Skip to Content

Thursday, December 2nd, 2021

شانۆنامه‌ی(چاوه‌ڕوانیی)و نوێ بوونه‌وه‌ی شانۆ

Be First!
by May 4, 2009 شانۆ

شانۆنامه‌ی(چاوه‌ڕوانیی)و نوێ بوونه‌وه‌ی شانۆ

پێشکه‌شه‌به ڕۆحی ‌هونه‌رمه‌ندانی جوانه‌مه‌رگ(دڵشاد مه‌ریوانی،ماجیدی حه‌مه‌ جوان،حسێن قه‌ره‌داغی،ئه‌ریوانی عومه‌ر ده‌وڵه‌ت)

ده‌وه‌ن

(ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی شێت،بۆی ژیاوین،له‌ خه‌یاڵێک زیاتر نه‌بوو بێ)1
                                                           هێڕمان هێسه‌

هونه‌ری شانۆ وه‌ک هه‌موو هونه‌ره‌کانی تری دونیای هونه‌ره‌جوانه‌کان،هه‌ڵگری دونیایه‌ک دیرۆکی ته‌فسیر و میتۆدی جیاوازه‌،ده‌بێت به‌سه‌لیقه ‌و سه‌نگیینه‌وه‌،باسی جیدی و شیکاری له‌سه‌ر بکه‌ین و گه‌ڕانه‌وه‌ بێت بۆ ئه‌زموونه‌ ناوداره‌کانی دونیای شانۆ جیهانیه‌کان،واته‌ پێویست ده‌کات وابه‌سته‌ بین،به‌ قوتابخانه‌ به‌ناوبانگ و ‌ئه‌زموونه‌کانی دونیای شانۆوه‌،له‌سه‌رده‌مه‌کانی دێرینه‌وه‌ تاکو ئێستای هونه‌ری ده‌رهێنانی(چاوانی)که‌ ده‌رهێنه‌ره‌کانی ڕۆژئاوا به‌گشتی و سویدییه‌کان به‌تایبه‌تی ‌نمایشی تازه‌و ده‌گمه‌ن کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ن،له‌هه‌مان کاتیشدا خوێنه‌نده‌وه‌ی تازه و ڕوانینی سه‌رده‌میانه‌ی بۆ ڕێکده‌خه‌ن،تاکو هونه‌ری شانۆ بۆ هه‌میشه‌ له‌ به‌رزیدا بمێنێته‌وه،دوور له‌ ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌سه‌ڵات و ئایدۆلۆژیاو نزیک له‌ئاینده‌و ڕابووردو،میلان کۆندێرا ووته‌نی(هه‌موو ڕابردوویه‌ک ده‌توانرێ ده‌رهێنرێته‌وه‌.2)که‌وابێ ڕۆژئاوا و سویدییه‌کان خاوه‌نی خوڵقێنه‌ری ئه‌و هونه‌ره‌ مرۆڤدۆستانه‌ن که‌ده‌کرێ هه‌موو مرۆڤه‌کانی تری سه‌ر ئه‌م تۆپه‌ زه‌وییه‌ له‌ دوورو نزیک به‌ ته‌ماشای جیاواز و به‌ شیکاری جیاوازه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکه‌ن،چونکه‌ ئه‌وان کۆد و دیزاینی تریان هه‌یه‌ بۆ شانۆ،دوور له‌عه‌قڵه‌ ته‌قلیدیه‌کانی دونیای دیماگۆگی،که‌بۆ خۆی ئه‌م داهێنان و کلیله‌ تازانه‌ سه‌دان خوێندنه‌وه‌ی زانستییان بۆ کراوه‌،شانۆ بۆ خۆی دونیایه‌که‌ له‌مانا دروسته‌کانی دیوی ناوه‌وه‌ی ژیانی مرۆڤه‌کان و خوڵقاندنی زمان و واتا،که‌ناکرێ له‌م هه‌موو داهێنان و دونیا بینینیه‌ی شانۆ بێده‌نگ بین و خوێندنه‌وه‌ی بۆ نه‌که‌ین،کاتێکش