شكستی ئه‌نفال له به‌رده‌م ڕیوایه‌ته‌كانی عه‌شقدا
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ قه‌سیده‌ی (زمانی عه‌شق و زه‌مه‌نی ئه‌نفال)ی ڕێبوار سیوه‌یلی
(قه‌سیده‌ی زمانی عه‌شق‌و زه‌مه‌نی ئه‌نفال)، چامه‌یه‌كی شیعریی (ڕێبوار سیوه‌یلی)یه، كه دڵنیام خوێنه‌ر دوای یه‌ك جار خوێندنه‌وه‌ی، هه‌رگیز ناتوانێ ئه‌و چامه‌یه له بیر بكات، چونكه شاعیر تێیدا به ئه‌ندازه‌یه‌ك له چه‌مكی ئه‌نفال ورد بووه‌ته‌وه، كه وه‌خته بڵێم كاری ده‌روونناسێكی كارامه‌ی ئه‌نجام داوه، به‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی وێناكردنێكی ئێجگار ئیستاتیكییه‌وه، كاریگه‌رییه مه‌ترسیداره‌كانی تراژیدیای ئه‌نفالمان له‌سه‌ر ده‌روونی تاكی كورد بۆ شی ده‌كاته‌وه‌و په‌نجه ده‌خاته سه‌ر ئه‌و پنته تاریك‌و ڕه‌شانه‌ی كه كۆستی ئه‌نفال له چه‌قی هه‌ست‌و نه‌ستی هه‌ر تاكێكی كورددا جێی هێشتووه‌و به خه‌ستی ڕه‌نگڕێژی بیر‌و زه‌ینی كردووه.
به‌گشتی فه‌زای شیعریی قه‌سیده‌كه، جۆرێك له گێڕانه‌وه‌به‌ندی حیكائی تێدا زاڵه‌و وه‌كو بابه‌تیش باس له په‌ناهه‌نده‌یه‌كی كورد، ئاواره‌بوویه‌كی هه‌نده‌ران ده‌كات، كه له دوادواییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدایه‌و له‌به‌رده‌م ده‌روازه‌كانی سه‌ده‌یه‌كی نوێ‌دا چاوه‌ڕوانه، له‌كاتێكدا خه‌ریكه پێ ده‌خاته ناو سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌كه‌مه‌وه، به كۆڵێك ئازار‌و نه‌هامه‌تییه‌وه له‌و غه‌ریبییه‌دا ده‌ناڵێنێت، ئازاری عه‌شقێك، كه دواجار پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌م په‌ناهه‌نده‌یه‌ی لێوه ده‌ست پێ ده‌كات، له‌هه‌مبه‌ر مه‌ترسییه به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌نفال بۆ سه‌ر ڕۆحی وی، پرسیاری ئه‌وه‌ی ئاخۆ ده‌بێ سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌ك به ڕه‌حمتـر بێت له‌و سه‌ده‌یه‌ی خه‌ریكه ماڵئاوایی لێ ده‌كات؟ هه‌ڵبه‌ت پرسیاری ئه‌و له سه‌ده‌ی نوێ‌دا، پڕه له چاوه‌ڕوانی ڕه‌وینه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی ئه‌نفال، كه وه‌ك مۆته‌كه‌یه‌كی به‌رده‌وام به‌دیار سێبه‌ریشییه‌وه هه‌ڵتۆقیوه.
