Skip to Content

Wednesday, November 25th, 2020

شرۆڤەیەک بۆ شۆرشەکانی وڵاتانی عەرەبی

Be First!

ماوەیەکە هەورێکی گەورە  بارانی سەوزی شۆرش و ڕاپەڕین بەسەر وڵاتانی عەرەبیدا دەبارێنێت. بارانێک هێندە بەهێزە ، کەهیچ  دیکتاتۆرێکی عەرەبی ناتوانێت لەبەردەم لافاوی ئەم شۆرشەدا خۆی ڕابگرێت. هیچ کاتێک لە مێژووی ئەم وڵاتانەدا ، ئەم وەرزە سەوزەی شۆرش و راپەڕینەی بە خۆوە نەدیوە. مێژووی وڵاتانی عەرەبی پڕیەتی لە کودەتای سەربازی و کووشتاری بێ وێنە. ئەمە یەکەمینجارە کە بەوشێوەیە شۆرشێکی گەورە هەموو دەوڵەتانی عەرەبی بگرێتەوە. لێ پرسیاری گەورە لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەم شۆرشە یان بە واتایەکی تر ئەم هەلوومەرجە چۆن دروست بوو؟. ئایا ئەم هەلوومەرجە سیاسیەی ئەمڕۆ لەبەرژەوەندی کێ و لە زەرەری کێ دایە ؟ . ئایا ئەمە سەرەتای قۆناغیکی نوێی مێژوویە؟  من هەوڵ دەدەم بەپێی بۆچوونی خۆم ، شرۆڤەیەک بەکورتی بۆئەم هەلوومەجە نوێیەی عەرەبستان  و ناوچەکە بکەم .

هۆکاری ناوخۆیی /

هەموو شۆرشێک بە کەڵەکەبوونی هۆکارە ناوخۆیەکان دەست پێدەکات ، هەر ئەو هۆکارە ناوخۆیانەشن کەچەخماخەی هەموو شۆرشێک دادەگیرسێنن. لێرەدا هەوڵ دەدەم بە کورتی پەنجە بخەمە سەر گرنگترین هۆکاری ناوخۆی ئەم شۆرشانە.
1.    خراپی ڕژێمی سیاسی و دیکتاتۆری /

گەورەترین هۆکار بۆ دروستبوونی ئەم شۆرشانە ، بوونی ڕژێمی دیکتاتۆری و عەسکەریە لە وڵاتە عەرەبیەکاندا. هەموو دەوڵەتانی عەرەبی یان لە ڕێگای دیکتاتۆرێکی عەسکەریەوە حوکم دەکرێن وەکوو ( میسر ، تونس، سووریا، جەزائیر، لیبیا، یەمەن) . ئەم دەوڵەتانە لەڕێگای حیزبی تاکكڕەو دیکتاتۆرێکی سەربازیەوە حکومی وڵاتیان دەکرد . هەمووشیان پشتیان بە ئایدۆلۆژی  ناسینۆنالیزمی توندڕەو کە نزیکە لەفاشیمزەوە  بەستووە، وەکوو لە ( سووریا) . ئەمانە پان عەرەبیزمیان کردبووە پەرۆیەک ، بۆ سڕینەوەی هەموو دزی و گەندەڵی و تاوانەکانین کە دژ بەگەلەکانیان دەیانکرد. هەندێکی تریان  لە ڕێگای دەوڵەتێکی مەلیکی و خێلەکی دیکتاتۆریەوە ( سعودیە، ئوردون، کوەیت، وەتەر، مەگریب، عومان،بەحرەین) حوکمی وڵات دەکەن . ئەم دەوڵەتانە بەتایبەت ئەوانەی کەنداو، پشت بە حکومی بنەماڵەو پاشان ئایینی ئیسلام دەبەستن. ئەمان لە ڕێگای پان ئیسلامیزمەوە ، حکومی دیکتاتۆری و دز و گەندەڵی خۆیان دەسەپێنن. هیچ کاتێکیش گوێیان بۆ داخوازی و کێشەکانی کۆمەڵگا نەگرتووە. ئەمانە هەموویان لە ڕێگای دەزگای پۆلیسی و ئەمنیەوە حوکمی ناعادیلانەی خۆیان بەسەر خەڵکی بێ دەسەڵاتی عەرەبیدا دەسەپێنن. پاوانکردنی دەسەڵات و سەپاندنی حوکمی دیکتاتۆری ، هۆکاری سەرەکی شۆرش و ڕاپەرینەکانی گەلانی عەرەبستان بوو.

2.    نەبوونی ئازادی و کۆمەڵگای مەدەنی /

لە زۆربەی دەوڵەتانی عەرەبی ئازادی بوونی نییه ، گەر هەشبووبێت نەیتوانیوە ویستی خەڵکی دابین بکات . یان بە واتایەکی تر ئەو ئازادیە کەمەی کەهەبووە بۆ نموونە لە وڵاتی میسر ، ئەم ئازادیە کەمە نەیتوانی ویستی کۆمەڵگای مەدەنی دابین بکات . نەیتوانی گۆڕینی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری ئەنجام بدات . لەهەر کۆمەڵگایەکیش ئازادی نەبوو ، خەڵکی بەهەموو شێوەیەک هەوڵی کڕینی ئازادی دەدا بەهەر نرخێک بێت . لە کۆمەڵگای ئازاد دا، خەڵکی لەڕێگای پرەنسیبەکانی کۆمەڵگای مەدەنییه‌وە ، هەوڵ دەدەن گۆڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەنجام بددەن . لە کۆمەڵگای مەدەنیدا ، خەڵکی هانا بۆ شێوازی توندوتیژی و شۆرش و ڕاپەڕین نابەن ، بەڵکە کۆمەڵێک ڕێگا هەیە ، بۆ ئەوەی خەڵکی بە ویست و پێداویستیەکانی خۆی بگات . لێ لەم دەوڵەتە دیکتاتۆرانەدا ، هیچ جۆرە رێگایەکی تر لەبەردەم خەڵکیدا نەبوو، بۆئەوەی گۆرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەنجام بددەن.، جگە لە ڕێگای توندوتیژی و شۆرش نەبێت. 

