Skip to Content

Saturday, December 5th, 2020

شۆڤینیزمی له‌‌‌هجه‌‌‌یی و زمانی کوردیی!

Be First!

شۆڤینیزمی لە‌‌هجە‌‌یی و زمانی کوردیی!
کامیار سابیر

 

 

 

 

ماوە‌‌یە‌‌کە‌‌ کە‌‌مپە‌‌ینی هە‌‌‌ڵبژاردنی پارلە‌‌مانیی و سە‌‌رۆکایە‌‌تیی هە‌‌رێم تانوپۆی تە‌‌واوی میدیای کوردیی داپۆشیوە‌‌. بە‌‌دبە‌‌ختیی کورد لە‌‌وە‌‌دایە‌‌ هە‌‌ر کە‌‌ بە‌‌شتێکە‌‌وە‌‌ گرتی، ئیتر بابە‌‌تە‌‌ گرنگ و چارە‌‌نووسسازە‌‌کانی تر هە‌‌مووی بە‌‌لاوە دە‌‌نێت. کە‌‌سێک بە‌‌ناوی ئە‌‌ر‌‌دە‌‌ڵان عە‌‌بدوڵا لە‌‌ هاوڵاتی ژمارە‌‌ 533 دا لە‌‌سە‌‌ر مە‌‌سە‌‌لە‌‌ی زمانی کوردیی، هاتووە‌‌ وە‌‌ڵامی شێرکۆ بێکە‌‌س دە‌‌داتە‌‌وە‌‌. بە‌‌ڵام دنیایە‌‌ک ‌هە‌‌ڵە‌‌پاچیی و چە‌‌واشە‌‌کاریی لە‌‌سە‌‌ر رە‌هە‌‌ندی زمان کردووە‌‌. بێدە‌‌نگیی لە‌‌ئاست ئە‌‌و بە‌‌لاڕێدابردنانە‌‌، بە‌‌و بیانووە‌‌ی کابرا نووسە‌‌رێکی ناسراو نییە‌‌، یان لێی گەڕێ با بۆخۆی چیی دە‌‌نووسێ، بینووسێ، بەڕای ئە‌‌م نووسینە‌‌ کە‌‌متە‌‌رخە‌‌مییە‌‌کی گە‌‌ورە‌‌یە‌‌. پێویستە‌‌ ئە‌‌م بۆچوونە‌‌ چە‌‌وتانە‌‌، سە‌‌رمە‌‌وقولاتیان پێبدرێتە‌‌وە‌‌و راستبکرێنە‌‌وە‌‌.

