Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

سەرۆكى هەرێم مەیە بۆ كەركوك

Be First!
by May 20, 2008 گشتی

 كۆسرەت عەبدولڕەحمان……..

 بەرلەچەند مانگێك نووسیبووم سەرۆكى هەرێم بۆنایەیت بۆ كەركوك، بەڵام ئێستا پاشگەز بوومەوە، نامەعقولیم كرد، مەیە بۆ كەركوك، ئەو كات وام نووسیبوو.. هەڵەبووم، چۆن؟ سەرۆك من خوازیاربووم جەنابتان بێن بۆ كەركوك، هەموو شتەكان گۆڕانكارى بەسەردا دێت .. هەموو شتەكان ئاسایى دەبنەوە، مەبەستى من لە هاتنى تۆ بۆ كەركوك  سەرۆك بۆ بەرژەوەندى ئەهلى كەركوك بووە، نەك بۆ ئەوەى تۆ بمەكەیت بە بەرپرسێكى دەزگایەكى خۆت، یان بەڕێوەبەرێك لە بەڕێوبەرایەتییەكانى وڵات، یان بڕە پارەیەكم چنگ بكەوىَو بەهاتنى تۆ ببم بە خاوەنى سەیارەو خانوو، بەڵام خەڵكى پێى وابوو، من بۆیە ئەڵێم وەرە بۆ كەركوك تاوەكو هیچ نەبىَ لەڕێگاى تۆوە ببم بە شت، هەر بۆیە پەلیان گرتم و تڕۆیان كردم، بۆیە تكات لێدەكەم مەیە بۆ كەركوك، سەرۆك بیكە بۆ خاترى ژەنڕاڵى خوالێخۆش بووى باوكت مەیە بۆ كەركوك، ڕەنگە بڵێیت ئەم نووسەرە بۆ ئاوها دەپاڕێتەوە، داوام لێدەكات نەیەم بۆ كەركوك، بۆ؟ تازە تۆم سوێندداوە، لەبەر خاترى گەورە ژەنڕاڵەكانى پێش خۆت، هیچم پىَ ناڵێیت گوێم لێدەگریت سەرۆك.
 ئەم كاتەت باش سەرۆك.. بیرتە لەڕۆژنامەى هەواڵ ژمارە (268) لاپەڕە پێنج لە وتارێكدا پرسیارم لێكردبووى "سەرۆكى هەرێم بۆ نایەیت بۆ كەركوك؟" ئیدى من لەسەر نووسینى ئەم وتارە لەتەلەفزیۆنى باوە گوڕ گوڕى پارتى دیموكراتى كوردستان فەسڵ كرام، كە پێشتر تەلەفزیۆنى زاگرۆس بووە، منیش 4 ساڵ تیایدا بێژەر و پێشكەشكارى بەرنامە بوومە، كەچى لەسەر ڕاسپاردەى تۆ یان نوێنەرى تۆ بووە بیرم نایەت سەرۆك، بەڵام فەسڵ كرام، ئیدى ڕۆژ بە ڕۆژ بارى دەروونیم ئاڵۆزتر دەبىَ، براو باوك و دایكم و زۆرجاریش ژنەكەم و منداڵەكەشم هەڕەشەم لێدەكەن و پێم دەڵێن هەڵەیت دەبىَ جارێكى دیكە ئیعتیزار بنووسیت و جارێكیتریش شتى وا نە نووسیت.
 سەرۆك خەڵكى بۆ وەرگرتنى پلەو پایەى باش و لوقمەى چەور لەدەورو پشتى تۆوەن تا بیخۆن، تۆمەتى بێئەخلاقى و خوێڕى و چەندین شتیترم دەخەنە پاڵ، بۆیە توخاترى ژەنڕاڵە گەورەكانى پێش خۆت بمبەخشە و مەیە بۆ كەركوك، منیش (نامەعقولیم كرد) سەرۆك جارێكی دیكە قەت ڕێگا بەخۆم نادەم، گەر بەتەنیایش بم بیرى وا بێت بە مێشكمدا كە داوات لێبكەم بێیتە كەركوك، سەرۆك لێرە لە كەركوك غاز و بەنزین و نەوت گەلێك زۆرە، بازرگانیشى پێوە ناكریت، دەستى هیچ بەرپرسێكیشى لەپشتەوە نیە، جادەكان هەمووى سێبەرەو هاوڵاتیەك نیە گەرماى بێت و خۆر لێى بدات، ووڵاتەكەمان سەرۆك كە كەركوكە هێندە ئارامە عەرەبێكى هاوردەى تیادا نیە هەمووى ڕۆیشتنەوە، شەو روژ شارەوانى لە سەر