Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
سەرنجێك بۆ سەرنجەكەی بەهار قادر سەبارەت بە دوایەمین پرۆژەی تیشك

سەرنجێك بۆ سەرنجەكەی بەهار قادر سەبارەت بە دوایەمین پرۆژەی تیشك

Closed
by January 2, 2009 گشتی

 سەرنجێك بۆ سەرنجەكەی بەهار قادر سەبارەت بە دوایەمین پرۆژەی تیشك

 لە ژمارە (357) رۆژنامەى "رۆژنامە" رۆژى 1/12/2008 بەڕێز بەهار قادر بابەتێكى بە ناونیشانى "سەرنجێك سەبارەت بە دوواهەمین پرۆژەى تیشك" بڵاوكردۆتەوەو تێیدا دەڵێت كە پرۆژەكە مافی ئەوی خواردووە، چونكە ناوی ئەو لەگەڵ ناوی ڕەوشت موحەممەددا وەكو ئامادەكاری كتێبی "ئەلفبێی لاتینی.. زمانی ستاندارد" نەنووسراوە، ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە بەپێویستمان زانی، ئەگەر بەكورتیش بێت، چەند راستییەك بخەینە ڕوو.
 دواى ئەوەى پرۆژەى تیشك بڕیاری دا بەرهەمێك لەسەر ئەلفبێى لاتینى بڵاوبكاتەوە، ئەو كارەی بە هەردوو (رەوشت موحەممەد و بەهار قادر) ڕاسپاردو كارئاسانیی ماددىو مەعنەوی بۆ ئەو دوو بەڕێزە كرد، ئەوانیش لەسەرەتاوە ئامادەییان دەربڕیو هەنگاوى یەكەمیان نا، بەڵام دواى ئەوە بەكردەوە تەنها رەوشت موحەممەد بەردەوام بوو، بەهار خانیش ئامادەیی فعلیى لەناو پرۆژەكەدا نەمابوو، بەڕێزیشی لەو گلەییەی لە پرۆژەكە كردبوو بۆ خۆی دان بەوەدا دەنێت كە كارەكەی ئەو بریتی بووە لە نووسینی بابەتێك لەگەڵ هەڵەچنیی بابەتی بەشداربوویەكی تر كە ئەمە لە دەیەكى كتێبەكە كەمترە، وردەكارییەكانی كارەكەش بەم جۆرەیە:
 كتێبەكە، كە بەرگی یەكەمی بە قەبارەی گەورەی 470 لاپەڕەیی دەرچوو، لە هەشت چاوپێكەوتنو شەش باسو سىَ پاشكۆ پێكهاتووە، هەشت چاوپێكەوتنەكەش لە ئەنجامدانی ڕەوشت موحەممەدن. دیارە چاوپێكەوتن بە بینینی كەسی مەبەستو پرسیار كردن لێی تەواو نابێت، چونكە پێویستە دیمانەی تۆماركراو بخرێتە سەر كاغەزو دوای تایپكردن هەڵەچنیی بۆ بكرێت، لەوەش دیارتر ئەوەیە كارێك لەم جۆرە زۆر گەورەترو زەحمەتترە لە هەڵەچنیی یەك بابەت بۆ یەك جار كە بەهار خان كردوویەتی. جگەلە دیمانەكان شەش باسو سێ پاشكۆكە پێویستیان بە ناردنو بەدواداچوونو پەیوەندیكردنی بەردەوام بە خاوەنەكانیانەوە هەیە، ئەو بەشدارییەش كە تایپ نەكراوە تایپ بكرێتو هەڵەچنیی بۆ بكرێت، ئەگەر هەر باسی هەڵەچنیش بكەین دەڵێین ئەمانیشو دیمانەكانیش بە یەك جار هەڵەچنی تەواو نەبوون بەڵكو پێویستیان بە سێ جار بووە، لەمەشەوە دیارە كە ناهەقییەكی گەورە بەرامبەر بە ڕەوشت موحەممەد دەكرا ئەگەر ناوی كەسێكی تری وەك ئامادەكار لەگەڵدا دابنرایە. 
 بەڵام كارەكەی ڕەوشت تەنها ئەوەی سەرەوە نییە، ئەو زیاتر لە پێنج جار بۆ كارى ئەو كتێبە سەردانى هەولێرى كردبوو. هەروەها ئەو دانیشتنانەی بەهار خان تێیاندا بەشداریی كردبوو تەنها دوان بوون نەك حەوتو هەشت وەك نووسیبووی، باقیی دانیشتنەكانی ڕەوشتیش لەگەڵ نوێنەری تیشك كرابوون.
