سەرکردە (دێوەرە*)کان ئەمجارە ئۆتۆمبێل دەبەخشنەوە
ساتیر
دەبێ کەسانی هوشیار ببپرسن کە ئەو سامانەی لەکوێ بوو، کە تادوێنی لە زێوە و کەرەج تمەنێک وعانەیەکی پێ نەبوو و چەندان مانگ چاوەڕێی دەکرد تا قەرارگای ڕەمەزان خێرێکی ئیمام الزمانی پێبکا و جەنگزەدەیان بداتێ! ئایا ئەوە دەستێوەردان لە یاسا نیە و بۆ دەستەمۆکردنی پارێزەران؟ لە کام وڵاتی دونیا سەرۆک وا گەزۆی خەڵات لە سامانی خەلک بە ئارەزووی خۆی دەبەخشێتەوە؟ ئەم خەڵات بەخشینەوەیەی نێچرەڤان چێرۆکی ئەو شێتەی خستمەوە بیر کە بەسەددامی ووت بەشە نەوتەکەی من تەنها پارەی یەک سەعاتی ئەلکترۆنیە: جاران کە سەددام تازە دەسەڵاتی گرتبووە دەست، کە دەچووە ههر گوندێک وەک دێوەرە چەند ئۆتۆمبێلکی پڕ دەکرد لە سەعات و ووردەواڵەی ڕەنگاو ڕەنگ و دەیبەخشییەوە. لە یەکێک لە گوندە عەرەب نشینەکان، دوای ئەوەی خودی سەددام سەعاتێکی ئەلکترۆنی کردە دەست شێتکە، شێتەکە لێی پرسی سەیدی! ئەم پارەیەت لەکوێ بوو ئەم شتانە دەکڕی؟ ئەویش ووتی، ئەوە پارەی بەشە نەوتەکەی خۆتە. شێتەکەش پرسیاری کردەوە واتە بەشە نەوتەکەی من تەنها پارەی یەک کاتژمێری ئەلکترۆنییە؟
بەراستی ههندێ لە سەرکردەکانی ئەمڕۆ کورد، بە تایبەتی ئەوانەئ پارتی ههمان ڕۆل دەبینن، بە سەر سامانی خەڵکەوە بوونەتە دێوەرەیەکی سەخی و مرۆڤدۆستی دەبەخشنەوە. ئایا ئەوان خۆیان بە سەرکردەی ڕاستەقینە دادەنین. بەخشینەوەی و خەڵات و ووردەواڵە وەک دێوەرەکانی جاران، گۆڕێنەوەی وێژدانی ئەو خەڵکە بە پارەو سامان، تەنها ئامانجێکی لە پشتە ئەویش دەستەمۆکردن و دەمکوتکردنی ئەو خەڵکانەی کە لە دەسەڵات پڕن و ههورەها دەمبڕکردنی خەڵکانی دەم بە رەخنە و کە هوشیارن لەوەی کە دەسەڵات چۆن سامانی خەڵک بەفێڕۆ دەدات و بە ئارەزووی خۆی ههموو شتێک دەکات بۆ تێکدانی دڵسۆزی و هوشیاری خەڵک. بریا هێندەی دێوەرەیەکیشیان پێ بکرایە و تا ئاستێ دڵی گوندنشینەکانیشیان خۆش بکردایە. ئەی لە ههمان کاتدا نابێ ئەو دادوەرە بەرێزانەی کە یاسای پاراستنی مافی هاولاتیانیان لەدەستە ههلوێستیان ههبێ لە ئامانجی بەخشینەوەی ئەو ئاسنە چوارچەرخەیە!
ئەوەی ماوەتە بیڵێم، ئەوەیە کە هیوادارم ئەمجارە کار نەگاتە ئەوەی کە سەرکردە دێوەرەیەکی نوێ، کۆمەڵێک کیژی جوان لە تایلەندو کۆریاوە وەک خەڵاتی خۆ خۆفرۆشتن بداتە کۆمەڵێکی دی لە هاونیشتمانیان بۆ کڕینی ویژدانیان!
• دێوەرە ئەو کەسانە بوون کە بە ناو گوندەکانی کوردستان، لەبەر نەبوونی بازار و دوکان، دەگەڕان و بارگێرێک یان گوێدرێژێکیان پی بوو. ووردەواڵە و شتیان دەگۆڕییەوە لەگەڵ گوندنشینەکان. بروانە (مینای چاوجوان ١٩٩٠) فەهمی کاکەیی.
• جەنگزەدە> ئەو کۆمەکە بوو کە حکومەتی ئێران بە ئاوارەکانی جەنگی دەدا
تێبینی> ڕێزی تایبەتیم بۆ دێوەرەکان، مەبەستم شکاندنی ئیوە نیە!
بۆ خوێندنەوەی داهێنانەکەی نێچرەڤان، ڕۆژنامەی هاولاتی: http://www.hawlati.co/%d9%86%db%8e%da%86%db%8c%d8%b1%da%a4%d8%a7%d9%86-%d8%a8%d8%a7%d8%b1%d8%b2%d8%a7%d9%86%db%8c%e2%80%8c-%d8%a6%db%86%d8%aa%db%86%d9%85%d8%a8%db%8e%d9%84%db%8c%e2%80%8c-43-%d9%87%d9%87%e2%80%8c%d8%b2 /
ئاسۆ بیارەیی
٦-٢-٢٠١٣ سوێد