Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024

شتێك نییە بەناوى پێشمەرگەى دێرین و هەرگیز كورد پێشمەرگەى نەبووە

Closed
by November 20, 2008 گشتی

 شتێك نییە بەناوى پێشمەرگەى دێرین و هەرگیز كورد پێشمەرگەى نەبووە
 كوڕە شەهیدێكى بێ ناونیشان

 
  kurdukurdistanimn@gmail.com
 
 ئەگەر كورد لە مێژووى خۆیدا كەسانێكى هەبووایە گیان لەسەر دەست بوونایە بۆ وەدەستهێنانى مافە نەتەوەییەكانمان، ئەگەر لە هەموو رۆژگارەكانى خەباتى نەتەوەییمان پێشمەرگە وجودى هەبووبێ، ئەگەر بە پراكتیكى پێشمەرگە هەبووە لە شاخ بۆ بەرەنگاربوونەوەى رژێمە یەك لەدواى یەكەكانى عێراق، ئەگەر پێشمەرگە هەبووە بۆ رێگاگرتن لە شاڵاوەكانى ئەنفال و جینۆساید، ئەگەر پێشمەرگە هەبووە بۆ لەناوبردنى خائین و خۆفرۆش و نەتەوە و نیشتمان فرۆشان و جاش و تابورى پێنج، ئەگەر پێشمەرگە لەو ساوە لەو كاتەى بەعس زەنگى كورد قڕانى لێدابوو، ئەگەر بە راستى خەڵكانێك لەو كاتە تێكۆشاون و ناوى پێشمەرگەیان بەبەرخۆدا بڕیبوو و دۆست و پەناگە و تاكە ئارامگایان شاخەكانى كوردستان بووبێ، ئەگەر پێشمەرگە بۆ كورد و كوردستان بەو پەڕى دڵسۆزى و پاكى تێكۆشاوە، ئەگەر سەركردایەتى سیاسی كوردى لە نرخ و بەهاى پێشمەرگەى زانیووە، ئەگەر و هەزاران ئەگەرى تر كە هەموو پێشمەرگەیەكى دێرین و تازە ئاخى بۆ هەڵدەكێشىَ، ئەو ئەگەرانەى كە دەیان ساڵە لە سنگى هەموومان پەنگى خواردۆتەوە، ئەو ئەگەرانەى كە نەدەبوو ببێ، ئەگەرێك كە هەموو مێژووى سەراو لێژ و پێچەوانە كردەوە.
 بەهەڵە مەمخوێننەوە، منیش رۆڵەى باوك شەهیدێكى پێشمەرگەم كە لەوەتەى دونیاى من هەیە بە پێشمەرگەیی لەدایكبووم و بە پێشمەرگەییش ژیاین و هەر بە پێشمەرگەیش باوكم شەهیدبوو، بەڵام هەرگیز لەوەناچێ ئێمەى كورد شتێكمان هەبووبێ بەناوى پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕ و دڵسۆزى كورد و كوردستان، ئەگینا ئەمڕۆ خاوەن فایل و جاش و نەتەوە و نیشتمانفرۆش و ئەنفالچی نەدەبوونە دەسەڵاتدار و گۆڕەپانەكەیان بە پێشمەرگە و خەباتگێڕ و دڵسۆزانى كورد و دۆزە رەواكەى چۆڵ نەدەكرد، چ كارەساتێكى گەورەیە بۆ میللەتێك خۆفرۆش و ئەنفالچی ژیاننامەى خۆی بنووسێتەوە و خۆی بە كوردپەروەر و پێشمەرگەش بە خائین ناو ببات، چ ئابڕووچوونێكى شوومە جاش خۆی بە دامەزرێنەرى كۆمەڵەى رەنجدەران بزانێت و شەهیدانى كۆمەڵەش بە خۆفرۆش و نەزان ناو ببات، نازانم خودا چ نەفرەتێكى هەتایی لە ئێمەى كورد كردووە..؟ كوا ئەو پێشمەرگانەى كە رۆژگارێك بوو تەنانەت سەری بەرزیان بۆ ئاسمانیش نەوى نەدەكرد، ئەى بۆچی ئێستا لە ئاست ئەو كارەسات و گاڵتەجاڕیانە سەریان نەوییە، دەنگیان كپراوە..؟! من پەشیمانم لەوەى باوكم بە پێشمەرگەیی شەهیدبوو، پەشیمانم لەو نەهامەتیانەى لە شار و شاخ دووچارى بووین بەهۆی پێشمەرگەیی باوكى شەهیدمەوە، پەشیمانم لەوەى كە پێم باوكم دەڵێن كوڕە پێشمەرگەى شەهید، پەشیمانم لەوەى كە بۆی پەشیمان نەدەبووم، وەرن ئێوەش لەگەڵم بخوێننەوە و ئەو كارەساتانە ببینن تاوەكو تا سەر ئێسقان پەشیمانى داتانبگرێت كە پێشمەرگەبوونە.
 خالید مەحمود ئەحمەد غەوارە لە فەرهەنگى جیهانى بۆ زانیاریەكان لیستى ئەنفالچییەكان(169)ەمین ناوە، لە تەواوى میدیاكان مەلەفكەى بڵاوكرایەوە، هەموو كار و كردەوەكانى تۆماركراوە لاى حزبەكانى خۆمان و سەرجەم ئەو كەسانەى لە رۆژگارێكدا چەكى شەرەفمەندایەتى پێشمەرگەیان لەشان كردووە خالید خولە سور دەناسن، هەموو دەزگا سەركوتكەرەكانى بەعس و هەموو بەعسیەكانیش دەیناسن، ئەوەى خەڵكى سلێمانى بێت زۆر چاك دەیناسێ، ئەو خالیدە لەدواى راپەڕینى 1991 لەلایەن سەركردایەتى سیاسی كوردیەوە بەر شاڵاوى لێبوردن كەوت، بەڵام ناوبراو بەهۆی ئینتیماى هەمیشەیی بە بەعس بە نهێنى و ئاشكرا پەیوەندى بەردەوامى لەگەڵ دەزگاكانى بەعس هەبوو، یەكێك بوو لە قارەمانەكانى شەڕی براكوژى، ئەو ڤایرۆسە لە ناوچەكەى خۆی هەمان فلیمەكانى سەردەمى جاشێتى دووبارە دەكردەوە، بەڵام لەژێرناو و ناوێكى ترەوە كە جیا لە ئەنفالی كورد ئەمجارە براكوژى، بەهۆی پەرتەوازەبوونى كورد و دروستبوونى درزێكى گەورە لەنێو ماڵی كورد بەهۆی ئەو شەڕە نەگریسە دەیانى وەكو ئەم ئەنفالچییە لەلاى حزبەكانەوە بوون بە شت، بوون بە بەرپرس و پیاوكوژ، بوون بە ڤایرۆسی لەناوبردنى كورد، بوون بە شۆڕشگێڕ و كوردپەروەر و دڵسۆزى گەل و نیشتمان، بوون بە سەرۆك هۆز و قائیمقام و ئامر بەتالیۆن و سەرلەشكر، بوون بە كوردى عەیار 21، بوون بە بازرگانى شەڕ، بازرگانى مرۆڤ، بازرگانى دۆزى رەواى نەتەوەیەك، خالیدى خولە سوریش یەكێك لەو قارەمانانە بوو كە موستەشارێتى و ئەنفالچێتى و دواتریش شەڕى براكوژى كردیە هەموو شت.
