Skip to Content

Saturday, December 4th, 2021

شێــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــرپه‌نجه‌

Comment
by July 1, 2009 ئەدەب

شێــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــرپه‌نجه‌
                         قوبادی جه‌لی زاده‌
                        ((بۆ نازداری هاوسه‌رم ))

ته‌یره‌ن ئه‌بابیل ، له‌ قه‌تل و عامی مێشووله‌ بێ‌ گوناهه‌كان ،
گه‌ڕانه‌وه‌ .
له‌ ده‌ندووكیانه‌وه‌ ،
تنۆك
تنۆك ، خوێن
داده‌ڕژێته‌ بووڵێڵه‌وه‌ .

كۆتره‌كان به‌ په‌له‌ ، به‌ره‌و لان بوونه‌وه‌
له‌ رۆژوگر ده‌چن ، له‌ ساته‌ وه‌ختی به‌ربانگدا .

ئێستا وه‌رزی هه‌ڵفڕینی شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌یه‌ .

ئه‌ستێره‌ له‌ماڵ هاتنه‌ ده‌ر .
به‌ فانووسی سپی سپییه‌وه‌ ، به‌ناو كۆڵانه‌كانی ئاسماندا ،
په‌رت بوون .

مانگ ره‌نگ زه‌ردوو كز ،
گڕه‌ ،  لاروومه‌تێكی هه‌ڵقرچاندووه‌ .

– با – به‌ناو باخچه‌كه‌ماندا له‌نجه‌ ده‌كات
ده‌رپێ‌ له‌ دره‌خته‌كاندا داده‌ماڵێ‌ .
سمت و مه‌مكی گوڵان ده‌له‌رێنێ‌ .

په‌ڵه‌ هه‌وره‌ بۆره‌كان ، وه‌ك قوتابیانی مه‌كته‌بی شه‌و ،
ته‌مبه‌ڵ ته‌مبه‌ڵ به‌ڕێ‌ كه‌وتوون .

پشیله‌یه‌ك به‌ پانكه‌ی سپلیته‌كه‌دا ، هه‌ڵده‌میزێ‌ .
هه‌ڵبه‌زوو دابه‌ز به‌ بۆقێكی تۆقیو ده‌كات .

دوور به‌دوور گوێم له‌ ناڵه‌ ناڵه‌ (( به‌هجه‌ت )) ه‌
به‌ ده‌ستی هه‌ر لكه‌ دره‌ختێكه‌وه‌ ،
 زرمه‌ی ده‌فه‌ .

من و ژنه‌كه‌م ،
له‌نێو جۆللانه‌یه‌كی غه‌مگیندا ، خۆ ده‌ژه‌نین
من گوێم بۆ ترپه‌ی ده‌رگا هه‌ڵخستووه‌ .
ئه‌وه‌ خوایه‌ ، مه‌مكه‌ كۆچ كردوه‌كه‌مان ،
سه‌ردانمان بكات و
كولیچه‌یه‌كی پڕ گوێزوو چایه‌كی مه‌حموودمان
له‌گه‌ڵدا بخواته‌وه‌ .

ژنه‌كه‌شم په‌نجه‌ ترسنۆكه‌كانی ، به‌نێو مه‌مكه‌ ساغه‌كه‌یدا ،
ده‌باو دێنێ‌ .
به‌ چرپه‌ به‌ سینگه‌ له‌ت و په‌ته‌كه‌ی ده‌ڵێ‌ :
بڵێ‌ ی شێرپه‌نجه‌ی دڕنده‌ ،
    به‌ مه‌كێك تێری خواردبێت !!

 

 

Previous
Next

Leave a Reply