شاعیر له‌م قه‌سیده‌یه‌دا، ده‌سه‌ڵات‌و جه‌به‌رووتی له‌بن نه‌هاتووی ئه‌نفال به هه‌موو شێوه‌كانییه‌وه، لای تاكی كورد ده‌رده‌خات، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه، كه دواجار جه‌به‌رووتی ئه‌نفال، له‌به‌رامبه‌ر زمانی عه‌شقدا چۆك دائه‌دا‌و ناتوانێت شه‌ڕی حیكایه‌ته‌كانی عه‌شق به‌رپا بكات، هه‌ربۆیه ڕیوایه‌ته‌كانی عه‌شق، دواجار كۆتایی به زه‌مه‌نی ئه‌نفال ده‌هێنێت.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م قه‌سیده‌یه، وێناكردنی ئه‌و خۆخواردنه‌وه ده‌روونییه‌ی تاكی كورده، كه هه‌میشه له به‌رده‌م گۆڕانی زه‌مه‌نه‌كاندا ڕووبه‌ڕووی ترسێكی كوشنده ده‌بێته‌وه، بۆیه پێمان ده‌ڵێت، ئه‌وه هێزی عه‌شقه، ئه‌وه زمانی عه‌شقه، كه پێویسته هه‌میشه له هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانیدا بین، بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و دۆخه ده‌روونییه ناهه‌مواره‌ی خۆماندا زاڵ بین، كه له ئه‌نجامی ترس‌و تۆقی دوژمنانه‌وه به‌لامانه‌وه دروست بووه، به مانایه‌كی تر، ئه‌وه ته‌نها عه‌شقه، كه ڕێگه‌یه‌كمان بۆ ئه‌دۆزێته‌وه‌و ده‌رگه‌یه‌كمان بۆ واز ده‌كا، تا خۆمان له ترسه‌كانی زه‌مه‌نی ئه‌نفال قوتار بین.
سه‌ره‌تای ئه‌و چه‌ند كۆپله‌یه‌ی قه‌سیده‌كه، كه بۆ وێنه‌كانی ئه‌نفال ته‌رخانه، به‌و یه‌قینه‌ی په‌ناهه‌نده كورده‌كه ده‌ست پێ ده‌كات، كه له مه‌نه‌لۆگێكدا ده‌ڵێت:
ده‌زانم جه‌سته‌م زووتر له خه‌یاڵه‌كانم،
خه‌یاڵه‌كانم زووتر له خۆزگه‌كانم،
خۆزگه‌كانم زووتر له چاوه‌ڕوانی‌و
ئه‌وانیش زووتر له به‌رده‌وامیم، پیر ده‌بن!…….. (ل72)
ئه‌مه ئه‌و یه‌قینه به‌رده‌وامه‌یه، كه وا له مرۆڤی تاراوگه‌نشین ده‌كات، كه هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و پیربوون، له‌به‌رده‌م گۆڕانی زه‌مه‌نه‌كاندا، خێراتر‌و به‌له‌زتر بكاته‌وه، به‌ڵام بێگومان ئه‌م یه‌قینه هه‌روا له‌خـۆڕا دروست نه‌بووه، به‌ڵكو ئه‌وه پێكهاته‌ی ترسێكی پێشوه‌خته له ده‌ركه‌وته‌كانی كاره‌ساتێك، كه ڕه‌گی قوڵی له‌نێو ده‌رووندا جێ هێشتووه‌و وه‌ك خوێنبه‌ر به هه‌موو شوێنێكی جه‌سته‌دا بڵاوبووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌تا ئه‌م یه‌قینه سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌وێوه هه‌ڵده‌قوڵێت، كه هێزی تاریك‌و وزه‌ی ڕه‌شی ئه‌نفال ئاراسته‌ی ده‌كات به‌ره‌و ناوه‌وه‌ی ئینسانه‌كان، هه‌روه‌ك په‌ناهه‌نده‌كه ده‌رێژه‌ی پێ ده‌دا‌و ده‌ڵێت:
ده‌مزانی ئه‌نفال خۆشم نه‌دۆزێته‌وه
نیازێكم پێده‌زانێ‌و
شوێنپێی خه‌ونێكم هه‌ڵده‌گرێ‌و
به‌ده‌ستی خۆم ئیمزای مردنم پێده‌كا……. (ل72)