خوێندنه‌وه‌مان بۆ کرد ده‌بێت دوور که‌وینه‌وه‌ له‌ بۆچوونی ئه‌ڤینچاری و سۆزداری،یان خۆخه‌ڵه‌فاندن به‌ قسه‌ باوه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی شانۆ و ده‌قه‌ زیندووه‌کانی شانۆ،خوێندنه‌وه‌ بۆ نمایشه‌ شانۆییه‌کان به‌ته‌نیا قسه‌ کردن نییه‌ له‌سه‌ر جوڵه‌ و ئه‌کته‌ر و ڕووناکی و سیناریۆ،به‌ڵکو به‌ر له‌هه‌ر شتێک قسه‌کردن و شیته‌ڵکارییه‌ به‌ناو فیکر و ئه‌زموونه‌کان(پاولۆ کیۆلیۆ)ووته‌نی(بڕوام وایه‌ که‌ ئێمه‌ له‌گه‌ردوونێکی ڕه‌مزیدا ده‌ژین،هه‌ر شتێکیش بگرین بریتییه‌له‌ جیهانێک له‌ ڕه‌مز.3)کاری شانۆیش بۆخۆی دونیایه‌که‌ له‌ ڕه‌مز و داهێنان،که‌ مرۆڤی به‌سه‌لیقه‌ ده‌کارێ به‌ زووی هه‌ستیان پێبکات و سوود له‌ ئه‌زموونه‌کانی وه‌ربگرێ و خوێندنه‌وه‌ی جیدیان بۆ بکات.وه‌ک کاره‌ تازه‌ و پڕله‌ سیحریه‌که‌ی هونه‌رمه‌ند(کامه‌ران ڕه‌ووف)که‌ توانی بۆ جارێكیترو له‌ نمایشێکی تردا شانۆ له‌و‌ خه‌ساندنه‌ قووتار بکات که‌ ماوه‌یه‌کی پان و به‌رینه‌ خه‌سێنراوه‌،هۆی خه‌ساندنی شانۆ له‌ ئێستادا،بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ته‌وژمه‌ ته‌کنۆلۆژیاییه‌ که‌ شانۆکاران ناتوانن خۆیان له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ته‌کنۆ‌لۆژیادا بگونجێنن و سوود له‌ده‌سکه‌وته‌ گرنگه‌کانی وه‌ربگرن،ده‌توانین بێژین که‌ ته‌کنۆ‌لۆژیا به‌ته‌نیا زیانی نه‌بووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر شانۆدا،به‌ڵکو گشت بواره‌کانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری توشی ئیفلیجی و لاسایی نه‌زانانه‌ کردووه‌،ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌م ته‌وژمه‌ به‌نه‌زانی تاقی بکه‌ینه‌وه‌،ئه‌وا دونیای ته‌کنۆ‌لۆژیا هه‌موو که‌ره‌سه‌ جوانه‌کانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له‌گه‌ڵ خۆیدا قووت ده‌دات و،ئه‌و کات گیرۆده‌ ده‌بین به‌ده‌ست سه‌رده‌می کرانه‌وه‌و ناتوانین داهێنان به‌مانا دروستییه‌که‌ی چێبکه‌ین(کارڵ پۆپه‌ر)ووته‌نی(ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ته‌کنۆلۆژیا نه‌ک هه‌ر کارێکی خراپ نییه‌،به‌ڵکو زه‌رروره‌تێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌.4)وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستا خوڵقاوه‌و جگه‌له‌ چه‌ند