شه‌یپوره تازه‌كانى شیعر و كه‌ڕبوونى خود …١
خوێندنه‌وه‌یه‌كى ره‌خنه‌یى بۆ شیعرى كوردیى دواى 2000
A desao siamo a mondo ,
ed it treno
vi si ferma una mezz ora
– Volete uva?
ئیسَتا ئێمه له جیهانین
ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ش
دواى نیو كاتژمێر ده‌وه‌ستێ
– پێویستیت به ترێ نیه ؟
(پارچه شیعرێكى فابیۆ كۆرتۆ ى شاعیرى گه‌نجى ئیتاڵییه له كتێبى منداڵ – II bambino، وه‌رگیراوه )
(بۆرخیس) : شیعر واته موزیك (music) و هه‌ست (consciousness).
(ئه‌دۆنیس) : له قورئاندا خودا (God) گوێ له یه‌كه‌مین دوژمنى خۆى كه شه‌یتانه ده‌گرێ .
(بلۆم) : شیعر فێرمان ده‌كا له پێناو داهێنان و واتاى تازه ، فۆڕم تێكبشكێنین .
(كریتیك) لاى (شێكسپیر ) به واتاى تێپه‌ڕاندنى سنووره ئه‌خلاقییه‌كانه . ئه‌خلاق ته‌فسیرێكى تایبه‌تى هه‌یه لاى (شێكسپیر) كه له ده‌قه‌كانیدا ره‌نگى داوه‌ته‌وه . (هاملێت) و (ماكبێس) گوزارشت له فۆڕمێك له ئه‌خلاق ده‌كه‌ن به جیاوازییه‌كانى نێوانیانه‌وه .
لاى (كانت)ى فه‌یله‌سوفى مۆدێرنه ، ره‌خنه واته فۆڕمێك له دادوه‌رى و( هیگل)یش ره‌خنه‌ى به‌و واتایه‌ى (كانت) قه‌بوڵ كردووه و له (ئۆدیسه‌ى رۆح)دا به‌كارى هێناوه.
جوانترین ده‌ق ئه‌و ده‌قه‌یه زۆرترین ره‌خنه (censure) هه‌ڵده‌گرێ و زۆرترین به‌یه‌كداكه‌وتن و جه‌نگى ناوخۆیى له نێوان وشه‌كانیدا رووده دا . وه‌كو پێویستییه‌ك و ئه‌لته‌رناتیڤێك بۆ ستایشكردن، ره‌خنه‌م گرتووه .
ئه‌و میتۆده ره‌خنه‌ییه‌ى ئیشم له‌سه‌ر كردووه ، رێزگرتنه له ماندوبوونى شاعیران و خه‌یاڵدانێك شیعر به‌رهه‌م ده‌هێنێ .
له بازنه گشتییه‌كه‌ى ئه‌ده‌بدا كه په‌یوه‌ندى به بازنه‌ى تریشه‌وه هه‌یه ، ره‌خنه م له ده‌ق و له ره‌خنه خۆشى گرتووه .
له (هاكسلى) ته‌نزنووسیان پرسى:
” تۆش وه‌كو (فرجیناۆڵف) به ره‌خنه‌ى ره‌خنه‌گران دڵته‌نگى”
گوتى :
“نه‌خێر كارم لێناكه‌ن ، چونكه قه‌ت ره‌خنه‌كانیانم نه‌خوێندۆته‌وه ” .
دووپاتكردنه‌وه‌ى روانگه نه‌ریتییه‌كانى دردۆنگى توندرِه‌وانه و پابه‌ندبوون به‌و واقیعه‌ى له وه‌هم و ئه‌ندێشه رووته‌كانه‌وه نزیكه، تاریكستانى فكر به‌رهه‌میه‌تى . ره‌خنه‌گرتن له پاڵ ئه‌وه‌ى پڕِۆسه‌یه‌كى درێژكراوه و درێژخایه‌نى مه‌عریفییه ، دروشم و سیمبوله و له مه‌لجه‌ئى ئه‌ده‌بیى و فكریدا ، خۆمان (منى نووسه‌ر ) و ده‌قه‌كانمان(ده‌قى نووسراو ) ى پێ ده‌ناسینه‌وه.
كه‌سانێك ئه‌و میتۆده‌یان به دڵ نیه و ئه‌م وته‌یه دووباره ده‌كه‌نه‌وه : (شیعر هه‌موو كه‌سێك پێى ده‌وێرێ)، ئه‌م وته‌یه زاده‌ى نه‌بوونى رۆشنبیرییه‌كى فكرى و شیعرییه و دابڕانه له رۆشنبیرى ئێستاى رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات.
ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنه‌ماى شیعرى (نه‌ك پێوه‌رى شیعرى) رێككه‌وتین كه شیعره‌كانمانى له‌سه‌ر هه‌ڵبسه‌نگێنین (وه‌ك ئه‌وه‌ى من هه‌وڵم بۆ داوه) ، ئه‌وا چیتر شیعر بێده‌سه‌ڵات نییه و ته‌نها شاعیره‌كان ده‌توانن بینووسن ، شاعیریش ئه‌وكه‌سه‌یه كه شیعر ده‌نووسێ ، شیعریش واته شیعریه‌ت و شتى تر.
1-رۆمانسیه‌تى ژن و عه‌شقى ناكامڵ
(ئیرۆس eros) وشه‌یه‌كى یۆنانیى كۆنه و گوزارشت له عه‌شق ده‌كا . قسه‌كردن له‌سه‌ر ئیرۆس بۆ نیشاندانى(reference) فۆڕمه‌كانى عه‌شقه .
(ئه‌فلاتون) ئیرۆسى به مانایه‌كى فراوان (baggy) به‌كارده‌هێنا و ماناى ئایدیاى جوانى و شادى پڕوكێنه‌ر و شێتى مه‌ستانه و كۆبوونه‌وه و …هتد ، ده‌گه‌یاند . عه‌شقى هه‌ندێ له شاعیره گه‌نجه‌كان بۆ مه‌عشوقه‌كه‌یان سست و بێ چێژه و ته‌واو پێچه‌وانه‌ى عه‌شقى (ستانداڵ)ه كه پێیوایه ئه‌وكاته‌ى پیاو ده‌كه‌وێته عه‌شقه‌وه ، دانایى له ئاست بینینى شته‌كان وه‌كو خۆیان له‌ده‌ست ده‌دا و ئیرۆس بیركردنه‌وه(meditation) له مردن (death)ساده ده‌كاته‌وه و مردن نرخى له‌ده‌ست ده‌دا ، چونكه له‌و به‌هایه (cost)پتر نییه كه مرۆڤ ده‌یه‌وێ بیداته زۆر شت .
(ئه‌بیكۆر 342 پ.ز – 270 پ .ز) پێیوابوو خۆشویستنى چێژ بناغه‌ى ژیانێكى جوان و ماناداره . عه‌شقى چێژدار پێویستى به مه‌شقكردن هه‌یه .
(ئيبن سینا) عه‌شق به دیارخه‌رى شته‌كانى سروشت داده‌نێ ، عه‌شقیش بۆ دوو جۆر له عه‌شق دابه‌شده‌كا : یه‌كه‌میان سه‌ر به نه‌فسێكى ئاژه‌ڵییه و دووه‌میان به عه‌قڵ به‌ستراوه‌ته‌وه .
بێگومان عه‌شقى شاعيرانمان له جۆرى یه‌كه‌م نیه و هه‌ر ئه‌وه‌ى شاعیر له جنسى مرۆڤه له وه‌ها گومانێك ده‌مانپارێزێ و كه‌ڵكه‌ڵه‌ى وه‌ها گومانێك یان دروستكردنى پرسیار به ئامانجى دروستكردنى گومان ، بێمانایى لێده‌كه‌وێته‌وه و كات به فیڕۆ دانه (مرۆڤبوون به‌و مانایه‌ى له باسه‌كانى پێشوترماندا هاتووه ).
عه‌شقى دووه‌م به بۆچونى من به شێوه‌یه‌كى جوان له لایه‌ن (ئيبن سینا) باس نه‌كراوه ، به‌هۆى تێكه‌ڵییه‌ك له تێگه‌یشتنیدا بۆ فه‌یله‌سوفانى ئه‌وروپا و بوونى هه‌ندێ قه‌ناعه‌تى جێگیر كه دونیایه‌ك جیاوازييان هه‌یه له‌گه‌ڵ تێڕوانینى ئه‌و فه‌یله‌سوفانه‌ى لێیانه‌وه نزیك بووه وه‌كو (ئه‌رستۆ) ، (دیكارت) كه دواتر (غه‌زالى) دێت و ده‌چێته سه‌ر زانستى بیرسا و فه‌لسه‌فه پشت ئه‌ستوور به بیرۆكه‌كانى ( ئیبن سینا)و به‌رنامه‌كه‌ى خۆى كه (به‌رنامه‌ى گومان )بوو .
