Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

شاعیری کورد نه‌زه‌ند به‌گیخانی بۆ خه‌ڵاتی به‌ریتانی Forward Books هه‌ڵده‌بژێردرێ

Be First!
by October 29, 2007 ئەدەب

شاعیری کورد نه‌زه‌ند به‌گیخانی بۆ خه‌ڵاتی به‌ریتانی Forward Books  هه‌ڵده‌بژێردرێ
وه‌رگێڕانی له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: ئامانج حه‌مه:‌

"رۆژێکی ئاسایی"، شیعرێکی شاعیری کورد نه‌زه‌ند به‌گیخانی بۆ خه‌ڵاتی ئیمساڵی Forward Book of Poetry  له‌ به‌ریتانیا هه‌ڵده‌بژێردرێ و له‌گه‌ڵ چل له‌ "باشترین  شیعری ساڵ" ی کۆمه‌ڵێک شاعیری ناودار له‌ ئه‌نتۆلۆژیایه‌کدا چاپ و بڵاوده‌کرێته‌وه‌. ئه‌م شیعره‌ له‌ دیوانی (Bells of Speech, Ambit, 2007) وه‌رگیراوه‌.

نه‌زه‌ند به‌گیخانی خه‌ڵکی شاری کۆیه‌یه‌ و له‌ ساڵی 1987 ه‌وه‌ له‌ مه‌نفا (دانمارک، فه‌ڕه‌نسا، به‌ریتانیا) ده‌ژێت. له‌ ساڵی 1997 له‌ دانیشتگای سۆربۆن دکتۆرای له‌ ئه‌ده‌بیاتی به‌راوردکاری وه‌رگرتووه‌. تا ئێستا سێ دیوانی به‌ کوردی بڵاوکردۆته‌وه‌  و Bells of Speech  یه‌که‌مین دیوانیه‌تی به‌ زمانی ئینگلیزی که‌ له‌ مه‌یانی ئه‌ده‌بدۆستان له‌ به‌ریتانیا پێشوازییه‌کی زۆربا‎شی لێکرا. هه‌ردوای ده‌رچوونی دیوانه‌که‌ نه‌زه‌ند له‌ رادیۆی 4 ی بی بی سی له‌ به‌رنامه‌ی به‌ناوبانگی "سه‌ره‌تای هه‌فته‌" داوه‌تکرا که‌ له‌ 24/12/ 2007، جه‌ژنی مه‌سیح په‌خشکرا. له‌ 14 ی مایسی رابردوو په‌رله‌مانتاری به‌ریتانی  ئان کلوید له‌ سازمانی په‌رله‌مانی به‌ریتانی پێشوازی له‌ شاعیر و کتێبه‌که‌ کرد له‌ ئێواره‌یه‌کی شیعریدا که‌ کۆمه‌ڵێ ئه‌‌دیب و رۆژنامه‌نووس و دیپلۆمات ئاماده‌ی بوون.

تا ئێستا چه‌ند شیعرێکی دیوانی  Bells of Speech بۆ ئه‌نتۆلۆژیای شیعری ئینگلیزی و ئه‌مریکی هه‌لبژێردراوه‌ که‌ دووباره بڵاویان کردۆته‌وه‌:
 وه‌کو “ Inspired Verse” by Wyndham Thomas (Corsham Print, Easter 2007); “
 “The Poetry of Recovery” by Sante Lucia Books (USA, 2007);
 Fragments from the Dark” by Jeni Williams (Forthcoming 2008)
 The Poetry International Web (http://uk.poetryinternationalweb, summer 2007).

ره‌خنه‌گری هونه‌ری به‌ریتانی وه‌ندی بێکێت له‌ پێشه‌کیی کتێبی " Inspired Verse " دا ده‌ڵێت: نه‌زه‌ند ژیانی خۆی ته‌رخانکردووه بۆ گه‌ڕان به‌دوای دادوه‌ری بۆ میلله‌تی کورد و هه‌موو ئه‌وانه‌ی مافیان پێشێلکراوه‌. ئه‌و باوه‌ڕی وایه‌ که‌ به‌خته‌وه‌ری مافی هه‌مومانه‌‌ و به‌ دڵنیاییه‌کی پڕ له‌ هۆشیارییه‌وه ئه‌و چه‌مکه‌ ده‌وروژێنێ".

ڕۆژێکی ئاسایی

ئه‌فسه‌ری ئاسایش ئیمڕۆ زوو له‌خه‌و هه‌ڵسا
کراسێکی سپی پۆشی و
سه‌مونێکی خوارد پڕ له‌ گوێز و هه‌نگوین
مناڵه‌کانی ماچ کرد
زۆر به‌ گه‌رمی هاوسه‌ره‌که‌ی له‌ ئامێز گرت
خوداحافیزی کرد و به‌ره‌ و کار هه‌نگاوی نا

له‌سه‌ر مێزه‌که‌ی
ده‌ فایل دانرابوو
هی ده‌ لاو له‌ چاوه‌ڕوانی گولله‌باراندا
به‌ده‌م فڕکردنی چایه‌کی نه‌عنایی
فایله‌کانی ئیمزا کرد

سه‌عات ده‌
فه‌رمانی گولله‌بارانکردنی دا و
زۆر تووڕه بوو له‌ پۆلیسێ که‌ هه‌ده‌فه‌که‌ی نه‌پێکی
ده‌مانچه‌كه‌ی ده‌ر‌هێنا و
هه‌ده‌فه‌که‌ی به‌ ده‌ گولله‌ پێکا

پێش ته‌واوبوونی ده‌وام
سه‌ردانی دایکی ده ‌لاوه‌ کوژراوه‌‌که‌ی کرد
داوای سه‌د دیناری له‌ هه‌ریه‌كێکیان کرد
بۆ خه‌رجی ئه‌و گووللانه‌ی که‌ منداڵه‌کانی کوشتبوون

ئێواره‌
ئاهه‌نگی له‌ دایکبوونی براکه‌ی گێڕا

شه‌و
له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌
دڵۆپێ خوێن له‌ژێر پێی هه‌ڵچوو
ویستی بیشوا
د‌ڵۆپه‌ خوێن به‌ره‌و سه‌ر سنگی هه‌ڵکشا

ئایا جیاوازی چیيه‌ له‌ نێوان کوژراو و بکوژ؟

کاڤه‌رشام، هاوینی 2006

© 2006, Nazand Begikhani
From: Bells of Speech
Publisher: Ambit Books, London, 2006
ISBN: 978-0-900055-11-

 

 

Previous
Next

Leave a Reply