تێکستێکی باش که‌ هه‌موومان پێیان ئاشناین،زووربه‌ی چاپه‌مه‌نییه‌کانی ئێره‌ پڕه‌ له‌تێکستی لاواز و ناتوانین چاومانی له‌ئاستدا بنووقێنین،هۆکه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و وه‌زیفه‌ کاڵفامیه‌ی که‌ به‌شێکی زۆری دونیای ڕۆشنبیری ئێمه‌ی توشی زۆر گووتن کردووه‌،که‌ڕه‌نگه‌ بواره‌کانی موزیک و چاپکردنی دیوانه‌ شیعر،باشترین نموونه‌ی ئه‌م باسه‌مان بێت،به‌ڵام به‌جۆرێک له‌ جۆره‌کان ئه‌وه‌ی خواستی مشت و مڕی ئه‌م باسه‌مان بێت،ئه‌و داهێنانه‌ ده‌گمه‌نه‌ بوو که‌ هونه‌رمه‌ند(کامه‌ران ڕه‌ووف)له‌ شانۆنامه‌ی(چاوه‌ڕوانیی)نیشانیداین،ده‌توانم بڵێم یه‌کێک له‌زه‌نگه‌ ده‌گمه‌نه‌کانی شانۆ بوو له‌ سلێمانیدا و به‌ئاشکرا پێی ووتین،شانۆ خاوه‌نی ئه‌م ئه‌زموونه‌یه‌ نه‌ک لاسایی و خۆهه‌ڵواسین به‌ ده‌قه‌ کاڵه‌کاندا،که‌ بینه‌رو ڕه‌خنه‌گر تووشی گومان بکات له‌به‌رامبه‌ر داهێناندا،وه‌ک هه‌موومان ده‌زانین که‌ شانۆنامه‌ی(له‌ چاوه‌‌ڕوانی گۆدۆ)دا هه‌ردوو بونه‌وه‌ری سه‌ر شانۆ چاوه‌‌ڕوانیی کائینێکن که‌ قووتاریان بکات له‌ چاوه‌ڕوانیی،هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م شانۆنامه‌ییه‌ به‌سه‌دان ته‌فسیری بۆکراوه‌،که‌ هه‌ر یه‌کێک له‌وشیکارییانه‌ قسه‌و باسی زۆری له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌ته‌ سه‌ر زاران،به‌ڵام کاتێک(سامۆئیل بێکت)خۆی قسه‌ ده‌کات به‌ئاشکراو بێ توێکڵ پێمان ئێژێت(کاتێ له‌ چاوه‌ڕوانیی گۆدۆدام ده‌نوسی نه‌بیرم له‌ مه‌سیح و نه‌ له ‌خواو نه‌له‌ هیچ که‌س نه‌کردۆته‌وه‌.5)ڕاستگۆیی بێکت ده‌مانخاته‌ به‌رده‌می کۆمه‌ڵێ پرسیاری زۆر گرنگه‌وه‌،ئه‌ویش ئه‌و مۆڕاڵه‌ ته‌ندروسته‌ی بێکته‌ که‌ ڕاشکاوانه‌ هه‌موو ئه‌و خوێندنه‌وانه‌ی که‌ له‌دوای بێکته‌وه‌ کراون،زووربه‌یان به‌پێی میزاج و شێوازی ده‌رهێنان قسه‌یان له‌سه‌ر کردووه‌،نه‌ک له‌ڕووی فیکرو ڕاستگۆیی سامۆئیل بێکته‌وه‌،سه‌یره‌ بێکت خۆی ده‌ڵێ گۆدۆ هیج که‌سێک نییه ‌واته‌ نه‌(خوا،شه‌و،ژن،ڕۆژ،خه‌ون،ئازادی،ئاسووده‌یی،مه‌سیح)هتد،به‌ڵکو ته‌نیا ئه‌و کارئه‌کته‌ره‌یه ‌که(ستراگۆن و ڤلادیمێر)چاوه‌ڕوانین،به‌بڕوای من بێکت به‌ته‌نیا چاوه‌ڕوانیی خودی خۆیه‌تی،چونکه‌ کاتێک شانۆنامه‌یی له‌چاوه‌ڕوانیی گۆدۆی نووسیوه‌ بێکت له‌ فه‌ره‌نسا بووه‌و ئه‌م شانۆنامه‌یه‌شی له‌و ساته‌ بێزاریانه‌دا نووسیوه،که‌ ته‌نیایی توشی نائومێدی کردووه له‌ئاست ژیان و مردندا‌‌،که‌وابێ بێکت چاوه‌ڕوانیی خودی تارماییه‌که‌ی بێکت خۆیه‌تی،نه‌ک ئه‌و هه‌موو خورافاته‌ی که‌ بۆی دروست کراوه‌،وه‌لێ کاتێ هونه‌رمه‌ند کامه‌ران ڕه‌ووف شانۆنامه‌ی چاوه‌ڕوانیی نمایش کرد،هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ کۆمه‌ڵێ کۆد و دیزاینه‌وه‌ هاته‌ سه‌ر شانۆ و بینه‌رانی خسته‌ دونیای بیرکردنه‌وه‌وه‌،به‌ جۆرێک که‌ هه‌موو کۆده‌کانی خسته‌ڕوو،به‌ڵام پێی نه‌ووتین ژماره‌ی کۆده‌کان چه‌ندن و چۆن ده‌توانین کۆده‌کان بشکێنین و بیانکه‌ینه‌وه‌،بۆ نموونه‌ ئه‌و پیته‌ لاتینیانه‌ی که‌ له‌سه‌ر ته‌ختی شانۆ داینابوون(W.?.X)ئه‌م هێماو ڕه‌مزانه‌ هه‌ر یه‌که‌یان خاوه‌نی نمایشی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌بوو،که‌ بینه‌رانی نمایشه‌که‌ به‌ ووردی تێیان ده‌ڕوانی،هونه‌رمه‌ند کامه‌ران ڕه‌ووف ده‌یه‌وێت به‌ کۆدی(W)پێمان بڵێت هاوڕێیان زوویر مه‌بن،ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌کێکمان خۆمان به‌ ده‌لیلی که‌سی نوخبه‌ و خاوه‌ن میتۆد زانی،ده‌بێت له‌و ڕاستییه‌ش هه‌ڵنه‌یه‌ین که‌ هه‌ر هه‌موومان له‌پشتی خودی خۆمانه‌وه‌ هه‌ڵگری ئه‌و پاشه‌رۆکه‌ین،که‌ نابێت له‌ ئاستیدا لووت به‌رزبین و خۆمان به‌ سوپه‌رمان بزانین له‌ به‌رامبه‌ر شانۆ و ژیاندا،یان به‌ هه‌رسێ پیته‌که‌ واته‌(X.?.W)پێمان ده‌ڵێت(هاوڕێیان به‌خێربێن بۆ ئه‌و پرسیارانه‌ی که‌ ساڵعه‌یامێکه‌ وه‌ڵامه‌کانیان له‌لایه‌ن ئایدۆلۆژیاو ده‌سه‌ڵاتی نه‌زانه‌وه‌ به‌نه‌خێر وه‌ڵامیان دراوه‌ته‌وه‌)واته‌ پێمان ده‌ڵێت ئێره‌ مه‌مله‌که‌تی پرسیار و وه‌ڵامه‌ دروسته‌کان نییه‌،هه‌ر کائینێکیش وویستی پرسیار بکات،ئێمه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ پیتی(X)وه‌ڵامی ده‌ده‌ینه‌وه‌،یه‌کێک له‌ کۆده‌ زیدووه‌کانی هونه‌رمه‌ند کامه‌ران ڕه‌ووف،ڕاخستنی فه‌رشی سوور و یاری که‌غه‌ز بوو‌،که‌ ئه‌م داهێنانه‌ له‌ ده‌قه‌که‌ی(بێکت)ابوونی نییه‌،به‌ڵکو ئه‌وه‌(کامه‌ران ڕه‌ووف)ه‌ دێت و بیرمان دێنێته‌وه‌و نیشانمان ده‌دات،که‌ حیزب و ده‌سه‌ڵات له‌م ووڵاته‌دا،نه‌ک هه‌ر یاری له‌سه‌ر هونه‌ر و جوانییه‌کانی ده‌که‌ن،به‌ڵکو یاری له‌سه‌ر خوێنی سه‌دان ساڵه‌ی میلله‌تێک ده‌که‌ن که‌ ناویان ناوه‌ سیاسه‌ت و دێپلۆماسیه‌ت،هه‌ر له‌ڕێگه‌ی ئه‌م یارییه‌وه‌ بازرگانی به‌مێژووه‌ له‌ قوڕگیراوه‌که‌ی ده‌که‌ن،له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ن و ئاینده‌دا درۆده‌که‌ن و مرۆڤه‌ زیندووه‌کانی وه‌ک عه‌بد ته‌ماشا ده‌که‌ن.