Skip to Content

Tuesday, January 26th, 2021

شڵەژانی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان دوای مام جەلال بۆ؟

Be First!
by January 31, 2013 گشتی

 

 

لە ناو کایە سیاسی و دینییەکاندا، زۆر جار کەسی کاریزمایی دروستدەبێت، کەسی کاریزمایی بەو مانایەی کە متمانەو بڕوایەکی ئەوتۆی لای حیزبێک، کۆمەڵە خەڵکێک، یان گەلێک، یان جەماوە رو شۆڕش و بزوتنەوەیەک بۆ دێتەئاراوە، لەسەر ئەو بنەمایەی کە کەسی کاریزما وەک فریادڕەسێک دەبینرێت لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانیان. سا ئەو کێشەیە کێشەی سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان قەیرانی ئابووری بێت.  ئەم جۆرە کەسایەتییە کاریزماییانە بە زۆری لە ناو ئەو کۆمەڵگایانەدا دروستدەبێت کە دواکەوتوون و لە زۆر بواری ژیاندا کەوتوونەتە پەراوێزی مێژووەوە، یان لە ناو ئەو کۆمەڵگایانەدا کە کێشەی ئەتنیکی و نەتەوەییان بۆ دروستکراوە و مافەکانیان لێ زەوتکراوە وەک گەلی کورد و گەلی فەلەستین . 

لە ناو ئەم کۆمەڵگایانەدا ئازادی تاکەکان پێشێلکراوە، بواری بیرکردنەوە و داهێنان بۆ تاکەکان یەجگار بەرتەسککراوەتەوە، بۆیە تاک و کۆمەڵگا لە کاتی قەیرانەکانیاندا چاوەڕوانی فریادەڕەسێکن کە بیریان بۆ بکاتەوە، چوونکە خۆیان بواری بیرکردنەوەیان بۆ نەرەخساوە، لە سایەیی ستەمکاریی و زوڵم و زۆریدا چەپێنراون، بوێرنین و ناتوانن خۆیان ماندووبکەن و بەرەوڕووی کێشەکانیان ببنەوە، لە دڵەڕاوکێدا دەژین و هەموو رەفتار وکردارێکی خۆیان بە ریسک دادەنێن و دژواریی و سەرنەکەوتنیان پێقبوڵناکرێت. بۆیە هەمیشە بە دوای فریادڕەسێکدا وێڵن کە بیریان بۆ بکاتەوە و بیانخاتە سەر ڕێگەی ڕاست و دروست و کێشەکانیان بۆ چارەسەربکات. ڕێگەیەکیان پیشانبدا بۆ چارەسەری قەیرانەکانیان و ببێت بە پێشەنگ و ڕابەریان.

هەندێک لەم کاریزماییانە، لە ڕاستیدا بە ڕێکەوت بووە، بارودۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەردەمێکدا هێناونێتە ئاراوە، واتە خۆی لە خۆیدا کەسی کاریزمایی نەبووە بەو مانایەی کە کەسێکی بیرتیژ و وردبین و دووربین و ئاشتیخواز و مرۆڤدۆستبووبێت، کەسێک بووبێت کە توانیبێتی لە قەیرانەکاندا گەلەکەی رزگاربکات بە بیری تیژ و لێبوردەیی و وازهێنان لە خۆشی ژیانی خۆی. وەک چۆن غاندی بە بیبری تیژی ئاشتیخوازانەی توانی بەرهەڵستی گەورەترین هێزی داگیرکەری وڵاتەکەی کە بەریتانیا بوو بکات و گەلەکەی لەم ستەمدیدەییە هەتا ئاست و ڕێژەیەکی بەرز ڕزگاربکات. یان وەک ماندێلا کە بە پشودرێژیی و ٢٧ سال تەمەنبەسەربردنی لە زینداندا توانی ورەی بەرز بۆ گەلەکەی دروستبکات. 

