Skip to Content

Wednesday, December 8th, 2021

سەرنجێك لەمەڕپرسی نەوت‌و بۆچوونەكانی عارف قوربانی

Be First!

 

 

 

 

عارف قوربانی لەكەناڵی (روداو) رایدەگەیەنێت، ئەوبۆڕییە نەوتییەی كە بڕیارە نەوتی هەرێمی كوردستانی لێوە هەناردە بكرێ، یەكێكە لەو پێگە بەهێزانەی كە خەونی لە مێژینەی گەلی كورد، یاخود بناغەی دەوڵەتی كوردی لەسەر بینا بكەین.

بەلام هەرگیز ئەوە راست نیە چونكە خەونی لە مێژینەی گەلی كورد هەناردە كردنی نەوت نەبووە، بەڵكو ئازادی رۆڵەكانی بووە لەوستەمكاریەی بەهۆی نەوتەوە ژیان‌و ئازادی زەوتكرد بوون، ئەگەر هەناردە كردنی نەوت نەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی خەڵكی كوردستان ئیدی بە چ پێوانەو لێكدانەوەیەك دەبێتە خەونی گەلی كورد .. ؟ راستی نەوت تةنيا بۆ كەمینەیەكی دەسەڵاتدار بووەتە خێروبەرەكەت دەنا بۆ زۆربەی خەڵكی كوردستان لەمایەی نەگبەتی زیاتر نیە . با بپرسین ئەگەر فشاری میدیا نەبوایە دەبوو چۆن داهاتی نەوت هەڵلوشن‌و چۆن دابەشی بكەن ؟ ئایا كاك عارف قەت لە خۆی پرسیوە بەهەدەردانی پارەی نەوت زوڵمە یاخود ڕەخنەكردنی ؟ سەیرە بەهەدەردانی وەك عەیب‌و نەنگی نەبینی بەڵام باسكردن‌و رەخنەكردنی بە زوڵم لێكبدرێتەوە ؟ مەگەر قوربانی خۆی شایەت نیە بەسەر بەهەدەردانی نەوتەوە ؟ نازانی هونەرمەندو وەفدی بێكەڵكی بێگانە نەماوە لە داهاتی نەوت سودمەند نەبووبن كە بانگهێشت دەكرێن‌و هونەرمەندان‌و نوسەرانی كوردیش لێی بێبەشن‌و كراونەتە سواڵكەری بەردەم قاپی وەزارەتی رۆشنبیری ؟ نازانێ‌ هێشتا خەڵك هەیە بە هەژاری ومەینەتی ژیان رادەكێشێ‌ ؟ دەیان برینداری چەكی كیمیاوی وكەسوكاری شەهیدانیش هیشتا پێویستیان بەهاوكاری هەیە ؟

لەراستیدا هەر نەوت نیە كە بناغەی دامەزراندنی دەوڵەتە، مێژوو زمان‌و جل‌و بەرگیش لەرەگەزو فاكتەرەكانی دامەزراندنی دەوڵەتن، بەڵام خێرە گرنگی بەنەوت دەدرێ‌ و ئەوانی ترپشتگوێ‌ دەخرێن و لەسایەی حكومەت‌و دەسەلاتێكی مەست بوو بەنەوت وازمان‌و جل‌و بەگیش لەبەردەم هەرەشەی لەناوچوندان .

بەدەر لەوانە دۆسێی جینۆساید كردنی كوردە كە گرنگترین كۆدی كردنەوەی دەرگای ئەو پرسەیە بەڵام دەبێ‌ قوربانی وەڵامی ئەوپرسیارەمبداتەوە خێرە حكومەت‌و دەسەڵاتی كوردی بەبوونی پشتیوانی ئەو بۆرییە نەوتانەشەوە ئەم دۆسێیەی پشتگوێ‌ خستووە ؟ چەندین رێكخراوی پاشكۆو خەڵكی دەمامكدارو ساختەچی هێناوەتە پێشەوە بۆكوشتنی ئەو دۆسێیەو هەرجی خەڵكی جدی‌و خەمخۆری راستەقینەشە پشتگوێی خستووە ؟! پێمناڵێ‌ حكومەت  لە داهاتی نەوت چەندی بۆ دامەزراندنی سەنتەری لێكۆلینەوەو لێتوێژینەوەی جینۆسایدی كورد تەرخانكردووە ؟ ئەی خێرە لەبری ئەوە هەرچی جاهیلی بیانی هەیە بانگهێشتی كوردستان دەكرێن ؟! ئەگەر وانیە ئەوانەی 20 ساڵە بەناوی بەناوی شارەزاو (پرۆفیشناڵ)وە بانگهێشت دەكردێن بۆدوو كتیب هەرهیچ نەبێ‌ 20 وتاریان لەسەرجینۆساید كردنی كورد نەنوسیوە ؟ لێرەش ئێمەومانان بەچاوی نەیارتەماشا دەكرێین ؟ هەربەراست كاك عارف دەتوانی پێمبڵێ‌ حكومەت‌و دەسەڵاتی شاگەشكە بەنەوت هەتا چەند هاوكاری كادری جدی خۆماڵی كردووە ؟ رەنگە دەرچوونی گۆڤاری ئەنفالستان كەمن سەرنوسەریم بەو شێوەیەی كە دەردەچێت ئابڕوچونێكی گەورەبێت بۆحكومەتێك كە لەسەر خوێن‌و رەنجی ئەوان دامەزراوە . ئەگەر ئەمەش ئابروچونی حكومەت نەبێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە پشتگوێ‌ خستنی دەربازبوانی گۆری بەكۆمەڵ‌و بەڵێنپێدانیان‌و ویڵكردنیان ئابروچونێكی راستەقینەیەو گریمانە هەڵناگرێت چونكە لەهەریمی كوردستان تۆمەتبارانی ئەنفال سودمەندن لەداهاتی نەوت نەك ئەوان . ئيتر ئەگەرماڵ بەم شێوەیە وێران بێت كورد چی لەبردنی نەوت چنگ دەكەوێ‌ ؟

عومەر محمەد
Previous
Next

Leave a Reply