Skip to Content

Friday, May 7th, 2021

شیعر وەک هزر … ئازاد حەمە

Be First!
by February 2, 2013 ئەدەب

 

 


وتەێ پێویست: 

دەقم بەوەوەگرتووە کە تاپێمکرێ لێدوانی ڕۆژنامەوانی نەدەم و خۆم لە دیاردەی گفتووگۆی لەوجۆرە بدزمەوە و لێ جاریوایە ڕێچکەشکان و ڕێسابەزێنێ دێتەگۆڕێ کە ویستم بۆ ئەو دیاردەیە تیا دەڕسکێنرێ ئەمەش زۆرجار بەو هەل و مەرجەوە گرێدراوە هەڤپەیڤینەکەی تیادەسازێنرێ یان سازێنەری ئەو دیاردەیە ڕامدەکێشێتە ناو جۆرە مەشقکردنێ هزریانەی ڕیزپەڕەوە. آ

 

پرسیاری 1/ پێوەندی نێوان شیعر و هزر چییە؟ 

 

پێشەکی: پێش ئەوەی خوێنەر بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانەوە سەرقاڵکەم سەرەتا بەپێویستی دەزانم هێما بۆ دوو لایەنی زێدە گرینگ بکەم. لەلاێک، دەخوازم ئەم لێدوانە لەلایەن خۆمەوە بە “”شیعر وەک هزر”” ناوبنێم. بەخۆی گوزارەی “”شیعر وەک هزر”” ئەو کاریگەریەبوو ناونیشانی کۆڕێکی فەلسەفی ئالان بادیو لە مانگی حوزەیرانی 2011 لە پاریس لەسەر بینینم بۆ شیعر داینا و، ئەمەو جگەلەو نووسینە کورت و پووختەی ئەم بیرمەندە فەڕەنسییە لە کۆتای 1989 لە نووسینێکا بەناوی “”چاخی شاعیران”” هەرزوو تێگەیشتنمی بۆ شیعرسازی و شیعرەبووناویەکان گۆڕی. لە بنەچەشدا، ئەم ناونیشانە بەشێکە لە پرۆژەی ووتنەکانم لەسەر پێوەندی نێوان شیعر و هزر کە وەکیتر مەبەستم لێی پێوەندی نێوان شیعر و فەلسەفەیە. چونکە ئەو هزرەی لێرەدا مەبەستمە لەمیانەی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانەوە ڕاڤەیکەم فەلسەفەیە بۆیە ئەو پێوەندیەی لەنێوان شیعر و هزریشدا دەیبینمەوە پێوەندی نێوان شیعر و فەلسەفەیە. یان ئەو هزرەی ئامانجی “من”ە ووتنی لەبارەوە بێنمەپێشەوە هزری فەلسەفییە. هزری فەلسەفیش کە گفتووگۆ لەسەر تێهزرین (بیرکردنەوە) و تێڕامان بەسەر قسەکردنەکانا دەسەپێنێ ئەمە لەلایەن خۆیەوە وادەکات تەماشاکردنی “من” بۆ شیعر تەماشاکردنێ فەلسەفی بێت هەر لەبەر هەمان هۆ چڕکردنەوەی ووتنەکانم لەبارەی هزری شیعری و مانای تێڕامان بۆ ئەم لێدوانە باسێ فڕە گفتووگۆئامێزە.چونکە کردەی شیعری لەدەرەوەی تێڕامان بوونی نییە و خودی فەلسەفەش کردەێکە لە تێهزرین (بیرکردنەوە) و تێڕامانی هزری. بەمجۆرەبێت شیعر وەک تێهزرین ئەمە ئەو تێگەیشتنەیە “من” مەبەستمە لەم لێدوانە جەغتیلێکەم و قوورسای ووتنەکانمی لەسەردانێم. چونکە شیعر تەنیا گێڕانەوە  imitation نییە، یان گێڕانەوەێ ئۆتۆماتیکیانە نییە. لێرە “من” خۆم لەو نەرێتە ئەفڵاتوونی- ئەرستۆییە بەدووردەگرم کە مانابەخشی بە گێڕانەوە لە ژیانی شیعر دا داوە. ئەم لایەنەش پاشتر لەمیانەی وەڵامەکان دێیمەوەسەری و بەتایبەت ئەوکاتەی نیازمەندم ڕووبەری بەرینی شیعر ڕاڤەکەم و تیۆریزەش بەسەر گەلێ لە تێگەیشتنە فەلسەفییەکانی بیرمەندە ڕۆژئاواییەکان بکەم کە هزرەڤانییان بەسەر پێوەندی نێوان  شیعر و هزر ، یان شیعر و فەلسەفە ، دا کردوە و ئەوەشیان دەرخستووە چەند هزرەڤانی (بیریاری) شیعر و شیعرسازی فەلسەفە بە توێژینەوەی زۆرتر و زۆرتر شایانە. بۆیە لەمیانەی وەڵامەکانەوە کار بۆ چێکردنی تێگەیشتن لەسەر ئەو لایەنە دەکەم بە تێمای شیعرگەرای فەلسەفە و فەلسەفەگەرای شیعرەوە تایبەتە. ئەمەش بۆ “من” ، بەبێسڵکردنەوە ، باسێکە دەچێتە خانەی گفتووگۆوی بەردەوامەوە. چونکە نە فەلسەفە لە یۆنانی کۆنەوە تا فەلسەفەی نوێی سەردەم لەسەر پێوەندی نێوان شیعر و فەلسەفە هاوبۆچوونی بەردەوامی نیشانداوە و نەش هاوکۆکی تایبەت بەو لایەنە لەناو توێژەرەوە هاوچەرخەکانا باوە.

ڕەنگە بۆ بەشێ لە خوێنەران تائەندازەێک ئەوە ڕوونبێت کە واتای شیعری واتاێ ئەفسانەی، خەیاڵی و هەستییە هەرچی واتای فەلسەفییە واتاێ عەقڵی، لۆژیکییە. کەوابێت، فەلسەفە وتارێکە خۆی لەسەر بناغەی واتا پێکدێنێ و ئەم لایەنە شیعر ناگرێتەوە بەس لە شیعرا هەروەک لە فەلسەفەدا قسەلەسەر پێوەندی نێوان خود و بابەت، مرۆڤ و جیهان، ئەفسانە و واقیع، خوا و جیهان، هەروەها عەقڵ و خەیاڵ دێتەپێشەوە. ئەمەش وای لە “من” کردووە ڕوانینم بۆ شیعر وەک کردەێک بێت لە هزر و پرۆسەێکیش لە بیرکردنەوە و تێڕامان، ئەڵبەتە بەلەبەرچاوگرتنی گشت ئەو جیاوازییانەی ئەو دوو بوارە تێهزرینیە (شیعر و فەلسەفە) دروستیدەکەن و کاریشیلەسەردەکەن.

لەلاێکی تریش، پێشئەوەی بێمە سەر وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەو سەرنجە فڕە پێویستە بدەم کە بەمجۆرەیە: بەشبەحاڵی خۆم و تاپێشمکرابێت خۆم لە لێدوانی ڕۆژنامەوانی بەدوورگرتووە و پێشموایە هۆی بنچینەی ئەم خۆ بەدوورگرتنەم بۆ ئەو بەرپرسیاریەتیە زۆرە دەگەڕێتەوە لە لێدوانی ڕۆژنامەوانیدا دەیبینمەوە کە نە لێدوانسازکەر و نەش لێدواندەرانی مێدیای نوێی کوردی دەرکییانپێکردووە. شوێنی خۆیەتی هێما بەو سەرنجەبدەم کە “من” هیچکات خەو بە لێدوانەوە نابینم و ئارەزووی ئەوەم نەکردووە لێدوانی ڕۆژنامەوانیم لەتەکا کرێت. نامەوێت کتێبی لێدوان چاپکەم. لە لێدوانی ڕۆژنامەوانی دا ،کە ئەمەش کردەێکە لە نووسین ،لەچاو لێدوانی تەلەفزیۆنی، کە ئەمیان کردەێ سەرزارەکییە، ئەرکێ زۆری هزری ،کە دواتر خۆیان لەشێوەی هزر دەردەخەن، پەنهانە. کەوابێت، جۆری تێهزرین و داڕشتنەکان لەو دوو جۆرە لێدوانەدا (ڕۆژنامەوانی و تەلەفزیۆنی) جیاواز و لێکنەچوون. دیارە لێدواندان و لێدوانسازکردن بووە بە بەشێ لە ژیانی ڕۆشنبیری مێدیای هاوچەرخی کوردی و تاڕادەێک وتاری ڕۆژنامەوانی نوێی کوردی بێئەندازە لەسەر لێدوانسازاندن مشەخۆرە لێ بۆ “من” کێشەکە هەر ئەمە نییە بەڵکو ئەوەشە تا چ ئەندازەێک لێدوانەکان لەناو ئێمەی کورد و لە وتاری ڕۆشنبیری نوێی کوردی دا توانیویانە وەک سەرچاوە ، وەک بەشێ لە تێهزرین یان سەرچاوەی هزری تەماشاکرێن؟ “من” تائێستا نەمدیوە کەسێ لە نووسینێ یان چاترە بڵێم لە توێژینەوەێکدا ئاماژە بە لێدوانێک بکات و تەنانەت ئاماژە بەوەش بکات کە فڵانە لێدوان بووە بە هەوێنی تێگەیشتنی بۆ دیاردەێ دیاریکراو. هۆی ئەمە چییە؟ هۆی ئەمە هەر ئەوە نییە لێدوان زۆربووە و تامی لێدوان نەماوە، و یان ڕۆژنامەگەری لەئێستادا بێ لێدوان ناکارێ بژیت بەڵکو هۆی ڕیشەی ئەم لایەنە بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆرجار نە پرسیارە ڕۆژنامەوانیەکان هزر دروستکەرن و ، یانیش ، نە وەڵامەکانیشیان. وەکیتر، هەردوولا کە بەشداری لە دروستکردنی لێدوان دەکەن دوور لە هزرەوە کاردەکەن. بۆیە لێرە فڕەمەبەستمە سەرنجبخەمە سەر تێبینیێکی کۆنی خۆم کە مێدیای هاوچەرخی کوردی پێویستی بە هۆشێ نوێیە لەسەر خوڵقانی لێدوان، هۆشێ دووقۆڵی کە لێدوانسازکەر و لێواندەر بەرهەمهێنەریبن. مەبەستم، لە مێدیای نوێی کوردیداپێویستمان بە کارکردنە لەسەر سازاندنی هۆشێ تازە لەسەر چۆنیەتی پرسیارسازدان و وەڵامسازی ، لەسەرئەوەی لێدواندان واتە دروستکردنی زۆنێک بۆ دادوەری و ووتن. کەواتە کارکردن لەسەر  گۆڕینی سێرکردن بۆ لێدوان و سازاندنی تێگەیشتن لەسەر ئەوەی لێدوان، چونکە کردەێکە لە ووتن، کردەێ هزرییە و سەفسەتە و چەنەبازی نییە کارێ پێویستە.

لە پرسیارەکانی “ئێوە” دا خەمێک بەدیدەکەم کە خەمی منیشن. کەواتە “ئێمە” هەردوو هاوخەمین هەربۆیشە کار لەسەر وەڵامدانەوەی پرسیارەکان لایخوارەوە دەکەم.”ئێوە” بە پرسیارەکانتان خەمەکەی خۆتان بەیانکردووە و منیش بە وەڵامەکانم کار لەسەر بەیانکردنی خەمەکانم دەکەم. دیاریشە “ئێوە” ئەو هەستی پرسیارسازیەتان تایبەت بە ئەزموونی شیعری و فەلسەفی “من” لەلاێ لەمیانەی تێخوێندنەوەی کارە فەلسەفیەکانم و ئەو دوو بەرهەمە شیعرییەم ( ” فرمێسکەکانی ئێرۆس Eros ” 1995 ، و ” ئێتۆس Ethosلە دوورگەکانی شیعر” 2001) تیا دروستبووە،لەلاێکی تریش بەهۆی ئەو تێگەیشتنە فەلسەفییانەی تایبەت بە کردەی شیعرسازی لەو ئێوارە کۆڕەی لە “کتێبخانەی غەزەلنووس” لە هاوینی ئەمساڵدا (2012) تایبەت بە “شیعرسازی و هزر” ووتمن.