ئە‌‌ردە‌‌ڵان، داوای ئە‌‌وە‌‌ دە‌‌کات لە‌‌ هۆرامان ( هە‌‌ورامان ) زمانی هۆرامیی ‌ و لە‌‌بادینان، بادینانیی و لە‌‌هە‌‌ر شوێنێکی تری هە‌‌رێمی کوردستانیش عە‌‌شیرە‌‌ت و تیرە‌‌یە‌‌ک راست بووە‌‌وە‌‌ دە‌‌بێ بە‌‌ بنزاراوە‌‌کە‌‌ی خۆیان  لە‌‌ بواری پە‌‌روە‌‌ردە‌‌دا بخوێنن و پێی بنووسن و بە‌‌زمانیش بناسرێن. تا ئێرە‌‌ مافی خۆیانە‌‌ چۆن ناوچە‌‌گە‌‌رییە‌‌تیی دە‌‌کە‌‌ن و فە‌‌زڵی ناوچە‌‌یە‌‌ک بە‌‌سە‌‌ر زمانی نیشتمانیی و زمانی فە‌‌رمیی و کارگێڕیی هە‌‌رێمی  کوردستانی عێراقدا دە‌‌دە‌‌ن. ئە‌‌و زمانە‌‌ی کە‌‌ گومانی تێدا نییە‌‌ دە‌‌بێ یە‌‌ک زمانی ستاندە‌‌رد بێت. بە‌‌ڵام کاتێ حیکایە‌‌تی ئایشە‌‌ گوێ درێژ و شە‌‌ولە‌‌بان، لە‌‌سە‌‌ر زمانی هیندیی و چاینیی ( چینیی- سینیی ) دە‌‌گێڕێتە‌‌وە‌‌ و پێیوایە‌‌ بۆ منداڵ و تە‌‌واڵی دە‌‌گێڕێتە‌‌وە‌‌، دە‌‌بێ رابگیردرێ و پێی بگوترێ مرۆڤی ئە‌‌مڕۆ لە‌‌ ماوە‌‌یە‌‌ی یە‌‌ک خولە‌‌کدا لە‌‌رێی ئینتە‌‌رنێتە‌‌وە‌‌ دە‌‌زانێ ئە‌‌م حیکایە‌‌تە‌‌ لینگویستیکییانە‌‌ چە‌‌ند پێچە‌‌وانە‌‌ن.
"هاوڵاتی" یش هاتووە‌‌ لە‌‌ نووسینە‌‌کە‌‌ی ئە‌‌و برادە‌‌رە‌‌دا دوو پارە‌‌گرافی هایڵایت کردووە‌‌ کە‌‌ پێوە‌‌ندییان بە‌‌زمانە‌‌وە‌‌ هە‌‌یە‌‌، ئە‌‌مە‌‌ش بۆخۆی ئە‌‌وە‌‌ دە‌‌گە‌‌یە‌‌نێ، بە‌‌لای هاوڵاتییە‌‌وە‌‌ ئە‌‌و بوختانانە‌‌ی لە‌‌سە‌‌ر چە‌‌ند زمانیی و رە‌‌سمییبوونی چە‌‌ندین زمان دە‌‌کرێ لە‌‌ یە‌‌ک وڵاتدا بایە‌‌خی هە‌‌یە‌‌، ئیتر ئە‌‌وە‌‌ گرنگ نییە‌‌، داتاکان راست و دروستن، یاخود چە‌‌واشە‌‌کاریی و ساختە‌‌کاریی زۆر گە‌‌ورە‌‌یان تێدایە‌‌. بۆ ئە‌‌وە‌‌ی لە‌‌ چوارچێوە‌‌ی بابە‌‌تە‌‌کە‌‌‌ نە‌‌چینە‌‌ دە‌‌رە‌‌وە‌‌، دە‌‌بێ بڵێین ئە‌‌ردە‌‌ڵان هاتووە‌‌ هە‌‌ستی خوێنە‌‌ر بۆ ئە‌‌وە‌‌ رادە‌‌کێشێ کە‌‌ شێرکۆ بێکە‌‌س کە‌‌سێکە‌‌ لە‌‌ دە‌‌سە‌‌ڵاتە‌‌وە‌‌ نزیکە‌‌و لێی دە‌‌خوات و نانی کە‌‌وتووە‌‌تە‌‌ رۆنە‌‌وە‌‌. ئە‌‌مە‌‌یان جێگە‌‌ی سە‌‌رنجە‌‌ و هە‌‌ر کە‌‌سێ ئازادە‌‌ رە‌‌خنە‌‌ لە‌‌ دە‌‌سە‌‌ڵاتی گە‌‌ندە‌‌ڵی کوردستان بگرێ و لە‌هە‌‌موو ئە‌‌وانە‌‌یش کە‌‌ ماکیاژی ئە‌‌و هە‌‌موو تاڵان و برۆیە‌‌ دە‌‌کە‌‌ن کە‌‌ یە‌‌کێتیی و پارتیی دە‌‌یکە‌‌ن. دواهە‌‌مینیان بردنی سە‌‌دان میلیۆن دۆلاری نە‌‌وتە‌‌ کە‌‌ داهاتی نیشتمانییە‌‌و بۆ هە‌‌ردوو بنە‌‌ماڵە‌‌ی حوکمڕان بردوویانە‌‌.

