Skip to Content

Tuesday, November 24th, 2020

شێته‌كان… پێشه‌وا کاکه‌یی

Be First!
by June 27, 2012 هۆنراوە

 

 

ــ 1 ــ

منم، ره‌هبه‌رى شێته‌كان

خاوه‌ن ئيمپڕاتۆرييه‌ك: له‌ ڕۆحه‌ ئازاده‌كان

له‌و ديو مه‌نفاى ئێوه‌وه‌.

كه‌مينه‌يه‌كى ياخى،

له‌ ياسا كویره‌كانى ئێوه‌وه‌.

ئه‌ركى منيش تێكشكاندنى ــ 

نه‌وه‌ك جێبه‌جێ كردنى فه‌رمانى ئێوه‌!.

 

ــ 2 ــ

له‌ دونياى شێته‌كانه‌وه‌ ــ 

شته‌كان ده‌بنه‌ گه‌راييه‌ت.

گه‌راييه‌تيش: يانى حه‌قيقه‌ت.

گه‌ر بشچينه‌ دونياى حه‌قيقه‌ته‌وه‌ ــ

ده‌بێت ببينه‌ شێت!.

 

ــ 3 ــ

له‌ دونياى شێتگه‌راييدا ــ

ده‌گه‌ينه‌ حه‌قيقه‌ت.

ده‌گه‌ینه‌ كۆتايى لقى دره‌خته‌كان.

تا له‌سه‌ر سفره‌ى پێغه‌مبه‌ره‌كاندا ــ

دابنيشين و ژه‌مێک نان بخۆين !.

 

ــ 4 ــ

له‌ دونياى شێتگه‌راييدا ــ

ده‌گه‌ينه‌ پله‌ى فه‌نابوونى وه‌حييه‌تى فه‌لسه‌فه‌.

ــ وه‌لێ فه‌لسه‌فه‌ ده‌مانكاته‌ دوو كه‌رتى جياوازه‌وه‌:

كه‌رتێك به‌ده‌ست شاعيره‌ ئيفليجه‌كان،

كه‌ له‌ شيعرێكى خه‌ياڵيدا ونمان ده‌كه‌ن.

كه‌رتێكيش به‌ده‌ست فه‌يله‌سوفه‌كانه‌وه‌،

كه‌ له‌ گومڕاياندا دونياى حه‌قيقه‌تمان ده‌ده‌نه‌وه‌!.

 

ــ 5 ــ 

له‌ دونياى شێتگه‌راييدا ــ

فه‌يله‌سوف له‌ عه‌قڵى گومڕاييدا دێته‌ ده‌رێ.

كه‌ ده‌گات به‌ دونياى سروشتييه‌وه‌ ــ

قوتابخانه‌یه‌ك له‌ دواى خۆييه‌وه‌ به‌جێدێڵێ.

 

ــ 6 ــ

له‌ دونياى شێتگه‌راييدا ــ

به‌و شێوه‌يه‌ى كه‌ ده‌مانه‌وێت بمرين، ده‌مرين.

بۆ هه‌ميشه‌ش زيندوو ده‌بينه‌وه‌!.

 

ــ 7 ــ

شاعيره‌كان بليمه‌تن.

شێته‌كانيش كه‌مۆكێك گێل ــ

به‌ڵام به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر شاعيره‌كان!.

 

ــ 8 ــ

شێته‌كان له‌ خه‌وندا ــ

شاعيرێكن،

خه‌يڵاوى ته‌فسيرى دونيا ده‌که‌ن.

به‌ڵام كاتێک وه‌خه‌به‌ر دێنه‌وه‌ ــ

حزوور خوايي،

بۆ سروشت ده‌هێننه‌وه‌!.

 

ــ 9 ــ

شێته‌كان له‌ هه‌موو شته‌كاندا ــ

ده‌توێنه‌وه‌.

به‌ڵام كاتێک به‌فر ده‌بارێ ــ

ئه‌وان خه‌وتوون،

به‌فر له‌ بريان ده‌توێته‌وه‌!.

 

ــ 10 ــ

شێته‌كان سيگار كێشێكى عه‌جايبن.