“ئێوە” دەپرسن: پێوەندی نێوان شیعر و هزر چییە؟ منیش دەڵێم پێوەندی هەیە و وەڵامەکەشم بەو ئاڕاستەیە دەبەم کە کار بۆ شرۆڤەکردنی ئەو “چییە” بکەم کە لای “ئێوە” مانای بە گوزارەکەتان یان داڕشتنی پرسیارەکەتان بەخشیووە. چونکە شیعر دەکارێ خۆی وەک هزر نیشاندات. یان لە شیعرا هزر پەنهانە. لێ ئەو هزرەی لێرە باسیدەکەین جیایە لەو هزرەی لەبواری زاستەتەجریبیەکان (ئەزموونیەکان) و یان زانستە سرووشتیەکان باس دەکرێت. هەروەک چۆن فیزیا وەک بوارێ هزری لە مێژووە جیایە یان هزری دەرمانسازی لە هزری وێژەی جیایە ئاواش هزری بوارە جیاکان جیان. مێژوو هزری خۆی هەیە کە دەشێ ناونرێت هزری مێژووی و فیزیاش یان کارئەندامناسیش (فیزیۆلۆژی) هزرێ تایبەتی خۆی هەیە. دەشکرێت باس لە هزر کرێت وەک دیسپلین بۆنموونە هزری کیمیای لە هزری ئەدەبی جیایە بەس هزر وەک کردەێ مرۆی و بەرهەمی ئەندێشە و تێڕامان لەگشتمانا و لەگشت دیسپلینەکانا یەک مانای هەیە ئەوەش بریتیەلە کردەی تێهزرین لە شتێک جا ئەو شتە جەنگ بێت یان ئەستێرە یانیش دەریا. بەڵام بینینی شاعیرێک بۆ ئەستێرە یان جەنگ وەک بینینی فەلەکناسێ نییە بۆ ئەستێرە و ئەڵبەتە هیچکات وەک بینینی مێژووکردێ یان سیاسەتەوانێکیش نییە بۆ جەنگ.

بۆ پتر ڕوونکردنەوەی ئەوی لایسەرەوە ووتم ئەوەش دەڵێم، ناشێ شیعر بێ هزر (بیر، فکر ، Thought ، Tänkande، بە ڕووسی میسل мысль ، Pensée) بکارێ بژیت. هزر لە هەناوی شیعردایە. چونکە شیعر بریتییە لە بیرکردنەوە (تێهزرین)، ئەوە بیرکردنەوەیە شیعر دەخوڵقێنێ. مەگەر ئەمە ئەو سێرکردنە نییە بەشێ لە بیرمەندانی هاوچەرخ کۆدەکاتەوە؟ بەتایبەت دوای ئەو کودەتا فەلسەفییە شیعرئامێزەی نیچە و هایدیگەر سازیاندا. ئەمەش وایکرد هزرەڤانانی نوێ، بەتایبەت فەڕەنسییەکان، بەو کودەتایەوە بگلێن، ئەمەش ، بەبێگومانەوە ئێژم، ڕەنگدانەوەی خۆی لە بینینی پۆل ڕێکۆر، ژاک دێریدا، ژاک ڕانسیێر، ئالان بادیو، ژیل دولۆز ، فیلیپ لاکۆ- لابارت، ژان – لۆک نانسی و…هتد دا دانا.

گەر پرسیاری چییەتی پێوەندی نێوان شیعر و هزر ئاماژەبێت بۆ پێوەندی نێوان شیعر و فەلسەفە ئەوا بەلامەوە مەبەستە هێما بۆ ئەوە بکەم قسەکردن لە شیعر وەک هزر دەمانباتەوە ناو گەلێ پێوەندی ترەوە لەوانە: شاعیر و بیریار، وتنی شیعری و وتنی فەلسەفی یان زمانی شیعری و زمانی فەلسەفی، شیعریاری و بیریاری و… بۆئەوەی لەم پێوەندیانەش بگەین مەرجە بزانین فەلسەفە چی لە شیعر دەوێت؟ هەروەها شیعر چی لە فەلسەفە دەوێت؟ چونکە ئەم دوو پرسیارە هەمیشە خۆیان زیندوو نیشاندەدەن و چییەتی پێوەندی نێوان شیعر و فەلسەفەش واڵادەکەن. ئاشکرایشە ئەو شتانەی ئەم دوانە (شیعر و فەلسەفە) لێیدەدوێن لەیەکەوە دوورنین. بۆ شیعر و فەلسەفەش لەیەککاتدا مەرگ، بوون، ئەوین، تەنیای، ڕاڕای و ئەو ڕەشاییانەی ژیان داگیردەکەن، و هەبوونمان تێکدەدەن، هەمیشە بابەتی تێڕامان بوونە. ڕاستە بواری فەلسەفە لە بواری شیعر بەرینترە بەڵام شیعر ئەو دەمەی خۆی بە شتە گومڕاکانەوە دەگلێنێ پتر لەکاتێتر فەلسەفە سەرقاڵی هەبوونی خۆیدەکات. باشە ئەم پێوەندی و تەنانەت سەرقاڵیەش ئەوەمان فێرناکات فەلسەفە و شیعر واتە بیرکردنەوە (تێهزرین) لە بیرکردنەوە، بیرکردنەوە لە بیر (هزر)؟ من پێموایە ئامانج لە بیرکردنەوە لەو شتەی ناویدەنێین بیر ئەوەیە چیمان لە بیر دەوێت؟ باشە بۆ “من” ئەم جۆرە پرسیارە دەکەم؟ لەڕاستیدا هۆی پرسیارەکەم بۆئەوە دەگەڕێتەوە  بیرکردنەوە (تێفکرین یان تێهزرین) ،کە بەرهەمی بیرە (هزرە، فیکرە) ، ئەو شتە دەسازێنێ مرۆڤ پێویستیەتی، بۆنموونە هەڵوێستەکردن، ڕاڤەکردن ، بینین یان…ئەمەش دەشێ شیعر بێت یان فەلسەفە، ئەڵبەتە بە لەبەرچاوگرتنی هەندێ لایەن کە دواتر و لە میانەی وەڵامەکانی تر زێتر لەسەریان دەوەستم. چونکە نابێت و ناشێت ئەوەمان بیرچێت کە شیعر بەدووی مەحسووس دا دەگەڕێ و ئەم گەڕانەش لەڕێگای زمانەوە دەکات، وەلێ فەلسەفە بەدووی مەحسووسدا ناگەڕێ بەڵکو ڕاستی دا. 

باشە فەلسەفە شیعرە؟ ئەی شیعر فەلسەفەیە؟ تایبەت بەم دوو پرسیارە پێویستە بەبێ سڵەمینەوە بووترێت فەلسەفە شیعر نییە. چونکە فەلسەفە وتارێکە خۆی لەسەر بناغەی واتا پێکدێنێ و شیعریش هزرێکی ئەسڵی بوونە. تەنانەت بۆ بەشێ لە توێژەرەوە ئەدەبی و فەلسەفییەکان ووتنی شیعری و ووتنی فەلسەفی لەگەلێ حاڵەتەدا پێکەوە کاردەکەن و گەلێ شتی هاوبەشیشیان هەیە و ئەو شتە هاوبەشانەش ووتن دەسازێنن و لە نادیار و دیارەکان پێکەوە دەدوێن. بۆئەوەی ئەو پێکەوە دوانەش بێتەسازدان پێویستی بۆ زمان لەئارادادەبێت. واتە زمان چ بۆ فەلسەفە و چش بۆ شیعر  بێئەندازە کاریگەرە و تەقەلاێکیشە بۆ دروستکردنی زۆنێک بۆ قسەکردن لەو جوانکاری و ناشرینیانەی بوونمانی گەمارۆداوە. دیارە بەکاربردنی زمانەکان لە بیرمەند و شاعیرێکەوە بۆ ئەویتر وەک یەک نییە و نابێت. هاوکات ئەو لایەنەش کە فەلسەفە زمانێ دیاریکراو یان ئەبستراکتی هەیە هەرچی شیعرە بەو جۆرە نییە و زمان لە دۆزێکا بەر بەکاربردن دەکەوێت کە پتر پشت بە گێڕانەوەێ خەیاڵی دەبەستێت. ئەمەو لە فەلسەفەدا زمانی سەڵمێنە و بەڵگەهێنانەوە بنجبەستە هەرچی زمانی شیعرە زمانێ ڕەوانبێژی و میتافۆرییە. پاشان بیرماننەچێت کە فەلسەفە هزرێ ڕەخنەی و ڕاستەوخۆ بەکاردەبات بەڵام شیعر بەوجۆرە نییە. چونکە شیعر زێدە ناڕاستەوخۆ و میتافۆری (ئیستیعاری) یە.

لەبەرڕۆشنای ئەو سێرکردنانەی لایسەرەوە بەباشی دەزانم جارێتر بێمەوە سەر فۆڕمی داڕشتنی پرسیارەکەتان. چونکە ئەم پرسیارە، پرسیارەکەتان (پێوەندی نێوان شیعر و هزر چییە؟) ، دەکرا لە فۆڕمێ تری زمانەوانیدا بکرایە بۆنموونە: پێوەندی نێوان شیعر و فەلسەفە چییە؟ چونکە فەلسەفە قسەکەری ڕاستەوخۆی هزرە و گشت مانیفێستی هزریش لە ووتنی فەلسەفییدا خۆی بەیاندەکات. مەگەر ئەمە ئەو ڕاستییە هزرییە نییە نە شاعیران و نەش فەیلەسوفان دەکارن لێیهەڵبێن؟؟ بۆیە ئەز ناچارم بپرسم: جیاوازی لە نێوان تێڕامانی شاعیر و فەیلەسوفدا هەیە؟ بەدڵنیاییەوە جیاوازی هەیە. جیاوازی لەنێوان تێڕامانی شاعیر و فەیلەسوف لەوەدایە شاعیر بیر لە خوڵقان لەناو زمان، بەهۆی زمانەوە ، دەکاتەوە. هەرچی فەیلەسوفە بیر لە دامەزراندنی واتاکان دەکاتەوە. فەلسەفە پۆلێ زانینیە. واتە زانین دەدات یان زانین سازێنەرە. دیارە شیعر ئەمە ناکات و قاموسێ نییە لەسەر زانین بەس شاعیرەکان زۆرجار بەجۆرێ ئەوتۆ کار لەسەر زمان دەکەن دەکارن  لەڕێگای شیعرەکانیانەوە بەو چرکە مێژووییە یان شارستانییەمان بناسێن شیعریان تیانووسیوە. بەپێیئەوش شیعر بیرکردنەوەیە لەوی هەیە و ئامادەشە لەناو بوونا دەتوانێ تێگەیشتن دروستکات. ئەمەش وادەکات بڵێین شیعرنووسین، لەبەرئەوەی دەچێتە قووڵایی بوونەوە، تێگەیشتن و ڕوانینی نوێیە لەسەر بوون، ئەڵبەتە شیعر ئەمەش لەڕێگای بەکاربردنی زمانەوە دەکات. 

بۆئەوەی ئەوی ووتم پتر ڕاڤەکەم پشت بە بینینی شاعیرێکی بەلژیکی فەڕەنسیزمان ، هێنری میشۆ Henri Michaux، دەبەستم. بۆ میشۆ ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە هۆنراوە بەرهەمی هزری شیعرییە، ئەمەش بەو مانایە دێت  شیعر ئەو دەمە هەیە تێهزرینی شیعری بوونی هەیە. لەم کۆنتێکستەدا تێهزرین بەبۆچوونی میشۆ بە مانای داهێنانی هزر دێت. داهێنانی هزریش واتە گۆڕینی خود بۆ بابەت بەهۆی هزرەوە.    

سەرباری ئەوی ووترا ئەوەش ئێژین، شاعیر لەناو وێنەکانی بوونا ،کە پڕن لە مۆسیقا، مانا پێکدێنێ و گوزارەکانی خۆی پێچێدەکات هەرچی فەیلەسوفە تێڕامان لەو شتە ، یاخود تێهزرین بەسەر ئەو شتەوە، دەکات بۆسەر بوونمان هەڕەشەیە. ئەم تەماشاکردنە من بەرەو ئەوەشدەبات بڵێم: شاعیر وەک فەیلەسوف دەنگدەکات و حەزدەکات بێتەگۆ بەس جیاوازی لەنێوان دەنگی شاعیران و فەیلەسوفان دا هەیە جیاوازیەکە لە ئاوازەکان و ڕیتمی دەنگەکە نییە بەڵکو لەوەدایە چۆن ئەم دوانە بە شێوازی ناجۆر مانا و بەها دروستدەکەن. 