شۆستەكانى شارن سەرقالى پاككردنەوەى شارن، پڕبەرنامەترین شار شارەكەى منە، بەرپرسى لقى 3 و بەرپرسى مەڵبەند پاسەوانیان لەگەڵدا نیە، لەسەر شەقامەكانى شار دەسورێنەوە، ئەوەندە ئارامە كەركوك كەس دەمانچەیەكى پێنیە، پۆلیسەكان بەس بۆ جوانى ژینگە داریان پێیە، من هەڵەبووم سەرۆك كاتىَ ووتم وەرە، هاتنەكەت گەر هیچ بەهاى نەبێت خۆ پارێزگار و سەرۆكى ئەنجومەنى پارێزگا قسە لەگەڵ یەكدەكەن، چونكە" كویسلن "سەرۆك كەسىَ نیە لەكەركوكدا قسەى لەگەڵ كەسێكى دیكەدا نەبێت، لەووڵاتدا هێندە ئاسوودە و بەختەوەرین، ئاخر سەرۆك بەختەوەرى لە كەركوكەوە سەرى هەڵداوە لێرەوە دابەش دەبێت بەسەر ووڵاتانى دیكەدا.
  جارىَ كەسىَ نیە بزانىَ وشەى تیرۆر ماناى چیە چونكە كەس تیرۆر نەكراوە، سەرۆك توخوا تو پێغەمبەر بمبەخشە، توڕە مەبە ئەوكات هەڵەبووم، سەرۆك كەوام ووت بێئەدەبیم كرد، لەئاستى تۆدا بێحورمەتیم كرد، مەیە بۆ كەركوك .. من بۆخۆم ئەڵێم تۆ ئیهمالم كە.. با چاوم دەرچێت، باهەر وا بڵێم، قەت نەكەى بێیت بۆ كەركوك، ئەو پیاوە قەزەمانەى باسى كەركوكت بۆ دەكەن كە دەڵێن بەسایەى سەرى جەنابتانەوە هەموو شتىَ دابین و وڵات ئاسوودەیە وایە راست دەكەن متمانەیان پێبكە سەرۆك، سەرۆك لە كەركوكدا تەقینەوە نیە، ئەو تەلەفزیۆنانە بەدەمى كەركوكەوە درۆ هەڵدەبەستن كاتىَ دەلین كەركوك نائارامە تەقینەوەى تێدایە ، ئەو ڕۆژنامانەى دەڵێن كەركوك حكومەتى تێدا نیە ڕاست ناكەن بىَ ئەدەبیانكرد، ئەوە ڕقیان لە كەركوكە ئەگەرنا سەرۆك وڵاتەكەم كە كەركوكە دوو هێندەى قەڵاچۆلان و سەرى ڕەش ئارامە، بەهەر حاڵ سەرۆك دڵتەنگ مەبە بەقسەى ئەم خەڵكە، هەرچى بۆ خەڵك بكەیت هێشتا كەمە و چاویان تێر نابێت، گیرفانیان كونە سەرۆك، كىَ؟ خەڵكى سەرۆك خوانە خواستە ناڵێم بەرپرسەكانت لە كەركوك سەرۆك، من بەڵێنم پێدایت كە باسى ئارامى ولاتت بۆ بكەم نەك گەندڵیەكان، چۆن جارێكیتر هەڵە دەكەم ڕەخنە بگرم، چۆن دێت بەدەمما بڵێم بەرپرسەكانى كەركوك هەڵەن، من هەڵەم.. هاوڕێكانم ڕۆژنامەنووسەكان هەڵەن.. نامەعقولیم كرد  سەرۆك بێت بەدەمما بڵێم جەنابتان كەمتەرخەمن، تكات لێدەكەم هیچت لەدڵ نەمێنىَ.. دڵت گەورە بێت سەرۆك، بمكە بە خاترى ژەنڕاڵە گەورەكانى پێش خۆت سەرۆك.
 سەرۆك تخوا بەس مەیە بۆ كەركوك…، نانا نەكەى بێیت بۆ كەركوك، تكات لێدەكەم با نەكوژرێم، تۆ بێیت خەڵكى من دەكوژێت، بەهاتنت راستیەكان ئاشكرا دەبێت  تكات لێدەكەم سەرۆك بیكە بۆ خاترى ژەنڕاڵە گەورەكانى پێش خۆمان  سەرۆك مەیە بۆ كەركوك، ئا جارێكیتر نایەت بەدەما بڵێم وەرە بۆ كەركوك نامەعقوڵیم  كرد جەنابى سەرۆك، دواجار لە دوا دیرَدا بە دڵ تكات لێدەكەم سەرۆك مەیە بۆ كەركوك.
 
 
Kosret_k@yahoo.com
 

Previous
Next

Leave a Reply