یه‌کێکیتر له‌ نمایشه‌ ده‌گمه‌ن و سه‌رسوڕهێنه‌ره‌کانی کامه‌ران ڕه‌ووف له‌ شانۆیی چاوه‌ڕوانییدا،گۆدۆ دێته‌ سه‌ر شانۆ،یان گۆدۆ دێت و نابێت چیدی چاوه‌ڕوانیی گۆدۆ بین،به‌ڵام گۆدۆ چۆن دێته‌وه‌،جه‌لاده‌ێکه‌ باڵابه‌رز وه‌ک فیرعه‌ون و خوا،به‌ده‌ستێک جه‌لاده‌ و ده‌سته‌که‌ی تری جانتا ته‌پوو تۆزاوییه‌کانی بیابانی عه‌رشه‌،پڕیه‌تی له‌ جله‌کۆنه‌کانی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ مێژوویه‌که‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕوانیی گه‌ڕانه‌وه‌یانین،واته‌ گۆدۆ مژده‌به‌خشی ئازادی و کۆتایی چاوه‌ڕوانیی ئێمه‌یه‌‌،پێمان ده‌ڵێ بۆ ئێمه‌ ئه‌مه‌ گۆدۆیه‌ نه‌ک ئه‌و به‌شه‌ره‌ی که‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تی چاوه‌ڕوانییه‌تی.ڕه‌نگه‌ هومه‌رمه‌ند کامه‌ران ڕه‌ووف به‌دیوێکیتردا کۆده‌کانی به‌کار هێنابێ و پێمان بڵێتW))به‌ مانای(کار)دێت و به‌هه‌موو کۆده‌کانی تریش ته‌واوکاری کۆده‌کانی تربن،واته‌ کارکردنی جیدی و خاوه‌ن ئه‌زموون له‌م نیشتمانه‌دا،جێگه‌ی پرسیاری گه‌وره‌یه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و هه‌موو جاره‌کان به‌ وه‌ڵامی چه‌پ و ڕاست خه‌تی به‌سه‌ردا ده‌هێنرێت،به‌ڵام کاری بێ ئه‌زموون و مناڵکارانه‌ هه‌میشه‌ له‌پێشه‌وه‌ی کاره‌ جیدیه‌کانه‌،بۆ نموونه‌ له‌دواهه‌مین نمایشی شانۆکه‌دا یه‌کێک له‌ گۆرانییه‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی کوردی نیشانداین،که‌ به‌کاری نادروست و بێ ئه‌زموون ته‌ماشا ده‌کرێت،له‌لایه‌ن که‌سانی هونه‌ر ڕه‌سه‌ن و جوانناسانی موزیکی کوردییه‌وه‌،وه‌لێ ئه‌وه‌ ئایدۆلۆژیا و ده‌سه‌ڵاته‌ که‌ په‌ره‌ به‌ هونه‌ری نادروست و ناڕه‌سه‌ن ده‌دا‌ت،نه‌ک هونه‌ر زانانی ته‌ندروست.کامه‌ران ڕووف ده‌خوازێت وه‌ک جۆرج ئۆرێل بێته‌ گۆ و بێژێت (مانه‌وه‌ی مرۆ له‌وه‌وه‌ نییه‌ که‌ گوێ له‌ گوته‌ بگیرێ به‌ڵکو له‌ وه‌دایه‌ که‌ هۆش له‌کاردا بێ.6)دروست ئه‌مه‌ بۆچوونی هونه‌رمه‌ند کامه‌ران ڕه‌ووف ئاشکرا ده‌کات و ده‌خوازێت هونه‌رمه‌ندانی خاوه‌ن ئه‌زموون،هۆشیان بخه‌نه‌ کار و چیدی ڕێگه‌ نه‌ده‌ن هونه‌رکردن بۆ(عه‌رزی عه‌زه‌ڵات)و خۆده‌رخستن نمایش بکرێ.ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسووڕمان بوو له‌ نمایشی شانۆنامه‌ی چاوه‌ڕوانیدا،ئه‌و ڕۆڵه‌ جوان و به‌رجه‌سته‌کردنه‌ که‌م وێنه‌یه‌ بوو که‌ هونه‌رمه‌ند(سۆران ئیسماعیل)به‌رجه‌سته‌ی کرد،ڕه‌نگه‌ هه‌ر هه‌موومان سه‌رسام بووبێتین له‌ئاست ئه‌و(تقمس)ه‌ پڕله‌ حه‌ماسییه‌ی که‌ ده‌یانجار شانۆکه‌ی له‌لامان شیرینتر و جوانترکردبوو،به‌جۆرێک وامان ده‌زانی ئه‌م کائینه‌ چه‌ندین ساڵ له‌گه‌ڵ بێکت و کوخه‌که‌یدا،هاوڕێیه‌تیان هه‌یه‌ و هه‌موو ڕسته‌ شاره‌وه‌کانی بێکتی له‌لای خۆی حه‌شار دابێت،گه‌ر مرۆڤ وویستی شانۆ وه‌ک جوانترین داهێنان ته‌ماشا بکات،بێشک ده‌بێت وه‌ک هونه‌رمه‌ند سۆران ئیسماعیل،له‌گه‌ڵێدا بژێت و حیواره‌کان له‌دووتوێی هه‌نگاوه‌کانی سه‌ر شانۆ و له‌ته‌ک گشت جوڵه‌کاندا به‌ووردی به‌رجه‌سته ‌بکات.ئه‌م به‌رجه‌سته‌کردنه‌ی هونه‌رمه‌ند سۆران ئیسماعیل کۆمه‌ڵی نمایشی زۆر جوانم بیر ده‌خاته‌وه‌،وه‌ک(مۆڵه‌ت و مه‌مله‌که‌تی نامۆبوون و سه‌مای جه‌نگ)له‌ مۆڵه‌تدا هونه‌رمه‌ند(ئازاد جه‌لال)به‌جۆرێک خۆی نیشانداین که‌ هه‌ر هه‌موومان ئه‌بڵه‌ق و سه‌رسام بووین به‌ ڕۆڵی(به‌ڕێوه‌به‌ر)که‌ ده‌توانم بڵێم تووره‌بوونی هونه‌رمه‌ند ئازاد جه‌لال وه‌ک تووره‌ بوونه‌که‌ی(ئه‌نتۆنی کوین)له‌ فلیمی(پیره‌مێرد و زه‌ریا)دا که‌ چاره‌نووس تووشی گه‌وره‌ترین جه‌نگی ده‌کات له‌گه‌ڵ سرووشت و زه‌ریا و مرۆڤه‌کاندا،هونه‌رمه‌ند ئازاد جه‌لالیش هه‌مان تووره‌بوونی هه‌بوو له‌گه‌ڵ سرووشت و مرۆڤه‌کانی دووروبه‌ریدا.له‌ شانۆیی(مه‌مله‌که‌تی نامۆبوون)دا که‌ له‌ ده‌رهێنانی نوسه‌رو وه‌رگێڕو شاعیر مامۆستا(دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی)بوو،مه‌مله‌که‌تی نامۆبوون بۆخۆی یه‌کێک بوو له‌ شانۆ جیدییه‌کانی ئێمه‌ له‌سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕيیندا،که‌ ئه‌و ده‌مه‌ شانۆ خزێنرابووه‌ ناو گه‌وره‌ترین نائومێدیه‌وه‌،ئه‌ویش تێکه‌ڵکردنی زه‌مه‌نی ڕاپه‌ڕین به‌ قوتابخانه‌ ئه‌زموونه‌کانی دونیای شانۆوه‌،به‌ڵام هونه‌رمه‌ندان(عوسمان مه‌عروف و دره‌خشان ئه‌حمه‌د)ڕێگه‌یان به‌خۆیان و به‌ هونه‌ره‌که‌یان نه‌دا،کاری چاولێکه‌ری و شانۆی بێ ئه‌زموون ئاوێته‌ی زه‌مه‌ن و کاته‌ به‌سه‌رچووه‌کانی دونیای داهێنان بکرێ.