ئه‌مه هه‌موو نیاز‌و مه‌رامه گڵاوه‌كانی ڕۆحی شه‌ڕه‌نگێزی ئه‌نفال نییه، به‌ڵكو ئه‌و ده‌یه‌وێ تاكی كورد له هه‌موو بوونێكی مرۆیی داڕنێت‌و وه‌ك جه‌سته‌یه‌كی ئاماده‌كراو بۆ قوربانیكردن‌و وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ ئه‌تككردن، مامه‌ڵه‌ی پێوه بكات‌و ته‌نها مه‌به‌ستێكیش كه بكرێ له‌پێناویدا به‌ركه‌ڵكی بخات، چێژ وه‌رگرتنێتی له‌و به‌قوربانیكردن‌و ئه‌تككردنه به‌رده‌وامه‌ی‌و دواتریش بیگوێزێته‌وه بۆ ئاستی مه‌سخه‌ره‌و مایه‌ی پێكه‌نینێكی كۆمیتـراژیدیایی:
له‌دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو به‌یانیانێ ئه‌نفال
سوار پیكابێكی ئه‌كردم،
ئه‌یفڕاندم بۆ قه‌راخ شار
له‌دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو شه‌وێ ئه‌یدزیم‌و
جله‌كانی دائه‌دڕیم‌و
به زۆر له‌گه‌ڵمدا ئه‌خه‌وت،
له دوای ئه‌وه‌ی خۆی به فه‌نتازیاكانم ئه‌سڕی‌و
ئه‌یخستمه بارمته‌وه‌و
فڕێی ده‌دامه باوه‌شی سه‌ر شۆسته‌یه‌ك
من گوێم لێ بوو ئه‌نفال به پێكه‌نینه‌وه ده‌یگوت:
خه‌یاڵ نه‌كه‌ی لێم ون ده‌بی، من له خوێنتام ………. (ل73 – 74)
قودره‌تی دڕه‌ندانه‌ی ئه‌نفال هه‌ر له‌وه‌دا نامێنێته‌وه، به‌ڵكو هه‌میشه ئه‌و گوتاره مه‌رگهێنه به‌گوێی هه‌ر كوردێكداو له‌هه‌ر كوێیه‌كی جیهاندا بێ، ده‌چپێنێ، كه ئه‌و له هه‌موو شوێنێك ئاماده‌گی هه‌یه‌و ته‌نانه‌ت هه‌ڵگری به‌شێكی زۆریش له سیفات‌و ئه‌دگاره‌كانی خواوه‌ندیشه، به‌ڵام ئه‌م خواوه‌ندی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌نفاله، ئه‌وه‌تا هه‌موو كوردێك له‌و كاتانه‌یدا، كه ئیدی هیچ ده‌روازه‌یه‌كی له‌به‌رده‌مدا نامێنێته‌وه، بۆ ده‌ربازبوون له هه‌یمه‌نه‌تی درژو تاڵی ئه‌نفال، ناچار دان به قودره‌تی خواوه‌ندێتییه‌كه‌یدا ده‌نێت‌و هاوار ده‌كا‌و لێی ده‌پاڕێته‌وه:
ئه‌ی ئه‌نفالی گه‌وره‌تر له گه‌ردوون‌و
ئه‌ی (نادیاری له هه‌موو شوێنێ ئاماده…
ئه‌ی له كه‌س نه‌بووی بێكه‌س‌و
ئه‌ی تاق‌و ته‌نیای خۆڕاگر):
بڵێی شوێنێ له‌ناو هه‌زار به هه‌زاری
ئه‌م ترسه‌دا بۆ من نه‌بێ
كۆپته‌ری هه‌ڕه‌شه‌كانی تۆ بۆی نه‌چێت‌و
په‌پووله‌ی ناو خه‌یاڵی من تیایدا بفڕێ؟ ……….. (ل75 – 76)
وه‌ك چۆن خواوه‌ند له هه‌موو شوێنێكدا بوونێكی ئاماده‌یه‌و هێزو هه‌یمه‌نه‌تی ته‌واویشی به‌سـه‌ر به‌نده‌كانی خۆیدا هه‌یه‌و ئه‌یشتوانێت‌و بۆیشی هه‌یه له‌هه‌ر چركه‌ساتێكدا خۆی بیه‌وێ‌و ئاره‌زووی بكا، گوتاری بوون‌و ئاماده‌گی خۆی بۆ به‌نده‌كانی چه‌ندپاته بكاته‌وه‌و هیچ ده‌روازه‌یه‌كیش نییه ئه‌وان بتوانن له‌ژێر سایه‌ی خودادا لێی به‌ده‌ربن، چونكه ئه‌و چوارده‌وره‌ی گه‌ردوونی ته‌نیوه‌و ته‌نانه‌ت له‌ناو هه‌وایشدا تواوه‌ته‌وه، به‌هه‌مان وێنا، ئه‌نفالیش ئاوا دێت‌و ده‌ڵێت:
خه‌یاڵ نه‌كه‌ی لێم ون ده‌بی، من له خوێنتام.
