Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
شاكیرا و زەهاوى سنجاوى…. رزگار رەزا چوچانى

شاكیرا و زەهاوى سنجاوى…. رزگار رەزا چوچانى

Closed
by January 29, 2008 گشتی

 زەهاوى سنجاوى 45 ملیۆن دۆلار دەكاتە دیارى بۆ هەژارانى ئەمریكا
 شاكیراش یەك ساڵە100 ملیۆن دینارى لە كورد وەرگرتووە بەناوى فیلمەوە كارەكەشى نەكردووە
 تۆ بزانە هونەرمەندانى ئێمە بە بەراورد لە سیاسییەكانمان چەند جیاوازن ، ئەمان ویژدانیان زیندووە و دەزانن كە حكومەتى كوردستان نەقسى میزانییەى هەیە، بۆیە ئامادەنین پارە بەفیرۆ بدەن، ئاخر خۆ ئەوان رێگە بەخۆیان نادەن پارە لە ماڵەكانیان سجن بێت، ئەوان دێن پارەكانیان دەخەنە بازاڕەكانى كوردستان، هونەرمەندانى كورد ئەو هەموو پەت پەتییە بەخۆیان دەكەن تەنها بۆ ئەوەى كێشەى میللەتەكەیان بە دنیا بناسێنن، بۆیە تا ئەو پەڕى هەوڵدەدەن كە كە كەمترین خەرجى بكەن، چونكە ئەوان دەزانن ئەگەر لە لایەك هەوڵى ناساندنى میللەتەكەیان بدەن و لەلایەكى تر پارەى وڵات بە فیڕۆ بدەن، دروست ئەو قسەیە لەسەر خۆیان دەسەلمێنن كە دەڵێت " لە دامێنى ببڕە و بیدە لە ناوشانى" واتە ئەوان ئەگەر لەلایەك كورد بناسێنن و لە لایەكى تر میللەت تاڵان بكەن، دروست هیچیان نەكردووە، بەڕۆنى كورد خۆى سمێڵى كورد چەور دەكەن، نەخێر ئەوان هۆشمەندن ئەوە ناكەن، هونەرمەندانى كورد لە خەڵكە رۆحانییەكەن و دەزانن ئەگەر ئەوە بكەن رۆحى میللەتێك ئازار ئەدەن، بۆیە نایكەن چونكە ئەوان بەجدى لە تموحى خزمەتكردنى وڵاتەكەیاندان.!!!
 تا ئێرەمان خوێندەوە تۆ بڵێى ئەم قسانە وابێت؟ یان ئەوانە ئەو قسە بێمانایانەن كە بەردەوام لەسەر زمانى هونەرمەندانى كوردە، بێگومان ئەمە ئەو قسانەن كە هونەرمەندانى كورد خۆیانى پێدەكەنە فریشتە و لە خزمەتى مرۆڤایەتیى و كوردایەتیدا بەهۆیەوە خۆیانى پىَ نمایش دەكەن، بەڵام گوناه و ئەوەندە گوناهن وا نازانن كە ئێستا ئەو قسانە لاى خەڵك تورێكى قوڕاوى ناهێنێت و بەچەشنى نمایشى بەرهەمە سەقەتەكانیان لاى خەڵك روونە.
  بە هەرحاڵ با زۆر نەڕۆم و بێمە سەر مەبەستى دوو رستەى خوارووى مانشێتى بابەتەكە، لاتان غەریب نەبێت كە وانوسراوە ئەوە تەنها لە خەو راچڵەكانێكى خۆم بوو كە لەو بەراوردانەى دەمكرد بەو شێوەیە ئەسڵى بابەتەكەى لا پێچەوانە كردمەوە.
  من بەر لەوەى بخەوم بیرم لەو هەواڵە دەكردەوە، كە نوسرابوو "شاكیرا 45 ملیۆن دۆلار دەداتە هەژاران" كە شاكیرا گۆرانى بێژە و ئێستا تەمەنى 30 ساڵە و پێم وابێت خەڵكى ئەو باشورەى ئەمریكایە، بەم خەیاڵەوە خەو بردمییەوە لە خەونەكەشمدا دیسان كەوتمەوە ئەو شەڕەى ماوەیەكى زۆرە لەسەر باسكردنى بەفیڕۆدانى پارە بەناوى سینەماوە توشم بووە و كەسیش منەتى پێى نییە. بۆیە لە خەونەكەمدا بەراوردى ئەو كارەى شاكیرام لەگەڵ ئەو كارەى ( زەهاوى سنجاوى) دەكرد كە ئەویش تەمەنى هەر لەو نزیكانەیە و سینەماكارێكى كوردە و خەڵكى ئەم باشورى كوردستانەیە، كە ئەمیش ساڵێك لەمەو بەر بەناوى فیلمى سینەماییەوە 100 ملیۆن دینارى ئەم میللەتەى لە وەزارەتى رۆشنبیرى وەرگرتووە و تاكو ئێستاش بۆ ئەو بەرهەمەى كە ناوى "ساتێك بۆ سەما"یە و میزانییەكەى 423 ملیۆن دینارە بەردێكى نە خستۆتە سەر بەردێك بەو مانایەى كە تاوەكو ئێستا بۆ بەرهەمهێنانى فیلمەكەى هیچ ئامادەكارییەكى نەكردووە، وەك پێیان وتم بەهۆى ئەوە كارەكانى  نەكردووە چونكە خەریكى كارێكى ترى سینەماییە، واتە سەرقاڵى كارى تر و دەستكەوتى ترە، جا ئیدى ئەوەیان نازانم دەستكەوتى دى پارەیە یان ناوبانگە یان خزمەتى نەتەوە و نیشتیمانە یان چى ترە، بەڕاستى نایزانم چونكە تەنانەت كاك عەباس غەزالیش كە ئاگادارى ئەو كارەیە لە بارەی ئەو كارە نوێیەى كاك زەهاوى قسەى بۆ نەكردم و وتى لەسەر میزانییەكەش چى دەنووسى بینووسە.