شێرکۆ بێکە‌‌س، کە‌‌سێکە‌‌ لە‌‌ دە‌‌سە‌‌ڵاتە‌‌وە‌‌ نزیکە‌‌ یان نا، ئە‌‌وە‌‌ بابە‌‌تێکی ترە‌‌ و جێگە‌‌ی رە‌‌خنە‌‌ی منیشە‌‌، بە‌‌ڵام ناکرێ بۆچوونی شاعیرێک کە‌‌ جێدە‌‌ستی بە‌‌ئە‌‌دە‌‌بی کوردیی و تێکستی کوردییە‌‌وە‌‌ دیارە‌‌، شاعیرێک کە‌‌ زمانی کوردیی لە‌‌ هە‌‌نووکە‌‌و لە‌‌ داهاتوودا بە‌‌تێکستە‌‌کانییە‌‌وە‌‌ شانازیی دە‌‌کات، بۆ ئە‌‌جێندایە‌‌کی  سیاسیی و حیزبیی و ئایدیۆلۆژیی و شۆڤینیزمی لەهجە‌‌یی بە‌‌کار بهێنرێ. سە‌‌یری ئە‌‌م چە‌‌واشە‌‌کارییە‌‌ ، "کە‌چی کۆمە‌‌ڵێ نووسە‌‌ری سلێمانی خە‌‌ریکی قووتکردنە‌‌وە‌‌ی ئە‌‌م باسەن". ئە‌‌مە‌‌ نە‌‌ک هە‌‌ر دوورە‌‌ لە‌‌ راستییە‌‌وە‌‌، بە‌‌ڵکوو ئە‌‌وانە‌‌ی لە‌‌ماوە‌‌ی دووساڵی رابردوودا زۆر بە‌‌گە‌‌رمیی خە‌‌ریکی کە‌‌مپە‌‌یینی ‌ستاندە‌‌ردایزی  زمانی کوردیین، دە‌‌کرێ بگوترێ، نووسە‌‌رانێکن  لە‌‌ هە‌‌ولێر و کە‌‌رکوک و گە‌‌رمیان و هە‌‌ندە‌‌رانە‌‌وە‌‌ زێتر بە‌‌تە‌‌نگە‌‌وە‌‌ هاتوون. جا ئە‌‌گە‌‌ر ئە‌‌و نووسە‌‌ر و رۆشنبیرانە‌‌ زۆربە‌‌یان لە‌‌سلێمانیی دادە‌‌نیشن یان لە‌‌و شارە‌‌دا ناو وناوبانگیان پە‌‌یدا کردووە‌‌، ئە‌‌وە‌‌ پێوە‌‌ندیی بە‌‌وە‌‌وە‌‌ هە‌‌یە‌‌ کە‌‌ شاری سلێمانیی لە‌‌ رووی کولتووریی و رۆشنبیرییە‌‌وە‌‌ زۆر گە‌‌شە‌‌ی کردووە‌‌، هە‌‌ر لە‌‌بنەڕ‌‌ەتیشە‌‌وە‌‌ وابووە‌‌. ئاخر ئە‌‌وە‌‌ کە‌‌ی پێوە‌‌ندیی بە‌‌ سلێمانییچێتییە‌‌وە‌‌ هە‌‌یە‌‌، بەڕاستیی شە‌‌رمە‌‌ سە‌‌نعە‌‌تە‌‌کە‌‌ بە‌‌و رادە‌‌یە‌‌ رە‌‌زیل بکرێ ، بۆ خۆڵکردنە‌‌ چاوی خوێنە‌‌رە‌‌وە‌‌، بۆ ئە‌‌وە‌‌ی تە‌‌وژم بە‌‌ شۆڤینیزمی لەهجە‌‌یی بدرێ، دە‌‌بێ گێچە‌‌ڵ بە‌‌ شاری سلێمانیی بکرێ! 