 دواى پرۆسەى ئازادى عێراق ئەو ئەنفالچییە هەڵسا بە چاپكردنى كتێبێك لەژێرناونیشانى(كاتى ئەوە هاتووە راستییەكان بدركێنم)لە هەولێر چاپكراوە لە ساڵى 2005 كە تیایدا خۆی بە دەستەى دامەزرێنەرى كۆمەڵەى رەنجدەران و زیندووكردنەوەى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان دەزانێت و پێی وایە ئەوەى لەسەردەمى بەعس كردویەتى ئەركى نیشتیمانى بووە و یەكێتى پێی كردووە، واتا ئەگەر خالید هەر كوردێكى شەهیدكردبێت ئەوا تەعلیمات و شەرعیەتى كوشتنەكەى لە مام جەلالەوە پێ دراوە، كەواتە لێرەوە یان دەبێت خالید دەستى سوربێت بەخوێنى كورد یانیش یەكێتى نیشتمانى كوردستان..!! بە گوتەى خۆیشی ئەنفال 182000 نییە ئەم ژمارەیە خەیاڵیە و 1820 كورد ئەنفالكراوە باقیەكەى لەشەڕى نێوان حزبەكان لەشاخ كوژراون، بەرگى یەكەمى ئەم كتێبە زۆر نووسین و لێدوان و خوێندنەوەى تر هەڵدەگرێت بۆیە ئەمە بۆ پێشمەرگە دێرینەكان و بۆ ئەو كەسانە جێ دەهێڵم كە خۆیان بە كوردى راستەقینە دەزانن و زۆڵە كورد نین و رابردویان پاكە، لە بەشی دووەمى كتێبەكەى كە ساڵى 2006-2007 چاپكراوە لە سلێمانى زۆر جیاوازە لەگەڵ بەرگى یەكەم، زۆر بە ئاشكرا ئەوە بەدى دەكەیت كە ناوبراو هەردوو حزبی دەسەڵاتدارى هەڵخەڵەتاندووە و دەستەمۆی كردوونە بەوەى لە چاپی یەكەم هەست دەكەیت ئەدەبیاتى پارتى دیموكراتى كوردستان دەخوێنیتەوە لە مەدح و سەناى پارتى و لەچاپی دووەمیش وا هەست دەكەیت ئەدەبیاتى یەكێتى نیشتمانى كوردستان دەخوێنیتەوە لە مەدح و سەناى یەكێتى، وەكو رۆژنامەى كوردستانى نوێ و خەبات دێتە بەرچاو، لەمەش ترسناكتر ئەوەیە تەواو درك بەوە دەكرێت كە چاپی یەكەم پارتى و چاپی دووەم یەكێتى بۆی چاپ كردبێت واتا ئەو پیاوە لەهەوڵی ئەوەدایە ململانێ بخاتەوە نێوان هەردوولا بە كولاندنەوەى كۆنە برینى بۆگەن بۆ ئەوەى بازاڕی ئەو خۆش بێتەوە و پلەو پایەى بەرزتر ببێتەوە لەنێو ئەم دوو حزبە، لەچاپی یەكەم ناوبراو لە هەموو بڕگە و رستەیەكى نووسینەكانى هێرشی ناڕەوا دەخاتە سەر شەهید شەوكەتى حاجى مشیر و مەحمود سەنگاوى و تەواوى عەشیرەتى جاف، لە چاپی دووەمدا هێرشەكانى چڕكردۆتەوە بۆ سەر كادیرە بەرچاوەكانى پارتى وەك ئەنوەرى حاجى عوسمان و … هتد.
 لە هەردوو چاپدا ئەوەى زۆر بە زەقی بەرچاو دەكەوێت ئەو پیاوە دەخوازێت سیستەمى خێڵەكى زیندوو بكاتەوە و هاتووە هەموو تیرە و هۆز و خێڵەكان دەتوێنێتەو و لەنێو قاڵبی عەشیرەتى غەوارە دایاندەڕێژێتەوە و خۆیشی بەسەرۆك عەشیرەتى غەوارە لەقەڵەم دەدات و سلسلەى خۆیشی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەر خانوادەى حەسەن و حوسێنى كوڕەكانى ئیمامى عەلى، واتا غەوارە و جاف و تەواوى هۆز و تیرە و خێڵەكانى ترى دەشتى شارەزوور لە رەچەڵەكدا عەرەبن، ئەمەش تەعریبێكى شێنەیی ئەو زۆڵە كوردەیە.
 جا بۆیە دەڵێم نابێت پێشمەرگەى دێرین وجودى هەبێ و هەرگیز شتێكیشمان نەبووە لە مێژووى خۆماندا بەناوى پێشمەرگە و كورد هەرگیز دڵسۆزى نەبووە و شۆڕشگێڕیش هەڵنەكەوتووە لەناو كورددا، چونكە هەموو كورد بە سەركردایەتى سیاسی كوردیشەوە لە بەرامبەر فایلدارەكان و سیخوڕەكان بێدەنگ بوون و تەواوى ئەو كەیسەیان پەردەپۆش كرد، كە دەبوایە بڵاوبوونەوەى ئەم فایل و ناوى ئەم فایلدارانە تەواوى حكومەتى هەرێمى بە پارلەمان و حزبەكانیشەوە بهەژاندبایە و پاكسازى دڵسۆزانە و راستەقینە لە دامودەزگا حكومى و حزبیەكان  بكرابایە و سزاى ئەو سیخوڕ و فایلدارانە بدرابوونایە، بەڵام بە پێچەوانەوە تەكریم كران و هیچ لێپێچینەوەشیان لەگەڵدا نەكرا، بۆ كەسانى نیشتمان و نەتەوەفرۆش و ئەنفالچی وەك خالیدى خولە سوریش هەمان شت، بۆیە داواى لێبوردن لە باوكى شەهیدم دەكەم ئەگەر بڵێم بژى جاش….. سزا و لێپێچینەوەش بۆ پێشمەرگەى دێرین.
 