ــ له‌ يه‌كه‌م مژياندا ــ

دوكه‌ڵێکی خه‌ياڵاوى وێنا ده‌كه‌ن.

ــ كه‌ ده‌بينن له‌ وێنه‌یه‌كى ئافره‌تى ڕووت ده‌چێ ــ

قونچكى سيگاره‌كه‌ش ده‌مژن!.

 

ــ 11 ــ

شاعيره‌كان كه‌ ده‌چنه‌ ناو باغ ــ

به‌ قه‌ڵه‌م ته‌فسيرى گوڵ ده‌كه‌ن و،

به‌ شيعر مۆمياى ده‌كه‌ن.

ــ ده‌ڵێن: نه‌وه‌ك گوڵ بمرێت و په‌يكه‌رى نه‌بێ!.

شێته‌كانيش هه‌ميشه‌ پێكه‌نينيان به‌ عه‌شق دێت و،

به‌رد ده‌گرن به‌ده‌سته‌وه‌.

ــ چونكى ده‌زانن: باغه‌كان سه‌وداسه‌رن و،

گوڵيش زوو ڕيسوا ده‌بێ!.

 

ــ 12 ــ

شێته‌كان نوورانين.

پرچێكى درێژى قرژن و،

ڕيشێكى تۆزاوييان هه‌یه‌.

ــ كه‌ تۆزيان ــ

له‌سه‌ر به‌رگى كتێبى قورئانى ناو مزگه‌وته‌كان ده‌چن!.

له‌ جوڵه‌شياندا زكر ده‌كه‌ن.

ــ كه‌ زكريان ــ

له‌ ده‌روێشێكى خودايی سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌چن!.

 

ــ 13 ــ

شێته‌كان كه‌مدوێن.

هه‌ميشه‌ سه‌رقاڵی پڕۆڤه‌ی نمايشى شیتين.

ــ كه‌ گوێشیان له‌ ده‌نگی بانگى ئيسلام ده‌بێت ــ

ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ پرۆڤه‌ى ئاينزاى ئيسلام و،

ده‌چنه‌ ناو مزگه‌وته‌كان نوێژ بكه‌ن!.

ــ وه‌لێ مه‌لايه‌كان ــ

سروشتى خۆيان ده‌شكێنن و،

ده‌ريان ده‌که‌ن!.

 

ــ 14 ــ

شێته‌کان..

كه‌ ده‌چنه‌ شوێنه‌ گشتييه‌كان ــ

لۆتييه‌كان به‌”ڤۆدگا” سه‌رخۆشيان ده‌که‌ن!.

كه‌ ده‌چيشنه‌ ناو ئه‌شكه‌وته‌كان ــ

كچه‌كان “فانۆسى”له‌ززه‌تيان بۆ ده‌به‌ن!.

 

ــ 15 ــ

شێته‌كان..

گه‌وره‌ترين سه‌رمايه‌يان ــ

پانتۆڵێكى كورت و،

پێڵاوێكى دڕاو و،

كراسێكى شڕه‌!.

ــ گه‌وره‌ترين سڕيشيان ــ

مه‌رگێكى ئاماڵ كامڵ،

كه‌ له‌بن دارتوويه‌كى زڕه‌!.

 

ــ 16 ــ

ئێمه‌ که‌ ئه‌دگارى شێته‌كان ده‌بينين ــ

واده‌زانين هه‌ميشه‌ له‌گه‌ڵ خودا شه‌ڕيانه‌!.

گه‌رچى ئه‌وان له‌ غافڵی شتێكدان و، ده‌ڵێن:

خودايه‌ ياساكانت بۆ لاى خه‌ڵك گومڕانه‌؟!.

 

ــ 17 ــ

شێته‌كان به‌دبه‌ختى ناو کۆمه‌ڵگان.

خه‌ڵكانيش بۆ كات به‌سه‌ربردنى خۆيان ــ

گاڵته‌يان پێده‌كه‌ن!.

يان هه‌ندێكيان، ده‌ڵێن:

شێته‌كان ده‌ست ده‌وه‌شێنن؟.

ــ وه‌لێ كه‌ر و گاو وه‌حشييه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگان ــ

ده‌ست ده‌وه‌شێنن!.

 

2008

 

Previous
Next

Leave a Reply