Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
سەرى گا، هەر دۆڵە….

سەرى گا، هەر دۆڵە….

Closed
by September 8, 2008 گشتی

 سەرى گا، هەر دۆڵە….
  سەرى میرى كوردیش، هەر دۆڕاندنى …..

     محمەد سابیر كریم

 دەمێكە گەیشتومەتە ئەو راستیەى كە كوردان لەتائێستاى دونیاى فرە رەهەندى هەبوونیاندا،ــــــ بەتایبەتیش لە دونیاى بەرهەمى عەقڵیدا ـــــ، تەنىَ چتێك كە دەهێنێت شانازى پێوەبكەن و ئاماژەى پێبدەن، بریتیە لەو گۆتنە كورتانەى كەبە((پەندى پێشینان)) نێوزەدى دەكەن .بەشێوەیەكىدى بڵێم، تەنىَ بەرهەمێكى، تەنىَ وەدەستهاتوویەكى عەقلانیانەى كوردان، كە راستودروستى خۆى لەزۆر بوار و هەلومەرجدا،هەروەها كات و زەمەنى جیاوازیشدا، بەدیارخستووە و سەلماندووە، بریتیە لە پەندى پێشینانەكانمان …. .
   ئێستا با راستیودروستى و بابەتیبوونى ئەو بۆچوون و بیربەندیەى سەرەوەمان، بە بەڵگەیەك واقیعیانە نیشانبدەین و بسەلمێنین، كەلەچركەساتى ئێستاى پانتایى ژیانى سیاسیماندا،وەدەركەوتووە و بەڕێوەدەچێتن .ئەوە بەزانینى ئەوەى, كە بەدرێژایى ئەوەى پێیدەگوترێتن مێژووى سیاسى كوردى و رێك هەرلەدوا ساڵەكانى فەرمانڕەوایى دەوڵەتى مادەوە ـــــ وەك یەكهەمین پێكهاتەى دەستەڵاتدارى سیاسى كوردى ــــــ , دەیان و سەدان ـــــ ئەوە گەر نەڵێین هەزاران ـــــ وێنە و حاڵەت بەڵگەى لەوجۆرە، روویانداوە و بوونیان هەیە… .
   ئێستا راستەوخۆ ئاخاوتن لەوبەڵگەیەدەكەم و، ئەوجا دێمەسەر ئاخاوتن لەكڕۆكى ئەوبابەتەى كەپەیوەنددارە پێوەى… .ئێستاى ئەوەى پێیدەگۆترێــت بزاڤى كوردى ـــــ لەمبەشەى كوردستاندا ــــ، بەهەستیارترین و سامناكترین گافى تەمەنیدا تێدەپەڕێت و گوزەردەكاتن .ئێستا ئەم بزاڤە، یان راستتر بڵێم، سەركردایەتى ئەم بزاڤە و رێك هەردوو كەسى خاوەنبڕیارى، كەوتوونەتەوە نێو روبەرەوڕووییەك ــــ مواجهە ــــ، كە هەمان فۆرم و نێوەڕۆكگەرایى حاڵەتى ئەو روبەرەوڕووییانەیە كە لەرەوتى تائێستاى ئەو مێژووە سیاسیە ئاماژەبۆكراوەدا، رویانداوە و بەڕێوەچوون… ؟؟.فۆرم و نێوەڕۆكگەرایى تەرزو نەریتێك لەمومارەسەى سیاسیانە كەلە(ئەلف)ەوە تاكو (ێى)، نادروست و پێچەوانەى لۆژیكى راستینەى میتۆد و كارى سیاسیە، بەتایبەتیش مومارەسەى سیاسى بزاڤێك كە بەسروشت و بەجەوهەر بزاڤێكى رزگاریخوازى و سەربەخۆخوازیە، یان هەرهیچنەبێت وەكئەوەى كەبەردەوام نێوەندى كلتوریى پارتى كوردیى ئەم پانتاییەى ئەوێستاى ئەم بزاڤە ــــــ مەبەست لە كلتورى هۆردووك حیزبى خاوەنبڕیارى ئەوێٍـستاى بزاڤەكەیە ــــ، ئاخاوتنیان لێوەكردووە و ئێستاشى دەگەڵدا بێتن ئاخاوتنى لێوەدەكەن ،بەوەى كەبزاڤى كوردى ژێر ئاڕاستەگەرى وكۆنترۆڵى ئەوان، دەپێناوى دەستەبەركردن یان دابینكردنى مافەدیموكراتیەكانى خەڵكى كوردستاندا، تێدەكۆشێت( كە لەواقیعدا لانى كەمى ((the minimum))ئامانجەكانى بزاڤى كوردیە..) .
