Skip to Content

Tuesday, October 20th, 2020

شاتویه‌ك بوم به‌قه‌د درختێكه‌وه‌ …. توانا حه‌مه‌نوری

Be First!
by March 2, 2012 ئەدەب

ساڵه‌كانی ته‌مه‌نم به‌رۆكیان گرتوم
پیریش پێم قایل نییه‌
كڵۆ به‌فریش سه‌رم سپی ناكات
خه‌می سی و یه‌ك ساڵی ته‌مه‌نم
بۆ یادی له‌دایكبوونم هاتوه‌ته‌ سه‌ردانم
له‌ ژورێكی ته‌نگ و تاردا
ده‌وری داوم سه‌ما ده‌كا
به‌ سی و یه‌ك ساڵی ته‌منمدا چومه‌وه‌
گه‌یشتمه‌ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی
شاتویه‌ك بوم به‌قه‌د دارێكه‌وه‌
هێشتا باوكم نه‌یخواردبوم
دایكم نه‌یجویبوومه‌وه‌
تۆزقاڵێك خۆشیم نه‌دیوه‌
تاق و ته‌نها
تروسكه‌ی چاوی كچێكم دیته‌وه‌
هینده‌ به‌د به‌ختم
چاره‌ ره‌شم
خۆ سه‌ریشم سپی نابێت
داخه‌م له‌ ئازاری دووگیان بوونی دایكمه‌
منی هاوێشته‌ دونیا
خه‌می له‌ دڵخۆشی دایكممه‌
پێیان وت كوڕێكت بووه‌
گه‌ر به‌خه‌مه‌كانمی ده‌زانی
كفنی بۆ ده‌كردم
ره‌شیشی ده‌پۆشی
ئه‌وه‌نده‌ش دڵخۆش نه‌ده‌بوو
سی ویه‌ك ساڵه‌ خه‌م ئه‌مبارم ده‌كات
ژیانم وه‌كو چه‌رداخێكه‌
له‌لوتكه‌ی چیایه‌ك
به‌تاق و ته‌نها
چۆڵ كه‌سی تێدا نییه‌
به‌فر وه‌كو خه‌مه‌كانم
به‌باڵام هه‌ڵزناوه‌
ده‌رگه‌شی لێگرتوم..
زۆر جار روو له‌شار ده‌كه‌م
به‌ڵكو _با_ له‌دووره‌وه‌
تروسكه‌ی دووچاوی ترێییم بۆ بێنێت
جگه‌ له‌خه‌م و ماندووبونی ژیان
هیچم له‌ مشت نانێ‌
ژیانی من ته‌نها ژماردنی رۆژه‌كانه‌
هیچی تێدا نییه‌
به‌دیار چراكه‌مه‌وه‌ داده‌نیشم
چاوه‌ڕێی ترۆسكه‌ی چاوێكم
ره‌نگی له‌ روناكی چرا ده‌چێت
روخساری
له‌ یه‌كه‌م دیدارمان بیرده‌كه‌وێته‌وه‌
چاوانی وه‌ك  دوو ئه‌ستیره‌ بون
دروه‌شاوه‌تر له‌ وانی ئاسمان
جاروبار په‌نجه‌ره‌كان ده‌كه‌مه‌وه‌
وه‌سفی ئه‌و به‌ كۆیی ئه‌ستێره‌كان ده‌ده‌م
ئاسمان تووشی گریان ده‌كه‌م
وه‌رزه‌كان، به‌ باو بۆرانه‌كانییانه‌وه‌
جوانیم تووشی خه‌م ده‌كه‌ن
ناچارم ساڵێكی تری ته‌مه‌نم
له‌سه‌ر ره‌فی له‌ناچوون ریز بكه‌م
چاوڕێمه‌ منی مردوو بمرمه‌وه‌
تا ئه‌م جه‌سته‌ بوده‌ڵه‌یه‌ش له‌ ژێرخاكدا
دوا وێرد بلێته‌وه‌
كه‌ مردیشم
په‌یكه‌ری كچێكی سه‌قڵیه‌
بكه‌ن به‌گڵكۆم
په‌یكه‌ری كچێكی خرپنیش  نوسراوی سه‌ر
كێڵێكم.
له‌ گونده‌كه‌ی خۆم مه‌منێژن 
من بخه‌نه‌ چنگی قه‌رباڵغییه‌كانه‌وه‌
له‌ناوه‌ڕاستی شار
با وه‌كو هه‌میشه‌ له‌نێو قه‌ره‌باڵغیدا
هه‌ست به‌ ته‌نیایی بكه‌م
به‌ڵكو رۆژێك له‌رۆژان
بێته‌ سه‌ردانی گۆڕه‌كه‌م
له‌به‌هه‌شته‌ به‌رینه‌ ته‌نگه‌كه‌ش
فراوانیه‌ك به‌م ته‌مه‌نه‌ بێمانایه‌ی
من ببه‌خشێت
ئه‌و
ژیانه‌كه‌م
مردنه‌كه‌م

18/2/1981

Previous
Next

Leave a Reply