لەبەرئەوەی قسەکردن لەسەر پێوەندی نێوان شیعر و فەلسەفە قسەکردنێ زێدە دێرینە دێرینی قسەکردنەکە واملێدەکات بڵێیم ئەو پێوەندیە زێدە تایبەتیشە. بۆیە دەڵێم: جیاکردنەوەی شیعر لە فەلسەفە ڕیسکێ گەورەیە. گفتووگۆی ئەم پێوەندیەش لە مێژووی بیری فەلسەفی ڕۆژئاوا ڕیشەی خۆی هەیە. ئەم ڕیشەیەش گەلێ لقوپۆپی لێدەبێتەوە، بۆنموونە بەپێی هەندێ سەرچاوە ئەفڵاتوون لە لاویدا چەند شانۆنامەێکی نووسیوە کە دواتر گشتیانی سووتاندووە. باشە بۆ؟ ئایا لەبەرئەوەی پاشتر بە بیری فەلسەفی سوکرات، بەو شتە عەقڵییەی لە شانۆنامەکانا پەیپێنەبراوە ، ئاشنابووە ؟ یان لەبەرئەوەی ئەفڵاتوون پێویستی بەوەبووە لە “شارە نموونەیی” ەکەیدا شیعر لە فەلسەفە دوورخاتەوە: واتە ڕاونانی شاعیران زەمینە بۆ حاکمداری فەیلەسوفان دەسازێنێ؟  شیعر بۆ ئەفڵاتوون لە “کۆمار” دا بەپێیئەوەی بەزۆری بە ڕووکەشییەوە سەرقاڵە ناتوانێ لە ڕاستی پشکنینبکات و لە ڕیشەش نزدیکبێتەوە و تەنانەت بە یەقینیش ئاشنامانکات. بۆیە ئەفڵاتوون بۆئەوەدەچوو شیعر بریتیە لە کردەێ لە گێڕانەوە کە دەشێ گێڕانەوەێ ڕووکەشانە و فێڵاویش بێت. هەربۆیشە فەلسەفە لە “کۆمار”دا شوێنی لە شارە و فەیلەسوفیش دەشێ ببێ بە ڕابەری شار بەس شیعر ئەو بەختەی نییە جابۆیە شاعیر لە شار وەدەردەهێنرێ و ئەوی شاعیر دەینووسێ خۆی وەک تارمای و وڕێنە نیشاندەدات. ئەم لایەنە کە پاشان و لەدووتوێی وەڵامی پرسیارەکانی تر دێینەوە سەری بەوە لێرە پایانپێدێنین کە ئەم سێرکردنە فەلسەفیە ئەفڵاتوونیە قابیلە بە هەڵوەشانەوە و پتر قسەلەسەرکردن لێ لە کۆتای کۆتایەکانا فەلسەفە و شیعر نە دوژمنی یەکترن و نەش دەشێ هێندە دۆستبن کە کاری یەکتربکەن.

 

پ 2/ ئایا شیعر میتۆسە؟ یان لۆگۆسە؟ یان شتێکیترە و یاخیتر لەوەی خۆی بداتە دەستی چوارچێوە وپێناسەێک؟

 

واتای شیعر بەپێی ئەو شیکردنەوە ئێتمۆلۆژیەی(ڕیشەی وشەناسی) بۆیدەکرێت ، کە سەرچاوەکەی یۆنانیە،  واتە داهێنان ، ئەم جۆرە داهێنانەش دەچێتە خانەی میتۆسەوە(ئەفسانەوە) mytho. هەرچی فەلسەفەیە ئەم پێناسەیە نایگرێتەوە چونکە فەلسەفە واخۆیبەدەستەوەدەدات کە وتارێ لۆگۆسی ،عەقڵی، پیادەیدەکات و دوورە لە میتۆسەوە. بەمپێیە، شیعر وتارێکە سەرچاوەکەی لە یۆنانی کۆندا چۆتەوە سەر میتۆس بەڵام فەلسەفە سەرچاوەێ لۆگۆس logos (عەقڵ، ژیری، وتار) ی هەیە. لەگەڵ بوونی فەلسەفەش بە لۆگۆس ، لەگەڵ داکەوتنی لەوەی نەبێت بە زمنحاڵی ئەفسانەکان و گوێزەرەوەی هەقایەتە میتۆلۆژیەکان فەلسەفە خۆی وەک شتێ عەقڵی، نا-خەیاڵی و نا-هەستی نیشانداوە بەس شیعر خۆی وەک شتێ ناعەقڵی ، خەیاڵی، هەستی، ئەفسانەی و ڕۆحی نیشانداوە. کەواتە قسەکردن لەسەر پێوەندی نێوان شیعر و فەلسەفە ،هەروەها میتۆس و لۆگۆس، دەمانباتەوە لای سەرەتاکانی دەرکەوتنی فەلسەفەش. ئەو سەرەتایانەی فەلسەفە خۆی لە فۆڕمی مێتۆس (ئەفسانە) دەرخستووە. هۆنراوەکان لەبارەی جەنگ و خواوەندەکان، پەندە فەلسەفیە داستانئامێزەکان ، وەسفە میتۆلۆژیە تراژیدیەکان بەشێکن لەو سەرەتایەی فەلسەفەی لە یۆنانی کۆن، لە سەردەمی پێش سوکرات، پێش دەرکەوتنی فەلسەفە لە فۆڕمی لۆگۆس،پێیناسراوە. کەواتە میتۆس ڕابردووی فەلسەفەیە، ئەو سەرەتایەیە فەلسەفە ناکارێ نکوڵی لە بوونیکات. ئەم سەرەتایە نیشانەیە لەسەر  بوونی شیعر و بوونی پێوەندی لەنێوان شیعر و فەلسەفە. گومانیشیناوێت شیعرەکانی هیراکلێتس و پارمێنیدس هێمان بۆ چۆنیەتی دەرکەوتنی فەلسەفە و پێوەندی ویش بە شیعرەوە لە یۆنانی کۆن دا. 

ناچارم لێرە بۆئەوەی وێنەێ سەرتاپای لەسەر ئەم پرسیارە بکێشم دێیمە سەر پێوەندی نێوان شیعر و فەلسەفە، ئەو پێوەندیەی هەمیشە سەرنجیخراوەتەسەر و بەردەوام لەلایەن شاعیران و ئەڵبەتە فەیلەسوفانیشەوە ماناداربووە ڕوونکردنەوەی. قسەکردنەکانیشم لەسەر ئەم پێوەندیە لەڕێگای ئەو پرسیارەوە دەستپێدەکات ئایا شاعیرەکان ووتنی فەلسەفی بەرهەمدێنن؟ هاوکات ئەوەش دەپرسم ئاخۆ فەیلەسوفەکان ووتنی شیعری دەخوڵقێنن؟ باشە کام لەم دوانە هۆکارن : شیعر یان فەلسەفە؟ بۆئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە لە کۆنتێکستی باسەکەدا جێکەینەوە لێرەڕا گرینگە هێما بۆ ئەو لایەنە سەرنجڕاکێشەبکەین کە ئێمە پێویستە لەناو شیعرا بەدووی ووتنی فەلسەفیدا بگەڕێین نەک بە پێچەوانەوە. واتە ناشێ لەناو فەلسەفەدا وێڵی ووتنی شیعری بین. ئەوی ئەم دوو پۆلە ووتنییە ، فەلسەفە و شیعر، دەیسازێنن وەک یەک نیین. چونکە ئەم دوو ووتنە بەرهەمی دوو کرداری جیان. کرداری ویژدان و کرداری هزر، کرداری خەیاڵ و کرداری عەقڵ یان کرداری هەست و سۆزی هەڵچوناوی و کرداری تێهزرینێ پووخت. بەمشێوەیە، شیعر و ویژدان یان شیعر و خەیاڵی هەڵقوڵاو لە هەستی گەرم و سۆزاوی جیایەیە لە فەلسەفە کە دانای یان زانینێ لەخۆدا چڕدەکاتەوە و لە سۆزێ گەرم و هەڵچوونەوە بەدوورە. فەلسەفە لەگەڵ هێمنی و شیعریش لەگەڵ هەڵچوون دەستلەملانن. هاوکات دەکرێ بێژین بیرکردنەوەی فەلسەفی بیرکردنەوەێ لۆژیکییە ، لۆژیکییە چونکە کردەێ عەقڵییە (لۆگۆسییە). ئەی بیرکردنەوەی شیعری؟ بیرکردنەوەی شیعری بیرکردنەوەێ نافۆڕماڵ و هەستییە چونکە سۆزاوییە. 

سەرباری ئەوی ووترا، ووتنی شیعری لە تێهزرینەوە دور نییە لێ ووتنی فەلسەفی لەبنڕا بریتیە لە تێهزرین و تێهزرینێ پووخت. بەمجۆرەبێت ووتنی فەلسەفی شتێ عەقڵییە لێ ووتنی شیعری شتێ ویژدانی، هەستی و خەیاڵیە. ووتنی شیعری ناتوانێ ببێ بە ووتنگەلێ لۆژیکی بەس دەکارێ ببێ بە ووتنگەلێ جوانکاری. ووتنی شیعری و ووتنی فەلسەفی هەردوو پێوەندیدارن بە زمانەوە لێ کارکردنیان، ڕوانینیان بۆ زمان وەک یەک نییە. زمان بۆ بیرمەندان هزرە بۆ شاعیران هزرێ پووخت نییە و ئاوێنەی هەست و ویژدانە. چونکە شیعر لەڕێگای خەیاڵەوە هزر دەخاتەگەڕ هەرچی فەلسەفەیە تەماشاکردنی بۆ هزر تەماشاکردنە بۆ عەقڵ. هەردووش ، واتە چ شیعر و چ فەلسەفەش ، وێنە دروستدەکەن بەس وێنەکان وەک یەک نیین. وێنەی شیعری لە وێنەی فەلسەفی ناکات. وێنەی شیعری سۆزاوییە و پڕە لە مۆسیقا و ئەمەش زمان دروستیدەکات ، هەرچی وێنەی فەلسەفییە وێنەی هزرییە (هزرێ پووخت و ڕووت) و پڕیشە لە لۆژیک.

شاعیر بەلایەوە گرینگە وێنە هونەرییە جوانکاریەکان لە ووتنەکانیا بپارێزێ بەڵام ئەمە کێشەی فەیلەسوف نییە. فەیلەسوف دەیەوێ بەهاکان بپارێزێ تا بکارن مانا دروستکەن. بۆیە فەیلەسوف ماڵێ لۆژیکیمان بۆ دەسازێنێ. لەم ماڵەدا سێستەمێ کاردەکات لەسەر بناغەی ڕێکخستن و بنیادنانێ ماقووڵ. هەرچی شاعیرە نایەوێ ماقووڵانە ڕەفتارکات ، نایەوێ لۆژیکی بێت. هیچنەبێت لۆژیک بەوجۆرەی فەیلەسوف پراکتیزەیدەکات. ئەم جیاکارانەش پێماندەڵێن شاعیر و فەیلەسوف هاو ڕەفتارنیین.

تەنانەت لێرە ئەوەش پێویستە بووترێ، شاعیر کە لەڕێگای ووتنە شیعریەکانییەوە دەخوازێ داڕمێنێ ، واتە وێرانسازی پیادەکات، ئەم ئەمە بەشێوەێ شاعیرانە، وەک هەڵوێستێک بەرامبەر زەبری ناو بوون، ئەنجامیدەدات. هەرچی فەیلەسوفە بەلایەوە گرینگە بوونیادبنێ، بەلایەوە مەبەستە ئێمە لۆژیکی بین و بنیادنان پیشەمانبێت. لێ وێرانسازیەکانی شاعیر بێ زەرەرن. چونکە لەڕێگای خەیاڵەوە دەگەێنرێن و خۆیان وەک وێنەی سۆزاوی دەردەخەن. وەکیتر شاعیر میهرەبانیەکانی لە فۆڕمێ جیا لەوی فەیلەسوف نیشانیدەدات بەرچاودەخات.

وێرای گشت ئەوی ووترا، ووتنی شیعری لێوانلێوە لە ڕەهەندی جوانکاری و گشت تێڕامانەکانی شاعیر بۆ دروستکردنی ماڵێکە لە جوانی. ئەم جوانیە دروستنابێت گەر شاعیر لە هونەری بنیادنانی جوانسازی لێهاتوو نەبێت. شاعیر لە ووتنەکانیا بیرلەوەناکاتەوە بەڵگە بۆ ئەوە بێنێتەوە دەیلێ هەرچی فەیلەسوفە بۆ ئەوە ووتنەکانی ماناداربن پێویستی بەوەیە خۆی بە بەڵگەوە گرێدات. بەواتاێتر، ووتنی فەلسەفی ووتنگەلێ سێستەمییە و خۆی لەسەر سەلمَێنە و فاکتە بنیاددەنێ. 

 

پرسیاری 3 / ئەگەر شیعر وەک پێکهاتەێکی گرنگ پێویستی بە هزر بێت ، بەڵام شاعیر چۆن دەتوانێت خەیاڵ و چێژی شیعری وبێ عەقلی نەکاتە قوربانی هزر ؟ 

زۆرجار کە باس لە شیعر دەکرێت قسە لە خەیاڵ دەکرێت بەس ئایا خەیاڵ تەنیا بریتیە لە خەیاڵ و بەس و بەدوورە لەو شتەی پێیدەڵێن هزر؟ خەیال لەناو هزرە. هزر تەکانبە خەیاڵ دەدات و هەروەها خەیاڵ لە دەزگای هزرکردنەوەوە دێتەدەر. واتە شیعرسازی تەنیا هۆنینەوەی وشە و ڕیزکردنی ئەو وشانە ناگەێنێ شاعیر شیعرەکانی خۆی پێدەهۆنێتەوە. خوڵقانی شیعر لە دەرەوەی هزرکردنەوەوە کە خەیاڵ خەسڵەتەکانی  هزرکردنەوە لەخۆیدا کۆدەکاتەوە بوونی نابێت. واتە سێستەمی دەربڕینی شیعری کە سێستەمێ زمانەوانی ئاڵۆز پیادەیدەکات ناشێ لە دەرەوەی هزرکردنەوەوە تەماشاکرێت. هاوکات ئەو وێنە شیعریانەی لە ئاکامی خەیاڵی شیعرییەوە پێکدێن بێ هزر، لەدەرەوەی هزر، ناشێ هەبن.  

بۆئەوەی ڕووبەرڕی وەڵامدانەوەکەم تایبەت بە پرسیارەکەتان بەرینترکەم سەرنجدەخەمەسەر ئەولایەنەی کە بەمشێوەیەیە: زۆرجار ئێمە بە هەڵە. زۆر بە هەڵە، لە شیعر تێدەگەین. ئێمە وادەزانین شیعر بریتیە لە خەیاڵێ ڕووت و ساردوسڕ، خەیاڵێ پووچ و بێ مانا. یان زۆرجار لای ئێمە شیعر بەو مانایەشدێت کە کەسێ خەیاڵ دەیباتەوە بۆیە دەشیعرێنێ، شیعردەنووسێ. ڕاستە شیعر بریتیە لە خەیاڵ ، تەنانەت خەیاڵ بردنەوەش، لێ خەیاڵ بردنەوە بەو مانایە ناێت خەیاڵی شاعیر لە دەرەوەی زۆنی بیرکردنەوەیە.شاعیر کە شیعر دەنووسێ بیردەکاتەوە بەس ئەم بیرکردنەوەیە سنوور و چوارچێوەی خۆی هەیە چونکە “ئەو” وەک شاعیر بیردەکاتەوە نەک وەک فیزیاناس و یان ئابووریناسێک. ڕاستە ئەمانیش (واتە: فیزیاناس و یان ئابووریناس و..هتد) هەموو بیردەکەنەوە بەس بیرکردنەوەکان ئامانج و ویستی خۆیانیان هەیە. ویست بۆ شیعرسازی لە ویست بۆ فەلەکناسی جیایە. بۆیە بیرکردنەوەی شاعیر و بیرکردنەوەی شاعیرانە زێدە جیایە لە بیرکردنەوەی مێژووکردێ یان کیمیاناسێک.

هەر تایبەت بەم لایەنە باشە ئاماژە بۆئەوەش بکەم کە فەیلەسوف بەوە ناسراوە واتا دروستکەرە هەرچی شاعیرە ئەندازیاری سازاندنی خەیاڵە. خەیاڵ لەڕێگای وێنەوە. هاوکات فەیلەسوف ڕاستەوخۆتر دێتەدەنگ بەڵام دەنگی شاعیر تابڵێیت ناڕاستەوخۆیە. بەخۆی هەر ئەمەشە نهێنی زمانی شیعریی کە ناکارێ کراوە و ئاشکرابێت.

جێی تێڕامانە کە قووڵایی بوون بۆ شاعیر و فەیلەسوف جێیسەرنجە بەس چۆن ئەم لایەنە شاعیران و فەیلەسوفان لە گوزارەکانیانا دەینەخشێنن؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە سەرنجبخرێتەسەر ووتن، لەلاێ ووتنی شیعری و لەلاێ دیش ووتنی فەلسەفی. بەس بەیەک جیاوازی بەرچاو. ئەو جیاوازیەش ئەوەیە ووتن هەر ووتن نییە. چونکە ووتنەکان ناچووست و جیان. ووتنی شیعری لە ووتنی نا-شیعری جودایە. ووتنی فەلسەفی لە ووتنی نا-فەلسەفی ناچێت. سەرباری ئەوی وترا تایبەت بەم لایەنە ئەوەش دەڵێم، ووتنی شیعری و ووتنی فەلسەفی دوو ووتنن کە مانا و بەهای جیا لە زەینی ئەویتری خوێنەر یان وەرگر دروستدەکەن. ئەمەش بەپێیئەوەی ووتنی شیعری کارێ زۆر لەسەر زمان دەکات و ئەو ڕووبەرە بەرینەی زمان هەیەتی دەبێ بە نیشتیمانی شیعر هەرچی ووتنی فەلسەفیە کار لەسەر دامەزراندنی ماڵێ لە واتا دەکات لەکاتێکا شاعیر ئەمە دەکات تا وێنەی خەیاڵاوی پێکبێنێت. لەهەمووی گرینگتر و ئەڵبەتە سەیرتر ئەوەیە ووتنی فەلسەفی ماڵی خۆی لەسەر بناغەێ هزرێ تووند دروستدەکات. هزر بۆ فەلسەفە ئەو سەرەتایەیە گشت پرسیارەکان بەرهەمدێنێ. شاعیر لەڕێگای وێنەشیعریە خەیاڵاویەکانییەوە چێژمان تیادەسازێنێ کە ئەمە خەونی فەیلەسوف نییە. فەیلەسوف واتا پێکدێنێ تا بەها بەهۆیەوە بسازێنێ، ئەو بەهایانەی نەماون، تێکچوون و یان دەرکیانپێناکەین. هەرچی شاعیرە لەوە دڵنیایە بە وێنە شیعریەکانی دەکارێ بە جیهان بمانناسێنێ. شاعیر جیهان ناسک و بچووکدەکاتەوە بەڵام فەیلەسوف گومان لە جیهان دەکات و نایەوێت جیهان وەک ئەوەی هەیە پەسەندکەین. گومانی شاعیران لە گومانی فەیلەسوفان ناچێت. شاعیرەکان تیژبیریان لەڕێگای خەیاڵیانەوە دەگەێنن. پێویستیان بە خەیاڵکردنەوەیە تا بیرکردنەوەکانیان بنەخشێنن. بەس فەیلەسوفەکان ئەمە ناکەن یانیش ئەمە تێدەپەڕێنن. چونکە فەیلەسوفەکان دوژمنی یەقینن و کار بۆ واڵاکردنی تەلیسمەکان دەکەن ڕەنگە شاعیرەکان بەهەوەسەوە کار بۆ مانەوەی تەلیسم و نهێنیەکان بکەن. ئەمان، واتە شاعیرەکان، ئەمەش بەهۆی خەیاڵکردنەوەوە ئەنجامدەدەن. 

بۆیە لێرە ناچارم پووختەی ئەوی لایسەرەوە ووتم لەم بینینەدا چڕکەمەوە: ڕۆژانە هەموو خەیاڵدەمانباتەوە کەچی ئەم هەموو خەیاڵبردنەوەیە شیعری لێپێکنەهاتووە. گشت خەیالبردنەوەێک شیعرسازکەر نییە. کەوابێت پێویستە لێرە داکۆکی لەو تێزەکەین کە بەمجۆرەیە: ئاسانییە بە شاعیربوون.

هەر بۆنموونە کاتێک ئەرستۆ قسەلە خەیاڵ دەکات هاوشێوەی لەنێوان هەڵوێستی شیعر و هەڵوێستی مێژوو یەکدەخات. چونکە ئەوەی شیعر و مێژوو کۆدەکاتەوە گێڕانەوەیە. بەواتاێتر، زمانی شیعر و زمانی مێژوو (زمانی شاعیر و زمانی مێژووکرد) گێڕانەوە کۆیدەکاتەوە. نکوڵیشیناوێت ئەم سێرکردنە ئەرستۆییە بۆ واتای شیعر کارێ ئەوتۆیکرد شیعر بریتیبێت لە لاسایکردنەوە لێ ئەم تێگەیشتنە ئەرستۆیە لەسەر دەستی ڕۆمانسییەکانی ئەڵمان تێپەڕێنرا و دواتر نیچە و هایدیگەر کارێ زۆریان لەسەر تێپەڕاندنی ئەم تێگەیشتنەکرد و یەکسانییان لەنێوان شاعیر و هزرەڤاناکرد.

دیارە تەماشاکردنی ڕۆمانسییەکانی ئەڵمان بۆ شیعر و دەربازکردنی لەو تێگەیشتنە ئەفڵاتوون- ئەرستۆییەی شیعر بریتیە لە گێڕانەوە لە سەردەمی نوێدا کاریگەری خۆی لەناو توێژەرەوانی ئەدەب و فەلسەفە بەڕادەێ زۆر دانا. بەس بەشێ لە ڕۆمانسیەکانی ئەڵمان (بۆنموونە نۆڤالیس) بۆچوونەکانیان سەبارەت بە پێوەندی نێوان شیعر و فەلسەفە زۆر تووندبووە چونکە پێیانوابووە شیعر فەلسەفە بزوێنەرە و دروستکەری بیری فەلسەفیشە. لای هیگڵیش بە خراپی ڕەفتار لەتەک شیعرا نەکراوە و شیعر بووە بە بەشێک لە هونەر کە ئەوەش دەچێتەخانەی ڕۆحی ڕەهاوە. هەرچی هایدیگەرە بە تام و چێژێترەوە دێتەسەر ئەم لایەنە و شیعری هۆڵدرلین  Hölderilin ،کە بۆ ئەم بیرمەندە پشکنینە لە ئەسڵی بوون ، دەبێ بە سەرچاوە بۆ دروستکردنی پێوەندیێ فەلسەفی لەگەڵ شیعرا ئەمەش کتوومت لەسەر ڕەوتی فەیلەسوفە یۆنانییە پێش سوکراتە- ئەفڵاتوونیەکان کە بە ڕیشەی بوون لە فەلسەفەدا بایەخداربوونە.

بەمجۆرە، نیچە و هایدیگەر ئەو تێگەیشتنە نەک هەر ئەفڵاتوونییەیان بۆ شیعر گۆڕی بەڵکو ئەو تێگەیشتنە ئەرستۆییەشیان بۆ شیعر تێپەڕاند کەپاش ئەرستۆ باوببوو کە گوایە شیعر بریتییە لە گێڕانەوەی مێژوویی.