هه‌وڵ ده‌ده‌م عه‌شقى دووه‌م كه (ئیبن سینا) به (عه‌شقى عه‌قڵانى) ناوى ده‌با، جوانتر شى بكه‌مه‌وه له رێگه‌ى كۆپله شیعرێكه‌وه (ئه‌و ئه‌ركه‌ى ئیبن سینا نه‌یكێشاوه من ده‌یكێشم ) :
به‌ڵام كاتێ كه‌وته نێو له‌پى من…….
مه‌مكى چه‌پى تۆ بوو
له‌و رۆژه‌وه ده‌ستم تۆپه‌ڵێكه له تیشكى خودا
(رزگار جه‌بارى – ده‌ستى سپى )
بۆ دیاریكردنى مه‌وقیعى عه‌شقى شاعير ئه‌وه‌نده‌ى پێویستیمان به عه‌قڵ هه‌یه دوو ئه‌وه‌نده پێویستیمان به گه‌ڕانه‌وه هه‌یه بۆ نه‌ستى عه‌شقه‌كه یان ده‌كرێ بڵێین پێویستیمان به گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى عه‌قڵانى هه‌یه بۆ عه‌شقه‌كه نه‌ك بۆ عه‌قڵ ، دواجار گه‌ڕانه‌وه‌كه خۆى ده‌بێته پاشكۆى ئه‌ركه‌كانى عه‌قڵ ،واته عه‌قڵ رۆڵى هه‌بووه له گه‌ڕانه‌وه‌كه و ئێمه‌ش وه‌كو كائینێكى عاقڵ كرده‌ى گه‌ڕانه‌وه‌مان ئه‌نجام داوه .
گه‌ڕانه‌وه‌كه‌مان خوێندنه‌وه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه (خوێندنه‌وه‌ش تێگه‌یشتن) ، له رێگه‌ى تێگه‌یشتمان بۆ عه‌شقى شاعير كه له تێكسته‌كانیدا چڕ بۆته‌وه ، ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ى ، عه‌قڵانیه‌ت له نێو عه‌شقى عه‌قڵانى شاعيردا ناهاوسه‌نگى دروستكردووه و خۆى فه‌رز كردووه به‌سه‌ر سۆزه عیشقییه‌كان و له زۆر لایه‌نى شیعره‌كاندا عه‌شق عه‌شقێكى عاقڵانه‌ى خاڵى له سۆزه (سۆزى ده‌ره‌وه‌ى عه‌قڵ چونكه له عه‌قڵیشدا سۆز هه‌یه ) .
وه‌زیفه‌ى راسیۆنالیزم (عه‌قڵانیزم) بریتییه له له‌ناوبردنى (annihilation) ئه‌و شته ناعه‌قڵانیانه‌ى پێگه‌ى عه‌قڵ لاواز ده‌كه‌ن و ده‌بنه هۆكارى كه‌مبوونه‌وه‌ى كارایى پراگماتیكى كردار و به (شه‌هوه‌ت) ناوده‌بردرێن .
شارستانیه‌تى مۆدێرنه ئیش له‌سه‌ر سه‌ركوتكردنى شه‌هوه‌ت و گه‌شه‌دان به راسیۆنالیزم ده‌كا به‌بێ ئه‌وه‌ى جۆرێك له رێكه‌وتنى گشتى هه‌بێت بۆ هه‌ردوو چه‌مكى (شه‌هوه‌ت) و (عه‌قڵانیزم) .
(جۆن كیتس) كه پێشڕه‌وى شاعیره رۆمانتیكییه‌كانى ئینگلستان ده‌كا ، ئێستاش قه‌سیده به‌ناوبانگه‌كانى وه‌كو ( قه‌سیده‌ى بولبول) و (قه‌سیده‌یه‌ك بۆ پایز )ى ده‌خوێنرێنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر ده‌كرێ .
رۆمانتیكییه‌كان وه‌كو كلاسیكییه‌كان ئایدیالیست نین و له‌سه‌ر دوالیزمى (جوان و ناشرین) ، (خراپ و باش) ، (راست و چه‌وت) …هتد ، كاریان كردووه. پابه‌ندبوونیان به هه‌ست و خه‌یاڵپه‌روه‌رى به ماناى ونبوونى عه‌قڵ نایه‌ت (هه‌ست په‌یوه‌نییه‌كى ناڕاسته‌وخۆى به عه‌قڵه‌وه هه‌یه ) ، عه‌قڵ ده‌خرێته بارى سڕبوونه‌وه ، ئه‌م هه‌نگاوه به ئامانجى كامڵبوونى ئه‌ده‌بیات ده‌نرێ نه‌ك به ئامانجى دروستكردنى كه‌لێن .
رۆمانتیك سوودی له (شێكسپیر) و ئه‌ده‌بیاتى مه‌سیحى سه‌ده‌كانى ناوه‌ند و ئه‌فسانه‌ى میللى و رێنیسانس وه‌رگرتووه . ئه‌وه ته‌م و مژه رۆمانتیكییه‌كان له كلاسیكییه‌كان جیاده‌كاته‌وه نه‌ك ساده‌بوونه‌وه و كاڵبوونه‌وه :
من له ئاسمان به‌رده‌بوومه‌وه
باران به وشكى له‌سه‌ر
په‌ڕه كاغه‌زێكى باریك ده‌ڕۆیشت
(ته‌یب قادر – من له به‌ینى ئه‌م بۆشاییانه‌ى خواره‌وه‌م)
رۆمانسیه‌ت به‌و مانایه‌ى خستمانه روو ، له ناوه‌وه (inside) و ده‌ره‌وه‌ى (outside) (ته‌یب)دا په‌راوێزخراوه و عه‌قڵانیه‌ت شوێنه‌كه‌ى به‌ناوى خۆى تاپۆ كردووه .
ململانێى (emulation)نێوان عه‌قڵانیه‌ت و رۆمانسیه‌ت له ده‌قه‌كانى شاعیردا ناوه‌ناوه سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه . رۆمانسیه‌ت هه‌وڵى وه‌رگرتنه‌وه‌ى شوێنه داگیركراوه‌كه‌ى ده‌دا ، بێ‌توانایى ئیحساسى رۆمانسیه‌ت كه هۆكاره‌كه‌ى بۆ شاعیر ده‌گه‌ڕێته‌وه نه‌ك بۆ رۆمانسیه‌ت خۆى ، هه‌ر زوو ململانێكه له به‌رژه‌وه‌ندى عه‌قڵانیه‌ت به كۆتا ده‌هێنێ :
من دەزانم هەتا ئەم كۆشى تەنهاییەم پڕبێ لەگەڵا
نایەیت،
دەخیلت بم مەیە
تۆ كەسەردارى ئەم كەلاوەیت
لەوەرزى ڕژانى خوێنى ئەم كارمامزانە
بۆچى هاتیت؟.
(محمد قادر يونس – تۆنایەیت..ئیدى شەڕەكان دەست پێ دەكەن)
ئه‌وكاته‌ى (سپیونزا) كلێساى مه‌حكوم كرد ، له‌به‌ر ئه‌وه نه‌بوو قه‌شه‌كان ئاسۆى بیركردنه‌وه‌ى خه‌ڵكیان داگیر كردبوو ، گه‌ڕاوه بۆ پێكهاته‌ى سۆزدارى مرۆڤ و ئه‌وه‌ى مرۆڤه‌كان وه‌كو خورافه ده‌بینران كه ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندى حوكمڕانه‌كان (قه‌شه‌كان)دا بوو .
كوشتنى رۆمانسیه‌ت له شیعردا زه‌مینه بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى رۆمانسیه‌ت به ئاراسته‌یه‌كى تر و به‌دیويَكى دروستكراو نه‌ك راسته‌قینه بۆ نێو ده‌ق خۆش ده‌كا ، هاوكات جه‌نجاڵكردنى كڕۆكى ده‌ق به نوتفه‌ى رۆمانسیه‌ت ( شێوه‌ى دووه‌مى ) ده‌مانبه‌ستێته‌وه به دونیایه‌یه‌ك له وشه‌ى هه‌ڕاج كرا‌و و سواو و نوته‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ى (موحه‌مه‌د قادر) ئێمه‌ى خستۆته نێو بیرى رۆمانسیه‌تێى دروستكراو و سه‌رى بیره‌كه‌شى له‌سه‌ر داخستووین و ئومێد بڕى كردووین له ده‌ركه‌وتنى دیوى یه‌كه‌مى رۆمانسیه‌ت به بێ كوشتنى دیوى دووه‌مى .