بابە‌‌تی زمان گاڵتە‌‌ی منداڵان نییە‌‌، کاتێ لە‌‌سە‌‌ر زمان دە‌‌نووسیت، دە‌‌بێ واز لە‌‌گۆترە‌‌کاریی و قسە‌‌ی بەڕاداندراو بهێنی، دە‌‌بێ دە‌‌ست بۆ داتا و  ریفرێنس بە‌‌ریت، دە‌‌بێ ئارگیومێنت بکە‌‌یت و ئارگیومێنتە‌‌کانت بە‌‌ ریفرێنس و گفتوگۆی کە‌‌سانی ئە‌‌کادیمست و شارە‌‌زا پاڵپشتیی بکە‌‌یت. قادر وای گوت و  خورشید وای نووسی و زو‌‌ڵەیخا رای وابوو، نایخوات. بەهە‌‌رحاڵ گوتمان لە‌‌ باسێکی کورتی رۆژنامە‌‌وانییدا، ریفرێنس زۆر پێویست نییە‌‌، بە‌‌ڵام خۆ لۆژیک و ئاگایی پێویستن.  هیچ بابە‌‌تێک تا هە‌‌نووکە‌‌ لە‌‌ مێژووی ئە‌‌دە‌‌بی کوردییدا ئە‌‌وە‌‌ندە‌‌ی ستاندە‌‌ردایزی زمانی  کوردیی، بە‌‌جدیی ئارگیومێنتی ئە‌‌کادیمیی لە‌‌سە‌‌ر نە‌‌کراوە‌‌، بەهە‌‌مان ئە‌‌ندازە‌‌ش هیچ بابە‌‌تێک ئە‌‌وە‌‌ندە‌‌ی بابە‌‌تی زمانی کوردیی، قسە‌‌ی ناو گیرفان و وڕینە‌‌ی ناوچە‌‌گە‌‌ریی لە‌‌سە‌‌ر نە‌‌کراوە‌‌. هیچ خاڵێک نە‌‌ماوە‌‌ کە‌‌ گرووپی فرە‌‌ستاندە‌‌ردە‌‌کان و ناوچە‌‌گە‌‌رییە‌‌کان و شۆڤینیستە‌‌ لە‌هجە‌‌ییە‌‌کان و و ئە‌و کوردە کۆمۆنیستە‌ دێرینانە‌ی هێشتا دۆکترینی ستالینیزم مانیفێستۆیانە، باسیان نە‌‌کردبێ و دە‌‌یان جار بە‌‌ ئارگیومێنتی ئە‌‌کادیمیی بنکۆڵ نە‌‌کرابن، بە‌‌ڵام ئە‌‌م شە‌‌ڕە قۆچە‌‌ش( شۆقە‌‌ش) لە‌‌گە‌‌ڵ کە‌‌سانێکدا خۆشە‌‌ کە‌‌ ئارگیومێنت بزانن،  نە‌‌ک تە‌‌نها لۆژیکی " بشفڕێ هە‌‌ر بزنە‌‌" بزانن!

دە‌‌یان کە‌‌س ئە‌‌وە‌‌یان باسکرد، هە‌‌لومە‌‌رجی ناوازە‌‌ی نە‌‌رویژ بۆ دە‌‌بێ بکرێ بە‌‌ تاکە‌‌ قیبلە‌‌ی زمانی کوردیی، لە‌‌کاتێکدا دوو فۆرمی نووسین دە‌‌کرێ بڵێی بە‌‌س بە‌‌ رواڵە‌‌ت  هە‌‌ن، زۆربە‌‌ی رەهای خە‌‌ڵکی نە‌‌رویژ بە‌‌ بۆکماڵیی دە‌‌خوێنن و دە‌‌نووسن، رێژە‌‌یە‌‌کی زۆر کە‌‌م نە‌‌بێ کە‌‌ بە‌‌ نینۆرسکیی دە‌‌نووسن. ئە‌‌مە‌‌ چ حیکمە‌‌تێکی تێدایە‌‌! لایە‌‌نگرانی جووتساندە‌‌ردە‌‌کان ماوە‌‌یە‌‌ک سە‌‌فسە‌‌تە‌‌ی ئە‌‌وە‌‌یان دە‌‌گوتە‌‌وە‌‌ کە‌‌ زمانی ئە‌‌رمە‌‌نیی و ئە‌‌لبانییش دوو ستاندە‌‌ردە‌‌! بە‌‌ ئایدیۆلۆژیایە‌‌کی پارادۆکسە‌‌وە‌‌ لە‌‌لایە‌‌کە‌‌وە‌‌ بۆ وەه‌می کوردستانی گە‌‌ورە‌‌ دە‌‌کڕووزانە‌‌وە‌‌، لە‌‌لایە‌‌کی تریشە‌‌وە‌‌ دە‌‌غدە‌‌غە‌‌ی زاراوە‌‌و بنزاراوە‌‌و عە‌‌قڵییە‌‌تی عە‌‌شیرە‌‌تیی و ناوچە‌‌گە‌‌رایە‌‌تییان دە‌‌دا، بۆ ئە‌‌وە‌‌ی لە‌‌ کوردستانی عێراقدا زمانی ستاندە‌‌ردی نووسین ساغنە‌‌کرێتە‌‌وە‌‌.