 تێبینى:
 بۆ ئەوەى زیاتر لەبارەى ئەم ئەنفالچیەوە بزانیت فەرموو كلیكى ئەم لینكانەى لاى خوارەوە بكە:   
 * بەیاننامەى ناوەندى چاك:
 بانگه‌وازیَك بۆ ڕای گشتی جیهانی, سه‌باره‌ت به‌ دادگاییكردنی ئه‌و تاوانباره‌ كوردانه‌ی به‌شداری پرۆسه‌ی ئه‌نفالیان كردووه‌
 http://peshmergekan.eu/brb/print.php?id=2650
 
 * خالید خولە سور وەك ئەنفالچیەك لە فەرهەنگى جیهانى زانیارییەكان:
 http://ku.wikipedia.org/wiki
 * دیمانەى گۆڤارى ستاندەر لەگەڵ ناوبراو و وەكو قارەمان پیشانى دەدەن كە گوایە ناوبراو لە مەفرەزە سەرەتاییەكانى شۆڕشی نوێ بووە:
 http://www.standardkurd.net/Direje.aspx?Cor=Dose&Jimare=80
 * دیمانەیەك لەگەڵ ئەنوەرى حاجى عوسمان و خالید خولە سور لەبارەى دروستكردنى فایلێكى ساختەى ئیستخبارات لەلایەن خالیدەوە بۆ ئەنوەرى پێشمەرگەى دێرینى پارتى:
 http://www.rudaw.net/newspapers/rudaw/2008/32/03.pdf
 * سكاڵاى یاسایی دژى خالید لەلایەن بنەماڵەى ئەو شەهیدانەى كە خالید شەهیدى كردوون:
 http://www.pukonline.com/kurdi/yeke.php?besh=Nusraw&perrge=nusraw&nujimare=463
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.