جیاوازى نێوان (ته‌یب قادر) و (موحه‌مه‌د قادر) له‌وه‌دایه ، ئه‌میان رۆمانسیه‌ت به تیرۆركه‌رى ده‌ق داده‌نێ كه بوونى له ده‌قدا ئاماژه‌یه بۆ كرچ و كاڵى و دابڕان له ئه‌ده‌بیاتى نوێ و نغرۆكردنى شیعره له نێو وه‌سیله‌كانى توانه‌وه‌ى وشه و چه‌مك و رسته دا ، ئه‌ویان رۆمانسیه‌ت یه‌كسان ده‌كا به سۆز (سۆزى خاڵى له عه‌قڵانیه‌ت) و به سه‌رچاوه‌ى هه‌ناسه و تاقه نامه‌به‌رى شیعرى داده‌نێ كه به بێ ئه‌و هیچ نامه‌یه‌ك ناگاته خوێنه‌ر .
هه‌ردوو ته‌فسیره‌كه هه‌ڵه‌ن و زاده‌ى نه‌خوێندنه‌وه‌ى (دیوى یه‌كه‌م)ى رۆمانسیه‌ت و (دیوى دووه‌م) ى شیعرن كه ئه‌و دیوه‌یه مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵى شاعیرانه ده‌كه‌وێته‌وه جیا له (دیوى یه‌كه‌م)ى كه تێپه‌ڕێنراوه و گه‌ڕانه‌وه بۆى به زه‌ره‌رى شیعر و قازانجى سۆزى خاڵى له عه‌قڵ ته‌واو ده‌بێت ، سۆزێك كه ماڵیمان ده‌كا و گرێمان ده‌دا به جۆرێك ئایدۆلۆژیاى تۆقێنه‌ر .
كلاسیكیاتى شاعير ئه‌و كاته خۆى مانیفێست ده‌كا كه ئیش له‌سه‌ر عاتیفه و غه‌ریزه ده‌كا . نزیكبوونه‌وه له عاتیفه به ماناى دووركه‌وتنه‌وه‌یه له شوناس (مه‌به‌ست له عاتیفه‌یه‌كى نائه‌قڵانییه ، چونكه زۆربه‌ى عاتیفه‌كان له بۆشایدا درووست نابن و ده‌به‌سترێنه‌وه به فكر) .
شته چه‌سپاوه‌كانیش سوود له عاتیفه وه‌رده‌گرن . گه‌ڕانه‌وه بۆ لقه ئاڵۆزه‌كانى ئه‌ده‌ب و ژانره جیاوازه‌كانى به‌بێ ره‌چاوكردنى پره‌نسیپى یاسایى ، بایه‌خیان نابێ (لێرانه‌دا باسى یاسا ده‌كه‌م و باسى فكر ناكه‌م ، چونكه یاساكان به‌رهه‌مى عاتیفه و فكرن و عاتیفه‌ش وه‌كو به‌شێكى دانه‌بڕاو له فكر باسیكراوه )
نازییه‌كان به به‌رده‌وامى چاودێرى (هایدگه‌ر)یان ده‌كرد ئه‌وكاته‌ى خه‌ریكى وتنه‌وه‌ى وانه‌كانى بوو له‌سه‌ر (نیتشه) ، دكتۆر(هانكه) یان كردبوو به ره‌قیب و سیخور به‌سه‌ریه‌وه كه قوتابى (هایدگه‌ر) خۆى بوو .
(هانكه) ناچار پێى نا به رۆحى خۆیه‌وه و خۆى لاى (هایگه‌ر) ئاشكرا كرد ، ئه‌و خۆ ئاشكرا كردنه نه‌بووه هۆى سڕینه‌وه‌ى رابردوو ، به‌ڵكو رۆحى (هانكه)ى له رۆحێكى چه‌پى سلبییه‌وه گۆڕى بۆ رۆحێكى راستى ئیجابى . (هایدگه‌ر )خۆى باسى ده‌كا :
(هانكه) پێى گوتم كه نایه‌وێ له‌وه زیاتر سیخوڕیم له‌سه‌ر بكا ئه‌وكاته‌ى خه‌ریكى وانه وتنه‌وه بووم له‌سه‌ر (نیتشه) له ساڵى 1937 .
په‌یوه‌ندى تۆكمه‌ى نێوان (هانكه)ى عاشق و (هایدگه‌ر)ى مه‌عشوق و یار له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاشتبوونه‌وه‌ى به‌ر له زویربوونه .
په‌یوه‌ندى هةندىَ لة شاعيرانمان له‌گه‌ڵ یاردا نادیاره و روون نیه له‌سه‌ر چ پێوه‌رێك دامه‌زراوه (عه‌شقێكى بێ بنه‌مایه) . عه‌شقى بێ بنه‌ما : ئه‌و عه‌شقه‌یه كه له رووكاردا جوان و سه‌ره‌نجراكێشه و له جه‌وهه‌ردا بێ جه‌وهه‌ره (جه‌وهه‌رێك بوونى نییه) :
له‌م نزیكانه باخێك هه‌یه ژن ده‌گرێت، به‌ڵام من لوتم بۆن ناكات
ژنێك به ڕێوه‌یه بۆ لام، من بێ ماڵم
چه‌ندین جار ته‌فره دراوم :
كه‌چى هه‌ر ده‌ست ده‌به‌مه‌وه بۆ گوڵه‌باخ !
(سواره نه‌جمه‌دین – قافیه ونه‌كانى جێهێشتن)
ساده نووسین ده‌ره‌نجامى عه‌شقه ناكامڵ و بێ بنه‌ماكانه ، ئه‌مه‌ش مه‌ودایه‌ك ده‌خاته نێوان شیعرى ساده و ئه‌و شیعرانه‌ى به پێوه‌ره شیعرییه مه‌نتیقییه‌كان شیعرن .
پێوه‌ر بۆ شیعر دانانێم ، به‌ڵام هه‌ندێك پێوه‌ر هه‌ن تۆماتیكى دروست ده‌بن له كاتى ئه‌زموونكردنى ده‌قه‌كانى رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوادا ، مه‌به‌ستم له پێوه‌رى ره‌خنه‌ییه و ئێمه ش ئیشمان له‌سه‌ر میتۆدى ره‌خنه‌یى كردووه .
وێنا‌كردنى ژن وه‌ك فریشته بۆ قانعكردنى به‌رامبه‌ر له شیعردا بۆ ته‌قدیس كردنى جێناوى سه‌ربه‌خۆى كه‌سى یه‌كه‌مى تاكه ، ئه‌مه‌ش جێگه‌ى هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه له ته‌واوى مه‌وداكان .
ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ رۆڵى ژن له كارى ئه‌ده‌بیى و هونه‌رى و ته‌وژمى فه‌لسه‌فى نرخى بهێنرێته خواره‌وه . جیاوازى شاعیرێكى وه‌كو (نه‌زار قه‌بانى) له رووه فیكرییه‌كه‌یه‌وه له‌وه‌دایه ، لاى (نه‌زار) ژن جومگه‌یه‌كى جه‌وهه‌رى ژیانه و ناكرێ له ده‌ره‌وه‌ى مه‌سه‌له‌ى بابه‌تێتى و راستى زانستى ، قسه له‌سه‌ر فۆڕم و ناوه‌ڕۆكى ژن بكرێت ،
ده‌بێ ژن وه‌كو ره‌چه‌ڵه‌ك و بنه‌چه ته‌ماشا بكرێ ، به ئامانجى پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و كه‌لێنانه‌ى بۆى دروستكراون و ژنان ئاماده‌ن به پاراستنى نهێنى پیاوه‌كانیان تا ئه‌و شوێنه‌ى پارێزراو بن ، ئه‌گه‌ر هه‌ستیان به‌وه كرد پارێزراو نین و ئازار ده‌درێن ، پیاوه‌كه‌ى ناویان ده‌كه‌وێته جم وجۆڵ و هانیان ده‌دا بۆ وه‌رگرتنى سیفه‌ته بنچینه‌ییه‌كه‌ى پیاو كه توندوتیژییه .