3.    خراپی باری ئابووری /

بەگشتی وڵاتانی عەرەبی لەڕووی ئابووریەوە کێشەیان زۆرە. دیارە جگە لە ولاتە بچووکەکانی کەنداو، ئەویش بە حکومی بوونی سامانێکی زۆری نەوت. گەر سەیری ئەم چەند ساڵەی دوایی بکەین ، دەبینین گەشەی ئابووری ئەم وڵاتانە زۆر سست و لاوازە. گەر سەیری باری ئابووری ئەم وڵاتانە بکەین ، ڕووبەڕوی کارەساتێکی گەورە دەبینەوە. لەکاتێکدا دەوڵەتانی باشووری ئاسیا وچین و هیندستان ، تا ڕادەیەکی زۆریش بەرازیل و ئەرجەنتینیش، لەم چەند ساڵەی دواییدا توانییان خۆیان لە دواکەوتوویی ئابووری رزگاربکەن و گەشەیەکی خێرای ئابووری تۆمار بکەن . لێ ئەم دەوڵەتە عەرەبیانە هەموویان پلەیەکی زۆر خراپیان لە بواری گەشەسەندن و پێشکەوتنی ئابووری تۆمار کردووە. ولاتی میسر بۆماوەی چەندین ساڵە لەژێر گوشارێکی زۆری خراپی ئابووریدا دەژی . گەشەی ساڵانەی ئابووری دەگاتە 4.7%. داهاتی تاکەکەسی ساڵانە 2.450.دۆلار.  سوریا گەشەی سالانەی 3.94% . داهاتی تاکەسیش 2.615 دۆلار.  یەمەن کەلە هەموویان خراپترە ، گەشەی ئابووری ساڵانەی دەگاتە 3.87. هەروەها کەمترین داهاتی تاکەسیش هەیە ، کە دەگاتە 1.061 دۆلار..1 ئەم گەشە خراپەی ئابووری ئەم دەوڵەتانە وایکردووە، کە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە تووشی کۆمەڵێک کێشەی زۆر ببنەوەو چارەسەرکردنیشی هەروا ئاسان نییه.

4.    زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و بەرزبوونەوەی رێژەی گەنج /

یەکێک لەهۆکارەکانی تر ، زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو. لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانیش کۆمەڵێک کێشەی سیاسی وئابووری و کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆی هێنا. ئەم دەوڵەتانە چ لە ڕووی ئابووری ، سیاسی، شارستانییه‌وە ، هیچ ئامادەییان بۆ ئەم زۆربوونە فرەیەی دانیشتوان نەبوو. ئەم دەوڵەتانەش هیچ ڕێگایەکی تەندروستیشیان نەگرتە بەر ، بۆئەوەی ڕێگا لەم کێشە گەورەیە بگرن .  بۆ نموونە  دانیشتوانی میسر ساڵی 1952 کاتێک کودەتای سەربازی دژی مەلیک کرا، نزیکەی 20 ملیۆن بوو. بەڵام ئێستا 83 ملیۆنە ، واتە لە ماوەی 60 سالدا ژمارەی دانیشتوان 60 ملیۆن زیادیکردووە. بەمانایەکی تر لە میسر هەر ساڵەی یەک ملیۆن کەس زیادیکردووە. ئەم زۆربوونەش کارێکی ئاسایی نییه . لەلایەکی ترەوە لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانیش ، کێشەیەکی گەورەتر پەیدابووە، ئەویش  زۆربوونی ڕێژەی گەنجان لە ناو ئەم دەوڵەتانەدا.
لەمیسر  52.30% ی دانیشتوانی تەمەنییان خوار 25 ساڵییه. لە سعودیه 50.90%  ی دانیشتوان خوار 25 ساڵین . سوریا 55% ی پێک دەهێنن.  لەیەمەن کە رێژەکەی لەهەموو دەوڵەتانی عەرەبی زیاترە ، دەگاتە 65.50%  . ئەمەش زۆرترین ڕێژەی گەنجە لە جیهان. 2.
لەهەموو کاتێکدا گەنج ووزەی هەموو شۆرش و ڕاپەرینێکن . کێشەی گەورەش لەم وڵاتانەدا ئەوەیە ، کەڕێژەیەکی زۆری گەنجانیش بێکارن  و حکومەت ناتوانێت هەلی کاریان بۆ دابین بکات. هەربۆیە ماوەی چەندین ساڵە گەنجانی میسر و باکوری ئەفریکا ، کۆچ تاکە ڕێگابووە ، بۆئەوەی ژیانی خۆیان و خێزانیان دابین بکەن . ئەم شۆرشە،  شۆرشی گەنجانی عەرەبی بوو دژی ئەو زوڵم و ستەم و بێکاری و خراپی ژیانەی، کەچەندین ساڵە ئەم ڕژێمە دیکتاتۆریانە بەسەر خەڵکیدا دەیسەپێنن. گەنجان چیتر نەیاندەویست لەناو ئەو دۆزەخەدا بژین کە دیکتاتۆرەکان بۆیان دروستکردبوون. بەڵکە ئەمانە هەموو خاوەنی خەونێکی خۆش و سەوزی گەنجانەن  بوون، هەموو خەون بە بەهەشتێکی جوانەوە دەبینن .
خەون بە داهاتوویەکی خۆشتر و باشتر ، ووزەیەکی گەورەی بەم گەنجانە بەخشی ، هەموو ترسێکی مەرگیان وەلاوەناوە ،بۆئەوەی بگەنە ئەو بەهەشتەی کە خەونی پێوەدەبینن.