 باشە باپرسین کە باس لە خەیاڵی شیعری دەکەین ئەی مۆسیقای شیعری شوێنی لە کوێدایە؟ شوێنی لەناو هزرە یان هەست و خەیاڵی شاعیر؟ مۆسیقا لەناو بوونایە. بوون لەخۆیا موسیقیانە پێکهاتووە. شاعیر مۆسیقاکانی ناو بوون دەگۆڕێ و ئاوازی جیاجیان لێپێکدێنێ. ئەمەش ئیشی شاعیر و مۆسیقاژەن و هونەرمەندە ئەم مۆسیقا ئامادەیەی ناو بوون بگۆڕێ بۆ ئاوازی جیاجیا. شیعر مۆسیقا گوازەرەوەیە. شیعر مۆسیقامان بیردەخاتەوە. جووڵەکانی ناو بوون، ناو سرووشت، مۆسیقین ئەویشی شاعیر دەیکات گوێمان بەم مۆسیقا شاراوەیەی ناو بوون ئاشنادەکات.

 

پرسیاری 4/ لە ئەزموونی شیعری ئێوە دا هەست دەکرێت هزر زۆر زاڵە، زمان هێندەی زمانێکی فەلسەفییە زمانێکی شیعری نییە؟ هەست ناکەن شیعر بەمجۆرە دەبێتە قووربانی فەلسەفە؟

 

زێدە مەبەستمە هەر لەسەرەتاوە دەستبۆ ئەو بیرۆکە فڕەمانادارە ڕاکێشم کە پێوەندی نێوان زمان و شیعر پێوەندیێکە بە دەڤەری فەلسەفەدا تێدەپەڕێت، هەروەها پێوەندی نێوان زمان و شیعر پێوەندێکە هەمیشە چ بۆ فەیلەسوفان و چش بۆ زمانەوانان شایانی تێڕامانی بەردەوام بووە ، ئەڵبەتە ئەوەش کە شیعر لەلایەن زمانەوە داگیرکراوە ، یان گەمارۆدراوە، ئەمەش باسێکە هەرگیز کۆنبوونی نییە.

لەهەمانکاتدا ئەم پرسیارەی “ئێوە” وایلێکردم بڵێم: ئێمەی کورد پێویستە قسەمان لەسەر سرووشتی یاخود ماهیەتی شیعر هەبێت کە ئەو جۆرە قسەکردنەش لە خودیخۆیدا دەمانباتەوە سەر چییەتی ، ماهیەتی ، زمان بۆ شاعیر و بۆ فەیلەسوف ، کە پێموایە ئەو زمانە بابەتێ گرینگە و شایانی توێژینەوەی بەردەوامە، لێ تەماشاکردنەکان بۆ زمان و چۆنیەتی بەکاربردنی زمان لەنێوان ئەم دووانە ، شاعیر و فەیلەسوف، گرینگە بزانین چۆنە.  

گومانی ناوێت شیعر شتێکە زۆرتر زمانمان بیردەخاتەوە، چونکە زمان ناوچەی شیعرە، شوێنی پیادەکردنەکانی شیعرە، زمان ئەو زێدەیە شیعر تیایا هەست بەبوونی خۆیدەکات، شیعر تەنێ لەوێندەرێ ، لە نیشتیمانی زماندا کارا و بزووێنەرە و ، بەس زۆرجار تێگەیشتنە جیاکان بۆ زمان دەمانخەنە بەردەم شرۆڤەکردنی ناهاوتاوە.ئەمەش لەبەرئەوەی بۆچوونی جیا لەپشت شرۆڤەکردنی زمانە و کاریگەری فەلسەفەش بەسەر شرۆڤەکردنەکانەوە مانای خۆی هەیە.

باشە بابزانین بۆ هەندێ لە فەیلەسوفەکان هەندێ لە تێگەیشتنەکانیان لە گوزارەی شیعریدا داڕشتووە؟ بۆنموونە ئەم لایەنە لای نیچە لە لوتکەدایە، کەوابێت بۆ ئەمە؟ ئایا ئەمە دەستدرێژیە بۆ سەر فەلسەفە یان شیعر؟  “من” پێموایە ئەوە کراوە چونکە ئەو جۆرە گوزارانە پتر لە شتی هەستییەوە نزدیکن ئەمەش بۆئەوان گرینگبووە کارلەسەر هەستی خوێنەرانکەن. لەدیدی توێژەرەوەێکی فەڕەنسی (بە ڕەچەلەک توونسی) مەهدی بلحاج قاسم Mehdi Belhaj Kacem بیرمەندێ وەک نیچە خاوەن ئەزموونێ شیعری گەورەیە لە مێژووی ڕۆژئاوا هەروەک هۆڵدرلین و رامبۆ و ئارتۆ. تەنانەت هەر تایبەت بەم لایەنە ئەم توێژەرەوە فەلسەفییە فەڕەنسییە پێیوایە ئێمە هەڵەمان دەرهەق بە نیچە سەبارەت بە جیاکردنەوەی شیعری لە فەلسەفی کردووە. لەمبارەشەوە ڕەخنەی هایدیگەر دەکات.  

ئەوی زۆر سەرنجڕاکێشە لەو توێژینەوەی (کە لە لاپەڕەکانی 182- 189ی گۆڤاری  autrement revue دا بڵاوبۆتەوە) مەهدی بلحاج قاسم ئەوەیە کە ئەم توێژەرەوەیە پێیوایە شیعر بریتیە لە ڕیتم و ئەم لایەنە لە فەلسەفەدا نییە. واتە شیعر لە ئاخاوتن دا بایەخ بە ڕیتم دەدات و ، بەقەولی بلحاج یۆنانیەکان ئەم لایەنەیان لەکاتی خوێندنەوەی کارەکانیانا بۆ خەڵک بەلاوەگرینگبووە. ناوبراو بۆئەوەشدەچێت کە ڕیتم لە فەلسەفەدا بوونی نییە هەروەک ئەوەی لای هایدیگەریش بوونی نییە و لەهەمان کاتدا جەغتلەوەشدەکات کە نیچە لێدەری ئەو داڕشتنە فەلسەفیەبوو کە قوورس بوو. واتە لەگەڵ نیچە شیعری و فەلسەفی تێکدەئاڵێن. “من” بەشبەحاڵی خۆشم پێموایە جیاکردنەوەی شیعری لە فەلسەفی شیاوە لێ بە زەبرەوە ناشێ ئەوەکرێت یانیش ئەو جیاکردنەوەیە دەکرێ بەجۆرێ بێت شیعری و فەلسەفی نەکات بە دژی یەکتر. بۆنموونە تەقەلا فەلسەفییەکانی ئالان بادیو بۆ ڕونکردنەوەی شیعری و فەلسەفی و بۆچوونەکانیشی لەسەر هەوڵەکانی نیچە و هایدیگەر لەبواری شیعری و فەلسەفی دا هیواێک بەو پێوەندییە دەدەن پێویستە لەنێوان شیعری و فەلسەفی دا هەبێت.

لەبەرئەوەی زمان بریتیە لە بەشیعرگەراکردنی بوون  Poématisationئەم حاڵەتە جۆرە تێهەڵکێشیێ لە تێگەیشتن بۆ زمانی شیعری و زمانی فەلسەفی دروستدەکات بەڵام “من” هەمیشە لەوباوەڕەدام گەڕان بەدووی شیعر لە فەلسەفە دا و فەلسەفەش لە شیعرا پێویستە وەک دوو جۆرە گەڕانی جیا تەماشاکرێت. یان دەستنیشانکردنی شیعرگەرای فەلسەفە و فەلسەفەگەرای شیعر مەرجە وەک دوو شێوە لە کردە تەماشاکرێت چونکە یەکەمیان شیعرگەرای لەناو فەلسەفە بەرهەمدێنێ کە ئەوە لای نیچە ڕەنگدانەوەی خۆی هەبووە و ئەویدیش فەلسەفەگەرای لەناو شیعر دا ئەنجامدەدات بۆنموونە ئەمە لەلای هۆلدرڵین لە لوتکەدابووە. پێشموابێت بادیو لە کتێبی “مانیفێست بۆ فەلسەفە” دا ئەم لایەنەی بە باشی شیکردۆتەوە و ئاماژەشی بۆ ئەوەکردووە چۆن مەیلی هایدیگەر و نیچە بۆ شیعر لەسەر نزدیکبوونەوەی ، لکانی بەقەولی بادیو، فەلسەفە بە شیعرەوە کاریگەریی دەخاتەوە. 

بۆئەوەی خوێنەر لەسەر سەکۆی وەڵامێ کۆنکرێتر نیشتەجێکەم لەوی لایسەرەوە پێشچاومخست دەگەڕێمەوە لای هزرەڤانێ تری فەڕەنسی بەناوی پۆل ڕێکۆر Paul Ricœur کە لە لێدوانێکا تایبەت بە پێوەندی نێوان شیعر و فەلسەفە دەمانباتەوە ناو بەشێ لەو هەستیارییانەی بە گفتووگۆی پێوەندی نێوان شیعر و فەلسەفەوە تایبەتن. ئەوی بۆ “من” زێدە سەرنجئامێزە ئەوەیە پۆل ریکۆر ئەم پێوەندیە لەمیانەی تێگەیشتنی بۆ زمان دیاریدەکات. بۆیە دەخوازم بڵێم گرینگە بۆ خوێنەرانی دوو دیوانە شیعرییەکەم ئەوە ڕوونبێت کە زمانی شیعری بەهەمان میکانیزمی زمانی فەلسەفی بەکارنابەم و تێگەیشتنم بۆ ئەم دوو زمانە جیاوازە. لەهەمانکاتدا دەشپرسم لەو پێوەندیەی لەنێوان فەلسەفە و شیعر دا هەیە کامیان لەم دووانە ( فەلسەفە وشیعر) کاریگەرترن؟ کامیانن بکەر؟ چی لەیەکەوە وەردەگرن؟ بۆ دەبێ ئەم پێوەندییە هەبێت؟ بۆئەوەی ئەم لایەنانە شیکەمەوە پێویستم بەوەدەبێت بڵێم ئێمە ئاگامان لەوە نییە لە هەنووکەدا زمان چی بەسەرهاتووە. گەر ئەمەمان بزانیبایە شاعیرانی کورد کاریان بۆ دەربازکردنی شیعر لە سادەبوون دەکرد و یان تەقەلای ئەوەیاندەکرد بەکاربردنەکانی زمان ئاڕاستەیێ بووناوی وەرگرن. بۆیە لەم حاڵەتەدا لەگەڵ ئەو سێرکردنە پۆل ڕێکۆریەدا کۆکم کە خۆی بەمشێوە دادەڕێژێ: ڕێکۆر پێیوایە یەک لەو کێشانەی دووچاری زمان لەئێستا ، لەسەردەمی تەکنیک، دەبێتەوە ئەوەیە کە زمان ئامرازە، بەئامرازیبوونی زمان کێشەێ گەورەیە بۆ ڕێکۆر و هەڕەشەشە بۆسەر ڕۆشنبیریمان. ئایا ڕوناکبیرانی کورد دەرکیان بەم هەڕەشەیە کردووە؟ گەر بەڵێ بەچ جۆرێک دەخوازن زمان لەو هەڕەشەیە دەربازکەن و چۆنیش دەکارن شیعر بپارێزن،؟ یان چۆن دەخوازن شیعر بکارێ زمانێ بێ هزر بەکارنەبات؟ لەم حاڵەتەدا هەڵەناکەم بڵێم : ئابرووبردنی زمان یەکێکە لە دەرهاویشتەکانی قەیرانی ڕۆشنبیری کوردی و، ئەم لایەنە وتاری شیعری نوێشی گرتۆتەوە.چونکە ڕۆشنبیری کوردی هاوچەرخ بێئاگایانە کارێ زۆری لەسەر بەشمەکبوونی زمان و لاوازکردن و بێناواخن کردنی کردوە. لە هەنووکەدا لەناو ڕوناکبیران و بەتایبەت توێژی ئەدەبی دا بەکاربردنی زمان بەجۆرێ بێماناکراوە گەورەترین گرفتی بۆ وتاری ڕۆشنبیریشمان دروستکردووە. هەرلەبەرئەوە بەشبەحاڵی خۆم وا لەم سێرکردنەی ڕێکۆر دەگەم کە زمان بۆ ڕێکۆر تەنیا بریتی نییە لەوەی کە ئامرازە. چونکە ئەوە بچووکردنەوەی زمانە. بۆیە ڕێکۆر داوای ئەوەدەکات فەلسەفە بکارێ زمان بەربەکاربردنی جیاوازبخات. هەر لە زمانی زانست و سیاسیەوە تادەگاتە زمانی شیعری. ڕێکۆر ڕەخنەی ئەوانە دەکات لە ماهیەتی بەکاربردنی شیعریانەی زمان تێناگەن و واتێدەگەن زمان تەنیا بریتیە لە بەکاربردنێ دیاریکراو. بۆیە ڕێکۆر پێیوایە شیعری هاوچەرخ ڕووی لە ئالۆزیناوە ئەمەش بۆئەوەی بەربەرەکانی ئەو سادەکردنە بکات زمان دووچاریبووە. دیارە ڕێکۆر داکۆکی لەو جۆرە شیعرە ئالۆزانە دەکات لە شیعری هاوچەرخدا ڕوو لەدەرکەوتنن و ئالۆزیەکەشی بۆ شێوەی بەکاربردنی زمان دەگەڕێنێتەوە. ئەمەش بۆ ڕێکۆر زمان لەو سادەیێتیە دەپارێزێ دووچاریبووە. ئەم لایەنەش ڕێکۆر ناویدەنێ هەڵکۆلین لە زمان تائەوپەڕی. ئەمەش بە قەولی ڕێکۆر بە ئامانجی تازەگەری دروستکردن دەکرێت. ئەم لایەنەش والە ڕێکۆر دەکات قسە لە ئاڵۆزبوونی بەشێ لە تێکستی شیعری هاوچەرخ بکات. هەندێجاریش ئەو تێکستانە ڕێکۆر ووتەنی کار بۆ سەرلەنوێ خوڵقانی پێکهاتە زمانەوانیەکان و هەروەها سەرلەنوێ خوڵقانی وشەکان دەکەن و ئەمەش لەکۆتایدا بەو ئامانجە دەکرێت کە کار بۆ خوڵقانی ڕیزێ دەلالاتی خەیاڵی بکرێت.  