وه‌زیفه‌ى شیعر ته‌قدیسكردنى مه‌خلوقێك (ژن) و ته‌كفیركردنى خالق (خودا ) نیه ، دونیاى شیعر دونیاى رامان و چڕكردنه‌وه‌ى هه‌سته‌كانه نه‌ك قه‌تیسكردنیان له نێو ئایدیایه‌كى ته‌سكدا .
ته‌فسیرى هه‌ڵه بۆ دین ئه‌وه‌یه پێمانوابێ هه‌رچییه‌كمان كردبێ ره‌وایه گه‌ر قسه هاته سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ى دین . وێنه‌ى خودا وێنه‌یه‌كى نارۆشنه و خودا (god) وه‌ك هه‌ر بوونه‌وه‌رێكى دیكه مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا كراوه له شیعرى زۆر له شاعیره گه‌نجه‌كاندا، ئه‌م ناڕۆشنى و تاریكییه‌ى خودا‌ش لاى شاعیرانمان به‌رهه‌مى په‌راویزخستنى ئاینه له دونیاى ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ى شیعردا:
یەک کەعبەم هەیە و
ڕووی
تێدەکەم ئەویش
ژنە
(هاوڕێ ره‌ش – ژن كه‌عبه‌ى خوایه)
زۆرجار ژن له شیعردا بێ رۆحه و جه‌سته‌یه به ته‌نها ، ته‌قدیسكردنێك ته‌قدیسكراوه كه سه‌رچاوه‌كه‌ى ره‌تكردنه‌وه‌ى بوونى ژنه وه‌كو ژن (رۆح + جه‌سته) و بناغه‌كه‌ى به ئامێركردنى ژنه وه‌كو شوێنيَك بۆ دامركاندنه‌وه‌ى شه‌هه‌وه‌ت ،شاعیر باسى ئه‌وه‌مان بۆ ناكا كه ژنان له پیاوانه‌وه فێره توند و تیژى ده‌بن و ژن به‌ر له پیاو په‌ناى بۆ چه‌ك بردووه بۆئه‌وه‌ى له زوڵمى پیاو نه‌جاتى ببێت ، ئه‌وكاته‌ى له ڕووى هێزى جه‌سته‌ییه‌وه ده‌ره‌قه‌تى پیاو نه‌هاتووه .
كه‌واته ژنان دروستكه‌رى چه‌قۆ و شمشێر و تیر و كه‌وان و قه‌ڵغانن و بنچینه‌ى دروستبوونى چه‌كى ئه‌تۆمین ، یان به ته‌فسیرێكى تر بڵێین زوڵمى پیاو بناغه‌ى دروستبوونى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى و توندوتیژییه له دونیادا .
ژن بچوكراوه‌ته‌وه و به‌ستراوه به گوریسى جوانى و كراوه به بووكۆكه و تواناكانى سنووردار كراون ،گوایه ناخى ژن ئه‌وكاته ته‌ژى ده‌بێ له حه‌قیقه‌ت ئه‌گه‌ر درۆى گه‌وره‌ى بۆ بكه‌ین :
مه‌مه‌كه‌كان قه‌باره جیاوازن
ده‌ستم هه‌مان كێشه بۆ گرتن !
زمانم هه‌مان كێشى قه‌باره‌كانه !
(بژار حه‌كیم – هه‌نارى ره‌ش)
(فروغ ) ئیشى له‌سه‌ر غه‌ریزه كردووه له شیعره‌كانیدا و راست هه‌نگاوى ناوه ، چونكه پیاوبوونى له به‌رامبه‌ر ژنبووندا داناوه نه‌ك له ده‌ره‌وه‌ى ، به‌مه‌ش خوێنه‌ره پیاوه‌كان له به‌شێكى شیعره‌كانیدا هه‌ست به‌وه ناكه‌ن له به‌رده‌م شاعیرێكى ئافره‌ت دان ، به‌ڵام شیعرى زۆر له شاعیره ئافره‌ته‌كانمان له دووره‌وه ئاماژه به نووسه‌ركه‌یان ده‌كه‌ن كه ئافره‌تێكه و خوێنه‌ره پیاوه‌كانیش له رێگه‌ى جوڵانه‌وه‌ى غه‌ریزه‌ى پیاوه‌تى له ناخیاندا هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن نووسه‌رى ده‌قه‌كه ژنه . به‌ره‌گه‌زیكردنى شیعر ، زه‌ره‌ردانه له شیعر . له نێوان (فاوست)ى (گۆته) و (مه‌دام بوڤارى) ى (فلۆبیر)دا لێكچوون و جیاوازى هه‌یه. هه‌ردوو ده‌ق باسى ناخێك ده‌كه‌ن كه پاشماوه‌ى هه‌ڵه‌كانه و غه‌ریزه به دوو ئارِاسته‌ى جیاواز پاڵیان پێوه ده‌نێ ، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندى به‌ناخى نووسه‌ره‌كانیانه‌وه هه‌یه ، به تایبه‌تى (فلۆبیر) كه ره‌شبینییه‌كى زۆر به هۆى نه‌خۆشییه‌وه رووى تێكردبوو :
كه ئێواره ئه‌رژێته ته‌نیایمه‌وه
سینگم به عه‌ترى باران ئه‌پێچمه‌وه و …
له هه‌یوانى په‌پووله‌دا
چاوه‌ڕێى هاتنت ده‌كه‌م………
(گوڵباخ به‌هرامى- سه‌رخۆش بوون له به‌رائه‌ت)
ژنێكى وه‌كو (دۆرۆپى پاركێر 1893 – 1967) (doropi parker) كه له بوارى ئه‌ده‌بیاتدا كارى كردووه ، وه‌كو ژنێك ته‌نز و ساتیرى به كاریگه‌رترین چه‌ك داناوه بۆ راستكردنه‌وه‌ى ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ى مرۆڤه‌كان ده‌یانكه‌ن .
له كۆى ده‌قه‌كانى (گوڵباخ)دا هیچ ته‌نز و ساتیرێكى جوانم نه‌بینى . هه‌ڵبه‌ت من له خاڵه‌ێكدا له‌گه‌ڵ (دۆرۆپى )ناكۆكم ، ئه‌و سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى ریفۆرمى كۆمه‌ڵایه‌تى ته‌قلیدى به كارى هونه‌ر دانه‌ده‌نا ، به‌ڵام باوه‌ڕى وابوو كه هونه‌ر ده‌توانێ جۆرێك گۆڕانكارى كۆمه‌ڵایه‌تى به زه‌قى بكا ، به پێچه‌وانه‌ى من كه ئه‌و گۆڕانكارییانه به ئه‌ركى هونه‌ر و ئه‌ده‌ب نازانم ، مه‌گه‌ر تیشك خستنه سه‌ر هه‌ندێ كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ده‌ستكارییه‌كى ئه‌ده‌بییه‌وه وه‌زیفه‌ى هه‌ندێك ژانرى ئه‌ده‌بى بێت له‌وانه (چیرۆك) ، به‌ڵام ئه‌مه بۆ شیعر دروست نیه.
(جیمز گرۆڤێر تێربێر) ى ته‌نزنووس و كاریكاتێریست ، له رێگه‌ى ته‌نزه ساده‌كانیه‌وه گرفته گه‌وره‌كانى كۆمه‌ڵگاى نیشان ده‌دا ، (گوڵباخ) ته‌نزى نه‌كردۆته وه‌سیله‌ى نیشاندانى شتێك كه شیاوى شیعر بێت :
شه‌قام سه‌رماتیه
من و جانتاكه‌ت
تا دیته‌وه له سه‌فه‌رتین
تۆ چه‌تره‌كه‌ت بگره به سه‌رماندا
با خه‌ون بمباته‌وه بۆ خه‌ونه‌كانمان و…
(به‌هار حوسێنى – هاویه)
(ساندرا هاردینگ ) ى نووسه‌رى فێمێنیست ، ره‌خنه ده‌گرێ گوایه ئۆبژێكتڤیزم و پۆست مۆدێرنیزم تاقه‌تى هه‌ڵگرتنى پڕۆژه‌ى فێمێنیستیان نیه و بناغه‌یان بۆ ره‌خنه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى نیه ، به‌ڵام (به‌هار) ئه‌ركى هه‌ڵگرتنى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ى خستۆته ئه‌ستۆى شیعره‌وه .