5.    کۆن بوونی رژێمە عەرەبییەکان و حەزی گۆڕان و نوێبوونەوە لای خەڵکی/

ساڵی 1998 لەئەڵمانیا بووم ، کاتێک هەڵبژاردن کرا لەنێوان هیلموت کۆڵ و گیرهارد شرۆدەر، لەئەنجامی ئەم هەڵبژرادنەدا هیڵموت کۆڵ دۆڕاندی و گیرهارد شرۆدەر بردیەوە. بەشێکی زۆری پسپۆرانی سیاسی پێیان وابوو ، کە گیرهارد شرۆدەر لە هیڵموت کۆڵ باشتر نییه ، بەڵام ئەوە حەزی ئەڵمانەکانە بۆ گۆڕان و نوێبوونەوە ، بۆیە دەنگیان بە شرۆدەر دا. هیڵموت کۆڵ ماوەی 16 ساڵ حوکمی ئەڵمانیای کرد. لەکاتێکدا لەسەردەمی ئەودا ئەڵمانیا کۆمەڵێک سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێنا. ( یەکبوونی ئەڵمانیا، کەخەونی چەندین ساڵەی ئەڵمان بوو . بەهێزبوونی پێگەی ئەڵمانیا لە ئەوروپاو جیهان) . لێ لەهەمانکاتدا ئەڵمانەکان حەزیان دەکرد ئەم سەرۆکە مێژوویە بگۆڕن .
 

لەحالەتێکدا سەرکردە عەرەبیەکان لەماوەی حکومیان ، هیچ سەرکەوتنێکی گەورەیان بۆ میللەتەکانیان تۆمار نەکردووە، بەڵکە هۆکاری سەرەکیش بوون بۆ خراپی باری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم وڵاتانە . کاتێک سەیری سەرانی عەرەب دەکەیت ، دەبینیت بەشێکی زۆریان بۆماوەی 30 تا 40 ساڵ حکوم دەکەن . لەپاش خۆشیان منداڵەکانیان حوکمی وڵاتیان کردووە. کاتێک حافیز ئەسەد ساڵی 1971 کودەتای سەربازی کرد، هەتا ساڵی 2000 حکومی کرد پاشان بەشار ئەسەدی کوڕی هاتە سەرحکوم . لە یەمەن لە ساڵی 1978 وە عەلی عەبدوڵڵا سالیح  سەرۆکی یەمەنە. لەساڵی 1999 وە لە جەزائیر بوتەفلیقە  حوکمی ئەم وڵاتە دەکات.  لەمیسر حوسنی موبارەک بۆماوەی 30 ساڵی تەخت خۆی بەسەر کورسی دەسەڵاتدا سەپاندبوو. لەکاتێکدا لە ئەمەریکا لەماوەی ئەم سی ساڵەدا 5 سەرۆکی گۆڕیوە3.. خەڵکی لەبەر هیچ نەبێت ، لەبەر حەزی گۆڕان ناچارن سەرۆکەکانیان بگۆڕن . لێ  هیچ کاتێک سەرانی عەرەب گوێیان بۆ ئەم حەزەی خەڵکی نەدەگرت . لە ساڵی 1932 وە بنەماڵەی ئال سعود ، حکومی عەرەبستانی سعودی دەکەن . ئەم بنەماڵەیە تەنانەت ناوی دەوڵەتەکەشیان کردۆتە ناوی وڵاتەکە . بەمانایەکی تر ئەمان ووڵاتەکەو بنەماڵەکەیان وەکوو یەک سەیر دەکەن هەموو بە موڵکی خۆیان دەزانن .   هەموو ئەم ڕژێمانە ماوەیەکی زۆرە حکومی ئەم وڵاتانە دەکەن ، هیچ کاتێکیش ئامادەنەبوون گوێ بۆ خواست و داواکاری خەلکی بگرن بەتایبەت گەنجان. هیچ کاتێک ئامادەنەبوون بچووکترین گۆڕانکاری لە رژێمەکانیان دا بکەن .
هۆکاری دەرەکی /