"لە‌‌ هیندستان کە‌‌ وڵاتێکی مە‌‌زنە‌‌ جگە‌‌ لە‌‌ هیندی و ئینگلیزی، 21 شێوە‌‌ زاری تری رە‌‌سمی هە‌‌یە‌‌". ئە‌‌مە‌‌ کۆوتە‌‌یشنی هایڵایتکراو‌ی ئە‌‌ردە‌‌ڵانە‌‌، ئایا تا چە‌‌ند ئە‌‌م حیکایە‌‌تە‌‌ راستە‌‌؟ لەهیندستان بە‌‌پێی دە‌‌ستوور زمانی نیشتمانیی بوونی نییە‌‌. بە‌‌ڵکوو لە‌‌ئاستی گشتییدا لە‌‌سە‌‌رانسە‌‌ری وڵاتدا زمانی ئۆفیشە‌‌ڵ، یان رە‌‌سمیی یاخود فە‌‌رمیی بوونی هە‌‌یە‌‌. کە‌‌ هە‌‌ردوو زمانی ه‌یندیی و ئینگلیزیی دە‌‌کە‌‌ن. دیارە‌‌ ئینگلیزیی وە‌‌ک لینگوا فرانکایە‌‌کی یارمە‌‌تییدە‌‌ر رۆڵی هە‌‌یە‌‌. لە‌‌ئاستی هە‌‌رێمە‌‌کانیشدا، زۆربە‌‌ی هە‌‌رێمە‌‌کان کە‌‌ 28 ویلایە‌‌ت و حە‌‌وت یە‌‌کە‌‌ی هە‌‌رێمیین ، زمانی ناوچە‌‌یی خۆیان بە‌‌کار دەهێنن. بە‌‌ڵام کارە‌‌ساتە‌‌کە‌‌ لێرە‌‌دایە‌‌، ئە‌‌وە‌‌ باسناکە‌‌ن، کە‌‌ هیندستان وڵاتێکە‌‌ دە‌‌یان نە‌‌تە‌‌وە‌‌ی جیاواز و سە‌‌دان گرووپ و ئێسنیک و زمانی ئاخافتنی جیاوازیی تێدایە‌‌. نە‌‌تە‌‌وە‌‌گە‌‌لێک، گرووپگە‌‌لێک، ئێسنیکگە‌‌لێک ئە‌‌وە‌‌ندە‌‌ی دوورایە‌‌تییان هە‌‌یە‌‌ ، نزیکایە‌‌تییان نییە‌‌، بە‌‌ڵام وێڕای هە‌‌موو ئە‌‌مانە‌‌ش هە‌‌ستی نیشتمانیی و فیدڕاڵیی وڵاتی هیندستان زۆر بە‌‌رز رادە‌‌گرن. ئیتر چۆن دە‌‌بێ زمانە‌‌ رە‌‌گ جیاوازە‌‌کانی هیندستان بە‌ زاراوە‌‌ی‌ ه‌ۆرامیی و کرمانجیی و ئێزیدییە‌‌کانی هە‌‌رێمی کوردستانی عێراق بشوبهێندرێن کە‌‌ هە‌‌ر هیچ نە‌‌بێ بە‌‌شی زۆریان خۆیان بە‌‌کورد دە‌‌زانن!