    بەڵىَ، ئێستا ئەو میرانەى سیاسەتى كوردان، زۆر خراپ تێكەوتونە و تێهەڵچوونە دەگەلأ میرە عاقلأ و سیاسەتزان و بیرسیاسیەتیژەكانى(( بەغدادا))، ئەو بەغدادەى كەبەردەوام، بەجیاوازى جۆرى حكومەت ودەستەڵاتەكانى ـــــ لە پادشاییەوە بۆ كۆمارى دیكتاتۆرى و كۆمارى دیموكراتى و كۆمارى مەزهبى وهتد…ییەوە ـــــ، برەوەى گەمەكە بووە دەگەلأ میرە كوردیە كاڵفامەكانى سیاسەتدا ـــــ میرەكانى بابان و شێخى نەمر و  ئەوانەى دواییدا … ـــــــ . ئێٍـٍـستا كەئیتر گەمەكە خەریكە لەلێوارە هەستیارەكانى نزیكدەبێتەوە، پاشئەوەى كە ((بەغداى عەرەبى)) زۆر ژێهاتوو و بیرتیژانە مادە سادە و كاڵوكرچە دەستووریەكەى (140)ى مراند لە پرۆسەیەكى زیرەكانەى دەستیدەستیپێكردندا، هێند بێناوەڕۆك و سووكى كرد، كەئیتر تەنانەت باسكردنیشى بۆتەگاڵتەجارى و مەسخەرەیەكى خودى شەقامى كوردى، هەروەها دواى ئەوەى بێنەوبەرە و راكەراكێكى زۆرى بە میرەكەى حكومەتى هەرێم كرد تەنىَ بۆ رازیبوون و داننان بە داواكانى ((هەولێر)) لە بارەى یاساى دەرهێنان و وەبەرهێنانى نەوت و بودجەى هێزى پێشمەرگە و داواگەلێك دارایى ترەوە..!!!،ئیدى نۆبە هاتەسەر خودى چارەنووسى شارى كەركوك، ئەو شارەى كەهەمیشە كڕۆكى پرسى سیاسى كوردان بووە، كەهەمیشە ستراتیژترین و دینامیكرتین ئارمانجى تێكۆشانەكوردییەكان بووە..، ئەوەبوو لەپەرلەمانە لەرزۆك و بێسەرەوبەرەكەى ((بەغدادا )) برا جۆراوجۆرەكانمان لەلیستە جۆراوجۆرەكانى ((هاوپەیمانى)) ئەم لیستى برا و ئەو لیستى برادا(!!!)، بەنوێژى نیوەڕۆ گۆڵیان لێكردینەوە و((مە))یان لەخشتەبردەوە..!؟؟، بەدەركردنى بڕگەى (24)لە یاساى هەڵبژاردنى پارێزگاكاندا و ، دەنگلەسەردانى بە(بزربوونى!!!) ئەندامانى لیستى هاوپەیمانى كوردستانى (كەزۆر جێگەى پرسیار و گومانە)… . لەیرەدا ئەوەندە بەسە كە ئاماژە بەو لێدوانەى بەڕێز(د.فوئاد معێوم) بدەم كەسەرۆكى لیستى كوردى نێو پەرلەمانەكەى بەغدایە، لەبەیانى رۆژى( 7/8/2008) بۆ رادیۆى(bbc) سەبارەت بەدوا ئەنجامى و تووێژ و گفتوگۆى ئەندامانى لیستەكەى دەگەلأ لیستەكانى بەرامبەردا، بۆگەیشتن بە رێگاچارەیەكى نێوەنجییانە، سەبارەت بەو بڕگە ئاماژەبۆكراوەى كە لەناكاو گۆمە مەنگەكەى شڵەقاند، كە دەقەن بەڕێزیان گۆتیان(( بەراستى تووشى شۆكێكى گەورەبووم كاتێك هەواڵى دواخستنى ئەو وتووێژانەم بیست بۆ 9/ ئەیلولى داهاتوو، چونكە وابڕیاربوو كە دەگەلأ تەواوى لیستەكانى تردا، بەیانى تائێوارىَ بەردەوامبین لە گفتوگۆ و وتووێژدا، بۆگەیشتن بە چارەسەرێكى(توافق)یانە….)) .