له‌هه‌مان کاتدا له‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستان و له‌ناوه‌ڕاستی ووڵاتی به‌فردا،له‌ شاری(ئۆرۆبرۆ)هونه‌رمه‌ندی شانۆکار مامۆستا(ئومێد حسێن)شانۆیی(سه‌مای جه‌نگ)ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان(ڕه‌شاد عه‌بدولقادر و شایی که‌مال و ڕێژین ئیبراهیم)نمیش کرد،جوانی ئه‌م شانۆییه‌ له‌وه‌دابوو که‌ دوو کارئه‌کته‌ری شانۆکه‌(شایی که‌مال و ڕێژین ئیبراهیم)یه‌که‌مین جاریان بوو،جه‌سته‌یان ڕۆڵی شانۆکارێک ببینێ و له‌هه‌مان کاتیشدا،توانیان گه‌و‌ره‌ترین سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێنن و بینه‌رانی کورد و سویدی‌ سه‌رسام بکه‌ن به‌ نمایشکردنیان له‌سه‌ر شانۆ،پێویسته‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌جۆری ده‌رهێنان بکه‌ین،که‌ مامۆستا(ئومێد حسێن)به‌جۆرێک مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کارئه‌کته‌ره‌کان ده‌کرد وه‌ک ئه‌وه‌ی،ئه‌م مرۆڤانه‌ یه‌ک شت کۆیان ده‌کاته‌وه‌و یه‌کیان ده‌خات،ئه‌ویش جوانکردنی شانۆ و ڕۆژه‌ نامۆیه‌کانی(چیخۆف)ه‌ له‌ناو جه‌سته‌ی شانۆکارانی کوردا له‌ تاڕاوگه‌ و نامۆبووندا،دوور له‌ تووڕه‌بوون و جیاخوازی.ئه‌وه‌ی بخوازێت شانۆ وه‌ک ڕۆحێکی زیندوو ته‌ماشا بکات،دڵنیام بۆ هه‌میشه‌ هۆش و ئاوه‌زی ڕێگه‌ی پێناده‌ن جه‌سته‌ی ئاوێته‌ی هونه‌ری ناته‌ندروست بکات.ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم کاری ڕه‌خنه‌‌گرتن،ده‌گمه‌ن کارێکه‌ که‌ ژیان و هونه‌رمان بۆ جوان ده‌کات،ئه‌م نووسینه‌ی منیش له‌و کارانه‌یه‌ که‌ ده‌خوازم و ده‌مه‌وێت هونه‌ر به‌ هه‌موو به‌شه‌کانییه‌وه‌،دوور بخرێته‌وه‌ له‌ ده‌ستگه‌مه‌ی ئایدۆلۆژیاو تووره‌بوونی نه‌زانانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ لۆکالی و ده‌ره‌کییه‌کان،دواجار ئه‌وه‌ هونه‌رمه‌ندی خاوه‌ن مۆڕاڵه‌ ده‌کارێ له‌هه‌ر عه‌ردێ بۆی بکرێ داهێنان دروست بکات و شانۆ له‌ وویژدانی هه‌مووماندا خۆشه‌ویست و هه‌نگاوه‌کانمان دوورله‌ڕێگه‌ خواره‌کانی نائومێدی ببینێته‌وه‌،پێم وایه‌ هه‌ردوو شانۆکار(کامه‌ران ڕه‌ووف و سۆران ئیسماعیل)له‌ شانۆیی(له‌چاوه‌ڕوانی)دا هه‌موومانیان برده‌وه‌ سه‌ر سێنتراڵه‌ گرنگه‌کانی دونیای شانۆ له‌کات و ساتی ئێستاماندا،ئێستا بۆ شانۆکاران بوونێکی گرنگه‌ له‌به‌رده‌م تاقیکردنه‌وه‌کانی میتۆده‌ تازه‌کانی دونیای شانۆ،به‌ڵام چیده‌که‌یت کاتێ کائینه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م میتۆدانه‌،شانۆ و ئه‌زموونه‌کانی دونیای ئێستا،به‌حه‌رام و بڤه‌ ده‌زانن.