 سەبارەت بە ئامادەكردنی پرسیارەكانیش كە بەهار خان دەڵێت بەلایەنی‌ كەمەوە دوو لەسەر سێی‌ ئەو پرسیارانە‌ ئامادەكراوی ئەون، ڕاستی ئەوەیە ئەو تەنها لە دانانی پرسیار بۆ دیمانەی یەكەم بەشداریی كردبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی پرۆژەكە سەرەتا بەو گەورەییە دەستی پێنەكردبوو، پرۆژەكە دواتر پرسیارەكانی زیاتر كردبوو.
 وەكو ڕاستییەكی تریش دەڵێین كە كاتێك زۆربەی بابەتەكانى كتێبەكە ئامادە كران، بەباشمان زانى كتێبەكە بەسەر دوو بەش و پاشكۆیەك دابەش بكرێت، بەشى یەكەم تایبەت بێت بە گفتوگۆو بەشى دووەم بۆ باسەكان، پاشكۆش بۆ دوو نەخشە لەگەڵ بابەتێكى تۆفیق وەهبى بەگ، هەر لەوێشدا بەباشمان زانى بابەتەكەى بەهارخان لەناو بەشى دووەمدا بێت، وەكو شتێكى ویژدانیش ناوى بەهارخان نەخرێتە پاڵ ناوی ڕەوشت وەك ئامادەكار، ئەمەشمان بەئاشكرایى بە بەهارخان وتو ئەوكاتە قبووڵى كرد، ئیتر ئێمە كتێبەكەمان بردە چاپخانە، ئەو قبووڵكردنەی ئەویش هەڵوێستێكی دروست بوو، چونكە ئیعترافكردنە بە ماندوویەتیی ڕەوشت كە زۆر لە نووسینی بابەتێكو هەڵەچنیی یەك بابەتی تر گەورەترە، پێشمان خۆش دەبوو بەهار خان لەسەر ئەو هەڵوێستەی بەردەوام بووایە، بگرە ئەگەر پێچەوانەی ئەوەشمان بكردایە، واتە ئەگەر ناوی ئەویشمان وەكو ئامادەكار دابنایە، چاوەڕێمان دەكرد ڕوونكردنەوەی بنووسیایەو داوای پۆزشی لە ڕەوشت بكردایە كە شەریكی ماندوویەتیی ئەو بووە لە كارێك كە لە دە یەكیدا بەشداریی كردبوو.
 سەبارەت بە قسەكەی بەهار خانیش كە گوایە ڕەوشت محەمەد وتبێتی: (( من لەڕووی‌ دەروونیشەوە ئاسوودەنیم بە پێشنیارەكەی‌ تۆفیق كەریم، نوێنەری پرۆژەكە، كە بەهار قادر وەك ئامادەكار لە پڕۆژەكە دەرچێ‌))، دەڵێین كە ڕەوشت بۆچوونی پێچەوانەی هەیەو شەریكییەك لەو جۆرە بە زوڵم كردن لە ماندووبوونەكەی دەزانێت، ڕاستیی قسەكەش ئەوەیە بەهار خان داوای كردبوو بابەتەكەی نەخرێتە ناو كتێبەكەو هۆكارەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە لەگەڵ بابەتەكانی تری كتێبەكەدا ناگونجێت بەڵام ڕەوشت قبووڵی نەكردو وتی لەڕوونی دەروونییەوە ئاسوودە نییە ئەو بابەتەی دانەبەزێت.
 ئەوەش دەڵێن كە وەنەبێت ناوی بەهار خان بەهیچ شێوەیەك نەهێنرابێت چونكە ناوی لە پێشەكیی كتێبەكەدا هێنراوە كە پرۆژەكە ڕووی كردبووە ئەو و ڕەوشت بۆ ئەنجامدانی كتێبەكە، لەو پێشەكییەشدا بەباش نەزانراوە بەئاشكرایی باس لە قەبارەی بەشدارییەكەی ئەو بكرێت.
 لەكۆتاییشدا دەڵێین كە هەرچەندە ڕێزو حورمەتمان بۆ بەهار خان هەیەو پێمان ناخۆشە دڵی لێمان بڕەنجێت بەڵام ناچاربووین بۆ مێژوو ئەم ڕوونكردنەوەیە بڵاوبكەینەوەو بۆ هێشتنەوەى دۆستایەتی لەگەڵیدا ئەمە دەكەینە دوایین قسەی خۆمان.
 پرۆژەى تیشك
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.