    بەڵآ، گەوهەرى بیركردنەوە(سیاسیانە) وكار و میتۆد(سیاسیانە)ى هۆردووك  خاوەنبڕیارى سیاسى كوردى لەم قۆناغەى بزاڤى كوردیدا، رێكوراست گوزارەكردن وبەرجەستەكردنێكى واقیعى ودروستى ئەو لۆژیك و میتۆدە چەوت وتەواو نادروستەى سیاسەتكردنە(!!!). باچاوانمان جوان بكەینەوە و بڕوانین، با زەین وئاوەزمان ببژوێنین وچالاكبكەین و، دروستبیربكەینەوە و لێكبدەینەوە، ئایا ئەوە دووبارەكردنەوەیەكى زەق و تەواوئاشكراو وێكچووى هەمان ئەو هەڵە وپەڵە سیاسیە گەورانەى پێشووى ئەم بزاڤە نیە، (كە تۆ ــــ مەبەست لە هەڵسوڕێنەران و خاوەنبڕیارانى بزاڤى كوردیە) بێیت، بێئەوەى هیچ مسۆگەرى وزەمانەتێكى نێودەوڵەتى هەبێتن،بێئەوەى بچووكترین نیشانە و هێماى گۆڕان و وەرچەرخان لە سروشت و تەرزى  بیركردنەوە و باوەڕدارى واندا (( عەقڵى بەرامبەر))دا،   بەدیبكەیت، لە لەبارترین و رەخساوترین دەرفەت وهەلومەرجدا بۆ بەدەستهێنان ودابینكردنى تەواوى ئارمانج وخواستە سەرەكى و ستراتیژیەكانى بزاڤى كوردى ژێر كۆنترۆلأ و بنهەنگڵتان، یەكسەر و زۆر ساویلكانە،(بێیت) و بچیت ئەو دەزگا سیاسیە دەوڵەتیە ( حكومەتى نێوەندى عێراق ـــــ حكوماتەكانى عەلاوى و جەعفەرى و مالیكى و …)  دامەزراو و لەسەرپێوەستاو و بەهێز بكەیتن، كە فاكتەر و میكانیزم و سەرچاوەى سەرەكى شكست وچۆكدادانى (ئەمڕۆ)وسبەینێى (تۆ)یە…؟؟؟؟ .
    بەكورتى، لەدواى(9/نیسان/2003)وە، هەلودەرفەتێكى زۆرلەبارتر و گونجاوتر هاتە بەردەم بزاڤى كوردى لەمبەشەى كوردستاندا، وردتر بڵێم، هاتەبەردەم ئەوەى پێیدەگۆترێت(( سەركردایەتى سیاسى بزاڤى كوردى ))، هەلێك كە لەژێرسایەیدا، زۆر بەئاسانى ، دەتوانرا نەك ئەوە بەدیبهێندرێت و وەدەستهاتو بكرێتن كەئێستا ئەو سەركردایەتیە، كەوتۆتەخۆى بۆ بەدەستهێنانى لەحكومەتەكەى(مالیكى ــــ برا گەورەیان)و، هەموو رێكارەكانى خۆى (CHOISES) و تەواوى ئەو كاغەزانەى كەلەبەردەستیدایە، خستۆتەكار و دەرهێنانەوە بەخاترى رازیكردنى حكومەتەكەى مالیكى و پێكهاتە جیاوازەكانى نێو پەرلەمانەكەى ((زۆنگى سەوز))و بالأ وهێزە جیاجیاكانى گۆڕەپانى سیاسى (( عێراقە دیموكراتیە فیدراڵیەكەیان..!!!))، بە كاركردن بەبەندەكانى ئەودەستورەى كە لەدوێنێیەكى نزیكدا و لەژێر سەرپەرشتى و باڵادەستى (ئەمریكیە هاوپەیمانە ستراتیژیەكەیان) و بە بڕیار و هەنگاوى كردەیی راستەوخۆى نێوەندى دەستەڵات لەبەغدالە(15/تشرینى یەكەم /2005)دا، خەڵكى هۆردووك هەرێمەكە (عێراقى عەرەبى و هەرێم كوردستان ) دەنگیان بۆدا و،هاتە نێو یاساییبوون و رەواییبوون ـــــ الشرعیە ـــــ و چەسپینەوە. بەڵكو دەتوانرا، تا دوێنێیەكى نزیك و بگرە ئێستاش نەچووە بچێت، دەستكەوت و ئارمانجى سیاسى ــــ ستراتیژى  زۆر لەوەى ئێستا گرنگتر و دینامیكىتر بەدەست و فەراهەمبكرێـتن، ئەوە تەنها بە هەبوونى لێزانینێكى كەمى هونەرى سیاسەتكردنى نیشتمانى ـــــ نەتەوەییانە ــ كوردى و كوردستانیانە) و، لێزانینێكى سیاسیانە، كە وردبینى سیاسیانە و توانستى بیركردنەوەى سیاسیانە و خاوەندبوونى عەقڵى سیاسیبوون هزرمەندانە، باكگراوندى گەوهەریی و دینامیكیانەى بێتن، نەك ساویلكەیى و كاڵفامى و خۆبەكەمزانى و خەسڵەتى شەرمى سیاسیانە و سیاسەتكردنى چێشتیمجێورانە و خۆكردنەقوربانى بەرامبەر و دڵرازیكردنى (ئەو)ى ناحەز و تامۆخى سەرئێسكان دوژمن و، گەمژى و سەرشێتى سیاسیانە و….