1.    گلۆبالیزم /

گلۆبالیزم  قۆناغیکی نوێی مێژووی مرۆڤایەتییه. لەگەڵ هەموو قۆناغێکدا ، مێژووی مرۆڤایەتی بەرگێکی سیاسی تایبەت بەخۆی پۆشیوە. لە قۆناغی دەرەبەگایەتیدا ، سیستەمی ئەرستۆکراتی و پادشانشین ، سیمای سیاسی ئەم قۆناغە بوو. لەگەڵ ڕووخانی سیستەمی پادشایی و سەرهەڵدانی سیستەمی سەرمایەداری ، بیرۆکەی سیستەمی دیمۆکراسی و دیکتاتۆری لەدایک بوو. ئەمەریکا یەکەمین سیستەمی دیمۆکراسی کۆماری لەجیهاندا دامەزراند. پاشان ئەوروپا و جیهانیش. لەماوەی شەڕی ساردا( جەنگی نێوان ئەمریکا و سۆڤێت)  بەشێکی زۆری دەوڵەتانی جیهان ، بەرگی خاکی و جەنەڕالی عەسکەری پۆشی بوو. لەگەڵ نەمانی سۆڤێت و کۆتایی هاتنی بە جەنگی سارد، بەشێکی زۆری جیهان بەرگی عەسکەری فرێداو،بەرگێکی مەدەنیانەی کردە بەر سیستەمی سیاسی خۆیان . لێ جیهانی عەرەبی ئامادەنەبوو بەرگە خاکی و عەسکەریەکەی فڕێبدات. رژێمی دیکتاتۆری وەکوو قۆناغێکی مێژوویی خاوەنی دیدی تایبەتی خۆیەتی بۆ سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی. بەدڵنییایەوە هیچ کاتێک گلۆبالیزم لەگەڵ سیستەمی داخراو دیکتاتۆریدا یەک ناگرنەوە.

2.    شۆرشی فەیسبووک /

ئەم شٶرشەی میسر و توونس بە شۆرشی فەیسبووک دەناسرێت. سایتی فەیسبووک بوو بە شوێنی کۆبوونەوەو پلان داڕشتن و هاندانی خەڵکی و دەزگای هەواڵی و کەشفکردنی گەندەڵی و دڕندەیی رژێمی موبارەک . واتە لە یەک کاتدا ئەم سایتە کۆمەڵێک خزمەتگوزاری زۆری پێشکەش شۆرشگێران کرد . لەکاتێکدا کە حکومەتی دیکتاتۆری هەموو دەزگاکانی میدیای بۆخۆی داگیرکردبوو ( تیڤی، رۆژنامەو گۆڤار، ڕادیۆ) ، تاکە نەفەس کەبۆخەڵکی مایەوە، سایتی ئینتەرنێت و فەیسبووک بوو. لێ ئەم نەفەسە بچووکە توانی  شۆرشێکی گەورە بکات. لەم نەفەسە بچووکەی فەیسبووکەوە ، بورکانێکی گەورە هاتەدەرەوە، کەهەموو رژێمە دیکتاتۆریە عەرەبیەکانی سووتاند . هەموو کاتێک تەکنەلۆژیا کاریگەری گەورەی هەبووە بەسەر ژیانی خەڵکیەوە. هەر تەکنەلۆژیایەک توانیوویەتی تەواوی بنەما سیاسی و ئابووری نەریتی و تەنانەت ئایینیش لەگەڵ خۆی هەڵتەکێنێت . لەگەڵ پەیدابوونی کشتووکاڵ ، کۆتایی بە ژیانی کۆچەری مرۆڤ هانی ، قۆناغێکی نوێی مرۆڤایەتی دەستیپێکرد. بوخار  و کەشتی هەڵمی توانی هێزوتینی زیاتر بە کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی بدات. لەگەڵ پەیدابوونی کارگەو ئامێری بەرهەم هێنان ، توانی کۆتایی بە سیستەمی کۆیلایەتی بهێنێت. ئەمرۆش لە سەردەمی گلۆبالیزم دا ، تەکنەلۆژیای نوێ ( تەلەفوون ، ئینتەرنێت، سەتەلایت) توانی کۆتایی بە هەموو سنوورەکانی جیهان بهێنێت. هیچ دەوڵەتێک ،رژێمێک ناتوانێت خۆی لەبەردەم تەکنەلۆژیای نوێدا رابگرێت و تەسلیم نەبێت . ئا لەو کاتەی کەجاران رژێمە دیکتاتۆرەکان دەسەڵاتی خۆیان بەتەواوەتی بەزەبری پۆلیس و دەزگای ئەمنی بەسەر خەڵکیدا دەسەپاند. نەیاندەهێشت بچووکترین نووسراو یان بەیاننامە لەدژی رژێمەکانیان بڵاوبکرێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ ناتوانن هەموو ئەو سایت و لاپەرەی فەیسبووکانە بگرن و بیانخەنە  زیندانەوە. دیکتاتۆر تەنها لە ڕێگای زیندانەوە دەتوانێت خۆی ئازادانە بژی، بەڵام ئەمڕۆ هیچ دیکتاتۆرێک ناتوانێت ئینتەرنێت و فەیسبووک زیندانی بکات .

3.    چاولێکەری /

خاڵیکی گرنگی تر ڕەگەزی چاولێکەری بوو. دیارە چاولێکەری ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێرێت لەژیانی هەموو کەسێکدا. بەهەمان شێوەش  لە کۆمەڵگاکاندا چاولێگەری ڕۆڵی بەسەر ڕووداو هەڵسووکەوتە جەماوەریەکانەوە هەیە . کاتێک لە تونس بن عەلی رایکرد، گەلی میسریش چاوی  لە تونس  گرت ، سەرکەوتنی شۆرشی تونس ڕۆڵی سەرەکی گێرا لە  هان دانی گەلانی تری عەرەبی بۆئەوەی دژی دیکتاتۆرەکان ڕاپەڕن .