(به‌هار) وه‌كو (گوڵباخ به‌هرامى) باسى ره‌گه‌زى خۆى ده‌كا ، ئه‌سڵه‌ن له شیعرى ئه‌ودا نه‌ك هه‌ست به‌وه ده‌كرێ شاعیره‌كه كچه ، به‌ڵكو شێوه‌ى كچه‌كه‌ش به‌رجه‌سته بووه و (به‌هار) باسى ژنبوونى خۆى ده‌كا .
(به‌هار) وه‌كو هه‌ڵگره‌وه‌ى شوێن پێى ژنبوونى خۆى ده‌رده‌كه‌وێ به‌بێ ئه‌وه‌ى ته‌فسیرێكى شیعرى جوانمان بۆ ژن‌بوون پێشكه‌ش بكا . شوێنكه‌وتنى ئه‌وى دى به بێ تێگه‌یشتن لێى له شیعردا زیانبه‌خشه له ده‌ره‌وه‌شیدا هه‌روایه .
(به‌هار ) وه‌كو فێمێنیستێك ده‌نووسێت . به‌شێك له فێمێنیسته‌كانی خۆیان به هه‌ڵگره‌وه‌ى شوێن پێى (ماركس) داده‌نێن ، به‌بێ ئه‌وه‌ى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى ماركسیان له‌به‌ر چاو گرتبێت .
(ماركس)ى هه‌ژار كه به كۆمه‌ڵناس و ئابووریناس و فه‌یله‌سوف و مێژوونووس و ….هتد داده‌نرێت ، ژیانى هاوسه‌رى له‌گه‌ڵ كچێكى ده‌وڵه‌مه‌ند پێك هێنا ، وه‌ك ده‌گوترێ به زمانه لووسه‌كه‌ى هه‌ڵى خه‌ڵه‌تاندووه و فریوى داوه .
مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ژنه كه‌ى مامه‌ڵه‌یه‌كى وشك و وه‌رسكه‌ر بووه ، قه‌ت بیرى له كاركردن و دابینكردنى بژێوى ژیانى خێزانه‌كه‌ى نه‌كردۆته‌وه تا له‌و هه‌ژاریه‌ى تێى كه‌وتبوون نه‌جاتیان بدا .
هه‌موو كاتى خۆى بۆ نووسینى ( سه‌رمایه) ته‌رخان كردبوو . خێزانه‌كه‌ى وه‌كو گه ر‌یده هه‌ر ماوه‌یه‌ك بارگه‌ى خۆى بۆ وڵاتێك ده‌گواسته‌وه . له هه‌مووى كاریگه‌رتر : ئه‌وكاته‌ى هاوسه‌رى بۆ ده‌ستخستنى بڕێك پاره ده‌چێته لاى (لیۆن فلیبس)ى خاڵى سه‌رمایه‌دارى ( ماركس) ، (ماركس) خیانه‌تى لێده‌كا و له‌گه‌ڵ ژنه خزمه‌تكارێكى شۆخ و شه‌نگ كارى ناشه‌رعى ده‌كا به‌ناوى (هێلین دلمۆس) ، ئه‌نجامى ئه‌م كاره‌ش خستنه‌وه‌ى منداڵێكى زۆڵ بوو كه له له‌نده‌ن ژیاوه و له‌وێشدا مردووه .
له كاتى ناپاكییه‌كه‌دا خێزانى (ماركس) به ده‌ست ئێش و ئازارى منداڵبوونه‌وه ناڵاندویه‌تى . ده‌بێ ئه‌و منداڵه زۆڵه‌ى (ماركس) خستیه‌وه چۆن ژیانێكى هه‌بووبێ ؟!!
كه‌واته فێمێنیستییه‌كان و شاعیره‌كانیان له‌ناویان (به‌هار حوسێنى) ، به‌ر له هه‌ر كه‌سێك پێویستیان به‌ره‌تكردنه‌وه‌ى (ماركس) هه‌یه ، ئه‌گه‌ر ماركسیزمیش ره‌ت نه‌كه‌نه‌وه ، ده‌بێت قسه‌یان هه‌بێت . .(لێره باسى ماركسمان كرد وه‌كو نموونه‌یه‌ك بۆ دونیاى ده‌ره‌وه‌ى شیعرى كه په‌یوه‌ندى هه‌یه به‌دونیاى ناوه‌وه‌ى شاعیر )
2- به فه‌لسه‌فیكردنى شیعر و به شیعریكردنى فه‌لسه‌فه خودى و ناخودییه‌كان :
قۆناغى ئاوێته‌كردنى رووبار‌ى شیعر و ئۆقیانوسى فه‌لسه‌فه له دواى (هیگل)ه‌وه نما ده‌كا ، به بێ ئه‌وه‌ى شاعیران هه‌ستیان به‌و ئاوێته‌كردنه كردبێت . لاى (ئالان بادیۆ) ئه‌و قۆناغه له (هۆڵدرین)ه‌وه ده‌ستپێده‌كا و به (پۆڵ سیلان) كۆتایى دێت ، له نێوان سه‌ره‌تا و كۆتایشدا ، (مالارمێ) و (پیسوا) و (ماندلیستام) و (ریمبود) و (تراكیل) ده‌بینرێن .
یه‌كه‌مین زه‌نگى فه‌لسه‌فه كه له سه‌رده‌مى گریكییه‌كاندا شیعر ده‌ستى پێوه‌نابێت ، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌ر له (سوقرات) و بۆ (هێراكلیتس _ ئه‌ناكسمنده‌رس_ دێمۆكرێتس) ، به‌ڵام ئه‌م سیانه نه‌یانتوانى تایبه‌تمه‌ندى زه‌نگ لێدانه‌كه دیاریبكه‌ن . (هۆڵدرین) په‌یوه‌ندی دروستكرد و له شیعردا پرسیارى له “بوون” كرد ، ئه‌مه‌ش بناغه‌ى فه‌لسه‌فه‌ى (هایدگه‌ر) بوو كه به دروستكردنى پردێك له‌گه‌ڵ شیعره‌كانى (هۆڵدرین) ،زه‌مینه‌ى بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ى پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌كه‌ى ” بوون چییه؟” خۆش كرد ، ئه‌و بوونه‌ى له لێكۆڵینه‌وه ئه‌نتۆڵۆژییه‌كانیدا مانیفێست بووه و بناغه‌ى ره‌خنه‌كانى بووه له گوتارى میتافیزیكى رۆژئاوادا ، ئه‌مه‌ش له (پلاتۆ) وه تا (نیتشه) ده‌گرێته‌وه . له‌كن (هایدگه‌ر) بوونه‌وه‌ر له ده‌ره‌وه‌ى بوون بێ مانایه و بوونیش به‌بێ بوونه‌وه‌ر پارێزراو نیه .
شیاوه فه‌لسه‌فه ببێته دایكێك و سێكس له‌گه‌ڵ هزرى نووسه‌ر(كه رۆڵى باوك ده‌بینێ له ئانى سێكسه‌كه‌دا ) بكا و منداڵێك كه ( ئه‌ده‌ب) ه بخاته‌وه . ده‌قى (به‌ناوى گوڵ) و (بندۆڵ فۆكۆ) ى ( ئه‌مبرتۆ ئیكۆ) ى فه‌یله‌سوفى كه‌لتوور كه له 1932له ئیتاڵیا له دایكبووه ، یه‌كه‌میان باسى بار و دۆخى سه‌ده‌كانى ناوین ده‌كا و ئه‌وى تریان له باره‌ى خاوه‌نى چاپخانه‌یه‌كى ئیتاڵییه كه له فه‌زایه‌كى كراوه‌ى فه‌لسه‌فیدا نووسراوه (فه‌لسه‌فه به‌ئه‌ده‌بى كراوه ) .
كه‌ڵكه‌ڵه ئه‌ده‌بییه‌كان له ژێر گوشارى خوددا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن . شاعیره (عیرفانى) و (سۆفییه‌كان)مانن هه‌وڵى شیكارى فه‌لسه‌فییان داوه له شیعردا ، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندى نێوان شیعر و شاعیر ، خود و گوشاره خودى و ناخودییه‌كانمان نیشان ده‌دا.
تۆم هه‌بێت
بۆ یه‌كه‌مین جار سه‌یرى یارى تۆپى پێده‌كه‌م
ده‌بمه هانده‌رى هه‌مان یانه‌ى تۆ .