"چین بە‌‌ ‌ زلهێزێکی جیهان دە‌‌ناسرێت‌ زیاتر لە‌‌ پە‌‌نجا شێوە‌‌ زاری چینی هە‌‌یە‌‌ و هە‌‌مووشیان رە‌‌سمین". ئە‌‌م رایە‌‌ ئە‌‌گە‌‌ر بۆ کە‌‌سێک دە‌‌نووسرێ، لە‌‌ ئە‌‌شکە‌‌وتدا ژیان بە‌‌سە‌‌ر دە‌‌بات، بۆی هە‌‌یە‌‌ بچێ بە‌‌عە‌‌قڵیدا! بە‌‌ڵام گوناهە‌‌ لە‌‌م سە‌‌ردە‌‌مە‌‌دا مرۆڤ پە‌‌نا بۆ شتێک بە‌‌رێ کە‌‌ یە‌‌ک قولانج بڕ نە‌‌کات. پێشتر لە‌‌ توێژینە‌‌وە‌‌کانی لە‌‌سە‌‌ر زمانی کوردیی نووسیومن بە‌‌وردیی ئاماژە‌‌م بۆئە‌‌وە‌‌ کردووە‌‌ کە‌‌ زمانی فە‌‌رمیی لە‌‌ چایینە‌‌ ( چین) زمانی ماندە‌‌رینە‌‌ Mandarin  . ئە‌‌م زمانە‌‌ بووە‌‌ بە‌‌‌ زمانی نیشتمانیی National language هە‌‌موو چایینە‌‌   و ساڵ بە‌‌ساڵیش جێ بە‌‌ کانتە‌‌نیز( کانتۆنیز)  Cantonese لە‌‌ ه‌ۆنگ کۆنگ لە‌‌ق دە‌‌کات. وێڕای ئە‌‌وە‌‌ی کانتە‌‌نیز و ئینگلیزیی لە‌‌ هۆنگ کۆنگ دوو زمانی ئۆفیشە‌‌ڵن.
ماندە‌‌رین کە‌‌ پتر لە‌‌ %70 ی خە‌‌ڵکی چایینە‌‌ پێی دە‌‌ئاخفن و زمانی ئۆفیشە‌‌ڵ و سە‌‌رە‌‌کییە‌‌ لە‌‌ چایینە‌‌و لە‌‌ تایوانیش، جگە‌‌ لە‌‌وە‌‌ی یە‌‌کێکە‌‌ لە‌‌زمانە‌‌ ئۆفیشە‌‌ڵە‌‌کانی UN ، بە‌‌دە‌‌ست ئە‌‌ردە‌‌ڵانە‌‌وە‌‌ ئاوا رە‌‌زیلکراوە‌‌و زیاتر لە‌‌ پە‌‌نجا خوشک و برای زاراوە‌‌ی بۆ دۆزیتە‌‌وە‌‌، بە‌‌بێ ئە‌‌وە‌‌ی ناوی یە‌‌کێکیان ببات. بە‌‌پێچە‌‌وانە‌‌وە‌‌ لە‌‌ چایینە‌‌، نە‌‌ک پتر لە‌‌ پە‌‌نجا زاراوە‌‌ی ئۆفیشە‌‌ڵ هە‌‌یە‌‌ بە‌‌ڵکوو پتر لە‌‌ پە‌‌نجا کە‌‌مە‌‌ نە‌‌تە‌‌وە‌‌ی جیاواز هە‌‌ن.  هاوە‌‌رد فرێنچ بە‌‌ 55 کە‌‌مینە‌‌ ئە‌‌ژماردیان دە‌‌کات ( French 2005  ).  خە‌‌ڵکی هان چایینییە‌‌کان Han Chinese کە‌‌ زۆرینە‌‌ی رەهای دانیشتوانی چایینە‌‌ و تایوان و سێنگاپوور پێک دەهێنن، پتر بە‌‌‌ 1500 دایە‌‌لێکت و سە‌‌بدایە‌‌لێکت دە‌‌ئاخفن، بە‌‌ڵام لە‌‌ چایینە‌‌دا یە‌‌ک زمانی رە‌‌سمییان هە‌‌یە‌‌، ئە‌‌ویش ماندە‌‌رینە‌‌، کە‌‌ سە‌‌رچاوە‌‌و بناغە‌‌کە‌‌ی لە‌‌ بە‌‌ییجینی ( پە‌‌کین) پایتە‌‌ختە‌‌وە‌‌ هاتووە‌‌.