ئەوەی لەم ڕوونکردنەوەیەی ڕێکۆر لەسەر زمان و شیعر بۆ “من” زۆر سەیرە ئەوەیە کە ڕێکۆر پێیوایە ئەم حاڵەتە یان ئەمەی شیعر دەیکات یارمەتی فەیلەسوف دەدات چونکە فەلسەفە وەک ئەوە تەماشادەکات کە قوڵاییەکانی زمان ئاشکرا دەکات و واش لە زمان دەکات گوزارە لە پێوەندی نێوان مرۆڤ و جیهان، مرۆڤ و خۆی، مرۆڤ و ئەویتر بکات. بۆیە ڕێکۆر دەگاتە ئەو باوەڕەی فەیلەسوف پێویستی بە وشەکانی زمانە. کەواتە ئەو شێوە کارکردنەی زمان لەسەر دەستی شاعیر بۆ فەیلەسوف پێویستە. ئەڵبەتە ڕێکۆر بۆ داکۆکی لەویدەشیلێت پشتگیری لە تێگەیشتنێکی هایدیگەر دەکات. چونکە هایدیگەر پێیوایە ئەرکی شاعیرە وشەکانی زمان بپارێزێ و بواری بەکاربردنی دەلالاتەکانی فراوانکات. بەمجۆرە فەیلەسوف پشت بە شاعیر دەبەستێ بۆ پترکردنی وزەی مانای زمان.   

ڕێکۆر پێیواشە شیعر هەوڵدەدات زمان لەو ژێرکەوتنە ڕزگارکات دووچاریبووە. ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ زمانی ئاسای. چونکە ئەو زمانە بۆ ڕێکۆر لێدانی شیعری لێدەبێتەوە بەس کە شاعیر هەوڵی ئاشکراکردنی ئەزموونی مرۆڤ دەدات بەمە ئەوە ئاشکردەکات چۆن ئەو ئەزموونە لەژێر زەبری ئەو زمانە ئاساییە زیانیلێکەوتووە. واتە شیعر دەکارێ کار بۆ گەڕانەوەی ئەو بەشە لە ئەزموونی مرۆڤکات کە لەدەستچووە. سەرباری ئەوە، ڕێکۆر داکۆکی لەو بیرۆکە هایدیگەریەش دەکات کە ئێمە نابێ تەنیا لەوە حاڵیبین هۆنراوە چییە بەڵکو دەبێ لەو جیهانەش حاڵیبین ئەو هۆنراوەیە لەخۆدەگرێت.

لەگشت ئەوی لایسەرەوە ووتم مەرامم ئەوەبوو وەڵامی پرسیارەکە بەرەو ئاقارێکبەرم ئەو تێگەیشتنە لای خوێنەری کورد دروستکەم کە زمان پێویستە تێهزرینی بەسەرەوەکرێت و ئەو تێهزرینەش بەو مانایەناێت ئێمە لە بڕی نووسینی تێکستێ شیعری پێویستمان بە نووسینی تێکستێ فەلسەفییە. چ فەلسەفە و چش شیعر پێویستی بە زمانە لێ بەکاربردنەکانی فەلسەفە بۆ زمان لە بەکاربردنەکانی شیعر ناچێ، نە مالارمێ Mallarmé وەک ڤۆلتێری دەنووسی و نەش بارت وەک ڕۆنێ شار René Char ی دەنووسی. لەمڕوەشەوە گەر تۆزێک هایدیگەریانە بدوێیم و قسەش لە  تەماشاکردنی فەلسەفییانەی خۆم بۆ کردەی سیعرسازی و زمانی شیعری بکەم دەڵێم: شیعر زێدی زمانە و شاعیر بەهۆی زمانەوە دێتە ناو ئەم زێدەوە. هاوکات شاعیر ستراتیژیەتی خۆی لە ناونان، ناونانی شتەکانی ناو بوون، یاخود ناونانی بوونی مرۆڤ هەیە و، گشت ئەمانەش شاعیر بەهۆی زمانەوە دەیکات. بیریشماننەچێت ئەم ستراتیژیەتە لەسەر دەستی شاعیر کاری چێکردنە. شاعیر کە ناودەنێت واتە شتێ دەسازێنی کە زمانی سادە ناکارێ بەوجۆرەی بیسازێنێ.  واتە، شاعیر لەڕێگای ئەم ستراتیژیەتەوە شتێ نوێ چێپدەکات، شتێک نەک هەر ئێمە بەڵکو خودی شاعیریش بە دەرکەوتنی ئا- ئاشناییە. کەوابێت، ئەوی دەردەکەوێت نوێیە ، تاقینەکراوەتەوە. ناولێنانەکە بۆ شاعیر ڕێگاێکە بۆ بەرجەستبوونی خۆی، بۆ دۆزینەوەی داڵدەێک. ئەمەش بەو مانایەدێت کە شاعیر هەرگیز نازانێ چی لە کوێ چێدەکات. ئەمەش لەبەرئەوەی ئەوی چێیکردووە بەرهەمی ئەو نادیاری و گومڕێیەیە خودی خۆی (شاعیر) تێیکەوتووە. هاوکات هایدیگەر لە ڕاڤەکردنەکانی بۆ شیعرەکانی هۆڵدرلین و تەنانەت ڕێڵکە Rilke و تراکل Trakl یش نایشارێتەوە زمان بەبەهاترین دەستکەوتە و باشترین ئامرازی شاعیریشە. شاعیر بەبێ زمان ، بەبێ ئەم ئامرازە بەپیتە، چی پێدەکرێ؟ ئەڵبەتە هیچ. لەبەرئەوەی شاعیر زمان دەخاتەگەڕ بۆ مانادان بە ژیان، بۆ ناولێنان و بۆ دۆزینەوەی شتە بزرەکان. لەم حاڵەتەدا پێویستم بەوەیە تێگەیشتنێ فەلسەفی لە هایدیگەرەوە قەرزکەم کە بەمجۆرەیە: شیعر بەبۆچوونی هایدیگەر هزری  بوونە. گەر ئەمە شیعر بێت چۆن دەشێ شیعر لە هزر خرێت؟ چۆنیش هزر لە فەلسەفە دادەبڕدرێت؟ مەگەر پێوەندیەکانی نێوان شیعر، هزر و فەلسەفە لە بەکاربردنەکانی شاعیران بۆ زمان داڵدەی بۆخۆی سازنەداوە؟  

بۆئەوەی ئەوی لایسەرەوە ووترا زێدەتر شیکەمەوە دەڵێم : گرفتی وتاری ڕوناکبیری نوێی کوردی لەوەدا قووتبۆتەوە کە وتارێ تایبەت و تازەی سەبارەت بە شیعرکەرایی نییە و ڕاڤەکردنی لەسەر پێوەندی نێوان شیعر و فەلسەفە (هزر) لەئاستێ پووچدایە و بۆیشە تێگەیشتنێ بەرین و قووڵی هزری بۆ زمان نییە و جیاوازیش لەنێوان بەکاربردنەکانی زمان نە لای بیرمەندان و نەش لای شاعیران دەکات. مانەوەی ئەم جۆرە کێشانە وەک خۆی دەبێتەهۆی ئەوەی زمانی سادە ببێتە زمانی شیعری نوێ کوردی یان بۆئەوەی زمان لەو سادەێتیە بخرێ شاعیران و وێژەکارانی کورد کار بۆ یاریکردن بە زمان دەکەن و ،”من” ئەم لایەنەش بە ووردی لەگەلێ لە تێکستە شیعرییە هاوچەرخەکانمان دا دەبینم کە چۆن شاعیرانی نوێسازی ئێستامان یاری بە زمان دەکەن و، لەبڕیئەوەی هزر بکەن بە بناغە بۆ بەکاربردنی زمان کار لەسەر وشەسازیێ پووچ و بێ تام دەکەن و، لەلاێ تریش یەکێ لە کێشە هەرە قووڵ و بەردەوامەکانی شیعری نوێی کوردی ئەوەیە گەلێ لە تێکستە شیعرییە تازەکانمان لەسەر دروستکردنی ئاوەڵناوی بێ چێژ و دووبارە مشەخۆرن و بەمەش زمانی شیعری نوێیان قێزەوەنکردووە. بۆیە گەڕانەوەی دۆستانی شیعر بۆ شیعری کلاسیکی کوردی لە زیادبووندان. ئەو هەنگاوانەش ڕوانگە لە 1970 کانا بۆ تازەسازی نای لەسەر دەستی چەند شاعیرێکی لاو لە پاش 1980 کانەوە و بەتایبەت لە ناوەندی 1990 کان بەولاوە فەوتێنرا. چونکە لە ناوەندی 1990 کان بەولاوە شیعری نوێی کوردی ئاڕاستەیێ هیچگەرای وەرگرتووە و یاریکردن بە وشە زەقترین داهێنان و فەلسەفەی ئەم قۆناغە و دواتریەتی کە ساڵانی 2000 کانیش دەگرێتەوە. 