4.    ڕۆڵی ئەمریکاو رۆئاوا/

لەپاش داگیرکردنی عێراق و کارەساتەکانی پاش ئەم داگیرکردنە ، کە زیاتر ئاوارەیی و کۆچ و ماڵوێرانێەکی زۆری بۆ گەلی عێراق هانی . لەهەمان کاتیشدا بزاڤە ئیسلامیە توندڕەوەکانیش بەهێزترو بڵاوتربوونەوە. ئەمریکاش لەڕووی داراییەوە زەرەرێکی زۆری کرد. ئەمریکا ڕۆژانە 400 ملیۆن دۆلاری لە جەنگی عێراق دا خەرج دەکرد. 4.  هەر ئەم خەرجیە زۆرەی جەنگیش بوو کە ساڵی 2008 ئەمریکاو جیهانیشی تووشی کێشەی ئابووری کرد. لەڕووی سیاسیشەوە ، ئەمریکا باشترین دۆستەکانی خۆی لەدەستدا کەبریتی بوونە لە ئەوروپا و دەوڵەتانی رۆهەڵاتی ناڤین . جگە لەوەش ئەمریکا لە ڕووی مۆڕاڵیشەوە ، لە جیهاندا وەکوو دەوڵەتێکی شەڕانگێز و پەلاماردەر هاتەپێش چاوی خەڵکی . هێندەی تر ئەم جەنگە بەنزینی بە ڕقی گەلانی جیهان دژی ئەمریکا کرد. یەکێک لەئامانجەکانی ئەم جەنگە ، ڕووخانی رژێمی دیکتاتۆری سەدام بوو. بە بڕوای کۆنزەرڤاتیڤە نوێکانی ئەمریکا ، ئەمە سەرەتایەک دەبێت بۆ ڕووخانی گشت ڕژێمە دیکتاتۆرە عەرەبیەکان . لێ ئەم بۆچوونە کورتی هێناو لە گۆڕپانی عێراق دا زۆر بە ئاسانی پشتی شکا.
لەپاش ئەم جەنگە و نەمانی بۆش لەسەر کارو هاتنی سەرۆک ئۆباما ، ستراتیژیەکی نوێ دارێژرا، کە ئەم سیستەمە دیکتاتۆریە عەرەبیانە ، لەڕێگای داگیرکردن و هێزی سەربازیەوە نەرووخێنرێت ، بەڵکە هەوڵ بدرێت لەرێگای پشتگیریکردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەم وڵاتانەوە ئەم سیستەمانە برووخێنرێت. جێگای ئاماژەیە چ لەناوەوەی ئەمریکا یان لە ئەوروپا دا ، کۆمەڵێک سیمینارو کۆبوونەوە کرا، بۆ لێکۆڵینەوەو بەدواچوون لەبارەی جەنگی ئەمریکا لە عێراق و چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆهەڵاتی ناڤین .

هەمان سیناریۆی ئەوروپای رۆهەڵات  بۆ عەرەبستان /

لەپاش جەنگی دووەمەوە، جیهان نەخشەیەکی سیاسی نوێی بەخۆوە بینی. جیهان بەسەر دوو زلهێزدا دابەشکرا. بلۆکی رۆهەڵات بەسەرکردایەتی سۆڤێت. بلۆکی رۆئاوا بەسەرکردایەتی ئەمریکا. هەردوولا لە ڕووی هێزی سەربازیەوە  وەک یەکبوون . لەبەر ئەوە پەلاماردانی یەکتری لەڕێگای سەربازیەوە کارێکی مەحاڵ بوو. ئەمەش ڕێگای بۆ جەنگێکی نوێ خۆشکرد ، کەبە جەنگی سارد ناودەبرێت. سۆڤێت بەهەموو شێوەیەک لەجیهاندا بەتایبەت لە دەوڵەتە
 تازەپێگەیشتووەکان ،پشتگیری رژێمە دیکتاتۆریەکانی دۆستی خۆی دەکرد . بەهەمان شێوەش ئەمریکا هەمان شتی دەکردەوە. ئەمریکا و رۆئاوا بۆ ڕووخانی دەوڵەتە دیکتاتۆرەکانی رۆهەڵاتی ئەوروپا ، نەیاندەتوانی بە هێزی سەربازیەوە ئەم دەوڵەتانە داگیربکەن ، لەبەرئەوە کەوتنە پشتگیرکردن و دنەکردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەم دەوڵەتانە. لە پەنچاکاندا دنەی هێزە دژە سۆڤێتەکانیان لە هەنگاریا وئەڵمانیای رۆهەڵات دا، پاشان لە شەستەکانیش هەمان شتیان لە وڵاتی چیکۆسلۆڤاکیا کرد. بەڵام لەهەردوو حالەتدا ، سووپای سۆڤێت هاتەناوەوەو پشتی ڕژێمە سۆسیالیستەکانی گرت و ڕاپەرینە جەماوەریەکانی سەرکووتکردەوە. لە ناوەراستی هەشتاکانی سەدەی پێشوودا، سۆڤێت لە ڕووی سەربازی و ئابووریەوە زۆر کێشەی هەبوو، هەربۆیە جارێکی تر ئەمریکاو رۆئاوا دەستیان بەهەمان سیناریۆی پەنچاو شەستەکان کردەوە. لەڕێگای هاندانی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆەو یارمەتیدانی لۆجستیکی دەزگا سیخووریەکانی ئەمریکاو رۆئاوا، هەروەها یارمەتیدانی ئەم راپەڕینانە لەڕێگای دەزگا ئیعلامیەکانەوە، بەتایبەت ڕادیۆی بی بی سی و دەنگی ئەمریکاو ئەوروپای ئازاد ، ڕۆڵی سەرەکیان لە ڕووخانی دەوڵەتانی بلۆکی رۆهەڵات هەبوو. لەهەمان کاتیشدا سۆڤێت وەکوو جاران نەیدەتوانی سووپای خۆی بنێرێت بۆ سەرکووتکردنی ئەم دەوڵەتانە ، چونکە باری ئابووری و سەربازی خۆر خراپ بوو. 
ڕووخانی دەوڵەتانی بلۆکی رۆهەڵات لە ئەوروپا ، ئەزمونێکی گەورەی بە ئەمریکاو رۆئاوا بەخشی. ئەمان ئێستا دەیانەوێت هەمان سیناریۆ بۆ ڕووخانی رژێمە دیکتاتۆریە عەرەبیەکان دابڕێژن . دیارە ئەم نەخشەیە کەدرێژراوە، نەک دەوڵەتانی عەرەبی ، بەڵکە ئێران و تەنانەت دەیانەوێت تا چینیش بیگەیەنن.
بەپێی ئەو بەڵگانەی سایتی ویکیلیکس بڵاویکردنەوە، ئەمەریکاو قەتەر کۆبوونەتەوە بۆ ڕووخانی رژێمی موبارەک 5. ئەمریکا داوای لەقەتەر کردووە، کە لەرێگای کەناڵی جەزیرەوە هانی خەڵکی بدات دژی رژێمی موبارەک. هەروەها بەپێی ئیعترافی یەکێک لە خۆپیشاندەران ، ئەمریکا پێشتر سەدان گەنجی بردۆتە ئەمریکاو خولی تایبەتی بۆ داناوون بۆ ڕووخانی رژێمی موبارەک6.
دیارە گەردەلوولی ڕووخانی ڕژێمە عەرەبیەکان ، یەکێکە لە بنەما سیاسیەکانی ستراتیژی نوێی ئەمریکاو رۆئاوا.