،بەڵىَ بەهەبوونى ئەو بنەما و فاكتەر و خەسڵەتە ئەرێیانەى یەكەم و، نەبوون و توڕنانى هۆشمەندانە و ژێهاتووانەى ئەمانەى دووەم ( خەسڵەتە نەگریسە ناسیاسیەكان)، زۆربەئاسانى دەتوانرا نەك ئەو خواست و داوا بچووكەى ئەوێستا ئارەقى شینومۆرى بۆ دەڕێژن تا ئەو((برا جۆراوجۆرانەتان)) رازیبكەن كە وێتانبدەنىَ و دانیپێدانراوى بكەن ـــ بەڵىَ تەنىَ دانپێدانراوى بكەن و سەرەنجام واژۆتان بۆبكەن لەسەرى..!!دەكرا دەستەبەر و وەدیهاتوو بكرێتن؟؟؟، بەڵكو دەكرا و(دەكرێتیش) كە خواست و ئارمانجە زیندوو و ستراتیژیەكانى ئەو بزاڤەى سەدانهەزار مرۆڤى ئازا و لەخۆبردوو خوێنى گەشى خۆى بۆ رژاندووە، بەئاسانى و بگرە كوردگوتەنى (( بەچەقەنەیەك)) دەستەبەر و وەدستهاتو بكەن …. .
  ئێستا ئیدى دەبێت ئەو میرە سیاسیانەمان، رێكوڕەوان و جەریئانە، بەرژەەندى خەڵكى كورد و بزاڤەكەى بخەنەسەر و پێش هەر بەرژەوەندییەكى ترى كەسیانەى خۆیانەوە و، رۆح و باوەڕى ناسیۆنالیستى ــــ كوردییانە ــــ بكەنە سەرمەشق و سەركارى مومارەسە و بیركردنەوەى دەستەڵاتدارییان و، كورت و كورمانج و ئاشكرا و دلێرانە بڵێت كە ئیدى ئێمە ئامادەنین هیچ سازشێك لەسەر داوا و خواستە رەواكانى خەڵكى گەلەكەى خۆمان بكەین، ئامادەنین هیچ دەستیدەستیپێكردنێكتان لێوەربگرین، گەوهەرى ئەو فیدراڵَیەتەى بزاڤەكەى ئێمە دەیهەوێتن و ساڵەهایە خوێنى بۆدەڕێژێتن، ئەو فیدراڵیەتەیە كە لەسەربهنەماى جوگرافى و نەتەوەیى خۆیدەگرێت و داڕێژراوە… .ئیچمە ئیدى بەهیچشێوەیەك ناتوانین بچوكترین هەنگاو وهەوڵى دەستدرێژییانەى دوژمنكارانە لە هیچ كەس و كۆمەلأ و نێوەندێكى نێو عێراق و هەرێمى و نێودەوڵەتى، وەربگرین بەخودى حكومەتەكەى مالیكى و هاوشێوەكانیەوە، ئێمە ئیدى هەنگاوى كردەییمان دەوێت بۆجێبەجێكردنى راستەوخۆ و واقیعیانەى ئەوەى كە داوامانكردووە ـــ ئەوەى كەئەوفۆرمە ئاماژەبۆكراوە لەفیدراڵیەت دەیخوازێت و دەخۆیگرتووە ـــــ و… .
   دەگینا و، پێچەوانەى ئەوەى سەرەوە، ئەوا تەنىَ یەك چت لەبەردەمماندایە، یەك چت دەبێتە واقیع و رێكارى سەرەكى، ئەویش ئەوەیە كە تایتڵى سەرەكى ئەم نوسینەمان گوزارەى لێدەكات و، ئەو ئەزمونە نەفرەتلێكراوە نەگریسە سەدانجار دوبارەبوەوەیە، واتە دۆڕاندنى مەرگەساتبارانەى ئەو فۆرم و ئۆلگووە زانراو و باوە بەردەوام پەیڕەولێكراوەى مومارەسەى سیاسی، كەهەمیشە بەرەو زۆنگاوى پیسى نوشست و تێكشكانمان دەباتن …،دەبێًتە تەنیا و تاكە پێشهات و چارەنووسێكى داهاتووى رەوشى سیاسى سبەینێیەكى زۆر نزیكمان….  .
 
                                                                                    محمەد سابیر كریم
                                                                                       سلێمانـــــــــــــــــــى
 10/8/2008
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.