(داستان به‌رزان _ تۆم هه‌بێت)
له دێرى دووه‌مدا هه‌ڵه‌یه‌كى رێزمانى زۆر سه‌یر كراوه ، كارى (ده‌كه‌م) نووسێنراوه به وشه‌ى (تۆپى پێ ) وه ، ده‌بوایه بنووسرێ : ( بۆ یه‌كه‌مین جار سه‌یرى یارى تۆپى پێ ده‌كه‌م ) ، ئه‌مه سه‌ره‌راى نه‌بوونى فه‌لسه‌فه‌یه‌كى دیاریكراوى سه‌ر به رێبازێكى فكرى یان سه‌ر به (داستان) خۆى ، له‌م دێره و كۆى دێره‌كانى تر‌ى شاعیر .
ئه‌فسانه‌یه‌كى كۆنى یۆنانى هه‌یه باسى عه‌شقى خواوه‌ندى هه‌یڤ ده‌كا بۆ شوانێكى لاو . ئه‌و ئه‌فسانه‌یه به‌شیعریكرا ئینجا بووه سه‌رچاوه‌ى ئیلهامى به‌رهه‌مى (ئیندیمیۆن) ى (جۆن كیتس 1795- 1821) .(كیتس) له به‌رهه‌مى (شه‌وى جه‌ژنى سه‌ن ئاگینس – 1819)دا پشتى به ئه‌فسانه‌یه‌كى سه‌ده‌كانى ناوه‌ڕاست به‌ستووه كه ده‌ڵێت : هه‌ر كچێك به‌رۆژوو بێ له شه‌وى جه‌ژنى ئاگینس و به‌وحاڵه‌شه‌وه بخه‌وێ ، له خه‌ویدا ئه‌و كه‌سه ده‌بینێ كه له داهاتوودا ده‌بێته هاوسه‌رى :
گه‌ردوون بۆ ئه‌وه دروست نه‌بووه
مرۆڤ هه‌ناسه‌یه‌كى ئاسوودانه‌ى تیا هه‌ڵمژێ
(سۆران ئازاد – گه‌ردوونێك دوور له خۆم)
(سۆران) به قوڵى چۆته نێو كایه‌ى فه‌لسه‌فه بۆ نووسینى ده‌قى شیعرى ، فه‌لسه‌فه سه‌رچاوه‌ى شیعره‌كانیه‌تى به تایبه‌تى ئه‌و فه‌لسه‌فانه‌ى باسى خود ده‌كه‌ن ، فه‌لسه‌فه وه‌ك ئه‌فسانه‌یه‌كى ده‌ستكردى به‌شیعرینه‌كراو ده‌رده‌كه‌وێ .
ئه‌مه هه‌مان كێشه‌ى (بڵند باجه‌لان)یش بوو له ده‌قه سه‌ره‌تاییه‌كانیدا .ده‌كرێ سوود له‌و ئه‌زموونانه‌ىى (كیتس) وه‌رگرين كه له سه‌ره‌وه خستماننه روو ، سوود له مامه‌ڵه‌كردنى شاعیرانه ى (رامبۆ) له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه له (دره‌وشانه‌وه ) و (وه‌رزێك له دۆزه‌خ) دا وه‌رگرين .
(ئیلیۆت 1888- 1965) له شارى ئۆكسفۆرد فه‌لسه‌فه‌ى خوێندووه و له قه‌سیده‌ى (وێرانه خاك)دا كه وه‌رگرى خه‌ڵاتى نۆبڵى(1948) ه كه‌ڵكێكى شاعیرانه‌ى له فه‌لسه‌فه وه‌رگرتووه نه‌ك فه‌یله‌سوفانه .
(بۆدلێر 1821- 1867) ى شاعیر و ره‌خنه‌گرى فه‌ڕه‌نسى و باوكى مۆدێرنه (به‌دیهێنه‌رى مۆدێرنیزمى جوانیناسى ) ، پێیوابوو جوانییه‌ك بوونى نییه كه هه‌مووان تواناى قه‌بوڵكردنیان هه‌بێت . بۆ خوڵقاندنێكى جوانيى(جوانى) ، سه‌ربه‌خۆبوون (تاكبوون) مه‌رجه . ئه‌و یه‌كێك بوو له‌وانه‌ى پێیوابوو هونه‌ر بۆ هونه‌ر خوڵقاوه نه‌ك بۆ خزمه‌تى مه‌به‌ستى ئه‌خلاقى و كۆمه‌ڵایه‌تى (وه‌ك ئه‌وه‌ى لاى سۆران به‌دی ده‌كرێ ) . (ده‌یڤید هارۆى) پێیوابوو (بۆدلێر) مۆدێرنه‌ى جوان ته‌وزیف كردووه :
مۆدێرنه تێپه‌ڕ و ماوه كورت و مه‌رجداره ، نیوه‌ى هونه‌ره نیوه‌كه‌ى تر‌ى هه‌رمان و نه‌گۆڕه .
هه‌وڵدان بۆ ساده‌كردنه‌وه‌ى ئاڵۆزه‌كان و ئاڵۆزكردنى ساده‌كان ، وه‌كو گه‌مه‌یه‌كى زمانه‌وانى وایه ، زۆرجار بوونى پێویسته له ده‌قدا . له دووماهییه‌كانى سه‌ده‌ى هه‌ژده‌هه‌م چه‌ند كایه‌یه‌كى جه‌وهه‌رى مۆدێرنه كه‌وتنه‌وه :
1/ زینده‌وه‌رزانى : ئه‌ركى لێكۆڵینه‌وه بوو له‌بوونه‌وه‌ره زیندووه‌كان .
2/ ئابوورى :وه‌زیفه‌كه‌ى لێكۆڵینه‌وه له سامان و وه‌به‌رهێنان و دابه‌شكردنى به‌رهه‌م بوو .
3/ زمانناسى : بایه‌خى ده‌دا به‌ڕاڤه‌كردنى گۆڕانكارى سیسته‌مه ده‌لالییه‌كان .
یه‌كێك له گرینگ‌ترین مه‌سه‌له‌كان كه په‌یوه‌ندى به‌ئه‌ده‌ب و مۆدێرنه‌وه هه‌یه مه‌سه‌له‌ى زمانه ، كه نابێ زمان بچێته ژێر ركێفى ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ى له ده‌ره‌وه‌ى ده‌ق بۆى دیارى ده‌كرێن ، به‌ڵكو ده‌بێ ده‌قه‌كه وه‌زیفه‌ى زمان دیارى بكا . فه‌لسه‌فه وه‌زیفه‌ى زمانى دیاریكردووه له شیعرى (سۆران)دا .
(سارته‌ر) پێشه‌كییه‌كى بۆ كۆى شیعره‌كانى (مالارمێ) نووسیوه و باسى (خۆكوشتنى شیعر ) ده‌كا :
له‌لاى مالارمێ به گشتى ره‌شبینییه‌كى میتافیزیكى به‌دیده‌كرێ ….
(مالارمێ )ى ره‌شبین حه‌زى له خه‌یاڵى خۆكوشتن ده‌كرد و به تاقه كردارى سه‌ربه‌ستانه‌ى مرۆ ناوى ده‌برد
خۆكوژى (به‌له‌عنه‌تكردنى خود ) وه‌كو دیارده‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى له كتێبى (خۆكوژى) ى( دۆركهایم)دا هاتووه . هۆكاره‌كانى خۆكوژى كه تاك دنه ده‌ده‌ن لاى (دۆركهایم) ره‌گه‌ز و دیمۆگرافى و تێكشكانى ده‌روونى و هتد ده‌گرێته‌وه ، كه دواجار ئه‌و هۆكارانه ده‌بنه پاشكۆى شتێكى گرنگتر كه نایه‌كسانییه وه‌كو پێودانگێك بۆ دۆخه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان .
لێره‌وه (دۆركهایم ) كۆمه‌ڵگه به‌سه‌ر دوو سیسته‌مى كۆمه‌ڵایه‌تى (كۆمه‌ڵگه‌ى میكانیكى و كۆمه‌ڵگه‌ى ئۆرگانیكى) كه په‌یوه‌نییان به رادده‌ى په‌یوه‌ستبوونى تاك هه‌یه ، دابه‌ش ده‌كا و پێیوایه دینامیزمێكى به‌هێزه بۆ پرسى (collective) .
(دۆركهایم ) چوار نموونه‌ى جه‌وهه‌رى خۆكوشتن ده‌خاته روو :
1- خۆكوشتى خۆویستانه
2- خۆكوشتنى خۆ به‌خشانه (egoistic)
3- خۆكوشتن له ژێر زه‌بردا
4- تێكه‌ڵى .