بۆ چی ئەمریکاو رۆئاوا ئەم ڕژێمانە دەرووخێنن ؟

لەکاتێکدا کەهەردوو رژێمەکەی بن عەلی لە تونس ، موبارەک لە میسر ، بە باشترین دۆستی ئەمریکا دەژمێردران . کەچی ئەمریکا پشتی ئەمانی بەرداو هاریکاری خەڵکی کرد بۆ ڕووخاندنی ئەم رژێمانە. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ، باشە لەکاتێکدا کە ئەمانە باشترین دۆستی ئەمریکا وررۆئاوابن ، بۆچی  پشتی ئەم ڕژێمانە ناگرن  و دەیانرووخێنن.؟
بە بڕوای من کۆمەڵێک هۆکار هەیە لەپشت ئەم سیاسەتەی ئەمریکاوە ، لێرەدا بەکورتی لێیان دەدەوێم .

1.    کۆن بوون و نەگونجان لەگەڵ سەردەم /

بەشێکی زۆری ئەم رژێمانە زیاد لە تەمەنی خۆیان لەسەر حوکمن . حوسنی موبارەک ماوەی سی ساڵی تەخت لەسەر کورسی دەسەڵات بوو. ئەم ڕژێمانەش نەیاندەتوانی وەڵامی کێشەکانی خەڵکی بددەنەوەو لەگەڵ هەلوومەرجی سەردەمی نوێدا بگونجێن . ترس لەنەبوونی باری ئارامی و هەڵگیرساندنی جەنگی ناوخۆیی ، وایکرد لە دەوڵەتانی رۆئاوا ، کەبیر لەگۆڕانی ئەم رژێمانە بکاتەوە. چونکە رۆئاوا بە ووردی چاودێری باری گشتی ئەم دەوڵەتانەی کردبوو. دەیانزانی کە کێشەکان زۆربوون و ئەم ڕژێمانەش ناتوانن چارەسەری ئەو کێشە زۆرانە بکەن . هەربۆیە بیریان لە گۆرانیان کردەوە.

2.    نەگونجاندنی گلۆبالیزم و سیستەمی بازاری ئازاد لەگەڵ ئەم رژێمانە/

راستە ئەم دەوڵەتانە هەوڵیان دا خۆیان لەگەڵ سیستەمی گلۆبالیزم و بازاری ئازاد بگونجێنن ، لێ بەشێوەیەکی گشتی  لەبەرژەوەندی بازاری ئازاد نەدەگونجان. پاشان تەکنەلۆژیای نوێ ( تەلەفون ، ئینتەرنێت ، سەتەلایت) فەرشی شاهانەی ئەم رژێمانەی هەڵدەتەکان . لەبەرئەوە رۆئاوا باشی دەزانی کە ئەم رژێمانە بۆ ئەمڕۆ ناگونجێن . لەترسی ئەوەی نەکا بارەکە لەدەستی دەربچێت ، بۆیە خۆی دەستپێشخەری کرد. پاشان ترسیان هەبوو کە لەم ناوچە گرنگەی جیهاندا ، کە پڕیەتی لە سامانی سروشتی زۆر ( نەوت وگاز) ، بارێکی نائارام دروست بێت ، دژی بەرژەوەندیەکانی ئەوان بێت.

3.    ترس لە بزاڤە ئیسلامیە توندڕەوەکان /

خاڵێکی گرنگی تر بوونی بزاڤێکی توندڕەوی ئیسلامی لەم ناوچەیەدا. لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا ، رۆئاوا بۆی دەرکەوت کەئەم رژێمانە نەک نەیانتوانییوە بزاڤی توندڕەوی ئیسلامی لەناوبەرن ، بەڵکە مانەوەی خۆشیان هۆکارێکی گەورەیە بۆ گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەی ئەم بزاڤە ترسناکە.  لەلایەکی  ترەوە رۆئاوا ترسی ئەوەیان هەبوو کە ئیسلامیە توندڕەوەکان ناڕەزاییەکانی خەڵکی بقۆزنەوەو خەڵکی هان بددەن بۆ خۆپیشاندان و لەئەنجامدا دەسەڵات بگرنە دەست .

4.     داڕشتنێکی نوێی نەخشەی سیاسی ناوچەکە /

بەبۆچوونی من هەمووکاتێک  ئەم ناوچەیە جێگای چاوی تەماعی زلهێزەکانی جیهان بووە. ئەم ناوچەیە خاوەنی گەورەترین و دەوڵەمەنترین سامانی سروشتی ( نەوت و گازە). لەبەرئەوە  هەمووکاتێک ململانێی توند لەنێوان زلهێزەکانی جیهان لەسەر ئەم ناوچەیە هەبووە . لەپاش جەنگی عێراق و سەردەمی نوێی گلۆبالیزم دا، جارێکی تر زلهێزەکانی جیهان بەتایبەت ئەمریکا ، دەیەوێت نەخشەی سیاسی ناوچەکە دابرێژێتەوە ، بەو شێوەیەی کەلەگەڵ بەرژەوەندی خۆیدا دەگوونجێت.

 سیما گشتیەکانی شۆرشە عەرەبیەکان /

ئەم شۆرشە عەرەبیانە لەچاو شۆرشەکانی تری جیهاندا کۆمەڵێک سیمای تایبەت بەخۆی هەیە، کەلە شۆرشەکانی تردا بەو شێوەیە نەبووە. لێرەدا بەکورتی باسی هەندێک لەو سیمایانە دەکەم .

1.    نەبوونی سەرکردە و پارتێکی پێشڕەوی جەماوەری/

گەر سەیری هەموو شۆرشەکانی جیهان بکەین ، دەبینین سەرکردەیەکی کاریزمایی توانیوویەتی خەڵکی هان بدات و خۆی ببێتە ڕابەری شۆرشەکە . لە هیند گاندی ڕابەرایەتی شۆرشەکەی کرد، لە رووسیا لینین ، لە کوباو و ئەمریکای لاتین کاسترۆ و گیڤارا. لێ لەم شۆرشە نوێیانەدا هیچ سەرکردەیەکی کاریزماییمان نەبینی . بەڵکە زیاتر هەڵچوونێکی جەماوەری و دووربوو لە بنکەی سەرکردایەتی و یان پارتێکی پێشڕەوی سیاسی. لەم شۆرشانەدا نە کەسێک وەنە پارتێک نەیتوانییوە رابەرایەتی شۆرشەکە بکات ، بەڵکە زیاتر سیمایەکی جەماوەری گەورەی پێوەدیارە .

2.    بەهێزبوونی ڕۆڵی سووپا /

سیمایەکی گرنگی تر ، بەهێزبوونی ڕۆڵی سووپا لەم شۆرشانەدا. دیارە هەمووکاتێک رژێمە دیکتاتۆرەکان سووپا کۆڵەکەی سەرەکی رژێمەکانیان پێک دەهێنێت. هەمووکاتێک سووپا ئەو کلیلە ئەفسووناویەیە کە هەموو دەرگاکانی رژێمە دیکتاتۆرەکانی پێدەکرێتەوە. چ لە تونس و چ لە میسر ، بریاڕی کۆتایی پێ هاتنی رژێم لەلایەن سووپاوە درا. بە دڵنییایەوە گەر سووپا پشتگیری گەلی نەکردایە ، بەهیچ جۆرێک شۆرشەکان سەرکەوتنی بەدەست نەدەهێنا. لەهەمانکاتیشدا دەبێت ئەوە بڵێم کە سووپا جارێکی تر توانی ڕژێمەکان ببپارێزێت ، لێ وازی لە دیکتاتۆرەکان هێنا. دەبێت ئەوەش بڵێم کە ئەمریکا ڕۆڵی گەورەی گێرا بۆئەوەی سووپا ئەم رۆڵە زۆرەی هەبێت ، چونکە دەترسا شۆرشەکە لەدەستی دەربچێت و بە ئاقارێکی خراپدا بڕوات . دوو رۆژ پێش شۆرش و خۆپیشاندانەکان ، سەرۆک ئەرکانی سووپای میسر لەئەمریکا بوو ، لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەمریکا کۆبوویەوە. ئەمریکا بەهەموو شێوەیەک دەیویست سووپا حوسنی موبارەک لا بدات و خۆیان دەسەڵات بگرنە دەست.

