Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
شینەكە بۆحوسێنە یان بۆهەریسەكە

شینەكە بۆحوسێنە یان بۆهەریسەكە

Closed

 

 

 

پێم سەیرە هەندێك كەس تانە لەوەزارەتی رۆشنبیری دەدەن !! بێگومان كارە گۆترەكاریەكەی ئەو وەزارەتە شایانی تانە لێدانە بەڵام تانەی چی وچۆن ؟ ئەفسوس .. زەق بەبەرچاوانەوەیە لەلای هەندێك شەرەكە بۆ پوچەڵكردنەوەی سیاسەتە خراپەكەی وەزارەتی رۆشنبیری نیە، بەڵكو بۆئەوەیە ” پاداشت” ئەوانیش بگرێتەوە، كە ئەوانەیشی گرتەوە بێدەنگ دەبن وقسەیان نامێنێ‌، ئەمەش واتای ئەوەیە كە ئەوەی وەزارەتی رۆشنبیری كردوویەتی عەیبی تیدانیە، بەلكوعەیبەكە ئەوەیە كە ناوی بەریزیانی تێدانیە ؟ ئای چ عەیب‌وشورەییە  ” داهێنەران ..! ” چۆن دەبێت ئەوەندە لاوازبن”‌ لەسەر قوت‌وحسابی خەڵك ناویان بخرێنە لیستی پارە وەگرتنەوەو ئینجا ببێن‌ودیسانەوە بكەونە پاساوهێنانەوە .

لەوەدا سوپاسگوزارم كەزۆر زو لەرووی دلسۆزیانەوە دۆستەكانم لەوەزارەتی رۆشنبیری بۆ هاوكاری كردنم فورمیان بۆناردم‌وداوایان كرد: پريبكەمەوە وتیان: بە بێ گرفت هاوكارییەكە تۆدەگرێتەوە، ئەوان وتیان هاوكاری نەك ( پاداشت ) بەڵام رەتم كردەوە چونكە فورمەكەم پێ سوكایەتی بوو.. ئامادە نەبووم پری بكەمەوەو ئەوسوكایەتیە قبوڵ بكەم كەهەول‌وبەرهەمی خۆم لەبەرخاتری برێك پارە بخەمە بەردەمی لیژنەیەك كەهەتا ئێستا خۆم‌وگۆڤارەكەیان نەناسیوە.

زۆرن ئەوانەی لە نزیكەوە دەزانن بەندە گۆڤارێك دەردەكەم بە ناوی ” ئەنفالستان”  بەسەیارەی خۆم بەتەلەفۆن‌و خەرجی خۆم بەریكۆردەروكامیرای خۆم خەریكی نوسینەوەی چیرۆكی ئەومەینتبارانەم كە ئەنفال ژیانی لەبەر یەك هەڵتەكاندون‌وچیژی ژیانی شیواندوون .. بەتەنیشت ئەو كارەشەوە خەلكیكی زۆرم هانداوە چیرۆكی خۆیان بنوسنەوەوەو چاوەروانی من یان كەسیكی ترنەبن، ئەوەش رونە حكومەتی هەرێم پارەو پولێكی زۆر لەیادەكانی ئەنفال‌و كۆنگرەوكۆنفرانس بەهەدەر دەدات، پارەیەكیشى بۆ هينديك بڵاوكراوەی بی كەڵك هەڵرشتووە، كەچی تەنیا یەك گۆڤاری حكومەت نیە تایبەت بێت بە ئەنفال‌وجینۆساید..! مەگەر بەلای وەزارەتی رۆشنبیریەوە ئەوە گرنگ نیەو كاری رۆشنبیری نیە خەلك فێربێت خۆی چیرۆكی خۆی بنوسێتەوە؟! دیارە دەبی وابی دەنا چاپكردنی كتیبەكەمیان رەتنەدەكردەوە كەخستمە بەردەستیان ! كتێبیش چی ؟ بەسەرهاتی “هاشم” دەربازبوویەكی گۆری بەكۆمەڵ !

من قسەم لەسەرچۆنیتی كاری خۆم‌وچونێتی دەرچونی گۆڤاری ئەنفالستانە، كە هەتا ئێستا كەسوكاری قوربانیان وخوینەرەكانی كە رەنگە تۆی خوێنەریەكێكیان بیت كۆمەكی لەچاپدانی دەكەن، بەوحالەوە (9) ژمارەی دەرچووەو بەهیواین لەگەڵ هاوكارانم ژمارە 10ی ئامادە بكەین بۆ چاپ، ئەو گۆڤارە كە ئێستا لاپەرەكانی لە  200 زیاترە، نزیكەی (10) ساڵە بەبەرچاوی حكومەت‌و وەزارەتی شەهیدان‌و وەزارەتی رۆشنبیرییەوە دەردەچێت.. ئەوان خۆیان ئەوهەوڵە نەبینن، یان بیبینن‌و بەگرنگی نەزانن ئیدی چ پێویست دەكات من فۆرمێك پركەمەوەوبیخەمە بەردەمی لیژنەیەك هەلسەنگاندنی بۆبكات ؟ هەتابزانین شایانی رێزلێنان‌وهاوكاری كردنە یان نا ؟! 

بروام وایە ئەوە “داهێنەران” نین كە پێویستیان بەخۆناساندنە، بەڵكو بەپێچەوانەوە هەموو هەولێكی داهێنەرانە خۆی دەسەپێنێ‌ وداهێنانیش چەندە كۆسپی لەبەردەم بێ‌ خۆی دەناسینی، بەلكو ئەوە كاری ئەو وەزارەتەو لیژنەكانیتی بچیت بەدەم كاری جدی‌وداهێنانەوەولەدەرگایان بدات، نەك داهێنەران ناچاربكەن بچن لەدەرگایان بدەن وبڵین وەرن بمان ناسن‌وهاوكاریمان بكەن . بەڵام پرسیاری جدی ئەوەیە داهێنەران كێن ؟ چەندن ؟ مەرجیش نیە هەموو داهێنەرێك پەیوەندی بەوەزارەتی رۆشنبیریەوە هەبێ‌، هەتا خەلاتی ئەو بیگرێتەوە، بێگومان هەموو داهێنەرێكیش شایانی خەلات كردن نیە، بەپێچەوانەوە هەندێك داهێنەرهەن شایانی سزاو لێپێچینەوەن، داهێنەرانی مین‌و بۆمبی كیمیاوی شایانی ریسواكردنن . 

ئەگەر وەزارەت بەتەنگ كاری رۆشنبیری‌وهەولێكی وەك ” ئەنفالستان” وە بێت ئەوا دەتوانێ وەك هەرخوێنەریك هاولاتیەك یان وەك حەپسە رەشید دایكی (5)كورە ئەنفالكراوەكەی گوندی لازیان، وەك مندالانی گوندی گۆپتەپەو سەرقەلای كفری، وەك گەرمیانیەكان كە هەموو سالیك كۆمەك دەنیرن‌ دەتوانێ كومەكی ئەنفالستان بكات وناویشی بخریتە لستی كومەك بەخشانەوە نەك 15 ملوین دینار، بەلكو 15 هەزار دینار بەلای زورەكەیەوە 150 هەزاردینار بنێرێ‌ بێگومان خودی وەزیری رۆشنبیریش دەتوانی ئەوە بكات. چونكە ئەنفالستان هەولێكە بۆئەوەی تاكەكانی میللەتیك شەریك بكات لەنوسینەوەی مێژووی خۆی، یان فێربن مێژووی خۆیان بنوسنەوە.. بەهیوام وەزارەتی رۆشنبیری پەندێك لەم ئەزمونە وەربگرێ‌ .  

 

عومەر محمەد 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.