لینگویستە‌‌کان، لە‌‌سە‌‌ر زاراوە‌‌ی شاری شە‌‌نگهای، کە‌‌ مە‌‌زنترین شاری ئابووریی و بازرگانیی چایینە‌‌یە‌‌ و بە‌‌زاراوە‌‌ی " وو- Wu " ناسراوە‌‌، دە‌‌ڵێن لەڕووی لێکسیکاڵە‌‌وە‌‌ تە‌‌نها 31% ی لە‌‌ زمانی ماندە‌‌رین دە‌‌چێت، بەهە‌‌مان رێژە‌‌ی زمانی ئینگلیزیی و فڕانسیی کە‌‌ لە‌‌بنەڕە‌‌تە‌‌وە‌‌ دوو زمان و دوو کولتووریی جیاوازن (Ibid  ).  کە‌‌چیی شە‌‌نگهای بە‌‌دە‌‌یان هە‌‌زار، نووسە‌‌رو رۆژنامە‌‌نووس و پرۆفێسە‌‌رو زمانناسیی تێدایە‌‌، وە‌‌ک شۆڤینیستە‌‌ لە‌هجە‌‌ییە‌‌کانی کورد داوای ئە‌‌وە‌‌ ناکە‌‌ن کە‌‌ زاراوە‌‌ عە‌‌زیزە‌‌کە‌‌یان بە‌‌ زمانێکی فە‌‌رمیی بناسرێ. ئە‌‌وان وە‌‌ک هە‌‌ندێک هۆرامیی ناڵێن شە‌‌نگهای لە‌‌ نە‌‌تە‌‌وە‌‌یە‌‌کی جیاوازە‌‌، ئە‌‌وان ناڵێن زمانی ماندە‌‌رین زمانێکە‌‌ سە‌‌پێنراوە‌‌ بە‌‌سە‌‌ریاندا.   
خە‌‌ڵکی هە‌‌رێمی فوژیان Fujian پە‌‌ندێکی کۆنیان هە‌‌یە‌‌ دە‌‌ڵێ’ ئە‌‌گە‌‌ر  پێنج مایڵ بە‌‌لیخۆڕین بڕۆیت کولتوور دە‌‌گۆڕێ، ئە‌‌گە‌‌ر دە‌‌ مایڵ بڕۆیت زمانیش دە‌‌گۆڕێ". لە‌‌ وڵاتێکی وە‌‌ک چایینە‌‌دا کە‌‌ سە‌‌ری هارو ماری تێدایە‌‌، لە‌‌لایە‌‌ن لۆبیی جووتستاندە‌‌ردو فرە‌‌ستاندە‌‌رد و هیچ ستاندە‌‌ردە‌‌کانە‌‌وە‌‌ ، لە‌‌لایە‌‌ن شۆڤینیزمی لەهجە‌‌یی و پانهۆرامیی و……….تاد ،هە‌‌رێمی  کوردستانی عێراق بە‌‌ چایینە‌‌ بە‌‌راورد دە‌‌کە‌‌ن. ئاخر ئە‌‌مە‌‌ بە‌‌دبە‌‌ختیی کورد نە‌‌بێ چیتر دە‌‌گە‌‌یە‌‌نێ؟  ئە‌‌م نووسینە‌‌ش  وە‌‌ک شێرکۆ بێکە‌‌س و دە‌‌یان و سە‌‌دان رووناکبیرو نووسە‌‌رو ئە‌‌کادیمیستی تری کورد، پێیوایە‌‌ کە‌‌ زمانی ستاندە‌‌ردی کوردیی لە‌‌ کوردستانی عێراقدا تە‌‌واو ساغبووە‌‌تە‌‌وە‌‌، بە‌‌ڵام لە‌‌بە‌‌ر ئە‌‌وە‌‌ی ئیرادە‌‌ی سیاسیی نییە‌‌ و سە‌‌رکردایە‌‌تی سیاسیی کورد، مە‌‌یلی تایە‌‌فە‌‌چییە‌‌تیی و ناوچە‌‌گە‌‌ریی و لەهجە‌‌پە‌‌رستیی تێدایە‌‌، نە‌‌یتوانیوە‌‌ بە‌‌ بڕیارێکی سیاسیی و فە‌‌رمیی بە‌‌ شێوازە‌‌ یاساییە‌‌کە‌‌ی زمانی ستاندە‌‌ردی کوردیی جێگیر بکات.  ئە‌‌مە‌‌ نازونووز هە‌‌ڵناگرێ.  لە‌‌ هە‌‌رێمی کوردستانی عێراقدا دە‌‌بێ زمانی ستاندە‌‌ردی کوردیی وە‌‌ک زمانی نووسین و پە‌‌رورە‌‌دە‌‌ لە‌‌سە‌‌رتاسە‌‌ری هە‌‌رێمدا، بە‌‌لە‌‌بە‌‌رچاوگرتنی دایە‌‌لێکتە‌‌کانی تری زمانی ستاندە‌‌ردی کوردیی، پێویستە‌‌ یە‌‌ک زمان بێ  و دە‌‌شبێ بسە‌‌پێنرێ.