 بەهەر حاڵ من هەر لەو نێوانەدا گیرم خواردبوو لەلایەك بەخشینى پارە بەهەژاران لەلایەن هونەرمەندێكەوە هونەرى لا جوان دەكردم و لە لایەكى ترەوە گیركردن و موسادەرەكردنى پارەى میللەتێكیش لەلایەن هونەرمەندێكى ترەوە بەناوى سینەماوە بەبآ ئەنجامدانى ئەو كارەى كە بۆى وەرگرتووە هونەرى لە پێش چاو دەخستمەوە، ئەمە بەردەوام بوو تا لە خەو رایان پەڕاندم و بە خەبەر هاتم بەڵام دیارە پەشۆكا بووم، بۆیە كە پرسیاریانكرد ئەوە بۆ وا پەشۆكاوى بەدەم خەوەوە؟ وتم: چۆن نەپەشۆكێم كە دەبینم زەهاوى سنجاوى 45 ملیۆن دۆلار دەداتە هەژارانى باشورى ئەمریكا و شاكیراش 100 ملیۆن دینارى باشورى كوردستان وەردەگرێت بەناوى سینەماوە و ساڵێكیش بە سەر كارەكەیدا تێدەپەڕێت و نایكات بەڵام كەسیش ناپرسێت ئەرآ شاكیرا گیان خۆ كاك زەهاویش وەكو تۆ هونەرمەندە بۆچى لە جێى ئەوەى وەكو تۆ پارەى حكومەت بەبآ كار بباتە لاى خۆى پارەش دەداتە هەژاران.
 كە دووبارە پرسییان تۆچى دەڵێى؟ ئەوجا هاتمەوە سەرخۆ و بۆم راستكردنەوە و پێم وتن تكایە بەهەڵە وەرى مەگرن چونكە كاك زەهاوى و خوشكە شاكیرا هەردووك خەڵكى باشورن، بۆیە پرسیارى من لە كاك زەهاوى سنجاوى ئەوەیە بۆچى من و هەزارانى وەكو منى تووشى ئەو گێژاوە كردووە  كە بەردەوام بەو شێوەیە سەرقاڵى ئەم بەراوردانە بین لە جێى هەواڵە هونەرییەكانیان؟
  ئەى ئەگەر دروستە بەڕێزیان لە دەرەوەى وڵات ژیاون نەدەبوو ئەوەى لەبەرچاوبێت كەناكرێت لەلایەك خزمەت بكات و لەلایەكى تر پارەى حكومەت و میللەتێك لاى خۆى بەبآ كار و بەناوى كارەوە بهێڵێتەوە ئەگەر حكومەتیش ڕێى پێبدات؟
  باشە ئەو بەڕێزە خەمى چى بوو؟ خەمى ئەوەى هەبوو كە تا ئەم كارە دەكات ئەوى تریانى لەدەست بچێت؟ ئەى ئەگەر خەمى ئەوەى بووبێت نەیدەزانى ئەو كاتیش كارەكەى هەر ماشى دەبوو بەهۆى برادەرانەوە؟ بەڵام ئەگەر ئەمە ترسى بووبێت دەبێت ترسى لەو بەرهەمەش هەبێت كە ئێستا كارى لەسەر دەكات چونكە ئاشكرایە بۆخۆى لەوآ بووە و دڵى لە جێیەكى تر، ئەگەر ئەوەش نەبێت ئەى هۆى چییە ئەو پارەیەى ماوەى یەك ساڵە بۆ دەرچووە و كارى فیلمەكەى نەكردووە؟ یان بۆچى ئەو پرۆژەى رەتنەكردۆتەوە بۆ حكومەتەكەى تا منیش تووش بەو بەراوردەى خۆى و شاكیرا نەكات بە شێوەیەك كە شاكیراى هونەرمەند و هەژ بەسەر بە پارەى باشورى كوردستان تاوانبار بكەم؟ بەڵام ناهەقم مەگرن ئاخر شاكیراش خەڵكى باشورى ئەمریكایە و زەهاویش خەڵكى باشورى وڵاتێكە كە لەتاو بێ پارەیى حكومەتەكەى تەقەشوفى راگەیاندووە، واتە هەردوو كیان " باشور"ین بۆیە ئەگەر ئامانج و چۆنیەتى خەرجكردنى 100 ملیۆن دینار و 45 ملیۆن دۆلارەكەشیان ئەرز و ئاسمان جیاوازییان هەبێت لە ناوى باشورەكەدا هەر لێمان دەگۆڕێن، چونكە ئەوان لەدوو وشە لەیەك جیاوازن ئەویش ناوەكانیانە، ئەگەرنا لە چوار وشەى تر هونەرمەند و هونەرمەند باشور و باشور یەك دەگرنەوە و هەمان شتن.
 
 rzgarchuchani@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.