من له‌ناو چڕڕی ڕه‌نگه‌كاندا ئه‌تدۆزمه‌وه،
من له چاوتام…
خه‌یاڵ نه‌كه‌ی به قاچه‌خه‌ڕێی زووقمدا ده‌رباز ئه‌بی،
ڕه‌قبوونه‌وه‌و هه‌ڵدێرانم‌و له‌سه‌ر ڕێتام
نه‌خه‌ڵه‌تێی به گفته ڕه‌شه‌كانی تاریكایی بۆ ڕاكردن
من ڕاپۆرتم‌و من تۆمارم‌و له گیرفانتام
من ترسم‌و
من هه‌ستی به گوناهكردنم‌و له ده‌روونتام……… (ل73 – 74)
ڕه‌نگه مرۆڤ بتوانێت به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا زاڵ بێت، به‌ڵام ئاسان نییه‌و بگره زۆریش ئه‌سته‌مه، بتوانێت بێ هیچ شه‌كه‌تییه‌كی ڕۆحی، زاڵ بێت به‌سه‌ر ئه‌و هه‌سته‌ی كه له ناوه‌وه ده‌یخوات‌و ونجڕونجڕی ده‌كات، ئه‌و هه‌سته‌ی كه وا له مرۆڤ ده‌كات، گه‌ر هیچیشی نه‌كردبێت، به‌ڵام هه‌میشه خۆی به گوناهكه‌رو گوناهبارێكی گه‌وره تێ بگات، ئاخر دواجار هیچ شتێك نییه، هێنده‌ی هه‌ست به‌گوناهكردنی ناوه‌كی، مه‌ترسیدار بێت بۆ سه‌ر بونیاتی كه‌سایه‌تی مرۆڤه‌كان، ئه‌وه‌تا ئه‌نفال به‌وپه‌ڕی هێزو جه‌به‌روتی خۆیه‌وه، ته‌واوی بوونی خۆی لای ئێمه‌ی كورد دووپات ده‌كاته‌وه، به‌وه‌ی ئه‌و خودی هه‌سته مه‌ترسیداره‌كه‌یه‌و ناكرێ لێمان جیابێته‌وه، چونكه: (من هه‌ستی به گوناهكردنم‌و له ده‌روونتام).
