Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
شـەرەچـەقـەی ( زمـانی کـوردی) لە نێـوان (پـۆل) و (بـازار) دا.

شـەرەچـەقـەی ( زمـانی کـوردی) لە نێـوان (پـۆل) و (بـازار) دا.

Closed
by March 9, 2013 زمان

 

 

 

             رۆژی  – زمانی دایک- لە (٢١ / ٢ / ٢٠١٣) لە  کوردستانی باشوور،  وەک زۆر وڵاتانی تر پیرۆزو بەرز را گیرا. ئێمەی کورد بە گەرم و گورییەکی پر سۆز ئەو رۆژەمان بەرێ کرد ، لە سوونگەی ئەو راستییەوە کە زمانەکەی ئێمەش  بە درێژای مێژوو کۆیلەو یەخسیری دەستی داگیرکەرانی کوردستان بووەو رێنەدراوە کوردان بە ئازادی لە  ئاخاوتن و خوێندن و نووسیندا وەک پێویست بەکاربهێنن.    ئێستا، خۆشبەختانە، زمانی کوردی لە گەشەکردن و بەرەو پێشەوە چۆن دایەوەو تارمای مەرگ و لاوازی بە دڵنیاییە ڕەواندۆتەوە و بە گوتەی رێکخراوی نێودەوڵەتی (UNISCO)  زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە زیندووەکانی جیهانی ئێمرۆ، وەلێ لە گەڵ ئەمەشدا، قامتێ گرفت و کەندوکۆسپ و ئاڵۆزیی روو بەرووی دەبێتەوە: وەک رێک نەکەتن لە سەر فۆڕمی زمانی ستاندار و پیرەوکردنی  ئەلفوبێیەکی پەسندو یەکخستنەوەی شێوازی رێنووسی کوردی یەکگرتوو. 

         ئەو خاڵەی کە لێرەدا تیشکی دەخەینە سەر ،  ئەوەیە کە زمانی کوردی لە خوێندنگەو پەیمانگەو زانکۆکانی کوردستان تووشی نەخۆشییەکی درێژخایەن بووە ئەویش بە کوردو کرمانجی ، بە شێوەیەکی بەر چاو (نزمی ئاستی  مامۆستاو کادیرو سەرپەرشتیارو پسپۆڕانی زمانی کوردی لە ئاخاوتنی زمانەکەدا)  راستەو خۆ سیمایەکی نێگەتیفی بە زمانەکە بەخشیووە ، هەرچەندە ئەم بۆچوونە رێژەییەوە هەموو مامۆستاکان ناگرێتەوە.

            دەزانین کە زمان یەکێکە لە ئاڵۆزترین  دیاردە دەستکردە کانی مرۆڤ. فێربوونی لە رێگای بیستنەوە دەست پێدەکات، بایەلۆژستەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە یەکەمین ئەندام لە جەستەی کۆرپەڵەدا کە تەمەنی دووەمین هەفتەدا، خەلق دەبێ گوێچکەیە، لە تەمەنی چوار مانگان دا لە زێدانی دایکییەوە، توانای بیستنی هەیە و لە بیست و چوارەمین هەفتەدا هەر سێ بەشەکەی گوێچکە: دەرەوەو ناوەندو ناوەوە کامیل دەبن و پەیوەندی نێوان  کۆرپەڵەو جیهانی دەرەوەی سکی دایک دەست پێدەکا. کەواتە  منداڵ هەر زوو ئامادەییە بۆ بیستن  جا تا زمانی ئاخاوتنی قسەکەر پاراو رێک  و پێک و مانابەخش بێ ئەوا  زمانی منداڵ خۆشترو جوانتروپاراوتر دەبێ.  ئێمە ئەو کاتە دەزانین کە پرۆسەی دارشتن و قسەکردن بە زمانی پاراوو پەسند چەند زەحمەتە کە داوامان لێدەکەن بۆ ئاپورەی جەماوەرێک یان گردبوونەوەیەک وتارێک بدەین یان نووسراو و یاداشتێک بۆ کەسێکی بە تواناو خاوەن پایەو مەقام بنووسین .

           با لە خوێندنگەی بنەڕەتییەو دەست پێبکەین کە پنتی دەست پێکردنی کێشەکەیە بۆ فێرخواز.  منداڵ هیچ کێشەیەکی لە فێر بوونی زمانی دایک و دەرووبەری خۆی نییە، کێشەکە ئەو کاتە دەست پێدەکا،  کە دەچیتە بەر خوێندن، لە سەر مامۆستاکانیان فەرزە کە فێری زمانی خوێندنیان  بکەن – بێگومان زمانی خوێندن زمانی ئاخاوتنی بازارو ماڵەوە نییە. جا کاتێ مامۆستاکان بەتایبەتی مامۆستایانی زمانی کوردی پەیرەوی پرۆگرامی خوێندن نابن و لە ناو پۆلیش هەمان زمانی بازارو ماڵەوە بەکار دەهێنن و توانای ئاخاوتنی زمانی پەتییان نییە. جا کە ئەومنداڵە  تەماشای ناوەرۆکی کتێب و پرسیارەکان دەکات  هەست بە بوونی دوو جۆرە زمان دەکات و پەرێشانیشە لە لاوازی زمانی  نووسین و خوێندنی خۆی وتاوانەکەش هێ ئەو نییە.

            لە قۆناغی دواناوەندو ئامادەیی،  خوێندکارەکان  هەست دەکەن کە  زۆر  لە مامۆستاکانی زمانی کوردی تەواو دەسەڵاتیان بەسەر زمانەکەدا نییە، ئەمەیش  دوو سەرەیە، لە لایەک توانای درێژەدانی ئاخاوتنیان بە کوردی پەتی نییە لە پۆل دا و لە لایەکی تر کە بابەتێکی شێوەزاری کرمانجی یان سۆرانی ( بە گوێرەی زاری دایکی مامۆستاکە) دێتە پێش ، زۆر کەم دەسەڵاتیان بەسەر دا دەشکێ و دەکەونە ساتمەو زمان تەتەڵەکردن.

          لە قۆناغی پەیمانگەو زانکۆدا، کێشەکە روخسارێکی تر وەردەگرێ، زانکۆییەکان وا هەست دەکەن  گەیشتوونەتە پلەو مەقامێکی باڵا،  پسپۆرو مامۆستا وانەبێژەکانیان ئەو پەڕی دەسەڵات و تواناو شارەزاییان لە بورەکانی خوێاندا هەیە، کەچی لە کاتی پراکیزەکردنی  – زمان – لە ناو هۆڵ و پۆلەکاندا ،  تووشی جۆرە نائومێدێک دەبن کاتێ دەبینن سنووری جیاوازییەکانی نێو قۆناغی  نۆ و پێشتریان هێندە گەورەو بەرین نییە.

         گەواهی دەدەم کە لە گفتوکۆکانی هێندێ  تێزی  خوێندنی باڵا ، وەک ماستەرو دکتۆرا دا، کە خۆم تییدا ئامادە بووم ، مامۆستایانی پسۆرو سەرپەرشتیارو توێژەر، زۆر جار خۆیان و جێگەو پێگەی خۆیان بیر دەچێتەوەو بە زمانی بازار دەکەونە ئاخاوتن و گفتوگۆ ، بەبێ ئەوەی هۆشییان لەو بێ کە بابەتەکەیان دەربارەی زمان و ئەدەب و رەخنەی کوردییە!

 

          کێشەی بەکارهێنانی زمانی ناستاندار لە پۆل و هۆڵی خوێندنگەکاندا  لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و دەرووبەر بوونی هەیە.  وەلی ئەمە پاساو نییە بۆ ئێمەی کورد، کە زمانەکەمان پتر پێویستی بە خزمەتکردنە ، لەسەری بەردەوام بین.

          زمان بەشێکە لە هەڵس وکەت و عادەتی تاکەکەسی، چۆنی فێر بیت وای بەکاردەهێنی، چونکە کێشەی بەکار نەهێنانی زمانی کوردی پەتی لە تەمەنی منداڵییەو لە گەڵماندایە ، خۆ دەرباز کردن و چاککردنەوەی کارێکی ئاسان نییە، بۆیە زۆر جار لەسەر سەکۆی دیدارو کۆبونەوەو گفتوگۆدا ، ئاخێوەر بە زەحمەت دەتوەانێ بە کوردییەکی پاراوو مانابەخش و رێک وپێک دەردەوام بێ، هەرئەوەندە دەزانی ، بەبی ئاگای ، خۆی لە بیر دەچیتەوەو بە شێوەزاری کۆییانە یان پشدەری یان رەواند زی یان  قەرەچووغی دەست دەکاتە ئاخاوتن. 

          ئەرکی وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی خوێندنی باڵاو  وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و دەزگا بەرپرسەکانی تر کە ئەم بابەتە بە هێند وەرگرن و وردتر تاوتۆی بکەن و پیرەو پرۆگرامی گونجاوی بۆ دارێژن،  ئەرکی مامۆستاکانی پسپۆری زمانی کوردییە کە بەخۆ دابچنەوەو شیرین تر زمانەکە بەکار بێنن ، بەو ئومێدەی نەوەی داهاتوو وەکو ئێمە کۆڵەوار نەبن. خوێنەری ئازیز ئەم بابەتەم  بۆ ئەو مامۆستاو سەرپەرشتیارو پسپۆرانە نییە کە بەراستی جێگای شانازی ئێمەن لە ئاخاوتن و بەکارهێنانی زمانی کوردی بە شێوەیەکی راست و دروست!

 

Face book: Fazil Shawro

e-  fzgaedii@yahoo.com

 

               فــازیــل شــەوڕۆ

دبلن – ئایرلەندا

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.