ئەو کەسانەی کە بەڕێکەوت کاریزماییان بۆ دروستبووە، لە بارودۆخێکی  پێچەوانەدا ڕووی راستی ناکرایزماییان دەرکەوتوە. بۆ نموونە کەسایەتی و کاریزمایی مام جەلال لە سەردەمی شۆرش و بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلی کوردا جیاوازبوو لەسەر دەمی وەرگرتنی پۆستە باڵاکانی عێراقدا. کاریزمایی مەلا مستەفای بارزان لە سەردەمی شۆرشەکەیدا جیاوازبوو لەگەڵ قەریران و نسکۆی شۆڕشەکەیدا. ئەم دوو کاریزماییەی گەلی کورد، لە کاتی تەنگەژە و کێشە گەورەکان و هەروەها لە کاتی گەیشتن بە خۆشی و کورسی حوکمڕانی، خۆ ویست و پشوو کورت بوون و هەڵاتوون و گەل و نیشتیمانیان بەجێ هێشتوە وەک ئەوەی مەلا مستەفا لە کاتی نسکۆی شۆرشەکەیدا کردی. دیسان مام جەلال لەکاتی بوون بە سەرۆکی کۆماری عێراق دا، تا ئاستێکی زۆر گەل و نیشتیمانی بیر چووەوە و تەنیا پێگەی خۆی و حیزبەکەی لا مەبەست بوو.

لە لای گەل و کۆمەڵگایەک کە هەمیشە مشەخۆرە بەسەر بیرکردنەوە و ریسکی کەسێک یان کەسان و حیزبێکەوە، کاریزمایی کەسە کاریزماییەکان درێژدەبێتەوە و کاڵبوونەوەیان زەحمەتە. چاوی خەڵکی ئەم کۆمەڵگایانەی کە بەردەوام بە دوای ئەوەوەن کە کەسانی کاریزمایی دروستبکەن بۆ خۆیان بۆ ئەوەی دوایانبکەون و هیوا و ئاوات و ئومێدیان لەسەر هەڵچنن لاواز و کورتبینە، بە جۆرێک لاوازە کە بەرلوتی خۆیان نابینن، ناتوانن و ناوێرن خوێندنەوەی دروست بکەن بۆ کەسانی کاریزما و ئەو مێژووەی کە هێناوێتێە بەرهەم و ئەو سەردەمەشی کە تیایدا کاریزماییەکەی لە دەستدەدات. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار:

١/ وەک ئاماژەم پێدا لەسەرەوە، خەڵک لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا بەبێ گەورەیەک، باوکێک، پێشرەوێک، ڕابەرێک هەڵناکات و ناتوانێت بەرەوڕووی قەیرانەکان بێتەوە و لە کێشەکان رادەکات و هەڵدێت. ئەمە بووە بە کولتوورێکی زیانبەخەشی گەوەرە کە کارێک دەکات بیری خەڵک داخراوبیت و چاویان نەکرێتەوە و بە باشی خوێندنەوەیان نەبێت بۆ کێشە چەقبەستوەکانیان.

٢/ کاتێکیش کەسی کاریزمایی، ئەو باوکەی کە هەموو هیوا و ئومێدێکی لەسەر هەڵچنرابوو، کە تووشی شکستدێت و ڕووی ڕاستی دەردەکەوێت، کەسان و حیزب و ئەو حەشاماتەی بەدەورێوەتی چوونکە بوێر نیین، چوونکە عەقڵیان ئازاد نییە، ناتوانن ئەم شکستە ببینن، ئەگەر بیشیبینن یان پیشانیانبدرێت ئەمان لەبەر بودەڵەیی و ترسنۆکی خۆیان ناتوانن دانیپیابنێن، بۆیە چاوی لێدەنوقێنن و خۆیانی لێکەڕدەکەن، چوونکە داننان بە شكستی باوکەکاندا شەرمە لایان. ڕەخنەگرتن لە باوکەکان ئابڕوچوونە لایان.  کەسانی کاریزمایی لە ناو گەلی کوردا، هەموو شوناس و هەیبەت و شۆڕشگێڕێتیی و جوانییەکانی گەل و نەتەوەی پێوە هەڵواسراوە، بۆیە ڕخنەگرتن و دەرخستنی کەموکوڕییەکانییان شکاندن و سوکایەتییە بە گەل و نەتەوەوە.

کاتێک مەلا مستەفای بارزان کە بوو بە کەسی کاریزمایی، بە ڕابەری هەموو میللەتی کورد دادەنرا، بە فریادڕەسێکی مێژوویی دادەنرا، بە دەیان هەزار و سەدان هەزار کەس و چەندین حیزب و لایەن لەدەوری کۆبووەو. هیچ کەسێک و هیچ لایەن و حیزب و ئادیۆلژیەک نەیدەوێرا و پڕکێشینەدەکرد ڕەخنەی لێبگرێت و لایەنە لاوازەکانی وەک کەسێکی شۆڕشگێڕ و سەرۆکی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕیی بە ناوی(بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد)وە بخاتە بەرچاو. بۆیە لە کاتی شکست و نسکۆی شۆڕشەکەشدا لە ساڵی ١٩٧٥دا نەک هەر حیزبەکەی، بەڵکو هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە نەیاربوون بۆی، یان ئێستا نەیارن بۆی، نەیانتوانیوە بە تەواوەتی دانبنێن بە لاوازی ئەم کاریزماییەدا، کەس بۆی نییە رخنەی لێبگرێت، هەر وەک چۆن لەسەر دەمی شۆڕشەکەیدا لەسەرو ڕەخنەوە بوو، ئێستاش بەهەمان شێوە لەسەرو ڕەخنەوەیە. خۆ ئەگەر ڕەخنەشی لێگیرابێت ئەوە بە سەرپیی بووە و نەچۆتە خانەی نووسین و لێکۆڵینەوە و لێتوێژینەوەی زانستیانەی ڕەخنەگرانەوە.

ئەمڕۆش مام جەلال، دوای ئەوەی ٥٠ ساڵ زیاتر کاریزمایی بە خۆیەوە بینی، دوای ئەوەی مێژوویەکی دیاریکراو، بارودۆخێکی دیاریکراو کردی بەو کاریزماییەی کە لەسەرو ڕەخنەوەبێت، ئەمڕۆ و لەوڕۆژەشەوە کە تەمەن تەکیپێهەڵچنی و قاچەکانی لەکارخست، تا گەیشتە ئەوەی کە مێشکیشی تووشی جەڵدەبێت کەس ناتوانێت بە جددی رەخنەی لێبگرێت و لەسەرو رەخنەوەیە و ڕەخنە لە مام حەرامە و هێڵی سورە، بە تایبەتی بۆ حیزبەکەی و ئەندامانی حیزبەکەی.

لەسەرو ڕەخنەبوونی مام جەلال، کارێکیکردوە کە حیزبێکی گەورەی وەک حیزبەکەی خۆی کە بە دەیان هەزار ئەندامیان هەیە، دەیان کەسی خوێندەوار و خاوەنبڕوانەمە و پێشمەرگەی ڕۆژانی تەنگانە و کەسانی رێکخراوەییان هەیە، چەندیین مەکتەبی ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی و خوێندکاران و ژنان و ڕۆشنبیرییان هەیە، کەسانێک کە لە بوارەکانی دیپلۆماتیی و سیاسی و عەسکەری و ئابووریدا کاریانکردوە، کەچی شڵەژانێکییان پێوەدیارە کە زۆربەی چاودێرە سیاسیەکان وایبۆدەچن ئەم شڵەژانە دەیانکات بە چەند پارچەیەکەوە و سەرکەوتن بەدەست ناهێنن و ناتوانن کەسێک بدۆزنەوە و بیخنە جێگەی مام جەلال. تەنانەت ئەم شڵەژان و لاوازییە گەیشتوەتە ئەو ئاستەی کە پرسیارکردن لەسەر کێ جێگەی مام جەلال دەگرێتەوە؟ بە سوکایەتی دەزانن و ئەوە بە چاوی کەم تەماشاکردنی مام جەلال دەزانن. ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی خۆی دەڵێن: کەس ناتوانێت جێگەی مام جەلال بگرێتەوە!!. خۆیان بە خۆیان نازانن کە ئەمە عەیبەیەکی گەورەیە بۆ مام جەلال کە قوتابیگەلێکی تەمەڵ لە دوای خۆی بەجێدەهێڵێت و هیچ قوتابییەکی زیرەک و بە توانای پەروەردە نەکردوە کە بتوانێت جێگەی بگرێتەوە.

لەسەرو ڕەخنەبوونییەکەی ئەم کاریزماییە نەک هەر شڵەژانی لای حیزبەکەی دروستکردوە، بەڵکو شڵەژانی لای حیزبی ڕکەبەرەکانی وەک پارتی و گۆرانیش دروستکردوە، هەموو کەوتونەتە پەلە پڕوزێی ئەوەی کە کامیان زیاتر بۆ مام جەلال و بۆ یەکێتی نیشتیمانی دڵسۆزترە! دیسان ئەو کەسانەی کە بە توندی ڕەخنەیان لە مام جەلال دەکرد، ئەمڕۆ کە نەخۆشییەکەی بووە بە جددی کەوتونەتە سۆزدەبڕین بۆ ئەم کەسە کاریزماییە!، ئەمەش دەبڵ مۆراڵیە، دەبڵ مۆرالێش لە ناو کۆمەڵگای ئێمەدا بووە بە باو، بووە بە نەخۆشییەکی کوشندە و زیانێکی گەورەدەدات لە تاک و کۆمەڵگا. هەڵبەت ئەم دەبڵ مۆراڵییەش لەو ترسەوە هاتووە کە ئەم کەسە کاریزماییە لە کاتی کوژرانی، یان مردنێکی سروشتییدا، کارەسات بە دوای خۆیدا دەهێنێت. ئەمە لە کاتێکدا کەسی کاریزمایی ڕاستەقینە چەندین کەسی کاریزمایی لە دوای خۆی بەجیدەهێڵێت. چەندین کەسی لێهاتوو و بەتوانا و سەرکردەی زیرەک  بە دوای خۆیدا دەهێنێت. 

یەک بە یەکی فەیلەسوفەکان و مامۆستا زیرەک و بە تواناکانی بواری زانست و بوارەکانی سۆسیۆلۆژیی وئنترۆپۆلژیی و زانست و فەلسەفەی سیاسیی و زانستی مێژوو و زانستی سایکۆلۆژی کە خاوەنی چەندین داهێنان و لێکۆڵینەوە و لێتوێژینەوە بوون، قوتابیگەلێکیان بە جێهێشت و پەروردەکرد کە لە خۆیان زیرەکتر و بە تواناتر و ڕەخنەگر لە مامۆستاکانیان و کارکردن لەسەر ئەو کەلێن و کەموکوڕییانەی کە مامۆستا و فەیلەسوفەکانیان هەیانبووە. هەندێک لەو فەیلەسوف و مامۆستایانە کە هێشتا لە ژیاندا بوون کە خوێندکارەکانیان ڕەخنەیان لێگرتوون ئەمەیان نەک بە سوکایەتی نەزانییوە بەڵکو شانازیان پێوەکردوە کە توانیویانە خوێندکارگەلێکی لەو جۆرە بەرهەمبهێنن. 

شڵەژانی یەکێتی نیشتیمانی لە عەقڵیەتێکەوە هاتووە کە ئەم کەسایەتییە کاریزماییە(مام جەلال) بەکەسێک دانراوە لایان کە لە سەرو ڕەخنەوە بووە.  کەسێک بووە توانیوێتی بە بەڵێ، یان بە نەخیر، وەڵامی هەموو شتێک بداتەوە، کەس نەیتوانیوە لە ڕوو ڕەخنەی لێبگرێت، کەس نەیتوانیوە قسەی ڕەتبکاتەوە، کەس نەیتوانیوە فەرمانەکانی دەستبەجێ جێبەجێ نەکات، کەس نەیتوانیوە پێیبڵێت ئەم کارەی تۆ، ئەم قسەیەی تۆ، هەڵەیە. 

گۆچانەکەی مام جەلال لە ساڵەکانی ١٩٦٦ی بەکرەجۆەوە بە ناوبانگە کە چۆن ئەوانەی دەورپشتی خۆی پێ دارکایکردوون، هیچ کەس نەیوێراوە بە مام بڵێت، ئەو گۆچانە لای کەسانی مەدەنی و سەرکردەی سەرکەوتوو بۆ لێدانی ئاژاڵیش نابێت بەکار بهێنرێت، نەک بۆ لێدانی مرۆڤەکانی هاورێی خۆت. دروستکردنی ئەم خودایە بە دەستی ئەوانە بووە کە ئەمڕۆ دەڵێن کەس بۆی نییە جێگەی مام جەلال بگرێتەوە. شلەژانی یەکێتی نیشتیمانی دوای مردنی مام جەلال وەک شڵەژانی ئیسلامییەکان وایە دوای مردنی موحمەدی پێغەمبەریان.

 

جیهاد موحەمەد/ نەرویج

١٠/١٢/٢٠١٣

 

Previous
Next

Leave a Reply