ڕاسته ئه‌نفال وه‌ك كاره‌ساتێك، وه‌ك ڕووداوێكی مێژوویی، هه‌ر دوا به‌دوای چركه‌ساته‌كانی كه‌وتنه‌وه‌و ڕوودانی، ئیدی به‌جێی هێشتین، به‌ڵام ئه‌و جێهێشتنه، ته‌نها له ئاستی مێژووییدایه، ده‌نا مانه‌وه‌ی ئه‌و، مانه‌وه‌یه‌كی ئه‌به‌دییه‌و له‌نێو ڕۆحی تاكه‌كاندا مڵۆزمی خۆی داناوه، تا هه‌میشه له‌گه‌ڵمان بێت‌و هه‌ر هیچ نه‌بێ ناوه‌ناوه، وه‌ك شه‌وه‌و له‌ڕێگه‌ی خه‌ونه‌كانمانه‌وه بێته‌وه لامان‌و بیرمان بخاته‌وه، كه هیچ ڕێگه‌یه‌ك نییه بۆ ده‌ربازبوون، ته‌نانه‌ت گفته‌كانی ئاخیره‌تیش دادی هیچمان نادا‌و هه‌ر ده‌بێ له‌و دنیاش ئه‌نفال یه‌خه‌مان بگرێته‌وه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش ئه‌و چاره‌نووسه به‌دو ناچیزه‌یه، كه یه‌خه‌ی كوردی گرتووه:
له خه‌ونمدا ئه‌نفال، سوێندی ئه‌خواردو ده‌یگوت:
خۆت گێل نه‌كه‌ی به گفته‌كانی ئاخیره‌ت
خۆت هه‌ڵ نه‌گری بۆ باوه‌شی په‌لكه‌حۆری‌و
شیری ناو ڕووباره‌كانی به‌هه‌شت،
دڵ خۆش نه‌كه‌ی به شه‌وه شه‌رابییه‌كانی‌و
شه‌ربه‌ته‌كانی له‌ززه‌ت ………. (ل74 – 75)
ئه‌نفال ته‌نانه‌ت خۆی به سه‌روبۆری ئایه‌ته‌كانی قورئانیش ده‌زانێ، بۆیه (من/ئێمه)ی كورد، كه چاره‌نووسمان مه‌حكومكراوه به ئه‌نفال، ته‌نانه‌ت ناتوانین وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه، ئایه‌ته‌كانی قورئانیش بخوێنینه‌وه، چونكه دواجار ئه‌وه ئه‌نفاله، كه ده‌توانێ به خلیسكانێك (فه‌تحه)یه‌كمان لێ بكا به (كه‌سره)یه‌ك‌و ئیدی هه‌موو ماناكانی ژیانمان لێ بشێوێنێ، هه‌ڵبه‌ت له واقیعیشدا ئه‌وه عه‌قڵییه‌تی ئه‌نفالچییانه‌ی به‌عسه، كه ته‌فسیری ئایه‌تێكی وه‌ك (یسألونك عن الانفال…)ی به‌و ئاقاره‌دا برد، كه له‌ڕێگه‌یه‌وه ڕه‌وایه‌تی به هه‌مه‌جییه‌تی خۆی به‌خشی‌و ئه‌و تراژیدیا گه‌وره‌یه‌ی لێوه به‌رهه‌م هێنا، كه به‌داخه‌وه، نه‌ك هه‌ر له كاتی خۆیدا ویژدانی جیهانی نه‌هه‌ژاند، به‌ڵكو تا نهۆیش دان به‌وه‌دا نه‌نراوه، كه ئه‌نفال به‌ناهه‌ق جینۆسایدكردنی گه‌لێكی سته‌مدیده‌ی ئه‌م ڕۆژهه‌ڵاتی شه‌ڕو خوێنه‌یه.
من سه‌روبۆری ئایه‌تم
مێینه‌یی ناو به‌هه‌شتم
سپیایی ناو چه‌می موققه‌ده‌سی شیر‌و
مه‌ستیی ناو شه‌رابه‌كانم‌و
شیرینایی ڕۆحی كوشنده‌ی شه‌ربه‌ت…
من دنیام‌و ئاخیره‌تم‌و
من كوفرم‌و ئیمانم‌و
من دۆزه‌خ‌و
منم به‌هه‌شت ……….. (ل74 – 75)
ئه‌نفال هه‌ر به‌وه‌شه‌وه ناوه‌ستێ، به‌ڵكو ئه‌و خۆی به‌هه‌شت‌و دۆزه‌خه‌و ئه‌وپه‌ڕی ئیمان‌و ئه‌مسه‌ریشی كوفره‌و هیچ پنتێكیش به به‌تاڵی ناهێڵێته‌وه، تا ڕۆحی قوربانییه‌كانی هه‌ناسه‌یه‌كی لێوه هه‌ڵمژن.