“من” بۆخۆم هەموووەختێ پێموابووە سرووشتی ڕۆشنبیری کوردی لە سرووشتی ڕۆشنبیریەکانی تر جیایە و ئەو جیاوازییەش کاریگەری بەسەر شیعرەوە بەجێهێشتووە. ئەڵبەتە زۆر موخابیشن کاریگەریەکە نێگەتیڤانەیە. ئەمەش وایکردوە وێنەکان قڵپببنەوە. بۆ؟ چونکە شیعر لەناو کورد دا کە خۆی وەک سەرچاوەی ڕۆشنبیری نیشاندەدات لەدواوەی پرۆسەی ڕۆشنبیرییەوەیە بەچەندین هەنگاو. ئەمەش وایکردووە شیعر نەکارێ زمانحاڵی ڕۆشنبیری بێت. هەروەک پێشتریش ووتم کە قسە لەسەر پێوەندی نێوان زمان و شیعر دەکرێ پێویستە لەوە بەئاگابین چی بەسەر زمان لەژێرسایەی گۆڕانکاریە تەکنیکی و زانستیە گەورەکان دا هاتووە؟ شاعیری کورد نە دەروەسی ئەم لایەنەدێت و نەش پارێزەری بوونی شیعری کوردییە. گەر زمانی شیعری کوردیش بەردەوام خۆی لە پاڵتۆی ئاوەڵناوی دوبارە و بێناواخن ، کە مەبەست بێ هزرە، دەرخات ئەم شێوە ئاوەڵناوە زیانێ زۆر لە ناسنامەی شیعری نوێی کورد دەدات و ووتنی شیعری خۆی وەک ووتنی ڕۆژانە و سەرپێی نیشاندەدات. بۆئەم مەبەستەش پێویستمان بە شاعیری بیرمەندە، شاعیر لە وێنەی مالارمێ، ڕۆنێ شار، هۆڵدرلین ، سێلان Celan، پێسوا Pessoa و… 

 

پرسیاری 5/ بەرێزت لە ئەزموونی شیعری خۆت دا نەتوویستوە روانگەی فەلسەفی خۆت بگەیەنیت، واتە ئەوەی لە کتێبە هزرییەکانت نەتتوانیبێت بگەیەنیت لە رێگەی شیعروە  ئەو کارە بکەیت ؟

 

بۆئەوەی زەمینە بۆ وەڵامەکەم بسازێنم بەپێویستی دەزانم لەوێوە وەسەرەتابێم کە تێکستە شیعرییەکانی پێسوا، شار، مالارمێ، سێلان، تزڤیتایڤا، هۆلدرلین، ڕێلکە و…ئەوەمان فێردەکەن شیعرگەرای هزری هاوچەرخ بە واتاوە  لەپێوەندیدایە. بۆیە هزرگەرای شیعر و شیعرگەرای هزر هەردوو بە هزرکردنەوە گرێدراون. گەر فەلسەفەکردنیش بریتیبێت لە بیرکردنەوە ئەوا شیعراندن بریتییە لە تێڕامان کە ئەوەش بیرکردنەوەیە. بەس تێڕامانی شیعری بەوە خۆی لە تێڕامانی فەلسەفی جیادەکاتەوە کە تێڕامانی شیعری تێڕامانێ ئازادانەیە. کەوابێت دەشێ بپرسین گەر شیعر بیرکردنەوە دەگەێنێت باشە ئەم بیرکردنەوەیە بەرەو کوێمان دەبات؟ بەدڵنیاییەوە بیرکردنەوە لەم فۆڕمە (واتە بیرکردنەوەی شیعری) نامانباتەوە هەمان ئەو شوێنەی بیرکردنەوەی فەلسەفی خۆی تیا قەتیسکردووە بەس ئەمە ئەوەش ناگەێنێ کە دوژمنگەرایی لەنێوان ئەم دوو شێوە بیرکردنەوەیەدا هەیە بەڵکو ئەوە دەگەێنێ کە بیرکردنەوەی شیعری بێ ڕووبەڕوو و بێ مەودا گوزەردەکات. هەربۆیشە گەڕانی هایدیگەر بەدوای دەستنیشانکردنی هزرەڤانی شیعر لە شیعرەکانی هۆڵدرلین بردی بەرەو تیۆریزەکردن بەسەر شتێک ئێمە لێرە ناویدەنێین شیعرگەرای هزر. ئەم دەستکەوتە هایدیگەریە ئەو تێگەیشتنەمان تیا بەرجەستەدەکات شاعیرێ وەک هۆڵدرلین بۆ هایدیگەر خۆی وەک بیرمەند نیشاندەدات و ، بگرە بیرمەندێ بووناویش، ئەڵبەتە بیرمەندێ بووناوی لە وێنەی بیرمەندەکانی پێش سوکرات. تەنانەت خودی هایدیگەریش خۆی لە فەیلەسوفە یۆنانییە پێش سوکراتییەکان نزدیکدەکاتەوە ،کە بەدوی ئەسڵی بوون لە شیعرا گەڕاون، تا بیرمەندە سوکراتییەکان.

. بەواتاێ بەرینتر ، هایدیگەر لەمیانەی تێخوێندنەوە فەلسەفیەکانی تێکستە شیعریەکانی هۆڵدرلین بێت یان تراکل و یاخودیش ڕێلکە هەڵکۆڵینێ زۆر لە سەرچاوە و ڕیشەی کاری شیعری دەکا. مەبەستم، هایدیگەر لەسەر هۆڵدرلین نانووسێ تەنیا لەبەرئەوەی شاعیرێ ئەڵمانییە چونکە گەر ئەمە وابوایە دەبایە لەسەر گۆتەشی بنووسیبایە. هایدیگەر لەبەرئەوە لەسەر هۆڵدرلین دەنووسێ چونکە لەڕێگای شیعرەکانی هۆڵدرلینەوە، ئەڵبەتە ڕێلکە و تراکلیشەوە ، بە ماهیەتی کاری شیعری ئاشنادەبێت.

بۆئەوەی زێدەتر شۆڕتانکەمەوە ناو وەڵامەکەم ئاماژە بەوەدەدەم نووسینی شیعر بریتیی نییە لە نووسینی سەرووتار جا ئەوە سەروتاری فەلسەفی بێت یاخود غەیرە فەلسەفی ئەگەرچی هەمیشە سەخت بووە دەستنیشانکردنی پێوەندی نێوان فەلسەفە و شیعر بەس کە ئێمە شیعر دەنووسین پێویستە بەردەوام ئەم پرسیارە لەخۆمانبکەین: چیمان لە شیعر دەوێت؟ کەوابێت ئەمە ئەو پرسیارە هەمیشەیەیە لەکۆڵ شیعرنووسین ، بۆیەتی شیعرسازی، نابێتەوە. باشە دەکرێ لەم حاڵەتەدا بلپرسین ئاخۆ شیعری باش و خراپ، نایاب و نا-نایاب هەیە؟ پێموایە تەنیا قسەکردن لە هزری شیعری دەکارێ ئەو گفتووگۆیە بێنێتەپێشەوە بە ماهیەتی شیعری شیعرەوە تایبەتە کە ئەوەش ڕاماندێنێ لەسەر جیاکردنەوەی شیعری هزری لە شیعری ناهزری و ، لەمحاڵەتەشدا ناچارین بپرسین ئەو مەسەلە زێدە جەوهەریانەی شیعر سەرگەردانیەتی چیین؟ ئایا ئەو موعاناتانەی مرۆڤ دەیژێت بەشێ نیین لە ڕاڕاییەکانی شیعر؟ باشە ئەو ڕاڕاییانە نابێ شیعرگەراکرێت تا فەلسەفەگەرا؟ بۆ “من” ئەو موعاناتانە دەشێ بریتیبن لە ئاهی هەڵگیرسانی جەنگ یان مەرگی ئازیزێک، دەشکرێ ئەو موعاناتانە سیسبوونەوەی گوڵێکبێت، لەبارچوونی ئەوینێک یان هەڵکشانی بێبەزییانەی شەپۆلێک. واتە “تۆ ” نازانیت شاعیر بیر لەچی دەکاتەوە؟ وەکیتریش هەر ئەمەیە شیعرسازی. بۆیە مەرگی شیعر شتێ فڕەسەیرمان بیردەخاتەوە ئەوەش مەرگی هەستە. ئایا هەست دەشێ بمرێت؟ ئەی دەرک؟ کەوابێت مەرگی شیعر لە نەشیاویەکانە. بەمجۆرە دەمەوێت هاوسۆزیخۆم لەگەڵ تێگەیشتنێکی هایدیگەر تایبەت بەم لایەنە نیشاندەم. هایدیگەر ئەو بۆچوونە ئەفڵاتوونییە ڕەتدەکاتەوە شیعر ناکارێ بەدووی ڕاستیدا بگەڕێ. مەبەستم، ئەوی “من” ویستوومە لە کارە شیعرییەکانما بیلێم ووتنی ڕاستی بووە بە زمانێ شیعری و تەقڵاێکیش بووە بۆ هزرەڤانیکردن بەسەر  زمانی شیعرییەوە. جا چەند ئەمەکراوە نازانم!

بۆ ” من” (ئەڵبەتە لە هەردوو دیوانی شیعری ” فرمێسکەکانی ئێرۆس Eros ” و ” ئێتۆس Ethosلە دوورگەکانی شیعر” دا) شیعر وەک بوارێ بۆ دروستکردنی وێنەی وڕێناوی شیاویێ زۆری تیابەدیدەکرێت. تەنانەت ئەمە بۆچوونی زۆربەشە بۆ کردەی شیعرسازی. بەڵام فەلسەفە وەک بوارێ بۆ خستنەڕووی ئەرگومێنت و زانینی سەلمێنەدار لایەنێکە زۆربەی بیرمەندان کۆکن لەسەری. لێرەوە دەکرێ بەو سێرکردنە بگەین شیعر ناکارێ شوێن بە فەلسەفە لێژکات و فەلسەفەش ناتوانێ ئەرکی شیعر لەئەستۆگرێت. گەر بەندە لەم لایەنە حاڵینەبووبێت دەشێ خۆی دووچاری ئەو کێشەیە کردبێت کە لە پرسیارەکەتانا خۆی مەڵاسداوە. بۆیشە وادەبێژم چونکە شیعر و فەلسەفە هەردوو بەجووتە لە گومڕاییەکانی ناو بوونمان دەکۆڵنەوە بەس ئەو گومڕاییەی شیعر پێشکەشمانی دەکات تایبەتە. بۆئەوانەی لە تایبەتێتی گومڕاییەکان ناگەن و ئەوانەش ماهیەتی شیعر و فەلسەفەیان بەپێی پێویست بۆ ڕاڤەناکرێت هەمیشە شیعر و فەلسەفە زۆر بێئاگاییانە لێکدیجیادەکەنەوە و یانیش لێکترنزدیکدەخەنەوە. ئەم جۆرە ڕەفتارەش لەتەک شیعر یان فەلسەفە بە زیانی تێگەیشتن لە پێوەندی نێوان شیعر و فەلسەفە دێ.

بۆ “من” ئەوە فڕە ڕوونە کە پشکنینی فەلسەفە لە پشکنینی شیعرەوە دوور نییە بەس جیایە. هەروەک پێشتریش هێمامبۆکردووە شیعر لە چێژی مرۆڤ، لە ناسینەوەی گیان، لە جووڵەی گەڵا و هەڵکشان و داکشانی دەریا و نامۆییەکانی ئاسمان و زەوی پشکنین دەکات و هەرچی پشکنینی فەلسەفەیە لەخۆیدا دیدە لەسەر جیهان. وەکیتری گەردوون. مەگەر سەرەتاکانی دەرکەوتنی فەلسەفە بە سەرسوڕمان لە دیاردەکانی ناو بوون دەستیپێنەکردووە!؟ وەکیتریش، گومانی ناوێت شیعر هەروەک فەلسەفە قسەی لەسەر سەرتاپای شتەکانی ناو بوون و ژیانمان هەیە. ئەم قسەکردنە کە زمان ئامادەیدەکات ڕەهەندی جوانکاری وەردەگرێت. بۆ؟ چونکە شیعر جیهان بە ئارەزووی خۆی دروستدەکات و لە هەقیقەتیش بە ئارەزووی خۆی نزدیکدەبێتەوە و شێوازیشی لە دەرککردن بە هەقیقەت وەک فەلسەفە نییە یان لەمڕوەوە لەسەر شێوازی فەلسەفە ناڕوات. بۆیە لەو باوەڕەدام زێدە گوناهمان دەگات، و پێمواشە نامیهرەبانانە ڕەفتاردەکەین، گەر لە ماهیەتی زمان لە شیعرا نەگەین و ئەو ماهیەتەش لەو ماهیەتە جیانەکەینەوە زمان لەناو فەلسەفەدا لەخۆدەیگرێ.  