خۆكوشتنى (رێبین) له جۆرى دووه‌مه .
دوو جۆرى سه‌ره‌كى نه‌مردن هه‌ن ، یه‌كه‌میان نه‌مردنى دواى بێ ئومێد بوون له ژیان (وه‌ك ئه‌وه‌ى لاى رێبین هه‌یه ) .
هه‌موو رێگاكانى خۆكوشتنم تاقى كردنه‌وه
خۆفڕێدان له‌سه‌ر قه‌نه‌فه
خۆ خستنه ژێر ئۆتۆمبێلێكى منداڵان
سه‌ر خستنه نێو ته‌شتێكى به‌تاڵ………
(ريَبين )له كۆتایشدا ده‌ڵێ :
هه‌موو رێگاكانى خۆكوشتنم تاقیكردنه‌وه و هه‌ر زیندووم
با زیاتر بژیم زیاتر
(رێبین ئه‌حمه‌د خدر – ڕێگاكان)
دووه‌میان نه‌مردنێك كه له كۆتاییه دووره‌كه‌يدا ژیان خۆى مه‌ڵاس داوه ، نه‌مردنى دواى كۆتایى هاتنى ژیان (نزیكبوونه‌وه له كۆتایى)ى پێ ده‌ڵێن وه‌ك ئه‌وه‌ى ( نیتشه) له قۆناغێكدا تووشى هات .
ئه‌ده‌ب له سێبه‌رى ناكۆكى مردن‌دا بوونى هه‌یه وه‌كو ئه‌ده‌ب ، یان مردن ( death) ناسنامه‌ى چه‌پاندن و ئه‌ده‌ببوونێكى شڵۆقى پێده‌دا ؟ فكرێك حه‌ز به مردن بكا و ژیان لاى هیچ بێت ، ره‌وایه شیعرێك كه له‌سه‌ر بنه‌ماى مه‌عریفه‌ى خه‌یاڵ بونیاد نراوه بنووسێ و بكه‌رێكى ئه‌كتیڤ بێت ؟ .
(عه‌بدولڕه‌حمان مونیف ) به رێگا سه‌خته‌كه‌ى سیاسه‌ت تێپه‌ڕى تا گه‌یشته سه‌رزه‌مینى ته‌ختى ئه‌ده‌ب ، ده‌قه‌كانیشى ره‌نگدانه‌وه و ده‌نگدانه‌وه‌ى ناخ و جه‌وهه‌رى میلله‌ته‌كه‌یه‌تى ، سیاسه‌ت نزیكى كرده‌وه له خه‌ڵك و ئاوێته‌ى په‌ژاره‌كانیانى كرد و له نهێنى بورجه‌كانى هه‌ژارى گه‌یاند ، دواجار كه ده‌ستى به نووسین كرد ئه‌مه‌ى قۆزته‌وه و له رۆمانه‌كانیدا ئیشى له‌سه‌ر كرد .
( رێبین)یش مردن ده‌قۆزێته‌وة و راسته‌وخۆ بێ یان ناراسته‌وخۆ ده‌یگوازێته‌وه نێو پانتایى هه‌ست و نه‌ستى ده‌قه شیعرییه‌كانى ، به‌ڵام گواستنه‌وكه به شێوه‌یه‌كى ئۆرگانیكى و پته و نیه .
ئیشى شاعیر به‌لاوه‌نانى چه‌مكه ئاكارییه‌كان نیه به مه‌به‌ستى شكست هێنان به سیسته‌مێكى فكرى دیاریكراو ، له خودى سیسته‌مه ئه‌وروپى و ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌شدا ریسوایى ئاكارى فاكته‌رى روخانى ده‌سه‌ڵاته ، ئه‌وه‌ى شكست به ته‌قلید ده‌هێنێ شاعیرانێك نین كه مردن ئه‌زموون ده‌كه‌ن ، نایه‌كسانى ته‌قلید خۆیه‌تى .
هەردوو دەستم بەسەرمەوە گرتووە
دەبێ وای بقوپێنم
هیچ تەنەكەچییەك بۆی ڕاست نەكرێتەوە
(هيَمن عوسمان عه‌بدولا – هیچ)
(هێمن ) ده‌یه‌وێ وه‌كو كه‌سێكى خۆشبه‌خت و گه‌شبین و ژیان دۆست شته‌كان یه‌كسان بكا به هیچ و به ژیان واتاى ژین بگۆڕێ…
(مردنى خودا ) و (مردنى بكوژى خودا ) ده‌بن به بناغه‌ى میتافیزیكى هیچگه‌رایى (نیتشه) ، (هێمن ) هیچگه‌رایى كردووه به گه‌مه‌یه‌كى شیعرى یۆتۆپى و له سیاقه فه‌لسه‌فییه‌ى هه‌یه‌تى دایبڕاندووه و بێ ئاگایانه گۆڕانێكى رادیكاڵى كردووه . بۆ نووسینى شیعرێكى له‌و شێوه‌یه پێویستیمان به خوێندنه‌وه و شیكردنه‌وه‌ى قوتابخانه فكرییه‌كان هه‌یه (ئه‌وانه‌ى باسى هیچاندن و هیچبوون ده‌كه‌ن) تا نه‌بینه گه‌واهێكى هه‌میشه‌یى بۆ زه‌بوونى و ملكه‌چى خوێنه‌ر. بۆ تێگه‌یشتن له (نیتشه) پێویستیمان به خوێندنه‌وه‌ى كۆى فكره‌كانى هه‌یه چونكه بۆچوونه‌كانى به شێوه‌یه‌كى سیسته‌ماتیك و زنجیره‌یى دانه‌ڕشتووه تا له مرۆڤى به‌رز (سۆپه‌رمان) كه ئامانجى (نیتشه)یه له فه‌لسه‌فه‌كه‌ى بگه‌ین، ئه‌وانى خستۆته نێو ئه‌فۆریزم و لێكچواندنه‌وه . لاى (هيَمن) بوونى مرۆڤ وه‌كو بوونێكى ئاگامه‌ندانه هاتووه كه‌چى له پڕێكدا یه‌كسانكراوه به هیچ . (هێمن)ى شاعیر (دیكارت) و (ئه‌فڵاتون)م بیر ده‌هێنێته‌وه كه له ئه‌پسمۆلۆژییه‌وه چوونه سه‌ر ئه‌نتۆلۆجى و نه‌یانده‌زانى ئه‌نتۆلۆجى بناغه‌ى ئه‌پسمۆلۆژییه .
( له تافى لاوی‌دا سه‌ردانى مامۆستا و پیاوچاكه‌كانم ده‌كرد بۆ سه‌لماندنى ئه‌و بۆچونانه‌ى هه‌مبوون كۆمه‌ڵیك فاكته‌رم ده‌بیستن ، به‌ڵام له هه‌مان ئه‌و ده‌رگایه‌ى ده‌چوومه ژووره‌وه ده‌گه‌ڕامه‌وه )
ئه‌م وته‌یه‌ى (خه‌یام) ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌ى لێده‌گیرا كه ناكرێ مرۆڤ بچێته لاى پیاوچاك و شاره‌زاكان شتیان لێوه فێر نه‌بێت ، وه‌ك ئه‌وه وایه له مزگه‌وت بچیته ده‌ره‌وه و عه‌قڵت به هه‌مان شێوه‌ى نه‌عله‌كانت بخه‌یته ژێر باڵته‌وه .
ره‌خنه‌گر له سیاقى كامڵ بووندا دركى به‌و شیعریه‌ته نه‌كردووه كه له وته‌كه و ره‌هه‌نده‌كانى ره‌مزیه‌تدا خۆى مانیفێست كردووه . شیعریه‌ت چڕبوونه‌وه‌ى حاڵه‌تێكى واقیعى و زانستى نییه و قسه‌كردن له‌سه‌رى خۆگرێدانه به گوریسى بێمانایى . له شیعره‌كانى ( غه‌مگین)دا شیعریه‌ت به وێنه و رایه‌ڵه‌یه‌كى فكرى و مه‌عریفى((familiarity خۆى نه‌خستۆته روو و وه‌كو موعاده‌له‌یه‌كى ته‌م و مژاوى له چه‌ندین شوێن به‌یان نه‌بووه ، شیعریه‌تێكه ده‌كرێ ببینرێ به‌ڵام ناكرێ بكرێته میكانیزمى به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى ره‌خنه ، لێدوان له شیعریه‌ت رشتنى خوێنى شیعره (poem) و نووسینه‌وه‌ى نه‌هامه‌تییه‌كانه به خوێنى ئه‌ده‌ب ، ئێمه ته‌نها قسه له‌سه‌ر جۆرى شیعریه‌ت ده‌كه‌ین . ره‌نگه من به‌و بۆچونه‌م بكه‌ومه ژێر ره‌خنه‌ى ره‌خنه‌گرانه‌وه وه‌ك چۆن (رۆلان بارت) له كتێبى (ئه‌فسانه‌ناسیدا – fable logy) ره‌خنه له ره‌خنه‌گره‌كان ده‌گرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێیانوایه ده‌قێك كه ئه‌وان تێى نه‌گه‌ن خوێنه‌ریش تێى ناگا .