ئێمه ده‌زانین، ئه‌نفال نه ترسی له مێژوو هه‌یه‌و نه ڕێزیش له هیچ پیرۆزییه‌ك ده‌گرێت، به‌ڵام مه‌ترسی گه‌وره له‌وێدایه، كاتێك لێمان ڕوون‌و ئاشكرا بێت، كه ئه‌نفال گه‌وره‌ترێكه له‌و ئاسۆیانه‌ی لێیه‌وه خه‌یاڵی خۆمان به‌ره‌ڵا ده‌كه‌ین، چونكه دواجار ئه‌وی خواوه‌ندئاسا، ده‌ستی ده‌گاته ئه‌و ئاسۆیانه‌ی خه‌یاڵی ئێمه، ئاخر ئه‌نفال ناتوانێ كه‌سی خۆش بوێ، چونكه له زمانی عه‌شق‌و له ڕوانینی خۆشه‌ویستی حاڵی نابێ:
من ئه‌مزانی ئه‌نفال له مێژوو ناترسێ.
من ئه‌مزانی ئه‌نفال گاڵته‌ی به قورئان و
لێپرسینه‌وه‌ی قیامه‌ت و
به فه‌نتازیاو به حه‌ڵاڵ و به حه‌رام دێ
لێم ئاشكرا بوو ئه‌نفال،
گه‌وره‌تره له ئاسۆی خه‌یاڵه‌كانم و
ئه‌مزانی ئه‌و جگه له خۆی ناتوانێ كه‌سی خۆش بوێ ………. (ل77 – 78)
كه‌واته پێویسته تاكی كورد پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌كه بدۆزێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی زه‌مه‌نی ئه‌نفالی پێ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به كه‌سایه‌تییه‌كی تره‌وه، جیاواز له‌و كه‌سایه‌تییه‌ی له سه‌ده‌كانی ڕابردوودا پێوه‌ی ده‌ناسرایه‌وه، ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌و ترسه‌كانی ئه‌نفال‌و یه‌قینه‌كانی خۆی ببێته‌وه، بێگومان هێزی ئه‌و جۆره پرسیاره‌ش، چه‌نده ده‌رئه‌نجامی بیركردنه‌وه‌و چه‌نده ئه‌نجامی كۆشی هزر بێ، ئه‌وه‌نده‌ش پێویستی به جۆرێك له عه‌فه‌وییه‌ت‌و ساده‌یی هه‌یه، چونكه زۆرجار هێزه ترسێنه‌رو زه‌به‌لاحه‌كانی دونیا، ئه‌و هێزانه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای تۆقاندنی به‌رامبه‌ر پێیه‌كانی خۆیان له‌ناو چڵكاوی مێژوویه‌كی ڕه‌شدا گیر‌و ڕاگرتووه، به بچوكترین پرسیاری ئێمه، به ساده‌ترین گومان‌و به كه‌مترین بیركردنه‌وه‌ی ئێمه، ده‌كه‌ونه نێو گه‌وره‌ترین دۆخی شڵه‌ژان‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و لێكترازانه‌وه، هه‌ر به‌وه‌ش له بنجه‌وه هه‌ڵ ده‌ته‌كێن:
ئه‌م پرسیاره چه‌ند له‌پڕو چه‌ند ساده بوو…
ئه‌م پرسیاره چه‌نده له خه‌وندا ئه‌ژیاو
چه‌ند ئه‌نجامی عیباده‌ت بوو،
كه‌چی ده‌مدی:
ئه‌نفال گومانه‌كانی منی ده‌خوێنده‌وه‌و
گرژ ده‌بوو
ئه‌نفال ڕه‌نگی هه‌ڵ ئه‌بزڕكاو
ئیتر ئه‌نفال ده‌چۆوه خۆی،
ژانێ پێچی پێ ئه‌خواردو
ئه‌ڕشایه‌وه!