3.    فەیسبووک و ئینتەرنێت  و سەتەلایت/

یەکێک لەسیماکانی تری ئەم شۆرشە ، بەهێزبوونی رۆڵی فەیسبوک و کەناڵەسەتەلایەتە عەرەبیەکان بەتایبەت کەناڵی جەزیرە بوو. فەیسبووک و جەزیرە و کەناڵە عەرەبیەکانی تر یان ئەوانەی بەعەرەبی بەخش دەکەن ( بی بی سی ، فرانس 24، روسیا الیوم،،،هتد) . ئەمانە ڕۆڵی سەرەکیان گێرا لەگواستنەوەی هەواڵ و هاندانی خەڵکی بۆشۆرش و راپەرین . فەیسبووک وەکو پێشتریش باسم کرد ، کەئەم شۆرشە بە شۆرشی فەیسبوک ناسرا. لەهەمان کاتیشدا کەناڵی جەزیرە رۆڵی سەرەکی گێرا لە هاندانی خەڵکی و گواستنەوەی هەواڵەکانی شٶرش و خۆپیشاندانەکان . لێرەدا دەبێت ئەوەبڵێم ، لەم رووداوانەی دواییدا بەتەواوەتی میدیا و ئینتەرنێت ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە ژیانی هەموو کۆمەڵگایەکی سەر زەوی. ئەمڕۆ ئەم دوو داهێنانە نوێیه ، دەتوانن گەورەترین شۆرش و راپەرین بەرپابکەن . لەهەمان کاتیشدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن لەژیان هەموو تاکێکی سەر زەوی .

4.    بەشداربوونی ژنانی عەرەب لەم شۆرشەدا/

یەکێک لەسیما پۆزەتیڤەکانی ئەم شٶرشە ئەوەبوو، کەژنای عەرەبی جارێکی تر بەشداری ژیان و خەباتیان لە ناو کۆمەڵگادا کرد. بەشداربوونی ئەو ژمارە زۆرەی ژنان لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان ، ئاماژەیەکی باشە بۆ باشکردنی ماڤی ژنان و دژایەتیکردنی ئەو بزاڤانەی کە دژی ماڤی ژنانن بەتایبەت ئیسلامیەکان .

دەرئەنجام /

ئەوەی لەم شۆرشانەدا زۆرگرنگ بوو ئەوەبوو ، کەجارێکی تر دیکتاتۆرەکانی جیهان دەرسێکی گەورەیان وەرگرت . ماوەی چەندین ساڵە دیکتاتۆرە عەرەبیەکان وەکوو ئەوەی بڵێیت خەڵکی ئەو دەوڵەتانە مێگەلن ، بەئارەزووی خۆیان داهاتی خەڵکیان دەدزی و تاوانیان بەرامبەر خەڵکی دەکرد و حکومی ناعادیڵانەیان بەسەر خەڵکی دا دەسەپاند.  ماوەی چەندین ساڵە خەڵکی دادوبێ دادیەتی بەدەست بێکاری ، هەژاری ، برسێتی ، لێ هیچ کاتێک دیکتاتۆرە عەرەبیەکان ئامادەنەبوون گوێ بۆ خواستی گەل بکەن . ناچار گەلانی عەرەبی هاتنە سەر شەقام و گۆڕەپانەکان ، بۆئەوەی هێندە بە قایمی هاواربکەن ،  کەهەموو کۆشک و تەلاری دیکتاتۆرەکان بلەرزێنێت. جارێکی تر بۆ هەموو جیهان دەرکەوت ، چەندە دیکتاتۆرەکان حوکمیان بەهێزبێت ، بەڵام ناتوانێت تا سەر بەردەوام بێت. خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە ، کە ڕیفۆرم لە ڕژێمی دیکتاتۆریدا ناکرێت. دیکتاتۆری و ریفۆرم دوو شتی دژ بەیەکن . ڕاستە  رژێمە دیکتاتۆرە عەرەبیەکان لەم چەند ساڵەی دواییدا هەندێک ڕیفۆرمیان کرد ، توانییان کەمێک خۆیان لەگەڵ تەکنەلۆژی نوێ خۆیان بگوونجێنن . لێ نەیانتوانی لە ژێر حکومی فەیسبوک وسەتەلایت دەربچن.  نەیانتوانی تاوانەکانیان چیتر بە شاراوەیی بمێنێت. جارێکی تر دەیڵێمەوە ، لەسەردەمی گلۆبالیزم دا  سیستەمی دیکتاتۆری و داخراو ناتوانێت بژی و بەردەوام بێت . بەڵکە لەم قۆناغە گرنگەی مێژووی مرۆڤایەتیدا ، تەنها و تەنها،  دەبێت سیستەمێکی ئازاد و دیمۆکراسی  کۆمەڵگاکانی جیهان بەڕێوە بەرێت.

سەرچاوەکان /

1.    Im soge der Revolution. www.Spiegel.de

2.    Laender lexicon.de.
3.    . بی بی سی . 18. 02..2011. تقرير خاص: بلدان الشرق الأوسط وانتفاضاتها
Peter Wuetherich . Kosten fuer Irak-Krieg .. 400 Millionen Dollar pro Tag. 4.
www-tagesspiegel.de . 14.03.2008.
5.    گۆڤاری روز الیوسف. العدد. 1715. 04. فبرایر. 2011/ ويكيليكس: وزير الخارجية القطري أبلغ إسرائيل بخطة «الجزيرة» لضرب استقرار مصر
6.    گۆڤاری روز الیوسف. العدد. 1715. 04. فبرایر. 2011/ تفاصيل المؤامرة الأمريكية القطرية ضد مصر

Previous
Next

Leave a Reply