لە‌‌کۆتاییدا، پێویستە‌‌ ئە‌‌وە‌‌ بگوترێ، ناکرێ لە‌‌ژێر پە‌‌رچە‌‌می هە‌‌ستی نیشتمانیی و  بە‌‌ناو کوردستانییدا، هۆرامییچییە‌‌تیی و عە‌‌شیرە‌‌تچییە‌‌تیی و تایە‌‌فە‌‌چییە‌‌تیی و ناوچە‌‌پە‌‌رستیی بکە‌‌یت، لە‌‌ولاشە‌‌وە‌‌ بۆ هە‌‌ڵخە‌‌ڵە‌‌تاندنی خە‌‌ڵک پە‌‌نا بۆ دروشمی کوردستانی گە‌‌ورە‌‌و لاواندنە‌‌وە‌‌ی دایە‌‌لێکتە‌‌کان و شۆڤینیزمی لەهجە‌‌یی بە‌‌ریت. خە‌‌ڵک زۆر لە‌‌وە‌‌ وریاترن‌ ئە‌‌م  تە‌‌شقە‌‌ڵە‌‌ لینگویستیکییانە‌‌یان بە‌‌سە‌‌ردا تێپە‌ڕێت. ئە‌‌گە‌‌ر هە‌‌ندێ هۆرامیی داوای ئە‌‌وە‌‌ دە‌‌کە‌‌ن کە‌‌ ه‌ۆرامییە‌‌کان نە‌‌تە‌‌وە‌‌یە‌‌کی جیاوازن و زمانە‌‌کە‌‌یان لە‌‌ گە‌‌ڵ زمانی کوردییدا جیاوازە‌‌، با بە‌‌بێ دڵە‌‌‌‌ڕاوکێ و بە‌‌ئاشکرا داوای سە‌‌ربە‌‌خۆیی نە‌‌ک هە‌‌ر زاراوە‌‌کە‌‌یان  بکە‌‌ن، بە‌‌ڵکوو با داوای سە‌‌ربە‌‌خۆیی ئیداریی و سیاسیی و جێۆگرافییش بکە‌‌ن. ژمارە‌‌ی زۆرو بۆری کورد بە‌‌م وشکە‌‌‌‌ کە‌‌ڵە‌‌کە‌‌ بەهیچ شوێنێکمان ناگە‌‌یە‌‌نێ. نە‌‌ک هە‌‌ر هۆرامییە‌‌کان بە‌‌ڵکوو هە‌‌ر ناوچە‌‌ و شارێک، ویستیان هە‌‌بێ بۆ جیابوونە‌‌ لە‌‌ هە‌‌رێمی کوردستان ، پێویستە‌‌ رێز لە‌‌ ئیرادە‌‌یان بگیردرێ و هیچ شتێکیان بە‌‌سە‌‌ردا فە‌‌رز نە‌‌کرێ. بە‌‌ڵام تا کاتێک هە‌‌ر گرووپ و  نە‌‌تە‌‌وە‌‌و ئێسنیک و دایە‌‌لێکت جیاوازێک بیانە‌‌وێ لە‌‌ کوردستانی عێراقدا بژین، پێویستە‌‌ زمانی ستاندە‌‌ردی کوردیی وە‌‌ک زمانی رە‌‌سمیی هە‌‌رێمی کوردستان وە‌‌ربگرن. کە‌‌سیش بۆی نییە‌‌ زاراوە‌‌و بنزارە‌‌وە‌‌کانیان لێ قە‌‌دە‌‌غە‌‌ بکات، بە‌‌ڵام پێویستە‌‌ ئە‌‌وانە‌‌ی شە‌‌پۆڕ بۆ زاراوە‌‌کان دە‌‌کە‌‌ن، هە‌‌ستی نیشتمانییان بدە‌‌ن بە‌‌سە‌‌ر هە‌‌ستی شارچییە‌‌تیی و ناوچە‌‌گە‌‌رییە‌‌تییداو ئایدیۆلۆژییانە‌‌و حیزبییانە‌‌ بیر نە‌‌کە‌‌نە‌‌وە‌‌و زمانی ستاندە‌‌ردی کوردیی ، کە‌‌ بناغە‌‌کە‌‌ی کرمانجیی ناوە‌‌‌‌ڕاستە‌‌ لە‌‌ کودستانی عێراقدا، بە‌‌سیمبوڵی زمانی ستاندە‌‌رد  و یە‌‌کگرتووی کوردیی بزانن.

 

سە‌‌رچاوە‌‌:
French، Howard 2005، The New York Times، July 10 2005

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply