Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

شۆڕش كوڕەكانى دەردەكات

Be First!

 شۆڕش كوڕەكانى دەردەكات
 عەزیز ڕەئووف

 دەركردنى چوار ئەندامى یەكێتى نیشتمانى كوردستان لەلایەن مەكتەبى سیاسیەوە سەرەتاى دەستپێكردنى قۆناغێكى نوێیە لە یەكێتى نیشتیمانى كوردستاندا. ئەمەش بۆ هەر پارت و گروپێكى كۆمەڵگەى كوردى ئاسایى بێت، ئەوا بۆ یەكێتى نیشتیمانى كوردستان ئاسایى نیە، بەو پێودانگەى ئەم ڕێكخراوە، هەر لەسەرتاى دروستبونیەوە لەسەر بنەمای فرەیى و بوونى ڕەئى جیاواز لە ڕێكخستن و تەنانەت سەركردایەتێكەشیدا دامەزراوە. بۆیە دواى ئەم بریارە یەكێتى بەرەو قۆناغێكى تر دەچێت و لە ئاسۆكانى یەك بۆچوونى و یەك ڕەنگ و یەك دەنگ نزیك دەبێتەوە.
 بڕیارى دەركردنى چوار كادرى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان دەمانباتە بەردەم سێ خاڵى سەرەكیەوە كە ناكرێت هەڵوێستەى لەسەر نەكەین:
 یەكەم: ئەو چوار كادرە لە پێشمەرگە كۆنەكانى یەكێتین و كەسانێك نین بەم ڕێكخراوەوە ماندوو نەبووبن. بەجیاواز لە نەوەى دواى ڕاپەڕین، ئەوان ئەزموونێكیان لەو ڕێكخراوەدا هەیە. بۆیە دەركردنى كوڕانى شۆڕش و كادرانێك لەبەرئەوەى لە ئاداى كاركردنى یەكێتى نیگەرانن، دەربكرێن و لە خاڵى سێیەمى ڕاگەیاندنەكەشدا بنوسرێت" ئیتر بۆ پێشەوە" من نازانم ڕێكخراوێك لەسەر بیروڕاى جیاواز كادرە كۆن و ماندووەكانى خۆى دەربكات، ئیتر چ فەرمانێك دەكرێت بەرەو پێشەوە؟ ڕێكخراوێك بە بڕیارى مەكتەبى سیاسى كادرە قسەكەرەكانى دەربكات، ئایا گومان لەبەرەوپێشەوە چوونى لاى كۆمەڵانى خەڵك دروستناكات؟
 دووەم: ڕەتكردنەوەى گفتوگۆ و زمانى دیالۆگ لەگەڵ ئەو كادرانەدا، ڕەتكردنەوەیەكى تەواو نالەبارە. لانى كەم دەبوو یەكێتى ڕێگەیەكى تر بكرێتەبەر، ئەویش ڕێگەى گفتوگۆیە. چونكە ئیستا قۆناغى شاخ نیە و یەكێتى خاوەنى چەندان دامەزراوەى گرنگەو بڕواناكەم كەسى لێ زیاد بێت تا دەرى بكات، چجاى چەند كادرێكى دێرینى ئەو ڕێكخراوە.
 سێیەم: ئەگەر یەكێتى هەر سورە لەسەر ئەوەى كادر لە ڕێكخستنەكانى دەربكات، ئەوا زۆرن ئەوانەى كە پێویستە دەریان بكات. لە دواى ڕاپەڕینەوە زۆرێك لە كادرەكانى ئەم ڕێكخراوە و زۆرێك لە حزبەكانى ترى كوردستان، بەشێوەیەكى ناشەرعى دەوڵەمەند بوون و دام و دەزگا و ئۆفیسەكانى خۆیان بۆ مەسەلەى شەخسى بەكار هێناوە، كە ئێمە لە مەكتەبى سیاسیمان نەبینى یەك كادر لەسەر گەدەڵى دەربكات. سەیرە ئیستا مەكتەبى سیاسى تەنها لەبەرئەوەى لە ئەداى سەركردایەتى ڕێكخراوەكەیان ڕازی نین،چوار كادر دەربكات و كەچى لەئاست كادرە مشەخۆر و گەندەڵەكانى بێدەنگبێت.
 بۆیە بڕیارى دەركردنى چوار كادرى یەكێتى و پێشتریش هاتنە دەرەوەى باڵێكى بەهێزى ناو ئەو ڕێكخراوە، هێندەى تر بارودۆخى یەكێتى ڕیزەكانى ناو یەكێتى نائارامتر دەكات. سانا نیە یەكێتى لەلایەكەوە كادرى بەرزى لێجیا بێتەوە و لەلایەكى تریشەوە بەدەستى خۆى كادرەكانى ناوخۆى دەربكات. ئەم دۆخە نائاساییە پێویستى بە قسەلەسەركردن هەیە. ناكرىَ مەكتەبى سیاسى لەم بارودۆخە ناسكەدا چ لەسەر ئاستى ناوخۆى و ئیقلیمى و نێودەوڵەتیدا، سەربارى ئەم هەموو ناعەدالیەتیەى كە لەم كۆمەڵگەیەدا بەدى دەكرێت، بكەوێتە وێزەى كادرەكانى و بەبىَ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتى پلنیۆم و گۆنگرە، لە كۆبوونەوەیەكدا فەرمانى دەركردنیان بدات.
 دەركردنى چوار كادرى ناو ڕیزەكانى یەكێتى،چەندە مەترسى هەیە بۆ بێدەنگكردنى دەنگە جیاوازەكانى ناو یەكێتى، شپازلەیەكى بەهێزیشە لە بناگوێى نەوەى ئایندە، نەیەوەك گەر ڕۆژێ بیەوێت لەناو یەكێتیدا بەدواى فۆرمێكى تر لە سیاسەت و مامەڵەى سیاسیدا بگەڕێت و دەنگ بۆ دەموچاوێكى نوێ لە ڕێكخراوەكەیدا بەرز بكاتەوە. ئەم دەركردنە چەندە هەڕەشەیە بۆ كادرە كۆنەكانى ئەم ڕێكخراوە كە نابێت بە جیاواز قسە بكەن، بارتەقاى ئەوەش زەنگێكى ئاگادراكردنەوەیە بۆ نەوەكانى ئایینەدى ئەو ڕێكخراوە، گەر دوور و نزیك ویستیان لە دەرەوەى ئەداى سیاسى بەرپرسەكانیان قسە بكەن.
 یەكێتى هەر لەسەرتاى دامەزراندنیەوە، بەدەنگ و ڕەنگى نوێ لەڕێخستنەكانیدا ئاشناى كردوین، گەر لەم بارودۆخەدا كە نیگەرانى خەڵك بەرامبەر بە پارتە كوردیەكان لە ئارادیە، یەكێتیش هەوڵى تەسفیەكردنى دەنگە نەیارەكانى خۆى بدات، ئەوا زەنگێكى تەواو مەتریسدارە چ بۆ ئەو ڕێكخراوە و چ بۆ نەوە نوێیەكانى گەر بیانەوێت هەڵگرى جیهانبینیەكى تر بن.
 azizrauf2003@yahoo.com
 

Previous
Next

Leave a Reply