای جەماوەری هەڵچوو

 

ریشەی کاردانەوە جەماوەرییەکانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە دژ بەوەی کە پێی دەوترێت هێرشکردنە سەر پیرۆزییەکانی موسڵمانان لە سیستمێکی پێکهاتوودایە لە دەسەڵاتێکی سیاسی سەرکوتگەرو دەسەڵاتێکی ئاینیی چەپێنەر، دەسەڵاتێک ئازادییەکان سەرکوت دەکات و دەسەڵاتێکیش ئارەزووەکان دەچەپێنێت، دەسەڵاتێک دروشمە سیاسییەکان پیرۆز دەکات و دەسەڵاتێکیش دەقەئاینییەکان. ئەویان بۆ بەردەوام بوونی لەفەرمانڕەوایەتیکردن سزای نەیارەکانی دەدات ئەمیان بۆ مانەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی جگەلە سزای دنیایی هەروەها هەڕەشەی سزای ئەودنیاش دەکات لەوانەی ملکەچی دەسەڵاتەکەی نابن.

سەرەنجامیش ئەم دوو دەسەڵاتە کاراکتەرێکی کۆمەڵایەتی بێ ئیرادە، ملکەچ، تێکشکاو و نائومێد بەرهەم دەهێنن کە دەمارگیریی و توندو تیژیی لە سیفاتە هەرە دیارەکانێتی(مرۆڤی بێئیرادەو ملکەچ بەرهەمی جیهانێکە لە توندوتیژیی سەپێنراو)(١٢). ئەوەی جەماوەر بەرەو هەڵچوون و کاردانەوەی هێستریایی دەبات پەیوەندی دەمارگیرانەیانە بەپیرۆزییەکانەوە نەک پەیوەندییەکی رۆحی. ئەم شێوە بەرگریکردنە دەمارگیرانەیە لە پیرۆزییەکان پاساوی مرۆڤە تێکشکاو و بێئومێدەکانە بۆ ئەو هەڵچون و ئینفیعالاتەی کە لەئەنجامی ئەو بڕە زۆرە لە سەرکوت و چەپاندن ناخی دەتەنن و پێویستە بەتاڵیان بکاتەوە.

ئاشکریە پرۆسەی بەتاڵکردنەوەی بارگە دەروونییەکان پێویستیان بە وروژێنەرو بابەت هەیە، ئەگەرچی لە کۆمەڵگەدا گەلێک وروژێنەرو بابەت هەن کە سەرچاوەی راستەقینەی ئەو سەرکوت وچەپاندنەن بەڵام واقیعی سیاسی، سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی دەبنە کۆسپ لەبەردەم وەلانانی ئەو سەرچاوانە یا بەدەربڕینە کۆمەڵایەتییەکە لەبەردەم بەگژاچوونەوەو بەرەنگاربوونەوەیاندا. بۆیە بەکردەی هاویشتنەسەر(الاسقاط) جێگرەوەیان بۆ دادەنێت. سەرکوتکردنی ئازادی و ئارەزووەکانی و پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆیی دەگۆڕێت بەهێرشکردنە سەر پیرۆزی و سیمبۆڵەکانی، دەسەڵاتی سیاسی و ئاینیی کۆمەڵگەکەی خۆیشی دەگۆڕێت بە دنیای دەرەوەی خۆی،ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەری لەدژی هەل ومەرجی کۆمەڵایەتی دەگۆڕێت بۆ خۆپیشاندان  لەدژی دوژمنە وەهمییەکانی.

ئەوەی جێگەی سەرنجە دەزگا ئاینییەکان و ئیمام و موفتیەکان کاتێک جەماوەر هان دەدەن بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی هێرش کردنە سەر پیرۆزییەکانیان هەمان ئەو تەکنیک وشێواز و مەفاهیمانە بەکاردەهێنن کە بەرهەمی مۆدێرنەن. چەسپاندنی ئازادی خۆپیشاندان و مانگرتن، باس کردن لە رێزگرتن لە راو ئازادی بەرامبەر دەستکەوتی ئەودیموکراسیەت و مۆدێرنەیەن کە مورشید و ئیمام و دامەزرێنەرەکانیان لەکاتێکدا بەبەرهەمێنەری جەهالەتی دادەنێن، بەڵام سودی لێ دەبینن و لە دژیشی بەکاریدەهێننەوە. بێگومان بەکارهێنانی سەتەلایت و ئنتەرنێتیش لەم نێوەدا لای کەس شاراوە نییە هەر لەبڵاوکردنەوەی فەتواکانی بن لادن و زەواهیری و زەرقاوی و فەتوای شیردانی گەورەساڵان(رضاعة الکبیر) تا بڵاوبوونەوەی فیلمەکەی سام باسیلی کەلە یوتیوبەوە بڵاوبۆوەو ئەگەر گەڕانی موفتییەکان و ئەو دەزگا ئاینییانە بەناو ئنتەرنێتدا نەبووایە!! ئاستی کاردانەوەکان بەو جۆرە نەدەبوو. ناکۆکی گەورەو بگرە قەیرانی گروپ ودەزگا ئیسلامییەکان و موفتییەکانیان هەر لێرەدایە، چونکە وەک پێشتر ئاماژەمان پێیدا دروست بوونی ئیخوان و وەهابییەکان کە سەرچاوەی رەوتە سەلەفییەکانی ئەمڕۆن بەرهەمی دۆخی سیاسیی سەردەمی مۆدێرنەن و بەتەکنیکەکانی مۆدێرنەش دژایەتی دنیای هاوچەرخ دەکەن بۆ چەسپاندنی مەفاهیمەکانی دنیای پێش مۆدێرنە. بۆیە ئەوەندەی قەیرانیان پێ دروست دەکرێت نیو ئەوندە قەیرانیان پێ چارەسەر ناکرێت، ئەو هەل و مەرجەی کە وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەی پیاتێپەڕدەبن بەڵگەن بۆ ئەوە.


پەراوێزەکان:

١- المنجد ص ٥٦٩

٢- د. محمد فؤاد البرازي ، مسؤولية الفتوى الشرعية ضوابطها وأثرها في رشاد الأمة

http://alarabnews.com/alshaab/GIF/20-09-2002/a12.htm

٣. هەمان سەرچاوەی پێشوو

٤- ویکپیدیا

٥-  مجلة البحوث الاسلامیة http://alifta.org

٦- د.سالم حميد ، تاريخ الإخوان المسلمين(4): من خيانة الملك فاروق إلى محاربة الاتحاد السوفييتي

http://middle-east-online.com

٧- د. صادق جلال العظم ، نقد الفکر الدینی،  دار الطلیعة – بیروت. ط٩ نیسان ٢٠٠٣ ص ٣٣

٨- هەمان سەرچاوە لا ٣٢.

٩- د. شاکر النابلسی، ثقافة الارهاب: هل هی من الاسلام ام من المتآسلمین

١٠- د.حسن حفني، الجذور التآریخیة لآزمة الحریةو الدیمقراطیة في وجداننا المعاصر، ورشة عمل الحریات الفکریة، ص٩

١١ – د. سعید الدقاق الاطار القانونی للحریات الفکریة ورشة عمل الحریات الفکریة، ص ٤١

١٢ – د. مصطفی الحجازی ، التخلف الاجتماعی مدخل الی سیکولوجیة الانسان المقهور، المرکز الثقافی العربی، الدار البیضاء – المغرب العربی ص ٣٨

 

Hasan0156@yahoo.com

 

Previous
Next

Leave a Reply