“من” ناتوانم ئەوەی لە نووسینە فەلسەفیەکانم نایڵێم لە شیعرەکانما بیڵێم ، چونکە بەلانیکەمەوە لەوە حاڵیبوومە شیعر ڕۆشتنە بەرەو نادیار، بەرەو پەناگاێک دەخوازرێ بکرێ بە زێد، بەرەو ئەو شوێنەی تیایا بزردەبیت.لە شیعریشدا ماهیەتی مرۆڤ هەروەک ماهیەتی بوون شایانی بینینەوەیە. بۆئەوەی ئەمەش بکرێت پێویستە تێگەیشتنمان لەسەر پێوەندی نێوان شیعر و ڕاڕایی هەبێت. بەدەروەسیشەوە دەڵێم، ئەم بینینە بەرەو ئەم پرسیارەشم دەبات: شیعر تێڕامان نییە لە حاڵەتی بوون؟ یاخود دەشکرێ ئەم شێوە پرسیارەش بوروژێنرێت: مەگەر ئەوە شیعر نییە بە پێشاندانی نهێنیەکانی ناو بوون دەوێرێت ؟؟ پێموایە و حەزیش دەکەم بۆ خوێنەرانی شیعری نوێ کوردی ئەوە ڕوونبێت قوودرەتی شیعر لەوەدا کۆدەبێتەوە کە هەمووجارێک دووچاری خورپەی تازەمان دەکات. ئەم خورپەیەش لەگەڵ زمانا دەستلەملانە. پێویستیشە لەوەش تێبکەین گەر شیعر نەبێت چۆن زمان دەکارێ ناو لە بوونمان، لە ژیانمان، بنێت؟ گەر شیعر نەبێ چۆن زمان دەکارێ بێتەگۆ؟ بۆیە بەپێویستی دەزانین لێرە جەغتلەوەبکەین شیعر هۆکاریهێنانەگۆی زمانە، ئەو زمانەی دەبێت بە پارێزەری بوون. لەسەر قەولی هایدیگەریش ئێژم: شاعیر پارێزەری  بوونە. هۆڵدرلین ئەمە بوو لە دیدی هایدیگەر دا. چونکە شیعرەکانی بوون سازێنەربوون. بەواتاێتر، بۆ هایدیگەر هۆنراوەکانی هۆڵدرلین بنیادنەری بوون بوون و ، هەربۆیشە ئالان بادیو لە نووسینی “چاخی شاعیران” دا هۆڵدرلین دەکا بەو شاعیرەی دەرگای لەسەر چاخی شاعیران کردۆتەسەرپشت، ئەو چاخەی شاعیران تیایا شیعری بووناوی دەنووسن.

نووسەر و خوێنەرانی شیعری نوێی کوردی مەرجە تێگەیشتنیان بۆئەوە هەبێت کە شاعیرەکان لەچیدا لە فەیلەسوفەکان دەکەن؟ تێگەیشتنە بووناویەکان لە شیعری بۆنموونە سێلان یان تراکل ئەڵبەتە هۆڵدرلین یان مالارمێش لە کوێ و چۆن خۆی لەو تێگەیشتنە فەلسەفییە بووناویانە جیاناکاتەوە کە لە تێکستی فەلسەفی فەیلەسوفانا گفتووگۆدەکرێن؟ دیارە شیعر و دروستکردنی بوون بەهۆی زمانەوە یەکێکە لە خەسڵەتەکانی ئەم جۆرە شاعیرە مەزنانە. ئەم لایەنە دەقاودەق لای بیرمەندانی ڕۆژئاوا لە ئەفڵاتوونەوە تا ئالان بادیو و ژاک ڕانسیێر نابینینەوە. چونکە ڕۆحی شیعر، یاخود ماهیەتی شیعر، ئەوەمان بیردەخاتەوە شیعر بە دۆزینەوەوە سەرقاڵە بەس نەک کتوومت لەسەر شێوازی فەلسەفە. بۆنموونە شیعریش وەک فەلسەفە بە دۆزینەوەی ڕاستیەوە سەرقاڵە لێ شیعر ئەمە بە زمانێ شیعری دەکات. ئەمەشە جیاوازی نێوان ئەو دوو زمانەی (زمانی شیعری و زمانی فەلسەفی) ئەم دوو بوارە (فەلسەفە و شیعر) کاریلەسەر دەکەن. شیکردنەوە  فەلسەفیەکانی هایدیگەر بۆ شیعرەکانی هۆڵدرلین فێری ئەوەمان دەکەن شیعر لای ئەم دوانە ،واتە هایدیگەر و هۆڵدرلین ، مێژوو دروستکەریشە. یان لای هایدیگەر شیعر گرینگی بۆ تێگەیشتن لە قۆناغێ مێژووی هەیە و  لە بوونی مێژوویشمان بەگاماندێنێ. کەوابێت، ئەم تەماشکردنە فەلسەفییە هایدیگەریانە بۆ شیعر لای هۆڵدرلین والە “من” دەکات بپرسم شیعر بریتی نییە لە ڕۆحی ڕۆشنبیریێ دیاریکرا؟ یان شیعر ڕوویێ نییە لە ڕووەکانی ڕۆشنبیری؟  کەواتە ئەو ڕاستیەی شیعر بەهۆی زمانەوە ئاشکرای دەکات جیایە لەو ڕاستیەی مێژوو دەیکات. چونکە ئەو ڕاستییەی شیعر بەیانیدەکات بەجۆرێ هونەریانە دەدۆزرێتەوە و ئەمجار بەیانیشدەکرێت. ئەو ڕاستیەی لە بوونا پەنهانە بۆ شیعر هەوێنی جوانکاریەکانە. گومانیشی ناوێت گەربَلێم لەڕێگای یان بەهۆی شیعرەوە ڕاستی دۆزینەوە لە شیعری هۆڵدرلین دا لە لوتکەدایە.  

 

پرسیاری 6/  ئایا شیعر ئامانج یان پەیامێکی دیار و ئاشکرای هەیە بیگە یەنێت ؟ 

بەلێ شیعر پەیامێکی دیار و ئاشکرای هەیە بیگە یەنێت. ئەم پەیامە لە بوونیادی وتاری شیعریدا پەنهانە. پەیامەکە ڕۆحی وتاری شیعری پێکدێنێ. ئەم پەیامە وا لەو ڕەهەندە جوانکارییە ویژدانییەی شیعر بە سازاندنییەوە سەرقاڵە. بۆیە ئێمە ناشێ بە مانیفێستی مەرگی شیعر قایلبین. چونکە مەرگی شیعر و مەرگی شاعیر یەک مانای هەیە و ئەم مانایەش بریتیە لە کۆتای هەستکردن بە جوانی و کۆتایهاتنی تێڕامان لە جوانکاری. شیعر بۆ ئەوەی پەیامئامێزبێت پێویستی بەوەدەبێت لەگەڵ مەرگ، لەگەڵ جوانکاری و گشت بەدی و ناشرینەکانیش لە ڕووبەڕووبوونەوەدابێت. بۆئەوەی ئەم پرۆسەیە بێتەدی شاعیرەکان تێکستەکانیان دەکەن بە داڵدەێک بۆ کۆکردنەوەی ئازار و و نائومێدی. بۆیە جیهان گەر پریشبێت لە بەدی و ناشرینی شاعیر کار بۆ دۆزینەوەی جوانیەکان و ئومێد دەکات. 

ئاخۆ مێژووی شیعری هاوچەرخ لەم ڕوەوە چیمان پێدەڵێت؟ مێژووی شیعری هاوچەرخ لەمڕوەوە پێماندەڵێت تێکستە شیعرییەکانی بۆدلێر، مالارمێ، شار، بلۆک، ێسنین، ڕێلکە، تزڤیتایڤە، تراکل و سێلان و…هتد لایەنگری ئەو شتەیان کردووە جوانە. شیعر لەسەر دەستی ئەم شاعیرانە کاری لەسەر ناشیاویەکان کردووە. چونکە شیعر ویستویەتی لە ناشیاوییەکانی بباتەوە و ئێمە بە شیاوییە تازەکان ئاشناکات. کەوابێت قسە لە ئامانجئامێزی و پەیامئامێزی شیعر ڕووبەڕووی واتای مەرگی شیعریشمان دەکاتەوە چونکە مەرگی شیعر مەرگی ئومێدە ، مەرگی باشە و جوانییە. مەرگی شیعر مەرگی پەیڤیش دەگەیێنێ. ئایا مەرگی پەیڤ شیاوە؟ شیاوە ئەم شێوە مەرگە؟ بەڵێ شیاوە کاتێ گشت مرۆڤایەتی ڵاڵدەبێت، کە هەموو نابینادەبین و ناتوانین ئەوی دەیبینین گوزارەیلێکەین. وەکیتریش مەرگی شیعر مەرگی نووسینە، ئەڵبەتە ئەو جۆرەنووسینەی ناشێ نەمێنێت. شیعر کە شتە بێهەست و بێ گیانەکان دەجوڵێنێ و مادەی هەستیارییان لێدروستدەکات ناشێ ئەم شتە بمرێت. هەروەک پێشتریش ئاماژەمپێکرد مەرگی شیعر و مەرگی شاعیر یەک مانای هەیە ئەم مانایەش بریتیە لە کۆتای هەستکردن بە جوانی و کۆتایهاتنی تێڕامان و ئەزموونی جوانکاری. کەواتە، جیهان بێ شاعیر، شاعیر لە وێنەی سێلان و مالارمێ و هۆڵدرلین، ئەستەمە هەبێت. شیعر لەناو جیهانایە و جیهانیش بەهۆی شیعرەوە هەست بە هێمنی خۆی دەکات. جیهان لەناو شیعر دا لەشێوەی ووتن دەردەکەوێ. دەرکەوتنی جیهان لەناو شیعرا بەشێکە لەو پەیامەی شیعر هەیەتی. شیعر بۆئەوەی جیهانمان نیشاندات جیهان تائەوپەڕی چڕدەکاتەوە. شیعر بۆئەوەی جیهانمان بۆدەرخات دەستکاری جیهاندەکات و دوای گشت جووڵە و بزاڤێکی ئەو جیهانە دەکەوێت.

لە هەنووکەشدا پێمانوایە مرۆڤی نوێ پێویستیە ڕۆحی و دەروونیەکانی پێویستی بە پڕبوونەوەیە. شیعر یەکێکە لە سەرچاوە ڕۆحیەکانی ئەم لایەنە. ئەی ئەوە پەیام نییە کە شیعر هەڵگریەتی؟ شاعیر لەم حاڵەتەدا چاوەڕوانییە بەس بۆ لێدانی خودی چاوەڕوانی. شیعر بۆ وەرگرانی، خوێنەرانی، ئەو شتەیە کە دێت، کە هەمیشە دەشێ بەڕێوەبێت. خوێنەرانی شیعر لە چاوەڕوانی تێکستە شیعرییە دەگمەنەکانن. بۆ ئەمانی خوێنەر ئەو چاوەڕوانیە چێژە بەس چاوەڕوانی بۆ شیعر، لە شیعرا، بریتییە لە برین.

کە قسە دێتە سەر پەیامئامێزی شیعر پێویستە تێگەیشتنمان لەسەر ئێستا و شیعر لە ئێستادا، ئەو ئێستایەی شارستانیێ دیگیتالی (ئەلکترۆنی) پیادەیدەکات هەبێت. بۆیە گرینگە بزانین چۆن شارستانی نوێ ڕەفتار لەتەک شیعر دا دەکات؟ ئەم پرسیارە لەخودیخۆیدا هێمایە بۆ خستنەژێرپرسیاری ماهیەتی شیعری نوێ یاخود ئەو پەیامەی شیعر لەناو گەیاندنە ئەلکترۆنیەکانا پێیەتی. بەواتاێ بەرینتر، شارستانی نوێ شەکەتی و دژواریێ (تەنیای، نائومێدی، شکستی، دڵەڕاوکێ) زۆری بۆ مرۆڤەکان هێناوە. شیعر یەک لەو چەکانەیە بەدەست مرۆڤی هاوچەرخەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شەکەتی و دژواریە ڕۆحی و دەروونیانە. مەگەر ئەمە ئەو پەیامە شاراوەیە نییە لە شیعرڕا پەنهانە؟ لێرەوە ناشێ قسە لە ئومێدبەخشی لە شیعرا بکەین؟ بۆ نا..! چونکە شیعر دەکارێ هێمنمانکاتەوە و لەو عەزابە تێبگەین ڕیشەکەی والەناو بوونمانا. بوونی ئێمە لەگەڵ ئەم عەزابە لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامدایە و شیعر ئامرازێکە بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم عەزابە یان قڵپکردنەوە Renversement ی زناکە (نیشانە) کانی ئەو عەزابە. بەپێیئەوەش شیعر یەکێکە لە سەرچاوەکانی هۆشمەندی مرۆڤ توانای ئەم ڕووبەڕووبونەوەیەی هەیە. ئەو ڕوبەڕووبوونەوەیەش بەشێکە لە ، یان بەشە گەورەکەی ، پەیامی شیعرییە.

 

 

آ’پرسیارەکانی ئەم لێدوانە لەلایەن بەرێز کاک بڕوا بەرزنجیەوە نێردراوە ، کە کارمەندی هەفتەنامەی چاودێرە و دواتریش لە  ڕەخنەی چاودێر بە 4 بەش لەنێوان 05/ 11/ 2012 -03/ 12/ 2012 بڵاوبۆتەوە.

 

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply