Skip to Content

Saturday, December 5th, 2020

شێت بوو…..

Be First!

شێت بوو
دیدار مه‌سیفی

  dmasifi289@yahoo.ca

 شێت بوو ناوی تازه‌ترین رۆمانی ها جینه‌ که‌ له‌ کۆی 323 ی لاپه‌ڕه‌کانی دا نزیکه‌ی نیوه‌ی ‌له‌ ژوورێک دا ده‌گوزه‌رێت‌ که‌ هاوشێوه‌ی وێنه‌ی سه‌ر به‌رگی کتێبه‌که‌یه‌. ئه‌و ژووره‌ که‌وتۆته‌ یه‌کێک له‌ قاوشه‌کانی نه‌خۆشخانه‌یه‌ک که‌ تێیدا هه‌موو ئاڵۆزییه‌کانی کۆمه‌ڵگای چین ده‌خرێته‌ روو و زۆر به ووردی له‌گه‌ڵ مۆڕاڵ و سیاسه‌ت و مێژووه‌که‌ی دا ململانێ ده‌کات. ئه‌وه‌ی سه‌ر کورسییه‌که‌ داده‌نیشێت پاڵه‌وان وحیکایه‌توانی رۆمانه‌که‌یه‌ به‌ ناوی جیان که‌ خوێندکاری دکتۆرایه‌ له‌ ئه‌ده‌ب‌ و له‌ ژووره‌که‌دا له‌ به‌رامبه‌ر مامۆستا و پێشه‌نگه‌ نه‌خۆشه‌که‌ی دا ته‌واو بیر ئاڵۆزکاو و نیگه‌رانی دوارۆژه‌، له‌ کاتێکدا خۆی له‌ نێوان دوو دونیای دژ به‌ یه‌کتر دا ده‌بینێته‌وه‌ که‌ یه‌کێکیان له‌ نێو کتێب و ئه‌و ئاخاوتنانه‌دایه‌ که‌ له‌ زاری مامۆستا
جیان له‌گه‌ڵ هاوپۆلێکی به‌ ناوی بانپینگ به‌ نۆره‌ ئێشگری له‌ مامۆستاکه‌یان ده‌که‌ن که‌ به‌ هۆی جه‌ڵته‌یه‌کی کت و پڕ هه‌ره‌سی هێناوه‌ و که‌وتۆته‌ سه‌ر جێگا.  جیان به‌ سه‌عات له‌ سه‌ر ئه‌و کورسییه‌ داده‌نیشێت و گوێ له‌ ئاخاوتنه‌کانی پرۆفیسۆر یانگ ده‌گرێت که‌ له‌ کاتی ئاگایی و ووڕێنه‌دا ده‌یانکات. له‌به‌ر چاوی ئه‌و مامۆستاکه‌ی ده‌مێک ده‌چێته‌ پێستی دانایه‌ک و زۆر به‌ هێمنی ده‌دوێت، که‌چی ده‌مێکی دیکه‌ ده‌بێته‌ دێوانه‌ و ده‌ست ده‌کات به‌ چڕینی گۆرانی و گووتنی شیعری شۆڕشگێڕانه‌.    نه‌خۆش که‌وتنی پرۆفیسۆر یانگ له‌ دوو لاوه‌ کاریگه‌ری ده‌خاته‌ سه‌ر ژیان و دوارۆژی جیان، یه‌کێکیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ پرۆفیسۆر یانگ باوکی میمی ده‌ستگیرانیه‌تی و ئه‌ویدیکه‌شیان ئه‌و تاکه‌ مامۆستایه‌ که‌ بتوانێت ببێته‌ پاڵپشت و ڕێنیشانده‌ر بۆ تێزی دکتۆراکه‌ی.                                   
پرۆفیسۆر به‌رله‌وه‌ی جه‌ڵته‌ لێیبدات به‌ مامۆستایێکی کارا و ڕۆشن و یاخی ناسراو بوو که‌ هه‌رده‌م گرێ و کێشه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی دۆگمای زانکۆ هه‌بوو که‌ پرۆفیسۆر سۆنگ ڕاگری کۆلیجی ئه‌ده‌بیات نوێنه‌رایه‌تی ده‌کرد.                             
خاڵی ته‌قینه‌وه‌ له‌و رۆمانه‌دا به‌ دوو رووداو ده‌ست پێده‌کات که‌ یه‌که‌میان جه‌ڵته‌ کت وپڕه‌که‌ی پرۆفیسۆره‌ و دووه‌میشیان هۆکاره‌که‌یه‌تی. سه‌ره‌تا ململانێی نێوان ئه‌و دوو پرۆفیسۆره‌ی ئه‌ده‌بیات بۆ‌‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی سۆنگ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ بۆ مه‌رامێکی سیاسی ویستبووی شوێنی له‌ دایک بوونی راسته‌قینه‌ی شاعیرێکی ناوداری چین به‌ ناوی لێ پۆ بگۆڕێت. پرۆفیسۆر یانگ که‌ به‌ ووتارێکی ره‌خنه‌یی ئه‌وه‌ ئاشکرا ده‌کات، سۆنگ ده‌که‌وێته‌ نیگه‌رانییه‌کی زۆره‌وه‌ و دواتر به‌ خراپترین شێوه‌ دژایه‌تی یانگ ده‌کات. بۆ وێناکردنی ئه‌و که‌ش و هه‌واییه‌ی پرۆفیسۆر یانگ دووچاری ده‌بێت، ده‌کرێت له‌ زانکۆکانی لای خۆمان نموونه‌ی له‌وه‌ش دژوارتر بهێنینه‌ سه‌ر کاغه‌ز. که‌ تێیدا هه‌رده‌م که‌سانی له‌ بابه‌تی پرۆفیسۆر سۆنگ که‌ به‌ دۆڕاندنی په‌یامی ئه‌کادیمییان و شێواندنی راستییه‌کان گورزی کوشنده‌ له‌ هاوکاره‌ به‌هره‌مه‌نده‌کانیان ده‌وه‌شێنن. سۆنگ بۆ ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین زیان به‌ یانگ بگه‌یه‌نێت سه‌ره‌تا سه‌رپه‌شتی کردنی رۆژنامه‌ ئه‌ده‌بییه‌که‌ی زانکۆی لێده‌ستێنێته‌وه‌. پاشان له‌ رێگای ئه‌کادیمیای زانکۆوه‌ داوای ئه‌و پاره‌یه‌ی لێده‌کاته‌وه‌ که‌ به‌ر له‌ چه‌ند ساڵێک له‌ سه‌فه‌رێکی بۆ ڤانکوڤه‌ری که‌نه‌دا خه‌رجی کردبوو. پرۆفیسۆر یانگ ئه‌و کات بۆ سیمینارێک داوه‌ت کرابوو تا قسه‌ له‌سه‌ر هۆنراوه‌ی سه‌رده‌می تانگ* پێشکه‌ش بکات.                                         
 یانگ که‌سێکی رۆشنه‌ و به‌ قووڵ بوونه‌وه‌ی له‌ شیعر بووه‌ به‌ که‌سێکی ده‌روون پاک و هه‌ست ناسکیش که زۆر‌ بۆی ئه‌سته‌م بێت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌رکوتکه‌ر دا بژیت. یانگ هه‌ر که‌ له‌ سه‌فه‌ره‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌‌، ناوی ده‌که‌وێته‌ سه‌ر زاران و ده‌بێته‌ جیگای ئیره‌یی سۆنگ و ناحه‌زانی.                                    
له‌ ژووره‌که‌ی نه‌خۆشخانه‌دا پرۆفیسۆر یانگ چیتر ئه‌و مامۆستا چوست و چاڵاکه‌ نییه‌ که‌ له‌ ئاخاوتن و وانه‌ گوتنه‌وه‌دا پێشه‌نگی خوێندکاران بوو. ئه‌و له‌ ژوورێکی ته‌نیا دا بووه‌ به‌ که‌سێکی شێواو و نیمچه‌ شێت که‌ ئیتر نا‌توانێت ئه‌وه‌ی له‌ ناخی دایه‌ بێپه‌رده‌ و ئاشکرا نه‌یانخاته‌ ڕوو. جیان به‌ بیستنی ئه‌و هه‌موو ئاڵۆزییه‌ی ناو ناخی پێشه‌نگه‌که‌ی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌ده‌ب و خه‌ونه‌ ئه‌کادیمییه‌کانی دوارۆژی هه‌ڵوسته‌یه‌ک ده‌کات و چیتر نایه‌وێت بچێته‌ ئه‌و رێگایه‌. هه‌روه‌ها به‌ بینینی‌ ئه‌و کۆتاییه‌ خه‌مناکه‌ی مامۆستا و پێشه‌نگه‌که‌ی، هه‌ست به‌ ساردبوونه‌وه‌یه‌کی زۆر‌ ده‌کات له‌ به‌رده‌وام بوون له‌ سه‌ر رێگایه‌ک که‌ ئه‌گه‌ر تێیدا به‌ ئه‌وپه‌ڕی پله‌ی ڕۆشنگه‌رییش بگات، ده‌سیسه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێک به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیهێنێته‌وه‌ ژێر خاڵی سفر.                                                             
له‌ کاتی جه‌ڵته‌که‌دا هاوسه‌ری یانگ سه‌فه‌رێکی دووری بۆ تیبیت کردبوو و کچه‌که‌شی له‌ په‌کیین خه‌ریکی خوێندن بوو بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به‌ پزیشک. بۆیه‌ نزیکترین که‌س بۆ ئه‌و جیانی زاوا بوو که‌ خزمه‌تی بکات و ئاگاداری بێت.                      
 له‌ نائاگاییدا پرۆفیسۆر یانگ باس له‌ عه‌شقێکی نهێنی ده‌کات له‌گه‌ڵ کچێک به‌ ناوی لیفین که‌ بیست و پێنج ساڵ کاتی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆ جیان به‌سه‌ که‌ ده‌رزێک بخاته‌ ئه‌و په‌یکه‌ره‌ی له‌ له‌ خه‌یاڵیدا بۆ مامۆستاکه‌ی . چونکه‌  ئه‌وه‌ زۆر ناکۆک ده‌بینێت له‌گه‌ڵ باوه‌ڕی ئه‌و و که‌لتوری چنییه‌کان که‌ ڕوانینیان بۆ‌ ژیانی هاوسه‌ری زۆر جدی و پیرۆزه‌.  پرۆفیسۆر یانگ که‌ ئاگا و ئارامه‌ هه‌رده‌م ئامۆژگاری له‌ جیان ده‌کات که‌ ده‌بێت خوێندنه‌که‌ی ته‌واو بکات، هه‌رچه‌نده‌ چاک ده‌زانێت که‌ مووچه‌ی پرۆفیسۆرێک ناگات به‌ مووچه‌ی نه‌خوێنده‌وارێکی دارده‌ستی ده‌سه‌ڵات. جیان وه‌ک جاران ناتوانێت  گوێ بۆ نوێنه‌ری پیشه‌یه‌ک شل بکات که‌ کۆتاییه‌که‌ی هه‌ره‌س و شێت بوون و مه‌رگێکی هێواشه‌.                               
میمی جوانیێکی بێوێنه‌ی هه‌یه‌ که‌ بۆ‌ جیان هه‌رده‌م جێگای‌ په‌رۆشی یه‌ له‌ جیاتی  شادی. ماوه‌یه‌کی که‌م دوایی مردنی پرۆفیسۆر یانگ نێوان جیان ومیمی ره‌هه‌ندێکی گه‌وره‌ی تێده‌که‌وێت که‌ به‌ بێزاری میمی ده‌ست پێده‌کات له خووی جگه‌رکێشان و پاشه‌کشه‌کردنی‌ جیان له‌ وه‌ده‌ست هێنانی دکتۆراکه‌ی.  ‌                                                                  
جیان پاش مه‌رگی پێشه‌نگه‌که‌ی ده‌بێت به‌ که‌سێکی دیکه‌ و هه‌ست ده‌کات ماوه‌ی‌ ئێشکگری له‌ پرۆفیسۆر یانگ تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ بووه‌ بۆ ده‌رسه‌کانی ژیان.                                                                                          
بۆیه‌ له‌مه‌ودوا هه‌وڵ ده‌دات رۆحی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و گۆران له‌ زه‌ینی دا بچێنێت، رۆژێک له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ خوێندکارێکی شۆڕشگێر و خوێن گه‌رم روو ده‌که‌نه‌ گۆره‌پانی تاینمان** له‌ په‌کیین و به‌شدای له‌ خۆنیشاندانێکی گه‌وره‌ ده‌کات.            
به‌وه‌ش رووداوه‌کانی رۆمانی {شێت بوو} له ژووره‌که‌ی نه‌خۆشخانه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ سه‌ر جاده‌ و تێیدا بابه‌ته‌ تیۆری قووڵه‌کانی یانگ له‌ بیری جیان تیکه‌ڵ به‌ ژان و خوێنی کوژراو و برینداران ده‌بێت. رۆمانه‌که‌ دوای ئه‌وه‌ زیاتر له‌ کارێکی دۆکیومێنته‌ری ده‌چێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی پاڵه‌وان و حیکایه‌توان به‌ ووردترین وجوانترین شێوه‌ رووداوه‌کانی ئه‌و خۆنیشاندانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌. جیان له‌و گۆڕانه‌ خیرایه‌دا که‌ شێت بوون و مه‌رگی مامۆستاکه‌ی به‌ دوای خۆی دا ده‌یانهێنێت، ناتوانێت وه‌ک جاران سه‌یری ووڵاته‌که‌ی بکات. بۆیه‌ یه‌کسه‌ر دوای ئه‌و خۆنیشاندانه‌ و بینینی ده‌یان کوژرا و بریندار، سواری ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌رێک ده‌بێت که‌ به‌ره‌وه‌ خوارووی ده‌بات و ناوه‌ستێت تا خۆی له‌سه‌ر سنووری هۆنگ کۆنگ ده‌بینێته‌وه‌. دواتر پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌کی دریژ به‌ پێ ده‌ڕوات و ده‌گات به‌ شوێنی مه‌به‌ست و له‌وێ دا وه‌ک سه‌وداییه‌ک جله‌کانی داده‌که‌نێت و خۆی له‌ ئاوه‌که‌ ده‌دات.                                       
دوا ووشه‌، ئه‌و رۆمانه‌ی ها جین هه‌رچه‌نده‌ پاش ساڵانێکی زۆر له‌ رۆمانی {چاوڕوانی} نوسراوه‌، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یتوانیوه‌ چێژی رۆمانه‌که‌ی پێشووی له‌ دید و زه‌ینی خوێنه‌ردا بسڕێته‌وه‌ و وه‌های لێبکات که‌ { شێت بوو} ی له‌ {چاوه‌ڕوانی} خۆشتر بوێت.                                    

* سولاله‌ی یانگ : له‌ ساڵانی نێوان (618-907) حوکمی ووڵاتی چینیان کردووه‌.                                                 

  ‌    ** گۆره‌پانی تاینه‌مان ساڵی 1989 شوێنی خۆنیشاندانێکی به‌ ناو و ده‌نگ بوو. 

Previous
Next

Leave a Reply