هونه‌رمه‌ند کامه‌ران ڕه‌ووف له‌ شانۆیی(چاوه‌ڕوانیی)دا به‌سه‌لیقه‌وه‌ کۆدێکی تری له‌نمایشه‌کدا نیشانداین،که‌بریتی بوو له(‌په‌یژه‌)یه‌کی به‌رز و درێژ،ئه‌م به‌رزی و درێژییه‌ پرسیار و کۆدێکی ئاڵۆزبوو،مرۆڤ ناتوانێ سه‌رپێیانه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بکات،په‌یژه‌ له‌زۆر حاڵه‌تی رۆژانه‌ماندا به‌کاری ده‌هێنین بۆ کارئاسان کردنی ئه‌و جێگه‌ به‌رز و بڤانه‌ی که‌ ده‌بنه‌ هۆی مه‌ترسی بۆ ژیانمان،یان ده‌توانین بێژین په‌یژه‌ له‌ هه‌ندێک شوێندا قووتارمان ده‌کات له‌ مردن و چاوه‌ڕوانیی،به‌ڵام په‌یژه‌که‌ی کامه‌ران ڕه‌ووف به‌ ئاشکراو به‌بێ توێکڵ پێی ووتین،که‌س له‌م ووڵاتی چاوه‌ڕوانی و بێ ئه‌زموونه‌دا ڕزگاری نابێت مه‌گه‌ر مردن،که‌وابێ په‌یژه‌که‌ی کامه‌ران ڕه‌ووف کۆدێک بوو له‌به‌رامبه‌ر چاوه‌ڕوانیی و دابڕاندا.گۆدۆ هات به‌ڵام ئه‌هریمه‌نێک بوو،نه‌یتوانی ژیان بگۆڕێت به‌ دیوی جوانییه‌کاندا،به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌هه‌موو قه‌دره‌تی خۆی هاوڕێکه‌ی ده‌دایه‌ به‌ر قامچی،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانیی شتێک بوو که‌نه‌یده‌توانی ژیانی مرۆڤه‌کان بگۆڕێت به‌ ئاینده‌یه‌کی به‌خته‌وه‌ر دوور له‌ چاوه‌ڕوانیی.

سه‌رچاوه‌کان
1- ڕۆمانی(گورگی ڕووته‌ڵان)نووسینی(هێرمان هێسه‌)وه‌رگێڕانی له‌ سوێدییه‌وه‌(حه‌کیم کاکه‌ وه‌یس)
2- شانۆگه‌ری(کلیلداران)نووسینی(میلان کۆندێرا)وه‌رگێڕانی(ئازاد حه‌سیب قه‌ره‌داخی)
3- لاپه‌ڕه‌ په‌رشه‌کان..چه‌ند ده‌قێکی وه‌رگێڕاو و نووسراو. وه‌رگێرانی(ئازاد به‌رزنجی)
4- لاپه‌ڕه‌ په‌رشه‌کان..چه‌ند ده‌قێکی وه‌رگێڕاو و نووسراو. وه‌رگێرانی(ئازاد به‌رزنجی)
5 – ڕۆشنبیر کێ یه‌؟ چاره‌نووسی چیه‌؟ کۆمه‌ڵه‌ ووتار . وه‌رگێڕانی(سۆران علیپوور)
6- ڕۆمانی(1984)جۆرج ئۆروێل.وه‌رگێڕانی(حه‌کیم کاکه‌ وه‌یس)
7 – زۆر سوپاسی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی شانۆکار(ئازاد جه‌لال و عه‌دنان محمه‌د)ده‌که‌م که‌ به‌ تێبینییه‌کانیان بابه‌ته‌که‌میان ده‌وڵه‌مه‌ند کرد.
 

 

 سامۆئیل بێکت  

Previous
Next

Leave a Reply