ئیدی ئه‌نفال شیی ده‌بووه‌و
له شوێنی خۆیدا ده‌مه‌یی و
ئه‌و ئه‌نفاله زه‌به‌للاحه،
ورده ورده ده‌بوو بوخار……….. (ل76 – 77)
ئه‌و ترسه‌ی ئێمه‌ی كورد له ئه‌نفال وه‌ك تراژیدیایه‌ك‌و له زه‌مه‌نی ئه‌نفال وه‌ك ڕووداوێك هه‌مانه، هیچ نییه، به‌ده‌ر له‌و ترسه‌ی كه له‌به‌رده‌م خوڵقاندنی پرسیار‌و گومانه‌كانی خۆماندا هه‌مانه، ئه‌نفال دێت‌و سوود له‌و بۆشاییانه‌ی ناو هزرو زه‌ینی ئێمه وه‌رده‌گرێت‌و ده‌یكاته هه‌وێن بۆ ئه‌و هێزه‌ی خۆی، كه هه‌میشه له‌گه‌ڵماندا بۆخۆی پێی ده‌ژی‌و له‌گه‌ڵا درێژبوونه‌وه‌ی ترسی ئێمه‌دا، ئه‌ویش درێژه به ئاماده‌گی‌و بوونی وه‌هم ئامێزی خۆی ده‌دات، بۆیه دوای هه‌ر كه‌شفكردنێك، دوای هه‌ر پرسیار‌و ئاراسته‌كردنی گومانێك به‌ره‌و ڕووی ئه‌و مێژووه‌ی له پاشمانه‌وه به‌جێمان هێشتووه‌و به‌ره‌و ناو ئه‌و ئاینده‌یه‌ی هه‌نگاوی به‌ره‌و پیریی هه‌ڵده‌نێین، ئه‌وا ئه‌نفالیش به‌ره‌و شیبوونه‌وه‌ی حه‌تمی خۆی شۆڕده‌بێته‌وه‌و ده‌رئه‌نجامیش ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه، كه ئه‌نفال چ نییه به‌ده‌ر له بوونێكی ترسنۆك، چ نییه به‌ده‌ر له ئاماده‌گییه‌كی وه‌همی، كه ئه‌وه‌نده‌ی دروستكراوی ده‌ستی خه‌یاڵه‌كانی خۆمانه، ئه‌وه‌نده بوویه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی نێو واقیعی ژیان نییه، به‌ڵكو ئه‌وه له ئه‌نجامی دره‌نگ هه‌ستكردنی ئێمه‌وه به‌رهه‌م هاتووه. هه‌ست نه‌كردن به زه‌رورییه‌تی پرسیار‌و گومان، هه‌ست نه‌كردن به‌و ترسنۆكییه‌ی خۆی به‌سه‌ر ئێمه‌دا ساغ كردووه‌ته‌وه:
دره‌نگ زانیم ئه‌نفال چه‌نده ترسنۆكه
له به‌رده‌م پرسیاره‌كان‌و
ئاوێنه‌ی گومانه‌كانا…
دره‌نگ زانیم ئه‌نفال
به‌رگه‌ی ڕیوایه‌ته‌كانی عه‌شق و
به‌سه‌رهاتی چیرۆكه‌كانم ناگرێ…
دره‌نگ زانیم ئه‌نفال چه‌نده له زمان‌و
له كه‌شكۆڵه‌كانی سینه‌و هه‌زار به هه‌زاری
سه‌فه‌رنامه‌ی حه‌رفه‌كانی من ئه‌ترسێ ……….. (ل78)
ئـاری عوسمان خه‌یـات
ari.xeyat@yahoo.com
* تێبینی:
(قه‌سیده‌ی زمانی عه‌شق‌و زه‌مه‌نی ئه‌نفال) پێشتر له دوو توێی كتێبێكی سه‌ربه‌خۆدا به‌هه‌مان ناونیشانه‌وه له ساڵی (2000) چاپكراوه، به‌ڵام بۆ نمونه شیعرییه‌كانی ئه‌م وتاره، گه‌ڕاوینه‌ته‌وه سه‌ر هه‌مان قه‌سیده، كه له دوو توێی دیوانی (خودایه بۆ نه‌تكرم به قۆخفرۆش؟، ڕێبوار سیوه‌یلی، چاپخانه‌ی سه‌رده‌م، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2011)، جارێكی تر چاپ كراوه‌ته‌وه.