گرژى ره‌خنه‌گره كۆنه‌كان گه‌یشته ئاستێك كه ده‌قه‌كانى (بارت) به بێ به‌ها و سه‌لیقه له قه‌ڵه‌م بده‌ن ، دواجار (بارت ) وه‌ڵامى به‌شێك له ره‌خنه‌گره كۆنه‌كانى دایه‌وه له كتێبى (ره‌خنه و حه‌قیقه‌ت ) .
گرنگه ره‌خنه‌گره‌كان گوێ به بۆچونى جیاواز بده‌ن و كار بۆ به‌ته‌خته‌بوون و به‌به‌فربوونى عه‌قڵ نه‌كه‌ن .
(ئه‌دۆنیس) له‌مه‌ڕ عه‌قڵى جیاوازى (detached) عه‌ره‌به‌وه ده‌ڵێ : له قورئاندا خودا ((God گوێ بۆ یه‌كه‌مین دوژمنى خۆى كه شه‌یتانه((Beelzebub ده‌گرێ .
خانووه‌كان ژیانن
مرۆڤه‌كان كرێچى خودا
مردن كرێى هه‌مووان وه‌رده‌گرێ .
(غه‌مگین بۆڵى – رووتبوونه‌وه‌ى وشه‌كان)
ره‌نگه وه‌زیفه‌ى شیعر وروژاندنى هه‌ندێك پرسیارى فه‌لسه‌فى بێت به‌ڵام وه‌زیفه‌كه‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و پرسیارانه نیه وه‌ك ئه‌وه‌ى (غه‌مگین) هه‌ڵساوه به وه‌ڵامدانه‌وه‌یان .
ده‌كرا (غه‌مگین) بڵێ :
خانووه‌كان چین؟
مرۆڤه‌كان كرێچین ؟
كێ كرێى هه‌مووان وه‌رده‌گرێ ؟
له‌كۆى ده‌قه‌كانى ( غه‌مگین) دا هه‌ستم به وروژاندنى هیچ پرسیارێكى گه‌وره‌ى فه‌لسه‌فى نه‌كرد ،بگره (غه‌مگین)زۆر به‌شێوه‌یه‌كى موتڵه‌ق وه‌ك ئه‌وه‌ى له غه‌یبه‌وه هاتبێته‌وه ده‌نووسێ ، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ هه‌ستم به فه‌لسه‌فه نه‌كردبێ .
(هۆڵۆكۆست) وه‌كو رووداوێكى نامۆڕاڵى و ناهیومانى ، به‌رهه‌مى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى راسیۆنال و مۆدێرنه ، ئه‌وانه‌ى له هۆڵۆكۆست گه‌ڕاونه‌ته‌وه ده‌توانن بیگێڕنه‌وه نه‌ك ئه‌وانه‌ى له كاتى رووداوه‌كه‌دا خه‌ریكى خواردنى پیتزا بوون.
(بڵند) له رێگه‌ى پرس و میتۆدى تایبه‌ت به خۆى و سیسته‌ماتیزه‌كردنى هزراندنى شیعره‌وه ، شتێكمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه به بێ ئه‌وه‌ى بینیبێتى و به بێ گواستنه‌وه‌ى ماناكان له قۆناغى به‌ر له گێڕانه‌وه و دواى گێڕانه‌وه .
ده‌قه‌كه ته‌سلیم بوونه به شوناسى كێڵگه‌ى ئه‌ده‌بى ته‌سلیمبوونى رووداوه سه‌رزه‌مینییه‌كان و پساندنى په‌تى نێوان ئاسمان و زه‌مینه .
به باڵنده‌كانم گوت
هه‌مووتان له زستانى رابردوو
به‌هۆى نه‌خۆشییه‌ك كه له مردنتان گرتبووه‌وه ، مردن .
(بڵند باجه‌لان – جیهانى مردووه‌كانى سه‌ر خاك)
شاعیر له‌م ئه‌زموونه‌یدا ( جیهانى مردووه‌كانى سه‌رخاك -2008) ، ده‌یه‌وێ زۆرترین گه‌مه بخوڵقێنێ به بێ ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕێى ئه‌نجامه‌كانیان بكا ، تێكه‌ڵ كردنێك به‌دی ده‌كرێ له نێوان ئه‌و رووداوانه‌ى روویانداوه و ئه‌وانه‌ى رووده‌ده‌ن و ئه‌وانه‌شى رووناده‌ن .
گواستنه‌وه‌ى ده‌لاله‌ته‌كانى ئه‌و دیو ده‌قیش بۆ نێو ده‌قه‌كه له هه‌ندێ باردا به مه‌به‌ستى جوانكارى و نووسینى وشه‌ى زۆرتر ، زه‌ره‌رى له هه‌یكه‌لیه‌تى ده‌قه‌كه داوه و تووشى دارِمانێكى كاتى كردووه كه دواجار ده‌قه‌كه خۆى بیناى خۆى ده‌كاته‌وه له رێگه‌ى مانیفێست كردنى كۆمه‌ڵێك واتاى تازه و پراكتیكه شیعرییه‌كان . شاعیر وه‌كو ئه‌وى ترێك ده‌رده‌كه‌وێ كه هه‌مان بچمى خودى (self) هه‌یه و خۆى و ئه‌وى تر‌ى بۆ جیاناكرێته‌وه . باسى زانستى ئه‌تۆم و ئه‌لیكترۆن و سروشت(nature) ده‌كات و له باشترین بنه‌ماكانى میتۆدۆلۆژى(methodology) زانستى سروشتى ئیلهام وه‌رده‌گرێ ، ئه‌گه‌رچى زۆر دیارده‌ى فیزیكى هه‌ن تا ئێستا نه‌ناسراون . ویژدانى كه‌ڵكه‌ڵه‌ى مه‌عریفى دایپۆشیوه و ئاسته‌كانى مه‌عریفه شى ده‌كاته‌وه و جیاكارى ده‌كا له نێوان زانست له‌گه‌ڵ جۆره‌كانى دیكه‌ى گوتاردا . له رێگه‌ى یاساى میتۆدۆلۆژى ، به‌ڵگه‌ى لۆژیكى راڤه ده‌كا . له‌كوێدا هیچگه‌رایى رووبدا له‌وێدا بیر له ناوه‌ڕۆك ناكاته‌وه . ئه‌مانه كارى شیعر نین . هه‌ندێ له به‌ها ئه‌خلاقییه‌كانى به نه‌گۆڕ داناوه ، خه‌سڵه‌تێكى هه‌مه‌كى یان گشتگرى پێ به‌خشیون ، ئه‌مه‌ش بۆ میتافیزیكى رووناكبین و ئاینه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه .
به‌و كلیله شووشه‌ییه‌ى ده‌رگاكانى دڵم كردنه‌وه و پێم به‌خشى
تۆ ده‌رگا كه له‌مچه‌كراوه‌كانتم لێ داده‌خه‌ى
تا له نێو دۆزه‌خى گه‌ڵاى كاسبووت
له‌به‌ر تیشكى شه‌وێكى خۆره‌شه‌ودا
گڕ له خۆم و برینه‌كانى گوڵ به‌رده‌م
(بڵند باجه‌لان – جیهانى مردووه‌كانى سه‌ر خاك)
(سارته‌ر ) له كتێبى (بوون و نه‌بوون)دا سێ جۆر له بوون (availability)رووده‌كا :
1- بوون بۆ خود( availability for self )
2- بوون بۆ بوون (availability for availability )
3- بوون بۆ ئه‌وان .
جۆرى دووه‌م و سێیه‌مى بوون له تێكسته‌كه‌دا تووشى خرۆشانى ونبوون بوونه “ونبوونى دوو جۆر له بوون له پێناوى جۆرى یه‌كه‌مى بوون، به‌دیده‌كرێ ” .
نووسینى : بڵند باجه‌لان